
نووسینی: مەحموود ئەبوو عادی
وه‌رگێڕانی: ڕێدار ئه‌حمه‌د
«خوداوەندە دێرینەکان لەناوچوون و مردن، خۆ ئەگەر توانای مانه‌وه‌و ژیانیشیان هه‌بووایه، ئه‌وا نه‌یانده‌توانی لەگەڵ خوداوەندە نوێیەکاندا ڕكابه‌ری بکه‌ن.»
(ئێمیل دورکهایم) (1)
لە سەردەمی ڕۆشنگه‌رییه‌وه، یان ئه‌وه‌ی كه بهسەردەمی سەرکەوتنی عەقڵ ناسراوه، زۆرێک لە فەیلەسوفان مژدەی کۆتاییهاتن و له‌ناوچوونی ئایینەکانیان بۆ هەمیشە ده‌دا، وەک ئه‌وه‌ی جادو و ئەفسانەیەکی بەسەرچوو بێت و باوی نه‌مابێت، هاتنی سەردەمێکی نوێی مرۆییان ڕاده‌گه‌یاند، کە تێیدا عەقڵ بە تەنیا زاڵ دەبێت و، لەسەر تەختی كه‌لوپه‌له مەعریفییهكانی داده‌نیشێت، كه تێیدا به‌ته‌نها زانست و هیچ شتێكی دیكه جگە لە زانست باڵاده‌ست نابێت.
ئەم بیركردنه‌وانه لە ڕێگەی چه‌ندین ده‌نگ و هاواره‌وه به‌ده‌ركه‌وت، كه ڕۆشنبیران و فەیلەسوفان رایانگه‌یاند، وەک “مردنی خوواوه‌ند” و نەمانی ئایینداری، ئه‌مه‌ش هاوكات بوو لەگه‌ڵ شۆڕشی زانستی و پیشەسازی و، لێک هەڵوهشانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییە تەقلیدییەکان له بەرژەوەندی تاکگەرایی (واته دەبێت بەرژەوەندییەکانی تاک لە سەرووی پێودانگه‌كانی دەوڵەت و گرووپەکان به‌دی بێت)، دەرکەوتنی شارە مۆدێرنه‌كانیش زیاتر بره‌وی پێ ده‌دات، چونکە كه‌سانێكی بێگانە به‌یه‌ك ده‌بنه دراوسێ، بەڵام مافی دابڕان و تەنیاییان هەیە، بەبێ ئەوەی هیچ شتێكی تەقلیدی یان هیچ به‌هایه‌كیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت.
بەڵام وەک ئەوەی تا ئەمڕۆی كه تێیدا ده‌ژین، دەرکەوتووە، ئەزموون و پراکتیزەکردنه مرۆییه‌كان بۆچوونێكی تریان هه‌یه، ئه‌وه‌تانێ سەردەمی پاش ڕۆشنگه‌ری لە فۆرمە ئەوروپییەکەی خۆیدا، بووژانەوەیهكی باش و چالاكی زۆرێک لە بزووتنەوە ئایینییەکانی بە خۆوە بینی، لە ژێر سایه‌ی مه‌رجه نوێیه‌كانی جیهان به‌ده‌ركه‌وته‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی چاك خۆی گونجاند لەگەڵ کەشوهەوای مۆدێرنی کۆمەڵگا و شارە مۆدێرنه‌كاندا، وا دیارە گه‌ڕانه‌وه‌ی خەڵک بۆ ئایینداری پرسێكه، زۆر لەوە تێده‌په‌ڕێت، كه تەنیا ڕوونکردنەوەیەک بدات لەسەر بوونمان، وەک شێوازه ڕۆشنگهرییهكهی پێشکەوتن بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، کە په‌یوه‌ستبوونی خەڵک بە ئایینەوە لە لایه‌ک و، به نەزانی و گەشەنەکردنی زانستەکانیان لە لایه‌كی تره‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، چونکە پێویستیان بە وەڵامی شرۆڤه‌كارانه هەیە بۆ دیارده گه‌ردوونییه‌كان.
ئەو دژیه‌كییه‌ی نێوان ئه‌وه‌ی توێژەران له‌ڕووی تیۆرییه‌وه چاوه‌ڕوانی بوون و، ئەوەی لەسەر زەوی به‌كردار ڕوویدا، (کێن والبر)ی فەیلەسوف به‌م شێوه‌یه وه‌سفی ده‌كات: “زۆرجار کۆمەڵناسان وا پێشبینییان کردووە کە مۆدێرنە هەموو کۆمەڵگە ئایینییەکان ڕاده‌ماڵێت، چونکە پێیان وایە لەسەر بنەمای خورافەی سه‌ره‌تایی پێش مۆدێرنەی دامەزراون، بەڵام هێشتا جیهان پڕە لەو بزووتنەوە ئایینیانەی ئاماده نین له‌ناو بچن”. (کارین ئارمسترۆنگ) لە چوارچێوەی پەیوەندیداردا به‌وه ئاماژە بە هەمان تێبینیی (والبر) دەکات و ده‌ڵێت: “هەرچەندە زۆر کەس دژە ئیمانن، بەڵام جیهان ڕابوونێكی ئایینی به‌خۆوه دەبینێت، بە پێچەوانەی پێشبینییه عەلمانییە باوەڕ بەخۆکانی ناوەڕاستی سەدەی بیستەم”(2).
قەیرانی واتا:
دوای کشانەوەی ئایین لە کایە گشتییەکان، چی ڕوویدا؟
“ئێمە خۆمان لە روبەڕوبونەوەیهكی دژوار لەگەڵ پرسی مانا، دوای كشانه‌وه‌ی ئایینەکان لە بواری گشتیدا، دەبینینەوە، تا ئەم ساتە هیچ شتێكمان دانه‌هێناوه، کە وه‌ك پێویست شوێنی بگرێته‌وه”.
لوک فێری (3)
جیهانی مۆدێرن ئەمڕۆ وەک جیهانێکی دیموکراتی و دامەزراوەیی خۆی ده‌نوێنێ، كه بوارێكی گشتی فره‌یی له‌خۆگرتووه‌و ئایین و ئایدیۆلۆژیای تێپه‌ڕاندووه، هه‌روه‌ك زۆرێک لە بیرمه‌ندان وای داده‌نێن کە دەرکەوتنی جیهانی نوێ به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستای بەبێ دابڕانێكی بنه‌مایی و یەکلاکەرەوە لەگەڵ ئاییندا نه‌ده‌هاته ئارا. لەو چوارچێوەیەدا فەیلەسوفان و توێژەرانی بواری کۆمەڵایەتی چەندین گوزارشتیان بۆ وەسفکردنی ئەم گۆڕانە نوێیەی کۆمەڵگا مرۆییەکان بەکارهێناوه، وەک “داماڵینی جادو لەدنیا” لای (ماکس فێبەر) و (مارسێل گۆشیه)، یان کۆتایی “ئایینگه‌رایی- سیاسی” به‌پێی ده‌ربڕینی (کارل شمیت)، یاخود “سه‌رده‌مێكی عەلمانی” به‌ده‌ربڕینی (چارلز تەیلۆر)، یان “گێڕانه‌وه‌ی شته‌كان بۆ ڕۆژگار” وه‌ك تەها عەبدولڕەحمان گوزارشتی لێ كردووه. (4)
لە هەر کۆمەڵگایەکدا، مرۆڤ لە نێو فەزایه‌كی مەعریفی و بەهایی باودا، لەگەڵ یەکتر کارلێک ده‌کەن، ئەم فەزایە زۆرجار کۆی ئەو بنەما و بەهایانە لە خۆ دەگرێت، کە ئایین و کو‌لتوور و دابونەریتی کۆمەڵگا سەپاندوونی، کاتێک ئایین وه‌لاده‌نرێت، یان کاریگەرییه‌كه‌ی لەسه‌ر ژیانی خەڵک سنووردار ده‌كرێت، ئه‌وا ئه‌وه‌ی لە ڕووی تێورییەوە ڕووده‌دات خاڵیکردنەوەی بواری گشتییه له بەها پیرۆزەکان، ئه‌مه‌ش له‌ڕووی كردارییه‌وه ئەستەمە، خۆ ئەگەر ئەمە لەواقیعیشدا ڕوویدا، ئه‌وا نابێت زۆر به‌رده‌وام بێت، پێویستە خەڵک لە دەوری كۆمه‌ڵێك بەهای پیرۆز كۆببنه‌وه، دەبێت خەڵک لە ناو فه‌زایه‌كی دامەزراوەیی و بەهاییدا بجوڵێتەوە، له حاڵه‌تی كشانه‌وه‌ی دامەزراوە ئایینییەکان بە شێوە ئاساییەکەی، به‌و پێیه‌ی ده‌چێته ناو بواری گشتییه‌وه‌و كاریگه‌ریی له‌سه‌ری هه‌یه، ئه‌وا پێویستە دامەزراوەی نوێ په‌یدا ببن، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی بەهۆی نەمانی دامەزراوە کۆن و كلاسيكییەكان هاتووه‌ته ئاراوه. (5)
لێره‌وه، مرۆڤ به‌سروشتی خۆی له‌توانایدا نییه‌و هه‌رده‌بێ له‌ده‌وری پیرۆزییه‌ك كۆ ببێته‌وه، ئه‌مه بۆچوونی زۆرێک لە لێکۆڵەرانه، له‌وانه (ڕودۆلف ئۆتۆ)، لە شیكاریی بیرۆكه‌ی پیرۆزدا، وەک بونیاتێکی بنه‌ڕه‌تی متبووه لە ناخی مرۆڤدا، تەنانەت ئەگەر مرۆڤ وا ده‌رنه‌كه‌وێت، كه له‌ڕێگه‌ی خزانه نێو چالاكییه ژیانییه‌كانه‌وه، مه‌ستبوون به پیرۆزییه‌ك تاقی ده‌كاته‌وه، كه به‌ڕووكار وه‌ك پیرۆز ده‌رناكه‌ون، بەڵام هەمان هه‌ڵچوونی ویژدانیی به‌دی دێنێت، چونکە ئەزموونی ویژدانی بۆ پیرۆزییه‌ك، ئه‌زموونێكه لە یەک کاتدا پڕه لە ترس و شکۆ و خۆشەویستی و تامه‌زرۆیی.(6)
لە ئەنجامی خوازیاریی ویژدانیی مرۆڤ بەره‌و موقه‌ده‌س، ڕووه‌و ئه‌وه‌ی به‌رزییه یان ڕه‌هایه، زۆر جار ڕووده‌دات، کە تاکەکان باوەڕیان بە زۆر مەسەلە هەیە، هەستێكی میتافیزیکی (یان غه‌یبی به‌پێی ده‌ربڕینی ئایینی)یان پێ ده‌به‌خشێت، هه‌مان ئه‌و هه‌سته‌یه كه ئایینه‌كان ده‌یبه‌خشن، بەڵام مەرجی بنەڕەتی ئەم دۆزانه یان ئه‌م بیروباوەڕانە ئەوەیە، کە نابێت سه‌رپه‌رشتیاریی ئەخلاقی بسه‌پێنێت، هه‌ر ئه‌مه‌شه خوالێخۆشبوو عەبدولوەهاب ئەلمسیری بە میتافیزیکای به‌بێ ئەخلاق ناوی دەبات، وەک باوەڕ بە بوونی بوونه‌وه‌ره ئاسمانییه‌كان، یان باوەڕبوون بە ڕێنماییه ڕامانی یاخود ویژدانییه‌كانی (بودا)، بەڵام ئه‌خلاقه ڕه‌فتارییه‌كانی لێ داماڵراوه، به‌و واتایه‌ی نابێت پێم بڵێت: چۆن له‌ژیانی تایبه‌تیمدا، یان ژیانی جنسیمدا، یاخود له سامانه‌كه‌مدا، ڕه‌فتار بکەم. (7)
لە بەرامبەر ئەم قەیرانە کۆمەڵایەتییەی نێوان ئایین و مۆدێرنێتەدا، ڕەنگە “دینداران” شێوازی نوێی دینداری بگرنەبەر، كه بەزۆری به‌شێوازی تاکەکەسی ده‌رده‌كه‌وێت، ئازاد لە پابه‌ندییه كۆمه‌ڵی یان كلاسیكییه‌كانی باوه‌ڕ، بەمشێوەیە سەر بە هیچ مەزهەب یان قوتابخانەیەکی ئایینی تایبەت نابێت، به‌قه‌د ئەوەندەی پێی باشە سەر بە ئایینێك بێت به‌شێوه گشتییه‌كه‌ی، ئەمەیه کە لێكۆڵەر (گرەیس دەیڤ) بە “باوەڕى بێ ئینتیما”(8) ناوی دەبات، واته باوەڕێکی خودی و تایبەت، به‌ڵام شوناسێك نییه سه‌ر به‌و بم و، به‌شێوه‌یه‌كی توند خۆم به‌وه پێناسه بكه‌م. بێگومان ئەمەش ئاسودەییەکی ڕەفتاریی و، توانای خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕاوه هاوچەرخه‌كان بە تاکەکان دەبه‌خشێت، له‌بری وه‌لانان یان دابڕان لەسەر بنەمای ئینتیمای بۆ گروپێکی جیاواز لە گروپە مرۆییەکانی دیكه.
لە شێوازێکی تری شێوازه‌كانی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی مانا و هەستكردن به بێهودەیی، کە تاكه‌كانی ئه‌م جیهانه‌ی داگیر كردووه، ئەزموونەکانی کشانەوە له‌واقیع له‌په‌ره‌سه‌ندندایه، لە نێویاندا بەکارهێنانی ماده هۆشبه‌ره‌كان یاخود حه‌بی DMT یان قارچکی سیحری، به‌و پێیه‌ی ئه‌زموونێكی وڕێنهكار و خەونبین و دابڕاوه لە واقیع، بۆ سووككردنی شوێنه‌واری ده‌رك پێكردنمان.
لە بەرامبەر قەیرانی مانا و نەبوونی ئه‌و ئاسۆیه وجودییه‌ی ئایین و پیاده‌كردنه‌كانی بە ژیانی دەبەخشن، له ئه‌مڕۆدا خەڵکی لە ڕەفتاریاندا یەکێک لەم سێ ڕێگایه ده‌گرنه‌به‌ر: یان سه‌رقاڵبوونی چڕ به چالاکییه جەستەییهكان و، شپرزهكردنی چڕی هەستەکان بۆ سووككردنی توانای ده‌رككردنیان بە قەیرانی مانا، یاخود هەوڵدان بۆ خزانه نێو ئه‌و كار‌و كرده‌وانه‌ی ده‌بنه جێگرەوەی كار‌و كرده‌وه ئایینیەکان، کە هەمان هەستكردن به موقه‌ده‌س و كۆمهڵبوونیان پێ دەبەخشێت، یان نغرۆبوون لە تەڵەی نه‌بوون(العدمیة) و داڕمانی ڕەفتاری و دەستپێشخه‌ری نه‌كردن بۆ هیچ شتێک، ئه‌مه‌ش شێوەیهكه له‌شێوه‌كانی ده‌ربڕینی ناڕەزایهتی لە بەرامبەر واقیعه پڕ كێشه‌كه‌دا، ههروەک عەلی عیزه‌ت بێگۆڤیچ پێشتر ئاماژەی پێداوە.
كاره‌ساتباریی بێدینی له‌وه‌دایه: هه‌ستكردن بە پێویستێتی دروستکردنی ئەلتەرناتیڤێك بۆ ئایین
“لەگەڵ ئەوەشدا ئێمەی مرۆڤخواز، ئەمڕۆ گومانباشیمان نه‌ماوه، ڕێك وەک عەلمانییەکان، چونکە ناتوانین وەڵامی چەندین پرسیاری وجودیی بدەینەوە: کاتێک خراپە ده‌ست ده‌وه‌شێنێت و مردن بە بێماناییەکەیهوه له‌پڕ بۆمان دێت، ناتوانین ڕێ له پرسیاری “بۆچی”؟ بگرین.
هەمان ئەم پرسیارانەیه کە ئایینەکان و خودی ڕەهای خواوه‌ندیی سنوورێكی یه‌كجاره‌كی بۆ داناون و وەڵامی زیاتر به‌دیهی داوهنهتهوه”
(لوک فێری) (9)
دەستنیشانکردنی قەیرانی مانا کە بەهۆی گۆڕانکاری بنەڕەتییەوە دروست بووە، تەنها به‌هۆی ڕه‌وتێكی ئایینی یان ئەکادیمییهوه نەبوو، بەڵکو ئه‌وه لە ڕێگەی هۆشیارییەکی ناوەکی سه‌رانی ئیلحاد و مرۆڤدۆستی مۆدێرنەوە بوو، ئه‌وان لە بەرامبەر ئه‌و ئایینانەی وه‌لانراوه ڕووبەڕووی ته‌نگه‌ژه‌یه‌كی مرۆیی جدی دەبنەوە، كه لە ڕووی تواناكانییه‌وه بۆ دابینکردنی مانا بۆ تاکەکان ناتوانرێ قەرەبوو بكرێته‌وه، نەبوونی مانا قەیرانێكی لابه‌لا یان كاتی نییە، بەڵکو قەیرانێکی پێکهاتەیی په‌یوه‌سته بە سروشتی ئه‌و جیهانه عەلمانی و دیموکراتییەی کە تێیدا هەین .(10)
به‌هۆی ئه‌وه‌وه دواتر ژمارەیەک نووسین هاته ئارا، وەک چه‌ند هەوڵێكی ڕێگانیشانده‌ر بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی تیۆری و بەهایی نوێ، دەتوانین لێره‌دا سێ دەقی سەرەکی دیاری بکەین” کە پێشنیاری ڕەفتاری و تیۆری بۆ ئه‌نجامدانی سروشه ڕۆحییەکانی مولحیده‌كان ده‌خاته ڕوو:
- كتێبه‌كه‌ی فەیلەسوفی ئەمریکی سام هاریس، “بێداریی، ڕێنمونیكارت به‌ره‌و ڕۆحانیبوون به بێ ئایین” ((Waking Up: A Guide to Spirituality Without Religion).
- کتێبی فەیلەسوفی فەرەنسی ئه‌ندریه كۆمیت سبونفیل” كتێبی بچوكی ڕۆحانیبوونی مولحید” ” The Little Book of Atheist Spirituality “.
- کتێبی فەیلەسوفی به‌ریتانی ئالان دو بۆتون “ئایین بۆ مولحیده‌كان، ڕێنمایكاری بێباوه‌ڕه‌كان بۆ به‌كارهێنانه‌كانی ئایین” (Religion for Atheists: A non-believer’s guide to the uses of religion).
ئەو سێ کتێبە ڕێنیشاندەرێکی جێبه‌جێكاری و کرداری پێشكه‌شی بێدینه‌كان ده‌كات، له‌ڕێگای کۆمەڵێک مەشق و ڕێنمایی بۆ پراکتیزەکردنی چه‌ند شێوازێكی په‌رستش، کە لە ناواخنه لاهوتیه‌كه‌ی خاڵی كراون، تێبینی ده‌كرێت، گرنگترین ئه‌وه‌ی پشتی پێ ده‌به‌ستن، ئایینی بودایی و پراکتیکە ڕامانیهكانییهتی، دوور لە ئایینە ئیبراهیمییەکان، هەستیاریی ئه‌مه‌ش بە ڕوونی دیارە، بەتایبەتی لای سام هاریس کە ڕق و کینە و بێزارییه‌كی زۆر بەرامبەر بە مەسیحییەت و ئیسلام نیشان دەدات.
جێگره‌وه‌ی سیکۆلارهكان بۆ دروشم و بیروباوەڕه ئاینییه‌كان:
نموونە و جێبه‌جێكردنه‌كان
” کۆمەڵگای مۆدێرن هه‌رچه‌ند عەلمانی بێت، لە ئامانج و دەرەنجامەکانیدا بە دەوری رێوڕەسمی هاوشێوه‌ی ڕێوڕه‌سمه ئایینیه‌كاندا دەخولێتەوە”
(ئێمیل دورکهایم) (11)
لەشیکردنەوەیەکی قوڵدا، کۆمەڵناسی فەرەنسی ئیم‌یل دۆرکهایم ئاماژەی بەوەداوه، کە زۆربەی نەریتە مرۆییەکان لەکۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا تەنیا درێژکراوە یان پەرەپێدراوی ڕووكاریی نەریتە ئایینییە دێرینەکانن، به‌جۆرێك كه ئه‌و ئامانج و ئەنجامانه به‌دی بهێنێت، كه نەریتە ئایینیه‌كان و دروشمه‌كانی بەدەستی ده‌هێنن. ئەمەش بۆ ئەو بیرۆکە بنەڕەتییەمان دەگەڕێنێتەوە کە ده‌ڵێت: ئایین و پێویستی مرۆڤ بۆ پیرۆزییەک نە تێکدەشکێنرێ و نە دهفەوتێ، بەڵکو دووبارە بوونی خۆی لەو جێگره‌وه مۆدێرنانه وه‌رده‌گرێته‌وه کە هەمان تێربوونی ویژدانی بۆ مرۆڤ دەهێنێتە دی.
ئێمیل دورکهایم، ئایین وەک سیستمێکی یەکگرتووی بیروباوەڕ و جێبه‌جێكردنه‌كان ده‌ناسێنێت، کە لەدەوری بەهاکانی پیرۆزكراو و پیسكراو دەخولێتەوە، بەجۆرێک ئەو کەسانە یەکئەخات کە ئینتیمایان بۆی هه‌یه، لەبەر ئەوە شتانێک هەن ده‌بێ پیرۆز بکرێن و شتانێک ده‌بێ بێزراو بكرێت (حەڵاڵ و حەرام)، هەروەها موماره‌سه و بیروباوەڕێکیش هەیە لەدەوری ئەم بەهایانە دەخولێتەوە. لێرەوە بەپێی پێناسەی دۆرکهایم بۆ ئایین دەتوانین لە خۆشی هاندەرانی تۆپی پێ له‌یاریگاكاندا تێبگه‌ین، لە یەک شوێن دا کۆدەبنەوە، هات و هاوار دەکەن، باز دەدەن، هوتاف ده‌ڵێن، یه‌ك ده‌ربڕین ده‌ڵێنه‌وه، ئەوه‌ی ئه‌یڵێن ئەو تیمەی هانی دەدەن پیرۆز نیشان ده‌دات، تیمی ڕکابەریشیان یان دوژمنیان سوك ده‌كات، بەو جۆرە هەستێکی گشتی دەدەن بە ئینتیما بۆ لای كۆمه‌ڵێكی هاوشێوه‌ی كۆمه‌ڵێكی ئایینی، هەر بۆیە زۆرجار وا ڕووده‌دات کە كاری توندوتیژی بە کۆمەڵ بۆ سه‌رخستنی تیمه‌كه‌یان و شكستپێهێنانی تیمی ڕكابه‌ریان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
بەپێی پێشەکییە تیۆرییەکانی پێشوو و تێگەیشتن لە ئایین و ئەوەی دەیبەخشێت، هەروەها به تێگەیشتن لە دەرکەوتە ڕەفتارییه هاوچەرخه‌كان کە هەوڵ دەدەن ئەلتەرناتیڤی هاوچەرخ بۆ ڕێوڕەسمه ئایینیه‌كان دروست بکەن، لێره‌دا گرنگترین ئەو پێنج گۆڕانکارییه لە ئایینییەوە بۆ عەلمانی ده‌خه‌ینه ڕوو، كه لە واقیعی زیندووماندا بەدی ده‌کرێت، ئه‌وه‌ش لەسه‌ر ئاستی بیروباوەڕ و نەریتەکان، له‌ڕێی ئه‌مه‌شه‌وه هاوتا عەلمانییانەكانی رێوڕەسمه ئایینیه‌كان ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه:
دروستییەتی سیاسیی:
حەڵاڵ و حەرامی نوێ
دیارە ئارگومێنتی قسه‌كردن لە جوانکردن و ناشیرینكردندا هەرگیز کاریگەری خۆی لە دەست نادات، بەڵام گۆڕانه‌كه وادياره ئەمجارە به‌ئاڕاسته‌ی ده‌ستاوده‌ستكردنی جەماوەرییه بۆ ناكۆكییه ئەخلاقییه‌كان، به‌گوێره‌ی پێوەرەکانی “ئەوەی شایانی گوتنە” و ” ئەوەی شایانی گوتن نییه”، به‌مه‌ش بیرۆكه‌ی دروستییه‌تی دێتە ئاراوە، به‌و پێیه‌ی دیاریکەرێکی گوتاریی و ڕێكخهرێكی ئه‌خلاقییه بۆ ئه‌وه‌ی پێویسته بگوترێت و ئه‌وه‌ی نابێت بگوترێت، بە پێی پێوەرەکانی شوناسە فەرهەنگی و زایه‌ندییه هاوچەرخەکان.
ناواخنی بنەڕەتیی دروستێتی سیاسی له‌وه‌دایه، کە وەک توندوتیژی و زیانێك مامەڵە لەگەڵ گوتاره‌كه‌دا دەکات، کە نابێت تیپه‌ڕێنرێت، لەبەر ئەوە ئازادی دەربڕین یان ئازادی تاکەکان بۆ كارپێكردنی قه‌ناعه‌ته‌كانی خۆیان، جێگای زبڵدانە، چونکە دەبێت، بەبێ گوێدانە ئەوەی باوەڕت پێیەتی، ڕێسا نوێکانی یارییەکە پەیڕەو بکه‌یت، نابێت ئەوە بڵێیت کە باوەڕت پێیەتی، بەڵکو دەبێت ئه‌وه بڵێیت كه ئەجێندای دروستییه‌تی سیاسی دیاریی دەکات.
كه‌واته وادیاره دروستییه‌تی سیاسی له جوان نیشاندان و ناشرین نیشاندانی ئەخلاقی، لە ڕۆژئاواوە هاتووه، ئەوەی ڕۆژئاوا بە ناشیرینی دەبینێت ناشیرینە و، ئەوەی به‌باشی دەبینێت باشە، ئەمەش ڕووبه‌رێکی باشە بۆ تێگەیشتنی دزینی کولتووری لە لایه‌ك. دەکرێت بە قسەکردن لەسەر بزووتنەوەی ڕووه‌كییه‌كان، ئه‌و بیرۆكه‌یه بۆ ئه‌وپه‌ڕی ڕابكێشرێت، کە حهرامکردنەکە فۆڕمێکی عەلمانی وەک بەدیلێک بۆ حه‌رامکردنی ئایینی وەردەگرێت.
ڕێنمایی شێوازی ژیان و توێژەری دەروونی: پیاوی ئایینی نوێ
وەک پێشتر له ده‌ستپێك باسمان كرد، بارودۆخی سەرەتایی کۆمەڵگا مرۆییەکان بە تێگەیشتنێکی ئایینی بۆ بوون (وجود) دەورە درابوو، بۆیە خه‌ڵك، نه له خۆیان و نه له كۆمه‌ڵگاكانیان تێنه‌گه‌یشتوون، مه‌گه‌ر لە ڕێگەی بینینێکی ئایینی ڕێکخه‌ر یان هه‌مه‌كی (كلي)، له‌به‌ر ئه‌وه ڕووبه‌ری نێوان “ئایینی” و “دنیایی” وه‌ك نەبوو وابوو، پیاوانی ئایینیش وردەکارییەکانی ژیانیان بۆ خەڵک باس ده‌كرد، كه ئه‌وه‌ش وه‌ك پەناگە و ڕاوێژکارێک وابوو بۆ تاک، تەنانەت لە زۆرترین پرسەکانی ژیانه دنیاییهكهیدا.
به‌ڵام لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکانی ئەمڕۆدا، سه‌ره‌ڕای دابڕانی كاروباری ئایینی لە ژیانی گشتیی تاکەکان، پیاوانی ئایینی -تا ڕادەیەک – توانای ئەوەیان لەدەستداوە کە ڕێنمایی ئەخلاقی یان ڕێنمایی چۆنیه‌تی ژیان بۆ تاکەکان بخه‌نه ڕوو، تاكه‌كان وایان لێهاتووه، ئەگەر تووشی کێشەیەکی ژیان بوون، په‌نا ده‌به‌نه به‌ر پزیشک یان چاره‌سه‌ركاری ده‌روونی، بۆ به‌ده‌ستهێنانی دڵنیایی و ڕێنمایی و ئاراسته‌كردنی چۆنیه‌تی ژیان.
هەر ئەم هۆکارەیه ده‌ریده‌خات کە، بۆچی پێشڕه‌وانی ڕێنمایی ژیان(Life Coaching) و ڕاهێنەرانی گەشەپێدانی مرۆیی وا زۆرن و بڵاوبوونه‌ته‌وه، به‌هه‌مان شێوه گەشەی پێچه‌وانه‌ی پزیشكی دەروونی و دەروونناسیش، جیاوازی نێوانیان تەنیا بڕی زانستیی بوونی هه‌ر لایه‌ك، یان پشتبه‌ستنی به حه‌قیقه‌ت و توێژینه‌وه زانستییه‌كانه، لە بەرامبەر فرۆشتنی وەهم و زانستی ساخته‌دا، بەڵام هەموویان له کۆتاییدا ڕۆڵی هه‌مان ئەلتەرناتیڤ ده‌بینن، بێگومان له‌گه‌ڵ جیاوازیی كاریگه‌ریی هه‌ریه‌كه‌یان.
ئاهەنگە گەورەکانی ساڵانە:
وەرزەکانی حەج و جه‌ژنه نوێیه‌كان
ساڵانە، به نزیكه‌یی له هه‌مان كات و شوێندا، ژماره‌یه‌كی زۆر ئاهەنگ و فێستیڤاڵی گۆرانی ساز دەکرێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و كۆبوونه‌وه‌و ئاهەنگانهش ده‌گرێته‌وه، كه سه‌ری ساڵی نوێ، لە سەرتاسەری جیهاندا ئه‌نجام ده‌درێت، هه‌روه‌ها ئاهەنگەکانی ڕۆژی ڤالانتاین و هاوشێوه‌كانی، لێرەدا باس لە ڕۆژژمێرێکی کاتیی تایبەت دەکەین، کە په‌یوه‌نداره بە شوێنێکی تایبەت، به چالاكییه‌كی بەکۆمەڵی تایبه‌ت، کە خه‌ڵك له زۆربه‌ی شوێنه‌كانی جیهانه‌وه تێیدا كۆده‌بنه‌وه، ئه‌مه‌ش ئەو مەرجانەیه، کە لەگەڵ وه‌سفی حه‌جكردنی ئایینی لای زۆرێك له‌ئایینه‌كان ده‌گونجێت.
بۆ نموونە، فێستیڤاڵی گۆراني‌ی ” Donauinselfest”، کە ساڵانە لە وڵاتی نەمسا ساز دەکرێت، یەکێکە لە گەورەترین ئاهەنگە مۆسیقییەکان، ژماره‌ی سه‌ردانیكارانی و بلیته فرۆشراوه‌كانی لە ماوەی سێ ڕۆژدا، ده‌گاته سێ ملیۆن كه‌س سه‌ردانیكار لە سەرتاسەری جیهانه‌وه، ئەو ژمارەیە زیاتره لە ژمارەی حاجیانی موسڵمان کە ساڵانه بەرەو کەعبە دەچن، هه‌روه‌ها فێستیڤاڵی ” Tomorrowland”، كه لە بەلجیکا ساز ده‌كرێت، ساڵانە پێشوازیی له400 هەزار سەردانیکار لە 83 فڕۆکەخانەی سەرتاسەری جیهان ده‌كات.
ڕامان و سوپاسگوزاری:
بەدیلی عەلمانیهته بۆ نوێژه ئایینیه‌كان
بەپێی چەندین توێژینەوەی بەدواداچوون(12)، توێژەران بۆیان ده‌ركه‌وتووه، پەیوەندییه‌كی ڕوون هه‌یه، تەندروستی دەروونی ده‌به‌ستێته‌وه به بوونی ڕێوڕه‌سمی ئایینی لای خاوەنەکانیان، له میانه‌ی گەڕان بەدوای فاکتەرە شاراوه‌کانی پشت پته‌وکردنی تەندروستی دەروونیی کەسانی ئاییندار، چەندین فاکتەر ده‌ركه‌وت، لەوانە ئەو پاڵپشتییە دەروونییە کۆمەڵایەتییەی، کە تاک، بە بوونی لەنێو گروپێکی ئایینی‌دا، به‌ده‌ستی ده‌هێنێت، له‌نێویاندا ئه‌و ئومێده ئایینی و خۆڕاگری و دڵدانهوهیهی به په‌یڕه‌وكارانی ده‌به‌خشێت. (13)
لەسەر ئاستی دروشمه ئایینییه‌كانیش، لێکۆڵینەوە زانستییەکان( 14) دوو لە گرنگترین مەشق و بهجێگهیاندنهكانیان لە ئایینەکاندا بەدی کردووە، کە بە شێوەیەکی ئەرێنی کار دەکه‌نە سەر باری دەروونیی شوێنکەوتوانییان، ئەوانیش نوێژ و ئه‌نجامدانی سوپاسگوزاری و ستایش (الحمد والشكر)ه، ئه‌وه‌بوو میکانیزمەکانی کاریگەرییەکەیان پوخت كرده‌وه، تا گه‌یشتنه دوو مەشقی چاره‌سه‌ریی، كه له ئێستادا لە ناوه‌ندی پزیشكی دەروونی و چاره‌سه‌ری ده‌روونی بۆ خەمۆکی و دڵەڕاوکێ بەناوبانگن، ئه‌وانیش: ڕامانی مێشكیی (Mindfulness) و سوپاسگوزارین (Gratitude). (15)
بیرۆکەی بنەڕەتی چارەسەری دەروونیی، لەڕێگەی ڕامانی مێشكییەوە، به چه‌ند خولەکێك خۆ یه‌كلاكردنه‌وه بۆی و به‌شێوه‌یه‌كی ڕۆژانه‌و ڕێك‌وپێك، (بۆ نموونە پێش خەوتن)، به‌مه‌به‌ستی پاككردنه‌وه‌ی مێشک و ڕامان و هێمنی، بەشێوەیەکی هاوشێوەی ملكه‌چی(خشوع) و دورخستنەوی دەستێوەردان یان چالاکییە ژیانییه‌كان لەو ماوەیەدا. به‌ڵام سوپاسکردن(امتنان) هاوتایە بۆ ستایش و سوپاس (الحمد والشكر)، ئه‌ویش وەستانی تاکه ماوه ماوه به‌مه‌به‌ستی ڕامان لەو باشه و خێر‌و چاکە و دەستکەوت و ئیمتیازاتانه‌ی کە لە ژیاندا پێی دراوە و، وای لێ ده‌كات لە مرۆڤه‌كانی تر باشتر بێت، له لێکۆڵینەوەکاندا، کاریگەری ئەو دوو نەریتەیان لەسەر بەرزکردنەوەی باری تەندروستی دەروونی تاکەکانیان بۆ ده‌ركه‌وتووه.
قوتابخانەی ژیان:
پەرستگاكانی عه‌لمانیه‌ت و گوتاره ئامۆژگاریكاریهكانیان
ئایا هیچتان له‌باره‌ی “قوتابخانەی ژیان- The School of Life” گوێ لێ بووە؟ له‌وانه‌یه، بەڵام بۆ ئەوانەی کە گوێیان لێ نەبووە، قوتابخانەیەکه کە لە ساڵی 2008 ەوە لەلایەن فەیلەسوف (ئالان دی بۆتۆن)ـەوە دامه‌زراوه، دەزگایه‌كی پەروەردەییە و لە ڕێگەیەوە لە هۆڵی گەورەدا وانه‌ی به‌رده‌وام پێشكه‌ش ده‌كرێت، سه‌ره‌تای وتاره‌كان په‌یوه‌ندارن بە ژیان و فەلسەفە و ئایینەکانەوە، ووتارەکانی ئەم قوتابخانەیە هەندێکجار شێوەیەکی ئامۆژگاری پڕ لە ڕاسپاردەن، ڕه‌نگه بابه‌ته‌كه‌ی له‌سه‌ر بێهیوایی بێت، هه‌ندێكجاریش له‌سه‌ر حەسانەوە و، جاریش هه‌بێت له‌سه‌ر شادی یان خۆشەویستی و به‌و شێوه‌یه.
ئه‌م قوتابخانەیە لە زۆر شاری جیهاندا چه‌ندین لقی هەیە، دەرگای به‌ئه‌ندامبوون بۆ خەڵک دەکاتەوە له‌ڕێگای پێشكه‌شكردنی داواکاری په‌یوه‌ندیكردن و ئەندامبوونهوه، چەندین خزمەتگوزاری تریش پێشکەش بە شوێنکەوتوانی دەکات، وەک چارەسەر وڕێنمایی دەروونی و چاره‌سه‌ر له‌ڕێگه‌ی خوێندنەوە یان کتێب.
ئەوەی کە (ئالان دی بۆتۆن) هەوڵیدا تازه‌ی بكاته‌وه، له‌وانه‌ی پەیوەندارن بوو به‌ئیلحادی نوێوه، ئه‌وه‌بوو كه هەنگاوێک بەرەو پێش بچێت، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگای هه‌ڵبژاردنی ئه‌وانه‌ی له ئایینەکاندا له‌ڕووی كردارییه‌وه به‌سووده. به‌و پێیه، ئه‌و داوای ئه‌نجامدانی هەنگاوی داهاتووش ده‌كات، له‌ڕێگای گۆڕینی بێدینی (ئیلحاد) بۆ دامەزراوەیه‌كی کۆمەڵایەتی، كه گوتار‌و كۆبوونه‌وه و دیداری خولی خۆی هه‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ك شان له‌شانی گوتاری ئایینی و دەزگاکانی بدات.
لێره‌دا حەوت پوخته‌ی ئایینی ده‌خه‌ینه روو، هه‌روه‌ك بۆتۆن پێشنیاری دەکات ئیلحادی نوێ به‌كاریان بهێنێت: (16)
یه‌كه‌م: وه‌رگرتنی لایەنی دروشمی(شعائر)ی ئایینه‌كان و، ئه‌نجامدانی هاوشێوه‌ی سروته ئایینیه‌كان، چونكه وادەردهکەوێت کە له‌خۆیدا پێویستییەکی بەپەلە و گرنگ بێت، به‌و شێوه‌یه (بۆتۆن) پێشنیار بۆ ئیلحادی نوێ دەکات، کە بە شێوەی خولی کۆبوونه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان ڕێکبخات بۆ مولحیده‌كان، بۆ ئاڵوگۆڕی ئامۆژگارییه نادینی و ئیلحادی و فەلسەفییه‌كان.
دووەم: فێرکردن بە ئامۆژگاری و دووبارەکردنەوە، سه‌رده‌می عەلمانی متمانەی تەواوی بە فێركردن هەیە بۆ ئەوەی جیهان بكات بە شوێنێکی باشتر، هەر بۆیە پاره‌ی زۆر لە خوێندندا سەرف دەکات. بەڵام بوتۆن ئاماژە بەوە دەکات کە فێركردن دەبێت به ئه‌ركی ڕێنماییكاری هه‌ستێت و، وەڵامی ئه‌مجۆره پرسیارانه‌ی تاكه‌كان بداتەوە: چۆن بژیم؟ چۆن بە دروستی ژیان بکەم؟ کەواتە پێویسته په‌روه‌رده و فێرکردن ئامۆژگاری (هاوشێوەی ئه‌وه‌ی له ئاییندا هه‌یه) له‌خۆ گرتبێت، بە گوتەی بۆتۆن دەبێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئامۆژگاری (موعظة)، چونکە هەموومان پێویستمان بە ڕێنمایی و ئامۆژگاری و هاوسۆزی هەیە، هەر ئەوەشە کە ئایینەکان چاك دەیزانن و بەکاری دەهێنن. بەڵام دەبێت مولحیدەکان ڕۆژانە ئامۆژگارییه فه‌لسه‌فییه‌كانیان بۆ شوێنکەوتوانی خۆیان دووبارە بکەنەوە، ههروەک چۆن ئایینەکان ده‌یكه‌ن. فاکتەری “دووبارەكردنەوە” گرنگترین فاکتەره لە دروستکردنی کارایی و كاریگه‌ری دروست كردن‌دا، ئایینەکان لەسەر کولتووری دووبارەكردنەوە و خولاندنەوەی حەقیقەتە مەزنەکان بۆ چه‌ندینجار و به‌رده‌وام دەچەسپێن.
سێیەم: پێوه‌ستی کاتی و شوێنی، یان دروستکردنی ساڵنامەی كاتیی پیرۆز، ڕۆژژمێری کاسۆلیکی و ساڵنامەی هیجری هه‌یه، لە کۆتایی فڵانه مانگدا ئەم بۆنە پیرۆزە یاد ده‌كرێته‌وه و، لە سەرەتای فیساره مانگ یادی لەدایکبوونی ئەم پێغەمبەرەیه، لەم هەفتەیەی ساڵدا بۆنه‌ی جه‌ژنمان هه‌یه، یان بەڕۆژوو دەبین. هەروەها لە ئاستی شوێندا، بۆ نموونە سەیری حەج بکە، بزانە چۆن ئایینەکان سەفەر دەکەن بە کارێکی پیرۆز بەوه‌ی ڕووكردنه شوێنە پیرۆزەکانه لە کات و شوینێكی دیاریكراودا، لێرەوە بۆتۆن پێشنیار دەکات: بۆچی لە بەروارێكی ساڵانەی دیاریكراودا سەفەر بۆ سه‌ر گۆڕی چارلز داروین نه‌كه‌ین، بۆ نموونە بە گرووپ لە هەموو جیهانەوە بێین.
چوارەم: پرۆفیشناڵیزم لە هونەری گوتارداندا، ئایینەکان لە جەوهەردا لەسەر ئەدای گوتاری سۆزداری كاریگه‌ر بە شێوەی قەناعەتپێکەر و باوەڕپێکراو دامەزراون. بۆیە بۆتۆن پێشنیار دەکات کە بانگه‌شه‌كارانی ئیلحادیش لە هونەری گوتارداندا پرۆفیشناڵ بن و گوتاری شیعریی و سۆزداری و کاریگەر پێشكه‌شی شوێنکەوتوانی خۆیان بكه‌ن.
پێنجەم: مامەڵەکردن لەگەڵ جەستەدا، ئێمە تەنیا عەقڵ نین، ئەمەش ئەوەیە کە ئایینەکان بەباشی لێی ئاگادارن، چونکە ئایینەکان تەنیا ئامۆژگاری مه‌عنه‌وی بە شوێنکەوتوانی خۆیان نادەن، بۆ نموونە پرسی تۆبەکردن یان پاککبوونەوەی له هەڵەکان، کە فەرمان بە شوێنکەوتوانی دەكات لێبوردە بن، له‌هه‌مان كاتدا فەرمانیان پێ دەكات، کە لەسه‌ر ئاستی جه‌سته‌شیان ڕه‌فتارێكی كرداریی و ماددی ئه‌نجام بده‌ن، وەک شوشتن یان ده‌ستنوێژگرتن. بۆیە بوتۆن پێشنیار دەکات کە ئیلحادی نوێ دەبێت ئەم تێگەیشتنە بەکار بهێنیت بۆ ئەوەی شوێنکەوتوانی مولحیدی ناچار بكات هه‌ندێ ئاكاری جه‌سته‌یی په‌یڕه‌و بكه‌ن.
شەشەم: تێپه‌ڕاندنی دیدی بێلایەنانه بۆ هونەر، بۆتۆن مۆزەخانەی هونەری وه‌ك پەرستگای مرۆیی لە سەردەمی عەلمانیدا سه‌یر دەکات، بەڵام کارەسات لە هونەری سەردەمدا ئەوەیە کە ئێمە سەرەتا دەمانەوێت هونەر تەنیا بۆ هونەر بێت، واتە له‌پێناوی خۆیدا بێت، لەبەر ئەوە مەرج نییە مەبەست لە شتێک بێت یان خۆی ڕوون بکاتەوە یان لێی تێبگەین یان ئه‌وه‌مان پێ بناسێت و به‌ره‌وڕووی خۆمان ببینه‌وه، زۆرجار ئێمە دەچینەوە ناو مۆزەخانەکان و له‌دڵی خۆماندا ئه‌ڵێین: نازانم ئەمە مانای چییە، ئایا بەڕاستی ئەمە شتێکی مه‌به‌ستداره له‌لایه‌ن هونەرمەندەكهوه تا هه‌وڵی لێكدانه‌وه‌ی بده‌م؟! یان هەر ئەوە ته‌نها ڕێككردنێكی هەڕەمەکییە؟ به‌ڵام دەربڕینی ئایینی لە هونەردا، یان ئه‌و هونەره‌ی له‌سه‌ر ئایین دامەزراوه ئه‌وه‌یان به‌زۆریی له‌سه‌ر دوو یادهینانهوه دامه‌زراوه: یەکەم، یادهێنانه‌وه‌ی ئەوەی خۆشت دەوێت، دووەم، بۆ ئەوەی بیرت بێتەوە کە له‌چی دەترسیت و ڕقت لێیەتی. هونەر لە ئایینەکاندا وەک پڕوپاگەندەیهك وایە کە هەستی جەستەییت بۆ یادكه‌وتنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ته ئایینیه‌كان ده‌جوڵێنێت، سزا‌و پاداشتت بیرده‌هێنێته‌وه، یان ڕۆژی قیامه‌ت، یاخود چیرۆکی دروستبوون. بوتۆن پێشنیاری دەکات مۆزەخانە دابەش بکرێت بۆ بەشێک لەو هونەره‌ی کە باس لە خۆشەویستی دەکات، به‌شێكی تریشی بۆ ئه‌و هونه‌ره‌ی کە باس لە بەخشندەیی دەکات، بەم شێوەیە دووبارە مرۆڤایەتی بە بەها نائایینیەکان په‌روه‌رده ده‌كرێته‌وه.
حەوتەم: کۆبوونەوە، تاکەکان لە دنیای عەلمانیدا مه‌یلیان بەرەو گۆشەگیری و تاكگهریی هه‌یه، ئه‌مه‌ش له كۆتاییدا ئه‌م تاكی و گۆشه‌گیریی و دابڕانه، ده‌یانكاته فەیلەسوف و نووسەر و دەرهێنەر. بەڵام ئەوەی ئایینەکان دەیکەن پێكه‌وه کۆبوونەوەیە و، دروستکردنی دامەزراوە كۆمه‌ڵییه‌كانه، پێكه‌وه كۆبوونه‌وه کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئاستی هێز و وزە و هەستكردن به مانا هەیە. لێره‌دا بۆتۆن ئامۆژگاری مولحیده‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت: گۆشەگیری هیچ دروست ناکات، ئەگەر ئێمە بمانەوێت جیهان بگۆڕین، له‌سه‌رمانه وەک کەسانی نائایینی پێكه‌وه كۆببینه‌وه.
وادیاره قسه كلاسیكییه‌كانی ڕۆشنگه‌ران له‌باره‌ی سڕینه‌وه‌ی ئایین به‌شێوه‌یه‌كی هه‌تاهه‌تایی شێواندنی ئه‌و حه‌قیقه‌ته بێت كه له‌واقیعدا بوونی هه‌یه، بیرۆكه‌ی دابڕانی ته‌واو له ئایین له‌گه‌ڵ واقیعدا یه‌كناگرێته‌وه، به‌ڵكو بەپێچەوانەوە ئەوەی ئێمە وەک هاوکێشەی ڕووناک‌بیری هاوچەرخ شاهیدی بۆ ئەدەین وادیارە درێژکراوەی ئەوەیه کە لەبنەڕەتدا ئایینییە و دووبارە شێوەبەندیکردنەوەیەتی نەک دابڕانی ته‌واو لێی. بەڵام ڕه‌وتی ڕۆشنگه‌ری سەردەم لە هاوکێشەی پێویستییبوونی سروشتیی مرۆڤ بۆ مانا پیرۆز و به‌رزه‌كان تێبگات دەردەکەوێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پرسیارە سەبارەت بە توانای ئایینە گەورەکان و نوێکەرەوەکانیان له‌ئاست دەستنیشانکردنی واقیعی خۆیان و وەبەرهێنانی ڕەسەنایەتی بوونی خۆیان لەلای بەرامبەری دەمێنێتەوە، بەمشێوەیە ڕووبه‌رێكی فراوانی کاریگەر لە ژیانی تاکەکان به‌پێی شێوەی دنیای هاوچه‌رخ به‌ده‌ست ده‌هێنن وەک ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌یه.
سه‌رچاوه‌كان:
- خوسيه كازانوفا، الأديان العامّة في العالَم الحديث، المنظّمة العربية للترجمة، 2005
- عبد الله بن سعيد الشهري، ثلاث رسائل في الإلحاد والعِلم والإيمان، مركز نماء للبحوث والدراسات، 2014
- لوك فيري، الإنسان المُؤلّه أو مَعنى الحياة، دار أفريقيا الشرق، 2002
- طه عبد الرحمن، بؤس الدهرانية: النقد الائتماني لفصل الأخلاق عن الدّين، الشبكة العربية للأبحاث والنشر، 2014
- آلان تورين، براديغما جديدة لفهم عالم اليوم، المنظّمة العربية للترجمة، 2011
- رودولف أوتو، فكرة القُدسي، دار المعارف الحكمية، 2010
- عبد الوهاب المسيري، رحلتي الفكرية في البذور والجذور والثمر، دار الشروق، 2008
- Davie, G. 1994. Believing without belonging. Oxford: Blackewell.
- لوك فيري، الإنسان المُؤلّه أو مَعنى الحياة، دار أفريقيا الشرق، 2002
- المصدر السابق
- إميل دوركهايم، الأشكال الأوّلية للحياة الدّينية، المركز العربي للأبحاث ودراسة السياسات، 2019
- Religious and Spiritual Factors in Depression: Review and Integration of the Research Link
- Does Spirituality or Religion Positively Affect Mental Health? Meta-analysis of Longitudinal Studies Link
- The effects of mindfulness‐based interventions on cognition and mental health in children and adolescents – a meta‐analysis of randomized controlled trials Link
- Thankful for the little things: A meta-analysis of gratitude interventions.Link
- Religion for Atheists: A Non-Believer’s Guide to the Uses of Religion. Alain De Botton, 2011