ئەمڕۆ، پێنج شەممە، ڕێكەوتی ٣٠/ ١١/ ٢٠٢٣، سەنتەری زەهاوی بۆ لێكۆڵینەوەی فیكریی، دووەمین دیداری ساڵانەی خۆی بە ناونیشانی “ئاسایشی خێزانی و ڕەهەندە كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەكانی: ئاڵنگاری و چارەسەر” لە هۆڵی ئوتێل دیدەمان، لە شاری هەولێری پایتەخت سازكرد.
دیدارەكە، بە خوێندنی چەند ئایەتێكی قورئانی پیرۆز دەستی بە كارەكانی كرد، دواتر سەرۆكی سەنتەری زەهاوی، پ. د. سەباح بەرزنجی، وتەی بەخێرهێنان و وتەی سەنتەری پێشكەشكرد، پاشان پ.ی.د. دیاری ئەحمەد قەساب، جێگری سەرۆكی سەنتەر، وتەی پەیمانگای جیهانیی فیكری ئیسلامیی پێشكەشكرد، دواتر لە دوو پانێڵدا شەش پەیپەری بەپێز پێشكەشكران.
لە پانێڵی یەكەمدا، كە بەڕێز پ.د. یادگار لەتیف شارەزووری بەڕێوەی برد، هەریەك لە بەڕێزان (پ. د. موستەفا عەلوانی، بە ناونیشانی “ڕەهەندە بنیادگەراكانی پاراستنی بەهاكان” و بەڕێز پ.ی.د. یەحیا عومەر ڕێشاوی، بە ناونیشانی “ئاڵینگاریی كولتووری-تەكنۆلۆجی و میدیایی و ڕێگاكانی مامەڵەكردن لەگەڵیدا”، هەروەها بەڕێز د. دانا فازیڵ، بەناونیشانی “ئاڵینگاریی ئاینی-بەها ئاینی و بەها جیهانگیرییەكان و كاریگەرییان لەسەر بنیاتنانی ئاسایشی خێزان”, پەیپەری خۆیان پێشەشكرد.
لە پانێڵی دووەمیشدا، كە بەڕێز پ.د. ئومێد جەمیل موفتی بەڕێوەی برد، هەریەك لە بەڕێزان پ. ی.د. خالید ئیسماعیل موستەفا، بە ناونیشانی “پڕۆگرامە پەروەردەییەكانی قوتابخانە” و بەڕێز پ.ی.د. سەڵاح عەبدولسەمیع، بە ناونیشانی “ئاڵینگارییە پەروەردەییەكان” و بەڕێز پ.ی.د. ئازاد عەلی ئیسماعیل، بەناونیشانی “جۆرەكانی پەروەردەی دەروونیی خێزانی و ڕۆڵیان لە بنیاتنانی ئاسایشی خێزان” پێشەشكرد.
كە تێیاندا بە وردی باسیان لە ئاسایشی خێزانی و ئەو ئاڵینگاری و هەڕەشانە كرد كە خێزان لەم ڕۆژگارەدا بووەتەوە، هەروەها ڕێگەچارەی گونجاو خرایەڕوو.
لە كۆاتیی دیدارەكەدا قەڵغانی ڕێزلێنانی سەنتەر پێشكەش بە توێژەرە بەڕێزەكان كرا.
دواتر بە تێچێن و پرسیار و كارلێكی بەشداربووان دیدارەكە دەوڵەمەنتر و بەپێزتر كرا.
شیاوی باسە سەنتەری زەهاوی گرنگیدان بە ئاسایشی خێزانی كوردی موسڵمان بە یەكێك لە ئەركە بنچینەییەكانی خۆی دەزانێت و لەو پێناوەشدا چەندین كار و چالاكیی ئەنجامداوە.