وتار

گرنگیی بەھا باڵاکان لە کۆمەڵگەدا

 

گومانی تێدا نییە کە مرۆڤ ژیانی خۆی لە دونیادا بەپێی کۆمەڵێک بەھا رێکدەخات و ھەوڵیش دەدات بەھاگەلێک بەدەستبھێنێت. بەھا ئەو  سیفەتەیە کە کۆمەڵگەی پێشکەوتوو و پایەبەرزی پێدەناسرێتەوە، ئەتوانین بڵێین لە ھەر شوێنێک رەوشتی بەرز و و بەھای جوان ھەبوو ئەوا شارستانەتی و پێشکەتن لەو شوێنە بەرجەستەیە. لەبوارە جیاوازەکانی ژیاندا، بەھاکان جۆرێکن لە جۆرەکانی ئامانج، گەیشتن پێیان، دیسانەوە جۆرێکە لە سەرکەوتن.

زانایان و بیرمەندان و کۆمەڵناسان گرنگی زۆریان بە بەھا و رەوشت لە ژیانی مرۆڤدا داوە و لێیانکۆڵیونەتەوە و پێناسەی جیاوازیان بۆ کردوون، بەڵام رەنگە لەسەر ئەوە کۆک بن کە بەھا ئەوەیە کە تاک بتوانێـت جیاوازی بکات لە نێوان چاکە و خراپەدا. پێناسەیەکی تری ئەوەیە کە لایەنی پەیوەستبوون بە دینداری و بابەتە رۆحییەکان زاڵبێت بەسەر لایەنی شەھوەت و ئارەزوودا، یان زاڵبوونە بەسەر شتە خۆش و کاتییەکانی دونیادا، چونکە پێچەوانەی ئەمە کاریگەریی خراپی دەبێت بۆ سەر کۆمەڵگە، ھەروەھا بەھا و رەوشتە جوانەکان لەناودەبات. بەپێی پێناسەیەکی تر ئەوەیە کە حاڵەتێکی دەروونییە لە ھەر مرۆڤێکدا ھەبێ وای لێدەکات بەبێ بیرکردنەوە و دوودڵیی بڕیار لەسەر شتی باش و پەسەند دەدات، یان کۆمەڵێک سیفەتە لە ھەندێک خەڵکدا ھەیە وەک: دادپەروەریی و ئازایەتی و داوێنپاکی و دەستکراوەیی و ھتد.

دیارترین سەرچاوە و پاڵنەرێک بۆ رەوشتجوانی و بەھاباڵایی پەیامە ئاسمانییەکانە و بەتایبەتیش ئایینی ئیسلامی پیرۆز، چونکە کاتێک کە خودای گەورە پێغەمبەری ئازیز (درودی خوای لەسەر بێت)ی بۆ ناردین، بۆ بەرزکردنەوەی پەیامەکانی رەوشت و تەواوکردنیان بوو، وەک لە فەرموودەی ێەحیحدا ھاتووە: “إِنَّما بُعِپْتُ لِڕُتَمِّمَ مَکاڕمَ الڕخقِ”. ئایەتە قورئانییەکانیش باسی کۆمەڵێک رەوشت و ئاکاری جوان دەکەن کە پایە و بناغەی کۆمەڵگەن، وەک: راستگۆیی و بەوەفابوون و پاراستنی ئەمانەت و ئازایەتی و دادپەروەریی و زۆر رەوشتی تر.

ئەگەر باسی پەیامە ئاسمانییەکانی تریش بەگشتیی بکەین ھەموویان باسیان لە بەھا و رەوشت کردووە، کە شەریعەتی ئیسلام ھات ئەم بەھا و رەوشتانەی جوانتر و تێروپڕتر کرد و لە باشترین شێوەدا پیشانی کۆمەڵگەی دایەوە.

ھەربۆیە پێویستە ئێمەی مسوڵمان زۆر ئیش لەسەر ئەوە بکەین کە بەھا جوان و کوردەوارییە رەسەنەکان لەناو کۆمەڵگەدا بەھەند وەربگیرێن و بە کەم سەیر نەکرێن، وا لە گەنجەکانمان بکەین کە بەبێ بەھا سەیری ئەو رەوشتە باشانەی کە لە باووباپیرمانەوە ماونەتەوە نەکەن، بەڵکو وایان لێبکرێت چاوی لێبکەن، نەک بە گاڵتەجاڕییەوە لێیان بڕوانن و پێیان عەیب بێت ھەر باسیشی بکەن. بەڕاستی کارەساتە ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردیدا خەریکە گەنجەکانمان بەناوی پێشکەوتن و مۆدێلەوە زۆر بەلاڕێدا ئەبرێن. بەداخەوە ئێستا ھەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن باسکردن و پەخشکردنی کۆمەڵێک رەوشتی زۆر قێزەون و ناشیرینی وەک: کوشتن و ناپاکیی و دزیکردن و بڵاوبوونەوەی مادەی ھۆشبەر، لە بەرنامە و فیلم و ئەڵقەکاندا زۆر بەئاسانی وەردەگرن و بڵاوی دەکەنەوە، ئەمەش کاریگەری زۆر خراپی لەسەر کۆمەڵگە و بەتایبەت گەنج و مێردمناڵان دەبێت.

چەند ھۆکارێک دەتوانن بەھا کۆمەڵایەتییەکان بە جوانیی بھێڵنەوە، بەوەی کە کۆمەڵگە قەناعەت پێبکەی کە ئەم سیفەتانە چاک و باشن و سوودی زۆری ھەیە بۆ تاک و بۆ کۆمەڵگە، ئەویش لە رێگەی پیشاندانی دەرئەنجامە باشەکانی ئەو بەھایانە لەسەر کۆمەڵگە، ئەویش بە جێگیرکردنی لە دەستور و یاساکانی وڵات و باسکردنی لە راگەیاندنەکاندا کە گەورەترین کاریگەریی ھەیە بەسەر تاکەوە لە کۆمەڵگەدا، و پەیوەستکردنیان بەو شتانەی کە باسدەکرێت. ئەبێت ھەوڵبدرێت لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەھا جوان و رەوشتە بەرزەکان زۆر بەرز بنرخێنرێت و ئیشی لەسەر بکرێت، لەبەرئەوەی ئێستا ئەوەندەی سەیری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت و خەڵکی پێوەی سەرقاڵن ھیج جۆرە راگەیاندنێک ئەوەندە کاریگەری نییە لەسەر تاک.

ئەبێت گەنجەکانمان بە تایبەت فێری ئەوە بکرێن کە کەسانی راستگۆ و رەوشتبەرز ھەمیشە خۆشەویستن، خەڵکانی لێبوردە ناوبانگی جوانیان ھەیە لەناو خەڵکیدا، لێبوردەیی جۆرێکە لە بڕوا و رۆشنبیریی تاکەکەس سەبارەت بە ھەڵکردن و تەحەمولکردنی گوفتار و رەفتاری ئەوانی تر کە جیاوازن لە خۆی. ھەر بۆیە لێبوردەیی یەکێکە لە بەھا کۆمەڵایەتییەکان پێویستە گەنجەکانمان لێبوردە بن، ئەئاکار و رەوشتە بەرزانە ھەم پایەی کۆمەڵایەتی بەرزدەکەنەوە و ھەم لە کۆمەڵگەدا و لە کۆڕ و مەجلیسدا ھەڵگری ئەم رەوشتانە دەستیان بۆ درێژ دەکرێت و بە باشە ناودەبرێن، ئەوەش بە زۆری لەلایەن چواردەورەوە ئەبێت زۆر گەورە بکرێن تاکو خەڵک چاویان لێبکەن.

سەقامگیریی دۆخ و ئەحواڵی کۆمەڵگە بەوەوەیە کە کۆمەڵێک بنەما و پایەی گەورە و بنەڕەتیی لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا ھەبێت کە ھەم ژیانی خەڵکی لەسەر رێکبخرێت و ھەم لای خەڵک گەورە و بەڕێز و پیرۆز بێت تاوەکو پەیڕەویی لێبکەن، باشترین رێگەش بۆ ئەم مەبەستە ئەوەیە کە بنەما باڵاکانی ئایینی ئیسلام لە دەستور و یاسا و رێسا کارپێکراوەکاندا رەنگبداتەوە و کرۆک و رۆحی دینداریی لەناو خەڵکیدا برەو پێبدرێ تاوەکو خەڵکی پابەندیی زیاتریان ھەبێ بەو یاسایانەوە و بەبەشێک لە دینداریی بزانن و چاکەکردنیان بۆ رەزامەندیی خودا و سەربەرزیی دوارۆژ بێ و لە دونیاشدا لە پەنایدا بحەسێنەوە.

دەزگایی TNS ی جیھانیی بۆ لێکۆڵێنەوە، دوای ئەوەی راپرسییەکی ئەنجامداوە لە ھەندێک لە وڵاتانی رۆژئاوادا، ئەوەی بۆ دەرکەوتووە کە زۆرینەی خەڵک بە لای یاسا و رێسای ئاینییدا دەڕۆن، چونکە ئەوانەی راپرسییەکەیان لەگەڵدا کراوە، پێیانوایە کە سەرەڕای ھەموو پێشکەوتنەکان دەبێت دەست بە بەھای ئاینییەوە بگیرێت. بۆ نموونە ئەو لێکۆڵینەوە دەریخستووە کە زۆرینەی ئەو خەڵکە دژی ئەوەن کە ھیچ جۆرە نەرمییەک بنوێنرێت لەسەر بەیاساکردنی کۆمەڵێک رەوشت و ئاکاری ناشیرینی وەک ھاوڕەگەزبازی، لەباربردن، بەکارھێنانی حەشیش، ئازادی جنسیی، خۆڕووتکردنەوە لە فلیم و سینەماکاندا.

بەگشتیی بەھا کۆمەڵایەتییەکان لە دوو سەرچاوەوە پەیدابوون، ئەوانیش:

١- ئاینەکان و بەتایبەت ئاینە ئاسمانییەکان و تایبەتریش ئاینی ئیسلام کە زۆر بەڕوونیی باسی ئەم بابەتە دەکات.

٢- دامەزراوە جیاوازەکانی کۆمەڵگە وەک خێزان و دامەزراوەکانی خوێندن و دامەزراوەکانی تری کۆمەڵی مەدەنی و ھتد.

بێگومان بەھۆی جیاوازیی کایەکانی ژیان، بەھاکانیش شکلڕ و شێوەی جیاواز وەردەگرن، ھەربۆیە دەکرێت زیاتر لە جۆرێک لە بەھا ببینین، لەوانە:

١- بەھای ئاینی: زیاتر لایەنی ئاینی و رۆحی و پەرستشەکان تیایدا زاڵە.

٢- بەھای کۆمەڵایەتی: ئەمە کۆمەڵێک خووە کە مرۆڤەکانی پێوە پەیوەست دەبن و دەبێتە بە شێک لە ژیانی مرۆڤ و کاردەکاتی سەر ھەڵسوکەوتی کەسەکە و کار لە دەوروبەر دەکات  وەک دەبینین کەسێک خۆشەویستە لەلای چواردەورەکەی کە حەز لە یارمەتی و ھاوکاری خەڵکی دەکات بۆیە پێویستە گەنجەکانمان بەتاییبەتی زۆر ھاوکاری و یارمەتی دەوروبەریان بدەن کە ئەمە ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا خەریکە لەناودەچێت.

٣- بەھای ئابووریی: ئەمەش کۆمەڵێک بەھایە کە ھەندێک لە مرۆڤی خاوەن کار بڕوایان وایە کە پارە ڕێگەیەکە بۆ کردنی چاکە و خێر و دەتوانن لە رێگەی بیری ئابووریانەوە چەندین پرۆژەی خێرخوازیی بنیاتبنێن بەکاریبھێنن لە خێر و چاکەدا.

٤- بەھای کەسیی: ئەمە ئەو کەسانەیە کە سیفەتی جوان وئارامگری و بڕوابەخۆبوون و ئازایەتی و دانایی و توانای چارەسەرکردنی کێشەکانیان ھەیە و تێگەیشتنی شتەکان بە شێوەیەکی رێک.

لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە بوترێت کە بەھای بەرز و رەوشتی جوان ژیانی دونیای مرۆڤەکان خۆشدەکات و خێر و بەرەکەت و دڵئارامیی و ئاسودەییان پێدەبەخشێ، و تەمەنی کۆمەڵگە درێژتر و ناو و شۆرەتەکەشی زیاتر ئەھێڵێتەوە و لە دوارۆژیشدا مایەی سەرفرازی و بەدەستھێنانی بەھەشتی بەرینی نەبڕاوەیە.

سارا تاهير

Leave a Reply