وتار

هەڵە باوەكان بۆ ڕاڤەى بەشێك لە ئايەتەكان

[وَنُنَزِّلُ مِنَ الْقُرْآنِ مَا هُوَ شِفَاءٌ وَرَحْمَةٌ لِلْمُؤْمِنِينَ]

حەوتەم

[وَنُنَزِّلُ مِنَ الْقُرْآنِ مَا هُوَ شِفَاءٌ وَرَحْمَةٌ لِلْمُؤْمِنِينَ]

 

تێگەییشتنى باو و بڵاو لەم ئایەتە پیرۆزە، ئەوەیە قورئان چارەى گشت دەرد و نەخۆشییەکە -بە ڕەهایی-، بەڵام بە سەرنجدان لە سیاقی ئایەتەکە و ئایەتەکانى دیکەى پەیوەست بەم باسە، وە بە گەڕانەوە بۆ تێگەییشتنى زانایان، بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئەم جۆرە تێگەییشتنە لە قاڵبدانى ئایەتەکە و گۆڕینى واتا و مەبەستە سەرەکییەکەیەتى؛ چونکە قورئانى پیرۆز زیاتر نەخۆشییە مەعنەوی و دەرونییەکان چارە دەکات وەک لە نەخۆشییە جەستەییەکان.

هەرچەندە زانایانى (تەفسیر) ئەوەیان نەشاردۆتەوە، کە سەربارى ئەوەى وشەی (شفاء/ چارە) واتایەکی هاوبەشی هەیە و بە (مەجاز) بەکاردەهێنرێت بۆ لابردنى هەر جۆرە نەخۆشی و ناتەواوییەکى بڕوادار، بەڵام هێندەى نەخۆشی و ناتەواوییە دەرونی و ڕەوشتییەکانى مەبەستە، جەستەییەکانى مەبەست نییە. هەروەک لە ئایەتێکدا فەرمویەتى: [وَشِفَاءٌ لِمَا فِي الصُّدُورِ]. واتە: قورئان چارەى دڵ و دەروونە.

لەو بارەیەوە پێشەوا (قورتوبی) دەفەرموێت: زانایان لە چارەبەخشی قورئاندا (دوو) بۆچونیان هەیە، یەکێکیان: چارەسەرییەتى بۆ دڵەکان بە لابردنى نەزانى و نەهێشتنى گومان و لادانى پەردە لە سەرى بۆ تێگەییشتن لە موعجیزەکان و هەموو ئەو شتانەى بە خودامان ئاشنا دەکەن. ئەویتریان: چارەسەرییەتى بۆ نەخۆشییە ڕواڵەتییەکان بە نوشتەکردن و پەناگرتن بە خودا و هاووێنەکانى.

پێشەوا (ئیبن کەسیر)یش جەخت لەسەر لایەنە دەرونییەکەى قورئان دەکاتەوە و، دەفەرموێت: قورئان چارەسەر و سۆزى پەروەردگارە بۆ بڕواداران، واتە: بۆ نەخۆشییەکانى دڵ، لە چەشنى: گومان و، دووڕوویی و، هاوبەشدانان و، لادان، کە قورئان هەموو ئەمانە چارە دەکات. هەروەها قورئان باوەڕ و دانایی و خێری تێدایە، هەموو ئەمانەش بۆ ئەو کەسانەیە کە بڕوایان بە قورئان هێناوە و شوێنى کەوتوون.

پێشەوا (تەبەرى)یش هەمان واتاى دەکات و، دەفەرموێت: قورئان چارەیە بۆ نەزانى و گومڕایی، وە بەرچاوڕوونییە لە نابینایی.

پێشەوا (بەغەوى)ش: هەمان بۆچون پشتڕاست دەکاتەوە و دەفەرموێت: قورئان چارەبەخشە بۆ بڕواداران لە دەردى نەفامى و گومڕایی.

(شێخ عەلى تەنتاوى)ش دەفەرموێت: بێ گومان کار کردن بە بڕیار و ڕاسپاردە و ئاراستەکانى قورئانى پیرۆز چارەسەرە بۆ: وەسوەسە و، نائارامى دەروون و، دووڕوویی و، گشت خەسڵەتێکى بەد، قورئان چارەسەر و سۆزە بۆ گشت ئەو کەسانەى چێژی باوەڕ ئاوێتەى دڵیان بووە و ڕێنوێنییەکانیان وەرگرتووە و دڵیان پێی ڕووناک بۆتەوە. قورئان چارەسەرە بۆ ئیرەیی و، تەمادارى و، لادان لە ڕاستی، هەروەها چارەسەرە بۆ نەخۆشییە جەستەییەکانیش.

پێشەوا (ئالوسی)ش دەفەرموێت: قورئان چارەبەخشە بۆ نەخۆشییەکانى دڵ لە ئیرەیی و، دووڕوویی و، کینە و هاووێنەکانی، کە ئەم نەخۆشییانە لە نەخۆشییەکانى جەستە خراپترن. قورئان چارەسەرە بەوەى فێری ڕاستی و داناییمان دەکات کە هۆکارى دڵنیایی و خۆخاوێن کردنەوە و ئامادەگییە بۆ دەرکەوتنى خووە ڕاستەکان.

وە هەریەکە لە پێشەوایان (رازى) و (خازن) و (ئەبو حەفصى حەنبەلى) دەفەرموون: چارەسەرکردن بە قورئان بۆ هەردوو جۆرە نەخۆشییەکەیە هەناوى و جەستەیی؛ چونکە نەخۆشییەکان (دوو) جۆرن، یەکەمیان: نەخۆشی بیروباوەڕە پوچەڵەکان. دووەمیان: نەخۆشی ڕەووشتە دزێو و ناپەسەندەکان. لە هەموو نەخۆشییە ناوەکییەکانیش خراپتر ئەوەیە بیروباوەڕت دەرهەق بە زاتى خودا و سیفاتەکانى، وە دەرهەق بە پێغەمبەران، وە بە قەزا و قەدەر و زیندوبوونەوە، خراپ و نادروست بێت.

جۆری دووەمى نەخۆشییەکان: نەخۆشی ڕەووشتە ناپەسەندەکانە، کە قورئانى پیرۆز دوورخەرەوەیە لە هەردوو جۆرە نەخۆشییەکە و ڕێنوێنکارە بۆ ڕەووشت و ڕەفتارە باڵا و مەزنەکان.

بەم پێیەش قورئان چارەبەخشى گشت دەردە دەروونی و جەستەییەکانە. مەبەستیش لە نەخۆشییە جەستەییەکان نەخۆشییە ڕەووشتییەکانە کە لە ڕەفتار و هەڵسوکەتدا بەرجەستە دەبێت.

ئەمەى خستمانە ڕوو بۆچونى پێشەوایانى تەفسیر بوو دەرهەق بە واتا و ڕاڤەى ئایەتەکە، کە زۆرینەیان جەختیان لەسەر نەخۆشییە مەعنەوى و دەرونییەکان دەکردەوە.

ئەوەى ماوەتەوە بیڵێین ئەوەیە: پەروەردگارى باڵا لە (سێ) شوێنى جیاوازدا قورئانى پیرۆزى بە (شفاء/ چارە) ناوبردووە:

١ـ لە سورەتى (النساء)، ئایەتى ژمارە (٨٢): [وَنُنَزِّلُ مِنَ الْقُرْآنِ مَا هُوَ شِفَاءٌ وَرَحْمَةٌ لِلْمُؤْمِنِينَ وَلَا يَزِيدُ الظَّالِمِينَ إِلَّا خَسَارًا].

٢ـ سورەتى (فصلت) ئایەتى ژمارە (٤٤): [وَلَوْ جَعَلْنَاهُ قُرْآنًا أَعْجَمِيًّا لَقَالُوا لَوْلَا فُصِّلَتْ آيَاتُهُ أَأَعْجَمِيٌّ وَعَرَبِيٌّ قُلْ هُوَ لِلَّذِينَ آمَنُوا هُدًى وَشِفَاءٌ وَالَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ فِي آذَانِهِمْ وَقْرٌ وَهُوَ عَلَيْهِمْ عَمًى أُولَئِكَ يُنَادَوْنَ مِنْ مَكَانٍ بَعِيدٍ].

٣ـ سورەتى (یونس) ئایەتى (٥٧): [يَا أَيُّهَا النَّاسُ قَدْ جَاءَتْكُمْ مَوْعِظَةٌ مِنْ رَبِّكُمْ وَشِفَاءٌ لِمَا فِي الصُّدُورِ وَهُدًى وَرَحْمَةٌ لِلْمُؤْمِنِينَ].

ئەوەى لە سیاقی ئەم ئایەتانەوە دەخوێنرێتەوە ئەوەیە: قورئان چارەسەرى دیاردە دزێو و ڕەووشتە خراپ و ڕەفتارە ناپەسەندەکان دەکات، نەک چارەسەرى پزیشکى.

وەک لە چەندین فەرمودەشدا هاتووە، پێغەمبەرى خۆشەویستمان (درود و سەلامى خوداى لەسەر بێت) فەرمانى بە مسوڵمانان کردووە بۆ چارەسەری نەخۆشی و ئێش و ئازار سەردانى پزیشک و کەسانى پسپۆڕ بکەن و چارە وەربگرن -تەنانەت گەر پزیشکەکەش بێ باوەڕ بووبێت-، نەک ئەوەى هەرکەسێک نەخۆش کەوتبێت، یاخود توشی هەر ئاراز و نەخۆشییەک هاتبێت پەلامارى قورئانی دابێت و وەکو چارەسەر بەکارى هێنابێت.

وە لە لایەکیترەوە دەبێ بپرسین ئاخۆ وشەی (من)ى نێو ئایەتەکە بۆ هەندێتیی (تبعیض)ە، یاخود بۆ (بەیان)ە؟

ئەگەر بۆ هەندێتی (تەبعیض) بێت، ئایا دەکرێت هەندێکى چارەسەر بێت و هەندەکەیترى چارەسەر نەبێت ؟!! کە ئەمە شیاوى قورئانى پیرۆز نییە.

وە ئەگەر بۆ (بەیانى) بێت ئایا دەکرێت بۆ هەموو ئێش و ئازار و برینێک قورئان بەکاربهێنرێت ؟!! کە ئەمەش پێچەوانەى واقیعە.

محمد مه‌لا محمود تاوگۆزی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply