توێژینەوە

جوگرافیای مێژووی ناوچەی «جیبال» جوگرافیای کوردستان لە سەرچاوە ئیسلامیەکاندا

روونکردنەوەی جوگرافیای مێژوویی  کوردستان ، پێویستی بە توێژینەوە لە سەر هەندێک لەو دەستەواژانەی وەک جزیرە، جیبال، ماد هەیە کە لە لایەن مێژوونووسان و جوگرافیانووسە سەرچاوە مێژووییە کۆنەکاندا باسیان لێوەکراوە  چوونکەی وشەی کوردستان وەک وشەیەکی جوگرافیایی بۆ یەکەم جار لە لایەن “حەمدوڵڵای مستەوفی” و لە ساڵی ٧٤٠ی ک.م، لە کتێبی “نزهەالقلوب”دا باسی لێوەکراوە. لەم رووەوە بۆ روونکردنەوەی جوگرافیای مێژوویی کوردستان، ناچارین سەرلەنوێ دەستەواژەگەلێکی وەک جیبال و جزیرە بخەینە بەر شیکاری و توێژینەوە. ئەم نووسینە دەیەوێت لەڕێی روونکردنەوەی ناوچەی جیبال لە دووتوێی دەقە مێژوویی و جوگرافیایی کۆنەکانەوە، سنوورەکانی ناوچەی کوردستان دیاری بکات.

وشە سەرەکییەکان:

ئێران. جیبال، کوردستان، جوگرافیای مێژوویی

پێشەکی:

سەبارەت بە جوگرافیای مێژوویی پێناسەگەلێکی زۆر و بەربڵاو هەیە. بەڵام بە گشتی دەتوانین بڵێین : جوگرافیای مێژوویی لە باری پێگەوە، رەهەندی هاوبەش و بازنەی پێوەندی و خاڵی یەکگرتنی دوو زانستی مێژوو و جوگرافیایە. ئەم دوو زانستە هەر چەند لە رابردوودا لە بواری بابەتەکانی جوگرافیای گشتیدا جیاواز و لێک دور بوون، بەڵام لە بواری بابەتەکانی جوگرافیای ناوچەییدا لێک نێزیک و جاروباریش تێکئاڵاون. (بیگ محمدی، ٨٦ :٣٢)

رونکردنەوەی بابەتە مێژووییەکان لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستی بە دیاری کردن و سەرنجی وردبینانە لە سەر شوێنی رووداوەکەیە. لەم روانگەیەوە جوگرافیا و بە تایبەت جوگرافیای مێژوویی رێنیشاندەر و رونکەرەوەی زۆر بابەتی لێڵ و ئاڵۆزی مێژووییە. چونکە تەنیا لە رێی جوگرافیای مێژووییەوە دەتوانین شوێنی رووداوە مێژووییەکان دیاری بکەین و لەم رووەوە جوگرافیای مێژوویی گرینگییەکی تایبەتی هەیە.

سەرلە نوێ خوێندنەوە و نووسینەوەی مێژووی کوردستان، پێویستی بە سەرنجی وردبینانە لە سەر جوگرافیای مێژووییە. چونکە هەروەها کە باسمان کرد، وشەی کوردستان بۆ یەکەم جار لە لایەن مستەوفی و لە ساڵی ٧٤٠ی ک.م باس کراوە. ئەمەش وایکردووە کە مێژوونووس توشی هەڵە دەبیت و وائەزانێ مێژوویی کوردستان لە سەدەی هەشت ەوە دەست پێدەکات. بەڵام جوگرافیای مێژوویی یارمەتی مێژوونووس دەدات و لەم هەڵەیە رزگاری دەکات و رێنوێنی دەکات تا وردبینانەتر و بەربڵاوتر سەیری مێژووی کوردستان بکات.

ئەم نووسینە دەیەوێت لە رێی خوێندنەوە و نووسینەوەی مێژووی ناوچەی کوردستانی ئێران و لە راستیدا بەشیک لە مێژووی ئێران، بۆ روونکردنەوەی هەندیک لە ناڕوونییەکان و پڕکردنەوەی کەلێنەکان و راستکردنەوەی هەڵە مێژووییەکان، لە جوگرافیای مێژووی کەڵک وەربگرێت.

شێوەی کەڵک لێوەرگیراو لەم توێژینەوەیەدا. شێوەی کتێبخانەیی و ئاماژەپێدان بۆ سەرچاوە متمانە پێکراوەکانە. لەم رێگەیەوە زۆربەی سەرچاوە متمانە پێکراوەکان تا بەرلە سەدەی شەش، کەوتوونەتە بەر توێژینەوە و لە دووتوێ ئەوانەوە بۆ دیاریکردنی جوگرافیای جیبال و پێوەندی لە گەڵ کوردستان، کەوەتوونەتە بەر روونکردنەوە و توێژینەوە.

دەسکەوتەکانی توێژینەوەکە روونکەرەوەی ئەم خاڵە گرینگەیە، کە دەستەواژەگەلی جیبال و جزیرە کە لە لایەن مێژوونووسان و جوغرافی نووسە ئێرانی_ئیسلامییەکانەوە تا بەرلە سەدەی شەش باسیان لێوەکراوە، لە راستیدا هەمان ئەو جوگرافیای ئەمڕۆیی کوردستانە کە حەمدوڵڵای مستەوفی لە “نزهەالقلوب”دا باسی کردوە.

١-جیبال:

جوگرافی زانە ئیسلامی و غەیرە ئیسلامییەکان لەبارەی ناوچەی جیبال پێناسەی زۆریان هەیە کە دەتوانین بە کۆکردنەوەی قسەی هەموویان پێناسەیەکی یەکدەست لە ناوچەی ناوبراو بدەینە دەست و بەشە کوردنشینەکانی دیاری بکەین. یاقووتی حەمەوی لە کتێبەکەی خۆیدا دەڵێت: جیبال هەر ئەو ناوچەیەیە کە ئەمڕۆ بە عێراقی عەجەم ناسراوە و بریتییە لە ئەسفەهان، زەنجان، قەزوێن، هەمەدان، دینەوەر، کرمانشاه، رەی و ناوچەکانی نێوان ئەوانە.(حموی، ٢٩٥ : ١٩٩٥) بە پێی نووسینی ئیدریسی ئەیالەتەکانی جیبال، بریتییە لە دەسکرە، خانەقین، قەسری شیرین، سیروان، قرماسین، دینەوەر، زۆزان، کەرەج و دەماوەند.(ادریسی، ؟ : ٥-٦٥٥/٢)

لە “مسالک الممالک”دا سنوورەکانی جیبال ئاوا هاتوون : جیبال بریتییە ماه کووفە(دینەوەر)، ماه بەسرە(نەهاوەند) و ناوچەکانی دەوروبەر و ئەو ناوچانەی پێیانەوە گڕێدراون.سنوورەکانی جیبال لە رۆژهەڵاتەوە دەگاتە بیابانەکانی خۆراسان و فارس و ئەسفەهان و لە باکوورەوە دەگاتە دەیلەم و قەزوێن و رەی. رەی و قەزوێن و ئەبهەر و زەنگان(زنجان) لە جیبال دابڕاون و لکێندراون بە دەیلەم ەوە، کە ئەو ناوچانە ناویان برا، بە شێوەی کەوانە کێوەکانی دەیلەمیان لەخۆ گرتووە. هەروەها لە باشوورەوە دەگاتە خووزستان و عیراق.(اصطخری، ١٣٤٧ : ١٦٢)

لێسترێنج دەڵێت: جیبال ناوچەیەکی پان و بەرینە کە یۆنانییەکان لە کتێبەکانی خۆیاندا بە میدیا باسیان لێوەکردووە و لە رۆژئاواوە دەگاتە پێدەشتەکانی میزوپۆتامیا و لە رۆژهەڵاتەوە دەگاتە بیاوانە گەورەکانی ئێران.(لسترنج، ٧٧ : ٣٠٠) بە پیی وتەکانی جوغرافی زان و مێژوونووسە کۆنەکان، دەتوانین بڵێین ناوچەی جیبال ناوچەیەکە لە نێوان ئازەربایجان، خووزستان، پێدەشتەکانی میزووپۆتامیا و بیاوانە گەورەکانی ئێران. ئەو پێناسەیە بەشێکی زۆر لە ئێران دەگرێتەوە و تا سنوورەکانی رەی و ئەسفەهان لەخۆ دەگرێت.بەڵام دەبێت بەشە رۆژئاواییەکەی بە ناوچە کوردنشینەکانی جیبال ناو ببەین و نەهاوەند و ئەسەدئابادیش وەک دەروازەکانی ئەم بەشە بزانین. شایانی ئاماژەیە دابەشکردنی ناوچەی جیبال بە دوو ناوچەی کوردنشین(بەسە رۆژئاواییەکەی جیبال) و ناوچەی غەیرە کوردنشین(بەشە رۆژهەڵاتییەکەی جیبال)، یارمەتیم لە ئەنسیکلۆپیدیا ئاسای قەلقەشەندی وەرگرتووە، چوونکە لەم کتێبەدا لە دەستەواژەی “جیبال الاکراد” کەڵکی وەرگرتووە و بە کێوەکانی نێوان وڵاتی عەرەب و عەجەم پێناسەی دەکات. دواتر دابەشی دەکات بە سەر ٢٠ ناوچەی سەربەخۆدا و خێڵە کوردەکانی دانیشتویی ئەو ناوچانە بە شوێن یەکدا دەناسرینیت.(قلقشندی، ١٩٧٨ : ٣٧٩-٣٧٣)

شیاوی ئاماژەیە چالاکی کوردەکان و خێڵە کوردەکان تەنیا ناوچە رۆژئاواییەکەی ناگرێتەوە و هەندێ جار، نیشانەگەلیک لە چالاکی و ئامادەیی کوردەکان لە ناوچە رۆژهەڵاتییەکانیشدا بەرچاو دەکەوێت و لە مێژووە ئیسلامییەکاندا باس لە دەسەڵاتداری خێڵە کوردەکان لە هەمەدان و قوم و ئەسفەهاندا کراوە.ئێستا بۆ ناسێنی باشتری ناوچە کوردنشینەکانی جیبال(جیبال الاکراد) دەپەرژێنە سەر شیکردنەوەی ناوی ناوچە و شارە گرینگەکانی ئەو ناوچەیە. تا باشتر بتوانین پێوەندی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە لە گەڵ خەلافەتی عەباسی باس بکەین.

شارەزوور: ناوچەیەکی پان و بەرینە لە جیبال کە دەکەوێتە نێوان ئەربل و هەمەدان و بە وتەی یاقووت، هەمووی دانیشتوانەکەی کوردن.(حموی، هەمان : ٣٧٦/٣)

لە گوند و قەزاکانی سەر بە ئەم شارە دەتوانین نیمزرا و شیز ناو ببەین. خێڵە کوردەکانی جەلالی، باسیان، حەکەمییە و سوولییە، ناسراوترین دانیشتوانی ئەم ناوچە بوون. بەڵام جەلالی لە هەموویان ناسراوتر بوون و شۆڕش و دژایەتییەکی زۆریان لە دژی عەباسییەکان خستۆتەڕی و جەندین جار عەباسییەکانیان ناچار کردووە بەرپەرچیان بدەنەوە.

حەلوان: شارێکی گەورە و ئاوەدانە کە دەکرێت بە گەورەترین شاری کوردنشینی جیبالی دابنێین.(حموی: ٢٩١/٢) ئەمڕۆکە لە وێرانەکانی تەنیا مزگەوتێک بەجێ ماوە کە مەنارەکانی زۆر جوانن، لەوانەیە ئەم شارە ئاوەدانە دواتر رووی لە وێرانی نابێت، چوونکە قەلقەشەندی لە کتێبەکەیدا باسی لێنەکردووە و لە بڕی شارەکانی جیبالدا ناوی نە‌هێناوە. حەلوان ماوەیەک لە ژێر دەسەڵاتی میرنشینی کوردی ئالی حەسنەوییەدا بووە بەڵام دواتر کوردانی شادنجانی داگیریان کردووە و بنەماڵەی بەنی عەنازی کورد تێیدا دەسەڵاتدار بوونە.

کرمانشاهان: لە کتێبە ئیسلامییەکاندا بە قرمیسین ناوی هاتووە و شاریکی ئاوەدانە لە نێزیکی دینەوەر لە سەر رێگای نێوان حەلوان و هەمەدان.(هەمان: ٣٣١-٣٣٠/٤)

دینەوەر: یەکێکە لە شارەکانی جیبال لە نێزیک شاری کرماشان کە چوار مەنزڵ(مەرحەلە، مەنزڵ یان بەرید بریتی بووە لەو مەودایە کاروانێک بە رۆژێک بڕیویە) لە شارەزوور دووره و خاوەن کێڵگەو و کانیاوی زۆرە.(هەمان: ٢/٥٤٥(

سی سەر(سەد خانیە یان سەد کانی): کە سولتانی بە شاری سەحنەی ئەمڕۆیی نێزیک کرماشانی دەزانێت.(سولتانی، ٧٣ : ١٢٧ – ١٢٦ / ٣) بەڵام بەڕای زۆربەی توێژەران، شوێنی سەرەکی سی سەر لە گەڵ سنەی ئەمڕۆیی یەکدەگرێتەوە کە لە راستی نێزیکتره.(مستوفی، ٥٠ : ١٦-١٣) کوردەکانی ئەم ناوچەیە لە سەردەمی مەهدی عەباسیدا لەسەر کێڵگەکانی ئەم ناوچەیە چەندین جار لە گەڵ نوێنەرانی خەلیفە بە شەڕ هاتوون، بەڵام لە سەردەمی مەئموندا لە سەر ویستی خۆیان ئەم ناوچەیە خرایە سەر مڵکەکانی خەلیفە.(حموی : ٣/٢٩٧(

سەیمەڕە : شار و ناوچەیەکە لە نێوان جیبال و خووزستاندا

سۆهرەوەرد: شارێکی بچووکە لەنێزیک زەنجان کە زۆربەی دانیشتوانی کوردن.(قلقشندی : ٤/٣٦٩) جگە لەو ناوچانەی باسیان لێوەکرا، چەندین ناوچەیتر هەن کە لە ناوچە کوردنشینەکانی جیبالدا دەنگوناویان هەبووە و دانیشتوانی سەرەکییان کورد بوون. لەوانە: قەسری شیرین، کنکوور(قەسروسووس)، سەرماج(ناوەندی دەسەڵاتداری ئەمارەتی کوردیی بەنی حەسنەوییە)، سیروان، ماسبەزان، بێڵەوار(گورگان) و … ئەم ناوچە و شارانە لە گرینگترین ناوچەکانی بەشی رۆژئاوایی جیبال (جیبال الاکراد) بوون کە بەشێکی زۆری خێڵە کوردەکان لەوێ نیشتەجێ بوون. لە ناودارترین و گرینگترین خێڵە کوردەکانی جیبال دەتوانین جەلالی، بەرزیکانیان،شازنجانیان، جوورقان(گۆران) و وەقووهییە ناو ببەین کە کاروباری سیاسی ناوچەکەدا زۆر چالاک بوون و سەرکردەکانی دوان لەو خێڵانە توانییان بەشێک لە ناوچەی جیبال سەربەخۆ بکەن و نیمچە دەسەڵاتێک بۆ خۆیان پێکەوە بنێن. کوردەکانی بەرزیکانی بە سەرۆکایەتی بەنی حەسنەویەی کورد بۆ ماوەیەک توانییان وەک ناوەند لە سەرماجەوە، ناوچە رۆژئاوییەکانی جیبال بگرنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و دەسەڵاتی ناوچەکانی نێوان شارەزوور و شاپوورخاست(خوڕەم ئاباد) بگرنە دەست. بەڵام دوای لاواز بوونی ئەم ئەمارەتە تاقمێکیتر لە کوردەکانی جیبال، ناسراو بە شازنجانیان توانییان بە یارمەتی دەسەڵاتدارانی بەغداد، لە حەلوان وەک ناوەندی دەسەڵات، بۆ ماوەیەک دەسەڵاتی بەشێکی سنوورداری جیبال بگرنە دەست. وێڕای ئەمانە دژایەتی چەندبارەی کوردانی جەلالی شارەزوور لە گەڵ خەلافەتی عەباسی و هەروەها بەشداری کوردانی گۆرانی و قووهییە لە گۆڕەپانی خەبات و شەڕەکانی ناوچە، بابەتگەلێکن کە لە درێژەی ئەم وتارەدا ئاماژەیان پێدەکەین.

٢-فارس و خوزستان :

خێڵە کوردەکان لە کەیەوە چوونەتە فارس و لەوێ ژیاون و دەسەڵاتیان پێکهێناوە؟ لە مێژوودا روون نییە. هەر ئەوەندە دەزانین کە بەشێک لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کوورد بوون، کە ناودارترینیان کوردەکانی شوانکارە بوون.

بە پێی ئەو شتەی لە فارسنامەی ناسریدا هاتووە، یەکێک لە تایەفە ناسراوەکانی شوانکارە، رەم باذنجان بووکە دەکاتە هەمان بارزەنگی، ساسلن –مۆئبەدی پەرستگەی ئاناهیتا لە ئەستەخری فارس-لە گەڵ ژنێکی کورد بە ناوی رام بەهەشت یان مینا بەهەشت هاوسەرگیری دەکات و لەو ژنە کوڕێکی دەبێت بە ناوی پاپەک. ئەردەشێر بناغەدانەری پادشایی ساسانییەکان کوڕی ئەم “پاپەک”ەیە، هەر لەم کاتانەدا یەکێک لە گەورەکانی بارزەنگی بە ناوی گۆچەهر یان گۆزەهر، پادشای فەسا(بەیضا) بووە. پاپەک پێوەندی خۆی بە بارزەنگییەکانەوە بە هەل دەزانێت و لەم حاکمە کوردە-کە خزمی دایکیی ئەون- داوا ئەکات ئەردەشێری کوڕی بکات بە حاکمی یەکێک لە قەڵاکانی ئەو ناوچەیە. پاش چەندی ساڵ ئەردەشێر دەسەڵاتی خۆی پەرە پێدەدات و گۆچەهری بارزەنگی دەستگیر دەکات و خۆی دەبێتە پادشا و تاج لە سەر دادەنێت.(کریستین سک، ٥١ : ١٠٦)

ئەردەوانی پێنجەم ئاخرین پادشای ئەشکانی، کاتێک ئاگاداری ئەم کارە دەبێت، نامەیەکی ئاوا بۆ ئەردەشێر دەنووسێت و تێیدا گاڵتە بە پێوەندی ئەردەشێر لە گەڵ خێڵە کوردەکاندا دەکات و دەنووسێت:”تۆ قاچت لە بەڕی خۆت درێژتر راکێشاوە و مەرگت بانگ کردووە بۆ لای خۆت، ئەی بە رەچەڵەک کوردی لە خێوەتی کورداندا بەخێوکراو، کێ ئیزنی پێداوی تاج لە سەر دابنێیت؟”(طبری، ٧٥ : ٦٢/٢)

پادشاکانی ساسانی رێز و حورمەتی زۆریان لە کوردەکان گرتووە. ئەردەشێر لە کاتی بنیاتنانی شاری مەدایەن یەکێک لە گەڕەکەکانی بە ناوی کوردئاوا ناوناوە. دواتریش لە نێزیکی مووسڵ شارێکی بە ناوی “بووز ئەردەشێر” بونیات ناوە کە دواتر لە لایەن ساسانییەکانەوە تەرخان کراوە بۆ نیشتەجێبوونی کوردەکان. ساسانییەکان پێوەندی نێزیکیان لە گەڵ کوردەکاندا پێکهێناوە و بەردەوام لە پێوەندیدا بوون. کۆمەڵێک لە مێژوونووسان ساسان، باپیرەگەورەی ساسانییەکان بە کورد دەزانن و پێیان وایە لە ناو کوردەکانی فارسدا سەری هەڵداوە و بۆ سەلماندنی قسەکەیان کۆمەڵێک بەڵگە دەهێننەوە.(یاسمی، ٦٩ : ١٧١)

لەوەدا کە دەوڵەتی هەخامەنشی ئەم کوردانەی هێناوەتە ناوچەی فارس یان خۆیان لە بەر قاتەساڵی بە ناچاری کۆچیان کردووە بۆ فارس، یان داریۆشی هەخامەنشی لە کاتی هێرشی ئەسکەندەردا، ئەم کوردانەی بانگهێشت کردووە بۆ فارس تا پارێزگاری لە پێتەخت بکەن، هۆکارگەلێکن کە راستی و درووستیان پشتڕاست نەکراوەتەوە. سەرەڕای ئەمانە نیشانەگەلێکی مێژووی هەیە کە جەخت لە سەر بوونی کۆمەڵێکێ زۆر لە  کوردەکان لە فارسدا دەکاتەوە. ئیبنو خوردادبێ لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا “المسالک و الممالک” دەڵێت: ” کوردەکانی فارس چوار رەم بوون کە بریتین لە:

رەمی حەسەن بن جیلوویە ناسراو بە بازنجان یان بارزەنگی، رەم یان عەشرەتی ئەردام بن جوانا، رەمی قاسم بن شەهریار ناسراو بە کووریان و عەشرەتی بن ساڵح ناسراو بە سۆران.”(ابن خردادبە، ١٤٠٨ ک.م : ٥١)

سەدەیەک دوای ئیبنو خوردادبێ، ئیبنو بەلخی لە کتێبەیدا دەڵێت: کوردەکانی فارس پێنج رەم بوون، هەر رەم یان عەشرەتێکیان، خاوەن کۆمەڵێک شار و گوند بوون کە خەراجی ئەو ناوچەیە لە لایەن گەورەیەکی کوردانەوە گەرەنتی دەکرا. ئەم گەورەی کوردە، ئەوانی لە جەردە و رێگران و ئاواژە بە دوور ئەگرت و کاروبارەکانی ئەوانی لای سوڵتان بەڕێوە ئەبرد. خێڵە کوردەکانی دانیشتووی فارس بریتی بوون لە: عەشرەتی جیلوویە، عەشرەتی شەهریار یان بازنجان(بازرنگان)، عەشرەتی کاریان، عەشرەتی زیوان(لە مجمع البلدان،زیران) و عەشرەتی لوولجان(لە مجمع البلدان، ریحان).(ابن بلخی، ٤٣ : ٢٤٢-٢٤٠)

ئینو حەوقل جوغرافی زانی گەورەی سەدەی سێهەمی کۆچی لە بارەی کوردەکانی فارسەوە دەڵێت: ” خێڵەکوردەکانی ویلایەتی فارس بریتین لە: رامانیە، مەدین، بێشەر، بنداز مەهریە، ئیسحاقی، سەباحیە، ئازەرگانیە، کرمانییە، سۆهرەکیە، تەمادهینی، زیادیە، شەهروویە، بندازقییە، خوسرەویە، زەنگیە، سەفاریە، شەهیاری، مێهرەکیە، ئاستامێهریە، شاهۆیە، فەراتیە، سەلموونیە، سیریە، ئازاد دوختیە، مەتلەبیە، مەعالیە لاریە، بەرزا دوختیە، شاەگانیە و جەلیلیە، تەواوی ئەمانە عەشرەتە ناودار و ناسراوەکانی کوردەکانی فارسن. هەرچەند زانینی ناوی تەواوی خێڵە کوردەکانی فارس کارێکی ئەستەمە  دەبێت سەیڕی دەفتەرەکانی خەراج بکرێت. چونکە کوردەکانی ویلایەتی فارس پتر لە پێنج سەد هەزار بنەماڵەن و هەر خێڵێکیان لانیکەم خاوەن هەزار سوارن. جگە لە بەشێکی کەمیان کە دانیشتوویی کوێستانەکانن، ئەوانیتر گەرمیان و کوێستان دەکەن. کوردەکان خاوەن چەکوچۆڵ و ئاژەڵی زۆرن و ئەوەندە بەهێزن کە ئەگەر سوڵتان بییەوێت هێرش بکاتە سەریان، بە زیانی دەشکێتەوە…من ناوی سی تیرە و عەشرەتیانم هێناوە، بەڵام بێستوومە دەگاتە سەد تیرە.”(ابن حوقل، ١٩٩٢ : ٢٤٠)

نووسەری مێژووی بەیهەقی لە ناساندنی شارەکان بە بابەتە ناودارەکانیەوە، کاتێک دەگاتە ناوچەی فارس، کوردەکان بە ناوسراوترین دیاردەی ئەم ویلایەتە ناو دەبات.(بیهقی، ١٣١٧ : ٢٨)

شکۆی گەورەیی هێزەکانی فارس دەگەڕایەوە بۆ خێڵە کوردەکان کە بەشێکی زۆری ئەو هێزانەیان پێکدەهێنا و لە کاتی هێرشی عەرەبەکاندا، رووبەڕووی سوپای ئیسلام بوونەوە و زۆرێکیان لێکوژران و تەنیا کەسێک بە ناوی “عەلەک بۆر” چووە سەر ئایینی ئیسلام، ئەوانیتر یان کوژران، یان ئاوارە بوون. بەڵام کۆمەڵێکیتر لە کوردەکانی فارس، ئەو کوردانەن کە عیزەدودەولەی بوەیهی هێناونیە فارس و نیشتەجێی کردوون.(ابن بلخی : ١٣٦-١٣٣)

هەرچەند بەشێکی زۆر لە کوردەکانی فارس لە ئەنجامی هێرشی سوپای ئیسلام بۆ سەر ناوچەکە کوژران یان بە ناوچەکانیتردا بەڵاو بوونەوە؛ بەڵام ئەمە بە مانای چۆڵ بوونی ناوچەکە لە خێڵە کوردەکان نییە، بەڵکوو لە مێژووە ئیسلامییەکاندا بەڵگەی زۆر لە سەر بوونی کوردەکان و چالاکییەکانیان لەو ناوچەیەدا هەیە. کوردەکانی فارس زۆرترین دژایەتییان لە گەڵ والییەکانی خەلیفە دەخستە روو و زۆرجار هێرشیان دەکردە سەر هێزەکانیان و کێشە و گرفتی زۆریان بۆ ساز دەکردن. بڕێجاریش دەچوونە پاڵ هێزەکانی خەڵیفە و لە داکۆکی کردن لە ناوچەی فارس لە بەرانبەر هێرشی هێزەکانیتردا دەردەکەوتن. چالاکی کوردەکان لە ناوچەکە بەردەوام بوو، تا ئەوەی کە لە ساڵی ٤٢١ ک.ە بە شێوەیەکی تایبەت دەرکەوتن. لەم ساڵەدا بە هۆی لاواز بوونی خەلافەتی عەباسی و دەوڵەتی بوەیهی نیشتەجێی بەغداد، کوردەکانی فارس دەسەڵات و ئەمارەتێکی نیوە سەربەخۆیان لە فارسدا دامەزراند و تا ساڵی٧٥٦ ک.ه

درێژەیان بە دەسەڵاتەکەیان دا و تەنیا دەسەڵاتێک بوون کە لە هێرشی سەلجووقییەکان و مەغوولەکاندا دەسەڵاتەکەی خۆیان پاراست و چوونە ژێر دەسەڵاتی ئەوان و وڵاتەکەی خۆیان لە هێرش و تاڵان پاراست.

خووزستان :

بەرلە هاتنی عەرەبەکان بۆ ناوچەی عێراق و نێشتەجێ بوونی خێڵەکانیان لە شارەکانی ئەوێ، زۆربەی دانیشتوانی خووزستان کورد بوون. بەڵام دواتر خێڵە عەرەبەکان پێشڕەوی خۆیان بەرەو خووزستان درێژە پێدا و کوردەکانی دانیشتووی خووزستانیان بەرەو ناوچەکانی باکوور واتە ئیلام پاشەکشێ پێکرد. زۆرترین رووبەڕووبوونەوەی کوردەکان لە گەڵ سوپای ئیسلام هەر لە خووزستان روویدا، چوونکە مێژوونووسە کۆنەکان دەگێڕنەوە زۆربەی هێزەکانی هورمزانی حاکمی ویلایەتی خووزستان لە کوردەکانی ئەو ناوچەیە بوون. لە ئەهواز و رامهورمورز و توستەر، هێزی سەرەکی بەرگریکاری هورموزان لە کوردەکانی ناوچەکە بوون و لە هەموو شەڕەکاندا یارمەتیدەری سەرکی ئەو بوون. دواتر کوردەکانی ناوچەی خووزستان کۆمەڵێک چالاکییان لە دژی خەلافەتی ئەمەوی و عەباسی خستەڕێ. پێوەندی گرتنی کوردەکانی خووزستان بە بزووتنەوەی عەبدوڕەحمانی کوڕی ئەشعەس لە دژی حەجاج و عەبدولمەلکی ئەمەوی(٦٥-٨٦) و سەرهەڵدانی عوبەیدوڵڵای کوڕی هەزارمێردی و دەسەڵاتی بە سەر خووزستان و چالاکییەکانی تایەفەی کوردی ئەزبانی لە سەردەمی خەلافەتی موعتەمیدوبیللا (٢٥٦-٢٧٩ ک.م) لە گرینگترین رووداوەکانی پێوەندیدار بە کوردەکانی ناوچەیە،  کە لە درێژەی وتارەکەدا بە تێروتەسەڵی باسی دەکەین.

٣-ئازەربایجان:

تا بەر لە هاتنی تورکە سەلجووقییەکان و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیلخانی لە مەراغە، کوردەکان دانیشتوانی سەرەکی ئازەربایجان بوون و کۆمەڵێک دەیلەمی و گیل یش لە ناویاندا دەژیان. کوردەکانی ئازەربایجان زۆربەیان لە دۆ خێڵی رەوادی و هەزبانی بوون کە ناوچەگەلێکی تایبەت لە ژێر دەستیاندا بوو.

٤-جزیرە:

عەرەبە موسڵمانەکان ناوڕووبارانی سەروو کە پێکدەهات لە پێدەشتەکانی نێوان دیجلە و فوراتی سەروو، ناونابوو جزیزە. ئەو ناوچەیە خۆی دابەش دەبوو بە سێ دیار کە بریتی بوون لە: دیاری رەبیعە بە ناوەندێتی مووسڵ، دیاربەکر بە ناوەندێتی ئامەد و دیاری موزر بە ناوەندێتی رەقە، رەبیعە و بەکر و موزر سە خێڵی عەرەب بوون کە بەرلە ئیسلام و لە ژێر دەسەڵاتی ساسانییەکان چووبوونە ئەو ناوچەیە و شوێنی نیشتەجێبوونی هەرکامەیان بە ناوێ خۆیانەوە ناونابوو.(لسترنج، ٧٧ : ٩٣) زۆربەی دانیشتوانی ناوجەی جزیرە کورد و عەرەب بوون و دوو دیاری رەبیعە و بەکر زۆرینەی دانیشتوانەکەی کورد بوون.

ــــ دیاری رەبیعە

دیاری رەبیعە بەشەکانی لای رۆژهەڵاتی جزیرە بوو کە لە تەل فافان تا تەکریتی لە ئەمبەر و ئەوبەری دیجلە دەگرتەوە و ناوندەکەشی مووسڵ بوو. گرینگترین شارەکانی ئەم دیارە بریتی بوون لە نەسیبەین، دارا، ئەربل، بەلەد، سنجار و رەئسولعەین(سەری کانی).(لسترنج، ٧٧ : ١٠٨ – ٩٤)

ئەربل کە لە رۆژهەڵاتەوە، یەکەم شاری دیار بوو، قەڵایەکی پتەوی هەبوو و بە وتەی یاقووت، خەڵکی ئەو ناوە و دەوروبەری کورد بوون. ئیبنوئەسیریش کوردەکانی هەزبانیە وەک دانیشتوانی ئەربل و قەڵاکانی دەوروبەری ناودەبات.(ابن بطوطە، ١٤١٣ : ٢٥١)

سنجار لە خاڵی بەرانبەر ئەربل هەڵکەوتبوو و شارێک بوو لەوپەڕی رۆژهەڵاتی دیاری رەبیعەوە. ئیبنو بەتووتە گەڕاڵی ناوداری ئەندەلووسی کە لەسەدەی هەشتی ک.م چووەتە سنجار، دەڵێت کە خەڵکی سنجار کوردن و بە ئازایەتی و چالاکی ناسراون.(هەمان، ٢٥١)

شاری مووسڵ ناوەندی دیاری رەبیعە بوو کە لە سەردەمی مەروانی دووەم، ئاخرین خەلیفەی ئەمەوی وەک ناوەندی جزیرە دیاریکرابوو. ئیبنو حەوقەل کە لە ساڵی ٣٥٨ ک.م چاوی بەو شارە کەوتووە. باس لە بارودۆخی ئەو شارە و دەوروبەری دەکات و لە ئەنجامدا دەڵێت زۆربەی دانیشتوانی مووسڵ و ناوچەکانی دەوروبەری کوردن.

راپەڕینی کوردەکانی ئەم دەڤەرە لە دژی خەلافەتی عەباسی بە سەرۆکایەتی جەعفەری کوڕی فەهرجەس، لە سەردەمی موعتەسەموبیللا و هەروەها شۆڕشی کوردانی هەزبانی بە سەرۆکایەتی موحەممەدی کوڕی بیلال لە دژی حەمدانیان و خەلافەتی بەغداد لە سەردەمی موکتەفا بیللا، بەشێکن لە چالاکییە دیارەکانی کوردەکانی ئەم ناوچە، کە میژوونووسە ئیسلامییەکان رووداوەکانیان بە وردی وتێروتەسەڵی تۆمار کردووە.(ابن حوقل، هەمان : ٣١٥)

دەستێوەردان و بەشداری کوردەکان لە راپەڕینی “مساوری خاریجی” لە سەردەمی موعتەز، موهتەدی و موعتەمیدوبیللای عەباسی لە ناوچەی مووسڵ لە گرینگترین چالاکییەکانە کوردەکانە لە دژی خەلافەتی عەباسی، کە دوای مردنی ئیبنو مساور خۆیان سەرکردایەتی راپەڕینەکەیان گرتە دەست.

لە گرینگترین خێڵە کوردەکانی ئەو ناوچەیە دەتوانین ئاماژە بە ئەمانە بکەین:

** کوردەکانی هەزبانی کە نیشتەجێی ئەربل و دەوروبەری مووسڵ بوون.

** کوردەکانی یەعقوبی کە ساڵەهای ساڵ دەوروبەری مووسڵیان تووشی کێشە و ئاژاوە کردبوو و لە دژی والییەکانی خەلیفە لە ناوەچەکەدا راپەڕینیان دەکرد.

** کوردەکانی هەکاریش لە خێڵە ناودارەکانی ئەم ناوچەیە بوو کە لە دەڤەری هەکاری مووسڵ بوون و لە ساڵی ٣٦٩ ک.م لە دژی عیزەدودەولەی بوەیهی راپەڕین.

** کوردەکانی بەختییە کە لە رۆژهەڵاتی جزیرە خاوەن کۆمەڵێک قەڵای پتەو بوون و لە خێڵە کوردە ناسراوەکانی ئەم دەڤەرە بوون.(ابن اثیر، هەمان : ٨/١٢٣)

ـــــ دیار بەکر

دیار بەکریش دەڤەرێکیتری ناوچەی جزیرە بوو کە زۆربەی زۆری دانیشتوانی کورد بوون.ئەم دیارە بچووکترین دەڤەر لە سێ دەڤەری ئەیالەتی جزیرە بوو و ناوچە باکوورییەکانی جزیرەی لە خۆ دەکرت و هەموو شارەکانی لە لێواری سەرووی رووباری دیجلەدا بوو. شاری ئامەد لە رۆژئاوای دیجلە ناوەندی دیاربەکر بوو و میافارقین و حەسەن کێف یش لە شارە ناسراوەکانی بوون.(لسترنج، هەمان : ١٢٢- ١١٦)

لە گرینگترین خێڵە کوردەکانی ئەم دەڤەرە دوتوانین ئاماژە بە ئەمانە بکەین:

کوردەکانی حەمیدی و بەشنەویە

٥– دەستەواژەی جوگرافیایی کوردستان:

زاراوەی کوردستان بە شێوەگەلی جۆراوجۆر تەفسیر کراوە. بەڵام سادەترین تەعبیر بۆ ئەم وشەیە دەبێت ئاوا بێت: ” ئەو ناوچانەی دانیشتوانی کوردن.” سەرەڕای ئەمەش دۆزینەوە و دیاریکردنی سنوورێکی جوگرافیایی چەسپاو و دیریکراو بۆ ئەم ناوچەیە کارێکی سەخت و ئەستەمە. کۆنترین سەرچاوەیەک کە باسی دەستەواژەی “کوردستان”ی تێدا کرابێت، سەرچاوە یۆنانی و غەیرە ئیسلامییەکانن. نووسەرە یۆنانی و روومییەکان کوردستانیان بە “کوردۆنس” یان “گوریا” و سریانییەکان بە “کاردۆ” ناویان هێناوە و مەبەستیان لەم ناوانە ئەو وڵاتەیە کە ” کاردۆخییەکان” تێیدا نیشتەجێن. ئەوان ئەم وشەیە بە وڵاتێک شاخاوی دەڵێن کە لە نێوان دیاربەکر و نەسیبەین و زاخۆدا هەڵکەوتبوو وسنوورەکانی بە وردی دیارینەکرابوو، بەڵام بە گشتی ئەم ناوچەیە هەموو ئەو ناوچانە نەدەگرتەوە کە کوردەکان تێیدا نیشتەجێ بوون.

نەخشەیەکی جوگرافیایی جوغرافی زانە یۆنانییەکان لە بەر دەستدایە کە دابەشکاری وڵاتی شاهەنشاهی هەخامەنشی نیشان دەدات. یەکێک لە بەشەکانی ئەم نەخشیە کوردستانە کە بە “کوردۆئین” هاتووە.(درک کینان، ١٣٧٢ : ٦٦)

نووسەر عەرەبە کۆنەکان ناوە یۆنانییەکانیان لە ناونانی ناوچە کوردییەکاندا کەڵکیان لێوەرنەدەگرت. بەڵکوو بە ناو هەرێمی جیبال ناویان لێدەبرد. ئەم هەرێمە لە باکوورەوە بۆ ورمێ و دوولاوە بەرەو دەشتەکانی عێراق و  دەشتە ناوەندییەکانی ئێرانەوە سنووردار دەکرایەوە. لە راستیدا ئەم ناوچەیە لە گەڵ ئەو ناوچەیە کە یۆنانییەکان بە “میدیا” ناوی دەبەن یەکدەگرێتەوە. مێژوونووسە کۆنە ئیسلامییەکان دواتر هەر ئەو ناوچەیەیان بە ناوی عێراقی عەجەمەوە ناونا تا لە ناوچە ساراکانی عێراقی عەرەب جیاواز بێت.(لسترنج : ٢٠٠) بەڵام وشەی “کوردستان” وەک دەستەواژەیەکی جوگرافیایی بۆ یەکەمجار لە سەدەی شەشی کۆچی و لە سەردەمی سلجووقییەکان سەریهەڵداوە و باسی لێوەکراوە. سوڵتان سەنجەری سەلجووقی بەشی کوردنشینی هەرێمی جیبالی جیاکردەوە و ناوی نا کوردستان. دواتر دەسەڵاتەکە دایە دەستم سڵێمان شای خزمی و ئەویش شاری بەهاری لە نێزیک هەمەدان وەک ناوەندی دەسەڵاتداری خۆێ هەڵبژارد. ئەم ئەیالەتە نوێیە، ناوچەیەک بوو لە نێوان ئڵزەربایجان و لوڕستان(سنە، دینەوەر، هەمەدان،کرماشان و حولوان و…) هەروەها ناوچە رۆژهەڵاتییەکانی کێوەکانی زاکرۆس وەک شارەزۆر و کۆیسنجق یشی دەکرتەوە.(هەمان : ٢٠٠) نووسەر ئیسلامییەکان لەم مێژووە بە دواوە لە ئەم دەستەواژە جوگرافیاییە کەڵکوەردەگرن و لە کتێبەکانیاندا باسی دەکەن. ناوی کوردستان بۆ یەکەمجار لە کتێبە ناسراوەکەی حەمدوڵڵای مستەوفی(٧٤٠ ک.م) “نزهەالقلوب”دا هاتووە.(مستوفی، ١٣٦٢ : ١٣٢) و لە کتێبە جوغرافییەکانی تردا بووە باو. دواتر ئەم دەستە واژەیە گشتگیر بوو و تەواوی میرنشین و ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، تورکیا وعێراقیشی گرتەوە. بەکورتی شەرەفخانی بدلیسی لە کتێبەکەی خۆیدا شەرەفنامە – کە کۆنترین کتێبی سەربەخۆی مێژووییە لە بارەی کورد و کوردستان – ئاوا باسی سنوورەکانی کوردستان دەکات: ” کوردستان لە لێوارەکانی دەریای هورموز(خەلیجی فارس)وە دەست پێدەکات و لەوێوە بە هێڵێکی راست تا مەلاتیە و مەرعەش لە(کوردستانی تورکیا) درێژەی هەیە. ئەم ناوچەیە لە باکوورەوە دەگاتە ناوچەکانی فارس، ئازەربایجان و ئەرمەنستان و لە باشوورەوە دەگاتە عێراقی عەرەب.” (بدلیسی، ٧٣ : ٢٥-٢٤)

 

 

 

==========================================

سەرچاوەکان:

١-ابن حوقل، ابوالقاسم، صورەالارض، بیروت، دارالحیاە، ١٩٩٢

٢-ابن بلخی، فارسنامە، شیراز، مطبوعاتی فارس، ١٣٤٣

٣-ابن اثیر، الکامل، بیروت، دارالکتب العربی، ١٤٢٠

٣-ابن خردادبە، ابوالقاسم، المسالک و الممالک، بیروت، دارالحیاە، ١٤٠٨

٤-اصفهانی، حمزە، تاریخ سنی و ملوک الارض، بیروت، دارالمکتبە، ؟

٦-اصطخری، ابواسحاق، المسالک و الممالک، تهران، بنگاە نشر و ترجمە، ١٣٤٧

٧-بدلیسی، شرفخان، شرفنامە، تهران، نشر حدیث، ١٣٧٧

٨-بیهقی، ابوالحسن، تاریخ بیهقی، تهران، هرمس، ١٣٨٨

٩-حموی، یاقووت، مجمع البلدان، بیروت، دار صار، ١٩٩٥

١٠-درک کینان، کرد و کردستان، ترجمە ابراهیم یونسی، تهران، نگاە

١١-سلطانی، محمدعلی، تاریخ کرمانشاهان، تهران، سها، ١٣٧٣

١٢-قلقشندی، محمدبن علی، صبح الاعشی، بیروت، دارالکتب العلمیە، ١٩٧٨

١٣-کسروی، احمد، شهریاران گمنام، تهران، جامی، ١٣٧٧

١٤-کریستین سن، آرتور، ساسانیان، ترجمە رشید یاسمی، تهران، ابن سینا، ١٣٥١

١٥-مستوفی، حمداللە، نزهەالقلوب، بە اهتمام لسترنج، تهران، دنیای کتاب، ١٣٦٢

د. ئیسماعیل مەحموودی

دکتۆرای مێژوو و توێژەری مێژووی ئەندیشە

د. ئیسماعیل مەحموودی

دکتۆرای مێژوو و توێژەری مێژووی ئەندیشە

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply