وتار

هەڵە باوەكان بۆ ڕاڤەى بەشێك لە ئايەتەكان

[مَا فَرَّطْنَا فِي الْكِتَابِ مِنْ شَيْءٍ]

هەڵە باوەكان بۆ ڕاڤەى بەشێك لە ئايەتەكان

يەكەم: [مَا فَرَّطْنَا فِي الْكِتَابِ مِنْ شَيْءٍ] 

پەروەردگارمان دەفەرموێت: [وَمَا مِنْ دَابَّةٍ فِي الْأَرْضِ وَلَا طَائِرٍ يَطِيرُ بِجَنَاحَيْهِ إِلَّا أُمَمٌ أَمْثَالُكُمْ مَا فَرَّطْنَا فِي الْكِتَابِ مِنْ شَيْءٍ ثُمَّ إِلَى رَبِّهِمْ يُحْشَرُونَ]. الأنعام: 38..

لە سۆنگەى ئەم ئايەتە پيرۆزەوە، بەشێك لە مسوڵمانان، بەڵكو ژمارەيەك لە زانا و بانگخوازەكانيش وەهاى ڕاڤە دەكەن كە قورئانى پيرۆز گشت شتێكى باس كردووە و هەموو بابەت و بوارێكى لەخۆگرتووە. بەلاَم ئەمە تێگەييشتنێكى سەرپێيي و ڕواڵەتييە؛ چون كاتێك دەگەڕێينەوە بۆ سەرچاوە ڕەسەن و متمانەدارەكانى تەفسير، بۆچونى جياواز و جۆربەجۆر دەبينين، جيا لەوەى بلآو و باوە. ئێمە پاش گەڕان و پشكنيني زۆرێك لە سەرچاوەكانى تەفسير، لەم (شەش) خاڵەدا هەموو ڕايەكانمان كورت و كۆ كردەوە، بەو هيوايەي بەرچاوڕوونى بێت بۆ تێگەييشتنێكى دروست لە ئایەتەکانی قورئانى پيرۆز.

بۆچونى يەكەم: خاوەنانى ئەم بۆچونە پێيان وايە مەبەست لە وشەى [الكتاب] قورئانى پيرۆزە، كە وردەكارى هەموو شتەكانى لەخۆگرتووە .

بۆچونى دووەم: پێي وايە مەبەست لە [الكتاب] قورئانى پيرۆزە، كە وردەكارى ئەحكامە تەكليفييەكانى لە خۆگرتووە و بەس ، نەك وردەكارى شتەكانى ديكە. ئەمەش بۆچونى هەندێك لە ڕواڵەتگەراكان و، بەشێك لە زانايانە .

بۆچونى سێيەم: پێى وايە مەبەست ئەوەيە قورئان هەموو ئەحكامە تەكليفييەكانى لە خۆگرتووە، بەلآم بە هاوكارى سونەت، كە بەشێكە لە وەحى. بەم پێيەش مادام هەركام لە قورئان و سونەت سەرچاوەكەيان سروش (وەحى)ە، کەوایە وەكويەك تەماشا دەكرێن و، سونەتيش بە تەواكارى قورئانى پيرۆز دێتە ژمار. وەك پێغەمبەرى خۆشەويستمان (درودی خوای لەسەر بێت) فەرمويەتى: ((إني أوتيت القرآن ومثله معه)) .

بۆچونى چوارەم: خاوەنى ئەم بۆچونە پێي وايە: مەبەست لە [مَا فَرَّطنَا فِي الْكِتَابِ مِنْ شَيْءٍ] چيرۆكى لەناوچونى گەلانى پێشووە، كە لە قورئانى پيرۆزدا باسكراوە، بۆ ئەوەى مسوڵمانان پەند و وانەى لێ وەربگرن .

بۆچونى پێنجەم: خاوەنانى ئەم بۆچونە دەڵێن: مەبەست لە وشەى [الْكِتَابِ] قورئانى پيرۆز نييە، بەڵكو مەبەست لەوحولمەحفوزە (واتە: أم الكتاب) كە هەموو وردەكارييەكانى گەردونى تێدا تۆمارە . ئەمەش بۆچونى پێشەوا (ئيبن عەباس)ە، (خودا لێي ڕازى بێت) . هەروەها بۆچونى زۆرينەى پێشەوايانى ئەهلى تەفسيرە، وەك: (تەبەري ، قورتوبي ، ئيبن جەوزى ، شەوكانى ، خازن )، ڕەحمەتى خودايان لێبێت.

بۆچونى شەشەم: بە گوێرەى ئەم بۆچونە، مەبەست لە وشەى [الكتاب] نە قورئانى پيرۆزە، نە لەوحولمەحفوز، بەڵكو مەبەست نامەى كردەوەى مرۆڤەكانە، كە هەموو ورد و درشتێكى تێدا تۆمارە. بە بەڵگەى ئەوەى خواى گەورە لە كۆتايي ئايەتەكەدا دەفەرموێت: [ثم إلى ربهم يحشرون] . بەم پێیەش وشەی [الكتاب] لە ئایەتەکەدا، هەمان واتای [الكتاب]ی هەیە لە ئایەتی: [وقالوا ما لهذا الكتاب لا يغادر صغيرة ولا كبيرة إلا أحصاها]. بەوەى ڕابوورد، بۆمان دەردەكەوێت كە ئەم دوو بۆچونەى كۆتايي لە رۆحى قورئانەوە نزيكترن، هەروەها لەگەڵ واقيع و سياقي ئايەتەكەدا گونجاون، وە زۆرينەى زانايانيش پەسەندى دەكەن. خودايش زاناترە.

محمد مه‌لا محمود تاوگۆزی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply