چالاكیهەواڵ

شاندێكی سەنتەری زەھاوی بەشداریی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیی لە مالیزیا دەکات

ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ٢١ و ٢٠٢٣/٢/٢٢ لە شاری کوالالامپوری پایتەختی مالیزیا و لەسەر بانگھێشتنامەی فەرمیی، شاندێکی سەنتەری زەھاوی، کە پێک ھاتبوو لە ھەریەک لە دکتۆر سەباح بەرزنجی سەرۆکی سەنتەر و ھاوژین عومەر و دکتۆر مەریوان حەمە دەروێش ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی سەنتەر، بەشداریی کۆنگرەی نێودەوڵەتیی (عبد الحميد أبو سليمان وإسهاماته في الإصلاح الفكري والتربوي- عەبدولحەمید ئەبو سولەیمان و بەشدارییەکانی لە ڕیفۆرمی فیکریی و پەروەردەییدا) کرد، کە بە ھاوبەشیی لە نێوان ھەریەک لە پەیمانگای جیھانیی فیکری ئیسلامیی و زانکۆی ئیسلامیی جیھانیی مالیزیا و زانکۆی فیر فاکس لە ئەمریکا، ساز کرا.

لە میانەی دوو ڕۆژی کۆنگرەکەدا، کە لە باڵەخانەی زانکۆی ئیسلامیی جیھانیی مالیزیا بەڕێوە چوو، (١٠) دانیشتن بە ھەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزیی و بە ئامادەبوونی دکتۆر ھیشام تاڵیب سەرۆکی پەیمانگای جیھانیی فیکری ئیسلامیی و زیاتر لە (١٠٠) کەسایەتیی زانستی و ئەکادیمیی کە لە (١٢) وڵاتەوە بەشدارییان کردبوو، بەڕێوە بران. جێگەی باسە دانیشتنی کۆتایی کۆنگرەکەش بە ئامادەبوونی دکتۆر ئەنوەر ئیبراھیم سەرۆکوەزیرانی مالیزیا بەڕێوە چوو، بەوپێیەی ناوبراو یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی زانکۆی ئیسلامیی جیھانیی مالیزیا و یەکێکیش بووە لە بیرمەند و سەرکردە فیکریی و ئیدارییەکانی پەیمانگای جیھانیی فیکری ئیسلامیی.

شایانی باسە کە لە کۆنگرەکەدا ژمارەیەک لە بڵاوکراوەکانی سەنتەری زەھاوی پێشکەش بە ئامادەبوان کران، بە تایبەتیش کتێبی (الفكر المقاصدي لدى رواد المعهد العالمي للفكر الاسلامي: الدكتور عبدالحميد ابو سليمان نموذجًا، ھاوژین عمر کریم) کە پەیوەندیی بە ناونیشان و تەوەرەکانی کۆنگرەکەوە ھەبوو.

ھەر لە میانەی سەردانەکەیاندا بۆ مالیزیا، شاندی سەنتەری زەھاوی جگە لە ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ زانا و کەسایەتییە زانستی و ئەکادیمییەکان و دروستکردنی پەیوەندیی توندوتۆڵ لەگەڵیان، ھەروەھا مامۆستای دیاری کورد لە زانکۆی ئیسلامیی جیھانیی مالیزیا پڕۆفیسۆر دکتۆر عارف عەلی قەرەداغیان بەسەر کردەوە کە باوکی خوێندکارانی کورد لەو وڵاتە ناسراوە، شاندی سەنتەر ھەروەھا ژمارەیەک لە خوێندکارانی کوردیان لە زانکۆی ئیسلامیی ناوبراو بەسەر کردەوە و بەدواداچوونیان بۆ کار و پێداویستییەکانیان کرد و وا بڕیارە بە میکانیزمی گونجاو بۆ داھاتوو پەیوەندیی و بەدواداچوونەکان لەگەڵیان بەردەوام بن.

سەنتەری زەھاوی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply