هەواڵوتار

“ڕەییان و فەوواز”… چۆن مامەڵە دەکەیت کاتێک نەهامەتێکانی جیهان لە شاشەکەتدا کۆدەبنەوە؟

نووسەر: مروە عزت

وەرگێڕان: ئەحمەد دیاری قەساب

 

هەموو پێشکەوتنێکی تەکنەلۆژی کە مرۆڤایەتی پێیدەگات، لە بەرانبەریدا چەندین باجی جەستەیی و دەروونی دەدەین بە شێوەیەک لە شێوەکان. ئەم ئاستە نوێیەی ژیانکردن لەگەڵ ڕووداوە ڕاچڵەکێنەرەکان چرکە بە چرکەی، و چاوەڕوان و دانیشتن بەدیار چارەسەربوون و کۆتایی هاتنیان، شتێکی نوێیە، مێشکی مرۆڤیش دووچاری شتێکی لەم جۆرە نەبۆتەوە تەنها ئەم چەند ساڵانەی کۆتایی نەبێت لە بوونی، ئەمەش دوای ئەوەی کە هەمووان هەڵگری مۆبایلی خاوەن کامێرەن، کە وێنەی هەر شتێک و هەموو شتێک دەگیرن، و بڵاوی دەکەنەوە بەبێ سانسۆر لە سەرجەم کاتەکاندا.

هەموو هاوڵاتیەک بووە بە پەیامنێرێکی هەواڵگری خولیادار. “فەوواز” ئەو منداڵە سوریە فڕێندراوەت بینی  کە دووچاری تێهەڵدان و ئەشکەنجە دەبووەوە و هاوەری دەکرد “توخوا لێم مەدەن”؟ ئایە دەنگەکەی زرینگە دەداتەوە لەناو گوێیەکانتدا؟ ئایە هەست بە دڵت دەکەی ژان دەکات لە ناڕەحەتی ڕووداوەکە و بێدەسەڵاتیت لە ئاستی دیمەنەکەدا؟ تۆ ئێستا لە حاڵەتێکی نائاسایی بەپەلەدایت و لەوانەیە خورپە لێت بدات.

تەماشاکردنی ڤیدیۆیەکی ڕاستەقینە کە دیمەنی دڕندە و ڕاچڵەکێنەری تێدابێت، جیاوازترە بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر لە تەمەشاکردنی فیلمێکی پر لە دڕندەیی. تۆ لە ناخی خۆتدا دەزانیت کە ئەمە تەنها فیلمێکە، ئەمانەش تەنها ئەکتەرن و، خوێنی درۆیینەیە، و کەسیش لە ڕاستیدا نەمردوە، بەڵام لە بەرامبەردا ئەو ڤیدیۆ دڵتەزێنانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا دێتە پێش چاومان باس لە ڕووداوی تەواو ڕاستەقینە دەکەن. “فەوواز” بە ڕاستی تێیهەڵدەدرێت، بە ڕاستیش ئازار دەچێژێت، “ڕەییان”یش لە بیرەکە دەرهات لاشەیەکی تێکشکاو بوو، لە کاتێکدا دایکی بە هیواوە چاوەڕوانیەتی، دەشێ ئەمانە کاریگەریت لەسەر بکەن بە رادەیەکی پێشبینی نەکراو.

تەنگەژەی (نەخۆشی) فشاری پاش زەبر (PTSD):

بۆ تێگەیشتن لەم کاریگەریە، با بە شێوەیەکی خێرا بڕوانینە ناو مێشکت. مێشک خاوەنی بەشێکی تێگەیشتوو و دانایە ناودەنرێت بە توێژاڵە مۆخ (Brain cortex)، ئەم بەشە بڕیارەکانی بە هێمنی دەدات و بە بیرکردنەوە لە ئاکەمە پێشبینکراوەکان، بەڵام لە بەرامبەردا، بەشێکی دی هەستەوەریی سەرەتایی هەیە لە مێشکماندا کە بە پەلە و بێ بیرکردنەوە مامەڵەدەکات لە کاتەکای مەترسیدا. کاتێک کە مێشکت هەست بە بوونی مەترسیەک دەکات (جەستەیی یاخود دەروونی) ئەوا ئاڵووی مێشک (Amygdala)، کە ئەندامێکی بچووکە لە مێشکدا کە بەرپرسە لە هەستی ترس، زەنگی مەترسی لێ دەدات و، مێشکی سەرەتایت کاردانەوەی دەبێت بە یەکێک لەم سێ ڕێگایە: هەڵهاتن یاخود شەڕکردن یاخود سڕبوون. لەم نێوەندەدا، هۆڕمۆنەکانی پەستانی دەماری بە شێوازێکی چڕ دەڕژێن لەنێو لاشەدا وەک کۆرتیزۆڵ و ئەدرینالین، بۆئەوەی بۆ هەڵهاتن ئامادەی بکەن، یاخود بەرگریکردن لە خۆی، بۆیە ڕێژەی هەناسەدان و لێدانی دڵ زیاد دەکات، خوێنیش بەرەو ماسولکەکان تەوژم دەبەن، بیبیلەی چاویش فراوان دەبێت، و سەرجەم زیندەچالاکیە ناپێویستەکان لە کاردەکەون کە گرنگ نین بۆ ڕزگاربوون.

فڕوا وایە کە هۆکاری تەنگەژەی فشاری پاش زەبر دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامی هۆڕمۆنەکانی پەستانی دەماری لە کارکردن، تەنانەت لە پاش کۆتایهاتنی ڕووداوەکە، گەرچی جینەکان و فاکتەرە ژینگەییەکان و بوونی پاڵپشتیی یاخود نەبوونی ڕۆڵی دەبێت لە گەشەسەندنی دۆخەکەدا بە شێوازێکی پشتگوێ نەخراو. لێرەدا پێویستەکات جیاوازی بکەین لەنێوان تەنگەژەی فشاری پاش زەبر، ناسراو بە “PTSD”، کە بەلای کەمەوە بۆ زیاد لە مانگێک دەخایەنێت، لەگەڵ پەشێویی خورپەی توند (Acute stress reaction)، کە ڕاستەوخۆ لە پاش خورپەکە ڕوودەدات، بەڵام بۆ ماوەیەکی کەمتر درێژە دەکێشێت. لە نیشانەکانی هەردوو پەشێویەکەدا لێکچوون هەیە، هەر لە یادهاتنەوەی یادەوەریەکان کە مێشکت داگیردەکەن بە بەردەوامی وەک ئەوەی ڕووداوە ناخۆشەکە چەندبارە پیشانبدرێتەوە، هەروەها بینینی خەوی ناخۆش، یاخود بەبیرهاتنەوەی ورد و درشتی ڕووداوەکان هەر وەک ئەوەی دووبارە لەو خورپەیەدا بژیت[1].

دەرەنجامی ئەمە، کەسی تووشبووی پەشێوێکە هەوڵدەدات خۆی بە دوور بگرێت لە هەر شتێک کە ئەو ڕووداوە خورپاویەی یاد دەخاتەوە و، خۆی دەپارێزێت لە قسەکردن دەربارەی، یاخود بیرکەوتنەوەی، لەگەڵ هەندێک پەشێویی دەرونیی دیکەش، وەک پەشێوی یادگە، بێهیوابوون لە ئایندە، دووەکەوتنەوە لە خێزان و هاوڕێکان و، هەستکرن بە سڕبوون، یاخود نەتوانینی تاقیکردنەوەی هەستەکانی، خۆشییەکان ین ناخۆشییەکان[2]. وا دەردەکەوێت کە هەندێک کات ئام نیشانانە زیادەڕەوی تێدا بێت، لەوانەشە سەرنجی نەدەیت لە خودی خۆتدا یاخود ئەوانەی دەورت، لێرەدا جینەکان و ئامادەیی بۆماوەیی ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن، هەروەها ژینگەی دەوروبەری کەسەکە.

ئەگەر ئەو کەسەی تووشی ڕووداوە خورپێنەرەکە دەبێت لە بنەڕەتدا لە ژینگەیەکی سەختدا بژی، لەگەڵیشیدا نەبوونی سیستەمی هاوکاری پێویست بۆ مامەكەکردن لەگەڵ ناڕەحەتێکانی ژیاندا، ئەوا ئەگەری توشبوون بە پەشێوی خورپەی توند زیاد دەکات. لە پاشاندا، ٥٠٪ی توشبووان بە پەشێوی خورپەی تووند ئەگەری تووشبوونیان بە تەنگەژەی فشاری پاش زەبر هەیە، بە واتای ئەوەی ناڕەحەتێکانیان بۆ مەودایەکی دورتر درێژە دەکیشێت.

 

خورپە لە دوورەوە

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە، هەمان شت لە مێشکماندا ڕوودەدات، کاتێک بینەری گرتە ڤیدیۆییەک دەبین کە بە ڕوونی ئەشکەنجەی خەڵکی پیشان دەدات. سەرجەم جیهان، بەتایبەت وڵاتە عەرەبیەکان هەمووان بینەری سات بە ساتی هەوڵەکانی ڕزگارکردنی “ڕەییان”ی منداڵە مەغریبیەکە بووین، لە پەخشی ڕاستەوخۆدا لە کەناڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا پەخش دەکران، کە لە هەمان کاتیشدا پڕبوو بوو لە هاوار و دەنگی نزا و پاڕانەوە بۆ منداڵەکە. گەر وادەزانیت کە ئەم ڕووداوانە شتێکی ئاسا تێپەڕیون، وەرە سەیربکەین چی ڕویدا لەگەڵ دوو کارمەندی چاودێریی گرتە ڤیدیۆییە خراپەکانی دژ بە منداڵان، کە بەرپرسن لە سڕینەوە و هەواڵپێدان لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆییانە لە کۆمپانیای بەناوبانگی “مایکرۆسۆفت (Microsoft)”:

لە ساڵی ٢٠١٧، ئەو دوو کارمەندە سکاڵایان بەرزکردەوە دژ بە کۆمپانیاکە، بەهۆی ئەو پەشێویە دەروونیانەی کە دووچاری بوونەتەوە بەهۆی کارەکەیانەوە، کە چەندین کاتژمێر بینەری ئەو ڕووداوانە بوون، کە تێیدا کاری کوشتن و توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بەرامبەر منداڵانی بچوک لەخۆدەگرن. هەرچەندە هەردووکیان هاوکاربوون لە دەستگیرکردنی چەندین تۆمەتبار، بەڵام ئەمە ڕێگر نەبوو لە توشنەبوونیان بە تەنگەژەی فشاری پاش زەبر و، بێخەوی و، بینینی خەوی ناخۆش[3].

تەنگەژەی فشاری پاش زەبر نەخۆشییەکی تایبەت نییە بەو کەسانەی لە نەهامەتی جەنگەکاندا ژیاون، یاخود تایبەت بێت بە ڕزگاربووان لە کارەسات و ڕووداوە سەختەکان، بەڵکو تەنانەت چاودێرێکی بێدەنگی دووریش دەشێت بەتوندی کاریگەر بێت بە بینینی دیمەنێکی راستەقینە. یەکێک لەو دوو کارمەندەی کە باسمانکردن گەیشتبوویە ئاستێک کە ترسی لە بینینی هەر منداڵێک بۆ دروستبوو بوو، تەنانەت کوڕەکەی خۆشی، بۆئەوەی ئەو قێزەونیانەی بینیبووینی نەیەتەوە یادی، لەهەمان کاتدا ترسێکی زۆری بۆ درستبوو بوو لەسەر منداڵەکەی لەوەی دوچاری چارەنوسێکی هاوشێوەی منداڵانی گرتە ڤیدیۆییەکان ببێتەوە. بێگومان هەردوو کارمەندەکە دەستیان کێشایەوە لە کارەکەیان، چونکە چوون بۆ شوێنی کار پاڵنەر بوو بۆ بیرکەوتنەوەی یادەوەریە ئازاربەخشەکان، بەشێوەیەک بەردەوامبوون لەم کارەدا ئەستەمبوو بوو، هەر بۆیە سکاڵایان بەرزکردبۆوە دژ بە کۆمپانیا، چونکە پێش دەستبەکاربوونیان ئاگادارنەکرابوونەوە لە مەترسی کارەکە، جگە لە دابیننەکردنی هاوکاریی دەروونی پیویست لە کاتی کارکردندا.

هەر لەو سیاقەدا، “زانکۆی جۆنز هۆپکینز” (Johns Hopkins University) توێژینەوەیەکی ئەنجامدا دەربارەی کاریگەریی دەروونی لەسەر ئەو هاوڵاتیانەی تەماشای هەواڵەکانی ڕووداوی تەقینەوەی دوو تاوەرە بازرگانیی جیهانیی کردووە، لە نیویۆرک، ساڵی ٢٠٠١، توێژینەوەکان دەریانخست ئەو کەسانەی کە لە حەوت ڕۆژی سەرەتا بەچڕیی بەدیار هەواڵەکانەوە بوون زۆر زیاتر مەترسیان لەسەربوو بۆ توشبوون بۆ تەنگەژەی فشاری پاش زەبر. لێرەدا باس لە بەرکەوتەکان ناکەین، یاخود خێزانەکانیان یان ڕزگاربووانی تەقینەوەکە، بەڵکو باس لەوانە دەکەین کە نزیک شوێنەکەوە نەبوون لە بنەڕەتدا، بەڵام سات بە سات بینەری هەواڵەکانبوون لە شاشەکانی تەلەڤیزیۆنەوە[4].

توێژینەوەیەکی دیکەش ئەم کاریگەریە دووپات دەکاتەوە، کە پێداچوونەوەی چەندین پەڕەی توێژینەوە کردووە، کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کاریگەریی سەیرکردنی کلیپە توندوتیژ و ئازاربەخشەکان کردووە. دەریخست کە پەیوەندیەکی بەهێز هەیە لە نێوان بینینیی هەواڵە ڕاچڵەکێنەراکان لە تەلەڤزیۆنەوە (وەک گەیەنەرێکی دەنگ و ڕەنگ) و تەنگەژەی فشاری پاش زەبر[5]. بابەتەکە لێرەدا کۆتایی نایەت، تەماشاکردنی بەردەوامی هەواڵە ڕاچڵەکێنەراکان چەندین شوێنەواری دەروونیی دیکەش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لەنێوانیاندا دڵەڕاوکی و بێخەوی و تەنگژەیوەسواسی[6].

دیوەکەی تری هاوسۆزی

ئایە تۆ لەو کەسانەیت کە زۆر هاوسۆزیت هەیە بۆ کەسەکانی دی؟ هاوڕێکانیشیت هەردەم هەست بە ئارامی دەکەن بە باسکردنی ناڕەحەتیەکانی ژیانیان بۆت؟ ئەم توانا سەرسامەی لەخۆگرتنی خەفەتەکانی خەڵکی وات لێدەکات ببیتە وێستگەیەک بۆ سەرجەم بێتاقەت و ئەشکەنجەدارەکان، بەڵام ئەی چی دەربارەی خودی خۆت؟ بیرت کردۆتەوە لە کاریگەری هەموو ئەمانە لەسەر خۆت؟

زۆرێک لە کارمەندانی کەرتە خزمەتگوزاریەکان، وەک کەرتەکانی تەندوریستی و فریاکەوتنی منداڵان و هاوشێوەکانیان لەو پیشانەی پێویستی بە ڕێژەیەکی زۆرە لە هاوسۆزی و هەستیاری، دووچاری دۆخێک دەبن کە ناسراوە بە “ماندبوونی هاوسۆزی” (Compassion fatigue)، ئەو زاراوەیەی کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٢ دەرکەوت. بە هەمان شێوە ئەم دۆخە ناودەبریت بە “شکستی ناڕاستەوخۆ” (Vicarious trauma)، بە واتای ئەو شکستەی کە بە هۆی بینینی شکست و کێشەکانی کەسانی تر و هاوسۆزبوون لەگەڵیاندا توشت دەبێت. پێویست ناکات پزیشکێکی دەروونی بیت کە ڕۆژانە دووچاری چیرۆکی دڵتەزێن ببێتەوە تاوەکو توشی ئەم حاڵەتە ببیت، بەڵکو بیستن و بینینی بەردەوامی هەواڵەکانی جەنگ و کوشتن و فڕاندن لە ڕێی شاشەکانی تەلەڤزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە، بەشێوەیەکی نیمچە بەردەوام، دەشێت بتگەیەنێتە ئەم جۆرە لە سوتان[7].

ماندبوونی هاوسۆزی وەک “چارلز فیگڵی” (Charles Figley) زانای دەرووناسی لێی دەڕوانێت لەبنەڕەتدا لە دەرنجامی ویستی یارمەتیت بۆ هەمووان دروست دەبێت، کە ئەمەش مەحاڵە[8]، ئایە بینەری ئەو هەوڵدانە بەردەوام و سەختانە بوویت بۆ ڕزگارکردنی “ڕەییان” لە بنی بیرەکەدا بەدرێژایی چەند ڕۆژیک؟ ئایە خوازیار بوویت کە تۆش ئامادەبوویتایە لەگەڵیاندا بۆئەوەی خێرا بیرەکە هەڵبکەنن و ڕزگاری بکەیت؟ ئەی چی دەربارەی “فەوواز” کە هاواری دەکرد لە ئازاردا و تۆش بێ دەسەڵاتی لە بەرامبەر هاوکاریکردنیدا؟ ئەم دوو چیرۆکە بە تایبەتی گرنگیەکی میدیایی ئیجگار زۆری پێدرا لەم ماوەیەی ڕابردوودا، هەروەک چۆن هەستی هاوسۆزیان لە ناخی مرۆڤایەتیدا هەژاند بەهەمان شێوەش هەستی بێ دەسەڵاتیشیان لە دڵی زۆرێکدا چاند.

لە هەمووشی خراپتر، بەرکەوتنی بەردەوام لەگەڵ نەهامەتیەکانی جیهاندا، وردە وردە هەستی هاوسۆزیت لەناودەبات، هەتا توشی سڕبوونی سۆزداری دەبیت بەرامبەر هەر هەواڵێکی ئازاربەخش کە دەیبیستیت لە دواتردا، تەنانەت بابەتەکە تەشەنە دەکات هەتا دەگاتە لەدەستانی هاوسۆزیت بۆ خۆشەویستانت و، دورەپەرێزی لێیان و، زیادبوونی فشارەکان لەنێو ماڵدا، کە دەبێتە دروستبوونی زۆر کێشەی خێزانی. بەهەمان شێوە ئەم فشارانە کاریگەریی دەبێت لەسەر ڕۆڵت لە کارەکەتدا و، ڕۆژەکانی ئامادەنەبوونت لەزیادبووندا دەبێت و، ئەگەری توشبوونت بە نەخۆشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ زیاد دەکات.

بێگومان هاوخەمبوون لەگەڵ خەمەکانی خەڵکی خەسڵەتێکی ئەرێنیی و باشە، وات لێدەکات کە بیسەرێکی باشتر بیت و، شەریکێکی باشتر بیت، بەڵام خەفەتخواردن بۆ سەرجەم خەمەکانی جیهان بە بەردەوامی بە نەرێنیی بەسەر خۆتدا دەشکێتەوە لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا. دەشێت لەتواناتدا نەبێت بە یەکجاری خۆت بە دوور بگریت لە تەماشاکردنی هەواڵەکان، یاخود دەستنیشانکردنی چ هەواڵێک دێتە پیش چاوت لە سەر شاشەی مۆبایلەکەت، بەڵام دەتوانیت ژمارەی پەڕە هەواڵگریەکانی کە فۆڵۆویان دەکەیت کەم بکەیتەوە و، تەنها پەیوەست بیت بە ژمارەیەکی کەمیان کە متمانەت پێیانە، هەتا دووچاری ژەمێکی چڕ نەبیتەوە لە هەواڵی ئازاربەخش.

دەتوانیت لەگەڵ هاوەڵێکتدا باس لەو دڵەڕاوکێیە بکەیت کە هەستی پێدەکەیت لە پاش بینینی هەواڵێکی هاوشێوە. لە زۆربەی کاتەکاندا، ناتوانیت دەستی هاوکاری ڕابکێشیت بۆ قوربانیانی ئەو هاواڵانەی بینەرەیان دەبیت، بۆیە هەردەم پێویستە خۆت بەیادبهێنیتەوە کە ئەم بابەتە لەسەروو دەسەڵاتی تۆوەیە، پاشانیش خۆت خەریکی چالاکیەک بکە کە خولیات لێی هەیە و دڵەڕاوکێکەت لەسەر لادەبات.

[1] What Is PTSD? (psychiatry.org).

[2] اضطراب الكرب التالي للرضح (PTSD) – الأعراض والأسباب – Mayo Clinic (مايو كلينك)

[3] Moderators who had to view child abuse content sue Microsoft, claiming PTSD | Microsoft | The Guardian

[4] Ahern J, Galea S, Resnick H, Vlahov D. Television images and probable posttraumatic stress disorder after September 11: The role of background characteristics, event exposures, and perievent panic. The Journal of nervous and mental disease. 2004 Mar 1;192(3):217-26.

Television Images and Probable Posttraumatic Stress Disorder after September 11: The Role of Background Characteristics, Event Exposures, and Perievent Panic — Johns Hopkins University (elsevier.com)

[5] Pfefferbaum B, Newman E, Nelson SD, Nitiéma P, Pfefferbaum RL, Rahman A. Disaster media coverage and psychological outcomes: descriptive findings in the extant research. Current psychiatry reports. 2014 Sep;16(9):1-7.

Disaster Media Coverage and Psychological Outcomes: Descriptive Findings in the Extant Research | SpringerLink

[6] Watching Violent News Video Can Be Hazardous to Your Health | Psychology Today

[7] Compassion Fatigue: Symptoms To Look For (webmd.com)

[8] Gabbert E. Is compassion fatigue inevitable in an age of 24-hour news. The Guardian. 2018 Aug 2;2.

سەنتەری زەھاوی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply