وتار

ڕاجیایی نەک ڕێ جیایی ئەدەبی ڕاجیایی (اختلاف) لەپەروەردەیی ئیسلام دا …

 

گومانی تێدا نیە لەبنەڕەتدا خودا مرۆڤەکانی جیاواز دروستکردوە، لە ڕەنگ و ڕەگەزو نەتەوەو زمان و نەریت و هەتا دوایی … بەو مانای یەکێک لەو بنەمایانەی مرۆڤ لە بونەوەرەکانی تر جیادەکاتەوە، خاڵی فرە جۆری و فرە جیاوازیانە، ئەگینا کەوێک هەمان کەوی ترە لەخوێندن و لە ئارەزوو تاڕادەیەک لەشکڵیش، بۆیە ویستی خودا لە بەدیهێنانی مرۆڤ ئەوەیە نابێت هەمویان بەیەک شێوە بیربکەنەوەو تێڕوانیان بۆ ژیان یەک شێوە بێت، وەک لەقورئاندا دەفەرموێت : [ وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ لَجَعَلَ النَّاسَ أُمَّةً وَاحِدَةً وَلَا يَزَالُونَ مُخْتَلِفِينَ ].
واتە: [خۆ ئه‌گه‌ر په‌روه‌ردگارت بیویستایه ئه‌وه هه‌موو خه‌ڵکی ده‌کرد به‌یه‌ك تاقم و کۆمه‌ڵ و بەیەک جۆر یرکردنەوە) (به‌ڵام) به‌رده‌وامیش ئه‌و خه‌ڵکه جیاوازن له‌نێوانی یه‌کتردا له ئایین و به‌رنامه و بۆچووندا ] .
یان دەفەرموێت [ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّلْعَالِمِينَ ] .
واتە: [ جیاوازی زمان و ڕه‌نگتانه (ده‌نگی هیچ که‌س له که‌سی تر ناکات، سه‌ره‌ڕای سه‌ده‌ها جۆر زمان، که جۆری قسه‌کردن و داڕشتنی هه‌ر گه‌لێك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، جگه له هه‌زاران شێواز که له‌و زمانه سه‌ره‌کیانه ده‌بێته‌وه‌)، به‌ڕاستی ئا له‌و دیارده‌یه‌شدا به‌ڵگه‌و نیشانه‌ی زۆر هه‌یه بۆ زانایان و شاره‌زایان].

کەواتە ڕاجیایی بەدرێژای مێژووی مرۆڤایەتی هەر هەبووەو هەردەشمێنێت و وە خودا زانایە بە پێکهاتەی مرۆڤەکان، وە ڕاجیایش بە چارەسەری هەندێک لە کاروباری ژیانیان دەزانێت، بۆیە لەقورئانی پیرۆزیش دا بەئاگامان دێنێتەوە کە دەقە قوارئانیەکان هەندێکیان تەنها قابیلی جێبەجێ کردنن ( محکم) هەندێکیان جێگەی مشت و مڕی مرۆڤەکانن ( متشابە)، وەک دەفەرموێت :
[ الَّذِي أَنزَلَ عَلَيْكَ الْكِتَابَ مِنْهُ آيَاتٌ مُّحْكَمَاتٌ هُنَّ أُمُّ الْكِتَابِ وَأُخَرُ مُتَشَابِهَاتٌ فَأَمَّا الَّذِينَ فِي قُلُوبِهِمْ زَيْغٌ فَيَتَّبِعُونَ مَا تَشَابَهَ مِنْهُ ابْتِغَاءَ الْفِتْنَةِ وَابْتِغَاءَ تَأْوِيلِهِ وَمَا يَعْلَمُ تَأْوِيلَهُ إِلَّا اللَّهُ وَالرَّاسِخُونَ فِي الْعِلْمِ يَقُولُونَ آمَنَّا بِهِ كُلٌّ مِّنْ عِندِ رَبِّنَا وَمَا يَذَّكَّرُ إِلَّا أُولُو الْأَلْبَابِ ] .
واتە: [ ئه‌و خوایه زاتێکه که قورئانی بۆ سه‌ر تۆ (ئه‌ی محمد (صلی الله علیه وسلم) نارده خواره‌وه‌،
“به‌شێک له ئایه‌ته‌کانی دامه‌زراو و پایه‌دارو ڕوون و ئاشکران ئه‌وانه بنچینه‌و بناغه‌ی قورئانه‌که‌ن”
“وە هه‌ندێکی تریشی واتای جۆراوجۆر هه‌ڵده‌گرن و به ئاسانی نازانرێن” جا ئه‌وانه‌ی که له دڵیاندا لاری و لادان هه‌یه‌، حه‌ز له حه‌ق و ڕاستی ناکه‌ن، ئه‌وانه شوێنی ئه‌و ئایه‌تانه ده‌که‌ون که مانای جۆراو جۆر و فراوانیان هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی فیتنه و ئاشوب و ناکۆکی و دووبه‌ره‌کی دروست بکه‌ن، یان بۆ ئه‌وه‌ی لێکدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی بۆ هه‌ڵبه‌ستن، له حاڵێکدا که لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و جۆره ئایه‌تانه هه‌ر خوا خۆی به ته‌واوی ده‌یزانێت، جا ئه‌و که‌سانه‌ی که‌له زانستدا ڕۆچوون ده‌ڵێن: ئێمه باوه‌ڕی دامه‌زراومان به‌هه‌ر هه‌موو (ئه‌و ئایه‌تانه‌)هه‌یه که له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارمانه‌وه‌یه و فه‌رمایشی ئه‌وه‌، (له‌ڕاستیدا) بێجگه له خاوه‌ن بیر و ژیره‌کان یاداوه‌ری وه‌رناگرن و بیرناکه‌نه‌وه له‌م قورئانه‌] .

لێرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت وەک چۆن پەروەردگار هەندێک شتی بۆ ناردوین داوامان لێ دەکات نەیخەینە بەر بۆچوونی جیاواز وەڵامەکەی لەلای پەروەردگار بڕاوەتەوەو مەحکومین بە جێ بەجێکردنی لەبابەتی بیرو باوەڕو (عقیدە) ، وە بەهەمان شێوەش شت گەلێکی بە بێ وەڵام بۆ ناردوین، بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بە پشت بەستن بەعەقڵ لۆژیک بتوانن ڕاستی و دروستی وەڵامەکانی بدۆزنەوە، ئەمەش زاناو نەزان لێک جیادەکاتەوە، وە دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانی “ڕاجیایی” .

هەربۆیە ڕاجیایی لەفەرمودەکانی پێغەمبەر ﷺ نیشانکراوەو بۆمان گوازراوەتەوە، ئەوەتا لەفەرموودەیەکی (صحیح مسلم)ـدا هاتووە، کاتێک ( عبداللەی کوڕی مسعود) لەمەرسیمی حەجدا لە خزمەت ( عوسمانی کوڕی عەفان)ـدا حەجی دەکرد،
عوسمانی کوڕی عەفان ووتی: لێرە نوێژ کۆناکەینەوە (جمع) ناکەین و هەموو نوێژەکان لەکاتی خۆیاندا دەکەین، عبداللەی کوڕی مسعود ووتی: ئەی عوسمان ئەم کارەی تۆ دەیکەیت موخالفی عەمەلی پێغەمبەر ﷺ و کۆدەنگی زانایانی اصحاب و هاوەڵانە، بەڵام عوسمانی کوڕی عفان هەر بەگوێی نەکردوو نوێژەکەی خۆی کرد، ” کاتێک عوسمان نوێژی دابەست عبداللەی کوڕی مسعود نوێژی بەدوایەوە کردوو لەسەر ئەو ڕاجیاییە گرفتی دروست نەکرد، تەنانەت هەندێک لەچواردەورەکەی وتیان ئەی عبداللە کاتێک دڵنیایی پێچەوانەی عەمەلی پێغەمبەر ﷺ بۆ دەیکەیت ..؟

عبداللە لەوەڵامدا ووتی: ( الخلاف شرُ ) پاشان ووتی ئێستا من بەتەنها نوێژ بکەم خەڵکانێک دوام دەکەون و تفرق و خیلاف و ڕاجیایی و بشێوی دروست دەبێت.
” دیارە لە عەرەفەدا لەمینا لە مزدەلیفە ڕێگەدراوە بە کۆ دەنگی زانایان کە جمع لەوێ دروستە، تەنانەت حەنەفییەکان کە هەر جەمعیان پێ دروست نیە لــەوێ پێیان دروستە.
لە صحیحی بوخاری دا هاتووە، جارێک (مالیکی کوڕی ئەنەس) کە یەکێک بوو لە هاوەڵە نزیکەکانی پێغەمبەر ڕەجمی جیمارات چۆن دەکرێت..؟ لەوەڵامدا دەڵێت: پێغەمبەر ئاواکردی بەڵام ئەگەر حەج بکەیت پێشەواکەت چۆن کردی ئاوا بیکەو خۆتی لێ جیامەکەرەوە.
ئیمامی (بەیهەقی) دەگێڕێتەوە کاتێک ئیمامی شافیعی خوێندکاری ئیمام مالیک بوو، دەڵێت: کابرایەک هات بۆلای ئیمامی مالیک کە مامۆستی شافیعیە، ووتی:
تڵاقێکم خواردووە کە تەیرێکم هەیە هەمیشە دەخوێنێت،
ئایا تەڵاقەکم کەوتووە ..؟
ئیمامی مالیک دەڵێت: لەکاتی خواردنیشدا تەیرەکە دەخوێنێت ..؟ کابرا دەڵێت نەخێر ئیمام مالیکش دەڵێت تەڵاقەکەت کەوتووە، کابرا دەگەڕێتەوە لەڕێگادا ئیمامی شافیعی پێ دەگات و هەمان پرسیار لەویش دەکات، ئیمامی شافیعی لەوەڵامدا دەڵێت تەڵاقەکەت نەکەوتووە.

لەڕاستی دا چەندان نمونەی تر لە ڕاجیایی هەبووە وەک ڕووداوی (بنی قریضه) و ڕاجیایی نێوان خاتوو عائیشەو هاوەڵان و ئەوانی تر، بەڵام وتەی مەبەست ئەوەیە کە لە ئەدەبی پەروەردەی ئیسلامیدا لەبری ئەوەی ڕاجیایی بنەبڕبکرێت فێردەکریت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت،
یەکێکە لەو خاڵە ئەرێنیانەی کە لە ڕاجیاییدا پێی دەگەیت، ئەوەیە بەتەواوی دەتگەیەنێت بەحەقیقەتی شتەکان، هەربۆیەش پێناسەی خودی (پەروەردە) بەلای بیرمەندانی موسڵمانەوە بریتییە لە ( الوصولُ شئ الی الكمالهِ) کەواتە اختلاف و ڕاجیایی یەکێکن لەڕەکیزە گرنگەکانی کامڵ بوون.

شتێک گرنگە بیڵێین ئەوەیە: زۆرێک لە نوسەرو ڕۆشنبیر فۆرم و پێناسەی ڕاجیایی (اختلاف) بــە ( ضـــد ـ دژ) دەچوێنن، لەکاتێکدا ئیسلام بەچەمکی حەرام و حەڵاڵ تەمیزی دژەکان دەکات، لێرەدا “فەیروزی ئابادی” قسەیەکی جوانی هەیە، سەبارەت بەوە دەڵێت:
( كل ضدین مختلفان، ولیس كل مختلفین ضدین)، واتە:( هەموو دژێک پێچەوانەو جیاوازن، بەڵام هەموو جیاوازێک دژ نین) .
پێویستە هەمووان ئەوا بزانین کە ڕاجیایی لەبنەڕەتدا “مرۆڤ بوونی” مرۆڤەکان دەسەلمێنێت، پێویستە لەکاتی (اختلاف)ـدا بەجوانترین شێوازو پەروەردەی پەسەند مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەین.
لە قوڵای لێتوێژینەوە بۆ پەروەردەی ئیسلامی هەرگیز نەبووە ڕاجیایی ڕێ جیایی دروست بکات.

ئەکبەر غەریب ئەحمەد

Leave a Reply