وتار

کۆڕۆنا و هەڵوێستەیەك

د. دیاری ئەحمەد قەساب
ڕاوێژکاری نەشتەرگەری

چەند مرۆڤ بگاتە پلە باڵاکانی زانست و تەکنەلۆجیا، هێشتا دڵۆپێك لە دەریای فراوانی زانستی خودایی نازانن، خوای گەورە خۆی دەفەرموێت: ﴿وَمَآ أُوتِيتُم مِّنَ ٱلۡعِلۡمِ إِلَّا قَلِيلٗا﴾ (الإسراء٨٥)، بۆیە فەرمانی ئیلاهیی دەخوازێت هەمیشە بڵێین: ﴿وَقُل رَّبِّ زِدۡنِي عِلۡمٗا﴾ (طه١١٤)، چونکە زانستی بەرفراوانی خوای گەورە ئەگەر هەموو دەریا و زەریاکان ببنە مەرەکەب و گشت درەختەکانیش قەڵەم، زانستی خودای گەورەی پێ بنووسرێت، ئەو زانستە هەر تەواو نابێت، بەڵکو ئەگەر حەوت جاری تریش دەریا و زەریاکان دووبارە ببنەوە: ﴿وَلَوۡ أَنَّمَا فِي ٱلۡأَرۡضِ مِن شَجَرَةٍ أَقۡلَٰمٞ وَٱلۡبَحۡرُ يَمُدُّهُۥ مِنۢ بَعۡدِهِۦ سَبۡعَةُ أَبۡحُرٖ مَّا نَفِدَتۡ كَلِمَٰتُ ٱللَّهِۚ إِنَّ ٱللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٞ ٢٧﴾ (لقمان).
مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە کە چەندین جار مرۆڤە بێباك و خۆبەگەورە زانەکان بێمنەتیی خۆیان ڕاگەیاندووە سەبارەت بە باڵادەستیی خوای گەورە، نموونەی قارونەکان کە دەستکەوت و پێگەکانیان تەنها بۆ زانست و لێهاتوویی خۆیان دەگێڕنەوە، کاتێك پێیان وابوو گەیشتوونەتە لووتکە و خەریك بوو بانگەشەی خوایەتیی بکەن، خوای گەورە توانای لەڕادە بەدەری خۆیان نیشان دەدات، خوای گەورە لە بارەی قارونەوە دەفەرموێت: ﴿فَخَسَفۡنَا بِهِۦ وَبِدَارِهِ ٱلۡأَرۡضَ فَمَا كَانَ لَهُۥ مِن فِئَةٖ يَنصُرُونَهُۥ مِن دُونِ ٱللَّهِ وَمَا كَانَ مِنَ ٱلۡمُنتَصِرِينَ ٨١﴾ (القصص). هەروەها باسی ئەو خاوەن بێستانە دەکات کاتێك هاوەڵەکەی داوای لێ کرد کە چی تر ناز بە ماڵ و داراییەکەیەوە نەکات و، خاڵە لاوازەکانی مرۆڤی یاد خستەوە، بەڵام سوور بوو لەسەر ئەوەی کە پێویستی بە خوا نەماوە چی تر: ﴿وَدَخَلَ جَنَّتَهُۥ وَهُوَ ظَالِمٞ لِّنَفۡسِهِۦ قَالَ مَآ أَظُنُّ أَن تَبِيدَ هَٰذِهِۦٓ أَبَدٗا ٣٥ وَمَآ أَظُنُّ ٱلسَّاعَةَ قَآئِمَةٗ وَلَئِن رُّدِدتُّ إِلَىٰ رَبِّي لَأَجِدَنَّ خَيۡرٗا مِّنۡهَا مُنقَلَبٗا ٣٦﴾ (الکهف)، بەڵام لەپڕدا بێ ئەوەی خۆی ئامادە بکات سەروەت و سامانی بە با درا و لەناوبرا، ئینجا بە دەم ئاخ و داخ و هەناسەی ساردەوە، دەستی دەدا بەیەکدا و لەسەر ئەو مەسرەفەی کە تێیدا کردبوو، لە کاتێکدا باخەکە بە سەر یەکدا تەپی بوو، لە جێی خۆیدا کاول بوو: ﴿وَأُحِيطَ بِثَمَرِهِۦ فَأَصۡبَحَ يُقَلِّبُ كَفَّيۡهِ عَلَىٰ مَآ أَنفَقَ فِيهَا وَهِيَ خَاوِيَةٌ عَلَىٰ عُرُوشِهَا﴾ (الکهف٤٢)، ئەوسا دەیوت: ﴿وَيَقُولُ يَٰلَيۡتَنِي لَمۡ أُشۡرِكۡ بِرَبِّيٓ أَحَدٗا ٤٢﴾ (الکهف): خۆزگە من هیچ جۆرە هاوەڵێکم بۆ خوا بڕیار نەدایە!.
هەندێک لە چاودێران پێیان وایە ئەوەی کە لە وڵاتی چین دەگوزەرێت تۆڵەسەندنەوەیەکی خواییە لەو بێباوەڕانەی کە تووندوتیژییان دەربارەی موسڵمانانی ئیگۆر کردووە!!
ئایا بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و بەڵا تۆڵەی خوداییە؟
بە شێوەیەکی گشتی ئەو کارەساتە سرووشتیانەی کە ڕوودەدەن لەم جیهانەدا بەدەر نین لە ویستی خوای گەورە، چونکە خوای گەورە زانایە بە هەموو کار و بوارەکان و، توانای هەیە بەسەریاندا، بەو مانایەی هۆکاری ڕوودانەکانیان بە ویستی خۆیەتی، گەر ئیرادەشی بێت نایەڵێت ڕووبدەن، هەر خۆشی فەرموویەتی: ﴿وَمَا تَشَآءُونَ إِلَّآ أَن يَشَآءَ ٱللَّهُ رَبُّ ٱلۡعَٰلَمِينَ ٢٩﴾ (التکویر).. ﴿وَلِلَّهِ مُلۡكُ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضِ وَمَا بَيۡنَهُمَاۚ يَخۡلُقُ مَا يَشَآءُۚ وَٱللَّهُ عَلَىٰ كُلِّ شَيۡءٖ قَدِيرٞ ١٧﴾ (المائدة).
زانایانی ئیسلام پێیان وایە موسیبەت و ناخۆشی بۆ موسڵمان تاقیکردنەوەیە، کە سەبری گرت و سوپاسگوزار بوو پلەی بەرز دەبێتەوە لای خوای گەورە.. بەڵام موسیبەت و ناخۆشی بۆ بێباوەڕان و ستەمکاران تۆڵەیە بۆیان، ئەمە جگە لە سزای دوواڕۆژ.. لە هەمان کاتیشدا بۆ پەند وەرگرتنە..
لەم دیدگایەوە دەکرێت ئەم کارەساتەی کە ئەم ڕۆژگارانە ڕوودەدەن لەو وڵاتانە شێوەیەک بێت لە سزای دونیای بۆ ئەو مرۆڤانەی کە زیادەڕەوی دەکەن لە لایەنەکانی مەعنەوی و ماددیشەوە، یان ستەم دەکەن، تا بوەستن لە ستەم و، بەخۆیاندا بچنەوە.
ئەوەشمان بیر نەچێت ئەو نەخۆشییە تەنها ئەو مرۆڤانە ناگرێتەوە کە لە دەرەوەی بازنەی ئیسلامن، بەڵکو هەموو مرۆڤێک ئەگەری تووشبوونی هەیە، تەنانەت موسڵمانیش، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کە زۆر جار دەرد و نەخۆشییەکان هۆکارەکەی مرۆڤ خۆیەتی، کاتێک لە یاسا گەردوونییە خواییەکە لادەدات، بۆنموونە: ئاشکرایە کە گەورەترین هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کوشندەی سەردەم (ئایدز) لادانە لە یاساکانی خوا، لە بڵاوبوونەوەی کارە سێکسییە ناشەرعییەکان، وەک زینا و هاوڕەگەزبازی ، هەر وەک چۆن پێغەمبەری ئازیزمان فەرمویەتی: “لم تظهر الفاحشة في قوم قط، حتی یعلنوا بها، إلا فشا فیهم الطاعون والأوجاع التي لم تکن مضت في أسلافهم الذین مضوا قبلهم” (ابن ماجة والحاکم)، واتە: (هەر کات زینا لە گەلێکدا بڵاو بووەوە و ئاشکرایان کرد، تاعون و پەتایەک بڵاو دەبێتەوە کە لە پێشینەکانیان نەبووە) هەروەها زۆرترین هۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆم بریتییە لە سێکس کردن لەڕێگەی کۆمەوە .
نەخۆشی کۆرۆناش، وەک زانایان باسی لێوە دەکەن هۆکارە سەرەکییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خواردنی ئەو گۆشتانەی کە خوای گەورە حەرامی کردووە بخورێن، وەک دەفەرموێت: ﴿قُل لَّآ أَجِدُ فِي مَآ أُوحِيَ إِلَيَّ مُحَرَّمًا عَلَىٰ طَاعِمٖ يَطۡعَمُهُۥٓ إِلَّآ أَن يَكُونَ مَيۡتَةً أَوۡ دَمٗا مَّسۡفُوحًا أَوۡ لَحۡمَ خِنزِيرٖ فَإِنَّهُۥ رِجۡسٌ أَوۡ فِسۡقًا أُهِلَّ لِغَيۡرِ ٱللَّهِ بِهِۦۚ…﴾ (الأنعام: ١٤٥)، واتە: (بڵێ دەستم ناکەوێت لەوەی سرووش کراوە بۆم هیچ خۆراکێکی حەرام کراو بۆ کەسێ بیەوێ بیخوات مەگەر مردارەوەبوو بێت یان خوێنی ڕژێنراو یان گۆشتی بەراز چونکە بێگومان ئەوە پیسە یان سەربڕاوێک بێت ناوی غەیری خوای لەسەر هێنرابێت…).. هەروەها دەفەرموێت: ﴿حُرِّمَتۡ عَلَيۡكُمُ ٱلۡمَيۡتَةُ وَٱلدَّمُ وَلَحۡمُ ٱلۡخِنزِيرِ وَمَآ أُهِلَّ لِغَيۡرِ ٱللَّهِ بِهِۦ وَٱلۡمُنۡخَنِقَةُ وَٱلۡمَوۡقُوذَةُ وَٱلۡمُتَرَدِّيَةُ وَٱلنَّطِيحَةُ وَمَآ أَكَلَ ٱلسَّبُعُ إِلَّا مَا ذَكَّيۡتُمۡ﴾ (المائدة: ٣)، واتە: (لەسەرتان حەرام کراوە خواردنی گۆشتی مردارەوەبوو و خوێن و گۆشتی بەراز و ئەو ئاژەڵەی لەکاتی سەربڕیندا ناوی غەیری خوای لێ برابێ و ئاژەڵی خنکاو و ئەوەی کە لێی درابێت تا دەمرێت و ئەوەی لە بەرزی کەوتبێتە خوارەوە و شۆق لێدراو و ئەوەی دڕندە لێی خواردبێت بێجگە لەوەی پێش مردن سەرتانبڕیبێت،،).. هەروەها لە پێغەمبەر ﷺ دەگێڕنەوە کە: (نهی النبي ﷺ عن أکل کل ذي ناب من السباع) (متفق علیه)، واتە: (پێغەمبەر ﷺ نەهی کردووە گۆشتی ئەو دڕندانە بخورێت کە کەڵبەیان هەیە).. (نهی رسول الله ﷺ عن أکل ذي ناب من السباع وکل ذي مخلب من الطیر) (صحیح ابن حبان)، واتە: (پێغەمبەر ﷺ نەهی کردووە گۆشتی ئەو دڕندانە بخورێت کە کەڵبەیان هەیە ئەو باڵندانەی کە چڕنوکیان هەیە). هەروەها دەفەرموێت: “کل ذي ناب من السباع فأکله حرام” (مسلم)، واتە: (هەر دڕندەیەک کە کەڵبەی هەیە خواردنی حەرامە).. بە شێوەیەکی گشتی هەرچی پیسە خوای گەورە حەرامی کردووە بخورێت: ﴿.. وَيُحِلُّ لَهُمُ ٱلطَّيِّبَٰتِ وَيُحَرِّمُ عَلَيۡهِمُ ٱلۡخَبَٰٓئِثَ﴾ (الأعراف: ١٥٧)، واتە: (ئەو پێغەمبەرەی کە شتە خاوێنەکانیان بۆ حەڵاڵ دەکات و شتە پیسەکانیان بۆ حەرام دەکات).
بۆ خۆپاراستنیش لەو نەخۆشییەش زانایان چەند ڕێکار و ڕێگەچارەیەکیان داناوە، لەوانە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ئەم ئامۆژگاریانەی بۆ خەڵکی ڕاگەیاندووە :
– دەستەکانت زووزوو بە پاکژکەرەوە پاک بکەرەوە، یان بە ئاو و صابون بیانشۆ..
– لەکاتی کۆکە یان پژمین، دەم و لوتت بە دەستەسڕ یان نووشتانەوەی ئانیشکت داپۆشە، پاشان زوو دەستەسڕەکە لەکۆڵکەرەوە..
– دووربکەرەوە لەو کەسانەی کە تووشی تا و کۆکە بوون..
– ئەگەر توشی تا و کۆکە و تەنگەنەفەسی بووی زوو خۆت بگەیەنە خزمەتگوزاریە پزیشکییەکان..
– دوورکەوەرەوە لە خواردنی ئەو گۆشتانەی کە کاڵن و جوان نەکوڵاون..
گەر بگەڕێینەوە بۆ ڕێنماییەکانی ئیسلام سەبارەت بە خۆپارێزیی و ئامۆژگارییەکانی بۆ تاکی موسڵمان سەبارەت بە ژیانی ڕۆژانەی، بۆمان دەردەکەوێت کە ئیسلام بەڕاستی دیینێکە هۆکاری خۆش ژیانی مرۆڤە لەم دنیایەدا، پێش خۆش گوزەرانی و سەرفرازی ئەو دنیا.
وەک ئاشکرایە، ئیسلام گرنگی زۆری داوە بە پاك ڕاگرتنی لاشە و پۆشاک، ئەوەتا هەر لە سەرەتای دابەزینی سرووشەوە، دووای ئەوەی خوای گەورە فەرمان بە پێغەمبەر دەکات دروشمی یەکتاپەرستی هەڵگرێت و دەستکاتە بانگەواز، پێی دەفرموێت: ﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلۡمُدَّثِّرُ ١ قُمۡ فَأَنذِرۡ ٢ وَرَبَّكَ فَكَبِّرۡ ٣ وَثِيَابَكَ فَطَهِّرۡ ٤﴾ (المدثر)، واتە: (ئەی ئەو کەسەی کە خۆت پێچاوەتەوە. هەستە خەڵکی بێدار کەرەوە. پەروەردگارت بە گەورە ڕابگرە. پۆشاکت پاک ڕابگرە). تەنانەت لە مەرجەکانی درووستیی نوێژ دەبێت، جگە لە پاکژی لاشە، جل و بەرگیش دەبێت پاك بن.. تەنانەت پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: “الطهور شطر الإیمان..” (مسلم وأحمد)، واتە: (خاوێنی نیوەی ئیمانە..).. بەڵکو پێغەمبەر ﷺ بە فەخرەوە باسی ئومەتەکەی دەکات کە ڕۆژی دووایی ڕوو و قاچ و دەستیان ڕووناکە بەهۆی دەستنوێژەوە، دەفەرموێت: “إن أمتي يأتون يوم القيامة غرا محجلين من أثر الوضوء، فمن استطاع منكم أن يطيل غرته فليفعل” (متفق علیه). عائیشە دەفەرموێت: “کان رسول الله ﷺ إذا أراد أن ینام وهو جنب توضأ، وإذا أراد أن یأکل أو یشرب – قالت – غسل یدیه، ثم یأکل أو یشرب” (النسائي)، واتە: (کاتێک پێغەمبەر ﷺ گەر لەشگران بووایە و بیوستیایە بنوێت دەستنوێژی دەشت، هەر کاتێکیش بیوستیایە نان بخوات دەستی دەشت). بەڵکو پێغەمبەر ﷺ زۆرترین کاتی دیاری کردووە بۆ مرۆڤی موسڵمان کە نابێت ئەو ماوەیە تێپەڕێت و خۆیان نەشوشتبێت، کە تەنها حەوت ڕۆژە: “حق علی کل مسلم أن یغتسل في کل سبعة أیام یوما، یغسل فیه رأسه وجسده” (متفر علیه)، بە تایبەتی ڕۆژانی جومعە کە خۆشتن تیایدا سوننەتە: “غسل یوم الجمعة علی کل محتلم، وسواك، ویمس من الطیب ما قدر علیه” (متفق علیه). هەروەها بۆ پاکڕاگرتنی دەم و دان پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: “لولا أن أشق علی أمتي لأمرتهم بالسواك عند کل وضوء” (متفق علیه)، واتە: (ئەگەر گران نەبووایە لەسەر ئوممەتەکەم فەرمانم پێ دەکردن بە سیواک کردن لە هەموو نوژێکدا).
دەزگای گالوپی ئەمریکی ئامارێکی بڵاوکردۆتەوە سەبارەت بە پاکوخاوێنی لە ئەوروپا، کە خۆی لەم پرسیارەدا دەبینێتەوە: ئایا ڕاستەوخۆ دووای چوونە سەرئاو دەستەکانت بە ئاو و صابون دەشۆیت؟ لە سەرەنجامدا دەرکەوت کە خاوێنترین گەلی ئەوروپی گەلی بۆسنەن کە (٩٦٪)ی خەڵکەکەیان وەڵامەکەیان بە ئەرێنی بوو.. پاش ئەوان گەلی تورکیا بوون بە ڕێژەی (٩٤٪)، پاشان کۆسۆڤا بە ڕێژەی (٨٥٪).. لە میانەی ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی ئەو ئەنجامانە دەرکەوتبوو کە ئەو گەلانە موسڵمانن و گرنگی دەدەن بە نوێژکردن و دەستنوێژ شتن.. ئەنجامەکانی تر بەم شێوەیە بوو: پۆڵەندا (٦٨٪)، ئیستۆنیا (٦٥٪)، ڕوسیا (٦٣٪)، فەڕەنسا (٦٢٪)، ئیسپانیا (٦١٪)، بەلچیکا (٦٠٪)، نەمسا (٦٥٪)، ئیتالیا (٥٧) و هۆڵەندا تەنها (٥٠٪) بوو .
سەبارەت بە پاكوخاوێنی خواردن و خواردنەوە، پێغەمبەرمان ﷺ دەفەرموێت: “غطوا الإناء وأوکوا السقاء” (مسلم وأحمد)، واتە: (دەفرەکان داپۆشن و سەرقاپی سوراحیەکان بگرن)، وە دەبێت مرۆڤ بە شێوەیەکی تەندروست خواردن بخوات: “ما ملأ آدمي وعاء شرا من بطن، حسب الآدمي لقیمات یقمن صلبه، فإن غلبت الآدمي نفسه فثلث للطعام، وثلث للشراب، وثلث للنفس” (ابن ماجة)، واتە: (خراپترین دەفر کە نەوەی ئادەم پڕی کردبێت ورگێتی، مرۆڤ چەند پاروویەکی بەسە تا توانای هەبێت، ئەگەر ئارەزووی زۆرتری هەبوو با سێیەکی گەدەی بۆ خواردن دانێت، سێیەکەکەی تریش بۆ خواردنەوە و سێیەکی سێیەمیش بۆ هەوا). سەبارەت بە پاک ڕاگرتنی شوێنی نیشتەجوێبوونیش، پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: “نظفوا أفنیتکم..” (الطبراني)، واتە: (ماڵەکانتان پاك ڕاگرن).
سەبارەت بە ڕێنمووی پێغەمبەر ﷺ لەکاتی پژمیندا، ئەبو هورەیڕە دەگێڕێتەوە: (کان رسول الله ﷺ إذا عطس وضع یده أو ثوبه علی فیه..) (أبو داود والترمذي)، واتە: (کاتێک پێغەمبەر ﷺ بپژمیایە، یان دەستی گرتووە بە دەمیەوە، یان کراسەکەی خستۆتە بەری).. واتە لەکاتی نەبوونی دەستەسڕ باشترین شت ئەوەیە کە بە کراسەکەت بەر لە پژمینەکە بگریت، ئەمەش وەک ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیە.
سەبارەت بە دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو بە نەخۆشیە درمەکان، ئەوانەی بەهۆی تێکەڵبوون بڵاو دەبنەوە، پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: “لا یوردن ممرض علی مصح” (متفق علیه)، واتە: (با لەشساغ نەچێتە لای نەخۆش).. هەروەها دەفەرموێت: “فر من المجزوم کما تفر من الأسد” (البخاري وأحمد)، واتە” (هەر وەک چۆن لە شێر ڕادەکیت. واش لە گول ڕابکە). هەروەها لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتایەک لە شوێنێکدا، پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: “إذا سمعتم بالطاعون بأرض فلا تدخلوها، وإذا وقع بأرض وأنتم بها فلا تخرجوا منها” (متفق علیه)، واتە: (هەرکاتێک بیستان تاعون و پەتا لە شوێنێکدا بڵاوبۆتەوە، نەچنە ئەو شوێنە. ئەگەر لە شوێنێکدا بڵاوبووەوە و ئێوە لەوێ بوون لێی دەرمەچن). دیارە ئەوەی کە لەدەروەی شوێنی بەڵاکەیە ناچێتە ئەو شوێنە تا تووشت نەبێت، بەڵام ئەوەی کە ئیعجازە لەم فەرموودەیەدا ئەوەیە: ئەوەشی لە شوێنی پەتاکەیە نابێت دەربچێت، چونکە ئەو هەڵگری نەخۆشییەکەیە، لەوانەشە نیشانەکانی لەسەر دەرنەکەوتبێت و لاشەی بەرگری دژی ئەو پەتایە درووستکردبێت، کاتێک لەو شوێنە دەردەچێت دەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکە بۆ کەسانێکی تر کە هیچ بەرگرییەکیان نییە دژی ئەو پەتایە، بەم شێوەیەش خەڵکانێکی زۆر تووشی نەخۆشییەکە دەبێت..
دووای ئەم گەشتە خێرایە بە ناو هەندێک لە فەرمایشتەکانی ئیسلام سەبارەت بە خۆپارێزیی، زۆر بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە ئایینی ئیسلام ئایینێکە پڕاوپڕ لەگەڵ زانست و، گرنگییەکی زۆری بە بەرژەوەندی مرۆڤ داوە، چونکە خاوەنەکەی ئەو زاتەیە کە خۆی زاناترە بە بەرژەوەندی مرۆڤ و، بەبەزەییە بەرامبەر بەندەکانی: ﴿أَلَا يَعۡلَمُ مَنۡ خَلَقَ وَهُوَ ٱللَّطِيفُ ٱلۡخَبِيرُ ١٤﴾ (الملک).
خوای گەورە هەر ئەوە ڕێنموویکەری مرۆڤ و ڕووناککەرەوەی ڕێگاکەی تا بگاتە مەبەستەکانی، با ئەگەر ئەوانیش ڕووی تێ نەکەن: ﴿كُلّٗا نُّمِدُّ هَٰٓؤُلَآءِ وَهَٰٓؤُلَآءِ مِنۡ عَطَآءِ رَبِّكَۚ وَمَا كَانَ عَطَآءُ رَبِّكَ مَحۡظُورًا ٢٠﴾ (الإسراء)، چونکە ئەگەر مرۆڤ خۆشی بە بەندەی خوای گەورە نەزانێت و پێی وا بێت گەردوون بێ خاوەنە، هەرگیز ناتوانێت بەدەر لە یاساکانی خوای گەورە گوزەر بکات لە ژیاندا، ئەو یاسایانەی کە بۆ گەردوون و مرۆڤ و ژیانی قەرار داوە.. هەرلەبەر ئەوەشە مرۆڤ ئەگەر بێباوەڕیش بێت بەڵام پابەند بێت بە یاسا گەردوونییە ئیلاهییەکان هەر دەگاتە مەبەست، چونکە خوای گەورەی میهرەبان یارمەتی دەدات.
سەرەنجام بۆشمان دەردەکەوێت کە مرۆڤ هەرچەند بانگەشەی زانست و پێشمەوتن و بێباکی بکات، لە کۆتایدا بچوکترین دروستکراوی خوا دەتوانێت بەچۆکیاندا بدات و ترس و بیمێکی زۆر بخاتە نێوانیان..

د.دیاری ئه‌حمه‌د قه‌صاب

لەساڵی 1968 لەسلێمانی لەدایك بووە، بروانامەی دكتۆرای لەنەشتەرگەری گشتیدا هەیەو ئێشتا پزشكی ڕاوێژكارە لەنەشتەرگەری گشتیداو پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی نەشتەرگەری- کۆلێجی پزیشکی- زانکۆی سلێمانی، جێگری سەرۆكی سەنتەری زەهاوی بۆ لێكۆڵینەوەی فیكری و ئەندامی دامەزرینەر و دەستەی گشتی ناوەندی کوردستان بۆ ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەتدا، سەرنوسەری گۆڤاری (هەیڤ)ه.

د.دیاری ئه‌حمه‌د قه‌صاب

لەساڵی 1968 لەسلێمانی لەدایك بووە، بروانامەی دكتۆرای لەنەشتەرگەری گشتیدا هەیەو ئێشتا پزشكی ڕاوێژكارە لەنەشتەرگەری گشتیداو پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی نەشتەرگەری- کۆلێجی پزیشکی- زانکۆی سلێمانی، جێگری سەرۆكی سەنتەری زەهاوی بۆ لێكۆڵینەوەی فیكری و ئەندامی دامەزرینەر و دەستەی گشتی ناوەندی کوردستان بۆ ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەتدا، سەرنوسەری گۆڤاری (هەیڤ)ه.

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply