توێژینەوە

ڕێسای پەروەردەی هەرێمی کورستان و مەرامە نیۆلیبڕالیەکان

پێشەکی

لەم نووسینە شیکارییە، نیەتمە ئاماژە بە ڕەنگدانەوەی چەند مەرامێکی نیۆلیبڕاڵی لە ڕێسای پەروەردەی هەرێمی کوردستان-عێراق بکەم. بۆ ئەمەش سوود لە سێ چەمکی دیاری بواری لێکۆڵینەوەی پەروەردەیی وەردەگرم و وەکو ئامرازێکی شیکاریی بەکاریان دەهێنم کە ئەوانیش ‘جیهانگیری’ و ‘بەئەوروپاییکردن’ و ‘بەنێودەوڵەتیکردن’ن. سەرەتا ‘نیۆلیبرالیزم’ وەکو چەمکێک دەناسێنم و ئەو شوێنانە دەستنیشان دەکەم کە لێیەوە دەستلەملانی مەجال و مامەڵە پەروەردەییەکان بووە. پاشان، باس دەخەمە سەر جیهانگیری (عەولەمە) وەکو وەسیەلەیەکی هاوچەرخ بۆ بە پایانگەیاندنی و پەرشکردنی ئەم مەرامە نیۆلیبرالیانە، لەکۆتاییدا هەردوو چەمکی‘بەنێوەدەوڵەتیکردن’ و ‘بەئەوروپاییکردن’ بەکاردەهێنم بۆ دەستنیشانکردنی ئەو پرۆژە و ڕێسا پەروەردەییانەی هەرێمی کوردستان کە بەرجەستەکاری مەرامە نیۆلیبرالیەکانن و وەکوو نموونەی زیندو و کارای نیۆلیبرالیزم لە پرۆسەی پەروەردەی فەرمی هەرێمی کوردستان دەستنیشانیان دەکەم.

بەڵام پێمخۆشە لە سەرەتا چەند چەمکێک کە لە درێژەی ئەم نووسینە دووبارە دەبنەوە، پێناسە بکەم. بە نموونە چەمکی ڕێسای پەروەردەکە پێی مەبەستم (Education Policy) زمانی ئینگلیزیە و لە زمانی عەرەبی و کوردی بە ‘سیاسەتی پەروەردە’ پێناسە کراوە. بەڵام من پێم باشە لە جیاتی ‘سیاسەت’ی پەروەردە ‘ڕێسا’ی پەروەردە بەکاربێنم، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە ‘سیاسەت’ وەکو وشە لەنێو عەوامی ئێمە بە ‘حیزبایەتی’ لکێنراوە، لەگەڵ ئەوەش دەمەوێ خۆم لەو لێتێکچون لە نێوان policy و politics ڕزگار بکەم کە لە زمانەکانی کوردی و عەرەبی دیسان بە ‘سیاسەت’ وەرگێڕدراون. جا من لێرە مەبەستم (Education Policy) ە کە بە ڕێسای پەروەردە وەریدەگێڕم، کە ئەویش بە جۆرەها شێواز و لە پەنجەرەی جیاجیاوە پێناسە کراوە. بەڵام من مەبەستم پێی هەمو ئەو بنەما، و یاسا (قانون) و ڕێبەریی و ڕێبەندانەیە کە دەستەیەکی خاوەن دەسەڵات دەریدەکات بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمێکی پەروەردە.

هەروەها، وشەی ‘گشتی’م لە جیاتی ‘حکومی’ بەکارهێناوە. بە نمونە دەڵێم ‘قوتابخانەی گشتی’ یا ‘کەرتی گشتی’ لە جیاتی ‘قوتابخانەی حکومی’ و ‘کەرتی حکومی’. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە من باوەڕم وایە هەروەک چۆن حکومڕان و دەسەڵات و بەڕێوەبەران پێکهاتون لە خەڵک، بەهەمان شێوەش حکومەت و دەسەڵات و بەڕێوەبردن لە پێناو خەڵکە. واتە ئەم دوانە بەرامبەر یەکتر نین بەڵکو لەگەڵ یەکترن. دوو دەستەی دژیەک نین، بەڵکو هاوڕێ و هاوشان و هاکاری یەکترن. یەک ئەوەیتر ناچەوسێنێتەوە بەڵکو هۆکاری خزمەتی یەکترن. جا بەم پێیە بێت، هیچ دەستەیەک نابێتە خاوەنی موڵکێک، بەڵکو هەموشتێک هی هەمووانە (گشتە). بۆیە لای من حکومەت خاوەنی قوتابخانە و پەروەردە نییە تاوەکو قوتابخانە ‘حکومی’ بێت، بەڵکو قوتابخانە و پەروەردە هی گشتە و بۆ گشتە. جا من لێرەوە بە ‘قوتابخانەی گشتی’ یا ‘کەرتی گشتی’ ناویان دێنم. لەوانەیە بپرسی جا بەم پێیە بێت جیاوازی‘کەرتی تایبەت’ چییە؟، من دەڵێم جیاوازیەکەی لە ناوەڕۆکی ئەم نووسیەنەیە. لەگەڵم بەردەوام بە.

1. دونیای نیۆلیبراڵ و بە کەرەستەکردنی پەروەردە

نیۆلیرالیزم لە دیدی فیۆنا پاتریک (Patrick, 2013)، بریتییە لە “ئایدیۆلۆژیایەکی بەهێز و زاڵی سیاسی کە ئامانجی گواستنەوەی کۆنترۆڵی ئابوورییە لەچنگی حکومەتەوە بۆ بازاڕی تایبەت” (لا٢). لە چوارچێوەی فکری نیۆلیرالیزم، بازاڕ دەبێتە بنەمای بنچینەیی بۆ بڕیارە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. بەمەش زەمەنی نیۆلیبراڵ زەمەنێکە گشت کایە و لایەنێکی ژیانی مرۆڤ بە کەرەستە دەکات و وا دەکات بازاڕ و سەرمایە لە کەشوهەوای هەر مامەڵەیەکی سیاسیی و هەر قوژبنێکی کۆمەڵگای مەدەنی باسی سەرەکی بێت. لە بەکەرەستەکردنیان، ئەدگارێکیان پێبدەبەخشێ کە قابیلی کڕین و فرۆشتن بن. ستیڤن بۆڵ (Ball, 1998) بە دوو وشە ناواخنی نیۆلیبرالیزممان بۆ دەخاتە بەردەم کە بە ‘ئایدیۆلۆژیاکانی بازار’ ناوی دەبات. لەمەش ئەولاتر و بەگوێرەی دیدی ڕۆهیت چۆپرا (Chopra, 2003) بێت، ئەم مەوجی نیۆلیبرالیزمە لە گوتارێک و کردەی هەژمونیی دەرچوە و بوەتە عەقیدەیەکی مناقەشەهەڵنەگر، بەشێوەیەک کار دەکات وەک ئەوەی حەقیقەتی بێ لەکە بێت.

لە ئێستادا بە دوورونزیک هەموو دەستتێوەردانێک لە ڕێسای و پرۆگرامی پەروەردەیی، و ئەرک و ماف و بەرپرسیاریەتی ئەکتەرە پەروەردەییەکان مەرامێکی بازاڕیی و بە کەرەستەکردنی لە پشتەوەیە. مەعریفە (وەکو ناوەڕۆکی مەنهەج) و ئەکتەرە پەروەردەیەکانیش (بە تایبەتی مامۆستا و فێرخواز) نوێنەری سیمبولیی شتومەک و کەلوپەلن. لە دیدی هەردو کۆمەڵناس و بیرمەندیی پەروەردەیی نیوزلەندی (, 2014 Michael A. Peters و James Reveley), ژیری هەریەک لە کارەکتەرە پەروەردەییەکان (کە ئەوان بە کرێکاری مەعرفیە ناویان دەنێن) گرنگترین سەرچاوەی بەرهەمهێنانن لەم دونیا نیۆلیبرالە. پێیان وایە، یەکەی بەرهەمهێنان لە ناخی تاکەکانی کۆمەڵگا دایە، بۆیەڕۆڵی قوتابخانەکان بریتییە لە پێگەیاندنی ئەم تاکانەو گەشەدان بە ژیری و توانستەکانیان  بۆ گەشەسەندنی سەرمایەی مرۆیی. کەواتە بەهای مەعریفە لەم جۆرە دونیابینیە، لە بەکارهێنان و قابیلی بەکارهێنانی مرۆڤە بۆ پەرەدان بە سەرمایەی مرۆییوڵات. ئەم زەمەن و دیاردەیەش لە ئاستی ناوخۆیی و سنوری وڵات تێپەڕیوە و بوە بە دیاردەیەکی جیهانی کە جیهانگیری (گلۆبالیزم یاخود بەگلۆباڵکردن، هەروەها بەنێودەوڵەتیکردن و بە ئەورپیکردن) وەکو میکانیزمێک بووە بە وەسیلەی بەئەنجامگەیاندنی ئەم مەرامە نیۆلیبرالیانە. دواتر دەگەڕێێنەوە سەر بابەتی جیهانگیری.

لێکۆڵینەوەی زۆر هەن (بە نموونە Ball, 2009; Robertson et al. 2012; Verger, Fontdevila, and Zancajo 2017) سەلمێنەری ئەوەن کە پەروه‌ردە لە زەمەنێکی نیۆلیبڕالی وەکوو ئەوەی ئێستامان، بە کەلوپەل کراوە. واتە پەوەردەش وەکوو هەر یەکێکی تر لە خزمەتە کۆمەڵایەتی و ناکۆمەڵایەتییەکان بەهایەکی ماددی هەیە بۆ کۆمەڵ، و لایەنە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیەکەی پەروەردەی وەلا ناوە. بە نمونە، توانست و کارامەیی مامۆستایەک کە بتوانێ وانە بەشێوەیەک بڵێتەوە ئاسان بێت بۆ تێگەیشتن یا ئەوەتا ببێتە هۆی ئەوەی قوتابیەکانی نمرەی بەرز بهێنن، ئەم توانست و کارامەییەی وا دەکات ئەم مامۆستایە وانەی تایبەت بڵێتەوە. یا ناوەندی پەروەردەیی تایبەت ڕاوی دامەزراندنی دەکەن. نرخی وانەی تایبەتی هەر مامۆستایەکی ئاوا دەکەوێتە سەر ئەم ‘کارامەیی و توانست’ەی بۆ بەرزی نمرەی قوتابیەکانی. نرخی وانەوتنەوە بەرزترە، گەر مامۆستایەکی کارامەتر بێ. بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەربارەی ئەم دیاردەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر دەگمەنن یا هەر نییە! (من خۆم تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەک ئەکادیمی زانستیم نەبینیوە لەم بارە).

بەگوێرەی لێکۆڵەر و پیتۆڵانی ڕێسا و سیاسەتی پەروەردە (Rizvi, F., & Lingard, B., 2009)گۆڕانێکی جیهانی هەیە کە بەهای پەروەردە لە بەرئەنجام و بەرهەمە بازاڕیەکەی دەدۆزێتەوە. ئەمەش وا دەکات زۆر بەئاسانی بەها نیۆلیبرالیەکان بە باشترین شێوە لە پرۆژەی بەتایبەتکردنی پەروەردە خۆی تەجەللا بکات. لە گوتاری ڕێسای پەروەردەییش (بە نمونە لە وتار و قسەکانی وەزیری پەروەردە و سەرۆکی حکومەتان) ئەمەش جەخت کردنەوەیە لەسەر بنیاتنانی سەرمایەی مرۆیی وڵات گوایە بازاڕی نوێ،مەعریفە و زانیاری و کارامەیی تازەی پێویستە بۆ ئەوەی وڵات بتوانێ بگاتە ئاستی ئابووری جیهان و پێشبڕکێش بکات. یەکێ لە پرۆژە هەرە دیارەکانی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کە نوێنەرایەتی ئەم جۆرە دونیابینیە دەکات و هەڵگری بەها و ناسنامەی زەمەنێکی نیۆلیبرالیە، پرۆژەی یاسای قوتابخانە تایبەتیەکانی ساڵی ٢٠١٢ی پەڕلەمانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو. ئەوەی ئەم یاسایە بەدوای خۆیدا هێنا، لێشاوێکی زۆری بێ چاودێرییقوتابخانەی تایبەت و سەنتەری تایبەتی فێرکردن بون. یەکێ لە ئامانجەکانی ئەم یاسایە  ڕەخساندنی زەمینەیەک بو “بۆ کێبەرکێ لە بواری پەروەردە و فێرکردن بە مەبەستی پەرەپێدانی ئاراستەی گەشەپێدانی مرۆیی و داهێنانی زیاتر لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن لە چوارچێوەی بەرنامە و سیستەمێکی نوێدا”. جگە لەمە، ئەم یاسایە  بوو بە هەلێک بۆ بازرگانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی بۆ دروستکردن و بنیاتنانی بزنسی پەروەردەیی کە ئەمەش لە چوارچێوەی ‘قوتابخانەی تایبەتی بیانیی’ و ‘قوتابخانەی  تایبەتی نێودەوڵەتیی’ ناو یاساکە خۆیان دەبینیەوە. نموونەیەکی تری ئەم مەرامە نیۆلیبرالیانە لە پەروەردەی هەرێمی کوردستان (بە تایبەتی لە خوێندنی باڵا) بەرهەمهێنانی گوتارێک و واقیعێکی ناچاریی وایە کە بابەتە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان دەکرێنە قوربانیی مەرامە ئابووریەکان. لە وادەی دەچونی پۆلی ٢٠١٧ی زانکۆی سەلاحەدین، ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاریی ئەم زانکۆیە بە شانازیی و متمانەوە پێشنیاریی لابردنی جەند بەشێكی خوێندن دەکات، گوایە ئەم بەشانە یاخود ئەم جۆرە مەعریفەیە، بە قسەی خۆی “هەست دەکەم بازاڕی کاری نییە” (ئیبراهیم حمەڕەش، حوزەیران ی ٢٠١٧). د. ئیبراهیم حمەڕەش ئەم بەشانە بە نموونە دێنێتەوە (مێژوو، و فەلسەفە، و زمانی عەرەبیی، و خوێندنی ئیسلامیی)، و داوا دەکات “زانکۆکان جورئەتی ئەوەیان هەبێ دایانخەن”. ئەم جۆرە لە ووتار و پێشنیارە بەرهەمی کەش و گوتارێکی ئاوای وەکوو نیۆلیبرەلیزمە. جا گەر لە زاری دەسەڵاتبەدەستێکەوە بێت، ئەمە بە کرداربوونی ئەم بەهایانە. جا دەکرێ لێرە بپرسین، فکری ئاوا چۆن خۆی لە شوێنکاتی کوردیی ڕۆژهەڵاتی دۆزیوەتەوە؟ بۆ ئەمە پێویستە باس بخەینە سەر جیهانگیری. کە لەم بەشەی خوارەوە درێژەی پێدەدەم.

2. جیهانگیریی و سەفەری ئایدیۆلۆژیا

بەدرێژایی مێژوو، دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان، بزاوتی ئایینی، یاخود هێڵ و کاری بازرگانی، هەریەکەیان بەشێوازی جیاجیا ڕێبازی تابیەت و هەمەجۆری بەکلتورکردن و فێرکردن و فێربونی لەگەڵ خۆی هێناوە. هەرە دیارەکانیان ئەوانەی سەدەکانی ١٩م و ٢٠من، ئەو کاتەی دەسەڵاتە داگیرکارەکان (کۆلۆنی) سیستەمە پەروەردەییەکانی رۆژئاوایان بە جیهاندا گواستەوە. بەڵام پەروردە لە ناوەڕاستی سەدەی ٢٠مەوە بوو بە بابەتێكی جیهانی بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان. دامەزراندنی یونێسکۆ وبڵاوکردنەوەی جاڕی جیهانی مافی مرۆڤسەردەمێكی نوێیان بۆ ڕێسا و سیاسەتی جیهانی دەستەبەرکرد کە لەم ڕێیەوە ئاسانکاریی بۆ ڕێکخراوی جیاجیا و زلە و زۆروزەبەند کرا تاوەکو کاریگەریی بخەنە سەر سیستەمە پەروەردەییەکان و ستانداردی جیهانی بۆ پەروەردە دامەزرێنن (Mundy, Green, Lingard, & Verger, 2016). بەمەش سەردەمێکی نوێی زادە و دەستەمۆی هزر و ئایدیۆلۆژیای جیاجیا دەرئەنجامی  جیهانگیری (عەولەمە) بوون. وای لێهات هەرچی ڕیفۆرمی پەروەردەیین بوون بە بەرسڤێکی ناچاریی ئەم سەردەمە نوێیە. بەڵام ‘جیهانگیری’ چییە؟ لێرە پێویستدەکات پێناسەی جیهانگیری بکەین. من نامەوێ لەم نووسینە بچمە ناو گەنگەشە جیاجیاکان دەربارەی جیهانگیری  و ڕەهەندەکانی. بەڵکو، بە پشتبەستن بە پێناسەکەی دەیڤد هێڵد (Held, D. 1999) بەردەوامی بە گەنگەشەی ئەم بابەتە دەدەم. بەپێی بیروڕای دەیڤد هێڵد، جیهانگیری؛

پرۆسەیەک (یاخود چەند پرۆسەیەک)ە کە بەرجەستەکاری وەرچەرخانێکە لە پەیوەندی و مامەڵە کۆمەڵایەتییەکان. ئەو پەیوەندی و مامەڵانەش بە درێژمەودایی و چڕیی و گوڕ و کاریگەریەکانیانەوە هەڵدەسەنگێنێ. لەگەڵ ئەمەش چەندان ڕێڕەو و تۆڕی چالاکی، و کارلێکردن، و بەکارهێنانی هێز لە شوێنکاتی نێوهەرێمی و قاڕەبڕی دروست دەکات. (لا.١٦).

ئەمڕۆ، حکومەتە جیاجیاکانی وڵاتانی جیهان بەردەوام مژۆڵی ئەوەن کە چۆن کاری پەروەردەی وڵاتیان بەجێ بهێنن. پەیوەندییەکانی نێوانی نیۆلیبرالیزم و جیهانگیری پەیوەندیەکی تەواوکارن. جیهانگیری بەم هێز و گوڕەی کە هەیەتی بەسەر مامەڵە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەک لە پێناساکەی سەرەوە دەردەکەوێ؛ هەروەها نیۆلیبرالیزمیش بەم هەژموون و گوتارەی کە بەئاسان تێکەڵ بە قەناعەت و دیدگای تاک دەبێ، کاردانەوە و وەڵامدانەوە ناچار دەکەن.

ئەوەی کە لە ناخی جیهانگیری شاراوەیە، سیستەمێکی ناچاریی بە نێودەوڵەتیکردنی سیستەمە پەروەردەییەکانە. یەکێک لە جۆرەکانی قوتابخانەی تایبەت لە یاسای قوتابخانە تایبەتەکانی پەرلەمەمانی کوردستان، ڕێگەدان و بە کردنەوەی ‘قوتابخانەی تایبەتی نێودەوڵەتیی’. کە ئەمە ڕەنگدانەوەیەکی ڕاستەوخۆی مەرامی نیۆلیبراڵیزمە. بەتایبەتکردنی بەرژەوەندیی تاک لە ئاستی ناوخۆیی، و کشانەوە لە بەرپرسیاریەتی گشتی لەلایەنی حوکمڕان و پاشان دەستەوسانبوون لە بەنێودەوڵەتیکردنی سیستەمی فێربوون و فێرکردن و بەڕێوەبردن. دەرئەنجامێکی تری ناچاریی ئەم دەستەوسانبوون و خۆبەدەستەوەدانە بە جیهانگیری، تەکاندنی دەسەڵاتە لە ناوەندێکی حوکمڕان و سەپێن بۆ دەستە و یەکە ناحکومیە تایبەتەکان.  ساجید عەلی (Ali, 2017) لە لێکۆڵینەوەکەی ئەمە ڕووندەکاتەوە کە جیهانگیری دەسەڵاتی نەریتیانەی دەوڵەت (واتە، یەکەی حوکمڕان)ی لە ڕەگەوە گۆڕیوە کە بەسەر پرۆسەی دانانی ڕێسا و یاسا پەروەردەیی هەیبوو. چونکە ئیتر دەسەڵات بەشێوەیەکی موتلەق و گشتی لەدەستی یەکەی حوکمڕان نەماوە، بەڵکو ئەم دەسەڵاتە پشکی جیاجیای دەکەوێتە دەست چەند یەکەیەکی تری نیشتمانیی و نێودەوڵەتیی. ئەم دیاردەیە لە کەرتی تایبەتدا زۆر زەقترە. هەروەک (Rizvi, F., & Lingard, B., 2009) زۆر بە ڕوونی ئاماژەیان پێداوە. بابەتی متمانەبەخشینی نێودەوڵەتیی (accreditation) و پرۆسەی بۆلۆنیا و پرۆژەی دڵنیایی جۆری لە خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان(بە گشتی و تایبەتیەوە) نموونەی دیاری پەرش و بەشبوونی ئەم دەسەڵاتەیە.

بەشبوون و لەناوەند- دەرچونی دەسەڵات لە دەرئەنجامی ئەم پرۆسە خاوەن-هێز و سنووربەزێنەی جیهانگیری، وەکوو لە پێناسەکەی سەرەوە دەردەکەوێ، وا دەکات دەزگا ناحکومیە پەروەردەییەکان رۆژ بە ڕۆژ لە ئاستێکی نێودەوڵەتی چالاکتر بن و مارکێتەکانیان بەرفراوانتر کەن. ئێستاش کە دەیبینین، مۆری پێشکەوتویی و ‘مۆدێرن’بوون و سەرنجڕاکێشبوونی هەر سیستەمێکی پەروەردەیی، وا لەدەستی دەزگا و ڕێکخراوی زەبەلاحی نێودەوڵەتی پەروەردەیین. هەربۆیە قوتابخانە تایبەتیەکان هەمیشەهەوڵ دەدەن بۆ؛ بە دەستهێنانی متمانە (accreditation) لەم جۆرە دەزگایانە، و بنیاتنانی پەیوەندی، و دروستکردنی پرۆژەی هاوبەش لەگەڵیان.ئەمە لە ئێستادا کەسێکی دیاری قوتابخانە و زانکۆ تایبەتەکانی کورستانە. ئەگەرچی لە کوردستان هێشتا زۆر لەسەرەتای ئەم پڕۆسەیەین. چونکە هەروەکو عه‌بدولڕه‌حمان ئەحمەد (2020) تێبینی ئەوەی کردوە کە “خەسڵەتی نەگۆڕ’ی پەروەردەی فەرمی هەرێمی کوردستان لە سوڕانەوەیە بەدەوری چەقێک کە ئامادەی جوڵەکردن نییە. واتە، بەهێزکردنەوە و چڕترکردنەوەی ڕێکارە بیرۆکراسییەکانی پڕۆسەی پەروەردە بوەتە پێوەر بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی کە دەدرێن بۆ گۆڕان و بەرەوپێشبردنی پەروەردە. لە جیاتی ئەوەی پەروەردە و فێربوون بکرێتە پێوەر بۆ پڕۆسەی پەروەردە.

نموونەی دیاری وەڵامدانەوە بۆ فشارەکانی جیهانگیری زۆرن. دیارترین دوو نموونە کە بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆمان لەگەڵیان هەبن، ‘قوتابخانەکانی بزاوتی خزمەت’ و ‘قوتابخانەکانی سابیس’ن لە هەرێمی کوردستان. هەریەکەیان تۆڕێکن ئاستێکی بەرفراوانی قاڕەبڕ و زمان و نەریت و کەلتور پەڕن. لە هەمان کاتیشدا بە نموونەی یەکێک لەو چوار گروپی ‘هاوپەیمانی زاڵ’ لەقەڵەم دەدرێن کە گرامشی بە ‘پۆپۆلیزمی دەسەڵاتدار’ لە تیۆریای ‘بلۆکی هەژمونی نوێ’ ناویان دەبات (Apple, Oct. 2016).

پڕۆژەی تری زۆر هەن بۆ ئەوەی وەکوو نموونە بیانهێنمەوە کە سەلمێنەری ئەم چەند خاڵەی سەرەوە بن. بەڵام لێرە ئەوەندە بەسە کە بیسەلمێنین جیهانگیری وەسیلەی گواستنەوەی ئایدیۆلۆژیا گلۆباڵیەکانە و هەرێمی کوردستانیش بێ بەش نەبووە لە بەرکەوتنی. بۆ زیاتر تیشک خستنە سەر ئەم  بابەتە، لە بەشیداهاتوو دوو چەمکی دیاری دونیای لێکۆڵینەوەی پەروەردەیی دەخەمە بەر باس. ئەم دوو چەمکەش ‘بەنێوەدەوڵەتیکردن‘ و ‘بەئەوروپاییکردن’ن.

3. دوو چەمک و دونیای پەروەردەی کوردی: بەنێوەدەوڵەتیکردن و بەئەوروپاییکردن

یەکێکی تر لە بەرئەنجامە ناچاریەکانی دونیای پەروەردەی زەمەنێکی نیۆلیبراڵ و دەستەمۆی جیهانگیری، هەردو دیاردەی ‘بەنێوەدەوڵەتیکردن‘ و ‘بەئەوروپاییکردن’ن. وای بۆ دەچم ئەمانە دوو چەمکی نوێ بن لە لێکۆڵینەوەی کوردی. بەڵام لە بینینی من کورد بەریەککەوتنێکی مێژوویی هەیە لەگەڵیان. پڕۆژەکانی یونێسکۆ لەبواری پەروەردە ئاسانترین نموونەن بۆ ئاماژەپێدان. ئامانج لە دۆزینەوەی پەیوەندیەکانی نێوان جیهانگیری و (بەنێوەدەوڵەتیکردنو بەئەوروپاییکردن)، هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لەو هۆکارە دەرەکیانەی کە کاریگەری دەخەنە سەر ناسنامە و بەها و بڕیار و ڕێسای دەزگاکانی حوکمڕانی پەروەردە. بە نموونە، وەزارەتی پەروەردە کە حوکمڕان و ڕێساڕێژی هەمو کردە پەروەردەییەکانە لە هەرێمی کوردستان. پێش ئەوە دەبێ بپرسین، چەمکی ‘بەنێوەدەوڵەتیکردن‘ و ‘بەئەوروپاییکردن’ چین؟ وەکو چەمک و گوتار ‘بەنێوەدەوڵەتیکردن و ‘بەئەوروپاییکردن’ هاومانای ‘جیهانگیری’ن، بەڵام ‘بەنێوەدەوڵەتیکردن’ و ‘بەئەوروپاییکردن’  زیاتر خۆیان لە گوتاری پەروەردە و ڕێسای کۆمەڵایەتی دەبیننەوە. بۆ زیاتر زانیاری سەیری ئەم سەرچاوەیە بکە (Dale & Robertson, 2009).

بەنێوەدەوڵەتیکردن ئاماژەدانە بە بەیەکەوەلکان و پابەندبونی خەڵک و دەزگاکان بەیەکەوە لە ئاستێکی جیهانی. لە هەمان کاتیشدا، بەنێوەدەوڵەتیکردنوەسیلەیەکی گاریگەر و ڕاستەوخۆی بە جیهانیکردنی ناوخۆییەکانە. لە پەروەردەی فەرمی هەرێمی کوردستان، بۆشایی و هەلی بە نێودەوڵەتیبون بە ئەدگارێکی ئەرێنی پەروەردەی سەردەم لە قەڵەم دەدرێت. ئەمەش لە وتارەکانی وەزیرانی پەروەردە وخوێندنی باڵا و هەروەرها وتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کردنەوەی دەرگای قوتابخەنەکان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی پێشوش، زۆر بە ڕوونی دەرکەوتوە.پێشتر ئاماژەمان بەجۆرەکانی قوتابخانەی تایبەت دا لە یاسای قوتابخانە تایبەتیەکانی پەڕلەمانی کوردستان. یەکێک لە جۆرەکانی ڕێگەدان، ڕێگەدان بوو بە کردنەوەی ‘قوتابخانەی تایبەتی نێودەوڵەتی’. دەکرێ ئەوەش بە تێبنینی وەربگرین کە  لە یاساکەدا، بەهیچ شێوەیەک پێناسەی ‘قوتابخانەی نێودەوڵەتی’ لە چوارچێوەی ستاندارد و ڕێسا پێناسە نەکراوە.

زۆر تا کەم، پێدانی مۆرکی نێودەوڵەتی بەردەوام لەلایەن ئەو وڵاتانەوەیە کە ئینگلیزی زمانن، یا ئەوەتا ئەوروپین. ئەمە خۆی لە خۆیدا مایەی تێڕامان و شیکردنەوەیە. مایەی پرسیارخستنە سەر توانستی داهێنانکاریی و متمانەی خودی خۆمانە. ئەو دەزگایانەی کە متمانەبەخشین (accreditation) ئەنجام دەدەن یا ئەوانەی کە پێداویستی و سەرچاوە بۆ قوتابخانەکان دابین دەکەن لە هەرێمی کوردستان، زۆربەیان بیانین. بە نموونە دەزگای ASIC کە متمانەبەخشی چەند قوتابخانە و زانکۆیەکی هەرێمی کوردستان بوە و بە ‘نێوەدەڵەتی’یان کردوون. وەکو قوتابخانەکانی کامبردجی نێودەوڵەتی لە پیرمام، کامبردجی نێودەوڵەتی لە هەولێر، فینلەندیی نێودەوڵەتی لە هەولێر، ڕۆناکیی کوڕان و کچان لە هەولێر، یونایتد ساینس لە سلێمانی، و هەردوو زانکۆی تیشک و زانکۆی کوردستانیش لە هەولێر (بە گوێرەی وێبسایتی ئایزک، ٢٠٢٠ www.asicuk.com).  یاخود ئەو دەزگایانەی کە کاری چاپکردن بۆ وەزارەتی پەروەردە دەکەن. جگە لەمەش، هەڵسەنگاندن و لیکۆلێنەوەی پەروەردە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە دراوەتە دەست دەزگای ڕاند لەساڵی ٢٠١٦. کە ئەمەش دەزگایەکی ئەمریکی نێودەوڵەتییە.  ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەکە لە سەرچاوەکان دانراوە (Vernez, G., Culbertson, S., Constant, L., & Karam, R. 2016).

لەلایەکی ترەوە، بەئەوروپاییکردن (هاوشانی ‘بەڕۆژئاواییکردن’) بریتییە لە پرۆسەیەک کە لە ڕێگەیەوە بە بەکارهێنانی میکانیزمی جیاجیای پەروەردەیی و ناپەروەردەیی ئەدگاری ئەرورپی بە کولتور، ناسنامە، زمان، شار و خەڵک، و ڕێبازی کارکردن دەبەخشێت. جیاوازیەکی تری بەئەوروپاییکردن  لەگەڵ جیهانگیری لە بیروڕای تاڤیس جولس (Jules, 2010) ئەوەیە کە بەئەوروپاییکردن دەرئەنجامی هەرێمگەرایی یەکێتی ئەوروپایە و یەکەیەکی بەرگریە بۆ ڕەتکردنەوەی بەرەنگاریەکانی جیهانگیری لە هەرێمی ئەوروپا. بەڵام من پێم وایە لە ئێستادا و بەو دەستتێوەردانانەی ئەوروپا لە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامیان دەدات، ئەم ‘یەکەی بەرگری’ە بوە بە وەسیلەی هێرشکردن و بەردەوامیدان بە برەودان بە بەها (پەروەردەیی، سیاسی، ئابووری، و کەلتووری)ە ئەوروپیەکان لە هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لیکۆڵینەوە هەن کە ئەم جۆرە دەستتێوەردانە لە کاروباری وڵاتانی رۆژهەڵات بە درێژەدان بە پڕۆژە داگیرکاریەکان (کۆڵۆنی) لە قەڵەم دەدەن.  ئاغایەتی و خاوەن دەسەڵاتی و زاڵی ڕۆژئاوا دەخەنەڕوو. ئەم دەستتێوەردانانە لە دیدی تاڤیس مۆدێلێکی ئەورپاسەنتەریی وایە کە چالاکییە ئابووریەکانی بەهەند وەردەگرێ و ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکان وەلا دەنێت. ئەمەش دوبارە گەڕانەوەیە بۆ مەرامی نیۆلیبراڵی لەم جۆرە پرۆژانە.

تازەترین پڕۆژە کە ڕەنگدانەوەی ئەم قسانەی سەرەوەن، پڕۆژەی ‘بنیاتنانی تواناکان لە خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی-باشترکردنی کواڵیتی و یەکسانی’یەکێتی ئەورپایە و لەلایەن British Council کە ڕێکخراوێکی سەر بە حکومەتی بەریتانیایە. خەرجی ئەم پرۆژەیە ١٤ (چواردە) ملیۆن یۆرۆیە و لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بۆی دابین کراوە. ئەم  پرۆژەیە بە هەڵە بە (سیستەمی بریتش کاونسڵ) لە کوردستان ناوی نراوە. بەگوێرەی وێبسایتی بریتش کاونسڵ بێت (British Council, 2020 لە لیستی سەرچاوەکان دانراوە) لەڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە چوارچێوەی کاری سەرپەرشتی پەروەردەیی گۆڕاوە و بوە بە پرۆسەیەک کە مەبەست تێیدا هەڵسەنگاندن بێ بە نیازی چاکترکردن و بەرەوپێشبردن، نەوەک تەنها پشکنین (تفتیش)کردن بێ و بەس وەکو کە پێشتر کردەی باو بوە. لەگەڵ ئەمەش ڕاهێنانی مامۆستایان و بەرەوپێشبردنی مەنهەج دەکەوێتە چوارچێوەی کاری ئەم پرۆژەوە. بەڵام جێی سەرنجدان ئەوەیە، لەناو پەروەردەکار و پیتۆڵ و لێکۆڵەران و میدیای پەروەردەیی هەرێمی کوردستان، لە کار و پڕۆژەی ئاوادا ئەوەی کە نابێتە مایەی گفتوگۆی پەروەردەیی مەرام و نیازەکانی پشت ئەم جۆرە پرۆژانەیە. چونکە دەستەوسانیی و خودلەبیرکردن و لە بەرامبەردا ‘مۆدێرن’ بوون و ڕوکارئەرێنی سروشتی جیهانگیریی و ‘بەنێوەدەوڵەتیکردن’ و ‘بەئەوروپاییکردن’ن. ئەمەش دەکرێت لە دەرئەنجامی ئەو تێچوی عەتفی’ە بێت کە جیهانگیری  هەیەتی  (Elliott and Lemert, 2009). چونکە لەلای ئیلێت و لێمێرت جیهانگیری؛

1. هەم ئەوە دەگۆڕێت کە ئێمە چۆن تێکەڵاوی دونیامان دەبین و چۆن ئەزموونی دونیامان دەکەین، هەمیش چۆن ئەزموونی خودی خۆمان دەکەین،
2. چۆنیەتی قسەکردنی خەڵک دەگۆڕێ لەوەی کە چۆن باس لە خۆیان و غەیری خۆیان دەکەن،
3. هەروەها هۆشیاری و نەریت و میزاج و کاریگەریەکانی خەڵک دەگۆڕێت.

لە کۆتایی ئەم بەشە، پێم باشە بە لیستێک ئاماژە بەو پڕۆژە و ڕێسا پەروەردەییانەی پەروەردەی فەرمی هەرێمی کوردستان بدەم کە، بە دیدی من، هەم دەرئەنجام و هەم نوێنەرایەتی مەرامە نیۆلیبرالیەکان و هەم جیهانگیری و ‘بەنێوەدەوڵەتیکردن’ و ‘بەئەوروپاییکردن’ و ‘بەڕۆژئاواییکردن’ دەکەن. بێگومان دەکرێت هەمان گەنگەشە بۆ ‘بەئەمەریکیردن’یش لە دیدگایەکی کۆمەڵناسی پەروەردەوە بکرێت.

1. یاسای قوتابخانەی تایبەتی پەرلەمانی کوردستان و لێشاوی قوتابخانەی تایبەت و خوێندن بە پارە.
2. تاقیکردنەوەی نیشتمانیی، و بە ‘هەڵبژراندن’کردنی پرسیاری تاقیکردنەوەکان، و بەکارهێنانی نمرە بۆ یەکلاکردنەوەی داهاتوی قوتابی (مرۆڤ).
3. مامۆستای تایبەت لە دەرەوەی سنووری یاسای ئیداریی و ستانداردی پیشە و پابەندی ئەخلاقیاتی پیشەیی کاری مامۆستایی وەزارەتی پەروەردە. ئەم دیاردەیە پێی دەگوترێت  (پەروەردەی سێبەر).
4. پڕۆەژی گۆڕینی مەنهەج؛ ١) کۆبیرخستە سەر وانەی ئینگلیزی و بیرکاری و زانستەکان، ٢) بە ئینگلیزی کردنی زمانی فێرکردن، ٣) زیادکردنی وانە و پەرتوکی (کارامەیی و بەها کۆمەڵایەتییەکان) لە پۆلی ١ەوە تاوەکو ٩ وەکو وەڵامێک بۆ دەستپێشخەری یونسێف لە پرۆژەی ‘فێربونی کارامەییەکانی ژیان و هاووڵاتیبون لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا’.
5. گوتاری وەزیری و سەرکردەکانی وڵات لە بەیەکەوە لکاندنی پەروەردە بە بازاڕی کار. نموونەیەکمان لەپێشتر ئاماژە پێدا.
6. پرۆژەی ‘بنیاتنانی تواناکان لە خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی-باشترکردنی کواڵیتی و یەکسانی’ یەکێتی ئەوروپا. ئەوەی کە بە هەڵە لەناو ئەهلی پەروەردە بە ‘سیستەمی بریتش کاونسڵ’ ناووبانگی دەرکردوە. بێگومان ئەم هەموودەستتێوەردانە دەرەکیانە لە کایەی پەروەردەیی هەرێم و گورج و گۆڵی بەڕێوەبەرانی پەروەردەی هەرێم لە بەدەمەوە هاتنیان، زۆر شت دەربارەی توانستی داهێنانکاریی خۆمان دەڵێ! ئەم پڕۆژەیە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە وەکو “پرۆژەیەکی ستراتیژی درێژخایەن” (بە گوێرەی کتێبی، ڕێبەری بەڕێوەبەرانی سه‌ركرده) ناسێنراوە.
7. کۆبونەوەی وەزیری پەروەردەی کابینەی نۆیەم لە کۆڕبەندی جیهانی پەروەردە لە مانگی ١ی ٢٠٢٠لەگەڵ چەندە دەزگایەکی پەروەردەیی کە بە ئەکتەری نێودەڵەتی و یەكێک لە ئەدگارە دیارەکانی جیهانگیری لەقەڵەم دەدرێن. هەرلەوێش هەوڵی بەشداریکردنی لوتکەی ئاسیا دەدات. کە لوتکەی کۆبونەوەی وەزیرانی پەروەردەی وڵاتانە.
8. خۆبەدەستەوەدانی گوتاری پەروەردەیی بە کەشێکی زاڵی بازاڕیی و ڕیکلامگێڕی و بەتایبەتکردن. هەمو پێزانین و دانیپیانان بە وجودی کەشێک و گوتارێکی پەروەردەیی لە کورتە ڤیدیۆیەکی بازرگانی دەبینرێتەوە، کە تێیدا زەردەخەنەی منداڵ و دەستی مامۆستایەک بەسەر پشتی فێرخوازێک (وەکو نیشانەیەک بۆ پەیوەندییە پەروەردەییەکانی ناو قوتابخانە) و چوستی مامۆستا لە کاتی وانەوتنەوە، هەوێنی سەرنجڕاکێشانی باوانێک و منداڵێکی موشتەرییە. ئەمەش غیابی گفتوگۆیەکی پەروەردەی لەئاستێکی نیشتمانی لەناو پەروەردەکاران و مامۆستایان و لێکۆڵەرانی پەروەردەیی لەگەڵ خۆی هێناوە.
9. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز مەسرور بارزانی لە کاتی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان لە سەرەتای ئەم ساڵی خوێندن، لە پۆلێکدا چەند دەقەیەک قسە بۆ قوتابیەکان دەکات و سێ پەیام دەگەیەنێ. یەکێ لە پەیامەکانی پاراستنی ژینگە و پاک و خاوێنی هەوا بو. ئەم پەیامە وەکوو تموحی ڕێساڕێژی پەروەردەییسروشتێکی جیهانگیری و دەرئەنجامێکی دونیای نیۆلیبرالە.

ئەمانە نموونەی پەروەردەی ئاستەکانی باخچەی ساوایان تا پۆلی ١٢ن. لەگەڵ ئەوەش خوێندنی باڵاش لە نیشانەکانی ئەم دیاردەیە پشکی شێری بەر دەکەوێ. چەند نموونەیەکم پێشتر ئاماژە پێدا، بەڵام ئەوە بۆ لێکۆڵەرانی خوێندنی باڵا بەجێدێڵم.

کۆتایی

لەگەڵ زیاتر و زیاتر بە جیهانیبونی مۆدێرنیزمی ڕۆژئاوا، لە بەرامبەردا وڵاتە ڕۆژهەڵاتیەکانیش لە پرۆسەیەکی چاولێکەریی و لاساییکردنەوە کەوتونە پێشبڕكێی پێڕاگەیشتنیان. بیردۆز و چەمک و مۆدێلە ڕۆژئاواییەکان ئاوا جیهانیی بوین کە بونە بە بەشێک لە عەقڵی ناهۆشیاری تاکە ناڕۆژئاواییەکە و داڕێژەری بناغەی گوفتار و ڕفتاریەتی. ئەم دیمەنە لە دونیای پەروەردەی کوردی لە دەستەوسانبوونی داڕێژەری سیستەم و بڕیاربەدەستی پەروەردەی کوردستان دەردەکەوێ. هەروەک لەسەرەوە بە بەکارهێنانی چەمکەکانی جیهانگیری، بەنێوەدەوڵەتیکردن، و بەئەوروپاییکردن شیکاریان بۆ کرا.

دەمەوێ لە کۆتاییدا لیکۆڵەران (و خۆم) جێبێڵم لەگەڵ ئەم پرسیارانەی خوارەوە. هەریەک لە پرۆسەی ‘جیهانگیری’ و دیاردەکانی ‘بەنێوەدەوڵەتیکردن‘ و ‘بەئەوروپاییکردن’ مانایان چییە بۆ مامۆستا و کاری مامۆستایی؟ ژیانی ئەکادیمی و ژیانی شەخسی مامۆستا چۆن کەوتۆتە بەر چنگەکانی هەریەک لەم دیاردانە؟ کاریگەریی و بەرئەنجامەکانی هەریەک لەم دیاردانە چین لەسەر ناسنامەی مامۆستایەتی و پەروەردەکاریی مامۆستا؟ چین لەسەر بیر و ئەندێشەی پەروەردەیی مامۆستا؟ چۆن مامۆستای بنیاتناوە یا گۆڕیوە؟

سەرچاوەکان

1. Vernez, G., Culbertson, S., Constant, L., & Karam, R. (2016). Initiatives to Improve Quality of Education in the Kurdistan Region-Iraq. RAND Education.
2. Verger, A., C. Fontdevila, and A. Zancajo. 2017. “Multiple Paths Towards Education Privatization in a Globalizing World: A Cultural Political Economy Review.” Journal of Education Policy 32 (6): 757787. doi:10.1080/02680939.2017.1318453.
3. Tavis D. Jules. (2010). Globalisation and Europeanisation in Education by Roger Dale and Susan Robertson. Comparative Education Review, 54(1), 136-138. doi:10.1086/650707
4. Sajid Ali (2017) The sphere of authority: governing education policy in Pakistan amidst global pressures, Globalisation, Societies and Education, 15:2, 217-237, DOI: 10.1080/14767724.2015.1127575
5. Robertson, S. L., K. Mundy, A. Verger, and F. Menashy, Eds. 2012. Public Private Partnerships in Education: New Actors and Modes of Governance in a Globalizing World. Cheltenham: Edward Elgar Publishing.
6. Rizvi, F., & Lingard, B. (2009). Globalizing education policy. Routledge.
7. Peters, M. A., & Reveley, J. (2014). Retrofitting Drucker: Knowledge work under cognitive capitalism. Culture and Organization, 20(2), 135-151.
8. Patrick, F. (2013). Neoliberalism, the knowledge economy, and the learner: Challenging the inevitability of the commodified self as an outcome of education. ISRN education, 2013.
9. Mundy, K., Green, A., Lingard, B., & Verger, A. (Eds.). (2016). Handbook of global education policy: John Wiley & Sons, Ltd.
10. Ladi, Stella, Globalization and Europeanization: Analysing Change (December 2006). IBEI Working Paper No. 2006/4. Available at http://dx.doi.org/10.2139/ssrn.960767
11. Held, D., A. McGrew, D. Goldblatt, and J. Perraton. 1999. Global Transformations: Politics, Economics And Culture. Cambridge: Polity Press.
12. Hamarash, Ibrahim. (2017, July). Asty zansty derchwany zanko. YouTube, https://www.youtube.com/watch?v=UNS3–aaUDo
14. Elliott, A., & Lemert, C. (2009). The New Individualism: The Emotional Costs of Globalization REVISED EDITION. routledge.
15. Dale, R., & Robertson, S. (Eds.). (2009, May). Globalisation and Europeanisation in education. Symposium Books Ltd.
16. Chopra, R. (2003). Neoliberalism as doxa: Bourdieu’s theory of the state and the contemporary Indian discourse on globalization and liberalization. Cultural studies, 17(3-4), 419-444.
17. CEPS Ljubljana (12 Oct 2016). Michael W. Apple: Power, policy, and the realities of curriculum and teaching. YouTube https://www.youtube.com/watch?v=YcPv0Pk7Uqs
18. Ball, S. J. (1998). Big policies/small world: An introduction to international perspectives in education policy. Comparative education, 34(2), 119-130.
19. ڕێبەری بەڕێوەبەرانی سه ركرده: بنیادنانی تواناكان لە خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی- باشتركردنی كوالیتی و ی یەكسانی. ئامادەکردنی ئەنجومەنی ڕۆشنبیری بەریتانی.
20. عەبدوڕەحمان ئەحمەد وەهاب. 2020. بەڵگەنامەکانی سیاسەتی پەروەردەیی چیمان پێ دەڵێن؟. کوردستان تایمز.

پەشێو م.نوری

قوتابی دکتۆرایە لە ڕێسای پەروەردەیی و پەیوەندیەکانی نێوانی مامۆستا و ڕێسای پەروەردەییلە زانکۆی مۆناش لە ئوسترالیا. ماستەری لە مەنهەج و فێرکردن هەیە لە زانکۆی سینسیناتی لە ئەمریکا. مامۆستا بووە لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی (ئیشک). لە بواری پەروەردەی دەنوسێ و لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان بڵاودەکاتەوە.

پەشێو م.نوری

قوتابی دکتۆرایە لە ڕێسای پەروەردەیی و پەیوەندیەکانی نێوانی مامۆستا و ڕێسای پەروەردەییلە زانکۆی مۆناش لە ئوسترالیا. ماستەری لە مەنهەج و فێرکردن هەیە لە زانکۆی سینسیناتی لە ئەمریکا. مامۆستا بووە لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی (ئیشک). لە بواری پەروەردەی دەنوسێ و لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان بڵاودەکاتەوە.

Leave a Reply