وتار

ئایەتێک، چەمکە فەرامۆشکراوەکان

جەلال حەسەن

لە قورئاندا چەند ئایەتێک هەن کە تا ڕادەیەک ناواخنیان فەرامۆشکراوە و کەمتر لە بوارەکانی تر لێکۆڵێنەوەیان لێکراوە. دوو ئایەت هەن لە قورئاندا کە ڕاستەوخۆ زاراوەی ‘ئەمر’ یان تێدا بەکارهاتووە بەڵام ئەتوانین بڵێین هێندەی هەندێک لە سونەتەکانی ناو نوێژە فەرزەکان لە لایەن زانایانی ئومەتی ئیسلامیەوە گرنگیان پێنەدراوە. یەکێک لەو دوو ئایەتە لە سورەتی (النحل) دایە کە ئەمە دەقەکەیەتی: (إِنَّ اللّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالإِحْسَانِ وَإِيتَاء ذِي الْقُرْبَى وَيَنْهَى عَنِ الْفَحْشَاء وَالْمُنكَرِ وَالْبَغْيِ يَعِظُكُمْ لَعَلَّكُمْ تَذَكَّرُونَ -۹۰﴾
واتە: خوا فەرمان دەکات بە دادپەروەری و ئیحسان و دەسباری کەسە نزیکەکان و فەحشا و مونکەر و سنووربەزاندن قەدەغە دەکات. لەم ئایەتەدا سێ چەمک ئەمری پێکراوە کە دادپەروەری و ئیحسان و دەسباری کەسە نزیکەکانن و سێ چەمکیش قەدەغەکراون کە فەحشا و مونکەر و سنووربەزاندنن. ئەگەر تێبینی بکەن هەندێک لە مانای ئەم چەمکانەم وەک خۆی نوسیوەتەوە چونکە ئەگەر ڕاستەوخۆ بکرێنە کوردی مانای پڕاوپڕی خۆیان نادەن بەدەستەوە.
ئیبنو مەسعود لەبارەی ئەم ئایەتەوە دەڵێت کە ئەم ئایەتە کۆترین ئایەتە لە قورئاندا کە بوارەکانی خێر و شەڕی بەیەکەوە کۆکردۆتەوە، واتە: خێر لە سێ ئەمرەکەدا و شەڕ و خراپەش لە سێ قەدەغەکەدایە. ڕۆژێک پەیامبەر ئەم ئایەتەی بەسەر کۆمەلێ خەڵکی تیرەیەکدا خوێندەوە و یەکێکیان کە ناوی مەقرون بوو ووتی: تۆ بانگمان ئەکەیت بۆ جوانترین خوڕەوشت و کارە هەرە باشەکان، بە ڕاستی قەومەکەشت خراپ دەکەن کە پشتیان تێکردووی.
ئیمامی ڕازی لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا دەڵێت کە هەر یەک لەم شەش چەمکەی سەرەوە ئەبێت مانایان جیاواز بێت، ئەگینا خوا لەم ئایەتەدا بە جیا باسی نەدەکردن. هەندێک تەفسیر بۆ ئەم چەمکانە کراون کە لە هەندێک حاڵەتدا دەتوانین بڵێین تەواو لە مانا بنەڕەتیەکەی ئایەتەکە دوور کەوتونەتەوە، کە لە دواییدا باسیان دەکەین.

سەید قوتب ئەم چەمکانە بەم شێوەیەی خوارەوە پێناسە دەکات:
•    دادپەروەریی ئەو حاڵەتەیە کە بنەمایەکی نەگۆڕ بۆ مامەڵە لەگەڵ هەموو تاک و کۆمەڵگایەکدا دروست دەکات، ئارەزوەکانی تێکەڵ نیە و کاریگەر نابێت بە خۆشەویستی و ڕق. ئەم بنەما نەگۆڕانە بۆ هەموان وەک یەکە و خزمایەتی و هەژاری و دەوڵەمەندی و بێ هێزی و لاوازیی کاریان تێناکات. دادپەروەری کاتێکە کە بەیەک تەرازوو بێ جیاوازیی پێوانە بۆ هەموان بکرێت.
•    ئیحسان ئەو حاڵەتەیە کە تا ڕادەیەک لە توندی دادپەروەریی کەمدەکاتەوە بەوەی دەرگایەک دەکاتەوە بۆ ئەو کەسە لە هەندێک لە مافەکانی خۆی خۆش دەبێت لەبەر خاتری ڕاکێشانی دڵی بەرامبەر و بۆ ڕەوانەوەی ڕقی ناو ناخی.
•    دەسبەرداری نزیکەکان زەقکراوەتەوە چونکە خوا دەیەوێت جەختی لەسەر بکاتەوە. ئیسلام لەسەرئاگاداربوونی مسوڵمانان دادەمەزرێت لە باری کۆمەڵایەتی یەکتر، وە لە ژینگەی گرنگیدان تەنها بە خێزانەوە بەرەو گرنگیدان بەرەو دەوربەرت دەبات.
وە هەر ئەویش مانای سێ نەهیەکەی ئەم ئایەتەی بەم شێوەیە لێکداتەوە:
•    الفحشاء: هەر کارێکە لە سنووری سروشتی خۆی دەرچوبێت، بۆ نموونە دەستدرێژی ناموس کارێکی خراپە و سنوور بەزاندنی تێدایە.
•    المنکر (مونکەر) هەر کارێکە کە فیترەتی مرۆڤ ڕەتی دەکاتەوە و بەم هۆیەشەوە شەریعەتیش ڕەتی دەکاتەوە هەرچەندە هەندێک جار فیترەتی مرۆڤ لابدات بەڵام شەریعەت هەر لەسەر فیترەتی ساغ دەمێنێتەوە.
•    البغي (بەغی) ستەمکردن و بەزاندنی سنووری دادپەروەریە.

زۆربەی تەفسیرەکانی تر مانای شەش چەمکەکەی تریان بە شێوەی تر کردووە، بۆ نموونە ئەگەر سەیری تەفسیرەکەی شەوکانی، هەندێک تەفسیری تر، بکەیت بەشێک لەم بۆچوونانەی هێناوە:

ماناکانی العدل:
1- لا الە الا اللە
2- فەرزەکانی دین
3- ناخ و دەرەوەت وەک یەک وابێت
4- نەشلگیری لە دیندا و نە توندگیری

ماناکانی الاحسان:
1- سونەتەکان
2- کارێکی باش کە واجب نەبێت
3- پەرستنی خوایە بە شێوەیەک کە وابزانیت ئەیبینیت
4- لێخۆشبوونە لە ستەمێک کە لێت کراوە

ماناکانی إیتاء ذي القربی:
•    سەردانکردنی خزمان و زیندوکردنەوەی پەیوەندییە خزمایەتیکان
•    پێدانی زەکات و پارەی خێر بە خزمان

ماناکانی الفحشاء:
1- کارێکە کە زۆر قێزەون بێت
2- زینا
3- ئەو گوناهە گەورەیەیە کە خاوەنەکەی لەبەردەم خەڵک خەجاڵەت ئەکات

ماناکانی المنکر:
1- هەر گوناهێک و تاوانێک
2- هاوبەش پەیداکردن بۆ خوا
3- کارێک کە عەقڵ قبوڵی ناکات
4- ئەو گوناهەیە کە کابرایەک بێ شەرمانە و بە ئاشکرا دەیکات و خەڵکیش پێیان ناخۆشە

ماناکانی البغي:
1- خۆبەزلزانینن
2- ستەم
3- ڕق و کینە
4- سنووربەزاندن، جا بەهەر جۆرێک بێت
ئێستاش دوای خستنەڕووی تەفسیرە باوەکان بۆ  ئەو شەش چەمکانەی ناو ئایەتەکە، بە چەند خاڵێک هەڵسەنگاندنێکی خێرا بۆ مەنهەجیەتی موفەسیرەکان دەکەین لە چەند ڕوویەکەوە:
1- زۆریی ئەو مانایانەی دراون بەم چەمکانە پێمان دەڵێن کە موفەسیرەکان کۆک نین لەسەر مانای تەواویی ئایەتەکان و بەم شێوەیەش ئایەتەکە بۆتە ظني الدلالة، واتە فرەمانایە و دەکرێت بە چەند شێوەیەک لێک بدرێتەوە.
2- ئەوەی کە جێگەی پرسیارە ئەوەیە کە کەمێکی کەم لە موفەسیران مانای (العدل) وەک دادپەروەریی لێکداوەتەوە. ئەو مانایانەی بە عەدل دراوە تا ڕادەیەک نامۆن، هەرچەندە دەکرێت بوترێت کە هەندێکیان درێژکراوەی عەدلن یان هۆکارن بۆی. بۆ نموونە ئەکرێت بوترێت کە لا الە الا اللە بەو مانایەی لە قورئاندا پێی دراوە دەتوانێت کۆمەڵگایەک دروست بکات کە عەدلی خۆش بوێت، یان بوترێت بەشێک لە عەدل ئەوەیە کە ناخ و دەرەوەت وەک یەک وابێت. بەڵام ئەوەی نامۆیە لێکدانەوەی عەدلە بە فەرزەکانی دین وەکو نوێژ لە کاتێکدا کە ئەو شەعائیرانە لە چەند شوێنی قورئاندا وەک خۆیان بەناویی خۆیانەوە ناوبراون، بۆ نموونە نوێژ و حەج و زەکات و ڕۆژوو. لێکدانەوەی عەدل بەوەی نە شلگیر بیت نە توندڕەو زۆر لە جێی خۆیدا نیە چونکە ئەمە مانای زاراوەی (وسطیة) ە کە ئەویش لە قورئاندا بە ئایەت باسی کراوە.

3- موفەسیرەکان زۆر کەم خۆیان لە قەرەی ئەو پرسیارە داوە کە ئایا ئەم داخوازی و قەدەغەیە (أمر و نهي) چ حوکمێکیان لێ وەردەگیرێت. ئایا ئەمرەکەی ناو ئایەتەکە بۆ وجوبە (پێویستە بکرێن) یان بۆ ئیستیحبابە (وا باشە بکرێن)؟ وە ئایا نەهیەکە بۆ تەحریمە (قەدەغەیە بکرێن) یان بۆ مەکروهە (باشترە نەکرێن)؟ بە بۆچوونی من گرفتەکە ئەوەیە کە ئەگەر موفەسیرەکان لێرەدا هەر یەکێک لەم حووکمانەیان بدایە ئەوا کۆمەڵیک گرفتی تریان بۆ دروست دەبوو، چۆن؟ بۆ نموونە ئەگەر موفەسیرەکان بیانوتایە کە ئەو ئەمرە بۆ وجوبە، ئەوا هەر یەک بەپێی تەفسیرەکەیان توشی گرفت دەبوون. ئەگەر وابوایە ئەوا دەبوایە هەر سێ چەمکەکە (العدل و الاحسان و ایتاء ذي القربی) واجب بن، خۆ ناکرێت ئەمرێک بەم چەمکانە هەموویان کرابێت کە چی بۆ یەکێکیان واجب بێت و بۆ ئەوەی تریان موستەحەب. ئەوانەی کە پێیانوایە عەدل لەم ئایەتەدا بە مانای فەرزەکانی دین دێت دەبێت بڵێن (الاحسان) یش هەر فەرزە، کەچی لای ئەو موفەسیرانە ئیحسان سونەتەکان دەگرێتەوە، بەڵام خۆ ناکرێت بوترێت سونەتەکان فەرزن! وە هەروەها ئەم خاڵە دەکرێت بەسەر چەمکەکانی تریشدا بجەسپێت.
یان ئەگەر بلێن ئەو ئەمرەی ناو ئایەتەکە بۆ ئیستیحبابە، واتە وا باشە بکرێن، ئەو کات گرفتەکە گەورەتر دەبێت، چۆن؟ تەنها بۆ نموونە، ئەوانەی پێیانوایە عەدل بە مانای ئەوە دێت کە ناخ و دەرەوەت وەک یەک وابێت، خۆ ناکرێت پێمان بڵێن قەیناکا دەکرێت ناخ و دەرەوەتان دوو شتی جیاواز بێت چونکە ئەمرە قورئانیەکە تەنها بۆ ئیستیحبابە ، بۆ؟ چونکە ئەمە دەبێتە نیفاق، و نیفاقیش ڕێپێنەدراوە بەپێی چەندین دەقی تری قورئان.
پاشان گرفتی لەمانە گەورەتر ئەوەیە کە ناکرێت ئەمرەکە بۆ ئیستیحباب بێت و نەهیەکەش بۆ تەحریم، بۆ؟ چونکە ئەمر و نەهیەکە بەرامبەر یەک لە سیاقی یەک ئایەتدا هاتوون، بۆیە ئەگەر ئەمرەکە بۆ وجوب بێت ئەوا دەبێت نەهیەکە بۆ تەحریم بێت، خۆ ئەگەر ئەمرەکە بۆ ئیستیحباب بێت ئەو دەبێت نەهیەکە بۆ مەکروهیەت بێت. هەر یەکێک لەم حوکمانەش بەرەنجامێکی تایبەتی لێدەکەوێتەوە، بەڵام لێرەدا تەنها یەکێک لە بەرەنجامەکان دەخەمە ڕوو:
ئەگەر ئەمر بە عەدل و ئیحسان و دەسباری خزم و نزیکەکان بۆ ئیستیحباب بێت ئەوا دەبێت نەهی لە فەحشا و مونکەر و بەغی بۆ مەکروە بێت، واتە بەم پێیە، تەنها بۆ نموونە، تەنها وا باشە فەحشا نەکەیت بەڵام خۆ ئەگەر کردیشت ئەو هیچ سزایەکی لەسەر نیە، کە ئەمەش پێچەوانەی قورئانە، چونکە قورئان زینا بە فاحیشە دادەنێت و زیناش بە دەق حەرامە.
کەواتە ئەم ئایەتە پێویستی بە دووبارە تەفسیرکردنەوە هەیە بەم دوو مەرجەی خوارەوە:
یەکەم: یەکلاییکردنەوەی ئەوەی کە ئایا ئەو ئەمر و نەهیەی ناو ئایەتەکە بۆ چ مەبەستێکن، ئایا ئەمرەکە بۆ واجب بوون و نەهیەکەش بۆ حەرامبوونە؟ یان ئەمرەکە بۆ ئیستیحباب (نەدب) و نەهیەکەش بۆ مەکروهیەتە؟
دووەم: ئەو کات کە بڕیار لە خاڵی یەکەم درا، لە هەنگاویی دووەمدا بڕیار لەوە بدرێت کە هەر یەک لەم چەمکانە چ مانایەکی هەیە.
لە ڕاستیدا یەکلاییکردنەوەی مانای ئایەتەکە لە ڕوانگەی ئەم دوو خاڵەوە کارێکە کە لەڕووی ئەکادیمیەوە ئاسان نیە، چونکە دەبێت لێکۆلەر بگەڕێتەوە سەر مانای هەر یەک لەم چەمکانە لە زمانی عەرەبیدا و بگەڕێت بە دوای بەکارهێنانی هاوشێوەی هەر یەک لەم چەمکانە لە قورئاندا. بەڵام وەک ووترا زانین و بڕیاردان لەوەی کە ئایا ئەمر و نەهیەکە بۆ چ مەبەستێکە کلیلی کردنەوەی لوغزی تەفسیری ئایاتەکەیە و ئەمەش ئەو پرسیارەیە کە موفەسیرین، هێندەی ئاگادار بم، خۆیان لە قەرەی نەداوە.

سەنتەری زەھاوی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply