توێژینەوە

رێبازە فیکرییەکانی ئێرانی سەردەمی عەباسییەکان بە جەخت کردنەوە لە سەر قیرمەتی و ئیسماعیلییەکان

ئیسماعیل مەحموودی

مانیا رەزایی

 

پوختە:

جگە لە دەسەڵاتی ئالی بوویەی شێعە مەزهەب (٤٤٧-٣٣١) و بە رەچەڵەک ئێرانی، دەتوانین ئەم سەردەمە بە سەردەمی زاڵبوونی تورک و دەسەڵاتدارییەتی  تورکە سوننە مەزهەبەکان ناوببەین.

غەزنەویەکان (٤٣١-٣٥١)، سەلجووقیەکان(٥٩٠-٤٣١)، خارەزمشاهیان (٦٢٨-٤٩٠) و مەغۆل (٧٥٨-٦٢٨) دەسەڵاتگەلێکی بێگانە بوون کە دەسەڵاتداری پانتایی جوغرافیایی ئێرانی سەردەمی عەباسییان دەکرد.

بۆ توێژینەوە لە سەر دۆخی فیکری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و بزووتنەوە دینی-کۆمەڵایەتییەکانی ئێران، دەبێ ئەم سێ سەدەیە لە مێژووی ئێران لە سێ سەردەمدا بخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە. سەردەمی یەکەم، سەردەمی دەسەڵاتی ئالی بوویە:

دەکرێت ئەم سەردەمە لە مێژووی ئێران وەک سەردەمێکی لەبار بۆ پەرەسەندنی بیر و رێبازە دژەکانی دەسەڵاتی بەغداد ناو برێت و بە واتایەکیتر سەردەمێکی لەبارە بۆ سەرهەڵدان و گەشەکردنی رێبازەکانی هاوڕێی شیعە.

سەردەمی دووەم، سەردەمی دەسەڵاتدارییەتی تورکەکان، ئەم دەسەڵاتانە لە سەر رێبازی مەزهەبی سوننە بوون و لەمبارەوە دەمارگرژ بوون و هەرجۆرە دژوازییەکی بەرانبەر بە خۆیان بە توندی سەرکوت دەکرد و کەمترین دژایەتی و دوژمنایەتییەکان پێ قەبووڵ نەدەکرا و بە واتایەکیتر هیچ دەرفەتێکی ئاشتیانە لە ئارادا نەبوو بۆ سەرهەڵدان و پێگەیشتنی بیروبڕوایەکی بەدەر لە بیروبڕوای زاڵ و خاوەن دەسەڵات، لەم رووەوە لەم سەردەمەدا شاهیدی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی ئیسماعیلییەین، کە لە راستیدا ئامادەیی و چالاکییەکانیان کاردانەوەیەکە لە بەرامبەر دۆخی سەپاودا. بە کورتی سەردەمی مەغۆلەکان بە هۆی لە ناو بردنی ناوەندەکانی دەسەڵاتی مەزهەبی فەرمی و هەر وەها ناوەندەکانی ئیسماعیلییە و بایەخ نەدان بە ئایینی ئیسلام لە لایەکەوە، بەستێن بۆ پەرەسەندنی ئایینەکانی وەک بوودایی، مەسیحی و شەمەنی دەڕەخسێت و لە لایەکیترەوە بەستین بۆ پەرەسەندنی رێبازە عیڕفانی و سۆفیانەکان خۆش دەبێت، کە دەتوانین ئەنجامەکەی لە سەرهەڵدانی سەفەوییەکان و دامەزراندنی یەکەمین دەسەڵاتی شیعە مەزهەب و بە واتایەکیتر بە فەرمی بوونی مەزهەبی شیعە لە پێکهاتەی سیاسی ئێراندا بەدی بکەین. بە گشتی دەتوانین دۆخی ئەم سێ سەدەیە ئاوا کورت بکەینەوە. دەرفەتێک بۆ پەرەسەندنی شیعە(ئالی بوویە)، دژایەتی لە گەڵ سەرهەڵدان و پەرەسەندنی هەر جۆر ئایدیا و بیروبڕوایەکی دژی مەزهەبی فەرمی و بەرپەرچ دانەوەی بە توندی، لە ژێر ناوی باتنی و قرمەتی و هتد(دەسەڵاتی تورکەکان) و سەرهەڵدانی رێبازگەلی دژ بە مەزهەبی فەرمی و هەروەها کاردانەوی توند بەرامبەر پارێزەرانی ئایینی فەرمی و هەروەها بەدیهاتنی بەستێنێکی لەبار بۆ پەرەسەندنی شیعە و سۆفیگەری(سەردەمی مەغۆل) و لە ئەنجامدا و بە تێکەڵ بوونی ئەوانە و سەرهەڵدانی دەسەڵاتی سەفەوییەکان لە(٩٠٧) دەگاتە ئەوپەڕی خۆی.

وشە سەرەکییەکان:

ئێران، رێبازە فیکرییەکان، تورکەکان، ئیسماعیلییە

ئالی بوویە(٤٤٧-٣٣١) و بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئێران:

ئالی بوویە، یەکەم دەسەڵاتی بە رەچەڵەک ئێرانی شیعە مەزهەب بوون کە توانییان لە ململانێ سیاسییەکانی نێوان ئێران و بەغداد دەور ببینن و ببنە خاوەن دەسەڵات. دەور و دەسەڵاتی ئالی بوویە، بەستێنێکی لەباری بۆ سەرهەڵدان و پێگەیشتنی رێبازە شیعە مەزهەبەکان و تەنانەت ئەو بزاڤە ئێرانییانە رەخساند کە مێژووەکانیان دەگەڕایەوە بۆ سەدەکانی سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلام و رەنگ و بۆی ئێرانییان بوو. بەڵام بە هۆی زاڵبوونی گوتاری ئیسلامی، دەرفەتێک بۆ خۆدەرخستنی رێبازە نائیسلامییەکان، سەرەڕای دەسەڵاتی ئالی بوویەش نەبوو، تا ئەو ڕادەیە “خوڕەمییە” لە لایەن عیمادودەولەی دەیلەمییەوە لە ساڵی ٣٢١ لە نێزیکی کەرەج قەتڵوعام کران(مسکویە، ٦٩ : ٢/٤٣٧) بەڵام لە بەرامبەردا رێگە بۆ پەرەسەندنی شیعە خۆش کرا. هەرچەند کە تێپەڕین لە بازنەی “تەقیە(تقیە)” و بەڕێوەبردنی بۆنەگەلێکی وەک تاسووعا و عاشوورا بۆ شیعەکان، بەرهەمی زاڵبوونی ئالی بوویە بوو بە سەر بەغداددا. بە گشتی زاڵبوونی ئالی بوویە بە سەر بەغداد و بەشێکی زۆر لە ئێران وەک رەی و کرمان، لە باری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسییەوە، بەستێن و دەرفەتێکی لەبار بوو بۆ نۆژەنکردنەوەی دەسەڵاتی شیعە کە ماوەیەکی زۆر بوو بە هۆی دەسەڵات و دژایەتی بەغدادەوە دەرفەتێکیان بۆ خۆدەرخستن و دەورگێڕان نەبوو، بەڵام لە پاڵ دەسەڵاتی ئالی بوویەدا دەرفەت بۆ پەرەسەندن و دزەکردنی شیعە و تێکەڵاو بوون لە گەڵ ئێرانیبوون رەخسا. هەرچەند ئالی بوویە لەبەر هۆکارگەلێکی وەک زاڵبوونی گوتاری زاڵی سوننەگەری و هەروەها پەرتەوازەیی ناوەند و پێکهاتەکانی دەسەڵات نەیتوانی شیعەگەری وەک مەزهەبی فەرمی لە  ئێراندا رابگەیەنێت، بەڵام لە ئەنجامدا بەستێنێکی لەباری پێکهێنا بۆ پەرەپێدان و پتەوکردنی شیعەگەری، تا ئەو رادەیە کە بەغداد نە دەیتوانی بیسڕێتەوە و نە حاشای لێبکات و گرینگتر لەوانەش رێگەی خۆش کرد بۆ پەرەسەندنی رێباز و بزافە شیعەکان لە سەدەکانی دواوەتردا.

غەزنەوییەکان(٤٣١-٣٥١) و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی ئێران:

غەزنەوییەکان یەکەمین دەسەڵاتی بە رەچەڵەک تورک بوون کە زاڵ بوون بە سەر ئێراندا و بوونە هۆی لاوازی دەسەڵاتی ئالی بوویە، غەزنەوییەکان کە لەباری مەزهەبییەوە لە گەڵ بەغداد تەبا بوون و گەیشتنیان بە دەسەڵات جێی رەزامەندی بەغداد بوو، بە واتایەکیتر لە لایەن بەغدادەوە پشتیوانیان لێدەکرا، چوونکە لە سەر رێبازی ئەشعەری بوون و دژی تەنانەت موعتەزیلە و هەر جۆرە رێبازێکی عەقڵانی و ناتەبا لە کەڵ مەزهەبی زاڵدا بوون، زاڵبوونی دەسەڵاتی غەزنەوییەکان هەرچەند لە باری فەرهەنگییەوە خاڵێکی وەرگەڕان بوو بۆ نەشە و گەشەی زمان و فەرهەنگی فارسی، بەڵام لە باری کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە رێگر بوو لە پەرەسەندن و دزەکردنی رێباز و بزافە ئێرانییەکانی ناتەبا لە گەڵ بەغداد و مەزهەبی فەرمی. “قیرمەتی” بوون تۆمەتێکی زۆر قورس بوو بۆ لە ناوبردنی نەیارانی مەزهەبی فەرمی و دژایەتی توند لە گەڵ رێباز و بزافە شیعەکان. مەحموودی غەزنەوی دەستی کردبووە لە ناوبردنی قیرمەتییەکان و بە توندییەکی لە رادەبەدەر لە ناوی دەبردن و بە گشتی سەرەڕای هەبوونی رێبازگەلێکی وەک قیرمەتییەکان کە کرۆکی بنەمایی ئیسماعیلییە بوون، دەمارگرژیی توندی غەزنەوییەکان رێگر بوو لە دزەکردن و گەشەی هەر جۆرە رێبازێکی ناتەبا لە گەڵ مەزهەبی فەرمیدا، لەم رووەوە بووە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک بزاڤ و بزووتنەی نهێنی و ژێرزەمینی لە سەدەکانی دواوەتردا. سەرهەڵدانی ئیسماعیلییە و کردەوە تۆندئاژۆکانیان دەژەکردەیەک بوو لە بەرامبەر هەڵوێستی غەزنەوییەکان و دواتر سەلجووقییەکاندا، کە لە هەڵوێست گرتن لە بەرامبەر نەیاراندا، لە گەڵ غەزنەوییەکان و بەغداد هاوتەریب و تەبا بوو.

رێبازەکانی سەردەمی غەزنەوی:

کەڕامییە:

کەڕامییە خاوەن ئەندێشەیەکی ناباو بوون. ئەوان لە سەر ئەو باوەڕە بوون : خودا جەستەیە و سنوور و نیهایەتێکی هەیە و چاوپێکەوتن و هەست پێکردنی لە لایەن جەستەکانەوە رەوایە. ئەم رێبازە بە هۆی ئەوەی زۆرتر بە خۆ نواندنەوە خەریک بوون و رەنگ و بۆیەکی عیرفانیان گرتبووە خۆ، کەوتنە بەر سەرنجی  بنیات دانەرانی دەسەڵاتی غەزنەوی. خۆنواندن و سۆفیگەرییەکەیان ئامرازێک بوو بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و هەر ئەو جۆرە کە لە سەردەمی مەحموودی غەزنەویدا، ئەبووبەکری مەمشاد کە گەورەی ئەم تاقمە بوو، بوو بە حاکمی نەیشابوور، بەڵام زێدەڕۆی لە ئاکاری ناباودا و بە واتایەکیتر بە هۆی توندوتیژییەوە روومەتی راستەقینەیان بۆ خەڵک دەرکەوت و بۆە هۆی ناڕەزایی خەڵکی نەیشابوور و لە ئەنجامدا بە فەرمانی مەحموودی غەزنەوی، حەسەنەکی وەزیر قەتڵوعامی کردن. پێگەی لەرزۆک و نەبوونی بیرۆکەیەکی لۆژیکی و توانا بووە هۆی پەرەنەسەندن و لە ناوچوونی ئەم رێبازە لە لایەن غەزنەوییەکاەوە.

سەرهەڵدانی قیرمەتییەکان:

بۆ یەکەم جار لە سەدەی دووهەم لە ناورووباران(بین النهرین) ئەم ناوە بەو کەسانە دەوترا کە دژ بە مەزهەبی فەرمی و چاوەڕوانی هاتنی ئیمامی زەمان بوون(هاجسن، ٧٨ : ١٦) قیرمەتیەکان گرووپێک بوون سەر بە ئیسماعیلییە یان باتنیەکان کە پاش شۆرشی عەلی کوڕی موحەممەدی بورقەعی ناسراو بە (صاحب الزنج) کە لە نێوان ساڵەکانی ٢٥٥-٢٧٠ی کۆچی لە ناوچەکانی باشووری عێراق سەری هەڵدا و بنەمای دەسەڵاتی عەباسییەکانی هێنایە لەرزە و لە باری گیانی و ماڵییەوە زەرەر و وێرانییەکی زۆری بە دواوە بوو، خۆیان سەربەخۆ هاتنە ناو بازنەی بەربەرەکانێ و شۆڕشێکیتریان هەڵگیرساند کە لە باری هێز و دەسەڵات و بەردەوامی و سنوورەکانی دەسەڵات و پەرەسەندن و بنیاتنانی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ خزمەت بە هەژارەکان لە بزووتنەوەکەی (صاحب الزنج) پێشکەوتووتر و گرینگتر بوو.(ممتحن، ١٣٦٧ : ١٩)

قیرمەتیەکان لە سەردەمی سامانییەکاندا هێز و دەسەڵاتیان گەیشتە شوێنێک کە بە وتەی خاجە نیزامولمولک، نەسری کوڕی ئەحمەد (٣٣١-٣٠١) ئەمیری خۆراسانیان  لە ڕئ لادا.(نظام لملک، ٧٠ : ٢٥٧) هاوڕایی نەسر لە گەڵ قیرمەتییەکان بووە هۆی لادانی لە دەسەڵات و هاتنە سەر کاری نووحی دووهەم(٣٤٣-٣٣١) و رەچاوکردنی رێوشوێنی توند بەرامبەر بە قیرمەتیەکان(هەمان، ٢٦٧) بەڵام جارێکیتر لە سەردەمی ئەمیر سەدید مەنسوور(٣٦٥-٣٥٥) دەستیان کردەوە بە بانگەواز و کۆکردنەوەی ئەندام، بە هۆی بەرپەرچدانەوەی توندی سپاسالار سیمجووری، کەوتنە ژێر گوشار و ناوەندی بانگەوازیان گوێزایەوە بۆ ئەهواز(نظام المک، هەمان : ٢٧٣)

بیروبڕوای قیرمەتیەکان:

قیرمەتییەکان، باوەڕیان بە شۆرشی چەکداری و قەتڵوعام و سووتاندن و ترساندنی نەیارانی خۆیان بوو. سەردانی سەرقەبران و ماچ کردنی حجرالاسود و زۆربەی ئادابی حەج -بە پێی بیروبڕوا کۆن و بنەمادارەکان- حەرام بوو، هەربۆیە ئەبووتاهیری قیرمەتی لە ساڵی ٣١٧ی ک.م هێرشی کردە مەککە و وێرای قەتڵوعامی زیارەتکاران و تاڵان کردنی(مسعودی، ٨١ : ٣٧٧) دڕندانەی و وێران کردنی کەعبە، حجرالاسودی بردە بەحرەین و پاش ٢٢ ساڵ بە پێی فەرمانی خەلیفەی فاتمی گەڕاندیانەوە مەککە. لەم رووداوەدا بە پێی هەندێ گێڕانەوە حجرالاسود دەبێتە چەند پارچە و تەنیا پارچەیەکی دەگەڕێننەوە بۆ مەککە.  قیرمەتیەکان بڕوایان بە لێبووردەیی مەزهەبی و یەکسانی بوو و هاوبەشی  ژن و کاڵایان بە رەوا دەزانی و ناوی دۆستایەتییان لێنابوو. قیرمەتیەکان لە خاڵە گشتییەکاندا جیاوازییەکیان لە گەڵ فەلسەفەی ئیسماعیلییەدا نەبوو.

ناسینی فەلسەفەی ئەم گرووپە، گرێدراوە بە ناسینی فەلسەفەی “اخوان الصفا”وە. بە کورتی مەسعوودی لەمبارەوە دەڵێت:” ئەم گرووپە لە ساڵی سێسەدوشەست لە ئەسفەهان سەریان هەڵدا و ئامانجیان چی بوو، ئایا ملکەچی لایەنە دیارەکانی شەریعەت بوون یان بڕوایان بە خوێندنەوەی بابەتەکان بوو، هەروەها کاتێک کەسێکیان بانگهێشت دەکرد بەڵێنیان لێ وەردەگرت کە ئەو خوێندنەوەیەی قورئان کە بۆی روون دەکەنەوە، بیشارێتەوە و لە هیچ کوێیەک باسی نەکات.(مسعودی، هەمان : ٣٨١)

 

کاریگەری قیرمەتییەکان لەسەر بزافە شۆڕشگێڕانە و فیکرییەکانی ئیسلام:

قیرمەتییەکان بێگومان کاریگەرییان لە سەر بیری ئیسلامی و بە تایبەت عیرفان داناوە. دابی “خەرقە پۆشین”ی برایەتی سۆفییەکان بە چاولێکەری لە رێوڕەسمی قیرمەتییەکان(ئیسماعیلیەکان) یەکەمجار لە سەدەی شەشی کۆچی بووە باو. لە بارەی بزافە شۆڕشگێڕییەکان و خەبات بۆ بەرانبەری و یەکسانی، دەبێ بڵێین  قیرمەتییەکان بزووتنەوەیەکی بەربڵاویان لە گەڵ دەسەڵاتی عەباسی و هەندێجاریش لە گەڵ فاتمییەکان خستبووەڕێ و بنەماکانی دەوڵەتی عەباسییان بۆ ماوەیەکی زۆر هێنابووە لەرزە و توانییان دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان لە ڕێی بانگەشەی مەزهەبییەوە لە بەشێک لە وڵاتانی ئیسلامی لە رۆژئاواوە بگرە تا رۆژهەڵات پەرە پێبدەن و ئەمیر و خاوەن دەسەڵاتەکان بەرەو ئایینەکەی خۆیان رابکێشن و سەرکرایەتی خەڵک بکەن بۆ دەرچوون لە ژێر باری زوڵم و چەوسانەوە.

بە گشتی قیرمەتییەکان بزافێکی کۆمەڵایەتی مەزهەبی تەواو تۆکمەیان پێکهێنا توانییان بە بنیاتنانی سێ دەسەڵاتی “بەحرەین” لە ساڵی ٢٨٦ تا ٣٦٦ی کۆچی و “موولەتانی هیند” لە ٣١٨ تا ٣٩٦ی کۆچی و هەر وەها دەسەڵاتی میسر و توونس بە ناوی فاتمییەکان لە ساڵی ٢٩٧ تا ٥٥٥ی کۆچی مانگی، پێکەوە ٢٦٤ ساڵ لە بەرانبەر خەلافەتی ئیسلامی بەغداد رابوەستن، تۆمەتی گوێ نەدان بە یاسا و رێسا دینییەکان(اباحەگری) و وێران کردنی کەعبە(مسعودی،٣٧٣) بووە هۆی لە ناوبردنیان. هەڵسوکەوتی توندی مەحموودی غەزنەوی لە گەڵ قیرمەتیەکان لە لایەکەوە بەرهەمی دەمارگرژی توند و بیری وشکی غەزنەوییەکان و هەروەها پڕۆپاگاندای بەربڵاوی بەغداد بوو،  کە خەلافەتی خستبووە تەنگەژە و لە لایەکیتریشەوە بە هۆی پەرەسەندنی ئەم رێبازەوە بوو. توند بوونەوەی غەزنەوییەکان و ناساندنی قیرمەتی بوون وەک گەورەترین تاوان، بە جۆرێک کە مەحموودی غەزنەوی دەیوت :” قامکی بە کونی عالەمدا دەکات بۆ دۆزینەوەی قیرمەتییەکان(بیهقی، ٨۷ : ٢١٤) بەرهەمی هۆکارەکانی سەرەوە بوو.

سەلجووقییەکان(٥٩٠-٤٣١)، خارەزمشاهییەکان(٦٢٧-٤٩٠) و باروودۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی و دینی ئێران:

سەرکەوتنی خێڵی سەلجووقی بە سەر غەزنەوی، لە شەڕی دەندانقان(٤٢٩) و دەست گرتن بە سەر نەیشابوور لە ساڵی(٤٣١)ی ک.م، سەرەتای دەسەڵاتداری خێڵێکی بیابانگەڕی بە رەچەڵەک تورکمان  بە ناوی سەلجووقی بە سەرکردایەتی “توغرۆل” بوو کە بۆ ماوەی سەدوپەنجاونۆ ساڵ دەسەڵاتی ئێرانیان بە دەستەوە بوو.

توغرۆل(٤٥٥-٤٣١) گەورەی سەلجووقییەکان ماوەی بیست و چوار ساڵ دەسەڵاتی بە دەستەوە بوو و سنوورەکانی دەسەڵاتی خۆی تا بەغداد پەرە پێدا، مەلەک رەحیم ئاخرین پاشماوەی ئالی بوویەی قۆڵبەست کرد و ناردیە قەڵای تەبەرەک لە رەی و کۆتایی بە دەسەڵاتی سیاسی ئالی بوویە لە عێراق هێنا. بە داگیرکردنی بەغداد و لەناوبردنی دەسەڵاتە ناوچەییەکان و هەروەها سەرهەڵدانی کەسانی وەک ئاڵپ ئەرسەلان و مەلەکشا لە پاڵ رێنماییەکانی خاجە نیزامولمولک، دەسەڵاتی سەلجووقیەکان بوو بە یەکێک لە گەورەترین و بەربڵاوترین دەسەڵاتەکانی دوای ئیسلام، مردنی ئەم سوڵتانە بەهێزانە و خاجە نیزامولمولک، نەبوونی کەسێکی بەهێز لە باری فیکری و نیزامی، هەروەها ململانێکانی ناوەوە و دەستێوەردانە بەردەوامەکانی بەغداد بووە هۆی لەناوچوونی سەلجووقییەکان لە لایەن خارەزمشاهییەکانەوە.

دەسەڵاتی سەلجووقی بە هۆی ئامادەبوون و دەوری بەهێزی خاجە نیزامولمولک کە لە سەر رێبازی سوننەت بوو و لەم رووەوە زۆر دەمارگرژ بوو و هەروەها سوننی بوونی سەلجووقییەکان کە لایەنێکی وشک و رووکەشی گرتبووە خۆ، شوێنی بۆ دەرکەوتنی ئازادی مەزهەب و تاقمە نەیارەکان نەهێشتبووەوە. توندبوونەوە و رووبەڕوو بوونەوەی توندی سەلجووقیەکان لە گەڵ گرووپ و رێبازە مەزهەبیە نەیارەکان، بوو بە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک رێبازی فیکری و مەزهەبی نهێنی وەک ئیسماعیلییە. بە واتایەکیتر سەرهەڵدانی ئیسماعیلییە و هەڵبژاردنی بژاردەی تیرۆر و رووبەڕوو بوونەوەی سەربازی لە بەرانبەر سەلجووقییەکان لە راستیدا کاردانەوەیەکی سرووشتی بوو لە هەمبەر هەڵسوکەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەلجووقییەکان.

لە بیرنەکەین ئامادەیی کاریگەری خاجە نیزامولمولک وەک درێژە پێدەری دەوری دیوانسالاری ئێرانی، بەستێنێکی لەباری پێکهێنابوو بۆ پەرەسەندنی کەلتووری ئێرانی و زمانی فارسی لە پانتایی ئیمپراتۆریەتی سەلجووقیدا. دەرکەوتەکانی ئەم کاریگەرییە تا هاتنی مەغۆلەکانیش دیار و بەرچاوە.

خارەزمشاهییەکان بە پێچەوانەی سەلجووقییەکان کە بە زەبر و جەنگ گەیشتبوونە دەسەڵات، بەرەبەرە گەیشتنە دەسەڵات، سەرەتا لە لایەن سەلجووقیەکانەوە  بوون بە حاکمی خارەزم و ناوچەی خارەزمیان داگیر کرد و بەرەبەر و هاوکات لە گەڵ لاواز بوونی دەسەڵاتی سەلجووقییەکان و بە واتایەکیتر سەدەیەکی خایاند(لە ٤٩٠ و دانیشتنی ئەنوشتەگین لە سەر تەخت تا ٥٩٠ واتا مەرگی ئاخرین سولتانی سەلجووقی) تا خارەزمشاهییەکان بە تەواوی دەسەڵاتیان گرتە دەست و جێگای سەلجووقییەکانیان گرتەوە. سەرەڕای بە دەسەڵات گەیشتنی بەرەبەرەی خارەزمشاهییەکان، دەسەڵاتەکەیان نە هێندەی سەلجووقییەکان بەهێز بوو نە هێندەی ئەوانیش پەرەی سەند و درێژەی هەبوو. ناکۆکییەکانیان لە گەڵ بەغداد نەیهێشت بە شێوەیەکی بنەمایی لە گەڵ ئیسماعیلییە رووبەڕوو ببنەوە و تەنانەت هەندێجاریش لێک نێزیک دەبوونەوە، بەڵام بە گشتی ناکۆکییە قووڵەکانیان لە گەڵ ئیسماعیلییە و هەروەها بەغداد، لە هۆکارە سەرەکییەکانی داڕووخانی سێ ناوەندی دەسەڵاتی سیاسیی خارەزم و بەغداد و ئەلەمووت لە لایەن مەغۆلەکانەوەبوو.(جوینی، ٧٨ : ٢/٤٣٢)

 

ئیسماعیلییە نزارییەکان لە سەردەمی سەلجووقییەکان وخارەزمشاهییەکان:

ئیسماعیلییەکانی نزاری تاقمێکی شیعە بوون کە خۆیان بە شوێنکەوتەی ئیمام ئیسماعیلی کوڕی ئیمام سادق دەزانی و هاوکات لە گەڵ دامەزراندی خەلافەتی فاتمی لە لایەن عوبەیدوڵڵای کوڕی مەهدی لە مەغریب و گوێزانەوەی بۆ میسر دەسەڵاتیان پەرەی سەند. بەڵام لە سەردەمی موستەنسیری خەلیفەی فاتمی لە سەدەی پێنجەم بە هۆی ناکۆکی ناوخۆیی بوون بە دوو دەستەی مەستەعلووبە و نزاریە.

چالاکی ئیسماعیلییەی نزاری لە ئێران بە سەرهەڵدانی حەسەن سەباح و بنیاتنانی قەڵای ئەلەمووت و جێگیربوون لەوێ دەستی پێکرد. جێنشینەکانی کیا بزوورگ ئومێد، موحەممەد کوڕی کیا بزوورگ و حەسەنی کوڕی موحەممەد بوون. باسی بیرۆکەی “بانگەشەی قیامەت” گرینگترینی ئاڵوگۆڕی فیکری ئەم تاقمە بوو کە لە لایەن حەسەنی کوڕی موحەممەد  ناسراو بە حەسەن عەلی یەوە راگەیاندرا: “قیامەت دەستی پێکردووە و شەریعەت بەتاڵە و پێویست بە عیبادەت ناکات”. ئەم بیرۆکەیەی حەسەن عەلی بووە هۆی دوورکەوتنەوەیان لە کۆمەڵگای ئیسلامی و نەفرەتی موسڵمانان و لە ئەنجامدا کوشتیان و کوڕەکەی بە ناوی موحەممەدی دووهەم نیشتە جێگەی و ئەویش هەر لە سەر بیروبڕوای باوکی ٤٦ ساڵ دەسەڵاتی بە دەستەوە بوو. بە هاتنە سەرکاری حەسەنی سێهەم و کێشە و ئازارەکانی دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵگای ئیسلامی، بە گۆڕانی بۆچوون و دەربڕینی دووکەوتنەوە لە بێرۆکەی قیامەت، لە دوو ناوەندی ئیسلامی سوننی واتا بەغداد و خارەزەم نێزیک بووەوە.

بە گشتی سەلجووقییەکان نەیانتوانی ئیسماعیلییەکان لەناو بەرن و تەنانەت لەم بوارەدا خەسارێکی زۆریان لێکەوت، تیرۆری خاجە نیزامولمولک و تاقمێک لە گەورەکانی سەلجووقی لە بڕی ئەم خەسارانە بوون. ک بەشێکی زۆریان لە “جامع التواریخ”دا باس کراوە.(فضل اللە همدانی، ١١٠: ٨١-١٠٦) بە سەرهەڵدانی خارەزمشاهییەکان پێوەندی دوولایەنەی ئسماعیلییە-سەلجووقی بە هۆی گرژی نێوان بەغداد-خارەزم بە توندی پێشوو نەبوو، هەرچەند خارەزمشاهییەکان لە سەردەمی “تەکش”دا دەیانویست ئیسماعیلییە لەناو بەرن و قەڵای “ئەرسەلان” بڕووخێنن. بەڵام مردنی تەکش نەیهێشت ئەو کارە سەر بگرێت و جێگرەکەی واتا سولتان موحەممەدی خارەزمشاه بە هۆی گرژی ناوخۆ و ململانێ لە گەڵ غووریان، قەراخەتاییان و گرینگتر لە هەموان بەغداد، خۆی لە رووبەڕوو بوونەوەی راستەخۆ بە دوور گرت و تەنانەت دەیویست گرژی و ئاڵۆزییەکان بڕەوێنێتەوە و بە هاتنی حەسەنی سێهەم٦١٨-٦٠٧) و بانگەشەی دوورکەوتنەوە لە بانگەشەی قیامەت، بەستێنێکی لەباری بۆ لێک نێزیک کەوتنەوە و پێوەندی دوو لایەنە پێکهێنا. پێوەندی دۆستانەی گورگانج-ئەلەمووت بە هۆی دەستێوەردانی بەغداد زۆری نەخایاند و تەنانەت بووە هۆی پێکدادانی سەربازی هەر دوو لا. پاش مردنی حەسەنی سێهەم و هاتنی عەلائەدین و گەڕانەوە بۆ بیرۆکەی قیامەت و داخستنی دەرگای قەڵاکان بە رووی کەسانی غەیرە ئیسماعیلیدا، سەرلەنوێ گرژییەکان رەوینەوە، هاتنی مەغۆلەکان بووە هۆی کاڵبوونەوەی گرژییەکان و تەنانەت نێزیکبوونەوە و ئاشتی لە نێوانیاندا. بەڵام هۆکارگەلێکی وەک رەشبینی کۆن و دوو لایەنە، دەستێوەردانەکانی بەغداد و هەوڵە ناعەقڵانییەکانی هەر دوو لا، کێشەی بنەمایی یەکگرتنی ئەوان بوو لە بەرانبەر مەغۆلەکاندا، کە لە ئەنجامدا بووە هۆی لە ناوچوونی  هەر دوو دەسەڵاتەکە لە لایەن مەغۆلەکانەوە. روکنەدینی خوورشاە دوایین ئەمیری ئیسماعیلی بوو کە تووشی هەرای هۆلاکۆ هات و دەسەڵاتیان دوایی پێهات.(فضل اللە همدانی، ٨١ : ١٤٩-٨٣) و (هاجسن، ٧٨ : ٣٥٢-٢٨٢)

ئیسماعیلیە، وانەکان و تیرۆر وەک کردەی سیاسی لای ئەوان:

جیا لەو ئەفسانە و چێرۆکانەی لەبارەی سەرهەڵدانی ئیسماعیلییە و کەسایەتییە بنەما دانەرەکانی ئەم رێبازە فیکری-مەزهەبییە و وانەکانیان.(بنواڕنە:لووئیس،؟ :٧٧) بانگەشەکارە ئیسماعیلییەکان لە سەدەی چوارەمدا بیرۆکەیەکیان برەو پێدا کە باسی نایەکسانی سرووشتی مرۆڤەکانی دەکرد و داکۆکییان لەم بیرۆکەیە دەکرد: هۆکاری بە پێویست زانینی پێغەمبەرەکان ئەوەیە کە ئەگەر خواست و هۆکارە دەروونییەکانی مرۆڤ لقاو نەدرێن و کۆنترۆڵ نەکرێن دەبێتە رێگر  لە بونیاتنانی کۆمەڵگایەکی ماندگار.(لمبتون، ٨٥ : ٦٩٢) سەرچاوە فیکرییەکانی ئیسماعیلییە تێکەڵاوییەکە لە بیروبڕوای باتنی، مانەوی و نوێ ئەفلاتوونی.

رسائل اخوان الصفا” لە سەدەی سێهەمدا، سەرچاوەیەکی گرینگە بۆ تێگەیشتن و زانینی وانەکانی ئیسماعیلییە کە شوێنکەوتەکانی بانگەشەیان بۆ دەکرد. ئیمامەت، قیامەت، خەلیفەکانی ئیبلیس و خەلیفەکانی خودا و “واضح الناس”  لە وانە بنەماییەکانی ئیسماعیلییە بوون.

لە سەردەمی لقی نزاریدا کە حەسەن سەباح بووە رێبەریان، ئاڵۆگۆڕێکی بەرچاوی تێدا پەیدا بوو، کە بە بانگەشەی نوێ دەناسرێت. بە پێی ئەم رێبازە، پێگەی ئیمام لە پێگەی پێغەمبەرەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکوو پێغەمبەرایەتی لە پلەی ئیمامەوە سەرچاوە دەگرێت و تەنیا هۆی هەتایی بوونی پێغەمبەری، وانە متمانە پێکراوەکانی ئەون و بە وتەی هاجسن، ئایینی نوێ لە باتی هەر واقیعێک و ئامانجە دەرەکییەکان، جەختی لە سەر خودی بزافەکە دەکردەوە، لە کاتێکدا بزافەکە ئامێری ئەم ئایینە بوو. ئیمام لە سەر زاتی خۆی راوەستاو بوو، هەر وەها ئەو بزافەش دەیویست سەرپەرشتی و رێبەری ئەو سەقامگیر بکات، بێ نیاز و سەربەخۆ بوو و بۆ دەستەبەرکردنی زانستی خۆی پێویستی بە ئیجتیهاد و بەڵگە هێنانەوە نەبوو.(هاجسن،٧٨ :٢١٩)

لەم رووەوە ئیمام و حوجەتەکەی لە سەروو پێغەمبەرەوە دادەنرێن. حوجەت لە کاتی نەبوونی ئیمامدا وەک جێگری ئەو دەجووڵێتەوە. تەنیا ناسینی راستەقینە و بنەمایی لە لای ئیمامە کە نیشانە و دەرکەوتەی وشەی اللەیە، بەڵام چوون ناکرێت هەموو تاکەکان راستەوخۆ فێری وانەکان بکات، بانگەشەکەی لە رێی حوجەت و بانگەشەکارانەوە دەگاتە لای ئەوانیتر. ئیمام “مرۆڤی تەواو”ە و دەرکەوتنی بۆ هەموو دونیا پێویستە تا بوونی پێببەخشێت. خودا ئیمامی وەک ناوەندی ئاسمان و جەمسەری زەوەی داناوە و هەر جووڵەکەرێک و نەجووڵاوێک لە رێگەی ئەوەوە لە شوێنی خۆێ دامەزراوە و مانەوەی بەردەوامی دونیا بەستراوەتەوە بە بوونی ئەو. لە روانگەی ئەوانەوە ئەگەر دونیا کاتژمێرێک بێ ئیمام بێت بە هەموو دانیشتوانیەوە لە ناو دەچێت.(لمبتون، هەمان :٧١٣)

کەواتە دیارە کاردانەوەی وەها بۆچوونێک کە ئیمام خۆی بە بەرزتر لە پێغەمبەر دەزانێت و یاسای قیامەت و دواڕۆژ بە هی خۆێ دەزانێت و لە بەرامبەردا بۆچوونی مەزهەبی سوننە کە خۆی بە دوور لە هەر جۆرە کەموکورتی دەزانێت. شوێنهاتەکەی دەبێتە دیالکتیکی ئینکار-بەرنگاری، بە شێوەیەکی توند و شەرەنگێزانە. بە واتایەکیتر بە هۆی ئەوەی کە ناوەندەکانی دەسەڵاتی سوننە واتا سەلجووقییەکان و بەغداد دژی هەر جۆرە بیرۆکە و روانگەیەکی دژ بە گوتاری زاڵ بوون و رەتیان دەکردەوە، ئاساییە کە ئیسماعیلییەکان بە پێی بۆچوون و بڕواکانیان بە باتنی بزانن و هەوڵ بدەن بۆ لە ناوبردن و سڕینەوەیان و لە لایەکیتریشەوە ئیسماعیلییەکان بەو بیروبڕوا توندئاژۆیانەیان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە کەرەستەگلێکی وەک تیرۆر و ترساندنی نەیارەکانیان کەڵکیان وەردەگرت. لەم رووەوە دەتوانین هەوڵی سەلجووقییەکان بۆ لەناوبردنی ئیسماعیلییەکان لە لایەکەوە و هەروەها بەرنگار بوونەوەی ئیسماعیلییەکان و کەڵک وەرگرتن لە توندوتیژی و تیرۆر بە شوێنکەوتەی سروشتی بارودۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی و دینی سەدەکانی پینج و شەشی ک.م دابنێین.

 

سەرهەڵدانی مەغۆلەکان(٧٨٣-٦١٨) و ئیلخانان و بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و دینی:

حکوومەتی ئیلخانەکان (٧٨٣-٦٥٤) بە هاتنی هۆلاکۆ (٦٦٣-٦٥٤) لە راستیدا دەستپێکی دەورەیەکیتر لە هێرشی مەغۆلەکان بوو کە بە هێرشی چەنگیز لە ساڵی ٦١٨دا دەستی پێکردبوو. ئاکامی هێرشی هۆلاکۆ، هەڵوەشانەوە و لە ناوچوونی دو ناوەندی گرینگی سیاسی و مەزهەبی ئیسماعیلییە لە ئەلەمووت (ساڵی ٦٥٤) و بەغدا ( ساڵی ٦٥٦) بوو کە هەر کامەیان کاریگەری بەرچاوی لە بواری بیروبڕوا و سیاسەتدا لێکەوتەوە. دینی فەرمی و ناوەندی سیاسی بە کەوتنی بەغداد تووشی گۆڕان هات و درزی تێکەوت(رنجبر، ٨۲ :٤٤) و بە لەناوچوونی ئەلەمووتیش پێشەنگەکانی خەباتی چەکداری شیعە کەەوتنە پەراوێزەوە(بیانی، ٧٠ : ٣٤٣-٢٥٨)

مەغۆلەکان بە پێی یاسای چەنگیر بە شوێن دەسەڵاتێکەوە بوون لە سەر بنەمای پێکەوە ژیان و ئاسانگیری مەزهەبی. لە یاسای چەنگیزدا لە بارەی مەزهەبەوە هاتبوو: دەبێ بە چاوی رێز و حورمەتەوە سەیری هموو ئایینەکان بکرێت و هیچکامیان لە ئەویتریان بەرزتر سەیر نەکرێن. هەموو ئەم فرمانانەی بۆیە راگەیاند تا جێی رەزامەندی خوداوەند بێت(رشیدوو، ٢٠٥-٧٠) هەڵوەشانەوەی دوو ناوەندی بەهێزی سوننە و شیعە و رۆحی لێبووردەیی و پێکەوە ژیانی مەزهەبی لە کۆمەڵگایەکدا کە مەزهەب تێیدا گەورەترین هۆکاری بەردەوامی و سیاسەت بوو، دیارە دەبێتە هۆی شپرزەی سیاسی و لاوازی مەزهەبی و رێخۆش بوون بۆ سەرهەڵدان و دەرکەوتنی تەسەوف و گرووپە سۆفییەکان. سەرهەڵدانی گرووپ و رێبازە سۆفیانەکان کە هەندێ جار بە ئایدیا و بۆچوونگەلی توندئاژۆیانە دەبوون بە بزافگەلێکی کۆمەڵایەتی، وەک حوروفیەکان و موشەعشەعیەکان(١١٣٥-٦٤٠)، سەربەداران(۷٨٨-٧٣٥) و نووربەخشییە و تەنانەت سەفەوییەکان لە سەدەکانی دواتردا دەبێت بە بەرهەمی ئەم کەشوهەوایە و بایەخ نەدان بە مەزهەب دابنرێت و بە واتایەکی درووستتر پێوەندی بەو شپرزەییە سیاسی و مەزهەبییەوە بوو. شیاوی ئاماژەیە هانری کوربەن جەخت لە سەر کاریگەری ئیسماعیلییە لە سەر تەسەوف دوای داگیرکردنی ئەلەمووت لە لایەن هۆلاکۆە (ساڵی ٦٥٤) دەکاتەوە و لەمبارەوە، واتا دوای داگیرکردنی ئەلەمووت، دەنووسێت: ئەم رووداوە بە هیچ شێوەیەک بە مانای کۆتایی هاتنی ئیسماعیلییەکانی بانگەشەی نوێی ئەلەمووت نەبوو، بەڵکوو ئیسماعیلییە بە پۆشینی خەرقە(جلوبەرگ)ی سۆفیانە درێژەیان بە ژیانی نهێنی خۆیان دا.(کربن، ١٣٨: ٨٥-١٣٧) لەم رووەوە دەتوانین بڵێین ئەو شپرزەییە سیاسی و مەزهەبییە کە بە هۆی دەسەڵاتی ئیلخانانەوە هاتە ئاراوە رێگەی بۆ نێزیکی تەسەوف و شیعە خۆش کرد کە ئەنجامەکەی سەرهەڵدانی سەفەوییەکان بوو(ساڵی ٩٠٧).

 

سەرچاوەکان:

١-اشپولر،برتولد(٧٩) تاریخ ایران در قرون نخستین، ترجمە جواد فلاطوری، تهران، انتشارات علمی و فرهنگی.

٢-بویل،جی،آ، (٧١) تاریخ ایران کمبریج، ج پنجم، ترجمە حسن انوشە، تهران، انتشارات امیر کبیر.

٣-بیهقی، ابوالفضل(٨٧) بە تصحیح علی اکبر فیاض، تهران، انتشارات هرمس.

٤-بیانی، شیرین(٧٠) دین و دولت در ایران عهد مغول، تهران، مرکز نشر دانشگاهی.

٥-جوینی، تاریخ جهانگشای(٧٨) بە اهتمام علامە قزوینی، ج ٣، تهران، مشعل آزادی.

٦-رشیدوو، پی نی( ٦٨) سقوط بغداد و حکمرانی مغولان در عراق، ترجمە اسداللە آزاد، مشهد، آستان قدس رضوی.

٧-رنجبر، محمدعلی(٨٢) مشعشعیان، تهران، نشر آگە.

٨-فضل اللە همدانی، خواجە رشیدالدین(٨١) جامع التواریخ(اسماعیلیان و فاطمیان و داعیان…) بە کوشش محمدتقی دانش پژوە و مدرسی زنجانی، تهران، انتشارات علمی و فرهنگی.

٩-کربن، هانری، تاریخ فلسفە اسلامی(٨٥) ترجمە جواد طباطبایی، تهران، انتشارات کویر.

١٠-لمتون، آن.کی.اس(٨٥) دولت و حکومت در اسلام، ترجمە محمد مهدی فقیهی، تهران، انتشارات شفیعی.

١١- لوئیس، برنارد. اسماعیلیان در تاریخ، یعقوب آژند، تهران.

١٢-مرتضوی، منوچهر(٥٨) مسائل عصر ایلخانان، تبریز، دانشگاە تبریز.

١٣-مسکویە، تجارب الامم(٦٩) بە کوشش ابوالقاسم امامی، ج٢، تهران، سروش.

١٤-مسعودی، التنبە و الاشراف(٨١) ترجمە ابوالقاسم پایندە، تهران، انتشارات علمی و فرهنگی.

١٥-ممتحن، حسینعلی(١٣٦٧) نهضت صاحب الزنج، تهران، انتشارات دانشگاە بهشتی.

١٦-نظام الملک، سیاستنامە(٧٠) بە کوشش جعفر شعار، تهران انتشارات سهامی کتاب های جیبی.

١٧-هاجسن، مارشال(٧٨) فرقەی اسماعیلیە، تهران، انتشارات علمی و فرهنگی.

د. ئیسماعیل مەحموودی

دکتۆرای مێژوو و توێژەری مێژووی ئەندیشە

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply