وتار

فەلسەفەی پەرستش

نووسینی: عەبدوڵڵا ئەلقەیسی
وەرگێڕانی: ڕێدار ئەحمەد

فەلسەفەی دین لەسەر بنەمای باوەڕبوون بە سێ دوانەیی دامەزراوە کە هاوسەنگی بۆ مرۆڤ دەهێنێت لەم بوونەدا، ئەوانیش باوەڕبوون بە ڕەه (المطلق) لە بەرامبەر بە ڕێژەیی (النسبي) و، باوەڕبوون بە ژیانی قیامەتە لە بەرامبەر ژیانی دونیا و، باوەڕبوون بە ڕەهەندی ڕۆحیی مرۆڤە لە بەرانبەر ڕەهەندی ماددییدا.
ڕەها بریتییە لەوەی بوونی لەسەر خودی خۆی ڕاوەستاوە نەك لەسەر جگە لە خۆی، ئەو تەواومەندە و کات و زەمان تێدەپەڕێنێت، بەڵام ڕێژەیی لەسەر خۆی نەوەستاوە، بەڵکو پێویستی بە ئەوانی تر هەیە و بوونیشی پەیوەستە بەوانی ترەوە و، سنووردار و ناتەواوەو، بە کات و شوێنەوە بەستراوە و بە گۆڕانی ئەوان ئەمیش دەگۆڕێت.
ڕەهایی بریتییە لە بوونێکی بێکۆتایی و تەواوخوازی ڕەها و ئەویش زاتی خودایە کە هەموو شتێکی دروست كردووە و، جگە لە زاتی الله ئەوانیتر هەموو ڕێژەیی ناتەواون، لە سەرووی ئەم بوونەوەرانەوە مرۆڤ هەیە و دەتوانین تەنیا بە باوەڕبوون بە بوونێکی تەواو ڕەها لە ڕێژەیی تێبگەین و ئەو بەڵگەش کە فەیلەسووفەکان لەسەر بوونی خودا ئاماژەیان پێکردوە بە بەڵگەی گەردوونی و بەڵگەی بوونیشەوە جیاوازیان هەیە، ڕێبەری سیستەمەکان، یاخود چاودێری یان مەبەست، ڕێبەری ئەخلاقی، و بەڵگە وردەکانی ترە.
دووانەی دووەم بریتییە لە باوەڕبوون بە ژیانی ڕۆژی دوایی لە بەرامبەر بە ژیانی دونیا، چونكە ژیان تەنیا ئەم ژیانە نییە کە تێیدا دەژین، بەڵکو ژیانێکی تر هەیە کە هاوسەنگی لەگەڵ ژیانی دونیاندا دروست دەكات، وەک دەیبینرێت هەستێکی فیتری بۆ عەدالەت لای مرۆڤ هەیە و دادپەروەریش وا دەخوازێت چاكەكار پاداشت وەربگرێت و خراپەكاریش سزا بدرێت.
چونکە ئێمە لە ژیانی دونیادا دەبینین چاكەكار هەیە و پاداشتی وەرناگرێت، خراپەكاریش هەیە سزای خراپەكاریەكانی وەرناگرێت، بۆیە دەبێت ژیانێکی تر هەبێت کە درێژكراوەی ئەم ژیانە بێت و دادپەروەری تێدا بێتە دی.
دووانەی سێیەم بریتییە لە باوەڕبوون بە ڕەهەندی ڕۆحیی مرۆڤ لە بەرانبەر ڕەهەندی ماددیی، لێرەدا ئایین هەوڵدەدات هاوسەنگی ژیانی مرۆڤ لە نێوان ئەم دووانەدا بەدی بێنێت، ناخ و دەرەوە، ڕۆح و جەستە. ڕێنماییەکانی وەڵامدەرەوەی هەردوو پێداویستی ڕۆحی مرۆڤ و مادییە پێكەوە، وەلانانی یەکێک لەو دووانە هاوسەنگی بۆ مرۆڤ لە ژیاندا ناهێنێتە دی و ناشگونجێت لەگەڵ گەردووندا.
هەر ناهاوسەنگییەک لەم سێ دووانەییەدا وا دەكات مرۆڤ کەمتر لەگەڵ گەردووندا بگونجێت و بەهۆی ئەمەشەوە لە ژیاندا کەمتر دڵخۆش دەبێت، بەتەواوەتی یەكلابوونەوە لەگەڵ ڕەها بەتەواوەتی، یەكلابوونەوە لەگەڵ قیامەت وا دەكات دڵنیایی و هەستی دادپەروەری لە دەست بدات، بەتەواوەتی یەكلابوونەوە لەگەڵ ڕۆح و ڕەوشت وا دەكات مانای ژیان لە دەست بدات.
فەلسەفەی پەرستش لە ئیسلامدا وەک یەکێک لە سێ بەشەکەی دێت کە بریتین لە بیروباوەڕ (عقیدە) و دروشمەكان (شعائر) و شەریعەت، پەرستشەکان بریتین لە چوار ڕێوڕەسمی (دروشم) ئەوانیش نوێژ و زەکات و ڕۆژوو و حەجن، بە شعائر ناودەبرێن چونکە وەک شیعارێك وایە کە ئەم ئایینە لەوانیتر جیا دەكاتەوە.
چونكە بیروباوەڕەکان لە ناخ (باطن)دان نابینرێن، ئەو ڕەوشت و مامەڵە باشەی لە شەریعەتدا هەیە ڕەنگە لە هەموو ئایینەکاندا هەبێت، تەنیا شەعائیرەکان دەتوانێت ئەم ئایینە لە ئایینەكانی تر جیابکاتەوە.
لەكاتێكدا بیروباوەڕەکان بریتیی بێت لە تێگەیشتنی جیهانی غەیب و، شەریعەتیش بریتی بێت لە ڕێکخستنی جیهانی دونیا، ئەوا پەرستش فاكتەری پەیوەستكردنی نێوان جیهانی غەیبی و ژیانی دونیایە، بەمەش مرۆڤ هاوسەنگی لەگەڵ هەموو گەردووندا بەدی دەهێنێت، ئەوەی لێی تێدەگات و ئەوەی لێی تێناگات، ئەوەی تێیدایە لە یاسای بەڕێوەبردنی ژیانی دونیا و، ئەوەی تێیدایە لە یاساکان لە جیهانی نادیاردا کاریگەری لەسەر ژیانی دونیای هەیە، بەهەمان شێوەی کاریگەری دانی پێچكە (الترس) لە سەر دانی پێچەكەی دوای خۆی، بۆیە مرۆڤ تەنیا ئەنجامی كۆتا دانی پێچكە دەبینێت کە لە ژیانیی خۆی تووشی دەبێت.
لە كاتێكدا نوێژ گەورەترین دەستکەوتی ئەم پەیوەندییە بێت بە جیهانی غەیبیەوە و، پاڕانەوەش پێكهێنەری سەرەكی نوێژ بێت، ئەم پەیوەندییە وەك پەنابردن بۆ ئەو زاتە وایە كە گەردوون بەڕێوە دەبات، بۆ ئەوەی كۆمەكی بۆ بەڕێوەبردنی ژیانمان لێ وەربگرین.
یەکێک لە گرنگترین مەبەستەکانی نوێژ ئەوەیە کە یادی خودا دەكرێت، بە سادەیی واتە کاتێک بێئاگاییمان درێژە ئەكێشێت بە ئاگا بێینەوە و یادی خوا بکەین، بۆیە لە نوێژدا بیرت دێتەوە کە خودا هەیە، خودایەک هەیە چاودێریت دەکات و لێپرسینەوەت لەگەڵ دەکات، کردەوە خراپەكانت لەسەر سوك دەكات و کردەوە چاکەکانت بۆ زیاد دەکات، ئەمەش دووەم مەبەستە لە مەبەستەكانی نوێژ، پاککردنەوەی دەروون و پاكخوویکردنی و كاراكردنی ڕەحمەت تێیدا هەرکاتێک ژیان دڵڕەقی كرد، بەمەش کردەوەکانی مرۆڤ دەبێتە ڕەحمێک بۆ هەموو ئەوانەی دەوروبەری و ئەمەش میوەی ڕەوشتیی نوێژە، خۆ ئەگەر نوێژ ئەم بەروبومەی نەبوو ئەوا وەك دارێكی زڕ وایە.
زەکاتیش بریتییە لە پەیوەندی لەگەڵ خەڵك (خلق)دا، ئەمیش جیاوازە لە نوێژ کە پەیوەندییە بە خالقەوە، پێناسەی سادەی زەکات بریتییە لە بەخشینی بەشێكی دیاریكراو لە هەموو ئەو شتانەی کە خودا پێی بەخشیووین بێبەرانبەر، لەبەخشینی بێبەرانبەریشدا خۆ بەدیهاتن و هەستکردن بە مانای ژیان دێتە ئارا، ڕاست نییە زەکات تەنیا لە خەرجکردنی داراییدا سنووردار بکرێت، چونکە لە ئەنجامی ئەمەدا ژمارەیەکی زۆر لەوان بێبەش دەکەین، ئەوانیش هەژارەکانن کە پارەیان نییە، بەڵام خوای گەورە دیاری و فەزڵەکانی بەسەر هەموو مرۆڤێکدا دابەشکردووە، هەركەسی لە نازو نیعمەتێك بێبەش کردبێت، ئەوا نازو نیعمەتێكی تری پێبەخشیووە، ئەمەیان پارەیە، ئەویتر زانستە، یەكێكی تر تەندروستییە، ئەوەی دیكە کارامەییە، لێرەوە فراوانی چەمکی زەکاتمان بۆ دەردەكەوێت کە بە جۆرێكە تەنانەت ڕووخۆشیت بەرانبەر براکەت دەكاتە صەدەقە.
زەکات لە هەموو شوێنەکانی خۆی لە قورئاندا – جگە لە دوو شوێن- پەیوەست بووە لەگەڵ نوێژکردن، چونکە پەرستشێكی ڕۆژانەیە، نەک ساڵانە، پەرستش، هەر وەک چۆن پەیوەندی لەگەڵ خودا ڕۆژانەیە، هەروەها پەیوەندیکردن لەگەڵ دروستكراوانی خواشدا و بەخشینی بێبەرانبەر پێیان ڕۆژانەیە، زەکاتدان لە مرۆڤدا بڕوابوون بە خودا گەشە پێدەکات، چونکە ئەوە دەدات و هەست دەکات کە خودایەک هەیە لەو کردارەی ڕازی بێت و پاداشتی بداتەوە لەسەری، لێرەدا تێبینی دەكەین ئامانجی زەکاتدان بریتییە لە نوێژ، مەبەستی نوێژیش بریتییە لە زەکاتدان.
دروشمی سێیەم بریتییە لە ڕۆژوو، ئەمیش پەرستشێکی ساڵانەیە، لە ناوەڕاستی نێوان دروشمی ڕۆژانەی نوێژ و زەکاتدا دێت، هەروەها لە نێوان ڕێوڕەسمی تەمەندا دێت کە حەجە، وەک ئەوەی پێویستمان بە هەمەچەشنی ئەو دروشمانە هەبێت کە دەروونمان پاک دەکەنەوە و لە وێستگەی ڕۆژانە و ساڵانە و تەمەنماندا تەزكیەمان دەكەن.
ڕۆژوو وەک ئەوەی لە ئایەتەكاندا باسکراوە مەبەستی تەقوایە، تەقواش بریتییە لە گێرەرەوەی مرۆڤ لە هەڵەکردن، بەتایبەتی ئەوا هەڵانەی کە لە كپكردنی غەریزەكانمانەوە بۆمان دێن، غەریزەش بەسەرماندا زاڵ دەبێت و عادەتەكانیش سەركوتمان دەکات، بۆیە پێویستە بەپێی توانا لەوە دەرباز ببین، بۆیە لێرەوە ئەم پەرستشە هاتووە بۆ ئەوەی ئەوەی ئەو غەریزەیەی حەزی لێیەتی لە خواردن و خواردنەوە و سێكس لە كاتێكی دیاریكراودا ڕێگریمان لێ بكات، لە ماوەی مانگێکی تەواودا، لەم مانگەدا مرۆڤ کۆنترۆڵی خووەکانی دەکات و بە سەریاندا زاڵ دەبێت، لەبەر ئەوە ویستی زیاتر ئازادترە، برسییەتی و خواردن لەبەردەمیدایە و سەرەڕای هەموو پاڵنەرەكان بەڵام خواردنەكە ناخوات، ئەمەش یەکێکە لە جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان ئەو لەگەڵ ئاژەڵدا، ئاژەڵ ئەگەر برسی ببێت و نێچیرەکەی لەبەردەمیدا بێت ئەوا دەیخوات، چونکە خاوەنی ئیرادە نییە، لەکاتێکدا مرۆڤ ئەو ئیرادەیەی هەیە کە ماوە ماوە پێویستی بە دەربازكردن هەیە بۆ ئەوەی لەدەست دەرنەچێت.
حەجیش پەرستشی تەمەنە و تێیدا مرۆڤ گوناهەکانی خۆی دەشواتەوە و لەو گوناهانە خۆی پاک دەکاتەوە كە تێیاندا كەمتەرخەم بووە بەرانبەر خوای گەورە، پاش ئەنجامدانی دروشمی حەج بەژیانێكی نوێوە دەگەڕێتەوە و هەست بە ئومێدێکی نوێ دەكات، لە ڕاستیدا حەج دەرگایەکی گەورەی تۆبەكردنە، ئەو ڕۆژەی لە عەرەفات دەوەستێت بۆ نوێژ و یادکردنەوە و بیرکردنەوە و، مكوڕبوون لەسەر دەستپێكردنی ژیانێکی نوێ و نە گەڕانەوە بۆ هەموو تاریکیەکان و، لێخۆشبوون لەوانەی کە ئازاریان داوە، بۆ ئەوەی سەرلەنوێ دەست بكاتەوە بە چەسپاندنی بەهاکانی حەقیقەت و چاکە و جوانی لەم بوونەدا.
دروشمی حەج وەک دروشمەکانی دیکەی پێشوو هەمان ئامانجی ئەخلاقی هەیە کە بەرهەمەكەی لە مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵکدا ڕەنگدەداتەوە، هەروەها گەورەترین تێشوو و چاکەیە کە باشترین تووێشووش تەقوایە.
حاڵەتی سوڕانەوە بە دەوری کەعبەدا بە ئاڕاستەی پێچەوانەی كاتژمێر، واتە بە هەمان ئاڕاستەی سوڕانەوەی زەوی بەدەوری خۆیدا و، خولانەوەی بەدەوری خۆردا، خولانەوەی مانگ بەدەوری زەویدا، سوڕانەوەی هەسارەکان لەناو كۆمەڵەی خۆردا و، ڕەنگە كۆمەڵەکەیان لە ناو مەجەڕەدا، سوڕانەوەی ڕاکێشانی نێوان هەموو ئەو هەسارە و مانگانەمان بە یاد بهێنێتەوە، جا ئایا بەدەوری ئەو چەقەدا دەسوڕێینەوە كە خوای گەورە بۆی هەڵبژاردووین تا هێزی ڕاكێشانمان بەرەو ڕووی زیاتر ببێت!! من وا گومان دەكەم.
بەڕاستی ئێمە بەدەوری بەردێكی دیاریکراو ناسوڕێینەوە، لەوانەیە ئەو بەردانە لاببرێن، بەڵكو ئێمە بەدەوری شوێنێكدا دەسوڕێینەوە کەناتوانرێت بسڕدرێتەوە. پەرستشەكانی کات و شوێنەكان ناتوانرێت بسڕدێتەوە، لەبەر ئەوەی ئێمە لەنێوان دیوارەکانی کات و شوێندا ڕێژەیی (نسبي)ن خۆ ئەگەر بە تەواوەتی تێمان پەڕاندن ئەوا دەگۆڕێین بۆ ڕەها، دوای ئەوە سمبولیزمی خوداوەندی ڕەها سمبولی كات و شوێنە و بە تەواوی لە نهێنی هەڵبژاردنی ئەو دووانە ناگەین، بەڵام ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە ئەوانەی لە پشت ئەو ڕەمزانەوەیە لەلایەن خوداوەیە كە هیچ شتێك هاوشێوەی نییە و بیسەرو بینەرە.

ڕێدار ئەحمەد

ڕێدار ڕەئوف ئەحمەد لەدایکبووی 1974 هەڵەبجە، بەکالۆریۆس لەیاسا 2012، ماستەر لەیاسای ئیسلامی 2017، خاوەنی بیست و سێ کتێبی چاپکراوە لەبواری وەرگێڕاندا.

ڕێدار ئەحمەد

ڕێدار ڕەئوف ئەحمەد لەدایکبووی 1974 هەڵەبجە، بەکالۆریۆس لەیاسا 2012، ماستەر لەیاسای ئیسلامی 2017، خاوەنی بیست و سێ کتێبی چاپکراوە لەبواری وەرگێڕاندا.

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply