وتار

ئەمانەتى زانستیی و دەستپاکى لە نوسیندا

خواى پەروەردگار وەکچۆن بە شێوە و شکڵ مرۆڤەکانى جیاواز ئەفراندووە، لە زانست و ئاوەز و ئەزموون و هزریشدا بە هەمان شێوە، هەریەکە و خاوەنى ئاست و توانای جۆربەجۆر و تایبەت بە خۆیەتى.

سروشتیش وایە هەمیشە مرۆڤەکان پێویستییان بە یەکترى هەیە و کەس لە ئەویتر بێ نیاز نییە، بە تایبەت بوارى زانستیی، کە هەر بابەت و بوارێک لەنێوان پسپۆڕانیدا دەستا و دەست و ئاڵوگۆڕ دەکات و، دواجار هەمووان پێکەوە و بە چەند قۆناغێک وێناى  تەواوى تابلۆ زانستییەکە دەنەخشێنن.

لەو نێوەندەشدا ئەوەى گرنگە هەریەکەیان ڕێز لە هزر و بیرى ئەویتر بگرن و بەرز بینرخێنن، وە مافی خاوەندارێتیی هەر یەکەیان بە قەبارە و پشکى خۆی بپارێزن. تایبەت ئەوانەى قاڵبووى کایەی شەرع و زانستە شەرعییەکانن، زیاتر لە هەر کەسێکی دی مەحکومى ئەم ئەرک و ئەمانەتەن.

لێ بەداخەوە ئەم بابەتە لەلایەن زۆرێک لە نوسەر و توێژەر و گوتاربێژەکانەوە فەرامۆش کراوە و، کەمتەرخەمى زۆرى تێدا دەکرێت، وە دەتوانین وەک یەکێک لە گرفتەکانى خوێندن و نوسین لەم سەردەمەدا بیناسێنین. تا ئەو ئاستەی هەندێک بە نەنگی بزانێت گوتە و پەند و زانیارییەکان بگێڕێتەوە بۆ سەرچاوە و خاوەنە ڕاستەقینەکەی، کە سەرەنجام دزى و خیانەتى زانستی لێ دێتە بەرهەم.

ئەمەش کارێکى ناڕەوا و ناشیاوە، دەقەکانى شەریعەت و، فەتواى زانایانیش بە توندى ڕەتى دەکەنەوە. تایبەت بۆ ئەو کەسانەى دەیانەوێت خۆیان وەک زانا و هزرەوان و نوێگەر بناسێنن و، بە بەرگى زانستەوە خۆیان نمایش بکەن. لەو بارەیەوە پێغەمبەرى خۆشەویست (دروودى خوداى لەسەر بێت) هەڕەشەى توندى هەیە و، دەفەرموێت: «الْمُتَشَبِّعُ بِمَا لَمْ يُعْطَ كَلاَبِسِ ثَوْبَىْ زُورٍ». رواه الشيخان. واتە: ئەو کەسەى خۆی بە تێر و پڕ پیشان دەدات لە شتێکدا کە نييەتى و پێی نەبەخشراوە، وەک ئەوە وایە دوو پۆشاکى درۆینە و ساختەى لەبەر کردبێت.

بەم پێیەش ئەو کەسەى هەر جۆرە زانست و زانیارییەک کە زادەى هەوڵ و هەڵێنجانى خۆی نییە، بەڵام بە ناوى خۆیەوە دەیناسێنێت و بڵاوى دەکاتەوە، وەکو فریودەر و چەواشەکار و خیانەتکار دێتە هەژمار و، لەسەرى سزابار دەبێت.

زانایان و پێشەوایانیش (ڕەحمەتى خودا لەسەریان بێت) لەو بارەیەوە قسەی ورد و بەجێیان کردووە. یەک لەوانە (سوفیانى سەوری)یە، کە دەفەرموێت: ((إنَّ نِسْبَةَ الْفَائِدَةِ إلَى مُفِيدِهَا مِنْ الصِّدْقِ فِي الْعِلْمِ وَشُكْرِهِ، وَإِنَّ السُّكُوتَ عَنْ ذَلِكَ مِنْ الْكَذِبِ فِي الْعِلْمِ وَكُفْرِهِ)). كشف الخفاء ومزيل الالباس عما اشتهر من الاحاديث على ألسنة الناس، للعجلوني: ١/ ٢٥٣. الجواهر والدرر، للسخاوي: ١/ ١٢٠. مواهب الجليل في شرح مختصر الشيخ خليل: ١/ ٦. واتە: گێڕانەوەى قسە بۆ خاوەنەکەى ڕاستگۆییە لە زانستدا و، سوپاسگوزارییە بەرامبەر بە خاوەنەکەى، بێ دەنگ بوون و ناونەهێنانيشی درۆيە لە زانستدا و بێ وەفاییە.

هەروەها پێشەوا (نەوەوى)، دەفەرموێت: ((ومن النصيحة أن تضاف الفائدة التي تستغرب إلى قائلها، فمن فعل ذلك بورك له في علمه وحاله، ومن أوهم ذلك وأوهم فيما يأخذه من كلام غيره أنه له، فهو جدير أن لا ينتفع بعلمه ولا يبارك له في حال. ولم يزل أهل العلم والفضل على إضافة الفوائد إلى قائلها. نسأل الله تعالى التوفيق لذلك دائما)). بستان العارفين، للنووی: ٤. واتە: بەشێک لە دڵسۆزى ئەوەیە هەر سوود و زانیارییەکى نامۆ بگێڕرێتەوە بۆ خاوەنەکەى، كە هەر کەس ئەمە بکات بەرەکەت دەکەوێتە زانست و ژیانیەوە، هەر کەسێکیش وا نەکات و، ئەوەى وەریدەگرێت نەیداتەوە پاڵ بێژەر (یاخود نوسەرەکەى)، وە واى پیشان بدات کە هى خۆیەتى، ئەوە شیاو نییە سوود لە زانستەکەى وەربگیرێت و بەرەکەت بکەوێتە ژیانییەوە. بەردەوامیش زانایان و گەورەپیاوان گوتەکانیان گێڕاوەتەوە بۆ خاوەنەکانیان. لە خودا دەپاڕێینەوە بەردەوام کۆمەکمان بێت بۆ ئەو کارە.

کەواتە بەشێک لە نهێنى مانەوە و بڵاو بوونەوە و پیت و فەڕی زانست و بەرهەمە زانستییەکانی زانایانى پێشوو، ئەوە بووە هەر جۆرە زانست و بۆچوون و ئەندێشەیەک کە بەرهەمى خۆیان نەبووە، گێڕاویانەتەوە بۆ خاوەنەکەى و، بە بێ هیچ شەرم و نەنگییەک، هاوشان لەگەڵ ناوهێنانیان بە شکۆمەندى، نزاى خێریشیان بۆ کردوون. واتە: گرنگى ئەو ئەمانەتە زانستییەیان ڕەچاو کردووە و، لێبڕان و شەونخونى و بەرى ڕەنجى دڵسۆزانى پێش خۆیان نرخاندووە.

بۆ نمونە یەک لەو شاکارە جوان و ناوازانەى نێو پەرتوکخانەى ئیسلامى، تەفسیرە بە پێزەکەى پێشەوا (قورتوبی)ە (ڕەحمەتى خوداى لێ بێت). کە یەکێک لە هۆکارەکانى پشت مانەوە و بڵاوبوونەوەى ئەوەیە وەک خۆی دەفەرموێت: بە مەرجى گرتووە هەموو گوتەکان بداتەوە پاڵ بێژەرەکەى و، هەموو فەرمودەکانیش بۆ ئەو سەرچاوەیەى لێى وەرگرتووە؛ چونکە گوتراوە: بەرەکەتى زانست گێڕانەوەى تێز و تێچێنەکانە بۆ وێژەرەکەى. ((وشرطي في هذا الكتاب: إضافة الأقوال الى قائليها، والأحاديث الى مصنفيها. فإنه يقال: من بركة العلم أن يضاف القول الى قائله)). تفسير القرطبي: ١/ ٣.

خۆ بێگومان زانایان هیچ باکیان بەوە نەبووە و نییە ناویان بهێنرێت و ستایش بکرێن لەسەر ئەوەى پێشکەشیان کردووە، بەڵکو ئەوە ویژدان و وەفا و بەهاى بەرزى ئیسلامیی و مرۆیی و زانستییە، دەخوازێت ئێمە پێزان و سوپاسگوزار بین بۆیان و ناوى باشیان بهاوینە سەر زار و ڕووپەڕی کاغەز.

وەگەر نا، گەورە زانایەکى وەک پێشەوا (شافیعى)، بێ منەت و بێ نیاز بووە لەوەى ناوى بهێنرێت و ستایش بکرێت. وەک فەرمویەتى: ((وَدِدْت أَنْ لَوْ أُخِذَ عَنِّي هَذَا الْعِلْمُ – يعني كتبه – مِنْ غَيْرِ أَنْ يُنْسَبَ إلَيَّ مِنْهُ شَيْءٌ)). حلية الأولياء، أبو نعين الأصبهاني: ٩/ ١١٨. معرفة السنن والآثار للبيهقي: ١/ ١١٩. تحفة المحتاج في شرح المنهاج: ١/ ٢١٤. هەروەها فەرمویەتى: ((وددت أن كل علم أعلمه تعلمه الناس، أؤجر عليه ولا يحمدونني)). حلية الأولياء، أبو نعيم الأصبهاني: ٩ / ١١٩. المجموع، للنووی: ١/ ١٢.

محمد مه‌لا محمود تاوگۆزی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply