توێژینەوە

فەرمانکردن بە چاکە و ڕێگرتن لە خراپە

پێشەنگیی شەریعەت و خوێندنەوەیەکی شیکاری لە ژێر ڕۆشنایی دەروونناسی و کۆمەڵناسیی مۆدێرندا

پ. د. دیاری ئەحمەد قەساب

ژیان بێ «دادگەری» بەڕێوە ناچێت، گەرنا مرۆڤەکان لە ئاسوودەیی بێبەش دەبن و جوانیی ژیان و خۆشگەزەرانی مانایەکیان نامێنێت، چونکە دادگەری بریتییە لە ناوەرۆکی واتای ژیان و بناغەی ڕۆشنگەری.

بێگەردی بۆ خودای گەورە کە دادگەرە، ستەمی لە سەر خۆی حەرام کردووە، بەڵام مرۆڤ بە لادان و خۆکۆیلەکردنی بۆ غەیری خودای حەق و دادگەر؛ ستەم لە خۆی دەکات. خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿إِنَّ ٱللَّهَ يَأۡمُرُ بِٱلۡعَدۡلِ وَٱلۡإِحۡسَٰنِ وَإِيتَآيِٕ ذِي ٱلۡقُرۡبَىٰ وَيَنۡهَىٰ عَنِ ٱلۡفَحۡشَآءِ وَٱلۡمُنكَرِ وَٱلۡبَغۡيِۚ يَعِظُكُمۡ لَعَلَّكُمۡ تَذَكَّرُونَ﴾ (النحل: ٩٠)، واتە: «خودا فەرمان بە دادگەری و چاکە و بەخشین بە خزم و کەسوکار دەکات، ڕێ نادات بە ئاکاری پیس و خراپە و دەستدرێژی. ئامۆژگاریتان دەکات بەڵکوو پەندی لێ وەربگرن».

ناوەرۆکی مانای ژیان و چاکەکاریی ژیان پەیوەستن بە دادگەرییەوە، بۆیە خودای گەورە ڕێنموویی مرۆڤ دەکات بۆ دادگەری و هاوسەنگی لە هەموو شتێکدا، تەنانەت لەگەڵ دەروونی خۆیشیدا، هاوکات نادادیی تەنانەت لەگەڵ دوژمنیشدا ناوێت.

ئەگەر دادگەرییش ناوەرۆک و کرۆک بێت، ئەوا دەبێت بە هاوسەنگی ڕێبەرایەتی بکرێت، چونکە ناهاوسەنگی زیادەڕۆییکردنە لە بابەتەکەدا و دەبێتە هۆی بەهەڵەدابردنی دەروون و ژینگە و دەوروبەر، هەروەك دەشبێتە ستەم و کەلێن لە دادگەریدا، هەر بۆیە دادگەری بە بێ هاوسەنگی نابێت. هەر کات دادگەری باڵی کێشا؛ هاوسەنگییش باڵ دەکێشێت لەگەڵیدا، هەر کاتێکیش هاوسەنگی بڵاو بووەوە، دادگەری و میهرەبانی و هاوژینیەتی لەگەڵیدا بڵاو دەبێتەوە.

هاوکات بێ بوونی «ئازادی»یش ژیان بەڕێوە ناچێت و جوانیی ژیان و خۆشگەزەرانی نامێنێت. ئازادییەکانیش- بەگشتی –  دوو جۆرن: یەکێکیان ئازادیی تاکەکەسیی خود و ویژدانە، کە پەیوەستە بەو قەناعەتەی تاک هەیەتی بە بیروباوەڕ و دیدگا گەردوونییەکەی خۆی، ئەوەش مافە و کەس بۆی نییە دیدگا و قەناعەتی تایبەتی خۆی بەسەردا بسەپێنێت، یان خۆی هەڵقورتێنێتە کاروباریەوە، مەگەر بە مەبەستی ڕێنموویی و لە ئاستی ئامۆژگاریدا بێت.

جۆری دووەمیشیان ئازادیی ڕەفتارکردنە لە چوارچێوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان و بەرژەوەندییەکاندا. ئەم جۆرە ئازادییەش سنووری خۆی هەیە کە دەکرێت سازانی لە سەر بکرێت لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵدا. ئەو سنوورانەش بە ڕاگۆڕینەوە و لێکتێگەیشتن دادەنرێن، بە شێوەیەک هەر ئەندامێکی کۆمەڵگە مافی خۆیەتی – بێ بەربەست – مەبەستە دروستەکانی خۆی بێنێتە دی، بەڵام بێ ئەوەی ئازادییەکەی ببێتە هۆكاری شێواندنی کۆمەڵگا. بەو پێیە نابێت بوار بە هەڵسوکەوتە نادروستەکان بدرێت کە زیان بە بەرژەوەندیی تاکەکانی تر، یان بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵگە بگەیەنێت، چ بە ڕاستەوخۆ بێت چ بە ناڕاستەوخۆ، لە مەودای نزیکدا بێت یان دوور.

پێویستە ئەوەش ڕوون بێت کە پیادەكردنی هیچ کام لەو ئازادییانە گوزارشت نەکات لە سەپاندنی بەرژەوەندیی تاکە کەسەکان، یاخود بەدەر بێت لە ڕا و لێتێگەیشتنی ناو کۆمەڵگە؛ دەنا بێگومان کۆمەڵگە دەكەوێتە نێو زۆنگاوی ستەمکاری و گەندەڵی و قۆرخکردنی سەرجەم بوارەكان لە لایەن چەند دەستە و كەسێكەوە لە بەرژەوەندیی خۆیان و دەوروبەریان.

هەرگیز چەمکی فەرمانکردن بە چاکە و ڕێگرتن لە خراپە، ناڕواتە خانەی دژایەتیکردنی ئازادیی کەس و كۆمەڵەكان. هەر بۆیە فەرمانکردن بە چاکە و ڕێگرتن لە خراپە یەکێکە لەو بناغە دیارانەی کە پێکهاتەی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیی ئایینی ئیسلامی لە سەر بونیات نراوە. دەبینیت یاساکانی بە شێوەیەک داڕێژراون کە ڕەهەندی پەرستش تێدەپەڕێنن و، بەرەو پاراستنی تاک و کۆمەڵگە دەیبەن. ئەمەش لەگەڵ بەرەوپێشچوونی زانستە مرۆییەکاندا پشتڕاست كراوەتەوە، چونكە تیۆرگەلێکی زانستیی وا سەریان هەڵداوە کە جەخت لەوە دەکەنەوە ناكرێت کۆمەڵگەکان بە باشی بەڕێوە ببرێن بە بێ بوونی چەند میکانیزمێکی ناوخۆیی پێشوەختەی وا کە ڕەفتارەکان ڕێک بخەن و ڕێگری لە لادانەکان بکەن.

فەرمانکردن بە چاکە و ڕێگرتن لە خراپە لە قورئانی پیرۆزدا بە شێوازی بە کۆمەڵ و ڕێکخراو فەرمانی پێ کراوە، ئەوەتا خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَلۡتَكُن مِّنكُمۡ أُمَّةٞ يَدۡعُونَ إِلَى ٱلۡخَيۡرِ وَيَأۡمُرُونَ بِٱلۡمَعۡرُوفِ وَيَنۡهَوۡنَ عَنِ ٱلۡمُنكَرِۚ وَأُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلۡمُفۡلِحُونَ﴾ (آل عمران: 104)، واتە: «دەبێت لە نێو ئێوەدا کۆمەڵێک ببن بانگەواز بکەن بۆ چاکە و فەرمان بە چاکە بکەن و ڕێ لە خراپە بگرن، هەر ئەوانەش سەرکەوتووەکانن».

فەرمانکردن بە چاکە و ڕێگرتن لە خراپە کراوە بە پێوەر بۆ چاکبوونی کۆمەڵگە، خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿كُنتُمۡ خَيۡرَ أُمَّةٍ أُخۡرِجَتۡ لِلنَّاسِ تَأۡمُرُونَ بِٱلۡمَعۡرُوفِ وَتَنۡهَوۡنَ عَنِ ٱلۡمُنكَرِ وَتُؤۡمِنُونَ بِٱللَّهِۗ وَلَوۡ ءَامَنَ أَهۡلُ ٱلۡكِتَٰبِ لَكَانَ خَيۡرٗا لَّهُمۚ مِّنۡهُمُ ٱلۡمُؤۡمِنُونَ وَأَكۡثَرُهُمُ ٱلۡفَٰسِقُونَ﴾ (آل عمران: ١١٠)، واتە: «ئێوە باشترین گەلێک بوون لە ناو مرۆڤدا سەرتان هەڵدابێت، فەرمان بە چاکە دەکەن و ڕێگری دەکەن لە خراپە، باوەڕیشتان بە خودا هەیە. خۆ ئەگەر خاوەن کتێبەکان بڕوایان بهێنایە؛ چاکتر بوو بۆیان، ئەوانیش هەندێکیان بڕوادارن و بەشی زۆریشیان لە ڕێی خودا لایان داوە».

هەروەها فەرمانکردن بە چاکە و ڕێگرتن لە خراپە؛ گرێ دراوە بە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لای ئیمانداران. خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَٱلۡمُؤۡمِنُونَ وَٱلۡمُؤۡمِنَٰتُ بَعۡضُهُمۡ أَوۡلِيَآءُ بَعۡضٖۚ يَأۡمُرُونَ بِٱلۡمَعۡرُوفِ وَيَنۡهَوۡنَ عَنِ ٱلۡمُنكَرِ وَيُقِيمُونَ ٱلصَّلَوٰةَ وَيُؤۡتُونَ ٱلزَّكَوٰةَ وَيُطِيعُونَ ٱللَّهَ وَرَسُولَهُۥٓۚ أُوْلَٰٓئِكَ سَيَرۡحَمُهُمُ ٱللَّهُۗ إِنَّ ٱللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٞ﴾ (التوبة: ٧١)، واتە: «پیاوان و ژنانی باوەڕدار دۆستی یەکترن، فەرمان بە چاکە دەکەن و ڕێگری لە خراپە دەکەن، نوێژ دەکەن و زەکات دەدەن، گوێڕایەڵیی فەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی دەکەن، ئەوانە خودا دەیانخاتە بەر بەزەیی خۆی. خودا خاوەن دەسەڵات و کارزانە».

جگە لە پەیامی ئاسمان و ڕەوشتی پێغەمبەران، هەر لە مێژە دانایان و فەیلەسووفان گرنگییان بە هەردوو چەمکی «ئازادی» و «دادگەری» داوە و لە وتە و ئامۆژگارییەکانیاندا ئاماژەیان پێ کردووە، هاوکات پێیان وا بووە بوونی ئامرازە کرادارییەکان و لێپرسینەوە و کۆمەڵە یاسایەک پێویستن بۆ پاراستنی کۆمەڵگە و ئاڕاسەکردنیان بەرەو چاکە و چاکەکاری.

ئەفڵاتوون (٤٢٠-٣٤٠پ. ز) دەڵێت:«دادگەری چاکەی (فەزیلە) نەفسە، ستەمیش خراپەکەیەتی».. هەروەها دەڵێت: «مەبەستی پەروەردە بریتییە لەوەی نەفسەکان بەرەو ئاڕاستەی دروست ببرێن»[1].

زانراویشە ئاکاری جوان بە هەوڵ و خۆڕاهێنان دەبێت لە سەری. ئەرستۆ (٣٨٤-٣٢٢پ. ز) دەڵێت: «چاکە کاتێک دەبێت بە ڕەوشت کە ببێتە خوو».. هەروەها دەڵێت: «دەبێت یاسا گرنگی بدات بە پەروەردەی هاوڵاتییان لە سەر چاکەکاری»[2].

پێغەمبەریش ﷺ دەفەرمووێت: «إنما الحِلمُ بالتحلُّم، وإنما العِلمُ بالتعلُّم» (رواه الطبراني)، واتە: «خۆڕاگری و زانست بە فێربوون و هەوڵدان دەبێت».

کاتێکیش زیانەکان گشتی بن و کۆمەڵگە بگرێتەوە، ئەو کات پاساو هەیە کە ڕێگری بکرێت لە خراپەکار و دەست بخرێتە کارەکانیەوە، چونکە بەرژەوەندیی کۆمەڵگە لە پێشترە لە هی تاکە کەس.

فەیلەسووفی بەریتانی جۆن ستيوارت میل (John Stuart Mill) (١٨٠٦-١٨٧٣ز) دەڵێت: «دەستتێوەردان کاتێک پاساوی هەیە ئەگەر بۆ ڕێگرتنی زیان بێت لە خەڵکی».

لە فەرموودەی پێغەمبەردا ﷺ قۆناغەکانی فەرمانکردن بە چاکە و ڕێگرتن لە خراپەی دیاری کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی تواناکانی مرۆڤ: عَنْ أَبي سَعِيدٍ الخُدْرِيِّ رَضِيَ اللهُ عَنْهُ؛ قَالَ: سَمِعْتُ رِسُولَ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ يَقُولُ: «مَنْ رَأَى مِنْكُم مُنكَرًا فَلْيُغَيِّرْهُ بِيَدِهِ، فَإِنْ لَمْ يَستَطعْ فَبِلِسَانِهِ، فَإِنْ لَمْ يَستَطعْ فَبِقَلبِه، وَذَلِكَ أَضْعَفُ الإِيمَانِ» (رواه مسلم، ٤٩)، واتە: «هەر کەس لە ئێوە خراپەیەکی بینی با بە دەستی ڕێی لێ بگرێت، ئەگەر نەیتوانی با بە زمانی ڕێی لێ بگرێت، ئەگەر هەر نەیتوانی با بە دڵی ڕەتی کاتەوە، ئەوەش نزمترین ئاستی باوەڕە».

ئەم قۆناغبەندی و جیاوازییە؛ ڕەچاوکردنێکی وردی ڕەهەندە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان لە جێبەجێکردنیاندا نیشان دەدات.

ڕەهەندە دەروونییەکانی فەرمانکردن بە چاکە و ڕێگرتن لە خراپە لە ژێر ڕۆشنایی دەروونناسیی مۆدێرندا

ناتەبایی مەعریفی و یەکدەنگیی ئەخلاقی

تیۆری ناتەبایی مەعریفی (Cognitive Dissonance)[3] (فێستینگەر: ١٩١٩-١٩٨٩ز): جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر تاکەکان هەڵەکان قبووڵ بکەن بێ ئەوەی ناڕەزایی دەرببڕن، ئەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی دەروونگرژی لە ناخیاندا[4].

ئەمەش لەگەڵ چەمکی شەریعەتدا هاوتەریبە بە پلەی ڕەتکردنەوەی خراپە بە دڵ کە بە لاوازترین شێوەی ئیمان دادەنرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەمترین پلەی هاوڕێکیی دەروونی.

کارابوونی خود و پاڵنەر بۆ چاکسازی

لێکۆڵینەوەکانی باندورا (Albert Bandura) (١٩٢٥-٢٠٢١ز)[5]: ئاماژە بەوە دەکەن کە هەستکردن بە توانای کاریگەری لە سەر واقیع دەبێتە هۆی پتەوکردنی خۆشگوزەرانیی دەروونی، هاوکات فەرمانکردن بە چاکە و ڕێگرتن لە خراپە تاکەکان بەهێز دەکات؛ کاتێک هەڵدەستن بە بینینی ڕۆڵێکی چاکسازیی ئەرێنی و هەستکردن بە بێدەسەڵاتی و نامۆبوون کەم دەکاتەوە[6].

ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکان لە ژێر ڕۆشنایی کۆمەڵناسیدا

کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی

لە کۆمەڵناسیدا دوو جۆر کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی هەیە؛ یەکەمیان: کۆنترۆڵی ناوخۆییە (نافەرمی) کە خۆی لە ویژدان و ڕەوشت و بەها و دابونەریت و ئاییندا دەبینێتەوە کە لە ڕێگەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتییەوە تاکەکان وەریدەگرن. جۆری دووەمیان: کۆنترۆڵی دەرەکییە (فەرمی) کە خۆی لەو یاسا و ڕێسایانەدا دەبینێتەوە کۆمەڵگە دەیسەپێنێت بەسەر خەڵکدا[7].

ئەدەبیاتی کۆمەڵناسی ئاماژە بەوە دەدات کە کۆنترۆڵی ناوخۆیی نافەرمی کە لەسەر بنەمای بەهاکان و کۆمەڵایەتیبوون دامەزراوە؛ بەردەوامتر و کاریگەرترە لەو جۆرەی کە لە سەر بنەمای فەرمی و زۆرەملێ و سزاکان دانراوە.

زانای کۆمەڵناسی (Emile Durkheim) ئەمیل دۆرکایم (١٨٥٨-١٩١٨ز) ئاماژەی بەوە داوە کە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی (التماسك الاجتماعي) بە پلەی یەکەم لە سەر پابەندبوونی ڕەوشتی و کۆنترۆڵی ناوخۆیی دامەزراوەک نەک کۆنترۆڵی دەرەکی و زۆرملێ[8].

ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەر ﷺ کە پێشەوا بوخاری گێڕاویەتیەوە؛ مۆدێلێکی سادەیە، هاوکات بەهێزە، بۆ ڕوونکردنەوەی چەمکی بەرپرسیارێتیی بەکۆمەڵ، بۆ ڕێگریکردن لە لادان پێش ئەوەی پەرە بستێنێت: عن النُّعْمانِ بنِ بَشيرٍ رضي اللَّه عنهما، عن النبيِّ ﷺ قَالَ: «مَثَلُ القَائِمِ في حُدودِ اللَّه، والْوَاقِعِ فِيهَا كَمَثَلِ قَومٍ اسْتَهَمُوا عَلَى سفينةٍ، فصارَ بعضُهم أعلاهَا، وبعضُهم أسفلَها، وكانَ الذينَ في أَسْفَلِهَا إِذَا اسْتَقَوْا مِنَ الماءِ مَرُّوا عَلَى مَنْ فَوْقَهُمْ، فَقَالُوا: لَوْ أَنَّا خَرَقْنَا في نَصيبِنا خَرْقًا وَلَمْ نُؤْذِ مَنْ فَوْقَنَا. فَإِنْ تَرَكُوهُمْ وَمَا أَرادُوا هَلكُوا جَمِيعًا، وإِنْ أَخَذُوا عَلَى أَيْدِيهِم نَجَوْا ونَجَوْا جَمِيعًا» (البخاري، ٢٤٩٣).

واتە: «نموونەی ئەو کەسانەی کە سوورن لە سەر پاراستنی سنوورەکانی خودا و ئەوانەشی کە سنوورەکان دەبەزێنن، وەک سەرنشینانی کەشتییەک وان کە لە نێوان خۆیاندا دابەشیان کردووە؛ هەندێکیان لە سەرەوەی کەشتییەکەن، هەندێکیشیان لە خوارەوە، جا ئەوانەی کەوتبوونە بەشی خوارەوە، دەبووایە بچوونایەتە سەرەوە تا ئاو بەدەست خەن، بۆیە بەوانەی سەرەوەیان وت: با ئێمە کونێک بکەینە بەشەکەی خۆمانەوە -بۆ بەدەستخستنی ئاو-، ناشبینە هۆی ناڕەحەتی بۆ ئێوە. جا ئەگەر -ئەوانەی سەرەوە- بواریان بەوانەی خوارەوە بدایە چی دەکەن بیکەن؛ هەموویان لەناو دەچوون، بەڵام ئەگەر ڕێگرییان لێ بکەن؛ هەردوو لایان ڕزگاریان دەبوو”.

سەرمایەی کۆمەڵایەتی و پابەندبوون بە بەهاکانەوە

توێژینەوەکانی ڕۆبێرت پوتنام (Robert D. Putnam) (١٩٤١ز-) سەبارەت بە سەرمایەی کۆمەڵایەتی (social capital)، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو کۆمەڵگەیانەی خاوەن بەهای هاوبەشن، میکانیزمی چاکسازیی ناوخۆیی و تۆڕی متمانەی بەهێزیان هەیە، جێگیرترن و خۆڕێکخراوترن[9]،.

ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ئەو چەمکە قورئانییەی باس لە دەسەڵاتی ئەخلاقی لای ئیمانداران دەکات. خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَٱلۡمُؤۡمِنُونَ وَٱلۡمُؤۡمِنَٰتُ بَعۡضُهُمۡ أَوۡلِيَآءُ بَعۡضٖۚ يَأۡمُرُونَ بِٱلۡمَعۡرُوفِ وَيَنۡهَوۡنَ عَنِ ٱلۡمُنكَرِ وَيُقِيمُونَ ٱلصَّلَوٰةَ وَيُؤۡتُونَ ٱلزَّكَوٰةَ وَيُطِيعُونَ ٱللَّهَ وَرَسُولَهُۥٓۚ أُوْلَٰٓئِكَ سَيَرۡحَمُهُمُ ٱللَّهُۗ إِنَّ ٱللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٞ﴾ (التوبة: ٧١)، واتە: «پیاوان و ژنانی باوەڕدار پشتیوانی یەکترن، فەرمان بە چاکە دەکەن و بەرگری لە خراپە دەکەن، نوێژ دەکەن و زەکات دەدەن، گوێڕایەڵیی فەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی دەکەن، ئەوانە خودا دەیانخاتە بەر بەزەیی خۆی. خودا خاوەن دەسەڵات و کارزانە».

ڕێنماییەکانی جێبەجێکردن و گونجانیان لەگەڵ زانستی پەیوەندیگرتندا

ئایینی ئیسلام جەخت لە سەر حیکمەت و نەرمونیانی دەکاتەوە لە کاتی جێبەجێکردنی فەرمانکردن بە چاکە و ڕێگرتن لە خراپەدا. خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿ٱدۡعُ إِلَىٰ سَبِيلِ رَبِّكَ بِٱلۡحِكۡمَةِ وَٱلۡمَوۡعِظَةِ ٱلۡحَسَنَةِۖ وَجَٰدِلۡهُم بِٱلَّتِي هِيَ أَحۡسَنُۚ إِنَّ رَبَّكَ هُوَ أَعۡلَمُ بِمَن ضَلَّ عَن سَبِيلِهِۦ وَهُوَ أَعۡلَمُ بِٱلۡمُهۡتَدِينَ﴾ (النحل: ١٢٥)، واتە: «بە کارزانی و ئامۆژگاریی پەسەند؛ بەرەو ڕێگەی پەروەردگارت بانگەواز بکە، بە چاکترین شێوە لەگەڵیان بدوێ، پەروەردگارت لەو کەسانەی لە ڕێگەی ئەو لایان داوە ئاگادارترە و هەر خۆیشی باشتر دەزانێت کێیە لەسەر ڕاستەڕێیە».

تیۆری کرداری پەیوەندی (نظرية الفعل التواصلي) لە بواری قایلکردنی کۆمەڵایەتیدا پێشنیازی ئەوە دەکات کە گوتاری توندوتیژی دەکرێت بەرهەمی پێچەوانەی هەبێت، چونکە دەبێتە هۆی چالاککردنی میکانیزمی بەرگریی ناوەکی، لە جیاتیی ئەوەی گۆڕانکاری ڕوو بدات لە تاکەکەدا؛ سوور دەبێت لە سەر هەڵوێستەکانی.

تیۆری بەرخۆدانی دەروونی (Resistance theory)، جاک برێم (Jack W. Brehm) (١٩٢٨-٢٠٠٩ز)[10] ئەوە ڕوون دەکاتەوە كە: هەر کات مەترسی لە سەر ئازادیی تاک دروست بێت، پاڵنەرێکی پێچەوانەیی دەخاتە گەڕ بۆ گێڕانەوەی سەربەخۆییەکەی. لە کاتێکدا تیۆری ناتەبایی مەعریفیی لیۆن فێستینگەر[11] ئەوە نیشان دەدات کە هەڕەشە لە سەر ناسنامە دەبێتە هۆی ڕەتکردنەوەی زانیارییە ناکۆکەکان. ڕۆبێرت سیالدینی (Robert Cialdini) (١٩٤٥ز-)[12] زیاتر جەخت لەوە دەکاتەوە کە قایلکردنی کاریگەر دەبێتە کەمکردنەوەی بەرگری و بونیادنانی نزیکبوونەوە و ناسنامەی هاوبەش.

کەواتە لەم نموونانەوە گونجاندنێکی قووڵی نێوان شەریعەتی ئیسلام و ئەنجامی زانستە مرۆییە مۆدێرنەکان بەدی دەکرێت، کە نموونەیەکی دیكەی ئیعجازی یاسادانانە و یەکێکی تر لە ئامانجەکانی شەریعەت دەردەخات و، ئەو ڕاستییە دووپات دەکاتەوە کە فیتڕەتی مرۆڤ و یاساکانی کۆمەڵگەی مرۆیی هاوتەریبن.

دەرەنجام:

فەرمانکردن بە چاکە و ڕێگری لە خراپە؛ نموونەی ڕشتەبەندییەکی ئەخلاقیی خۆپارێزیی تەواوکارە، کە لە پرینسیپەکانیدا لەگەڵ گرنگترین دۆزینەوەی دەروونی و کۆمەڵایەتیی مۆدێرنەکاندا یەک دەگرێتەوە، لە هەمان کاتدا دەستپێشخەریی ئیسلام دەردەخات لە کات و شوێنیشدا کە زۆر لە پێش زانستی نوێدا ئاماژەی پێ داون، بەڵکوو یاساگەلێکی داڕێژڕاو و بەهێزیشی بۆ داڕشتووە.

لە ئادەبەکانی ئەو کەسەی فەرمان بە چاکە و ڕێگری لە خراپە دەکات[13]

– دەبێت زانستی بەو بابەتانە هەبێت کە فەرمانیان پێ دەکات یان ڕێگرییان لێ دەکات، نەوەکوو ئەو شتەی لای ئەو هەڵەیە بە پێچەوانەوە بێت، چونکە دەبێتە خراپەیەکی گەورەتر.

– وەرەعی هەبێت و نیەتی بۆ خودا بێت و مەبەستی چاکەکاری بێت، نەک خۆدەرخستن و شکاندنی بەرامبەر. ئەمانەش دەخوازێت خاوەنی ئارامگرتن بێت و بە ڕەوشتی جوان خۆی بڕازێنێتەوە. خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿يَٰبُنَيَّ أَقِمِ ٱلصَّلَوٰةَ وَأۡمُرۡ بِٱلۡمَعۡرُوفِ وَٱنۡهَ عَنِ ٱلۡمُنكَرِ وَٱصۡبِرۡ عَلَىٰ مَآ أَصَابَكَۖ إِنَّ ذَٰلِكَ مِنۡ عَزۡمِ ٱلۡأُمُورِ﴾ (لقمان: ١٧)، واتە: «ئەی کوڕی شیرینم! نوێژ بکە و فەرمان بە چاکە بکە و بەرگری لە خراپە بکە، چیت بەسەر هات ئارام بگرە، ئەمە لەو کارانەیە خودا ویستوویەتی».

پێغەمبەریش ﷺ دەفەرمووێت: «إن الله رفيق يحب الرفق في الأمر كله ويعطي عليه ما لا يعطي على العنف» (البخاري: ٦٩٢٧، مسلم: ٢٥٩٣)، واتە: «خوای گەورە نەرمونیان و بەلوتفە و لە هەموو کارێکدا نەرمونیانیی پێ خۆشە، پاداشتی ئەوانە دەداتەوە کە بە نەرمونیانی کارەکانیان ئەنجام دەدەن، زیاتر لەوانەی کە بە تەندوتیژی ئەنجامی دەدەن».

سوفیانی سەورییش (٩٧-١٦١ک) دەڵێت: «لا يأمر بالمعروف وينهى عن المنكر إلا من كان فيه خصال ثلاث: رفيق بما يأمر رفيق بما ينهى، عدل بما يأمر عدل بما ينهى، عالم بما يأمر عالم بما ينهى»، واتە: «هەر کەس فەرمان بە چاکە بکات و ڕێگری لە خراپە بکات، دەبێت سێ سیفەتی تیا بەدی بکرێت: نەرمونیان بێت لەوەی فەرمانی پێ دەکات یان ڕێگریی لێ دەکات، دادگەر بێت بەوەی فەرمانی پێ دەکات یان ڕێگریی لێ دەکات، زاناش بێت بەوەی فەرمانی پێ دەکات یان ڕێگریی لێ دەکات».

– داپۆشینی نهێنییەکانی مرۆڤ و ئابڕوونەبردنی كەسی هەڵەکار. پێغەمبەر ﷺ دەفەرمووێت: «مَنْ سَتَرَ مُسْلِمًا سَتَرهُ اللهُ يَوْمَ القيامَةِ” (البخاري: ٣/١٢٨)، واتە: «هەر کەسێک عەیبی موسوڵمانێک بپۆشێت، خودای گەورە عەیبەکانی دەپۆشێت لە ڕۆژی دواییدا».

فەیلەسووف و زانای لاهووتیی ئیتاڵی توماس ئەكواينەس (Thomas Aquinas) (١٢٢٥-١٢٧٤ز) دەڵێت: «ئەگەر هەموو چاکەکان قەدەغە بکرێن، خراپەی گەورەتر بەرهەم دەهێنێت»!

پێغەمبەریش ﷺ دەفەرمووێت: «إنك إن اتبعتَ عوراتِ الناس أفسدتَهم، أو كدتَ أن تُفسدَهم» (أبو داود)، واتە: «ئەگەر دوای کەموکوڕییەکانی خەڵکی بکەویت؛ ئەوا یان بە تەواوی خراپیان دەکەیت، یان نزیکە خراپ ببن».

– ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکان و زیانەکان: وەک لای زانایانی ئوسوڵ ئاشکرایە کە لابردنی زیان لە پێشترە لە بەدەستهێنانی بەرژەوەندی. ئیبن تەيميە (٦٦١-٧٢٨ک) دەڵێت: «ئاقڵ ئەو كەسە نییە کە چاکە و خراپە بناسێت، بەڵکوو ئاقڵ ئەوەیە چاکەی نێوان دوو چاکە و خراپەی نێوان دوو خراپە بناسێتەوە».

– ڕێکخستنی لەپێشترەکان: قالَ رَسولُ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ لِمُعَاذِ بنِ جَبَلٍ حِينَ بَعَثَهُ إلى اليَمَنِ: «إنَّكَ سَتَأْتي قَوْمًا أهْلَ كِتَابٍ، فَإِذَا جِئْتَهُمْ، فَادْعُهُمْ إلى أنْ يَشْهَدُوا أنْ لا إلَهَ إلَّا اللَّهُ، وأنَّ مُحَمَّدًا رَسولُ اللَّهِ، فإنْ هُمْ أطَاعُوا لكَ بذلكَ، فأخْبِرْهُمْ أنَّ اللَّهَ قدْ فَرَضَ عليهم خَمْسَ صَلَوَاتٍ في كُلِّ يَومٍ ولَيْلَةٍ، فإنْ هُمْ أطَاعُوا لكَ بذلكَ، فأخْبِرْهُمْ أنَّ اللَّهَ قدْ فَرَضَ عليهم صَدَقَةً تُؤْخَذُ مِن أغْنِيَائِهِمْ فَتُرَدُّ علَى فُقَرَائِهِمْ، فإنْ هُمْ أطَاعُوا لكَ بذلكَ، فَإِيَّاكَ وكَرَائِمَ أمْوَالِهِمْ، واتَّقِ دَعْوَةَ المَظْلُومِ؛ فإنَّه ليسَ بيْنَهُ وبيْنَ اللَّهِ حِجَابٌ» ( البخاري: 1496 ومسلم: ١٩)، واتە: «کاتێک پێغەمبەر ﷺ موعازی کوڕی جەبەلی نارد بۆ یەمەن؛ پێی فەرموو: دەچیت بۆ لای گەلێکی خاوەن کیتاب، کە پێیان گەیشتیت بانگەوازیان بکە بۆ لای شایەتومان، کە تەنها «الله» خودایە و «پێغەمبەر محەمەد» نێردراوی خودایە. هەر کات بەگوێیان کردیت؛ پێیان ڕابگەیەنە کە خودای گەورە ڕۆژانە پێنج نوێژی لە سەر فەرز کردوون، هەر کات ئەوەشیان بەگوێ کردیت؛ پێیان ڕابگەیەنە کە خودای گەورە زەکاتی لە سەر فەرز کردوون کە لە دەوڵەمەندەکانیان وەردەگیرێت و بەسەر هەژارەکانیاندا دابەش دەکرێتەوە، هەر کات ئەوەشیان بەگوێ کردیت؛ نەکەیت لە باشترین ماڵەکانیان ببەیت بۆ زەکات، بەڵکوو لەو نێوەندەدا بە، بشترسە لە نزای ستەملێکراو، چونکە پەردە لە نێوان نزاکانیان و وەڵامدانەوەی خودادا نییە».

– ئاماۆژگاریکردن بە ناڕاستەوخۆ و ئاماژەپێکردن: «عن عائشة (رضي الله عنها): كان النَّبيُّ صلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ إذا بلَغَه عنِ الرَّجلِ الشيءُ لم يَقُلْ: ما بالُ فُلانٍ يَقولُ: كذا وكذا، ولكن يَقولُ: ما بالُ أقوامٍ يَقولونَ: كذا، وكذا»، واتە: «کاتێک پێغەمبەر شتێکی لە بارەی کەسێکەوە پێ بگەیشتایە، نەیدەوت بۆچی فڵانەکەس وا دەڵێت، بەڵکوو دەیوت: بۆچی کەسانێک ئاوا و ئاوا دەڵێن».

کەواتە بانگەوازکردن بە چاکی بۆ چاکەکردن، کۆمەکیکردنە لە سەر چاکە و تەقوا. ڕێنمووییکردنی فەرمانکردن بە دانایی بانگەشەیەکە بۆ چاکەکردن، بەرگریکردنە بە نەرمی و بە دڵسۆزی لە خراپەکردن (بِٱلۡحِكۡمَةِ وَٱلۡمَوۡعِظَةِ ٱلۡحَسَنَةِ)، چونکە ئەگەر پەروەردگار ویستی لە سەر بووایە، هەرچی لە سەر ئەم زەوییەن تێکڕا بڕوایان دەهێنا: ﴿وَلَوۡ شَآءَ رَبُّكَ لَأٓمَنَ مَن فِي ٱلۡأَرۡضِ كُلُّهُمۡ جَمِيعًاۚ أَفَأَنتَ تُكۡرِهُ ٱلنَّاسَ حَتَّىٰ يَكُونُواْ مُؤۡمِنِينَ﴾ (یونس: ٩٩). «ئاخۆ تۆ دەتەوێت بە زۆر خەڵکی بڕوا بهێنن»؟

بۆیە دەبێت بە کارزانی و ئامۆژگاریی پەسەند؛ بەرەو ڕێگەی پەروەردگار بانگەواز بکرێت، بە چاکترین شێوە لەگەڵیاندا بدوێین: ﴿ٱدۡعُ إِلَىٰ سَبِيلِ رَبِّكَ بِٱلۡحِكۡمَةِ وَٱلۡمَوۡعِظَةِ ٱلۡحَسَنَةِۖ وَجَٰدِلۡهُم بِٱلَّتِي هِيَ أَحۡسَنُ﴾ (النحل: ١٢٥).

هاوکات ڕاگۆڕینەوە بنەمایەکە بۆ ئیدارەدانی کاری مرۆڤی دروست، ڕێکارێکە بۆ بەکارخستنی هزری دروستی مرۆڤ، بۆ بنیادنانی قەناعەتێکی پێگەیشتووی بە کۆمەڵ، هۆکارێکی کۆمەڵایەتیی مرۆیی سەرەکییشە بۆ گفتوگۆ و پەیوەندیکردن و هاوسەنگی و سازان و لێبووردەیی، هەروەها بۆ پارێزگاری لە خراپەکانی تاکڕەوی و دەستدرێژی و ستەم و لادان و گەندەڵکاری.

[1] جمهورية أفلاطون، أفلاطون، ت: فؤاد زکریا، مؤسسة هنداوي، ٢٠١٧ (الكتاب الرابع: ٢٨٣-٣١٥).

[2]  الأخلاق النيقوماخية، الكتاب الثاني.

[3]  کاتێک تاک ڕەفتار یان باوەڕێکی هەیە کە لەگەڵ باوەڕەکانی دیکەی ناگونجێت، ناڕەحەتی و گرژییەکی دەروونیی بۆ دروست دەبێت، هەوڵ دەدات ئەم گرژییە کەم بکاتەوە: یان بە گۆڕینی باوەڕ، یان بە ڕەفتار، یان بە بەهانەهێنانەوە.

[4] Festinger L. A theory of cognitive dissonance. Row, Peterson, New York. 1957.

[5] تیۆری فێربوونی کۆمەڵایەتیی ئەلبێرت باندورا پێشنیاری ئەوە دەکات کە چاودێریکردن و مۆدێلکردن ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە چۆنیەتیی فێربوون و بۆچوونی مرۆڤەکان. تیۆری باندورا لەو تێڕوانینە تێدەپەڕێت کە فێربوون دەرئەنجامی ئەزموونی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ ژینگەدا.

[6] Bandura A. Self-efficacy: The exercise of control. Freeman; 1997.

[7] الضبط الاجتماعي، د. حسام الدين محمود فياض، مكتبة نحو علم اجتماع تنويري، صلالة – سلطنة عمان، ٢٠١٨ (١٨).

[8] Durkheim E. The division of labor in society (1893). Blackwell; 2000.

[9] Putnam RD. Bowling alone: The collapse and revival of American community. Simon and schuster; 2000.

[10] Brehm JW. A theory of psychological reactance.

[11] Festiger L. A theory of cognitive dissonance. Row, Peterson, New York. 1957.

[12] Cialdini RB. Influence: Science and practice. Boston: Pearson education; 2009.

[13] بڕوانە: إحیاء علوم الدین، للإمام الغزالي، دار المنهاج للنشر والتوزیع، ط١، ١٤٤٠هـ-٢٠١٩م (٢/٥٧٢-٥٧٥)؛ الأمر بالمعروف والنهي عن المنکر في آثار التابعین. دراسة تحلیلیة، د. زلفی بنت أحمد بن محمد الخراط،دار القلم، دمشق، ط١، ١٤٤٠هـ-٢٠١٩م (٥٢٦-٥٦٠).

د.دیاری ئه‌حمه‌د قه‌صاب

لەساڵی 1968 لەسلێمانی لەدایك بووە، بروانامەی دكتۆرای لەنەشتەرگەری گشتیدا هەیەو ئێشتا پزشكی ڕاوێژكارە لەنەشتەرگەری گشتیداو پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی نەشتەرگەری- کۆلێجی پزیشکی- زانکۆی سلێمانی، جێگری سەرۆكی سەنتەری زەهاوی بۆ لێكۆڵینەوەی فیكری و ئەندامی دامەزرینەر و دەستەی گشتی ناوەندی کوردستان بۆ ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەتدا، سەرنوسەری گۆڤاری (هەیڤ)ه.

د.دیاری ئه‌حمه‌د قه‌صاب

لەساڵی 1968 لەسلێمانی لەدایك بووە، بروانامەی دكتۆرای لەنەشتەرگەری گشتیدا هەیەو ئێشتا پزشكی ڕاوێژكارە لەنەشتەرگەری گشتیداو پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی نەشتەرگەری- کۆلێجی پزیشکی- زانکۆی سلێمانی، جێگری سەرۆكی سەنتەری زەهاوی بۆ لێكۆڵینەوەی فیكری و ئەندامی دامەزرینەر و دەستەی گشتی ناوەندی کوردستان بۆ ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەتدا، سەرنوسەری گۆڤاری (هەیڤ)ه.

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply