وتار

پرۆگرامی عه‌قیده‌یی و هزری له‌سه‌رده‌می ئه‌یووبییه‌كاندا

نووسینی: د. علی محمد الصلابي

وه‌رگێڕانی: یاسین ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه‌

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆشووناسی نه‌ته‌وه‌ی ئیسلام و بیرو باوه‌ڕی ( أهل السنة والجماعة) ‌دیارترین سیماو مه‌شخه‌ڵانی نوێگه‌ری ‌سه‌رده‌می زه‌نكی و ئه‌یووبییه‌كان بوو. بڵاو بوونه‌وه‌ی بیدعه‌و لادان درێژه‌یان كێشا، ده‌وڵه‌تی سته‌مكاری فاطمی له‌میسر ئه‌مانه‌ی ده‌پاراست له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ رۆڵی كۆمه‌ڵێك ‌وه‌زیری خراپ وگه‌نده‌ڵی ده‌وڵه‌ته‌كه‌.

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حوكمی قورئان و سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ر(صلی الله علیه وسلم) له‌گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وته‌كانی ده‌وڵه‌تی نوری وصه‌لاحی بوو، له‌سایه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه‌دا دادپه‌روه‌ری په‌یڕه‌و كراو  بیدعه‌ سه‌ركوتكرا،  ده‌وڵه‌ت به‌ سیماو شێوازێكی ئیسلامی ره‌نگڕێژ كرا.

‌سەلاحەدینی ئەیووبی ڕەحمەتی خوای لێبێت لە سەر ڕێچکەی نورەدینی زەنکی دەڕۆشت (ڕەحمەتی خوای لێبێت) له‌ جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلام لە هەموو کارووبارەکانی دەوڵەت و جێبەجێکردنی دادپەروەری، کۆتاییهێنان بە ستەمکاری، خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی گه‌ڕانه‌وه‌ی مافی بۆ خاوه‌ن مافه‌كان ده‌كرد، ئەم مەبەستە پشتی بە قازییەکان و زانایان و شارەزایانی شەریعەت دەبەست.

 كه‌سایه‌تی سەلاحەدینی ئەیووبی بە ئیمان و خواپەرستی و خۆپارێزی و ترسان لە خوای گەورە و متمانە و ڕووکردنە خوای گەورە ده‌ناسرێته‌وه‌، سەلاحەددینی ئەیووبی عەقیدەیەکی پاک و درووستی هەبوو زیکرو یادی خوای گەورەی زۆر دەکرد، دەوڵەتەکەی بە عەقیدە و مۆرکی ئەهلی سوننە و جەماعە ڕەنگڕێژ کردبوو هه‌روه‌ك چۆن پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) ڕوونی کردبۆوە، هەروەها لە سەر ڕێچکەی خه‌لیفه‌كانی ڕاشیدین دەڕۆشت. ئه‌مه‌و ئەییوبییەکان لە دوای سەلاحەدینی ئەیووبی لەسەر هەمان ڕێچکە وعەقیدە و بیروباوەڕ دەڕۆیشتن.

سەلاحەدینی ئەیووبی ڕەحمەتی خوای لێبێت درووشمەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامی بە گەورە دادەنا، کەسێک بوو ڕقی لە فەیلەسوف وده‌سته‌ی کەلام و ئەوانەی به‌ده‌قه‌كانی شه‌ریعه‌تی نه‌رم و نیانی ئیسلامه‌وه‌ مشتوومڕ دەکەن، وە ئەگەر شتێكی ببیستایە له‌ مولحیدێکی بێباوەڕی كه‌له‌ره‌ق لە سنووری ده‌وڵه‌ته‌كه‌یدا فەرمانی دەکرد بە دادگاییکردنی، ئه‌مه‌و ناوبراو توانی مەزهەبی شیعەی ئیسماعیلی لاواز بکات.

سەلاحەددینی ئەیووبی توانی ئەو پلان و بەرنامەیە جێبەجێ بکات کە نورەدینی زەنگی دایڕشتبوو بە مەبەستی لەناوبردنی دەوڵەتی فاتمی عوبەیدی و کارکردن لەسەر دژایەتیکردنی بیروباوەڕو ڕێچکەی خراپ لە میسردا، وە گەڕانەوەی هزری ئیسلامی ڕاست و درووست بۆ وڵاتەکە،  لە میانەی ستراتیژییەتێکی ڕوون و ئاشکرادا. دەوڵەتی ئەیووبی توانی سوود وەربگرێت لە هەوڵ و کۆششە زانستییەکان و میکانیزمە بانگخوازییەکانی هه‌ریه‌كه‌ له‌ دەوڵەتی سەلجووقی و زەنکی و غەزنەوی.

دەوڵەتی ئەییووبی دوای چه‌ند دەوڵەتێكی تری سوننی لە ناوچەکەدا هات،  کە رۆڵ و بەشدارییان هەبوو لە بڵاوکردنەوەی قورئان و سوننەتی پێغەمبەری ئازیز (صلی اللە علیە وسلم) لە هەموو جیهانی ئیسلامیدا، سەلاحەدینی ئەیووبی بایەخیدا بە پاراستنی بنەمای بیروباوەڕی ئیسلامی لەسەر ڕێچکەی ئەهلی سوننە، بۆ ئەم مەبەستە ڕێچكه‌ی ئه‌شعه‌ری په‌یڕه‌و كرد، ناوبراو سوڕبوو لە سەر دژایەتیکردنی هەر لادانێك له‌ عه‌قیده‌و بیروباوه‌ڕدا، وە زیاتر لە هەر كه‌سێكی تری ده‌وڵه‌تی ئەیووبی شارەزا و زانا بوو بە بنەماکانی ئەم عەقیدەیە.

سەلاحەدینی ئەیووبی و جێنیشینەکانی هەوڵیانده‌دا عەقیدەی ئەهلی سوننە خاوەن پێگه‌و دەسەڵات بێت لە ودام و دەزگا فیکرییانه‌ی کە لە دەوڵەتەکەیاندا دایانمەزراندبوو. ( التأريخ السياسي والفكري للمذهب السني، عبدالمجيد بدوي، ص246).

 

ئەییووبییەکان به‌فراوانی قوتابخانە سوننییەکانیان داده‌مه‌زراند.

 ئەم قۆناغە ساڵی 572کۆچی – 1176 زایینی دەستی پێکرد، واتە دوای ئەوەی سەلاحەدین ڕەحمەتی خوای لێبێت توانی زۆربەی ناوچەکانی وڵاتی شام بخاتە ژێر دەسەڵات و قەڵەمڕەوی خۆیەوە، دواتر بگەڕێتەوە بۆ میسڕ بۆ بەڕێوەبردنی کارووبارەکانی وڵاته‌كه‌، لەم ساڵەدا فەرمانی کرد بە دامەزراندنی دوو قوتابخانە یەکەمیان بۆ شافیعییەکان نزیک به‌گۆڕی ئیمامی شافیعی، ئەم قوتابخانە ناسرابوو بە صەلاحییە، دووەم بۆ حەنەفییەکان.

دوای ئەمانە قوتابخانەی سوننی تری لە ناوچە جیاوازەکانی قاهیرە و ناوچەکانی تری وڵاتدا  لەلایەن میره‌ ئەییووبییەکان و هاوکارانیانەوە دامه‌زرێنرا، لێره‌دا ناتوانین باسی هەموو قوتابخانەکان بکەین لەبەر زۆری ژماره‌یان.

 دامەزراندنی قوتابخانە ئیسڵاحییەکان و وەقفییەکان سوننەتێکی پەیڕەوکراو بوو له‌م قۆناغه‌دا لە لایەن سەرکردە و کاربەدەستانی دەوڵەتەوه‌  بە پیاوان و ئافرەتانەوە، بەڵام لێرەدا باسه‌كه‌مان چڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سەر به‌ناوبانگترینی ئەو قوتابخانانە کە ڕۆڵیان بینیوە لە پرۆسەی گۆڕینی گەورە له‌ ژینگەی وڵاته‌كه‌دا لە مەزهەبی شیعەوە بۆ مەزهەبی سوننه‌.

1-  قوتابخانەی (الصلاحیة).

 ئەم قوتابخانەیە لە ساڵی 572 كۆچی – 1176زایینی دەست بە درووست کردنی کراوە لە نزیک ئارامگەی ئیمامی شافیعی ڕەحمەتی خوای لێبێت، قوتابخانەکە وەقف کراوە لەسەر شافیعی مەزهەبەکان، ئیمامی سیوطی وا وەسفی قوتابخانەکە دەکات و دەڵێت: بریتییە لە تاجی قوتابخانەکان، ئینجا دەڵێت: وانە وتنەوە له‌قوتابخانه‌كه‌دا سپێردرا بوو بە زانای زاهیدو خواناس نەجمەدینی خەبوشانی.  ئیبن جوبەیرلە کۆتایی زیلحیجەی ساڵی 578 کۆچی 1183زایینی سەردانی قوتابخانەکەی کردووە، له‌و كاته‌دا کاری فراوانکردن تێیدا بەردەوام بووه‌.

ئیبن جوبەیر وا باسی قوتابخانەکە دەکات و دەڵێت: هاوشێوەی ئەم قوتابخانەیە لەم وڵاتانه‌دا دروست نەکراوە، هاوتای نییە لە فراوانی ڕووبەرەکه‌ی و جوانی بیناکەیدا، ئەوانەی له‌ قوتابخانه‌كه‌دا گوزه‌ر بكه‌ن و بسووڕێنه‌وه‌‌ پێی سەرسام دەبن، قوتابخانەكه‌ له‌خۆیدا وەک وڵاتێکی سەربەخۆ وایە، خەرجکردن بۆ قوتابخانه‌كه‌ لە ئەژماردن نایە، شێخی خەبووشانی ڕاستەوخۆ خۆی سەرپەرشتی كاره‌كانی دەکرد. سەلاحەدینیش وه‌ك خاوه‌ن ده‌سه‌ڵانێك بواری پێدابوو، وەدەی وت: ئاهەنگ بگێڕن  ورێك و پێكی و جوانی زیاتر بكه‌ن، ئەرکی ئێمه‌شه‌ خه‌رجییه‌كانی دابین بکەین،  ئیبن جوبەیر دەڵێت: زۆر هەوڵمداوه‌ بە دیداری خه‌بوشانی بگه‌م،  لەبەر ئەوەی کاره‌كانی بەناوبانگ بووە لە ئەندەلوس، لە ئاماژەکانی ئیبن جوبەیردا دەردەکەوێت سەلاحەددین مامۆستای قوتابخانەکانی هەڵبژاردووە لەنێو ئەهلی زانست و فەزڵ و چاکەدا وە لە نێوان ئەو کەسانەی ناوبانگیان هەبووە و ناسراو بوون لە جیهانی ئیسلامیدا،  تا له‌ده‌ستی ئه‌واندا ئه‌و ئامانجانه‌ی هه‌وڵی بۆ دراوه‌ له‌ قوتابخانەکە فه‌راهه‌م بێت، هه‌روه‌ها  تا قوتابخانه‌كه‌  ببێتە مایەی سەرنجڕاکێشانی قوتابیانی زانست لە هەموو ناوچەکانی جیهانی ئیسلامیدا.(المواعظ والاعتبار، أبي العباس المقريزي، م1/427ص).

قوتابخانه‌ی ( المشهد الحسینی). -2

سەلاحەدینی ئەیووبی ڕەحمەتی خوای لێبێت، قوتابخانەیەکی لە شاری قاهیرە درووست کرد بە تەنیشت گڵكۆیه‌ك (گۆڕی سه‌ری ئیمام حوسێن)  کە بە زوڵم و درۆ دراوەتە پاڵ ئیمام حوسێن (خوای لێڕازیبێت)، هەروەها وەقفێکی گەورەی  بۆ قوتابخانه‌كه‌ تەرخان کرد، هەر وەکوو مەقریزی ئاماژەی پێکردووە لە میانەی باسه‌كه‌ی سەبارەت بە (المشهد الحسینی)، گوتی: کاتێک سوڵتان ناسر دەسەڵاتی گرته‌ ده‌ست ئەڵقەی وانە وتنەوەی له‌قوتابخانه‌كه‌دا دانا و زانای بۆ ته‌رخان كرد، کارەکانی سپارد بە زانا ( البهاء الدمشقی) ناوبراو له‌ نزیکی میحرابەکە دادەنیشت کە (گڵكۆ – گۆڕه‌كه‌) لە پشتێوە بوو.

 دوای ئەوەی ( معين الدين حسن بن شيخ الشيوخ) له‌سه‌رده‌می ( الملك الكامل)دا  بوو به‌‌وه‌زیر، له‌و ماڵی وه‌قفانه‌ی له‌به‌رده‌ستیدا بووكۆی كرده‌وه‌  هۆڵی وانه‌كانی ئێستاو،ماڵەکانی زانا عەلەوییەکانی درووستكرد.

  ئەو ئامانجەی کە سەلاحەددین (ڕەحمەتی خوای لێبێت) مەبەستی بوو ئەوە بوو، بتوانێت قوتابخانە سوننییەکان لە میسردا بنیات بنێت تا له‌میانه‌یه‌وه‌ پێگه‌و دەسەڵات بۆ مەزهەبی سوننە بگەڕێنێتەوە.

دامەزراندنی ئەم قوتابخانە لەنێو( مەشهەدی حوسێنی) مەغزا و مەبەستێکی دیاریکراوی هەبوو چونکە ئەم جێگایە دوا پێگەیەک بوو کە پاشماوەکانی شیعە لە میسردا ڕووی تێبگەن، یان فاتمییەکان بتوانن سەرنج و سۆزی عەوامی ئەهلی سوننە بۆ خۆیان ڕاکێشن، بۆیە پێویست بوو قوتابخانەیەکی وا لەم شوێنەدا هەبێت بۆ فێرکردنی ئایینی راست و درووست، هەروەها بۆدژایەتیکردنی ئەو بیدعانەی کە فاتمییەکان لە وڵاتەکەدا بڵاویان کردبووەوە.

3– قوتابخانه‌ی (الفاضلیة).

لەو قوتابخانە گرنگانەی کە لەم سەردەمەدا دامەزرا قوتابخانەی (الفاضلیة) بوو کە( القاضی الفاضل ) لە ساڵی 580کۆچی 1184زایینی دروستی کردوو وەقفی کرد لەسەر شافیعییەکان و مالیکییەکان، وە هۆڵێکیان لە قوتابخانەکەدا تەرخان کرد بۆ خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزو فێربوونی زانستی قیرائات لەسه‌ر رێچكه‌ی ئیمام ( القاسم أبی محمد الشاطبی) صاحب الشاطبیة: 596ك – 1294ز كۆچی دوایی كردووه‌ ) وە ژمارەیەکی زۆری کتێب بۆ قوتابخانەكه‌ ته‌رخانكرا، دەوترێت گەشتووەتە سەد هەزار کتێب.

ئه‌مه‌و بە تەنیشت قوتابخانه‌كه‌وه‌ مامۆستا تەرخان کرا بۆ فێرکردنی بێباوکان، مەقریزی وا وەسفی قوتابخانه‌كه‌ دەکات و ده‌ڵێت: ئەم قوتابخانەیە لە گەورەترین و گرنگترینی قوتابخانەکان بوو هەروەها ( السلطان العادل) برای سەلاحەددین قوتابخانەیەکی درووست کرد بۆ مالیکییەکان، هەروەها وه‌زیرەکەشی (صفی الدین عبدالله بن شكر) ( 630ك – 1233ز كۆچی دوایی كردووه‌) قوتابخانەیەکی درووست کرد بۆ مالیکییەکان لە شوێنی ماڵی وەزیری فاتمی یەعقوبی کوڕی کلس،  (ابن شاکر) زانا و فەقیهێکی گەورە بوو لە سەر مەزهەبی ئیمامی مالیک.

 

4- خانەی فەرموودەی (الکاملیة).

 مەلیک (الکامل بن العادل) ڕەحمەتی خوای لێبێت حەزو خولیای بیستنی فەرموودەی پیرۆزی هەبوو، ناو براو ڕێزو شكۆی بۆفەرموودە و فەرموودەناسان داده‌نا، حەزی لە بڵاوکردنەوەی فەرموودە دەکرد، بۆ ئەم مەبەستە لە شاری قاهیرە یەکەم خانەی فێربوونی فەرموودەی دامەزراند بە ناوی قوتابخانەی (الكاملیة) ئەمەش لە ساڵی 622 کۆچی –  1225زایینی، ناوبراو ئەم خانەیەی وەقف کرد لەسەر ئەو کەسانەی کە لە بواری فەرموودە دا کاریان دەکرد، ئینجا دواتر وه‌قفی کرد بۆ زاناو فەقیهە شافیعییەکان.

سه‌رپه‌رشتی خانه‌كه‌ی سپارد بە ( الحافظ :عمر بن حسن الأندلسی) ناسراو بە (ابن دحیة: 633 ك – 1235ز، كۆچی دوایی كردووه‌)  ناوبراو زانایەکی بە توانا بوو لە بواری فەرموودە و بایەخی زۆری پێ دەدا،  هەروەها  مه‌لیك ( الكامل بن العادل) لە بەردەستی ئەم زانایەدا په‌روه‌رده‌ بووه‌. ( صلاح الدین الأیوبي، علی الصلابي، ص 212).

5- قوتابخانەی ( الصالحیة).

 ئەم قوتابخانەیە ( الصالح نجم الدین أیوب بن الكامل ) ڕەحمەتی خوای لێبێت درووستی کرد، ناو براو ئەم قوتابخانەیەی لە شوێنی کۆشکی فاتمییەکانی رۆژهه‌ڵات درووست کرد.

لە ساڵی639 کۆچی – 1241 زایینی دەستی بە دامەزراندنی کردو بیرۆکەی بیناسازییه‌كه‌ی لە قوتابخانەی ( المستنصریة )وه‌ وەرگرت ئەم قوتابخانەی وەقف کرد لەسەر هەر چوار مەزهەبەکە، خوێندنی وانەکان به‌پێی هەر چوارمەزهەبەکە له‌قوتابخانه‌كه‌دا دەخوێنرا لە ساڵی 641 کۆچی –  1243زایینیدا.

مەقریزی سەبارەت بەم قوتابخانە دەڵێت: ئەم قوتابخانە یەکەم شوێنێک بوو لە وڵاتی میسردا چوار وانە لە شوێنێکدا بخوێنرێت،  گرنگی ئەم قوتابخانە ئەوە بوو، هەل بۆ حەنبەلییەکان ڕەخسا  تا بتوانن بە هەوڵ و كۆششی خۆیان  بەشداری بکەن لە بزافی زیندوو کردنەوەی سوننەت لە میسردا، چونکە تا ئەم مێژووەو تا ئەو کاتەی ئەم قوتابخانەیە دامەزرا حه‌نبه‌لییه‌كان تاکە توێژبوون لەنێو رێچكه‌كانی سوننەدا  فه‌رمانڕه‌وا ئەییووبییەکانی سەرەتا قوتابخانه‌یان بۆ دانه‌مەزراندبوون، ڕەنگە نهێنی بایەخ پێنه‌دانه‌كه‌ش ئه‌وه‌ بێت ئەوان لە قۆناغەکانی پێشوودا ژمارەیان کەم و دەگمەن بووه‌.

هەوڵ و تێکۆشانی ئەیووبییەکان لە دامەزراندنی قوتابخانەکاندا تەنها له‌ شاری قاهیرەدا قه‌تیس نه‌كرابوو، بەڵکوو په‌ل وپۆی كێشابوو بۆ شارەکانی تری میسرو وڵاتی  شام و ناوچەکانی تری ژێردەسەڵاتیان،  لە ( الفیوم) ، ( تقی الدین عمر) دوو قوتابخانەی دامەزراند یەکێکیان بۆ شافیعییەکان و ئەوی تر بۆ مالیکییەکان. سەلاحەددین قوتابخانەیه‌كی بۆ شافیعییه‌كان لە شاری ئەسکەندەرییە ساڵی 577 کۆچی – 1181زایینی دامەزراند.

 ئەو ماڵ سامانه‌ وه‌قفه‌ زۆرەی لە بەردەستدا بوو،  وە ئاسانکاری هۆكاری ژیان و گوزه‌ران  له‌ قوتابخانەکاندا بۆ مامۆستایان وفێرخوازان یەکێك بوو لەو میکانیزمە گرنگانه‌ی کە رۆڵی هه‌بوو له‌ راكێشانی زانایان و فێرخوازان بۆ قوتابخانەکانی وڵاتی میسر. وەك نه‌ریتێك لە کاتی دامەزراندنی هەر قوتابخانەیەکدا وەقفێكی بۆ دیاری دەکرا کە بەشی بەردەوامی ژیانی زانستی قوتابخانەکە بکات.

سەلاحەددین هه‌ر دامەزراندنی قوتابخانەکانی به‌لاوه‌ به‌س نه‌بوو،  بەڵکوو سووڕ بوو لەسەر ڕاکێشانی زانایانی سوننه‌ لە هەموو جیهانی ئیسلامییه‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌كان تا زاناكان بە هەوڵ و تێکۆشانیان به‌شداربن لە زیندووکردنەوەی ئەم فیكره‌یه‌دا.

 دوای ئەوەی فاتمییەکان هەوڵه‌كانیان چڕكردبوووه‌ بۆ لەناوبردنی زانایانی سوننە لە میسردا، زانایانی سێ مه‌زهه‌بیان ته‌فروتونا كرد:  زاناكان یان کوژران یان دوورخرانه‌وه‌ یان ئاوارە بوون، ئه‌مه‌ به‌رده‌وام بوو تا دەوڵەتی فاتمییه‌كان ڕووخا.

ئینجا زانایانی سوننە له‌ هەموو مەزهه‌به‌كانی ئەهلی سوننە گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ میسر، ئه‌مه‌وهەوڵ و تێکۆشانی سەلاحەددین گه‌وره‌ترین هاندان بوو بۆ كۆچی زانایانی سوننه‌ بۆ وڵاتی میسر.

سەلاحەدین و خەلیفەکانی بە هەوڵ و کۆششی خۆیان توانییان سەرنجی زانایانی سوننە بۆ وڵاتی  ] میسر رابكێشن وڵاته‌كه‌ له‌و دابڕانه‌ فیكرییه‌ ده‌ربهێنن، پەیوەندی به‌هێزو تۆكمه‌ درووست کەنەوە لەگەڵ ناوەندەکانی ڕۆشنبیری سوننه‌ مه‌زهه‌ب لە جیهانی ئیسلامیدا وەک: بەغداد و دیمەشق و قورتوبە، دوای ئەوەی فاتمییەکان هەموو پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئەم ناوەند و قوتابخانانەدا بچڕاندبوو، به‌و هۆیه‌وه‌ میسر دواكه‌وت و هیچ بەخشینێكی نه‌بوولە بواری فیكری سوننیدا بۆ ماوه‌ی زیاتر لە دوو سەد و پەنجا ساڵ.

المصادر والمراجع:

1- المواعظ والاعتبار، أبي العباس المقريزي، مجلد 1، مؤسسة الحلبي للنشر، القاهرة –  مصر، 1970م.

2- صلاح الدين الأيوبي، علي الصلابي، ط1، دار ابن كثير، دمشق – سوريا، 2009م.

3- حسن المحاضرة في تأريخ مصر والقاهرة، جلال الدين السيوطي، مجلد1، ط1 ، دار إحياء الكتب العربية، القاهرة – مصر 1967م.

4- التأريخ السياسي والفكري للمذهب السني، عبدالمجيد البدوي، ط2، دار الوفاء للطباعة والنشر والتوزيع، المنصورة – مصر، 1988م.

یاسین ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه‌

مافناس: یاسین ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه‌ له‌ساڵی 1966 له‌شاری كه‌ركووك له‌دایك بووه‌، بڕوانامه‌ی ماسته‌ری هه‌یه‌ له‌یاسای گشتی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی كارگێڕی ژیاره‌ بۆپه‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پێدانی مرۆیی، راهێنه‌رو راوێژكاری په‌روه‌رده‌یی و خێزانییه‌، بیست كتێب و نامیلكه‌ی چاپكراوی هه‌یه‌ له‌بواری په‌روه‌رده‌و بانگه‌وازو هوشیاری خێزانی و لایه‌نی فیكری و رۆشنبیری ئیسلامیدا.

یاسین ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه‌

مافناس: یاسین ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه‌ له‌ساڵی 1966 له‌شاری كه‌ركووك له‌دایك بووه‌، بڕوانامه‌ی ماسته‌ری هه‌یه‌ له‌یاسای گشتی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی كارگێڕی ژیاره‌ بۆپه‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پێدانی مرۆیی، راهێنه‌رو راوێژكاری په‌روه‌رده‌یی و خێزانییه‌، بیست كتێب و نامیلكه‌ی چاپكراوی هه‌یه‌ له‌بواری په‌روه‌رده‌و بانگه‌وازو هوشیاری خێزانی و لایه‌نی فیكری و رۆشنبیری ئیسلامیدا.

Leave a Reply