وتار

وه‌ڵامی گشتی بۆ گومانه‌كانی تایبه‌ت به‌ لایه‌نی زانستی له‌ قورئان

فازڵ قه‌ره‌داغی

وه‌ڵامدانه‌وه‌ی گومان، هه‌ر یه‌ك به‌پێی خۆی، كارێكه‌ زۆر كراوه‌‌و به‌رده‌وامیش ده‌كرێت، به‌ڵام پێم باشم له‌م بابه‌ته‌ كورته‌ وه‌ڵامێكی گشتی بخه‌مه‌ڕوو بۆ ئه‌و گومانانه‌ی له‌ قورئان ده‌كرێن له‌ڕووی زانسته‌ جۆراوجۆره‌كان. بۆ نموونه‌ كاتێك قورئان وه‌سفی ئاسمان وه‌كو سه‌قف ده‌كات ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی به‌ قورئانه‌ ده‌ڵێت نازانم ئه‌وه‌ چۆنه‌ به‌ڵام باوه‌ڕم پێیه‌تی‌و ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی به‌ قورئان نییه‌ گومان له‌ دروستیی قورئان ده‌كات كه‌ گوایه‌ له‌گه‌ڵ زانست ناگونجێت. راسته‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌سه‌ گومانی له‌ خودی ئه‌و وه‌سفه‌ نییه‌ به‌ڵكو ئه‌و پێشتر باوه‌ڕی نییه‌ بۆیه‌ ئاماده‌ نییه‌ بیر بكاته‌وه‌ له‌ ورده‌كارییه‌كان تا بزانێت به‌ڕاستی ئه‌و باسانه‌ قورئان زانستین یان نا.
وه‌ڵامێكی گشتیش بۆ ئه‌م گومانانه‌ به‌م جۆره‌یه‌:
تۆ كه‌سێكی زانستی نیت چونكه‌ وا ده‌زانێت زانست گه‌یشته‌ دوایه‌مین سنوور.
كاتی خۆی موشریكه‌كانی مه‌ككه‌ باوه‌ڕیان به‌ شه‌وڕه‌ویی پێغه‌مبه‌ر بۆ قودس نه‌بوو و ده‌یانوت چۆن سه‌فه‌رێك مانگێك ده‌بات به‌ یه‌ك شه‌و ده‌كرێتهه‌ڵبه‌ت ئه‌وان پێشتر باوه‌ڕیان نه‌بوو و ئه‌و ڕووداوه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بێباوه‌ڕییه‌كه‌یانی به‌هێزتر كرد.
وه‌ڵامی ئێمه‌ خه‌ڵكی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ئاسانه‌ چونكه‌ ده‌زانین نه‌ك ته‌نها شه‌وێك به‌ڵكو ده‌زانین فڕۆكه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌متر ئه‌و مه‌سافه‌یه‌ ده‌بڕێت، ئینجا پێویسته‌ به‌م جۆره‌ بیربكه‌ینه‌وه‌: خه‌ڵكی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ وایان ده‌زانی گه‌ردوون به‌و جۆره‌یه‌ كه‌ ده‌یناسن‌و ئیتر شتێك نییه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی مێشكی ئه‌وان بێت. ئه‌و بیركردنه‌وه‌ نازانستییه‌ زۆر له‌ناو مرۆڤایه‌تی مایه‌وه‌ تا دوو سه‌ده‌ له‌مه‌وپێش كه‌ مرۆڤ بۆی ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ی ده‌یزانێت دڵۆپێكه‌ له‌ ده‌ریای ئه‌و شتانه‌ی نایانزانێت، به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ش له‌ دوو سه‌ده‌ی رابوردوو نه‌بوو چونكه‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌ كه‌ داهێنان‌و دۆزینه‌وه‌ زۆرو گه‌وره‌ی هێنا مرۆڤی رۆژئاوایی وا لێكرد هه‌ست بكات نزیك بۆته‌وه‌ له‌ كۆتایی زانست بۆیه‌ ئه‌و سه‌ده‌یه‌ به‌ سه‌ده‌ی له‌خۆباییبوونی زانستی ناوبراوه‌.
به‌ڵام سه‌ده‌ی بیسته‌م ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی له‌ق كرد‌و ئاشكرای كرد كه‌ سه‌ره‌ڕای ده‌ستكه‌وته‌كانی زانست هێشتا مرۆڤ له‌سه‌ر لێواری راستییه‌كانه‌. مرۆڤی سه‌ده‌ی بیسته‌م هه‌زاران جار له‌ مرۆڤی سه‌ده‌ی نۆزده‌ پێشكه‌وتووتر بوو به‌ڵام زۆرتریش توازوعی هه‌بوو.
ئێستاش ئه‌گه‌ر كه‌سێك لای زانایان  باسی ئه‌وه‌ بكات كه‌ هه‌موو شتێك به‌پێی زانیارییه‌كانی ئه‌مڕۆمان بپێوین‌و هه‌ر شتێك بوترێت زانست نه‌یگه‌یشتبێت شتێكی راست نییه‌ خۆشی تووشی گاڵته‌جاری ده‌كات.
هه‌ر بۆیه‌ كه‌سێك بڵێت فڵانه‌ ئایتی قورئان له‌گه‌ڵ زانست ناگونجێت ناڕاسته‌وخۆ ده‌ڵێت زانست گه‌یشتۆته‌ كۆتاییه‌كه‌ی ‌و ئیتر هیچی وا نه‌ماوه‌ نه‌یزانین. ئه‌مه‌ش قسه‌یه‌كی نازانستییه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ زانستی نوێ نابێته‌ پێوانه‌ بۆ قورئان مه‌گه‌ر زانستی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر ببوایه‌ پێوانه‌ بۆ قورئان‌و قسه‌ی موشریكه‌كان راست ده‌بوو كه‌ موسته‌حیله‌ كه‌سێك به‌ شه‌وێك له‌ مه‌ككه‌وه‌ بگاته‌ به‌یتولمه‌قدیس.
كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر نموونه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ وه‌ربگرین واته‌ ئاسمان سه‌قفه‌، ئێمه‌ ده‌ڵێن زانست قسه‌ی كۆتایی خۆی نه‌وتووه‌‌و نازانین چه‌ندی تر زانست شتی نوێتر له‌باره‌ی ئاسمانه‌وه‌ ده‌ڵێت.
كه‌واته‌ به‌كورتی وه‌ڵامی هه‌ر كه‌سێك گومان له‌ قورئان بكات له‌به‌ر بابه‌ته‌ زانستییه‌كان ئه‌مه‌یه‌: تۆ كه‌سێكی نازانستیت چونكه‌ وا ده‌زانی زانست كۆتایی پێهاتووه‌‌و هیچ نه‌ماوه‌ بیزانین.


سه‌رچاوه‌:وه‌ڵامی گومانه‌کان

سەنتەری زەھاوی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply