توێژینەوە

چەند شارێکی‌ كوردی له‌ دیدی گه‌ڕیده‌ ئه‌ورووپییه‌كاندا

میرێلا گالێتی

و. ڕەوەند سەباح ئەحمەد

له‌ شرۆڤه‌ی هه‌ندێك له‌و ڕاپۆرته‌ كۆنانه‌ی ئه‌وڕووپییه‌كان، خوێنه‌ر ده‌گاته‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی زانیاری له‌سه‌ر شاره‌ كوردییه‌كان چه‌نده‌ ده‌گمه‌نە.  جوانی دیمه‌نی ناوچه‌ شاخاوییه‌كان، ئاشنابوون به‌ ژیانی خێڵه‌ ڕه‌وه‌ندییه‌كان، چه‌ته‌یی و گڕوتینی ئافره‌تی كورد، سه‌رنجی گه‌شتیار و گه‌ریده‌كان بۆخۆی ڕاده‌كێشێ.

مێژووی گه‌شتكردن گه‌نجینه‌یێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌، زۆرجار سه‌رچاوه‌كان ده‌ستكه‌وتنیان گرانه‌ و ئه‌سته‌مه‌، بۆیه‌ پێشینه‌ی كاره‌كان دراوه‌ته‌ به‌ر ئه‌و به‌شانه‌ی سه‌رنجڕاكێش و به‌رچاون، لێكۆڵینه‌وه‌ی شارستانی ناوچه‌ی كوردییه‌كان پێویستی به‌ نه‌خشه‌ و شێواز و ئاڕاسته‌یه‌كی نوێ هه‌یه‌. ئه‌م توێژینه‌وه‌‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ مێژووی گه‌شتكردنی ئه‌ورووپییه‌كان. له‌گه‌ڵ ئه‌و بیبلۆگرافیا به‌ نرخه‌، كورته‌یه‌ك له‌ ئاڕاستەی گەشتە‌كان لە كوردستان ده‌خاته‌ ڕوو. ئه‌مه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی گشتگیری ئه‌و مێژووه‌ به‌هاداره‌ نییه‌، نوسین و سه‌رچاوه‌ ڕۆژاواییه‌كان لێره‌دا ته‌نیا وه‌كو سه‌رچاوه‌ به‌كارهاتوون، له‌كاتێكدا ڕه‌چاوكردنی لایه‌نی ژیانی شاری پێویستی به‌ خوێندنه‌وه‌یێكی وردتر هه‌یه‌ به‌ به‌كارهێنانی سه‌رچاوه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی، به‌ڵام ئه‌م تێڕوانینه‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری ئه‌م كاره‌.

حه‌تمه‌ن پێویستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سیسته‌ماتیكی ئه‌رشیفخانه‌ جۆراوجۆره‌كانی وڵاتان هه‌یه‌، له‌ پێوه‌ندیدیپلۆماسی حكومه‌تی ئیمپراتۆری عوسمانی و فارس و ئه‌رشیفخانه‌ی ته‌ریقه‌ته‌ ئاینیيه‌كان و مژده‌به‌ره‌كانی كوردستان (مژده‌به‌ر كاسۆلیكه‌كان به‌ زۆری له‌ موسڵ كارییان كردووه‌ له‌گه‌ڵ دیاربه‌كر و وان و شوێنه‌كانی تر).

ئەم لێکۆڵینەوە تیشک دەخاتە سەر نوسین و سەرچاوەکانی سەدەی ١٣و ١٩ و جیاوازی نێوان سەدەکانی ڕابردوو و دواتر دەخاتە ڕوو، تا ئەو کاتانەی بە جەنگی یەکەمی جیهانی کۆتایی دێت. سەدەی ١٩ خاسییەتی تایبەتی هەمەچەشنی و هاندانی گەشتیاران سەبارەت بە گەشت و بڵاوکراوەکان‌ دەخاتە ڕوو.

لەبەرئەوە پێویستی بە دیراسەیەکی وردی تایپۆلۆجی گەشتیاران و وەڵامدانەوەی هەندێک پرسیار هەیە. پێویستە بزانین، گەڕیدەکان کێن؟ ئاڕاستەی کوێ کراون؟ چالاکیيەکانیان چین؟ ئایا هیچ جۆرە پێوەندییەکی هاوبەش هەیە؟ چ شتێکی هاوبەش بە درێژایی ئەو چەند سەد ساڵە هەبووە؟ کامانەن ئەو شارانەی زۆرترین سەردانیان کراوە؟ چۆن باسکراون؟

سەرچاوە ئەورووپییەکان (بەگشتی ئینگلیزی و فەڕەنسی و ئیتاڵی و ئەڵمانی) لەلایەن گەڕیدە و دیپلۆماس و موژدەدەر و بازرگانەکانەوە نوسراون. زۆربەیان تێبینی و یاداشتی کەمیان لەسەر کورد و کوردستان نوسیوە، چونکە ئاشنایەتیان لەسەر ئەو ناوچانە سنورداربووە.

جیاوازییەکی بەرچاو لەنێو ئەو ڕاپۆرتە سادانەی گەڕیدە کۆنەکاندا هەیە، کە شارە کوردییەکانیان وەک هەر چەند شارێکی تر کە پێیدا تێپەڕیون بینیوە، تەنیا لە ڕوانگەی فۆلکلۆرییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئەو شارانەدا کردووە،مێژووی ئەدەبیاتی کوردیش، لە کۆتایی سەدەی ١٨ و ١٩ نوسراوەتەوە، کە بایەخێکی زانستی و کەلتووری ورد نیشان دەدات.

ڕاپۆرتی بەرپرسە دیپلۆماس و سیاسەتمەدارەکان زانیاری گرنگ لەسەر ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی دەردەخات، بەڵام لەبەرئەوەی بایەخدارن بە نهێنی ماونەتەوە، هەروەها لەناوخۆدا لە باڵیۆزخانە ئەورووپاییەکاندا پەرت و بڵاون. چەندین دەستنووسی ڕاپۆرتی دیپلۆماسە ڤینیسییەکان لە زۆرێک لە کتێبخانەکانی ئیتاڵیا و ئەورووپادا پارێزراون، ئەگەرچی هیچیان بڵاونەکراونەتەوە بەر لە سەدەی نۆزدە.

دەکرێ دیپلۆماسەکان سیخوڕیشبن، بۆیە ئەوان هۆکارەکانی زاڵبوونی سەربازی عوسمانییەکان شرۆڤە دەکەن، وەسفی هەرێمەکە دەکەن هەر لە قەڵاکانەوە بگرە تا دەگاتە خاڵە ستراتیژییەکان. ئەگەرچی تورکەکان بە داگیرکاری خاک و کەلتووری مەسیحییەکان دادەنێن و ڕۆژئاواییەکانیش داوای گەڕانەوەی وەراسەت و خاوەندارێتی دەکەن. لەبەر ئەو هۆکارە، عادەتەن باسەکان دوو بەش لە خۆدەگرن: ئەو ناو و یادگارییانەی پەیوەنديیان بە کەلتووره‌وه‌ هەیە، ئەو شوێنانەی کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان. هەربۆیە باس و خواسی ناوچەکە یەکناگرێتەوە لەگەڵ بارودۆخی ئەو گەشتیارەی هەوڵدەدا لە شرۆڤەکانیدا هاوسەنگی لە نێوان قەڵا و وتەی نوسەرە یۆنانی و لاتینییەکان سەبارەت بە ناو و شوێنەوارە کۆنەکان و شوێنی پیرۆزی مەسیحییەکان بپارێزی کە ڕێگای حەجکردن نیشان دەدات.

تایپۆلۆجی گەڕیدەکان

بنیامین تودلای (Benjamin of tudela) گەڕیدەی مەزن لە نیوەی دووەمی سەدەی بیست سەردانی پەناگەی جولەکەکانی کوردستان دەکات. بنیامین(Benjamin) بە یەکەم گەڕیدەدادەنرێت کە باسی ژیانی ئەو خەڵکە چیایی و شاخاوییانە بکات، لە ڕاپۆرتەکەیدا “بە تێکۆشەر و جەنگاوەری سەربەخۆ وەسفیان دەکات، دەڵێت سەر بە هیچ پاشایەک یان کاهینێکی نا جوو نین، تەنیا بە تاکە کاهینێکی جولەکەوە نەبێت.”

چونکە موسڵ ناوەندێکی گرنگی بازرگانی و شوێنی تێپەڕینی نێوان بەغدا و حەلەب بوو، ئەو شارە و ناوچەکەی دەوروبەری لای گەشتیار و گەڕیدەکان ناسراو بوو. لە سەدەی ١٣ مارکۆ پۆلۆ ( Marco Polo) دەڵێت:” لە نزیک ئەو شارە، کە مەبەستلێی شاری (موسڵ)ە، شاری موش و ماردین هەن، کە بە ڕێژەیەکی باش لۆکە بەرهەم دەهێنن، پیشەسازی بەرهەمهێنانی (موسڵی) پاتاڵی ئاوریشمی و لۆکەی موسڵییەی لێیە.”

لەبەرئەوەی ڕێژەیەکی بەرچاو کۆمەڵگای مەسیحییەکانی (ئەرمەنی و نەستۆری و یاقوبی و ئەوانی تری) لێ بوو،بۆئەوەی بیانگەڕێننەوە سەر مەزهەبی کاسۆلیکی، هەندێک لەو موژدەدەرانە زۆرجار سەردانی (موسڵ)یان دەکرد. هەر لەبەر ئەو هۆیە، لە ناوەڕاستی سەدەی ١٨ نێردەی موژدەدەری دۆمینیکان لە کوردستان دامەزرا، بەشدارییەکی کارای لە ناسینی کوردستان و خەڵکەکەی هەبوو، چونکە ئەو موژدەدەرانەی لەوێ نیشتەجێ ببوون، لە ڕێگەی پەیوەندی ڕۆژانە لەگەڵ خەڵکی، ئاشنایەتیان لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە پەیدا کرد، لە ئەنجام چەندین کاری پڕ بایەخ و گرنگیان نوسی.

دۆمۆنیکۆ لانزا(Domenico Lanza) و مۆریزیۆ گارزۆنی(Maurizio Garzoni) و جیوسیپی کامپانیلی (Giuseppe Campanile) بە تێروتەسەلی وەسفی زمان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتيی و سیاسيی و ئابووری کۆمەڵگای کوردیان کردووە، هەرچەندە ڕاپۆتەکانیان كاريگه‌رى دیدگا و سۆنگەی ئەورووپیی و عەقیدەی کاسۆلیکی لەسەر بووە، بۆیە گەڕیدەکان دابەش دەکەینە سەر دوو جۆر: پێدەچێت پێشنیەی ئایینی بە نسبەت کوردەوە زۆر گرنگتر بێت بەراورد بە بنەچە و ڕەچەڵەکی نەتەوایەتی.

دوولایی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، مەسەلەی باوەڕێکی پتە و قایم بووە لەنێو ئەورووپییە ڕۆژئاواییەکان. ژمارەیەکی کەم لە ئەورووپييەکان واقعی کوردیان بە واقعی ڕەسەنی خۆیان بەراورد کردووە. پیترۆ دێلا ڤالی (Pietro Della Valle)سەرنج دەخاتە سەر پێکهاتەی سیاسی کوردستان و،بارودۆخی کوردستان لەگەڵ ئیتالیا بەراورد دەکات:” کوردەکان گوێڕایەڵی چەند میرێکن، زۆربەیان لەسەر بنەمای فەرمانڕەوای میراتگرین، بەپێی هەلومەرجی کاتی و شوێنی دان بە هەیمەنەت و دەسەڵاتداری فارس و تورکەکاندا دەنێن، لەگەڵ ئەوەشدا بەناوبانگترینەکانیان ئازادن، هەمووشیان کەم تا زۆر بای ئەوەندە بەهێزن، لەوانەیە لەنێویاندا هەبێت ١٠ تا ١٢ هه‌زار ئەسپی هەبێت، وەکو میری بەتلیس کە لە قوستەنتینییە بینیم. بەهێزترینەکانیان بەکرێگیرا و شوێنکەوتەکان نین، ئەوان لەژێر پارێزبەندی يەکێک لە دوو پاشایەکەن و جارجارەش ئاڵاکان ئاڵوگۆڕ دەکەن، ئەگەر لە بەرژەوەندی ئەواندا بێت،وەکو ئەوەی هەندێک لە ئاغا و خانەدانەکانی ئیتاڵیا دەیکەن.”

کاپتن جەیمس کرێگ(Captain James Creagh) ئاماژە بەوە دەدات:” بارودۆخی کوردستان هاوشێوەی بەرزاییەکانی سکۆتلەندایە پێش چەند سەد ساڵێک. هیچ بیرۆکەیەک بۆ یاسا و ڕێکخستنی گشتی لە گۆڕێ نییە، چونکە هەتا قەڵایەکی بچکۆلانەش موڵکی پاشايه‌کە، هەرکاتێك حەزی لێبێ،ناوبەناو دێتە دەرەوە و پیاسەیەکی ئەو ناوە دەکات. لەڕووی ڕێکخستنەوە، بەتەواوی لە هەموو بەشەکانی تری ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی جیاوازە، جگە لە بۆسنیا، کە لە دەرەنجامەکانی سیستەمی دەرەبەگایەتی و  لەڕووی میرنشینە بچوکەکانیيەوە، لە زۆر ڕووەوە بە کوردستان دەچێت.”

کلۆدیۆس جەیمس ڕیچ (Claudius James Rich)پەردە لەسەر چەند زانیاریيه‌کی تاڵ و ڕوون سەبارەت بە کورد ڕادەماڵێت: ” ئیرەیی میرەکانمان هۆکاری ڕووخاندنیانە، نە تورک و نە فارسەکان قەت دەرهەقی ئێمە نایەن، بەڵام سوود لە جیاوازيی و ناکۆکییەکان و ململلانێی خانەوادەی فەرمانڕەواکان دەبینن، ئەگەرچی ئێمە لەوە بەئاگایین، بەڵام تاڕادەیەک تورکەکان بەسەرمان زاڵدەبن و سەردەکەون، بێگومان ئێمەی کورد تێگەیشتنمان زەحمەتە.”

لە نیوەی دووەمی سەدەی ١٨ چاپ و بڵاوکردنەوەکانی سەر کورد، کەسایەتيیەکان و جۆری گەڕیدەکەشی گۆڕی. لەوكاته‌وه‌ گەشتی زانستی لەلایەن حکومەتەکانەوە پشتگیری لێ دەکرا. ئەوسا پاشای دانیمارک نایت کاریستین نیبوهری(Knight Carsten Niebuhr) ناردە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاکو چەند لێکۆڵینەوەیەکی گەردونزانی بکات، ساڵی ١٧٦٦ چاوی بە دوو دۆمینیکا دەکەوێت. هەر لەو سەدەیەدا،ڕۆژهەڵاتناسی سویدی بەناوی جاکوب جۆناس بیورنشتاڵ(Jacob Jonas Bjornstahl) گەشتێکی دورودرێژ دەکات و تا دەگاتە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی.

لە سەدەی ١٩ جۆرێکی نوێ  لەو گەشتیار و گەڕیدانەسەردانی ناوچەکەیان دەکرد، ئەوانیش بریتی بوون لە گەڕیدەی سەربازيی و شوێنەوارناسی و ئەنگلۆساکسۆنی و موژدەدەرە پرۆتستانتە ئەمەریکییەکان و ئافرەتەکان. زۆربەیان جاسوس و بریکار و دارودەستە و چالاکوانی سیاسەتی نیشتیمانی وڵاتە زلهێزەکانی ئەوروپا بوون. ئەو گەڕیدانە لەلایەن حکومەتەکانیان بۆ کوردستان نێردرا بوون، بەمەبەستی دۆزینەوە و دەسکەوتنی زانیاری جوگرافيی و ستراتیژيی و هۆکاری مرۆڤناسی کۆمەڵایەتی و چاودێریکردنی زانستییانەی سەرچاوە کانزاییەکانی و شتگەلی تر.

لەنێو ئەفسەرە سەربازەکاندا، ئەمانەی خوارەوە شایەنی باسکردنن: ڕائید فڕانسیس ڕۆودۆن چیزنی(Lieutenant-Colonel Francis Rawdon Chesney)، کاپتن جەیمس کرێگ (Captain James Creagh)، مەیجەر فریدریک میلینگن (Major Frederick Millingen)، مولازم ویلیەم هیودە(Lieutenant William Heude)، مولازم فریدریک واڵپۆڵ(Lieutenant Frederick Walpole)، کۆڵۆنێڵ گاسپارد درۆڤیل(Colonel Gaspard Drouville)، ژەنەڕاڵی پروسی (ئەڵمانی) هێلموس ڤۆن مۆڵتکە(Helmuth von Moltke) و کاپتنی ئیتاڵی ئەلیساندرۆ دو بیانچی(Alessandro De Bianchi). لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیست، لەگەڵ دەرکەوتنی چەند کەسایەتیيه‌ک، لەوانە ژەنەڕاڵە فەڕەنسییەکانی سوریا و لوبنان، وەکو پیر ڕۆندۆت و چارلس دوگۆل(Pierre Rondot and Charles de Gaulle)،هەروەها ئەفسەرانی بەریتانی لە عێڕاق وەکو سێسیل ئێدمۆندز و مەیجەر سۆن(Edmonds، Major E. B. Soane)وجودی دەسەڵاتی سەربازی پەرەدەسێنی.

شایەنی باسە ئۆستن هێنری لایارد(Austen Henry Layard) و هۆرموزد ڕەسام(Hormuzd Rassam) لەنێو گەڕیدە شوێنەوارناسەکان بوون. جۆن ئوشەر(John Ussher)و هەندێک لە گەڕیدەی تر ئاماژە بە هەبوونی موژدەدەری ئەمەریکی لە بەتلیس و دیاربەکر دەدەن. بەگوێرەی تیۆفایل دێیرۆلی(Théophile Deyrolle) تەنیا لەنێو ئەرمەنییە گریگۆرییەکان خەڵکیان لە دین هەڵدەگەڕاندنەوە” بەزۆری ئەوانە خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت بوون، بۆ جلوبەرگ و کەمێک پارە وازیان لە بیروباوەڕیان دەهێنا، هەرکاتێکیش پارەکەیان نەمابا، یاخود جلوبەرگەکانیان کۆن ببان و دڕابان،دەگەڕانەوە سەر بیروباوەڕی کۆنیان.

ئیدا فیفەر(Ida Pfeiffer)، یەکێک بوو لەو ئافرەتە نەمسايیانەی پێویستە ناوی بهێنرێت، لە سەروبەندی گەشتەکەیدا لە دەوری جیهان ساڵی ١٨٤٨ سەردانی موسڵ و ڕه‌واندزی کرد. شازادە خاتونی ئیتاڵی کریستینا تریڤۆلزیۆ دی بێلجیۆیۆسۆ(Cristina Trivulzio di Belgioioso)، کاتێک  لە دەوروبەری ساڵی ١٨٥٥ بۆ چەند ساڵێک لە ئاسیای بچووک ژیان دەباتە سەر، چاوی بە کوردەکان دەکەوێت،لەوبارەشەوه‌ دوو کتێب لەسەر بیرەوەرییەکانی دەنوسێت. لە کۆتاکانی سەدەی نۆزدە مادام چانتری و لوسی کارنیت و ئیزابێلا بێرد لەبارەی کوردستانیان نوسیوە.

ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدە بە سەردەمی زێڕینی گەڕان و دۆزینەوەکانی ئەو بەشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت. زانیاری بەرفراوانتر لەسەر شێوازی ڕێکخستنی ناوچەکە لە ڕووبار و هێڵی پەیوەندی لەنێو شارەکان و لایەنی جەستەیی و مادديی و جوگرافیا و سەرچاوەکان و خاک نەوعییەتی کشتوکاڵ و کۆمەڵگا و ژمارە و قەبارەی پاشماوە کۆنەکان و ژینگە و شوێنی نیشتەجێ و شوێنەوار و ئاسایشی سەربازيی و قەبارەی خانووەکان و دیوەخانی ڕێبواران و سیستەمی باج و سەرانە و کۆمەڵگا ئایینیەکان کۆدەکرانەوە.

پياوه‌ ئايينيه‌كان باسی موڵک و ماڵ و دانیشتوانی ئایینی،دابەشبوونی پەرستگا دینییەکان و، وجودی میحراب و گۆڕی قەشە و شێخەکان دەکەن. کەم لەسەر ئەندازیاری تەلارسازی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و چالاکی هاوشێوە نوسراوە. شارەکانی کوردستان وەکو شارەکانی باکووری ئەفەریقا و ڕۆژئاوای ئاسیا بەپێی جیاوازی هەڵکەوتەی نەتەوەیی و بیروباوەڕ و ئایین و زمان و عەشیرەت دابەش دەبنە سەر چەند بەشێکی جیاواز. بەگوێرەی چەند دەلیلێک، شێوەی ئەو شارە جۆراوجۆرانە هیچ پێکهاتەیەکی ئیسلامی لە خۆناگرن، بەڵام بەلایەنی کەمی بۆ هەزارەی یەکەمی پێش زاینیی دەگەڕێنەوە،لەو سەردەمەی شارە دێرینەکانی ڕۆژهەڵات دابەش دەبوونە سەر چەند بەشێک، لەسەر ئەساسی ڕەچەڵەک و خزمایەتی و بنەماڵە، ڕەنگدانەوەی بنەما دێرینەکانی سامییەکانی لە ڕێکخستندا هەبوو.

گەڕیدەکان زۆرجار بە چڕ و پڕی باسی قۆناغە جۆراوجۆرەکانی گەشتەکانیان و ئەو پێشوازییەی لێیان کراوە دەکەن، تاکو هیچ زانیارییەکی زیاتر نەخەنە ڕوو. لەبەر ئاستەنگەکانی گەشتکردن و هاتن و چوون، کوردستان لە گەشتوگوزار دوورەپەرێزە، لەجیاتی ئەوە، جموجۆڵی بەرچاوی شەپۆلی ڕۆمانییەکان بۆ دۆزینەوەی ڕۆژهەڵات و گەڕان بەدوای شوێنەوارەکان لە فەڵەستین و میسر دیار و بەرچاو بووە. لەو سەردەمەدا، گەڕان و لێکۆڵینەوە لەسەر پاشماوە و شوێنەواره‌ دێرینەکان تاڕادەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە، شارستانییەتە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا زیاتر بەهەند وەرگیراون، کەچی بارودۆخی هاوچەرخی مسوڵمان و کورد و عەرەب و عوسمانی و فارسەکان وەلاوە نراون، جگە لەو باسانەی خراونەتە ڕوو لە ڕێی دەستنووسەکانی دۆمێنیکۆ لانزا(Domenico Lanza) و کتێبی گیوسیپی کامپانیلی(Giuseppe Campanile) و هەردوو ئەو دۆمێنیکۆیانەی بۆ چەند ساڵێک لە موسڵ ژیاون. پێدەچێ بەرهەمەکەی ژین باپتیستی تاڤەرنیر(Jean-Baptiste Tavernier)ناميلکەیەکی گەشتیاری بێت، چونکە سەرنج خراوەتە سەر دووری نێوان شوێنەکان و باس و خواسی چەندین شار. کارستین نەیبوهر(Carsten Niebuhr) وادادەنێـت بەناوبانگترین و ئاوەدانترین شارەکانی ڕۆژهەڵات وەکو قوستەنتینیيە و قاهیرە و دیمەشق و حەلەب و دیاربەکر و موسڵ و بەغدا زۆر بەدەگمەن هێندەی شارۆچکە ئاوەدانەکانی ئەوروپا دانیشتوانیان تێدایە. گاسپارد درۆڤیلی( Gaspard Drouville) فەرهەنگۆکێک لەبارەی شارە کورديی و نا کوردییەکان دەخاتە ڕوو. مولازم ویلیەم هیودە (William Heude) سەرنج بۆ چەند شارێکی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی ڕادەکێشێت لەوانە سلێمانی و هەولێر و ماردین و دیاربەکر.

شارەکان و گەڕیدەکان

لەنێو کۆنترین ئەو وتانەی لەسەر شارە کوردییەکان هەنە، ئەو وتەیەیە کە بازرگانە نەناسراوەکەی ڤینیسیا (Anonymous Merchant of Venice)وتویەتی، کە سەردانی (وان و بەتلیس و ماردین)ی لە ساڵی ١٥١٧ و ١٥٢٠ کردووە. لەو شارانەی لەهەمووشیان زیاتر باس کرابێت، شاری (ئامێدی)یە لە سەدەکانی ١٧ و ١٨، شاری بەتلیس و دیاربەکرن تا سەدەی ١٩، هەولێرە لە سەدەی ١٨، لەسەرووی هەموشیانەوە تا سەدەی ١٨ شاری (ماردین)ە، بە درێژایی سەدەی ١٩ شاری سلێمانيیە. شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (سنە و مه‌هاباد) فەرامۆش کراون، هەموو ئەوانەی باسکران لە سەدەی ١٩ ناو و دەنگیان هەبووە.

لە نیوەی دووەمی سەدەی ١٩،  ئاماری دیار و بەرچاو لەسەر دانیشتوانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و فارسی بڵاوکرایەوە. بەگوێرەی کۆلۆنێل چیزنی(Colonel Chesney) بێ، “لە هەندێک حاڵەتدا، دەکرێ تا ئێستاش هەندێک لەو شوێنانە بناسێنرێن، بەڵام تاڕادەیەکی زۆر، بەشی هەرە زۆریان نەناسراون، شارەکانی وەکو موسڵ و سێرت و ئامێدی (شارۆچکەی مادەکان) و بەتلیس و وان و هەولێر و سلێمانی و کۆیە و کەرکوک و زاخۆ و ڕه‌واندوز و جۆلەمێرگ (هەکاری) پێشتر جێ پێی ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری بوون

کوردەکان عورفێکی زۆر کۆنیان لە ژیانی شاردا هەیە. هەولێر بە کۆنترین شار دادەنرێت، کە تا ئێستاش ژیانی تێدایە. گوند و شارۆچکەکان لە پێدەشت و قەدپاڵی چیاکان بنیاتنراون. شارەکە بە تۆکمەیی دروستکراوە، لەوانەیە لە بنەڕەتدا بۆ مەبەستی بەرگری لە خۆکردن بەمشێو قایمە دروستکرابێت. بە گوێرەی میسۆد فانی بێت:

هەر لە دێر زەمانەوە تا هەنوکە، ژیانی کوردەکان بەشێوەیەکی وا بەرچاو نەگۆڕاوە، کوردەکان خۆیان لە پەناگە و ماڵەکانی خۆیان هێشتۆتەوە، هەرچۆنێ بێ بەمجۆرە لە هێرشی بیانی پارێزراو بوون و خۆیان لەنێو چیاکان پاراستووە، لە تەنگانەدا شاخەکان وەک قەڵایەک و شورایەکی پۆڵاین بوون،داگیرکەرانیش بە هەموو نەژاد و نەتەوەیەک خۆیان لە بڕین وبەزاندنی ئەو شاخانە بەدوور گرتووە، چونکە تاڕاده‌يه‌ك قورس بووە دەستی بەسەردا بگرن.”

بەپێی گوتەکانی مەیجەر فریدیریک میلینگن(Major Frederick Millingen) بێت:” وڵاتی کوردستان زەويی و زارەکەی بێبەرە، کشتوکاڵ و باغ و باغات تەنیا لە هەندێک شار و شارۆچکە دەبینرێن و لەوەڕ و لەوەڕگا بە تەنها سەرچاوەی بژێويی و ژیانی دانیشتوانی ناوچەکە دادەنرێت.

کۆڵۆنێک گاسپارد درۆڤیلی(Gaspard Drouville)، کە لە خزمەتی قەیسه‌ر دابوو، ئاماژە بە جیاوازی ڕۆڵی ئافرەتی شارستانی و گوندیی دەکات:” ئافرەتەکان هەمیشە زەحمەتکێش و سەرقاڵن و زۆریش کارامەن، هەردوو توێژەکە لە گوند و شاردا پاک و خاوێنیان پێوە دیارە. جلوبەرگی ئافرەتە ڕەوەنديی و گوندنشینەکان زۆر لە پۆشاک و جلی ژنانی شار جیاوازە. ئەوان کراسی درێژ دەپۆشن، بە پشتێن و قایش بەستراون کۆتاییەکەیان لە پێشەوە شۆڕبوونەتەوە. چارۆکەی لە لۆکە دروستکراو دەپۆشن، هەر دوولای کوڵمە و ڕوومەتی داپۆشیوە و تا ناوەڕاستی پشت شۆڕبۆتەوە، هەندێک جار ئەو سەرپێچانە لە قوماشی حەریری سازدەکرێن و لە سەریان دەئاڵێنن و لە نێوچەوانیان گرێ دەدەن.

لوسی گارنێت(Lucy Garnett)  باسی ئاستی ڕۆشنبیری ئافرەت دەکات و دەڵێت: ئافرەتی شارەکانی وەکو سلێمانی و ناوچەکانی تر، هەرچەندە بەو ڕادەیە نەخوێندەوار نین، چونکە مەلا و شارەزای بواری دینیان لێیە بۆ ڕوونکردنەوەی شەریعەتی ئیسلامی و فێرکردن لە قوتابخانەکان. ئافرەت و کچی خوێندەوارەکان، هەر هیچ نەبێت ئەوەندە فێرکراون بتوانن بە زمانی فارسی بخوێننەوە و بنووسن، کە زمانی وێژە و ئەدەبە، چونکە ئەدەب و وێژەی کوردی وجودی نیە، سەرەڕای ئەوەی، چەند هەوڵێک لەلایەن چەند مەلایەکەوە لە سەرەتای ئەو سەدەیە لە ئارادا هەبوو تاکو بە زمانی کوردی بنووسن و بڵاوبکەنەوە.

فرایزەر(Fraser) دەڵێت: لە سنە و سلێمانی و بەتلیس و شارەکانی تر مزگەوت و پیاوی ئایینی هەن، لەو ناوچانە هەروەکو ناوچەکانی تری وڵاتی فارس بە شەریعەتی نوسراو کاروباری ئیداری بەڕێوە دەبرێت. بەڵام بەگشتی لەلایەن عادەت و عورفی پێشینان ژیانیان بەڕێوەدەبرێ، گوێڕایەڵىتەواوی سەرکردەکانیان دەکەن، ئەویش لە بەرامبەردا بەرگریان لێدەکات و دەسەڵاتی خۆی لە هەموو بۆنەکاندا بەکاردەهێنێت،بەڕەچاوکردنێکی توندی عورف و لایەنگیريیان.

دۆمێنیکۆ لانزا(Domenico Lanza) سەردانی زۆر شار و گوندی کوردەکانی کردووە، هەم بۆ مەرامی شوێنەوارناسی هەمیش بۆئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری باروگوزەرانی مەسیحییەکانی ئەو ناوچانە بێت. زۆر بە وردی باسی شار و ناوچەکانی ئامێديی و دیاربەکر و ماردین و موسڵ و ئورفە و دەکات. بۆیە پێویستە لە دەستنووسەکەی لانزا باسی وەسف و گوزارشتی ئەو گەڕیدە کۆنانە بکەین، کە تیشکیان خستووه‌تە سەر شارە گرنگ و سەرەکییەکان، ئەو شارە کورديیانەی باسیان دەکەین لە ( ئامێدی و بەتلیس و دیاربەکر و هەولێر و ماردین و سنە و سلێمانی و ئورفە و وان) پێکدێن.

شاری دێرینی ئامێدی بە درێژای مێژوو، ناو و ناوبانگی خۆی هەبووە، ئەو شارە دەکەوێتە دامێنی چیایه‌کی سەرکەش، کە تەواوی شاخ و بەردە، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای بە چیا دەورە دراوە. هەرکە بەرەو لوتکەی چیاکە دەڕۆی پاشماوە و شوێنەواری چەند کۆشکێک بەدیدەکرێت، کە پێموایە لە دێرزەمانەوە قەشە و ڕەبەنەکان لێی نیشتەجێ بووبن. بەرلەوەی بچینە بەری باشووری ئەو شارە، پێویستە بە ڕێگەیەکی دووسه‌عاتی تێپەڕبین کە بەنێو شینایی و باخ و باخچەی پڕ میوەدا دەڕواتە خوارەوە. لە دەروازەی شارەکەدا،ڕووکاری کەنیسەیەکی گەورە دەبینرێت، کە شێوازی کۆنە و بە مەڕمەڕ دروستکراوە. دوای ڕۆیشتنم، پێیان وتم، کە بە نووسینی لاتینی لەسەر دەروازەی مزگەوتی گەورە هەڵکۆڵدراوە. ژمارەیەکی زۆر لە ئەرمەنی و یۆنانی لەم شارەا دەژین. ئەمە شارێکی تەواو گەورەیە، ڕووباری پێدا تێپەڕ دەبێت، لەو ڕووبارە لە ڕێی چەرخی ئاو هەڵگۆز (ئاشی ئاو)،خەڵکەکە ئاو بۆ شینایی و کشتوکاڵ ڕادەکێشن.”

گیوسیپی کامپانیلی(Giuseppe Campanile) بەمشێوە ئاماژە بە ئامێدی دەکات:ئامێدی دەکەوێتە سەر لێژایيه‌کی زۆر سه‌خت، بەچیای سەخت و بەرز دەورە دراوە، ئەمەش وادەکات بەزەحمەت بگەیتە ئەو ناوچە، شێوەی قەڵایەکی هەیە، بۆیە شارەکە زۆر قایم و پتەوە. شارێکی زۆر تۆکمە و بەتینە،حەوت وەزیر و چەندین پاشای دەوروبەری لە سەردەمە جیاوازەکاندا هەوڵیاندا دەستی بەسەردابگرن، بەڵام نەیانتوانیوە. بە هەبوونی چەند تۆپهاوێژێک ئەو شارە دەتوانیبەرامبەر هەر سوپایه‌کی ئاسیایی بەرگری لەخۆی بکات.بەسەر شوێنێک دەڕوانێت، دوو ڕۆژی دەوێت تا بەناویدا تێپەڕبیت، زەوییەکی وشکە، چوار هەزار گوندی لێیە. هیچ پیشە و پیشوەريی و پیشەسازیيه‌کى لێ نییە، جگە لە هەندێک کاری کوتاڵ و چنین و پیشەی قوڕکاری. بێکاريی و هەژاری باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە. دانیشتوانەکەی بە سێ هەزار کەس دەخەمڵێندرێت و نزیکەی سەد مەسیحی کاسۆلیک مەزهەبی لێیە و نەستۆرییەکانی کەمترن و لەگەڵ هەشتا جولەکە. “

ئەم خەمڵاندنە ئاماژە بە کەمبوونەوەی ژمارەی جولەکەکان دەدا لە ئامێدی. بنیامین تودیلای(Benjamin of Tudela)گەڕیدەی مەزنی جولەکە ساڵی ١١٧٠ باسی ئەم شارە دەکات و ژمارەی جولەکەکانی ئەوسا بە ٢٠٠٠ خێزان مەزندە دەکات. دەیڤید ئەلڕۆی گەورە سەرکردەی سیاسی لە حەملەیه‌کی مەسیحی سیاسیدا  ویستی هەموو جولەکەکان بەزەبری هێزی لە چنگی غەیرە جولەکەکان ئازاد بکات. یاخیبوونی جولەکەکان دژی دەسەڵاتدارە فارسەکان دامرکایەوە و دەیڤید ئەلڕۆی کوژرا، بەڵام سەرهەڵدانی جولەکەکان دژی ستەمکارەکانیان مۆرک و کاریگەریيه‌کی قووڵی لەسەر هەموو جولەکەیەک بەجێهێشت لەو ڕۆژەدا، نەک تەنیا لە وڵاتی فارس و کوردستان. “ بەگوێرەی ئەو بەڵگە و نامانە بێت، کە لە سەدەی ١٦و دواتر پارێزراون، ئامێدی پێگە سەرەکییەکەی خۆی لەنێو کۆمەڵگای جولەکەنشینی کوردستان پاراستبوو.

ژین باپتیستی تاڤێرنیر(Jean Baptiste Tavernier)بەمشێوە باسی ڕەوشی ئامێدی دەکات:” ئامێدی شارێکی بە سوودە، بەشی زۆری جووتیارانی ئاسووری تووتن و مازی لێ ساغ دەکەنەوە. ئامێدی دەکەوێتە سەر شاخێکی  زۆر بەرز،سه‌عاتێکی دەوێت تا دەگەیتە ئەو شوێنە. لەنێوەی ڕێگا سێ چوار کانیاوی لێیە لەناو بەرد و شاخەکان هەڵدەقوڵێن. لەبەرئەوەی ئاو لەناو شارۆچکەکە نییە، خەڵکەکە بەیانیان یان ئێواران دێنە خوارەوە بە وڵاخەکانیان توورەکە پێستییەکان پڕ ئاو دەکەن. شارەکە تەواو گەورەیە لە ناوەڕاستی گۆڕەپانی شارەکەدا هەموو جۆرە بازرگانیيه‌ک هەیە. لەژێر حوکمی بەگێک بەڕێوەدەچێت، کە دە تا دوانزدە هەزار ئەسپی هەیە و ژمارەیەکی زۆرتریش لە هێزی پیادەی لێیە بەراورد بە ئاغا و بەگەکانی  تر، چونکە زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکە کوردن.  

لە هەمان سەردەمدا، فابوری(Fabure) دەگێڕێتەوە و دەڵێت:” خانەدانترین میرەکانیان ئەوانەن کە دوو سێ ڕۆژە ڕێ لە نەینەوا لە شوێنێک نیشتەجێن و بە ئامێدی ناسراوە، بە کابوچین ناویان دێنێ کە پەیامێکی موژدەدەریان لە موسڵ هەبوو. داوای لێکردن بۆ دووسێ مانگ لە دیوەخانەکەی بمێننەوە.”

سێستینی (Sestini) ئاماژە بەوە دەکات: ئامێدی لەلایەن میرێکی کورد بەڕێوەدەچێ بەناوی ئیسماعیل پاشا خەلیفە ئەلبەغداد، سەر بە بنەماڵەیەکی زۆر کۆنن، گۆڕەکانیان بۆ ساڵی ٧٠٠ی هیجری دەگەڕێتەوە.” قەشەکان شەرابێکی چاکی براندی بۆ خۆیان ئامادە دەکەن.

لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە، جۆن کینیر(John Kinneir)،هەمان بۆچونی هەیە، دەڵێت: پاشای ئامێدی میرێکی میراتگر و سەربەخۆیە، نەوە و وەچەی بنەماڵەی شاهانەی عەباسییەکانە، هەر لە وەختی دورخستنەوەی خەلیفەکان لە بەغدا، باپیرە گەورەکانی میری ئامێدی بوونە. یەکێکە لە بەهێزترین و دەوڵەمەندترین میرەکانی کوردستان، ئامێدی شارێکی قایم و پتەوە لە باکووری موسڵ. خاوەنی سی و یەک ناوچەی نیشتەجێبوونە، بە گەنمەشامی و شەراب بەناوبانگە،کورد و نەستۆريی و ئاسووريی و کلدانی و کاسۆلیکی لێ نیشتەجێن.”

سەبارەت بەمە، لە کۆتاییەکانی سەدە، هێنری بیندەر(Henry Binder) بەمجۆرە چاودێری دۆخەکە دەکات:” لە سەرووی شارەکە تەنیا جولەکەی لێ دەژی، بەشێکی زۆری دانیشتوانەکە پێکدەهێنن. ئافرەتە جولەکەکان زياترهاوسەرگیری لەگەڵ پیاوانی مسوڵمان دەکەن، نەک بەپێچەوانەوە. پیاوەکان قەدە پیاون، قامەتێکی ڕێکیان هەیە. هەرچی ژنە جولەکە و کوردەکانن، لاواز و بچووکن، ئەگەرچی لە ڕوواڵەتیان ناشیرین نیيه‌، بەڵام بەهۆی زوو هاوسەرگیرییەوە، لەش و لاریان تێکشکاوە و لە گەشەسەندن وەستاوە. “

جۆن کینیر(John Kinneir) باسی دابونه‌ريتى شاری بەتلیس دەکات: شاری بەتلیس پاش چەند ساڵێک دوای لافاوەکە لەلایەن نەوەکانی نوح دامەزرا.” بەگوێرەی بازرگانە نەناسراوەکەی ڤێنیسیا (Anonymous Merchant of Venice) و دۆمێنیکۆ سێستینی بێت، شاری بەتلیس لەلایەن ئەلیکساندەری گەورە دامەزراوە.

لە نامەیەکدا، کە مێژووەکەی بۆ ٢٧ی تەمووزی ساڵی١٤٧٣ دەگەڕێتەوە، دیپلۆماسی ڤینیسی کاتێرینۆ زینۆ(CaterinoZeno) باسی ساڵی ١٤٧٢ دەکات، کە نێردرابوو تاکو سەردانی سەرۆکی قەشەکانی بەتلیس بکات، بیست قەڵا و چەندین چیای لێ بوون. ئەو کات ئوزون حەسەن(UzünHasan) ناوێکی گەورە بوو لە وڵاتی فارس، لە تەورێزی پایتەختدا چاوی بە سەفیری دوژمنانی عوسمانی دەکەوت،سەرەتا لە ڤێنیسیا، چاوی بەوانە کەوت کە لەسەر بابەتی سیاسی دەیانووسی، وەک ئەمبرۆجیۆ کۆنتارینی و جیۆسافات باربارۆ(Ambrogio Contarini and Giosaphat Barbaro)، کە لە لایەن کوردەکان لە ٤ی نیسانی ١٤٧٤ هێرشی کرایەسەر.

لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا، سەروەت و سامان و دەسەڵاتی ناوچەی بەتلیس، ناو و ناوبانگی خۆی هەبوو، بۆیە پیترۆ دیلاڤالی لەكاتى مانەوەیدا لە قوستەنتینییە (١٦١٥)، لە یاداشتەکەیدا دەڵێت:” پێش چەند ڕۆژێک خانی بەتلیس هاتە ئێرە. شارەکە دەکەوێتە ناوچە شاخاوییەکانی میزۆپۆتامیا و ئاسووری لەسەر سنووری نێوان تورکیا و وڵاتی فارس. دانیشتوان و خه‌ڵكى ئەو ناوچە بە کورد ناسراون، شاری (بەتلیس)یش لە نزیک شاری وانە لە ئەرمینیا، کە ناوچەیەکی دیار و بەرچاوە. لە شەڕەکەیدا لەگەڵ فارسەکان، ئەم میرە دوانزدە هەزار سەربازی ئەسپسواری بۆ گەورەی خۆی ڕەوانەکرد.” بەگوێرەی ژین باپتیستی تاڤێرنیر(Jean-Baptiste Tavernier)، میرەکە دەیتوانی تا بیست و پێنج هەزار سوارە لەگەڵ هێزی پیادەیەکی چاک ڕێک بێخات.

پاش یەک سەدە، ئەنجیلۆ لێگرێنزی(Angelo Legrenzi)باسی سیناریۆیەکی تەواو جیاواز دەکات:” لە شوێنەوار و پاشماوەی چەند پەرستگایەک، دەردەکەوێت پێشتر ئەو شارە لەسەردەمی کریستیانەکان چەندە جوان و ناوازە بووە…

لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩، کینیر(Kinnier) سەرنج دەخاتە سەر پووکانەوەی شارەکە و تێکشکانی قەڵاکە:” خان و بەگی سەردەمی کۆنی بەتلیس، لە کوردستان، لە بەهێزترین میرەکان بوون، هەتاوەکو شەڕ و ململانێی بنەماڵەکان خاپوور و وێرانی کرد. شورا و دیوارەکان لە هەمان بەردی خانووەکان دروستکرابوون، چەپەرەکان نزیکەی سەد پێ بەرز بوون. شاره‌كه‌ سی مزگه‌وت و هه‌شت كه‌نیسه‌ و چوار حه‌مام و چه‌ند میوانخانه‌یه‌كی لێیه‌، دانیشتوانی شاره‌كه‌ به‌ دوانزده‌ هه‌زار كه‌س  ده‌خه‌مڵێندرێت، زۆربه‌یان مسوڵمانن، ئه‌وانی تریش مه‌سیحی ئه‌رمه‌نین.

به‌ده‌گمه‌ن خه‌ڵكی نه‌خوێنده‌وارم بينيوه‌ باشتر له‌ هونه‌ری ئاو ڕاكێشان شاره‌زاتر بووبن. هه‌ندێك له‌ جۆگه‌ ئاوه‌كان له‌ دووری پێنج تا شه‌ش میل ڕاده‌كێشران، چاڵی بچووك له‌ ده‌وری گرده‌كان هه‌ڵكه‌ندرابوون، به‌ ڕه‌چاوكردنی هه‌مان ئاست به‌وردی، به‌بێ به‌كارهێنانی هیچ ئامێرێكی ئه‌ندازه‌یی. له‌ بارودۆخی نا ئاساییدا، كورد به‌ نه‌ژادێكی توڕه‌ و كه‌مته‌رخه‌م و چاونه‌كراو و دڵڕه‌ق داده‌نرێت، سروشتێكى دڕ و شه‌ڕانی هه‌یه‌، هه‌ر له‌ سه‌رده‌می زه‌ینه‌فۆنه‌وه‌ بگره‌ تاوه‌كو ئێستا، خۆ جگه‌ له‌ گۆڕینی ئاينه‌كه‌ى، هیچ له‌ ڕه‌فتار و كه‌سێتی نه‌گۆڕاوه. بەتلیس  له‌ژێر حوكمی به‌گێكه‌ له‌لایه‌ن پاشای (موش)ه دامه‌زراوه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ واقیعدا، خانه‌كانی كورد به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، كه‌ نه‌وه‌ و وه‌چه‌ی زنجیره‌یه‌كی دورودرێژن له‌ گه‌وره‌ و ده‌ره‌به‌گه‌كان، به‌فه‌رمی ده‌سه‌ڵاتدار و خاوه‌نی  ئه‌و ناوچه‌یه‌ بوون. وه‌ك تێگه‌یشتبم، له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا، خرابێته‌ سه‌ر حكومه‌تی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و باج و سه‌رانه‌ی ساڵانه‌ش بدات.“‌‌

له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی ١٩، جۆن ئوشه‌ر(John Ussher)باسی كۆتایی ئیماره‌تی بەتلیس ده‌كات:” تا ئه‌و ساڵانه‌ی دوایی، سه‌ركرده‌ میراتگره‌كان حوكمی شاری (بەتلیس)یان ده‌كرد، ئه‌گه‌رچی شه‌ریف به‌گ، كه‌ دواهه‌مین فه‌رمانڕه‌وای شاره‌كه‌ بوو، ڕووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتی باڵای ئه‌سته‌نبوڵ بوویه‌وه‌، دوای ماوه‌یه‌ك له‌ خه‌بات و تێكۆشان، له‌گه‌ڵ چه‌ندین جار  سه‌ركه‌وتن، ناچار بوو خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ بدات، دواتر له‌ قوسته‌نتینییه‌ به‌ندكرا. ئه‌و شاره‌ی ماوه‌كی زۆر حوكمی لێكرد خرایه‌ سه‌ر دیاربه‌كری ده‌وڵه‌تی عوسمانی. به‌مجۆره‌، دوای هه‌ره‌سهێنانی به‌درخان به‌گ، به‌هێزترین سه‌ركرده‌كانی كوردستان ناچاربوون ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵات بن، ئه‌و وڵاته‌ی كه‌ ته‌نیا به‌شێوه‌یكی شكلی وه‌لائی بۆ قوسته‌نتینییه‌ ده‌رده‌بڕی‌، بۆ وڵاتێكی ژێرده‌سته‌ و بێ شه‌ڕوشۆڕ ‌گۆڕا.

وه‌ك زۆربه‌ی گه‌ڕیده‌كانی تر، جۆن ئوشه‌ر(John Ussher) له‌ باسی بەتلیسدا ده‌ڵێت: “ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ كانیاو و ئاوی كانزایی، له‌ دره‌نگانی هاویندا به‌فری چیاكان ده‌توێته‌وه‌، له‌ گه‌رمای هاویندا پێداویتسییه‌كی زۆر دابین ده‌كات، له‌ ڕێی جۆگه‌له‌ و ئاودێری ئاو بۆ ڕه‌ز و باخ و ماڵه‌كان ڕاده‌كێشرێت، ئه‌و پارچه‌ زه‌ویيانه‌ی ئاودێرییه‌كی باش ده‌كرێن، زۆر به‌هه‌مدار و به‌ پیتن و به‌روبومێكی زۆر چاكیان لێ ده‌ڕوێت.”ده‌شته‌ ته‌خته‌كان توتنیان لێ ده‌ڕوێندرێت، لێژاییه‌كانیش ترێی لێ ده‌ڕوێندرێت. هه‌نگوينی ناوچه‌كه‌ جۆرێكی سپییه‌ و زۆر به‌ناوبانگه‌. سه‌روه‌ت و سامانی سه‌ره‌كی بەتلیس پیشه‌سازی ڕستن و چنینه‌.

له‌وانه‌یه‌ باشترین وه‌سف و ته‌عریفی بەتلیس له‌لایه‌ن ڕێڤ. هۆراتیۆ ساوسگه‌یت(Rev. Horatio Southgate) کرابێت:” وه‌ك غه‌ریبه‌یه‌ك كه‌ بۆ ‌یه‌كه‌مجار بەتلیس ده‌بینی، زه‌حمه‌ته‌ بتوانی جوانی و دڵگیری بەتلیس له‌به‌ر چاوانت بسڕیته‌وه‌، له‌ دیمه‌نه‌ دڵگیره‌كه‌ی نێو چیایه‌كان و بنیاته‌ جیاواز و ناوازه‌‌ی كۆشك و خانووه‌كانی پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی شاره‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كانه‌. ئه‌و چیایانه‌ی له‌ باكوور و باشووری ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا درێژده‌بنه‌وه‌، سێ دۆڵی قووڵ پێكده‌هێنن، له‌و شوێنه‌ی پێك ده‌گه‌ن شاره‌كه‌ خۆی ده‌نوێنێ و به‌سه‌ر قه‌د و باڵای هه‌ریه‌كه‌یان بڵاو ده‌بێته‌وه‌. سێ ڕووبار به‌ یه‌ك ئاڕاسته‌ ده‌ڕۆن، دواتر یه‌ك ده‌گرن و پێكه‌وه‌ ده‌ڕژێنه‌ ناو ڕووباری دیجله‌،‌ ده‌ڵێن گوایە بیست و چوار سه‌عات دووره‌‌. كوچه‌ و كۆڵانی شاره‌كه‌ له‌نێو هه‌یوان و بانجیله‌ی خانووه‌كان به‌ درێژایی به‌رزایی و نشێوه‌ سه‌ختى دۆڵه‌كان درێژده‌بنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر کەسێک سه‌یری سه‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌كات له‌ بینینی خانوو و دیواره‌كانی سه‌ره‌وه‌ی خۆی سه‌رسام ده‌بێت. زۆربه‌ی خانووه‌كان باخچه‌ و حه‌دیقه‌ی هه‌ڵواسراویان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش وا له‌ شاره‌كه‌ ده‌كات وه‌ك به‌هه‌شتێك خۆی له‌ نێو چیای ڕووت و بێ سه‌وزایی بنوێنێت. مزگه‌وت و خانوو و دیوار و په‌رژینی باخچه‌ و باخه‌كان له‌ جۆره‌ به‌ردێكی چاك بنیاتنراون‌، كه‌ شاره‌كه‌ پێیه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌. بۆ خانوووه‌كان، به‌رده‌كان به‌ قاڵبی شه‌شپاڵوو داتاشراون، ئه‌مه‌ش كه‌شێكی عه‌جیب و پته ‌و ڕێكوپێك به‌ شاره‌كه‌ ده‌به‌خشێت‌. له‌ هه‌ندێك كۆشك، دیواری ژووره‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ له‌ هه‌مان به‌رد دروستكراون. شه‌قامه‌كانی شارەکە‌ خراپن و تێكچوون، ئه‌گه‌رچی چاوه‌ڕێی شتێكی باشتری لێ ده‌كرێ، كاتێك شوێنه‌كه‌ به‌ مه‌وادی باش و هه‌رزان ده‌وڵه‌مه‌ندبێت. به‌هۆی پێگه‌ی شاره‌كه‌، كوچه‌ و كۆڵانه‌كان عاسێ و سه‌خت و دژوارن، هه‌ندێك جار له‌ سواربوونی وڵاخه‌كان خه‌ریك بوو له‌ هه‌ورازه‌كان سه‌رانگرێ ببم. بازاڕه‌كانی فراوان و داپۆشراو و پڕاوپڕن له‌ شتومه‌ك، ئه‌وانیش هه‌ر له‌ به‌رد دروستكراون، له‌ ناوه‌وه‌ بازاڕه‌كه‌ به‌پێی جیاوازيی و جۆری بازرگانی و كه‌لوپه‌له‌وه‌ ڕێكخراوه‌.

کاری بازرگانی شارەکە لە ڕێی شاری (وان)ەوە لەگەڵ وڵاتی فارس دەکرێت، لە ڕێگەی ئەرزڕۆم و دیاربەکر و موسڵ و بەغدا لۆکەی خاو لە (موسڵ)ەوە هاوردە دەکرێت. جلوبەرگەکان هەر لەو شارە لە لۆکە دروست دەکرێن. بابەتە سەرەکییەکانی تری بازرگانی بریتیین لە خوريی و توتن و مازی. خومخانه‌ و دەباخخانە لە ناوچەکە دا زۆرن. شه‌راب ته‌نها به‌ئه‌ندازه‌ىبه‌كاربردنی شاره‌كه‌ دروست ده‌كرێت، كه‌ بڕی كێشه‌كه‌ی ده‌گاته‌ ٦٠ هۆقه‌، یا نزیكه‌ی ١٥٠ پاوه‌ند ڕۆژانه‌. ماسی به‌ ڕێژه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر له‌ ده‌ریاچه‌ی وان ده‌هێنرێت. بنێشت و كه‌تیره‌ی عه‌ره‌بی بابه‌تێكی سه‌ره‌كیی بازرگانییه‌، ساڵانه‌ به‌ بڕ‌ی 15000 هۆقه‌ به‌تایبه‌تی بۆ بازاڕه‌كان ئه‌ورووپا ده‌گوازرێته‌وه‌. شاره‌كه‌ حه‌وت خانی لێیه‌، له‌وانه‌ دووانیان تایبه‌تن بۆ بازرگانه‌كان، بازرگانه‌كان خاوه‌نی ٢٠٠ ئه‌سپی كاروان گواستنه‌وه‌ بوون، جگە‌‌له‌وه‌ی ژماره‌یەکی زۆریش خاوه‌نیان  له‌ شوێنی تر هه‌بوو. نزیكه‌ی ٣٢  چه‌رخی ئاو هه‌ڵگۆز (ئاشی ئاو)ی هه‌ن، له‌ نزیك ئه‌و ڕووبارانه‌ی به‌نێو ئه‌و دۆڵانه‌ ڕێ ده‌كه‌ن، پردی به‌ردینیش له‌سه‌ریان دروستكراوه‌.”‌‌  

هەروەها جیوسیپی کامپانیلی(Giuseppe Campanile)دەڵێت:” بازرگانی کردن بە کۆیلە بازاڕێکی گەرم و گوڕی هەیە. کوڕ و کچ لە جۆرجیا دەڕفێندرێن و دەهێندرێنە ئێرە و لە خانێکدا نمایش دەکرێن. کڕیار کوڕ و کچە کۆیلەکان بە ڕووتی دەبینێت. ئەوان یان (تورک)ن یا (مەسیحی)ین،زۆربەیان مەسیحیین و ئەرمەنین، کەمێکیان کاسۆلیکین.”

کامپانیلی(Campanile) ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکە بە 50000 کەس دەخەمڵێنێت، هەرچی ئوشەرە لە یاداشتەکەیدا دەڵێت:” بەلای منه‌وه‌ دانیشتوانی ناوچەکە ١٤ هەزار یان ١٥ هەزار دەبێت، بەشێکی زۆریان ئەرمەنین و کەمێکیشیان نەستورین.” دیرۆلی ژمارەی خانووەکان بە ٤ هەزار خانوو مەزەندە دەکات. لەکۆتایی سەدەی ١٩، لو ستی دو چۆلیت (Le Cte ​​de Cholet) ئاماژە بە کۆچی ئەرمەنییەکان دەكات لە بەتلیس و وان و ئەرزڕۆم بۆ ڕووسیا بەهۆی چەوساندنەوەی کوردەکان، ئەمەش زەرەرێکی ئابووری گەورەیە بۆ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی.

لێفێڤری(Lefevre) بە گەشبینییەوە باسی دیاربەکر دەکات (ناوە کۆنەکەی ئامەدە)، بەگوتەی ئەو بێت، ساڵی ١٧٥٦ پڕدانیشتوانترین شار بووە لە ئیمپرتۆرییەتی عوسمانی،ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٠٠ هەزار کەس دەبێت. ساڵێک دوای ئەوە کوللە لە بەروبومی ناوچەکە دەدات، برسێتی و قاتی و تاعون ٣٠٠ هەزار کەس دەکوژێت. لە کۆتایی سەدەی ١٨،ژمارەی دانیشتوانی شارەکە  لە ٥٠ هەزار کەس تێنەدەپەڕی. هەر سی چل ساڵ جارێک تاعون و درم زۆری بۆ ئەو شارە دەهێنا، له‌ باتی ئه‌وه‌ كورده‌كان له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان ده‌ژیان، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان له‌گه‌ڵ ئه‌و توركانه‌دا نه‌بوو، بۆيه‌په‌تا‌كه‌ی كاری نه‌ده‌كرده‌ سه‌ریان. ئەگینا دۆمێنیكۆ لانزا(Domenico Lanza) ساڵی ١٧٥٣ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات گوایه‌ ده‌ڵێن‌ ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ٢٠٠ هه‌زار كه‌س ده‌بێت، به‌ڵام به‌پێی خه‌مڵاندنه‌كانی ئه‌و بێت ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ ١٠٠ هه‌زار كه‌س ڕه‌ت نابێت، له‌و ژماره‌یه‌ش ١٢ هه‌زار كه‌سیان مه‌سیحیین. نه‌یبۆهر ژماره‌ی خانوووه‌كان له‌ دیاربه‌كر به‌ 16000 هه‌زار خانوو مه‌زه‌نده‌ ده‌كات، یه‌ك له‌سه‌ر چواری خانووه‌كانیش هی مه‌سیحییه‌كانن.

له ‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ١٩، جیوسیپی كامپانیلی ژماره‌ی دانیشتوانی دیاربه‌كر به‌ 50000 كه‌س دیاری ده‌كات، له‌وانه‌ 30000 يان توركن، ٢٠ هه‌زاریشیان مه‌سیحیین، ئه‌وانی تریشیان جوله‌كه‌ن. له‌ هه‌مان سه‌رده‌مدا، ویلیه‌م هیوده‌(William Heude) ژماره‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ به‌ 55000 كه‌س داده‌ ده‌نێت. له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌و سه‌ده‌یه‌دا، كاپتن دو بیانچی(De Bianchi) دانیشتوانه‌كه‌ به‌  60000 كه‌س مه‌زه‌نده‌ ده‌كات. به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی ج. كارلیلی ماككۆان(J. Carlile McCoan) بێت، كه‌ له‌ ساڵی ١٨٧٩ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، نزیكه‌ی 40000 كه‌س له‌وێ‌ ده‌ژین. شاره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر كه‌ناری ڕۆژئاوای ڕووباری دیجله‌، له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی ١٨، لانزا(Lanza) له‌ یاداشتێكدا ده‌ڵێت: هه‌موو خانوووه‌كان له‌ به‌رد دروستكراون جگه‌ له‌ بانجیله‌ و هه‌یوانه‌كان نه‌بێت. خانووه‌كان شێوه‌یان نزمه‌، حه‌مامی گشتی له‌ شاره‌کەدا هه‌ن، كانی و کارێز له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان زۆرن. له‌ پیشه‌سازی قوماشی ڕه‌نگ ئه‌رخه‌وانی شارەکە‌ به‌ناوبانگه‌، له‌م ڕووه‌وه‌ هیچ شارێكی تر شان له‌ شانی نادات. ژین باپتیستی تاڤه‌رنیر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێی دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ به‌ كاری پیشه‌سازی ڕستن و چنین سه‌رقاڵن، ڕێژه‌یدانیشتوانیش له‌ ئاستێكی به‌رزدایه‌. بیست هه‌زار مه‌سیحی لێ نیشته‌جێیه‌، دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌وانه‌ ئه‌رمه‌نین، ئه‌وانی تر نه‌ستوری و یاقوبین. میر دەیتوانی بیست هەزار سوار و یەکەيه‌کی بچووکی هێزی پیادە ئامادە بکات.سالمۆن(Salmon) لە ڕاپۆتێکدا دەڵێت ئافرەت لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی عادەتەن بە کۆیلە حیسابی لەگەڵ دەکرا، ئەگەرچی لێرە ئازاديی و سەربەستی ڕۆیشتن و قسەکردنی لەگەڵ ئافرەتانی تری مەسیحی هەبوو.

مۆڵتکە لە وەسفی ئامەدا دەڵێت: ئامەد قەڵايه‌کی گرنگ و بەناوبانگ بوو، هەمیشە چەقی ململانێی نێوان ڕۆمان و فارسەکان بووە. دیوارە مەڕ مەڕییە ڕەشەکانی شارەکە شورایەکی پۆڵاین و بەرگریی بوون، دیوارەکە زۆر نەخشی هەڵکۆڵدراوی بە زمانی لاتین و یۆنانی و فارسی لەسەر هەبوون. تاوەرەکان بە مەودای هەشتا شەقام لەیەکتر دووردروستکرابوون، جێگای تۆپهاوێژیشیان تێدا دەبۆوە. قەڵا قایم و پتەوەکان تەواو جیاواز بوون لەگەڵ ئەو 15000 کۆڵیتە شڕوپڕەی لە دەوروبەری مزگەوت و میوانخانە و خانەکاندا هەبوون. زۆربەی مزگەوتەکان پێشتر کەنیسەی کۆنی مەسیحییەکان بوون. مولازم واڵپۆل (Lieutenant Walpole)زیاتر لە ڕووی سەربازییەوە باسی ناوچەکە دەکات:” دیاربەکر بە شورای بەرزی مەڕمەڕی ڕەش دەورەدراوە، کە لەوانەیە بارودۆخی ناتەندروستی به‌زۆری بەهۆی ئەوەوە بێت. بەهۆی ئەو تاوەرانەی بەدرێژایی قەڵاکە جێگیر کراون، شورە و دیواری قەڵاکە زیاتر تۆکمە و توندوتۆڵ کراوە. یەک دووانێکیان زۆر گەورەن، سپێری سەرقەڵایان پێدا هەڵواسراوە، لە نزیک ئەو دەروازەی پێیدا چوینە ژوورەوە، چەند دارتويه‌کی گەورەی لێ بوون، لەژێر سێبەری هەریەک لەو دارانە، بێکارەکان کۆببونەوە، جگەرەیان دەکێشا و قاوە و شەربەتی پڕ لە بەفراویان دەخواردەوە. ڕێک لەناو دەروازەکە، گومەزێک بەدیدەکرێت، لەژێریيەوە هەندێک مسوڵمانی شەهید کراوی ئەو شەڕانەی لەگەڵ مەسیحییەکان کراون، نێژراون. کوچە و کۆڵانی شارەکە لە شارە ڕۆژهەڵاتییەکانی تر پیس و پۆخڵ و وێرانتر بوون.”

ئەمەش تەواو پێچەوانەی ئەو دیمەنەیه‌ کە دو بیانچی(De Bianchi) وەسفی دەکات: ” شارێک بە باشترین شێوە لە تەواوی ئیمپراتۆییەتەکە دروستکراوە: شەقامەکانی فراوانن،بازاڕەکانی گەورە و فراوانن، شوێنی کۆنسۆڵخانەی ئینگلیزە.”

لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە:” وەک هەر شارێکی تری ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، دیاربەکر لە بارودۆخی پوکانەوە و فەوتاندا بوو… ئەو شارە مۆدێرنە تەنیا یەک لەسەر سێی ئەو شوێنەی لەنێو سنووری دیوارەکانی ڕۆماندابوون دەیگرتەوە. ئێوارەکەی پیاسەیەکمان بەنێو بازاڕ و  ڕاڕەو و کۆڵانە خوار و خێچەکانی و کەلاوە و پاشماوەی خانووە کۆنەکاندا کرد. لێرەو لەوێ هەندێک باخچە و باخ مابوونەوە، کە شوێنەواری شارە پێشکەوتوو و بە شورەتەکەی دیاربەکر بوون. شورای ڕۆمانه‌كان له‌ بارودۆخێكی قایم و پارێزراودا بوون، زۆر به‌زه‌قی پێچه‌وانه‌ی خراپی هه‌لومه‌رجی ناوه‌وه‌ی قه‌ڵاكه‌ بوون. تاوه‌ری گه‌وره‌ و زه‌خم به‌ دووريیه‌كی یه‌كسان له‌ یه‌كتر بنیاتنرابوون، چه‌په‌ر و شوره‌كان هێنده‌ ئه‌ستوور بوون، له‌ نۆ تا ده‌ پێ ئه‌ستوور تر بوون، له‌ناویاندا زنجیره‌یه‌ك ڕێڕه‌و و ژوور جێگایان كرابۆوه‌.”

له‌ كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌، فوئاد به‌گ موزه‌فه‌ر زایكۆوسكی(Fuad Bey Mouzaffer Czaykowski)، به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك پۆڵه‌ندی، پشكنه‌ری سه‌ربازی كێڵگه‌ی بەخێوكردنی ئه‌سپ له‌ ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی، بەمشێوە باسی شوێنەکە دەکات:” کۆشک و باڵەخانەی ئايينى لە دیاربەکر زۆر و هەمەجۆرن، نزیکەی ٢٨ مزگەوت و ٥ تەکیە و دێر و ٦ بارەگای قەشە و ١٢ کەنیسەی سەر بە تقوسی جیاواز و بازاڕێکی قەیسەری لێیە. ئەوەی بەڕاستی سەرنجی ڕاکێشام، ٤٣٠ ژمارەی ئەو کارێز و کانیاوانە بوو، کە ئاویان بۆ شارەکە دەگواستەوە، زۆربەیان زۆر کۆن بوون، هەیان بوو بەژێر خانووەکاندا تێدەپەڕی.”

ئەربیل (ناوە دێرینەکەی ئەربێلا، ناوە کوردییەکەشی هەولێر) بەکۆنترین شار لە جیهاندا دادەنرێت، کە تائێستا ژیانی تێدا به‌رده‌وام بێت. جیوسیپی کامپانیلی(Giuseppe Campanile) زۆر بەجوانی وێنای شارەکە دەکات:” ئەربیل،بەناوبانگترین شاری دێرینە لە مێژوودا، لە کۆندا ئەربێلا بووە. بەشوێنی تێکشانی داریۆش لەسەر دەستی ئەلیکساندەری گەورە ناسراوە. شارێکی جوان و ئاسوودە و فراوانە، لە قەڵا و دەشت پێکدێت. قەڵا لە بارێکی خراپدایە. چەند زەڕەنگەرێکی لێن، ئەوانیش ڕاستگۆ و دەستپاک نین. چەندین کارگەی دروستکرنی نەعل و پێڵاوی لێیە. لە ناوەڕاستی کانیاوێک هەڵدەقوڵێت، کار بە ئاشەکە دەکات، دواتر دەڕژێتە نێو ده‌شتەکە. چەند بازرگانێکی دەوڵەمەنی لێيە، خاوەن دوکانی قوماش و لۆکە و شتومەکی ترن. شارێکی زۆر دەوڵەمەند نییە. دەشت و دەری بە پیتی لێیە، بەڵام کشتوکاڵی تێدا نەکراوە،ئەگەرچی ئاوی چەند کانیاوێکیشی پێدا تێپەڕ دەبێت.

موتەسەلیمێکی لێیە، سەر بە وەزیری بەغدادە، پێشتر لەژێر دەستی پاشای بابانەکان بوو، سەر بە سلێمانی بوو. قەڵاکە نزیکەی ٥ هەزار کەسی تێدا نیشتە جێیە و،کورتەکیيەکان(kortakien)یش ژمارەیان ١٥ هەزار کەسێک دەبێت، ناوچەی دەسەڵاتیان بچووکە، لە زێی گەورەوە تاوەکو عەنکاوەیە، کە گوندێکی مەسیحی کلدانی کاسۆلیکەکانە. لە ڕووبارەوە تا عەنکاوە نۆ سەعات دوورە. هاوسنورە لەگەڵ ئەو ناوچەیەی کوردستان، کە بە سۆران ناسراوە. زمانەکەیان کوردیی و تورکێکی شڕوپڕە. ژمارەی چەکدارانی لە ٧٠٠ کەس تێەپەڕ ناکات.”

بەگوێرەی ڤیتاڵ کیونیت(Vital Cuinet) بێت، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، ژمارەی دانیشتوانی هەولێر ١١٦٠٠ مسوڵمان و ٤٠٠ جولەکە بووە. بە لای هیودە(Heude) هەولێر:” شارێکی پیس و پۆخڵ و بێ خزمەتە، قەڵایەکی ڕووخاو لە ناوەڕاستی دەشتایی، لەسەر گردێکی دەستکرد بنیاتنراوە. لەبەر چاوان لە پارچەیەک وێرانە و کەلاوە دەچێ، کە پێشتر لە دۆخێکی قایم و توند و تەواودا بووە. دانیشتوانەکەی کورد و عەرەب و مەسیحی و تورک و جولەکە و یەزیدین. بە پیشەسازی دروستکردنی بەتانی و پێخەفی ئەستور و قورس ناسراوە، بەشێوەیەکی وا دروست دەکرێن، بەرگەی شێ و تەڕی بگرن.” بەپێی گ. ئ. ئۆلیڤەر(G.A Olivier) بێت، دانیشتوانی شارەکە تا دوو هەزار کەس دەبوو، کە زۆربەیان لە کورد و کلدانی بوون.”

هەروەک لە پێشەکییەکە باسمان کرد، مارکۆ پۆلۆ(Marco Polo) دەڵێت شاری ماردین: ” بڕێکی باش لۆکەی لێ بەرهەم دێت، چەندین پیشەسازی کوتاڵی لۆکەی لێیە. دانیشتوانی شارەکە سنعەتکار و بازرگانن، شوێنکەوتەی پاشای تەتەرن.” ئیبن بەتوتەش(Ibn Battuta)  ده‌ڵێت:” شارێکی بەرفراوان و گەورەیە، دەکەوێتە سەر قەدباڵی چیایه‌ک، جوانترین و بەهێزترین شاری جیهانی ئیسلامییە، خاوەن جوانترین و دڵڕفێنرتین شوێنە. لەو شارە قوماشێک دەچنن، کە شارەکە پێی بەناوبانگە، ئەو قوماشە لە خورییەک دروست دەکرێت، کە بە مەرەزە ناسراوە. قەڵایەکی زۆر بەرز لەو شارە هەیە، بەدیارترین قەڵاکانی ناوچەکە دادەنرێت، دەکەوێتە سەر لوتکەی چیایەکە.”

پاش دوو سەدە هەمان وەسف لەلایەن بازرگانە نە ناسراوەکەی ڤێنیسیا دەکرێت (Anonymous Merchant of Venice):” شارە مەزنەکەی ماردین ڕووبەرەکەی چوار یان پێنج میل دەبێت، لەسەر چیایەکی زۆر بەرز بنیاتنراوە، لەسەر ئەو شاخە قەڵایەکە هەیە، بەسەر شارەکەدا دەڕوانێت، زۆر زەحمەتە بتوانیت لێرە تیروکەوان بهاوێژی. چێوەی بازنەکەی یەک میل دەبێت. ئەگەر لە ژێرەوە سەیری قەڵاکە بکەیت، ترس داتدەگرێت، لە ترسی ئەوەی نەبادا بەرد و تاشەبەردەکانی قەڵاکە بەسەرتدا بکەونە خوارەوە. ئەم شارە بە شورای سەخت و قایم دەورەدراوە، وەک پێشتر باسم کرد، دەکەوێتە سەر لووتکەی چیایەکی بەرز، لەوێش مزگەوت و کۆشکی جوان و سەرنجڕاکێش هەن. شوێنەکە زۆر دەوڵەمەند نیيە بە ئاو،چونکە لەو ناوچەدا ئاوی کانیاوەکان سوێر و کەمە. بەبێ ئەمە بە دڵگیرترین شار هەژمار دەکرێت لە دیاربەکر، چونکە کەشوهەوایەکی خۆش و گونجاوی هەیە.”

ژین باپتیستی تاڤەرنیر(Tavernier) هەمان سیناریۆ دەگێڕێتەوە: بە بیری دێتەوە یەکەم خێزانی پیترۆ دێلاڤالی،مانیی ئاشووری (Assyrian Maani) لە ماردین لەدایکبووە.ئەلیساندرۆ دو بیانچی(Alessandro De Bianchi) ئاماژە بەوە دەکات، دەڵێ هیچ ناوچەیەکی تری دەوڵەتی عوسمانی هێندەی ئەو ناوچەیە ئایینی جیاواز و فرە بیروباوەڕی بەئاشتی پێکەوە نەژیاون:” هیچ میللەتێک هێندەی ئەو خەڵکە نە خوێندەوارەی ئێرە هۆشیاری ئازادی بە پیرۆز نەزانیوە، زۆر لە نەتەوە شارییەکان ئەو غیرەتەیان نەبووە دانی پێدا بنێن. شارەکە بەشێوەی تەختاییەکی دەورەدراو بە لێژگە دروستکراوە، بۆئەوەی پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکە پێکەوە بژین. ئەمجۆرە ئەندازە لە بنیاتنانی شار، هەلومەرجی ڕەنگاوڕەنگی و فرەجۆری دانیشتوانەکە پێکهاتەی تەواو و گونجاون تا ماردین بە شارێکی زۆر تایبەت حساب بکرێت. لە ڕوانگەی مێژوويیەوە، بە قەڵایەکی سەخت دادەنرێت، چونکە هەرگیز داگیر نەکراوە.”

دۆمێنیکۆ لانزا(Domenico Lanza) دانیشتوانی شارەکە بە نزیکەیی 20000 کەس دەخەمڵێنێت، لەوانە ٣٠٠٠ هەزار کەسیان مەسیحین، تاڕادەیەک هەموویان کاسۆلیکن،کەمێکیشیان یاقوبین. ویلیەم هیودە(William Heude) هەمان هەڵسەنگاندن دەکات: ” دانیشتوانەکە لە مەسیحی و کاسۆلیک و نەستۆريی و ئەرمەنی و تورک وعەرەب و جولەکە و هەندێک بنەماڵەی پارسی پێکدێن، ژمارەکەشیان زیاتر لە 20000کەس دەبێت. دەڵێن مسوڵمانەکان لە دوو هەزار خانوو و نیشتەجێن و، مەسیحییەکانیش لە هەزار خانوو نیشتەجێن، کە سەر بە تایەفەی جیاوازن.” لە کۆتایی سەدەی ١٨،ئۆلیڤەر(Olivier) دەڵێت:” نزیکەی ٣٠٠٠ کوردی تێدا نیشتەجێیە، پێنج شەش هەزار عەرەب و تورک و پانزدە هەزار ئەرمەنی یاقوبی و، بە هەمان ژمارەش نەستورییەکانی لێيە،کە خاوەن قەشەی خۆیانن. نزیکەی بیست خێزانی جولەکەی لێ نیشتەجێیە.” بەگوێرەی جیوسیپی کامپانیلی (Giuseppe Campanile) بێت، دانیشتوانی ناوچەکە تۆزێک لە 40000کەس زیاترن، لەوانە پێنج هەزاریان مەسیحین، لەگەڵ ٣٠٠ کاسۆلیک. لە نیوەی دووەمی سەدەی ١٩، ماککۆوان ئاماژە بە دانیشتوانەکەی دەکات:” دانیشتوانی ناوچەکە خۆی لە 15000کەس نزیک دەکاتەوە، نیوەی زیاتریان مسوڵمانن، ئه‌وانى ديكه‌مەسیحیین (کەمێکیش جولەکەن)، سەر بە چوار پێنج تایەفەی جیاوازن.”

ئۆلیڤەر(Olivier) بە باشترین شێوە دۆخی ئابووری شاری ماردین وێنا دەکات:” هەندێک دار مێو و فستەقی لێیە، بڕێکی زۆر داری بادەم و گێلاس و ئاڵوباڵو و هەڵوژە و قۆخ و سێو و میوەی تری ئەورووپی لێ دەڕوێندرێت. ئەگەرچی ئەم ناوچە بەهۆی هەڵکەوتە بەرزەکەی لە زستاندا زۆر ساردە، بەڵام لە هاویندا زۆر گەرمە بەتایبەتی لە بناری چیاکە. لۆکە و کونجیش لەو شوێنە دەڕوێندرێت، تاڕادەیەکی باشیش گەنم و جۆی لێ دەدوورێتەوە.”

کامپانیلی دەڵێت: زەیتی زەیتون و هەڵوژەی وشککراو بۆ هەموو ناوچەکانی ژێری دەستی دەوڵەتی عوسمانی دەنێردرێت. بەگوێرەی عورف و عادەتەکان بێت، لەسەر لوتکەی چیایه‌کی بچووک، نزیک ئەو لوتکەیەی قەڵاکەی لێ بنیاتنراوە،پێغەمبەر ئیلیا بە گالیسکەیەکی ئاگری ڕەوانەی ئاسمان کراوە.”

شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەمتر لەلایەن گەڕیدەکانەوە باس کراون. لە نیوەی یەکەمی سەدەی ١٩، جەیمس ب. فریزەر باسی سەنەندج (ناوە کوردییەکی سنە)ی پایتەختی میرنشینی ئەردەڵان دەکات:” کوردستان وەک قسەی لێ دەکەن هەرگیز بە تەواوی نەکەوتووه‌تە ژێردەستی وڵاتی فارس، چونکە هەرچەندە هێز یان سیاسەت لەوانەیە وای لە هەندێک سەرۆک عەشیرەت کردبێت سەربە میرێک یان خێزانێکی دەسەڵاتداری تایبەت بووبن، بەڵام عەشیرەت و هۆزە شەڕکەرەکانی، زۆربەی کات سەربەستی و سەربەخۆيی خۆیان پاراستووە. لەو سەرکردانەی خۆیان بە  شوێنکەوتەی پاشای فارسەکان دادەنێن، میری ئەردەڵانە، کە بە یەکێک لە بەهێزترین میرەکانی ناوچەکە دادەنرێت. سنە، شارێکی دڵگیر و پێشکەوتووە،دەکەوێتە ناو دۆڵێکی قووڵ و، پڕاو پڕ لە ڕەز و باخ، هەروەها لێرە لە کۆشکێکی گرانبەها و بەنرخ لەسەر گردێکی ناوەڕاستی شارەکە، والی شارەکە لە بارودۆخێکی شاهانەدا دەژی، ئەگەرچی دەسەڵاتی پیاوسالاری پیادە دەکات. پیاوێکی لێزان و خاوەن عەقڵییەتێکی لیبڕاڵ و میواندۆست و خۆشەویستە.”

گەڕیدەکە لە یاداشتەکەیدا دەڵێت:” والی ئەردەڵان لە شوێنێکی شاهانە لە شاری سنە خاوەنی دیوەخانێکە، خاوەن دەسەڵاتێکی سەربازی گەورەیە.”

جۆرج ن. کورزۆن(George N. Curzon) لە کۆتایی سەدەی ١٩، لە باسی سنەدا دەڵێت:” ساوجبولاق ( ناوە کوردییەکەی ساوجبولاقە، لەڕاستيدا پێی دەگوترێت مەهاباد) ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٥٠٠٠ هەزار کەس دەبێت، پایتەختی خۆجێی کوردەکانی ئازەربایجانە. پارێزگارێکی کورد حوکمی ناوچەکە دەکات (سەربە پارێزگاری گشتی تەورێزە)، ئەوەی ئێستا ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات، ناوی سەیفەددین خانە(Saif-ed-Din Khan)، مرۆڤێکی ڕۆشنبیرە، زانیارییەکی باشی لە زمانی فەڕەنسی هەیە. میرنشینی ئەردەڵان یان پارێزگای کوردستان دەکەوێتە نێوان هەردوو پارێزگای ئازربایجان و کرمانشاه، زۆربەی زۆری دانیشتوانەکەی کوردی نا کۆچەریین، پایتەختەکەی شاری سنەیە، دەکەوێتە نێو دۆڵێکی کراوەی کشتوکاڵکراو. پارێزگاری ئێستای شاری سنە میرزا فەرهاد ناوێکە، کە ئامۆزای شایە، خاوەن کۆشکێکی گەورەیە،لەسەر گردێکی ناوەڕاستی شار. لێرە دوو کەتیبەی سەربازی کوردیی جێگیر کراون، ژمارەیان ٨٠٠ کەسێک دەبێت، لەگەڵ بنکەیەکی تۆپهاوێژ. تەنیا لەو سەردەمەی ئێستادا، پارێزگاکە بەتەواوی سەربە دەسەڵاتی مەرکەزییە. چەند سەدەیەک پێش ئێستا، سەرکردە سەربەخۆکانی عەشیرەتی گۆران لە بنەماڵەی ئەردەڵانەکان حوکمی ئەو ناوچەیان دەکرد، کە خۆیان بە نەوەی سەڵاحەدین دادەنا و، نازناوی والی ئەردەڵانیان لەخۆنابوو. کاتێک، ڕیچ سەردانی ئێرە دەکات (١٨٢٠)، والی،دەسەڵاتێکی تەواو سەربەخۆیی لە تاران هەبوو، وەک پاشا هەرێمەکەی خۆی بەڕێوەدەبرد. هەرچەندە لەكاتى مردنی وەک دواهەمین پیاوی بنەماڵەکە بەر لە ٣٠ ساڵ، شاه هەموو ئەو خزم و کەسانەی وەکو میراتگر مابوونەوە، لە حوکمکردن و میراتی بێبەری کردن، خانەوادەکەی بچووک کردەوە و، لە ڕێگەی دەستنیشانکردنی مامی وەک پارێزگار سەروەريی و دەسەڵاتی خۆی بۆ ناوچەکە گەڕاندەوە.”

بەدرێژایی سەدەی ١٩، گەڕیدە ئەورووپییەکان زۆر بە گەرموگوڕی وەسفی سولەیمانییە (ناوە کوردییەکەی سلێمانی یە) دەکەن. دۆمێنیکان جیوسیپی کامپانیلی لە یاداشتەکەیدا دەنوسێت:” فراوانترین و بەهێزترین و جوانترین میرنشین لە کوردستان، میرنشینی بابانە. میری ئەو میرنشینە نازناوی پاشای لە خۆناوە، ده‌سەڵاتی بەسەر دوو ناوچەدا دەشکێتەوە،بابان، ئەو شوێنەی لێی دەژی، قەڵاچۆلان، ئەو شوێنەی حوکمی لێ دەکات. زەویوزاری ئەو ناوچەیە لە بە پیترین و پڕ کشتوکاڵترین زەوییەکانن، ئەگەر لەگەڵ ناوچەکانی تری کوردستان بەراورد بکرێت.

دانیشتوانی ئەو شارە خاوێن و تەندروست و چالاک و خورت و دڵخۆش و بەکەیفن. یەکێک لە عادەتەکانی خەڵکی ئەو شارە،خواردنی چوار ژەم نانه‌ لە ڕۆژێکدا. خاوەن بە هێزترین و ئازاترین و چاونەترس ترین میللەتە، کە کوردستان شانازی پێوە بکات.”

دۆمێنیکان(The Domenican) باسی شێوازی دروستبوونی شارەکە دەکات، شارەکە ساڵی ١٧٨٩ لەلایەن ئیبراهیم پاشا وەک ڕێزیک بۆ سلێمان پاشای وەزیر لە بەغدا دامەزراوە. دۆمێنیکان تیشک دەخاتە سەر شارەکە و دەڵێت:” شەقامە سەرەکییەکانی شارەکە دەکەونە نێو دۆڵەکە. شارێکی زیندووە، بازرگانییەکی گەرموگوڕی لێدەکرێ. من ساڵی ١٨١٠ لەوێ بووم. دانیشتوانەکەی بە ١٥٠٠٠ کەس مەزەندە دەکرێت، شارێکی نوێ و هاوچەرخ، بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی هاتوچۆ، لە پێگەیەکی گونجاو و لەبار دادەمەزرێت. دانیشتوانەکەی ساڵ بە ساڵ ڕوو لە زیادبوونە، لەو دانیشتوانە، ٨٠٠ کەسیان جولەکەن، ١٠٠ کەسیشیان مەسیحیین، بەبێ ئەوەی خاوەن کەنیسەی خۆیان بن، لەوێ ژیان دەبەنە سەر.”

چیڤالیر تینکۆ مارتینوس لیکلاما نیژیهۆلت(Chevalier TincoMartinus Lycklama a Nijeholt) ڕایەکی تەواو جیاواز دەردەبڕێت:” سەرەڕای ئەوەی نازناوی پایتەختی کوردستانی وەرگرتووە، بەڵام بە بەراورد بە شاری سنە، شاری سلێمانی زیاتر لە قەراغ شار دەچێت نەوەکو شار، دەکەوێتە دۆڵێکی تەخت و وشک، بەهۆی دوو گەليیەوە جوداکراوەتەوە، زۆربەی کاتەکانی ساڵ بێ ئاوە، شارەکە دەکەوێتە بناری زنجیرە چیای گۆیژە، کە لە باکوور درێژدەبێتەوە تاکو باشوور، تەواوی ئەو ناوچە ئاووهەوایەکی وشکی هەیە، تەنیا پێگەی ستراتیژی ئەوەیە، شوێنی مانەوەی نوێنەری سوڵتانە لەم بەشەی کوردستان، لە سلێمانی ١٥ خێزانی جولەکەی لێیە، بەشەکەی تری دانیشتوانەکەی، کە بە شەش هەزار کەس دەخەمڵێندرێت،سوننە مەزهەبن، لەم شارەدا هیچ باسی مۆنیمێنت و گۆڕ و پاشماوەیەک ناکەم، شارەکە هیچیانی لێ نییە، تەنانەت شوێنی مانەوەی پاشاشی لێ نییە، کە شایەنی باس کردن بێت.”

ئەلیساندرۆ دو بیانچی(Alessandro De bianchi) خەڵکی ناوچەی سلێمانی بە کوردی دڵسۆز دادەنێت، هەر لە سەدەی نۆزدەوە بەدواوە ناوەندیی نەتەوایەتی و ڕۆشەنبیریی کوردی بووە، ئەلیساندرۆ دەڵێت:” کوردی دڵسۆز و ڕاستەقینەن، دابونەریتی باب و باپیرانی پالەويی و ئەشکانیان پاراستووە، لە تەواوی دەوروبەری سلێمانی دەژین، دەکەوێتە ناوەڕاستی بەرزترین و بە پیت و فەڕترین دۆڵەکانی کوردستان. ئەو خەڵکە پیشەیان کاری چەتەییە، تەنیا خەریکی ئەوەن چی تاڵان بکەن، هەمیشە خۆیان بەو کارە سەرقاڵ کردووە. بەگشتی لە ڕووی جەستەییەوە بەهێز و ئازا و ماندونەناسن، بەهۆی تیشکی خۆرەوە، پێستیان ڕەش هەڵگەڕاوە، ئەوەش وایان لێ دەکات زیاتر بە چەتە بچن. خاوەن عەقڵ و ژیری و کارمەیی و داهێنانن، نمونەی ڕەوش و سيفەتی نەتەوە ڕۆژهەڵاتییەکانیان هەڵگرتووە، لە تورکەکان و حاکمەکانیان زیرەک و ژیرتر دیارن.”

کاپتنی ئیتاڵی(Italian Captain) جەخت لەوە دەکاتەوە، کە سلێمانی:” دانیشتوانەکەی ١٥٠٠٠ کەس دەبێت، هەروەکو کۆیسنجەق تەواوی دانیشتوانەکەی کوردن، جگە لە هەندێک بنەماڵەی جولەکە و ئەرمەنی نەبێ کە بۆکاری بازرگانی دێن.”

لوسی گارنیت(Lucy Garnett) زۆر بە جوانی وەسفی خانووەکان دەکات:” لە سلێمانی پایتەختی کوردەواری،خانووەکانی باشترن و شێوەیان چوارگۆشەیە، یەک نهۆمین،نزیکەی سێ پێ لەسەر بناغە بنیاتنراون، بە خشتی وشککراو لەبەر ڕۆژ دروستکراون و، بە تێکەڵەی قوڕ و پوش و کا سواخ دراون. لە ناوەوە ژوورە گەورەکانیان بە گێچ ڕووپۆش کراون،میچە تەخت و پانەکانیان بە کاریتە ڕاگیر کراون، بە قامیش و خۆڵ داپۆشراون. خانووەکان بە شورا و پەرژین دەورە دراون، بەهۆی ڕێگەی پیادەی بەرینەوە حەوشەکە دەبێتە دوو بەش، لە کۆتایی نزیک ناوەند دەگەنەوە خانووەکە، بەشی پێشەوەی پێ دەگوترێت سەلەملیک-Selamlik (بەشێکە لە کۆشک و خانووی عوسمانییەکان، کە بۆ پیاوان تەرخانکراوە)، لە بەشێکی حەوشەکە، لە دواوەش پێ دەگوترێت حەرەملیکHaremlik-(ئەو بەشەیە لە خانووی عوسمانییەکان، کە تەنها بۆئەندامانی خێزان دیاریکراوە) لە بەشەکەی تری حەوشەکە.  لەژێر سێبەری دارچنار و بی و سورەچنار و توو، باخەکان بە فرێز و گژوگیا ڕازێندراونەتەوە، لەلایەکی تریشەوە کۆمەڵی گوڵەباخ لە دەوری باخەکە چێنراون و بە جۆگەلە ئاوی سەرچاوەی چیاکان ئاودێری دەکرێن، خانۆچکە سەرەکییەکان بە تەلار ناویان دێنن، ژوورێکی کراوەیە، خێزانەکان لە کەشوهەوای گەرم بۆ نووستن و دانیشتن بەکاریدەهێنن، تەنیا خەڵکە هەژارەکە نەبێ لەسەر بانەکان دەخەون. هەندێکیان لە ڕۆژە زۆر گەرمەکاندا، کە نزیکەی یەک مانگی پێدەچێت، لەژێر کەپر و سابات دەخەون، یان لەسەر تانکی حەوشە و ژێر خێوەتەکان دەخەون، تاوەکو خۆیان لە هێرشی کێچ بە دوور بگرن، دەڵێن کێچەکانی ئێرە زۆر لەوانەی تورکیا زلتر و ترسناکترن. لە ژووری سەلەملیک، کە هۆڵێکی فراوانە و ڕووناکیيەکی لێڵی هەیە، وەکو پەناگەیەکی فێنک وایە لە وەرزی هاویندا. ڕێڕەوێکی تاریک و دوورودرێژ بۆ ژوورەکانی زستانە دەچێت.

خانووە ئاساییەکان کۆلیتێکی لە قوڕ دروستکراون، ئەمەش شێوەیەکی وایان پێدەدات لە دیمەنی خانووی گوندی عەرەبەکان بچن. ئیشوکاری ناوماڵ لە شوێنە گشتییەکان دەکرێت. تەواوی خێزانەکە لە سەربانە تەخت و نزمەکان لەبەردەمی جیران و ڕێبواران دەخەون.”

ئورفە (ناوی کۆنی ئەدیسە) گرنگییەکی بەرچاوی لە سەرەتاکانی سەردەمی مەسیحییەت هەبووە. دۆمێنیکۆ لانزا(Domenico Lanza) دەڵێت:” تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ئورفە شارێکی گەورەیە، شارەکە بە شورای بەرز و بەردینی کۆن دەورەدراوە. لێرە، وەزیرێکی بەناوبانگ دەژی، دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە حوکمی ئەو ناوچە بەرفراوانە بکات. هەر لە سەرەتاکانی ئەم سەدەیەوە، ئەم شارە بووەتە خاوەن سەروەت و سامانێکی زۆر. مرۆڤ و سەرکردەی لە خۆبايی و بەفیز لێرە ژیاون، بوارێكى کەمیان داوەتە پاشا و سەرکردە بیانییەکان تا حوکم بکەن. لە سەرەتاکانی ئەم سەدەوە میرێکی زۆر زۆرزان و فێڵباز و باڵادەست دێتە ئەو ناوچەیە. بەهۆی بانگهێشتی ساختەوە فێڵیان لێدەکات و هەڵیاندەخەڵەتێنێت، هەموو ئەو سەرکردە و مرۆڤه‌ مەزنانە كۆدەکاتەوە و دەیانکوژێت. دواتر لەگەڵ شوێنکەوتووانی دەچێتە ناو شارەکە،ئەو سەرکردانی مابونەوە و لەگەڵ خەڵکێکی زۆر دەکوژێت. لەو ڕۆژە بەدواوە بەکەیف و ویست و ئازادی خۆی حوکمی ناوچەکە دەکات، تا دواهەمین شەڕ لە دژی ڕووسەکان.

هەرچەندە، شارەکە بەشێکی زۆری سامانی دێرینی لە دەستدا، لەگەڵ بەشێک لە دانیشتوان و خەڵکەکەی، کۆشک و خانووەکان بە بەهێزی ماونەتەوە، چونکە  لە بەرد بنیاتنراون،بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچیان شایەنی تێڕامان نەبوون. ئەوەی لەو شارە زۆر سەرنجی ڕاکێشام، ئەو حەوز و گۆماوە بوو، بەهۆی سەرچاوەی ئاوی کارێزێکی سازگارەوە ئاوی تێدا گلدەدرێتەوە، ئەو کانیاو و کارێزە بە (کانیاو و کارێزی ئیبراهیم) ناسراوە. گوایە ئەو کانیاو و کارێزەیە، کە پێغەمبەر ئیبراهیم لەپاڵيدا پشووی داوە. حەوزە ئاوەکە هێندە لەو شاخە بەردینانە دوور نییە، هەندێک لەو پارچە بەردە مەڕمەڕانە لەبەر چاوان دیارن.

لە بناری ئەو شاخە، مزگەوتێکی بچووکی تورکەکان هەیە، بە دیواری بچووک دەورەدراوە، لە نزیکیيەوە ئاوێکی زۆر هەڵدەقوڵێت. هەندێک لەو ئاوە بۆ ئاشی ئاوی بەکاردێت، بڕەکەی تری بۆ ئاودانی باخ و شینایی سەوزە و میوەکان بەکاردێت، ناوەوەی مزگەوتەکە تەخت و ڕاستە،سه‌رسوڕهێنه‌رترين شت، ئەو قەدە دارە گەورانەن، کە ناوەوەیان کلۆرە، تەنیا بەهۆی نیانە بەهێزەکانیان ڕاوەستاون. هەربۆیە خەڵکی ئەو ناوچەیە پێیانوایە ئەو دارانە هی سەردەمی ئیبراهیم پێغەمبەرن و، لەبەر فەزڵ و چاکەی ئەوە، کە تائێستا وشک نەبوون. ژمارەی ماسى لەو ئاوەدا سەرسوڕهێنەرە، هەر هەندە لەتکە نانێک بخه‌یتە ناو ئاوەکە، ژمارەیەکی بێشوماری ماسییەکان خڕدەبنەوە و تەواوی ڕووی ئاوەکە دادەپۆشن. ماسییەکان هەموویان لەیەک جۆرن،هەندێکیان قەبارەیان یەک باسک دەبێت. تورکەکان ماسی ڕاوناکەن، ناشهێڵن مەسیحییەکان ڕاوى بکەن، دەڵێن ڕێگەپێدراو نییە ئەو ماسییە بخۆی، هەرچەندە لە غەفڵەت و بێ ئاگایيدا، هەندێک جار مەسیحییەکان ڕاوی ماسییەکە دەکەن و دەڵێن زۆریش خۆش و بەتامە.

ژمارەیەکی زۆر لە مەسیحییە یاقوبییەکان لەو شارەدا دەژین،هەر کۆمەڵە و ناوچەیەک مەترانی خۆیان هەیە. لە كۆتايىگه‌شته‌كه‌مدا، هێندە دوور نا لەو شارە، تێبینی ئەوەم کرد ئەشکەوتێکی زۆر لە شێوەی کانە بەرد لەو شاخانەدا هەڵکۆڵدراون، پرسیارم لە کەسێکی کاسۆلیکی کرد، بۆچی هەڵدەکۆڵن و سوودی چیە، ئەویش وتی پێش دروستکردنی ئەو شارە، هەزارەها ئەشکەوتی لەو جۆرە لەو شاخ و بەردانەدا هەبوون، ئێستا ئەو ئەشکەوتانە بۆ پاراستنی بەفر بەکاردێن، لە وەرزی هاوینشیدا بە نرخێکی هەرزان دەیفرۆشن.”

ڤۆن مۆڵتکە(Von Moltke) باسی مێژووی مەسیحییەکانی ئورفا دەکات، پێش هێرشی عەرەب هزر و وێنای مەسیح بۆماوەی چەندین سەدە لە بیر و هۆشی خەڵکەکە پارێزراو بوو.بەگوێرەی کارلیلی ماککۆوان(Carlile Mccoan) بێت،ژمارەی مسوڵمانەکان بە 50000 کەس، ئەرمەنی و یاقوبی و جولەکەکانیش بە 10000 کەس دەخەمڵێندرێت. لەلایەکی تر ئۆلیڤەر(Olivier) سێ لەسەر چواری دانیشتوانی ناوچەکە بە عەرەب و کورد و تورک دەخەمڵێنێت، ئەوانی تریش جولەکە هەژار و ئەرمەنییە دەوڵەمەندەکانن.

زانای فەڕەنسی ڕۆشنايی زياتر دەخاتە سەر هەندێک لایەنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەکە:” خانووەکانی شاری ئورفە لە بەرد و وردەبەرد بەتوندی و قایمی بنیاتنراون، خانووەکان نزمن و هەیوانێکیان لە پێشەوە هەیە. لە ناوەڕاستی کوچە و کۆڵانەکان جۆگە ئاوێکی دووسێ پێ پان دەڕژێت و، خۆڵ و خاشاکی تێدا خربۆتەوە، لەملا و لەولا دوو ڕاڕەوی دروستکردووە، تا ڕادەیه‌ک خاوێن و لەبارن بۆ پەڕینەوەی ڕێبواران.

هەرچی لە شارەکانی ئیمپراتۆڕییەتی عوسمانی هەبێت، لێرە دەیبینین، بە بەراورد بە ژمارەی ئەو کەنیسانەی لە شارە کاسۆلیکیيەکانی ئەورووپا هەن، لێرە ژمارە مزگەوتەکان زیاترن. ئورفە تەنیا شارێکی ئاسایی نییە، بەڵکو شارێکە بڕێکی چاکی فاسۆلیا و لۆبیا و نۆک و قوماشی لۆکە لە بەرهەمی لۆکەی ناوچەکە لێ دەنێردرێتە شارەکانی تر، هەروەها بەکاری زیوگەڕيی و خشڵ بەناوبانگە. لێرە چەرمێکی زۆرباشی مەڕاکیشی دروست دەکرێت، لە ڕێی حەلەب و دیاربەکره‌وه‌ بۆ سوریا و ئاسیای بچووک دەنێردرێت. لێرە پارەی کانزايی و مەدالیای سەردەمی پاشای ئەبگارەکان(Abgar) هەن، ئەو پارچە بڕۆنزیيانە کەم پارێزگاريیان لێکراوە و ناسکن زوو دەشکێن، لەو جۆرە پارچانە، هی سەردەمی سەلجوقییەکان زۆر کەمن، بەڵام زۆر جوانترن، ژمارەکی زۆر لەو مەدالیا زیويیانەمان دیتن، زۆر جوانتربوون، باشتر پارێزراو بوون، هەروەها هەندێک مەدالیای زیوینی سەردەمی ئیمپراتۆريه‌تى ڕۆمانییەکانیش لێرە هەن، دراوی کانزایی سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی بیزەنتی و خاچ پەرستەکان و عەرەبەکان لێرە زۆر بەربڵاون. جارجارە چەند کیسەیەک لەو پارە کانزایانە دەهێنن، بەرامبەر فرۆشتنی یەک دووان لەو پەڕەشووتانە چەند پارچە مەدالیایه‌ک و دراوێکمان پێ دەدەن.”

شاری وان لە زۆر یادەوەری دێرینی مێژوویيدا ناوی هاتووە، بازرگانه‌ نەناسراوەکەی ڤێنیسیا(Anonymous Merchant of Venice) دەڵێت:” لەو قەڵایە پاشایەکی کورد دەژی بەناوی زیدی بێک (Zidibec)، ئەو پاشایە کەسێکی لە خۆباییە،  لە ناوچە شاخاويی و چیاييه‌کاندا خاوەنی چەندین قەڵا و تاوەرە، سکەی دراوی زێڕ و زیو و مس لێدەدا. زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکە ئەرمەنن، بەڵام لەناو قەڵاکە تەنیا کورد دەژی. ئەم شوێنە نزیکەی یەک میل لە دەریاچەی وانەوە دوورە،کە سەرچاوەی چەندین جۆری خۆراکە.” هەروەها ژین باپتیستی تاڤێرنیر(Jean-Baptiste Tavernier)یش دەڵێت:زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکە ئەرمەنن. بەهۆی پێگەی جوگرافی و ستراتیژییەکەی پۆلێت (Poullet) هێزی سەربازی بە نزیکەی شەش حەوت هەزار کەس دەخەمڵێنێت.

لە نیوەی دووەمی سەدەس ١٩، جۆن ئوشەر(John Ussher)بەمشێوەیە باسی شاری وان دەکات:” ئێستا ئەو شارە بریتییە لە چەند کۆڵیتێکی لە قوڕ دروستکراو، زۆر زەحمەتە بە خانوو دایان بنێی، دانیشتوانی شارەکە بیست و پێنج تا سی هەزار کەس دەبێت، زۆربەیان ئەرمەن و تورک و کوردن. کۆشک و خانووی کۆن لەنێو شارەکەدا نەماون، جگە لە یەک دوو کەنیسەی زۆر کۆنی ئەرمەنییەکان نەبێت بەناوی قەشە پۆل و پیتەر. کوچە و کۆڵان و بازاڕەکانی زۆر تەسک و پیس و پۆخڵن، خانووەکان نزمن، میچەکانیان تەختن، بە چینێکی ئەستوری قوڕ داپۆشراون و بە گەچ سواخ دراون بۆئەوەی بەرگەی سەرمای زستان و گەرمای بەتین و کورتی هاوین بگرێت. حامیەی شارەکە لە 20000 پیاو پێکدێت، فەرماندەی ئەو حامیە لەهەمانکاتدا پارێزگاری تاوەرەکەشە و دەسەڵاتی سەربەخۆیە لە پاشا.”١١٣*

جوگرافیازانی بەریتانی باسی هەندێک شوێنەواری کۆنی شاری وان دەکات، لەوانە نوسینی بزماری، کە بە فەرمانی زرکسیس (Xerxes) لە شاخەکانی بەردەم شارەکەدا هەڵکۆڵدراون. ئەفسانە و سەربوردەی زۆر لەوبارەوە وتراون، ئەورووپییەکانیش لەوبارەوە لێکۆڵینەوەی زۆریان کردووە.” خەڵکە ڕەسەنەکەی هەندێک جار دەگەنە ئەو باوەڕەی، کە سەروەت و سامانێکی زۆر لەژێر ئەو نوسینە بزماریانەدا حەشار درابن.”*١١٤

مەیجەر فریدێریک میلینگن(Major Frederick millingen)دەڵێت: ئەو شارە خاوەن کەلتوور و شارستانییەتێکی کۆنی ئەرمەنییەکانە، بەبێ ئەوان شوێنەکە لە بەهەشتی عەدەنەوە بۆ چۆڵ و بیابان دەگۆڕدرێت. زەوییەکان بە کۆشش و ڕەنجی جووتیارە ئەرمەنییەکان کێڵدراون. ئەو جووتیارانە زەوی و ڕەز وباخەکانی دەشتەکانی وان و دوڵ و شیوی ڕۆخ دەریاچەکە دەکێڵن و دەچێنن. پیشەسازی بازرگانییە بچووکەکان بە هەوڵ و ڕەنجی ئەرمەنەکانە. هەر ئەوانن کۆشک و دیوار و خانووەکان دروست دەکەن و بەرز دەکەنەوە. ئاسنگەر و زیوگەرو زیندروو و بەرگدروو و پێڵاودروو پیشەی ئەرمەنییەکانن. هەر ئەوان خاوەنی هەموو جۆرە دوکان و خانەیەکن، هەر لە بازرگانییە بچووکەکانەوە بگرە تا ئیشوکارە گەورە و مەزنەکان و سەرمایە و بانقەکان. لێرەدا ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرهەیە، کەنابێت بشاردرێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە تەنیا بازرگان و کاسبە ئەرمەنەکان هاوبەشی چالاکن، ئەو سەرمایەی کە ئەوان ئیشی پێدەکەن هی مسوڵمانەکانە، قازانجەکەشیان لەگەڵ مسوڵمانەکان نیوە بە نیوەیە. پیشەی ماسیگريی و دەریاگەرى لە سەرتاسەری ئەرمینیا بەدیدەکرێت”.

سەرچاوە و پەراوێز

GALLETTI، M. (2001). KURDISH CITIES THROUGH THE EYES OF THEIR EUROPEAN VISITORS. OrienteModerno، 20 (81)، 109-148. Retrieved June 15، 2021، from http://www.jstor.org/stable/23073421

– ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ژماره‌ (32)گۆڤاری خاڵ  بڵاوكراوه‌ته‌وه‌..

سەنتەری زەھاوی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply