وتار

کاتێک ڕۆشنبیر دەکەوێتە داوی خێڵەوە!

ن: زەکەریا نەمر

و: هاوژین عومەر

لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا، ڕۆشنبیر هەمیشە وەک کارەکتەرێکی ڕەخنەیی سەیر دەکرێت، کە سنووری ئینتیما و ناسنامە سەرەتاییەکان تێدەپەڕێنێت و بە عەقڵێکی کراوە و بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییەوە تێکەڵی پرسە گشتییەکان دەبێت. بەڵام واقیعی زۆرێک لە کۆمەڵگە فشۆڵەکان فۆرمێکی دیکەی نیگەرانکەر دەخەنە ڕوو، ئەویش “ڕۆشنبیری خێڵەکییە”؛ ئەو کەسەی هەڵگری ئامرازەکانی مەعریفەیە، بەڵام لە جیاتی ئاسۆی نیشتمان، لە چوارچێوەی خێڵدا بەکاریان دەهێنێت.

ڕۆشنبیری خێڵەکی مەرج نییە کەسێکی نەزان، یان نەخوێندەوار بێت، بەڵکو کەسێکە خاوەنی بڕێکی باش لە زانیاریی و زمانزانی و کاریگەرییشە، بەڵام هەمیشە دیلی ئینتیما و ناسنامە سەرەتاییەکەی خۆیەتی. هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو بەندە بە بەرژەوەندیی خێڵەوە، تێڕوانینی بۆ نیشتمان هەمیشە لە چاویلکەی “ئێمە و ئەوان”ەوە دەبێت. ئەو کاتەی ڕەخنە لەوانی دیکە دەگرێت ڕۆشنبیرە، بەڵام کاتێک ڕەخنەکە لە خۆی، یان خێڵەکەی دەگیرێت، دەبێتە کەسێکی دەسەڵاتخواز.

لەو کۆمەڵگایانەی دەوڵەت تێیاندا لاوازە، خێڵ وەک جێگرەوەیەکی ڕەمزیی و وەزیفی دەردەکەوێت. بەوهۆیەشەوە ڕۆشنبیری خێڵەکی هەمیشە توانیویەتی پاساوی ئەخلاقیی بۆ ڕەفتارەکانی دابتاشێت، کە ئەویش بریتییە لەوەی (بەرگرییکردن لە خێڵ بەرگرییکردنە لە مانەوە). بەڵام ئەم پاساوە ئەو ڕاستییە وەلا دەنێت کە گۆڕینی خێڵ بۆ مەرجەعییەتێکی سیاسی و ئەخلاقیی، خودی بیرۆکەی دەوڵەت هەڵدەوەشێنێتەوە و ڕێگریی دەکات لە دروستبوونی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی، کە شوناس و ناسنامە بەرتەسکەکان تێپەڕێنێت.

یەکێک لە خراپترین خەسڵەتەکانی ڕۆشنبیری خێڵەکیی، بوونی دووفاقییە لە پێوەرەکانیدا. کاتێک بابەتەکە پەیوەندیی بەوانی دیکەوە هەیە، ئەو دروشمەکانی دادپەروەریی و شەفافیەت بەرز دەکاتەوە، بەڵام کاتێک خێڵەکەی خۆی دەبێتە لایەنێکی کێشەکە، ئەوا پەنا دەباتە بەر بێدەنگی، یان پاساوهێنانەوە. ئەم دووفاقییە نەک هەر لاوازیی نەزاهەتی فیکریی ئەو دەردەخات، بەڵکو گوتاری ڕەخنەییش لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵ دەکاتەوە و لە ئامرازی ڕیفۆرم و چاکسازییەوە دەیگۆڕێت بۆ ئامرازی ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە.

کاتێک خێڵ ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە، لەو میانەیەدا ڕۆشنبیری خێڵەکی ڕۆڵی سوڵتانێکی ڕەمزیی دەگێڕێت، زمان، مێژوو و ئەفسانەکان بەگەڕ دەخات لەپێناو تۆمەتبارکردنی بابای ڕەخنەگر بە ناپاکی و داماڵینی لە نیشتمانپەروەریی. لێرەشەوە ڕۆشنبیریی دەگۆڕدرێت بۆ چەک و ڕۆشنبیریش دەبێتە پاسەوانی تابۆکان، نەک تێکشکێنەریان. ئەم جۆرە لە ڕۆشنبیران بەشدارن لە قووڵکردنەوەی ئەو دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەی کە هەیە؛ ڕۆشنبیر لەبری ئەوەی ببێتە پردێک لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا، بە پێچەوانەوە دەبێتە بەربەست. بەوهۆیەشەوە ململانێکان نەوە لە دوای نەوە بەرهەم دەهێنرێنەوە، چونکە گوتاری ڕۆشنبیریی؛ خۆی تەغزییەی ئەو دابەشبوونە دەکات، لەبری ئەوەی لێکی هەڵبووەشێنێتەوە.

نیشتمانپەروەریی لە گوتاری ڕۆشنبیری خێڵەکییدا پابەندبوون نییە بە بەها گشتییەکانەوە، بەڵکو مەیلێکی ئینتیقائییانەیە. نیشتمان دەبێتە خێڵ کاتێک بەرژەوەندیی تێدا بێت، دەبێتە دەوڵەتیش کاتێک ئیمتیازات دەبەخشێت. ئەم شێواندنە ڕەهەندە ئەخلاقییەکەی نیشتمانپەروەریی لەناو دەبات و دەیکاتە دروشمێک بۆ ئیستیهلاک و بەکاربردنی سیاسیی.

ڕۆشنبیری ڕاستەقینە بە ئەندازە و بڕی ئەو زانیاریی و مەعریفەیە ناپێورێت کە هەیەتی، بەڵکو بە توانای گوتن و دەربڕینی ڕاستییەکان دەپێورێت، بەتایبەت کاتێک ئەو ڕاستییە بۆ گرووپەکەی خۆی ئازاربەخش دەبێت. بێدەنگی لە ئاست هەڵەکانی خێڵ ناپاکییە لە مەعریفە، پێش ئەوەی ناپاکی بێت لە نیشتمان. بەبێ ئەم بوێرییە ئەخلاقییەش، ڕۆشنبیریی ڕۆڵی ڕزگاریخوازانەی خۆی لەدەست دەدات.

ڕەگ و ڕیشەی ڕۆشنبیری خێڵەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەروەردە کۆمەڵایەتییەی هەیبووە، لەگەڵ لاوازیی پڕۆسەی فێرکردنی ڕەخنەیی و نەبوونی دەوڵەتی یاسا. کاتێک تاک لە ژینگەیەکدا گەورە دەبێت کە وەلائی ناڕەوا پاداشت دەکرێت و ڕەخنەش سزا دەخوات، ئەوکات ئینتیما دەبێتە ئامرازێک بۆ ئەمان و پارێزراوبوون، نەک بژاردەیەکی هۆشیارانە. سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی ڕۆشنبیر وەک کارەکتەرێکی ڕەخنەیی، نەک وەک نوێنەری پێڕ و گرووپێک، هەنگاوێکی بنەڕەتییە بە ئاڕاستەی ڕزگارکردنی هۆشیاریی لە ناسنامە و ئینتیما بەرتەسکەکان. هەروەها جێکردنەوەی (بیرکردنەوەی ڕەخنەیی) لە پرۆگرامەکانی خوێندندا، لەبری تەڵقین و لەبەرکردن و شوناسە داخراوەکان، بەشدار دەبێت لە دروستکردنی نەوەیەک کە توانای لێپرسینەوەیان لەو شتانە هەبێت کە بە (بەڵگەنەویست) و (ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەکان) دانراون. جگە لەوەش، هاندان بۆ نووسین لەبارەی ئەو شتانەی سنووری خێڵ تێدەپەڕێنن و لە بەهاکانی دادگەریی و هاونیشتمانییبوونەوە سەرچاوە دەگرن، وەک پڕۆسەیەکی کەلتووریی پێویست بۆ سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی کایەی گشتی، دەبینرێت.

بونیاتنانی دامەزراوە ڕۆشنبیرییە سەربەخۆکان بە شێوەیەک پارێزگاریی لە ئازادیی ڕەخنە بکەن، مەرجێکی پێویستە بۆ گەشەسەندنی ڕۆڵی ڕۆشنبیریی. هەروەک پاڵپشتیکردنی میدیای پیشەییش کە نەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئینتیما خێڵەکییەکانەوە، ڕێگریی دەکات لە شێواندن و بەلاڕێدابردنی هۆشیاریی گشتی. چەسپاندنی دەوڵەتی یاسا، بە جۆرێک کە خێڵ تیایدا نەتوانێت دەربازی ببێت لە لێپرسینەوە، کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ کۆتاییهێنان بە لۆژیکی پاراستنی دەمارگیرانە. هەروەها کردنەوەی دەرگای گفتوگۆی جڤاکیی ڕاشکاوانە دەربارەی شوناس و ئینتیما، یارمەتیدەر دەبێت بۆ شکاندنی ئەو بێدەنگی و ترسەی لەوبارەوە هەن. ڕەتکردنەوە و لێکهەڵوەشاندنەوەی گوتاری تەخوین و گۆڕینی بۆ کولتووری قەبوڵکردنی جیاوازییەکان، دەبێتە هۆی هێورکردنەوە و ئارامکردنەوەی کایەی گشتی. هەروەها داننان بەوەی کە پڕۆسەی ڕەخنەگرتن لە خێڵ لە ناوخۆی خۆیدا، مەرجی گەشەکردن و پەرەسەندنێتی نەک هەڕەشە بۆ سەر بوون و مانەوەی، ئەویش گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە هۆشیاریی گشتیدا.

تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە پێویستی بە بوێریی فیکریی، ڕیفۆرمی دامەزراوەیی و گۆڕانکاریی کەلتووریی درێژخایەن هەیە. ڕۆشنبیر؛ وەکو کەسێک کە نیشتمان دەخاتە سەرووی خێڵ و، ڕاستی و هەقیقەتیش دەخاتە سەرووی مەیلەکانیەوە، تەنها ئەو دەتوانێت بەشدار بێت لە بونیاتنانی دەوڵەتێکی دادگەر، کە بەبێ جیاوازیی جێگەی هەمووانی تێدا ببێتەوە.

هاوژين عومه‌ر كريم

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply