لە نێوان چێژگەرایی سیکۆلار و عاتيفەى دینیی مسوڵمانەکاندا
لەم وتارەدا مەبەستمانە بە زمانێکی سادە قسە لە دوو ئاڕاستە و دوو بزاوتى نازانستى و ڕواڵەتیى نێو کۆمەڵگەی کوردى و بەشێک لە کۆمەڵگەکانى دى بکەین، لە هەمان کاتدا دوو ئاڕاستەى وێرانکەر و کارەستاویی بۆ تاک و کۆمەڵگە. دوو ئاڕاستە کە هەژموونیان بەسەر واقیعى ڕۆشنبیریى و فەزاى گشتیی ئێمەدا کردووە و پەرەسەندنی بەرچاویان لە ڕووی چەندێتیی و دوور لە چۆنێتیی، بە خۆوە بینیوە.
ڕەوتێکیان ئەو گرووپە سیکۆلار و عەلمانییانەن کە دوور لە دواندنی ژیریی و فیترەتی مرۆڤەکان و بە گوتارێکى سەتحى، بانگهێشتى خەڵکى دەکەن بۆ هەڵگرتنى بیروبۆچوون و ئاڕاستە “فیکرییەکانیان”. هەرچی ڕەوتی دووەمییشە، مەبەست لێی ئەو واعیز و ئایندارانەن، کە بە بارێکی تردا ئەوانیش ناتوانن مەعریفە و شارەزاییە ئاینییەکەیان بخەنە خزمەت نوێکردنەوەی هزر و دنیابینیى ئاینیی و پێشکەشکردنی دیدێکی عەقڵانی و هەڵکردن لەگەڵ ئەو پەرەسەندنانەی ڕوویان لە داکەوتەی کۆمەڵگەکەیان کردووە.
ئەوەشى ئەم دوو ڕەوت و ئاڕاستەیە لەم وتارەدا پێکەوە دەبەستێتەوە، لە سەرەتادا پشهەڵکردنیانە لە ژیریى مرۆڤەکان و ڕووکردنە هەستەوەرەکان و هاوبەشییانە لە ڕواڵەتبازییدا، هەروەها مامەڵەکردنێکى ڕواڵەتییانەیە لەگەڵ دین و دنیا و بوون و پێویستییە ڕوحى و ماددییەکانى مرۆڤ. لە کۆتاییشدا هەردووکیان خاوەنى دوو بەرئەنجامى کارەستاویین بۆ سەر تاک و کۆمەڵگە، ئەگەر چى شێوەى ئاکام و دەرکەوتەکانى هەریەکێکیشیان لەوى تر جیاواز بێت. ئاڕاستەى یەکەم مرۆڤەکان دەکاتە مرۆڤى تاکڕەهەند و ئینسانییبوونى ڕاستەقینەیان لێدەسەنێتەوە، وەکو کاڵایەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکات. هەرچى ئاڕاستەى دووەمیشە، وەرگرەکانى خۆى دەکاتە بار بەسەر مرۆڤایەتى و لە پەرەسەندنە زانستى و مەعریفى و شارستانییەکان دایان دەبڕێت.
بابەتى تێرکردنى ئارەزووە ماددى و جەستەییەکانى مرۆڤ و چێژگەرایى و بینینەوەى بەختەوەریى تیایاندا، کە ئەو سیکۆلارانە کارى بۆ دەکەن، بابەتێکى کۆن و لە هەمان کاتیشدا نوێیە. کۆنە چونکە هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا و لە یۆنانى کۆن، چێژگەرایى ڕێبازى فەلسەفیى بووە و فەیلەسووفانى ئەوێ مشتومڕ و لێکدانەوەیان بۆ کردووە. لە هەمان کاتیشدا نوێیە، چونکە لە پەنجا ساڵى ڕابردووەوە تاوەکو ئێستاش و بە تایبەتیش لە ڕۆژئاوا، لە میانەى بابەتگەلێکى فیکریى وەکو ڕۆشنگەریی و مۆدێرنیتى و پۆست مۆدێرنیتى و عەلمانییەت و هتددا، بەرئەنجامەکانى لێکدەدرێتەوە.
لە بنەڕەتدا بابەتى چێژوەرگرتن لە حاڵەتێکى کردەیى و سلوکیى مرۆڤەکان دەرچووە و وەکو ڕێبازێکى فەلسەفى، هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا و لە پێش زایینەوە قسە و باسى لێکراوە و لێى کۆڵدراوەتەوە، بەپێی ئەو ڕێبازەش ساتەکانی چێژوەرگرتن لە خۆشترین ساتەکانی ژیانن، کە مەبەستیش لە چێژوەرگرتن لەم ڕێبازە فەلسەفییەدا، چێژوەرگرتنی عەقڵییە نەک لاشە. ئەبیقۆر و ئەبیقۆرییەکان دیارترینى ئەوانە بوون کە باسیان لێوە کردووە، بەڵکو بە دامەزرێنەرى ئەم ڕێبازە فەلسەفییەش دانراون.
لاى ئەبیقۆرییەکان پێویستە مرۆڤ جیاوازیى بکات لە نێوان ئازار و چێژدا، واتە بە شێوەیەکى ڕەها خۆى ڕادەستى حەز و هەست و چێژەکانى نەکات. لاى ئەمان مەرج نییە هەموو چێژەکان مایەى بەختەوەریى مرۆڤەکان بن، لە هەندێک باردا مرۆڤ پێویستە پەنا بۆ ئازارەکان ببات، بەرگەى ئازارەکانى بگرێت، چونکە دوورکەوتنەوە لە چێژکردن، لە هەندێک حاڵەتدا مرۆڤ لە ئازارێکى گەورەتر دەپارێزێت، بە مانایەکى دیکە، هەندێک لە چێژەکان دەرئەنجامێکى پڕئازاریان بۆ خاوەنەکەى دەبێت، نەک خۆشبەختى و بەختەوەریى.
لاى ئەبیقۆر، هەریەک لە چێژ و ئازاریش دەرئەنجام و ئاکامى تایبەت بە خۆیان هەیە، نابێت چێژوەرگرتن تەنها لە پێناو چێژوەرگرتندا بێت، هەروەک پێشی وایە نابێت هەموو ئازارەکان وەلا بنرێن، تەنها لەبەر ئەوەى ئازارن. جگە لەوەش، ئەبیقۆر بۆخۆى (چێژ) بەسەر (3) جۆردا دابەش دەکات.
بە لاى ئەبیقۆرەوە، جۆرى یەکەم ئەو چێژانەن کە لە تێرکردنى پێویستییە سەرەتایى و بنەڕەتییەکانى مرۆڤى زیندوو دەبینرێن، بە وێنەى نان و ئاو خواردن و چێژى ڕزگاربوون لە تینوێتى و برسێتیى و هتد. ناوبراو پێیوایە ئەمانە واتاى ڕاستەقینەى چێژیان بە سەردا دەسەپێت و پێویست و چاکن. جۆرى دووەمى چێژەکانیش ئەوانەن کە پێویست نین، باشتریش وایە مرۆڤ زۆر بە دوایان نەکەوێت، لە نموونەى ئەم جۆرەش، زۆر گرنگییدان بە جلوبەرگ و خۆگۆڕین و ڕۆچوون لە خواردن و خواردنەوەکان و هتد. ئەو پێیوایە ئەمانە بەو شێوەیە چێژى پێویست نین و بایەخیان لە جۆرى یەکەم کەمترە، ئەگەر چى باشیش بن و جۆرێک لە چێژیشیان هەبێت.
جۆرى سێیەم و کۆتاش لاى ئەبیقۆر، ئەوانەن کە نە چێژى پێویستن، نە مایەى خێرى مرۆڤەکانیشن، ئەم چێژانە بە دواى خۆیاندا ئازار و کارەساتى گەورە بۆ خاوەنەکەى دەهێنن. بە لاى ئەبیقۆرەوە دەبێت ئەم چێژانە بە خراپە دابنرێن نەک چاکە، ئەمانە لاى ناوبراو چێژى ئازاربەخشن، تەنانەت بۆ لاشەى مرۆڤەکانیش. لە نموونەى ئەم جۆرە چێژەش بە لاى ئەبیقۆرەوە، شەهوەتبازیی ئاژەڵییانە و تەماعى دنیایى و هتدن.
هەر ئەم لێکدانەوەيەى ئەبیقۆریشە کە ڕێبازەکەى ناوبراو سەبارەت بە چێژ و چێژگەرایى لەوەى (قۆرەنیائییەکان) جیادەکاتەوە. ئەوان بە پێچەوانەى ئەبیقۆرییەکان، لەگەڵ چێژدان بە هەموو چەشنەکانیەوە، هەر چێژێک بێت و هەر ئاکامێکیشى لێبکەوێتەوە گرنگ نییە، گرنگ چێژگەرایى و چێژوەرگرتنە. (موسوعة الفلسفة، د. عبدالرحمن بدوي، ج1/ ص81-89).
ڕواڵەتبازى و چێژگەرایى و هەوەسبازیى پێویستییان بە بیرکردنەوەى قووڵ نییە، هەربۆیە کاری ئەم ئاڕاستە سیکۆلارەش، پێویستیی بە سەرمایەیەکی زۆری فیکریی و مەعریفیی نییە، چونکە لە بنەڕەتدا موخاتەبەی فیترەت و ژیریی مرۆڤەکان ناکات، تا ئێستاش لە گوتارى ئەو کەسانەدا پشت بە دیاردە ڕواڵەتییەکان دەبەسترێت بۆ بڕیاردان لە پێشکەوتوویى و دواکەوتوویى تاک و کۆمەڵگەکان، لاى ئەو کەسانە تا ئێستاش جلوبەرگى ئافرەت هێماى پێشکەوتوویى یان پێچەوانەکەیەتى. کاری ئەمان ورووژاندنی هەستەکانی مرۆڤ و تێرکردنى ئارەزووە جەستەیى و مادییەکانیەتى، بۆ ئەمەش تەنها پێویستیان بە دەستەواژەی ئامادە و حازربەدەست هەیە، یان کۆمەڵێک هۆکار کە دەبنە مایەی ورووژاندنی غەریزە لەسەر حیسابی ژیریی و بیرکردنەوە.
کاتێکیش خواى گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت: (وَالَّذِينَ كَفَرُوا يَتَمَتَّعُونَ وَيَأْكُلُونَ كَمَا تَأْكُلُ الْأَنْعَامُ وَالنَّارُ مَثْوًى لَّهُمْ) (محمد: ١٢)، ماناى وایە مرۆڤانێک کە ئامانجى باڵایان نییە و تەنها بە دواى تێرکردنى حەزەکانیانەوەن، بە بێ لێکدانەوەى ئاکامەکانى ئەو کارانەیان، ئەوانە هیچ گرنگییەکیان بە ئەقڵ و ژیرییان نەداوە، بۆ ئەمەش هیچ نێوانێکیان لە نێوان خۆیان و ئاژەڵدا نەهێشتۆتەوە.
شتێکی چاوەڕوانکراویشە کە بە هۆی ئەوەی بەشێکى زۆرى تاکەکانی کۆمەڵگە کەسانی وەرگرن، یان توانای بیرکردنەوەی زانستییان لاوازە، یان هەر نییانە، ئەوا هەر لە ڕێوە تەسلیمی هەستەوەرەکانیان دەبن و زوو دەبنە ئەسیری هەموو ئەو گوتەزا و دیدە سانا و تەنانەت ئەو ئیغرائاتە سێکسی و چێژبەخشانەش، کە هەر زووبەزوو بەر هەستەکان دەکەون و ناگەنە سنووری ژیریی و نەستی مرۆڤەکان.
دکتۆر عەبدولوەهاب مەسیریى گوتارى ئەم گرووپانە بە گوتارێکى ڕەحەت ناودەبات، لەبەر ئەوەى ڕووى لە بابەتگەلێکى ڕاستەوخۆ و بەرجەستەکراوە، بابەتگەلێک کە بەر هەستەکان دەکەون، ئارەزووەکان و پێویستییە ماددییەکان و وەفاکردن پێیانەوە. ئەو پێیوایە ئەم گوتارە بەردەوام خاوەنى وەڵامگەلێکى ئاسان و چەند لێکدانەوەیەکى خێرا و بەپەلەیە، ئەگەر چى ئەو لێکدانەوانەش ڕواڵەتى و سەرپێیى بن. ئەم مۆدیلە خۆى لە تاووتوێکردنى ئیشکالییەتە قووڵە ئینسانییەکانى وەكو (شوناس، مانا، ئامانج) دەدزێتەوە. (العلمانية والحداثة والعولمة، حوارات الدكتور عبدالوهاب المسيري، تحرير: سوزان حرفي، ج2/ ص205).
ئەو ئاڕاستە سیکۆلارە، بەر لە کۆمەڵگاکانى ئێمە، لە کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکان دەستى پێکردووە و تاقیکراوەتەوە، لەوێ کاریگەریى نەرێنیى خۆى بە شێوەیەکى ترسناک بەجێهێشتووە، هەر ئەم دەرئەنجامە مەترسییدارانەش لە پشت پرۆسەى بەدواداهاتنى یەک لە دوا یەکى عەلمانییەت و پۆستەکەى، مۆدێرنیتى و پۆستەکەى، ڕۆشنگەریى و پۆستەکەى بوون. ئەو دەرئەنجامەى ئەوان ڕووبەڕوویان بوونەوە، بێگومان ئێمەش لە کۆمەڵگەى کوردى و کۆمەڵگە ئیسلامییەکان ڕووبەڕوویان دەبینەوە، ئەگەر ئەم ئاڕاستانە پەرەى زیاتر بسەنن و هەژموون بەسەر کۆمەڵگاکانى ئێمەشدا بکەن.
ئەو دەرئەنجامانەشى کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان پێیگەیشتوون، بە لاى بیرمەندانێکى وەکو عەبدولوەهاب مەسیرى و هاوشێوەکانى، بریتین لە بەشتکردنى مرۆڤەکان و کردنیان بە لاشەیەکى بێڕوح و کۆیلەى حەز و خەسڵەتە ئاژەڵییەکان. مرۆڤ لە کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکاندا کراوەتە مرۆڤێکى تاکڕەهەند و بەکاربەرى هەموو ئەو کاڵا و خواردن و کەلوپەلانەى لە میدیاکانەوە پێى دەناسێنرێن و لە سۆنگەى ڕیکلام و بانگەشەکانەوە، ناچار بە بەکاربردنیان دەکرێت و هیچ تایبەتمەندییەکی بۆ ناهێڵنەوە. توێژینەوەیەکى ئەمریکى ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەر هاووڵاتییەکى ئەو وڵاتە، لە ژێر کاریگەریى ڕیکلام و پڕوپاگەندە تەلەفزیۆنییەکاندا، ڕۆژى سێ جار خۆى نوێ دەکاتەوە.
ئەمە لەسەر ئاستى تاک، لەسەر ئاستى کۆمەڵگەش، کاریگەریى نەرێنیى ئەم ئاڕاستەیە گەورەترە، چێژگەرایى و حەزى تێرکردنى ئارەزووە ماددیی و جەستەییەکان، کێشەى گەورەى لە بوارى دامەزراوەى خێزان و ئابوورى و دابینکردنى سەرچاوە سروشتییەکان و کەرەستەى خاو و ژینگە و تەنانەت زیادبوونى نەخۆشییە دەروونى و کۆمەڵایەتییەکانیش دروست کردووە. بە لاى عەبدولوەهاب مەسیرییەوە، زۆریى بەکاربردن و پێویستیى زۆرى ڕۆژئاوا بە دابینکردنى سەرچاوەى سروشتى، لە پشت سەرهەڵدانى ئیمپریالیزمەوە وەستاوە، ئامانجى سەرەکیى ئەم ئیمپریالیزمەش بەتاڵانبردنى خێر و بێر و سامانى سروشتیى وڵاتە داگیرکراوەکان بووە.
هەرچی ڕەوتی دووەمییشە، مەبەست لێی ئەو واعیز و ئایندارانەن، کە ئەوانیش بە بارێکی تردا ناتوانن مەعریفە دینییەکەیان بخەنە خزمەت نوێکردنەوەی هزر و بیروبۆچوونی ئاینیی و پێشکەشکردنی دیدێکی عەقڵانی و هەڵکردن لەگەڵ ئەو پەرەسەندنانەی ڕوویان لە داکەوتەی کۆمەڵگەکەیان کردووە، یان هەر لە بنەڕەتدا خاوەنی مەعریفەیەکی دینیی ئەوتۆ نین و ناتوانن موخاتەبەی عەقڵ و ژیریی مرۆڤە مسوڵمان و نامسوڵمانەکانیشی پێبکەن، ناچار پەنا بۆ ورووژاندنی سۆزی ئاینیی وەرگرەکانیان دەبەن، باشترین کەرەستەی گوتار و لێدوانەکانی ئەو کەسانەش، چیرۆک و بەسەرهاتە لاواز و بێبنەماکانن، لەگەڵ زمانی هەڕەشە و ترساندنی ئاینداران و نیشاندانی ئیسلامە وەک ئاینێکی عاشق بە مەرگ و دوژمن بە ژیان.
ئەو گوتارە وەعزئامێزەى ئێمە لێرەدا بەئامانجمان گرتووە، گوتارێکە تەنها دەتوانێت دنەى عاتیفەى دینیی بدات و بیورووژێنێت. ئەو گوتارە ئاینییەیە کە نەک تەنها لە مزگەوت و شوێنى پەرستشەکان، بەڵکو هەندێکجار لە میدیاکانیشدا بەدى دەکرێت. ئەم گوتارە، گوتارێکى کلاسیکییە، ژیرى و ئەقڵ نادوێنێت، ئاستى زانستیی تێدا لاوازە، زۆرلەخۆکردن و تەکەللوفى تێدایە، پڕە لە میسالییات و خەیاڵگەرایى، وەرگرەکانى دەخاتە ژێربارى ئەرکێکى قورس و لەتوانابەدەر. ئەم گوتارە زۆر بە دەگمەن باس لە کێشەکانى کۆمەڵگە و ڕووداو و پێشهاتەکانى بەردەمى دەکات، کاتێکیش باسیان لێدەکات، ناواقیعییەکى گەورە لە باسکردن و چارەسەرەکانیدا بەدى دەکەیت.
ئەم گوتارە هاوکات بەرمەبناى هیچ مەنهەجییەتێکیش ئەدا ناکرێت، تەنها پشت بە ورووژاندنى سۆزى ئاینى و بابەتگەلێکى پەرش و بڵاو و بێپەیوەندیی دەبەستێت. گەر بێتوو بە دیدێکى مەنهەجییانە لەم جۆرە گوتارانە بکۆڵیتەوە، دەتوانیت چەندین دژیەکییان تێدا بدۆزیتەوە.
ئەو واعیز و ئایندارانەى باسمان کردن، بە شێوەیەک لە شێوەکان، یان زیاتر، لەسەر بنەمای دواندنێکی ناعەقڵانی و نالۆژیکیی، بەڵکو لە ڕێگەی بزواندنی هەستەکانەوە خۆیان بە دەوروبەر ئاشنا دەکەن و بانگەوازی خۆیان بڵاو دەکەنەوە و لە کۆتاییشدا دەوروبەرێک بۆ خۆیان دروست دەکەن، کە ناتوانن خزمەتێکی زانستی بە ئیسلام بکەن، بەڵکو زۆرجاریش دەبنە مایەی نیشاندانی وێنەیەکی ناشارستانی بۆ ئیسلام. لە وێنەی ئەم ڕەوتەش، بەشێک لەوانەی خۆیان بە سەلەفیی ناوزەد کردووە، لەگەڵ ژمارەیەک لەو واعیز و گوتاربێژانەی سەر مینبەر و بڵندگۆکان. تەنانەت ژمارەیەک لە کەسایەتییە سیاسى و ڕۆشنبیرە مسوڵمانەکانیشمان ناتوانن لە نووسین و گوتارەکانیاندا بەهانە و بەڵگەى ئەقڵى ئاماژە پێبدەن، بەڵکو کار و بەرهەمەکانیان لەسەر ورووژاندنى سۆزى ئایندارەکان، نەک خستنەڕووى ئامانجى ڕاستەقینەى ئاین و شەریعەت.
هەروەکو لە سەرەتاشدا ئاماژەمان پێدا، خاڵى هاوبەش کە دەتوانێت ئەم ئاڕاستە “ئاینیی”ە لەگەڵ ئەو ئاڕاستە “سیکۆلار”ە کۆبکاتەوە، نیشتنەوەیانە بە لایەنە ڕواڵەتییەکەى مرۆڤ و کارکردنیانە لەسەر هەستەکان و شعور و عاتیفەى دینى، لەگەڵ غیابى پرۆسەى بیرکردنەوە و بەڕێوەبردنى ئارگیومێنتێکى دەوڵەمەند بە بەڵگەى ئەقڵى لەگەڵ بەرانبەرەکانیان.
لە بنەڕەتدا ئیسلام کە گرنگیى زۆرى داوە بە ئەقڵ و ژیریی مرۆڤ و پێویستى کردووە لەسەرى کە ئەو ئەقڵە بەگەڕ بخات، بۆ ئەوەیە مرۆڤ نابێت ڕێگە بدات لە ڕێگەى هەستبزواندن و ورووژاندنى هەست و عاتیفەیەوە، دەست بەسەر بیر و باوەڕ و ویژدانیدا بگیرێت. بەکارهێنانى ئەقڵ، لە سەرەتاترین قۆناغیدا خاوەنەکەى لە داگیرکردن و هەژموونکردن بەسەر ویژدان و عاتیفەیدا پارێزراو دەکات. هەر بەو هۆیەشەوەیە کە ئیسلام (کەهانەت) و دەسەڵاتى (پیاوانى ئاینیى)ى سەردەمانى پێشووى بەسەر ویژدان و بیرى شوێنکەوتوانى ئاینەکانیانەوە، ڕەتکردۆتەوە و پووچیی دەسەڵاتى ئەوانى لە قورئاندا ڕاگەیاندووە، (اتَّخَذُوا أَحْبَارَهُمْ وَرُهْبَانَهُمْ أَرْبَابًا مِّن دُونِ اللَّهِ وَالْمَسِيحَ ابْنَ مَرْيَمَ وَمَا أُمِرُوا إِلَّا لِيَعْبُدُوا إِلَٰهًا وَاحِدًا لَّا إِلَٰهَ إِلَّا هُوَ سُبْحَانَهُ عَمَّا يُشْرِكُونَ) (التوبة: 31).
لە دنیاى ئیسلامدا چەندین زانست هەن کە لە بنەڕەتدا بۆ دۆزینەوەى ڕاستییەکان و پاراستنى ئەقڵ و ژیریى مرۆڤەکان لە هەڵە داهێنراون، یان وەرگیراون و پەرەپێدراون، وەکو زانستەکانى (لۆژیک، فەلسەفە، ئوسوڵى فیقهـ و هتد).
ئەو دوو ئاڕاستەیەى باسکران، کاریگەریى نەرێنیى لەسەر تاک و کۆمەڵگە بەجێدەهێڵن، هەروەک دوو جۆرى جیاوازیش لە خاوەن ئینتیما دروست دەکەن، ئەو دوو مرۆڤەى ئەمان دروستى دەکەن و تێڕوانین و بۆچوونەکانى خۆیانیان لەلا دەڕسکێنن، هیواى پێکەوەژیانیان لەگەڵ یەکتر لێناکرێت، ئاستى گفتوگۆ و ئارگیومێنتیان لەگەڵ یەکتر و بەرانبەر بە یەکتر لەوپەڕى لاوازى و نالۆژیکى و ناواقیعییدایە، ڕێک نموونەى ئەو جەدەلە بێئەنجام و نەزۆکەى هەنووکە لە لایەن نوێنەرى ئەو دوو ئاڕاستەیەوە، لەسەر پرسى دەستوورى هەرێم و چۆنێتیى “بەعەلمانییکردن”، یان “بەئیسلامییکردن”ى ئەو دەستوورە بەڕێوە دەچێت.
تێگەیشتن بەرمەبناى بیرکردنەوەى قووڵ و پشتبەستن بە ئەقڵ وەک ئامرازى ناسینەوەى چاکە و خراپە، لەگەڵ خۆبەدەستەوەنەدانى هەست و عاتیفە، فاکتەرى گرنگ و یاریدەدەرى باش دەبن بۆ ئەوەى نەهێڵین ئەم دوو ئاڕاستەیە دەست بەسەر فەزاى ئاینیى و ڕۆشنبیرى و تەنانەت فەزاى گشتییشدا بگرن، بەرزکردنەوەى ئاستى گوتار و گفتوگۆى فیکریى و مەعریفیى ڕەوت و گرووپەکان، لەگەڵ بەرزکردنەوەى ئاستى ڕۆشنبیرى و زانستیى تاکەکانى کۆمەڵگە، بەربەستى گەورە دەبن لە بەردەم گەشەسەندنى ئەم ڕەوت و ئاڕاستانەدا.
مەترسیى گەشەسەندنى ئەو دوو ئاڕاستەیە لەوەدایە، جگە لەوەى بەرئەنجامى نەرێنیى بۆ تاک و کۆمەڵگە و شوێنکەوتوانى خۆشیان دەهێنن، هاوکات دەبنە مایەى تێکدانى ئاشتەوایى کۆمەڵگە و شیرازەى کۆمەڵایەتیى ئەم هەرێمەش. چیتر ڕەوا نییە ئاڕاستەیەکى سیکۆلار و ئایدیۆلۆژیی بە ناوى کرانەوەوە، پێشکەوتنخوازیی و نوێگەریى بە دیاردە ڕواڵەتییەکان و کۆمەڵێک خەسڵەتى ئاژەڵیى بپێوێت، لە کاتێکدا زۆرینەى دەرکەوتەکانى نێو کۆمەڵگە ئەوانە بەدرۆ دەخەنەوە. هەروەک ڕەواش نییە ئاڕاستە و ڕەوتێک لە ناو مسوڵماناندا خۆى بکاتە نوێنەرى ڕاستەقینەى ئیسلام و بە گوتار و لێکدانەوە بەسەرچووەکانى، ڕووە شارستانییەکانى ئەم ئایینە بشێوێنێت و لەسەر حیسابى ئەقڵە ڕۆشنبیر و بیرمەندەکانى، ناوبانگ و کاریگەریى بۆ خۆى دروست بکات.
مەعریفە و زانست و بەگەڕخستنى ئەقڵ و ژیریی، بۆ ئەوەن مرۆڤ چاک و خراپى خۆى لێک جیابکاتەوە، بۆ تێگەیشتن و وێناکردنن، بۆ زانین و پێزانینن، بۆ تێڕامان و تێفکرینن، بۆ هەڵگۆزینن لە دواى قووڵبوونەوە لە لایەنە شاراوەکان و نهێنیى ئەو شتانەى دەیان بینن و بەر هەستەکان دەکەون. ئەو ئەقڵەى کە ئیسلام موخاتەبەى دەکات، ویژدانى مرۆڤ لە هەڵە دەپارێزێت، درک بە ڕاستییەکان دەکات، دەتوانێت جیاکاریى بکات، کێشانە و پێوانەى نێوان دژەکانى پێدەکرێت، دنیابینیى هەیە، ورد دەبێتەوە. ئەو ئەقڵەى کە ئیسلام دەیدوێنێت، لە بەرانبەریدا دۆگمابوون و نەفامى و پاشکەوتەیى و قووڵنەبوونەوە هەیە. بەبێ پرۆسەى بیرکردنەوە، هیچ کات ژیانى مرۆڤەکان نابێتە ژیانێکى ڕێکخراو. بەبێ بیرکردنەوە، بیروباوەڕى مرۆڤ ڕووکەشى دەبێت، ڕەفتارەکانیشى هەڕەمەکى و فەوزەویی دەبن. (التفکیر فریضة عقلیة، عباس محمود العقاد، تقدیم ودراسة: أ.د. أسعد السمحراني، ص11-15).
ئەوەى جێگەى دڵخۆشییە، لە دنیاى ڕۆژئاوایى و بۆ چەند دەیەیەکیشە پێداچوونەوەى گەورە بۆ بیرى ڕۆژئاوایى و سەبارەت بەم جۆرە ئاڕاستە و ڕێبازانەش دەست پێکراوە، بەدوایەکداهاتنى تێزەکانى وەکو مۆدێرنیزەکردن، مۆدێرنیتى و پۆست مۆدێرنیتی، ڕۆشنگەریى و پاشانیش “ڕۆشنگەریى تاریکهێن” و هتد، بەرئەنجامى ئەو پێداچوونەوانە و درککردنى ئەو ئاکامە ترسناکانەیە کە لەسەر کۆمەڵگەکانیان دروست بوون.
لە نێو دنیاى ئیسلامییشدا زۆرن ئەو دامەزراوە هزرى و ڕۆشنبیرى و ئەو بیرمەند و زانا گەورانەى ساڵانێکە پڕۆسەى نوێکردنەوە و موراجەعەى کەلەپوورى ئیسلامیى و پاڵفتەکردنیان دەستپێکردووە و قۆناغى زۆریشیان لەو ڕووەوە بڕیوە. بەڵام هێشتا زۆرى ماوە قەیرانە قووڵ و گەورەکانى بیرى ڕۆژئاوایى چارەسەر بکرێن. هەروەها بارودۆخى هزریى و ڕۆشنبیرى و زانستیى جیهانى ئیسلامیى و کۆمەڵگە ئیسلامییەکانیش زۆر لەوە زیاتر دەخوازێت.