رۆژی جیهانی قودس
م.ناصیح محمد بەرزنجی
رۆژی قودس کۆتا هەینی مانگی پیرۆزی رەمەزانە کە تیایدا لە زۆرێک لە وڵاتانی موسڵمانی جیهان دژی داگیرکاری ئیسرائیل و هاسۆزی بۆ گەلی فەلەستین ڕێپیوان و ناڕەزایی بەڕێوە دەچێت. بناغەدانەری ئەم رۆژە کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە دوای ساڵێک لە شۆرشی ئیسلامی گەلانی ئێران بە رەسمی لە بەرواری ١٦ ی خەرمانان ١٣٥٨ کۆچی هەتاوی لایەن ئیمام خومەینی ڕێبەری شۆرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پشتگیری لە گەلانی فەڵەستین راگەیەنرا.
لەم ڕۆژەدا زۆرینەی موسڵمانانی جیهان هاوخەمی و هاودەنگی بۆ گەلی فەلەستین رادەگەیەنن و لە ڕێگەی ڕیپیوان و خۆپیشاندان لە سەرتاسەری جیهان دژی داگیرکاری زایۆنی دەنگ هەڵدەبڕن. رۆژی قودس لە ڕۆژژمێری کۆماری ئیسلامی ئێران وەکو رۆژێکی فەرمی ناسێنراوە و بۆ ماوەی هەفتەیەک و لە کۆتا هەفتەی مانگی پیرۆزی رەمەزان بەردەوام دەبێت.
مەهدی بازرگان، یەکەمین سەرۆک وەزیرانی ئێران لە رونکردنەوەیەک دەربارەی رۆژی قودس دەڵێت: پاش جەنگێکی چەند رۆژەی ساڵی ١٩٦٧ و شکستی میسر و سوریا بۆ یەکەمین جار فەڵەستینیەکان توانیان بە زنجیرەیەک هێرشی سەربازی زیانێکی زۆر بە سوپای ئیسرائیل بگەیەنن.
دوای ئەو سەرکەوتنە ئەو رۆژە مێژوییە بە جەنگی کەرامە و رۆژی جیهانی فەلەستین ناونرا. هەروەها ئیبراهیم یەزدی کە وەزیری دەرەوە بوو ئەو کاتە، دەڵێت چونکە ناونانی رۆژی فەلەستین زیاتر ناسنامەیەکی عەرەبی هەبوو نەبوە مایەی پێشوازی وڵاتانی تر، بۆیە دوای شۆرشی ئیسلامی لە کۆبونەوەیەک لە وەزارەتی دەرەوە بڕیارماندا داوایەک ئاراستەی بناغەدانەری شۆرشی ئیسلامی بکەین بە گۆڕینی ناوی رۆژی فەڵەستین بە رۆژی قودس و جێگیر کردنی لە کۆتا هەفتەی مانگی رەمەزان.
ئیمام خومەینی بناغەدانەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەربارەی رۆژی قودس دەڵێت: رۆژی قودس تەنها رۆژی فەڵەستین نیە، رۆژی ئیسلامە، رۆژی حکومەتی ئیسلامیە، رۆژێکە کە تیایدا دەبێت ئاڵاکەی لە سەرجەم جیهان بەرز بکرێتەوە. رۆژێکە کە دەبێت بە زلهێزان بسەلمێنرێت کە چیتر ناتوانن لە دەوڵەتانی ئیسلامی پێشڕەوی بکەن. من رۆژی قودس بە رۆژی ئیسلام و رۆژی پەیامبەری ئیسلام دەزانم و رۆژێکە کە پێویستە ئێمە هەموو تواناکانی خۆمان بەهێز بکەین.
هەروەها درەبارەی بەجیهانی بونی ئەم بۆنەیە دەڵێت: رۆژی قودس رۆژێکی جیهانی یە و رۆژێک نیە کە تەنها تایبەت بێت بە قودس، رۆژی روبەروبونەوەی ستەمکارە لە لایەن ستەملێکراوەوە. رۆژی روبەروبونەوەی ئەو میلەتانەیە بەرامبەر فشارەکانی ئەمریکا. رۆژێکە کە پێویستە ستەملێکراوان ئامادەبکرێن دژی داگیرکەران و زلهێزان. رۆژی قودس رۆژێکە کە دەبێت چارەنوسی میلەتانی ستەمدیدە دیاری بکرێت، دەبێت هەروەک چۆن ئێران شۆرشی کرد و لە دژی ستەم هەستا و لوتی ستەمکارانی لە زەوی دا، دەبێت هەموو میلەتان هەستن و ئەم ڤایرۆسە گەندەڵانە بخەنە زبڵدان.
دوای ئەم بانگهیشەی ئیمام خومەینی، ئەم رۆژە لە سەرتاسەری ئێرانی ئیسلامی، وەکو رۆژی جیهانی قودس ناونرا. هەموو ساڵێک خەڵکی ئێران پیش دەستپێکرنی نوێژی هەینی، هەڵدەستن بە ڕێپێوان بۆ بەرگری لە خەڵکی فەلەستین. لە هەندێک ولاتانی تری ئیسلامی و غەیری ئیسلامی کە بە ٨٠ وڵات مەزەندە دەکرێت، وەک تورکیا، ئەندەنوسیا، بەحرەین، لوبنان، پاکستان، مالیزی، هیند، سەنگاپور، کەنەدا، نەرویج، سودان،تونس، ئەڵمانیا، ئوسترالیا، کوەیت، ئیسپانیا، سوید، ڤەنزویلا، یونان و یەمەن، خۆپیشاندان لە شەقام و ناوەندە ئیسلامیەکان بەڕێوە دەچێت.
هەرچەندە میدیا رۆژئاواییەکان وەک پێویست ڕوماڵی ئەم خۆپیشاندانانە ناکەن، بەڵام جۆش و خرۆشی خەڵک و بە تایبەت گەلانی ئێران، بایەخی زیاتری ئەم رۆژەی بۆ جیهان سەلماندوە.
ئایەتولا خامنەای ڕێبەری شۆرشی ئیسلامی ئێران لە وتەیەک دا ئاماژە بە گرنگی رۆژی قودس دەدات و دەڵێت: رۆژی قودس سیمبوڵی وەستانی حەقە لە بەرامبەر باتڵ و دەربارەی گرنگترین ئامانجەکانی رۆژی قودس ڕێبەری شۆرشی ئیسلامی چەند خاڵێکی گرنگ دەخاتە ڕوو:
رۆژی قودس، سیبوڵی وەستانی ستەمدیدەکان لە بەرامبەر ستەمکاران.
وەستانە لە بەرامبەر سڕینەوەی فەڵەستین لە نەخشەی جیهانی و فەرامۆش کردنی پرسی فەڵەستینە.
رۆژێکە کە خەڵکی فەلەستین هەست دەکات کە میلەتان پشتیوانیانن.
رۆژی هەڵقولانی خوێنە لە دەماری ئومەتی ئیسلامی.
رۆژێکە کە خەڵکی موسلمان بە بێ نێوەند گیری فەرمی قسەیان لە جیهان دەگەیەنن.
رۆژی سەرمەشق بونی میلەتی ئێران.
رۆژی پاراستنی ئاسایشی وڵات و دەستکەوتەکانی شۆرشی ئیسلامی.
ئیستاش دوای تێپەڕ بونی ٤٣ ساڵ بە سەر ڕاگەیاندنی رۆژی جیهانی قودس، ئەم رۆژە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە هەموو مانگێکی پیرۆزی رەمەزان بە چالاکی و ڕێپیوان و پەیامی گرنگ یاد دەکرێتەوە و لە کۆتا
هەفتەی مانگی رەمەزانی هەموو ساڵێک بەرپرسان و خەڵکی ئێران لە سەرتاسەری جیهان بە بایەخەوە لەم پرسە دەڕوانن و پرسی فەلەستین وەک پرسێکی مرۆیی و سیاسی بە جیهان دەگەیەنن.
سەلمێنراوە کە تاکە پارێزەر و پاڵپشتی پرسی فەڵەستینی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە لە گەڵ بونی ٢٢ دەوڵەتی عەرەبی، گەلانی فەڵەستینی ئێران بە پاڵپشت و بەرگری کاری خۆیان دەزانن. تەنانەت هەندێک لەو وڵاتانە
ئامادەن سازش لە پرسی فەلەستین بکەن تەنها لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیان. بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران وەک پارێزەر و پشتگیری کاری سەرجەم گەلانی موسڵمانی جیهان توانیویەتی پێگەی فەڵەستین و قودس
وەک بنەمایەکی سەرەکی لە بەرچاو بگرێت و کێشەی گەلانی موسڵمانی جیهان و بە تایبەتی گەلانی فەلەستین بە کێشەی خۆی بزانێت و بۆ چارسەری ئەو کیشانەش هەموو هەوڵێکی خۆی داوە و دژایەتی داگیرکاری زایۆنی لە پێشینە و ستراتیجی کارەکانی خۆی داناوە.
بە هیوای ئەو رۆژەی کە خۆری ئازادی لە سەرجەم خاکە داگیرکراوەکەی فەڵەستین هەڵبێت و قودسی داگیرکراو بگەڕێتەوە باوەشی خاکی فەلەستین و یاد و رۆژی قودس لەو خاکە پاکە بکرێتەوە.