وتار

هەڵە باوەكان بۆ ڕاڤەى بەشێك لە ئايەتەكان

[إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً]

چوارەم

[إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً]

لە ڕاڤەی ئایەتى ژمارە (٣٠)، سورەتى پیرۆزى (البقرة): [وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً قَالُوا أَتَجْعَلُ فِيهَا مَنْ يُفْسِدُ فِيهَا وَيَسْفِكُ الدِّمَاءَ وَنَحْنُ نُسَبِّحُ بِحَمْدِكَ وَنُقَدِّسُ لَكَ قَالَ إِنِّي أَعْلَمُ مَا لَا تَعْلَمُونَ]. دەگوترێت: خودا مرۆڤى کردووە بە جێنشینى خۆی لەسەر زەوی. بەڵام لە بنەڕەتدا ئەم واتایە مەبەست نییە و پەروەردگار مرۆڤی وەک جێنشین بۆ خۆی بڕیار نەداوە، وەکو بۆمان ڕوون دەبێتەوە.

وشەی (خلیفە) لە زمانى عەرەبیدا، هەروەکو لە سەرچاوەکاندا هاتووە، واتە: مرۆڤەکان هەندێکیان جێگەى ئەوانى دیکەى پێش خۆیان دەگرنەوە، چین لە دواى چین و سەدە لە دواى سەدە . كەواتە ئەوەی لە دواى ئەويتر دێت لەبرى ئەوەى پێش خۆیەتى و، لەجياتى ئەو بە کارەکان هەڵدەستێت و جێبەجێیان دەکات .

هەرکام لەم ئایەتانەش ئەم واتایە پشتڕاست دەکەنەوە: [وَهُوَ الَّذِي جَعَلَكُمْ خَلَائِفَ الْأَرْضِ وَرَفَعَ بَعْضَكُمْ فَوْقَ بَعْضٍ دَرَجَاتٍ]. الأنعام: ١٦٥. [إِنْ يَشَأْ يُذْهِبْكُمْ وَيَسْتَخْلِفْ مِنْ بَعْدِكُمْ مَا يَشَاءُ كَمَا أَنْشَأَكُمْ مِنْ ذُرِّيَّةِ قَوْمٍ آخَرِينَ]. الأنعام: 133. [ثُمَّ جَعَلْنَاكُمْ خَلائِفَ فِي الأَرْضِ مِنْ بَعْدِهِمْ لِنَنْظُرَ كَيْفَ تَعْمَلُونَ]. سورة يونس: 14. [آمِنُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ وَأَنْفِقُوا مِمَّا جَعَلَكُمْ مُسْتَخْلَفِينَ فِيهِ]. الحديد: 7. [فَالْيَوْمَ نُنَجِّيكَ بِبَدَنِكَ لِتَكُونَ لِمَنْ خَلْفَكَ آيَةً]. يونس: 92. [فَخَلَفَ مِنْ بَعْدِهِمْ خَلْفٌ أَضَاعُوا الصَّلَاةَ وَاتَّبَعُوا الشَّهَوَاتِ]. مريم: 59. وەکو دەبینین ئایەتەکان بە ڕوونى واتاى چەمکى (خەلیفە)یان داوە بە دەستەوە.

بەم پێیەش جێنشینایەتى کردنى مرۆڤ بۆ خودا واتایەکى ناشایستە و نەگونجاوە؛ چونکە جێنشینایەتى لە دۆخێکدایە کە ئەسڵەکە ئامادە نەبێت، یاخود مردبێت. لە کاتێکیشدا خودا بە هیچ جۆرێک دانەبەزیوەتە سەر زەوى، ئیدی چۆن لەدواى خۆی کارەکانى ڕادەستی مرۆڤ دەکات؟!! هەروەها هیچ کارێکیشی بە ناتەواوى لەسەر زەوی جێنەهێشتووە، ئیدی چۆن تەواوکردنیان دەداتە دەستی مرۆڤ؟!! کەواتە واتاى مەبەست لە ئایەتەکە ئەوەیە پەروەردگار پێشتر جنۆکەى لەسەر زەوى نیشتەجێ کردووە، دواتر مرۆڤى وەک جێگرەوەى ئەوان داناوە بۆ ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبردنى زەوى . وەگەرنا ناوبردنى مرۆڤ وەک جێنشینی خودا گوناهـ و سەرپێچییە؛ چونکە خودا نە دەمرێت و، نە ون دەبێت، تاکو جێنشینی بۆ دابنرێت .

هەر لەبەر ئەمەش بوو کاتێک بە پێشەوا (ئەبو بەکر، خودا لێی ڕازى بێت) گوترا: ئەى خەلیفەى خودا ! پێی ناخۆش بوو، فەرمووى: من خەلیفەى خودا نیم، بەڵکو خەلیفەى پێغەمبەرى خودام (سەلامى خوداى لەسەر بێت) .

کەواتە ناوهێنانى مرۆڤ وەک جێنشین بۆ خودا ناڕەوا و نادروستە، مەگەر تەنها بە مەبەستى کاربەدەستیکردن و دەسەڵاتگرتنە دەست، کە لەم ڕووەوە خودا مرۆڤی کردووە بە خاوەن هێز و دەسەڵات لەسەر زەوى، بۆئەوەى وەکو وەکیلێک لە برى هەمووان کارەکانى نێوان خۆیان ڕابپەڕێنن . لەم دۆخەشدا دەبێ بگوترێت: جێنشینی خودا (خلیفة الله)، نەک جێنشین لەبری خودا (خلیفة عن الله).

وەک هەڵاواردنێک و بەدەر لەم واتا و حوکمە گشتییەى ڕابوورد، هەریەک لە پێشەوا (مەناوى ) و (بەغەوى ) و جگە لەوانیش لەسەر ئەو ڕایەن کە دروستە بە هەریەک لە حەزرەتى (ئادەم و داود، سەلامى خودا لەسەریان بێت) بگوترێت: جێنشینی خودا، ئەویش بە خەسڵەتى جێبەجێکار و گەیەنەر و ڕاگەیەنەرى دین و شەرع، کە پەروەردگار خۆی ئەم ئاوەڵناوەى بۆ نیشان کردوون، وەک سەبارەت بە حەزرەتى (ئادەم) دەفەرموێت: [إنِّي جَاعِلٌ في الْأَرْضِ خَلِيفَةً]. وە دەربارەى حەزرەتى (داود) دەفەرموێت: [يا دَاوُد إنَّا جَعَلْنَاك خَلِيفَةً في الْأَرْضِ]. وە جگە لەم دوو پێغەمەبەرە بە هیچ کەسێکى دیکە ناگوترێت: خەلیفە و جێنشینى خودا.

لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو ئەنجامەى بڵێین: ئەوە خودایە جێنشین و خەلیفەی بەندەکانییەتى -بە واتاى چاودێر و پارێزەر-، نەک بەندە جێنشین و خەلیفەى خودا بێت. وەک لەم (دوو) فەرمودە شیرینەدا هاتووە: «اللَّهُمَّ أَنْتَ الصَّاحِبُ فِى السَّفَرِ وَالْخَلِيفَةُ فِى الأَهْلِ» . هەروەها فەرمودەى: «وَاللَّهُ خَلِيفَتِي عَلَى كُلِّ مُسْلِمٍ» .

محمد مه‌لا محمود تاوگۆزی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply