هەڵە باوەكان بۆ ڕاڤەى بەشێك لە فەرموودةكان
فەرمودەى چواردەیەم
«يَهْدِيكُمْ اللَّهُ وَيُصْلِحُ بَالَكُمْ»
پژمين، دياردە سروشتى و مرۆيیە، خواى گەورە لە هەموو مرۆڤێكدا ئەفراندويەتى و، زۆريشى پێخۆشە. هەروەك حەزرەتى (ئەبو هورەيرە، خودا لێى ڕازى بێت) لە زارى شيرينى خۆشەويستەوە (دروودى خواى لەسەر بێت) دەگێڕێتەوە: «إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْعُطَاسَ وَيَكْرَهُ التَّثَاؤُبَ».
وەڵامدانەوە و نزاى خێريشى بۆ پژمەكار، بە يەكێك لە مافەكان داناوە بەسەر يەكترەوە، وەك ديسان (ئەبو هورەيرە) لە حەزرەتەوە دەگێڕێتەوە، کە فەرمویەتى: «حَقُّ الْمُسْلِمِ عَلَى الْمُسْلِمِ خَمْسٌ .. وَتَشْمِيتُ الْعَاطِسِ».
لە سۆنگەى ئەم فەرمودە و، فەرمودەكانى ديكەى پەيوەست بەم بابەتە، زانايان مشت و مڕيان بۆ دروست بووە لەسەر حوكمى وەڵامدانەوەى زيكرى پژمەكار، ئاخۆ واجبە، ياخود سونەت؟
پێشەوا (ئيبن حەجەر) دەفەرموێت: ((قَالَ اِبْن أَبِي جَمْرَة: قَالَ جَمَاعَة مِنْ عُلَمَائِنَا إِنَّهُ فَرْض عَيْن، وَقَوَّاهُ اِبْن الْقَيِّم فِي حَوَاشِي السُّنَن … وَذَهَبَ آخَرُونَ إِلَى أَنَّهُ فَرْض كِفَايَة إِذَا قَامَ بِهِ الْبَعْض سَقَطَ عَنْ الْبَاقِينَ، وَقَالَ بِهِ الْحَنَفِيَّة وَجُمْهُور الْحَنَابِلَة. وَذَهَبَ عَبْد الْوَهَّاب وَجَمَاعَة مِنْ الْمَالِكِيَّة إِلَى أَنَّهُ مُسْتَحَبّ، وَيُجْزِئ الْوَاحِد عَنْ الْجَمَاعَة وَهُوَ قَوْل الشَّافِعِيَّة، وَالرَّاجِح مِنْ حَيْثُ الدَّلِيل الْقَوْل الثَّانِي)). بە كورتى واتە: كۆمەڵێك لە زانايان فەرمويانە: ئەگەر كەسى پژمەكار، گوتى: (الحمد لله)، ئەوا وەڵامدانەوەى فەرزى (عەين)ە. کۆمەڵێكيتر لە زانايان فەرمويانە: فەرزى (كيفايە)يە. بەڵام بۆچونى بەهێز ئەوەيە: سونەتى کیفائییە، ئەگەر لە ناو كۆمەڵێكدا تەنها یەک كەس جێبەجێى بكات، لەبری ئەوانى ديكە دادەمەزرێت.
پاش خستنەڕووى ئەم پێشەكييە، دێينە سەر مەبەستي سەرەكى و، دەڵێين: ئەم نزايەى سەرەوە: «يَهْدِيكُمْ اللَّهُ وَيُصْلِحُ بَالَكُمْ»، بڵاوترين وەڵام و نزاى كەسى پژمەكارە بۆ ئەو كەسانەى وەڵاميان دەدەنەوە و، (يَرْحَمُك اللَّهَ)يان بۆ دەكەن. بەڵام گەر بێت و هەموو ريوايەتەكان كۆ بكەينەوە و، لێيان وردبينەوە، بۆمان دەردەكەوێت پێغەمبەر (دروودى خواى لەسەر بێت)، ئەم نزايەى زياتر بۆ جووەكان كردووە، جیاواز لە وەڵامى مسوڵمانان، کە نزایەکى تایبەتى بووە، وەكو لە خوارەوە دەيخەينە ڕوو.
بڕگەى يەكەم
دەق و واتاى فەرمودەكە
«عن أَبِي مُوسَى قَالَ: كَانَ الْيَهُودُ يَتَعَاطَسُونَ عِنْدَ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَرْجُونَ أَنْ يَقُولَ لَهُمْ يَرْحَمُكُمْ اللَّهَ فَيَقُولُ يَهْدِيكُمْ اللَّهُ وَيُصْلِحُ بَالَكُمْ». واتە: جووەكان لەلاى پێغەمبەردا دەپژمين، بەو هيوايەى نزايان بۆ بكات و، بفەرموێت: خودا ڕەحمتان پێ بكات، بەڵام دەيفەرموو: خودا ڕێنوێنيتان بكات و دڵتان چاك بكات.
بڕگەى دووەم
پلەى فەرمودەكە
ئەم فەرمودەيە هەريەك لەم پێشەوايانە ریوایەتیان کردووە:
(ترمزى)، بە ژمارە و بابى: (٢٧٣٩- باب ما جاء كيف تشميت العاطس).
(تەبەرانى) لە كتێبى: (الدعاء)، بە ژمارە و بابى: (١٩٨٦- باب كيف يشمت أهل الكتابين).
جگە لەوانيش هەركام لە (حاكم) لە (المستدرك)دا، و (بوخارى) لە (الأدب)دا ريوايەتيان كردووە. فەرمودەكەش پەسەند و وەرگيراوە. پێشەوا (ترمزى) دەفەرموێت: (حَدِيثٌ حَسَنٌ صَحيحٌ).
بڕگەى سێيەم
ئايا ئەم نزايە تايبەتە بە بێ باوەڕان و جووەكانەوە؟
وەك لە دەقى فەرمودەكەدا هاتووە، ئەم نزا و وەڵامە: «يَهْدِيكُمْ اللَّهُ وَيُصْلِحُ بَالَكُمْ»، زياتر بۆ جووەكان بەكارهاتووە. هەروەك ژمارەيەك لە فەرمودەناسان فەرمودەكەيان لە كتێبەكانياندا ژێر ناونيشانى وەڵامدانەوەى پژمينى جولەكە و بێ باوەڕاندا هێناوە.
بۆ نمونە پێشەوا (بوخارى) لە (الأدب المفرد)دا، (دوو) جار فەرمودەكەى هێناوە، لە ژێر ئەم (دوو) سەرباسەدا: (باب إذا عطس اليهودي)، (باب كيف يدعو للذمي). پێشەوا (تەبەرانى)ش لە (الدعاء)دا لە ژێر باسى: (باب كيف يشمت أهل الكتابين)دا هێناويەتى. پێشەوا (ئيبن خەرات)يش لە (الأحكام الشرعية الكبرى: ٣/ ١٣٣)دا ئەم سەرباسەي بۆ داناوە: (بَاب مَا يُقَال لأهل الْكتاب إِذا عطسوا).
بەمەدا بۆمان دەردەكەوێت، زانايان فەرمودەكەيان تايبەت كردووە بە وەڵامى پژمينى بێ باوەڕانەوە، بەڵام ئەمەش بەو واتايە نا، كە دروست نەبێ هەمان نزا بۆ بڕواداران بكرێت و، وەڵامى ئەوانيشى پێ نەدرێتەوە؛ چون داواى ڕێنوێنى کردن لە خودا، چۆن بۆ بێ باوەڕان دەكرێت، بەهەمان شێوە بۆ باوەڕدارانيش دەكرێت.
پێشەوا (حاكم) دەفەرموێت: ((وقد دعا النبي صلى الله عليه و سلم لنفسه و للمسلمين بالهداية في أخبار كثيرة يطول شرحها في هذا الموضع وقد أمر النبي صلى الله عليه و سلم خليله و صفيه و ختنه علي بن أبي طالب رضي الله عنه أن يسأل الله الهداية)). وە لە ريوايەتى پێشەوا (بوخارى)شدا فەرمانى بە هەمان وەڵامى جووەكان بۆ بڕواداران كردووە و، دەفەرموێت: «عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ عَنْ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ إِذَا عَطَسَ أَحَدُكُمْ فَلْيَقُلْ الْحَمْدُ لِلَّهِ وَلْيَقُلْ لَهُ أَخُوهُ أَوْ صَاحِبُهُ يَرْحَمُكَ اللَّهُ فَإِذَا قَالَ لَهُ يَرْحَمُكَ اللَّهُ فَلْيَقُلْ يَهْدِيكُمُ اللَّهُ وَيُصْلِحُ بَالَكُمْ».
بڕگەى چوارەم
وەڵامى پژمينى بڕواداران بۆ يەكتر
وەكو پێشتر گوتمان: «يَهْدِيكُمْ اللَّهُ وَيُصْلِحُ بَالَكُمْ»، زياتر بۆ وەڵامى پژمينى بێ باوەڕانە، ئەگەر بڵێن: (الحمد لله). كەوابوو ئێستا كام وەڵام گونجاو و شياوە مسوڵمانان بۆ يەكترى بكەن؟
بێگومان لەم بارەيەوە چەند فەرمودەيەك هاتووە، لەوانە: فەرمودەى: «إِذَا عَطَسَ أَحَدُكُمْ فَلْيَقُلْ: الْحَمْدُ لِلَّهِ عَلَى كُلِّ حَالٍ، أَوْ الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ. وَلْيُقَلْ لَهُ: يَرْحَمُكُمْ اللَّهُ أَوْ يَرْحَمُكَ اللَّهُ، وَلْيَقُلْ: يَغْفِرُ اللَّهُ لِي وَلَكُمْ».
(ئەبو جەمرە)يش دەفەرموێت: گوێم لێ بوو (ئيبن عەباس) كاتێك نزاى بۆ پژمەكار دەكرد دەيفەرموو: خودا ئێمە و ئێوە لە ئاگر بپارێزێت و رەحمتان پێ بكات. «سمعت بن عباس يقول إذا شمت: عافانا الله وإياكم من النار يرحمكم الله».
(نافيع)ى مەولاى (ئيبن عومەر)يش دەفەرموێت: (عەبدوڵا) لە وەڵامى نزاى پژميندا دەيفەرموو: خودا رەحم بە ئێمە و ئێوەش بكات، لە ئێمە و ئێوەش خۆش بێت. «أن عبد الله بن عمر كان إذا عطس فقيل له يرحمك الله فقال يرحمنا وإياكم ويغفر لنا ولكم».
كەواتە بە پێى فەرمودەى حەزرەت و ياوەرانى بەڕێزى (خودا لێيان ڕازى بێت)، نزا و وەڵامى پژمينى بڕواداران بە بەزەيى و لێخۆشبوونى خودايە. كە ئەمە نزايەكى گونجاوتر و بەجێترە لەوەى كە بۆ جوولەكە و بێ باوەڕەكان دەكرێت، كە داواى هيدايەت و دڵ چاكبوونە بۆيان.
پێشەوا (ئيبن حەجەر)يش ئەم بۆچوونە پشت ڕاست دەكاتەوە و، دەفەرموێت: ((لَهُمْ تَشْمِيت مَخْصُوص وَهُوَ الدُّعَاء لَهُمْ بِالْهِدَايَةِ وَإِصْلَاح الْبَال وَهُوَ الشَّأْن وَلَا مَانِع مِنْ ذَلِكَ، بِخِلَافِ تَشْمِيت الْمُسْلِمِينَ فَإِنَّهُمْ أَهْل الدُّعَاء بِالرَّحْمَةِ بِخِلَافِ الْكُفَّار)).
پێشەوا (نەوەوى)ش بە وردى شێوازەكانى وەڵامدانەوەى تۆمار كردووە و، دەفەرموێت: ((وَأَمَّا لَفْظ (التَّشْمِيت) فَقِيلَ يَقُول: يَرْحَمك اللَّه، وَقِيلَ يَقُول: الْحَمْد لِلَّهِ يَرْحَمك اللَّه، وَقِيلَ يَقُول: يَرْحَمنَا اللَّه وَإِيَّاكُمْ. قَالَ: وَاخْتَلَفُوا فِي رَدّ الْعَاطِس عَلَى الْمُشَمِّت، فَقِيلَ يَقُول: يَهْدِيكُمْ اللَّه وَيُصْلِح بَالكُمْ، وَقِيلَ يَقُول: يَغْفِر اللَّه لَنَا وَلَكُمْ. وَقَالَ مَالِك وَالشَّافِعِيّ: يُخَيَّر بَيْن هَذَيْنِ، وَهَذَا هُوَ الصَّوَاب، وَقَدْ صَحَّتْ الْأَحَادِيث بِهِمَا)) .