توێژینەوە
سهرنجیك له بارهی سوڵتان عەبدولحەمید (1876 – 1909)
دكتۆر عوسمان علی
سەردەمی حەمیدی بە گەرمترین سەردەمی مشتومڕی نێوان بانگخوازانی هەردوو پڕۆژەی ئیسلامی و پڕۆژەی سکیۆلاریزم و لایەنگرەکانیان لە تورکیاو وڵاتانی عەرەبی دادەنرێ. سوڵتان عەبدولحەمید ماوەی 33 ساڵ دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو، لێرەدا نامانەوێ بە وردی بچینە ناو وردەکاریەکانی سەردەمەکەی، بەڵام دەمانەوێ هەندێک تێبینی سەبارەت بە پرۆگرام و رێبازی چاکسازی لەو سەردەمەدا بخەینەڕوو. دیارە سوڵتان یەکێک بووە لە لایەنگرانی رێبازی سازان و گونجاندن لە چاکسازیدا، بەڵام لەو کارەیدا هەوڵیداوە مەرکەزیەت بە یاساکانی شەریعەت و کەلتووری ئیسلامی بدات، یەکێکیش نەبووە لە لایەنگرانی نوێبوونەوەی ئەم کەلتوورە. سوڵتان عەبدولحەمید باوەڕێکی تەواوی هەبووە سوود لەئەزموون و هونەری زانستی ئەوروپی وەربگرێ، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ پیاوانی تەنزیمات رێککەوت و هەوڵیدا لە بواری زانستی درێژە بە کارەکەی بدات، بۆیە دەبینی لە سەردەمی ئەودا چەندین دامەزراوەی زانستی رۆژئاوایی، نموونەی قوتابخانەی سەرەتایی روشدیە لە سەرتاسەری دەوڵەتی عوسمانی کرایەوەو قوتابخانەکانی ئامادەیی لە ناوەندەکانی شارو زانکۆی خانەی هونەر لەگەڵ کۆمەڵێک پەیمانگەی باڵا وەکو پەیمانگەی پزیشکی پادشایەتی و پەیمانگەی کارگێڕی باڵا و پەیمانگەی بەیتەرە و پەیمانگەی ئەندازیاریی دامەزران، بگرە لەسەردەمی ئەودا دەزگاکانی زانستی زۆر بوون(11).
لێرەدا بۆ سوود وەرگرتن، پێویستە قسەیەکی سوڵتان وەبیربخەینەوە، کە گوتوویەتی: هیوایەکی گەورەم بەم رابوون و بووژانەوەیە هەیە، کە لە سەر دەستی دەرچووانی قوتابخانەکان بەئەنجام دەگات، بەڵام ئەگەر پایەکانی ئاشتی تێدا پتەوبکرێت. پاشان دوای لابردنی لە دەسەڵات، سوڵتان عەبدولحەمید رووی کردە ئەنوەر پاشا، کە یەکێک بوو لەسەرکردەکانی ئیتحاد و تەرەقی و کودەتایان بەسەردا کرد، هەروەها لایەکی دیکە بەهۆی ژن و ژنخوازییەوە زاوای بنەماڵەی عوسمانییەکان بوو پێی گوت: ماوەی 33 ساڵ فەرمانڕاوایەتیم کرد، لەماوەی دەسەڵاتەکەمدا باوەڕم بە ئازادی تاکە کەسی و رێزگرتن هەبووە، بەڵام رۆژێک لە رۆژان بە جۆرە ئازادییەک رازی نەبوویمە، سنووری نەبووبێ، یاخود ئازادیەکی بەربەڕەڵابووبێ… من رێز لە شارستانێتی ئەوروپی دەگرم… هیچ کاتێکیش لاساییکردنەوەی کوێرانەم بەباش نەزانیوە، لێهاتوویی لە خۆگونجاندن لەگەڵ خودی ژینگەو داب و نەریتی خۆماندایە، بۆیە رێگرنیم لە هاتنە ناوەوەی لایەنە باشەکانی ئەم شارستانێتیە بۆ ناو کۆشکەکەم(12)، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی سوڵتان عەبدولحەمید لە بۆچوونەکانیدا کەسێکی موحافەزەکاربوو، هۆکارەکەشی بۆ ئەو ژینگە ئاینداریە دەگەڕێتەوە، کە تێیدا پەروەردە ببوو، ئارەزوویەکی بەهێزی هەبوو بۆ بەدەستهێنانی یەکپارچەیی موسڵمانان لە میانی پابەندبوون بەدروشمی کۆمەڵەی ئیسلامی، کە پاڵی پێوەنا بۆ پشت بەستن بە رەگەزو هێزە پارێزگارە تەقلیدیەکان، بۆ ئەم مەبەستەش سوڵتان پشتی بە شێخەکانی رێبازەکانی سۆفیگەری و سەرۆکی هۆزەکان و زانایان بەست. لە سۆنگەی بەرگریکردن لە خۆی سەبارەت بەو چاودێریە توندەی لە سەردەمی ئەودا پیادە دەکرا، سوڵتان دەڵێ:”رۆڵی من لە پاراستنی ژێر دەستەکانم لە هەڵمەتەکانی تێکدانی هزر، رەوشت و بەڕۆژئاوایی کردنی کۆمەڵگە وەکو رۆڵی باخەوانێکە کە گوڵەکانی لە زیندەوەری زیانبەخش دەپارێزێ(13). زانراویشە سوڵتان عەبدولحەمید لە گواستنەوەی رەمەکی و کوێرانەی دامەزراوەکانی رۆژئاوا بۆ ناو دەوڵەتی عوسمانی دژی رێبازی پیاوانی تەنزیمات بوو، لەمبارەیەوە گوتوویەتی هەموو دەرمانێک تیماری هەموو نەخۆشێک ناکات. بە بۆچوونی سوڵتان عەبدولحەمید پەرلەمان و دەستوور بۆ دەوڵەتی عوسمانی گونجاو نییە، بەڵام لەساڵی 1876 ناچار بوو دەستوور دابنێ، چونکە لەو سەردەمەدا دەوڵەتی عوسمانی رووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی داواکاری راگەیاندنی دەستوور بۆوە، لە سەروبەندی راگەیاندنی دەستووردا سوڵتان دەڵێ: مادام گەل داوای ئەزموونکردنی بەرپرسیارێتی خۆی دەکات، لە دیاریکردنی چارەنووس و فەرمانڕەوایەتیکردنی خۆی دەبێت ئەم داوایەی جێبەجێ بکرێ (14). هەر لە سەرەتاوە سوڵتان عەبدولحەمید وەکو میکانیزمی راوێژ و بەڕێوەبردنی دەسەڵات باوەڕی بەدەستوور نەبوو، وەکو چۆن باوەڕیشی بەوە نەبوو، کە سەڵتەنەتی عوسمانی لەمیانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا هاوشێوەی ئەنجوومەنەکانی نوێنەرانی ئەوروپی بتوانێ فەرمانڕەوایەتی خۆی بکات، بەڵکو سوڵتان باوەڕی تەواوی بەوەبوو، کە دەوڵەتی عوسمانی دەوردراوە بەو مەترسیانەی هەڕەشە لە بوونی دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش پێوستی بە پیاوێکی دووربین و یەکلاکەرەوە هەیە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و گەیاندنی بە کەناری ئارامی و ئاسایش. ئەو باوەڕەش زیاتربوو کاتێک بەهۆی ئەو گڕوتین و مشتومڕە سەختەی لە نێوان ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دروست بوو، ناچارکرا رازیبێ لەسەر هەڵگیرسانی شەڕی رووس و عوسمانی، بۆیە دەبینی ئەنجامە تێکدەرو نەرێنییەکانی ئەو شەڕە باوەڕ بە سوڵتان دێنێ دەستوور رابگرێ(15). هەرچەندە سوڵتان خاوەن دەمارگیریەکی موحافەزەکار بوو، بەڵام هیچ کات بە تەواوەتی هاوچەرخ بوون، رابوون و سوود وەرگرتن لە رۆژئاوای رەتنەکردۆتەوە، هەروەها پێشتر ئاماژەمان پێدا سوڵتان پێشەنگێک بووە لە پێشەنگەکانی زانستی هاوچەرخ لە تورکیا و جیهانی عەرەبی، بۆ ئەم مەبەستەش رۆڵی بەرچاو و جێپەنجەی دیارە لە بونیادنانی دامەزراوەکانی زانستی هاوچەرخ. هەوڵ و ئارەزووەکان بۆ بە دەستهێنانی چاکسازی و رابوون جێگەی گومان نیە، بۆیە دەبینی هەوڵی نزیککردنەوەی راکێشانی توخم و رەگەزەکانی چاکسازی داوە بۆ ناو دەسەڵات، بۆ ئەم مەبەستەش بانگهێشتی خەیروددین پاشای تونسی کردووە، کە یەکێکە لە ریفۆڕمخواز و لایەنگرانی مۆدێرنە لە تونس، وەکو سەدری ئەعزەم دایدەمەزرێنێ. خەیروددین پاشا هەوڵیدا بیروبۆچوونەکانی خۆی لە کتێبی (اقوم الممالک) جێبەجێ بکات، دواتر لە شوێنی ئەو سەعید پاشا وەکو کەسێکی دیکەی لایەنگری مۆدێرنە دادەمەزرێندرێ. هەروەها سوڵتان بۆ پشتگیرکردن و سەرپەرشتیکردنی پرۆژەکانی چاکسازی لە هەردوو بواری زانستی و سەربازی پەنای بۆ شارەزایانی فەڕەنسی، ئەڵمانی و ئینگلیز بردووە(16)، بەڵام لەگەڵ ئەمانەدا چیرۆکی سوڵتان عەبدولحەمید لەگەڵ ریفۆرمخواز جەمالەدینی ئەفغانی باشترین بەڵگەیە لە بەرجەستەبوونی ململانێکان لەناو خودی کەسایەتی خۆی، لە نێوان نەزعە موحافەزەکارو چاکسازیەکەی. ئۆرخان محمد عەلی لە سەر زاری جەمالەدینی ئەفغانیەوە وەسفی سوڵتانی کردووە، کە ئەفغانی گوتوویەتی: ئەوەی من لەو پیاوەم بینی، لە زۆر وریایی و ئامادەسازییەکانی بۆ پووچەڵکردنەوەی فێڵەکانی ئەوروپا و نیازباشی و ئامادەییەکەی بۆ رابوونی دەوڵەتەکەی، لە راستیدا پاڵی پێوەنام، بەیعەت بە خەلافەت و پاشایەتیەکەی بدەم(17). دەستەواژەی (ئامادەییەکەی بۆ رابوون) بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەفغانی گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی سوڵتان پیاوێکی ریفۆرمخوازو دڵسۆزە، بۆیە لەسەرەتادا ویستوویەتی کاری لەگەڵدا بکات، بەڵام دواتر کەسانی موحافەزەکارو نزیکەکانی دەرباری سوڵتان بەتایبەت شێخی ئیسلام، زانایان و شێخەکانی رێبازی سۆفیگەری و ئەوانەیشی کە لەلایەن سوڵتانەوە خاوەن پێگەی تایبەت بوو نە خۆشەویستی نێوانیان تێکدەدەن. هەموو هۆکارەکەش بۆ ئێرەیی پێبردنی زانایان دەگەڕێتەوە کە لە هەموو سەردەم و سەدەیەکدا بوونی هەیە، هەروەها بەو پێیەی ئەوانە کەسانی موحافەزەکار بوون وهیچ بیروبۆچوونێکی بوێرانەیان لەبارەی ریفۆرمی ئاینی و تێکەڵ بە بەهاو زانستی رۆژئاوایی پێ قبووڵ و بەدڵ نەبووە، بۆیە بە سوڵتان رادەگەیەنن کە ئەفغانی هەماهەنگی لەگەڵ ئینگلیز هەیە بۆ گواستنەوەی خەلافەت لە ئال عوسمانەوە بۆ شەریفی مەککە(18). دیدگای بەشەکی (جزئی) سوڵتان عەبدولحەمید لە پڕۆسەی کارلێکی شارستانی ئیسلامی لەگەڵ رۆژئاواو باوەڕی بە لەسوود وەرگرتنی تەکنەلۆژیا، چەک و ئەزموونی کارگێڕی رۆژئاوا وەکو جەمسەرێکی گەورە و بە هەژموون، بەدەر لە وروژاندن و هاوردەکردنی بەهاو بابەتە هیزریەکان، بووە هۆی ئەوەی دەسەڵاتەکەی باجکێکی گەورە بدات، چونکە دەرچووانی قوتابخانەکانی ئامادەیی و کۆلێژەکان بوونە هەڵگری بیری مۆدێرنەی رۆژئاواو پاشانیش چوونە ریزەکانی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی، کە لەساڵی 1908 کودەتایان لەسەر کردوو کۆتاییان بەدەسەڵاتەکەی هێنا(19). سوڵتان لە یاداشتەکانی خۆیدا باس کردووە، بۆ پشتبەستن بە رابوون و نوێبوونەوەی دەوڵەتی عوسمانی زۆری بە دەرچووانی قوتابخانە هاوچەرخەکان هەبووە، بەڵام بە پێچەوانەوە لەبری ئەو کارە بوونە ئامرازێک بەدەستی رۆژئاواو ماسۆنیەتی جیهانی بۆ کاری تێکدەرانە(20). لەناوەڕۆکدا بۆ هەموو ئەوانەی تایبەتمەندن بە پرۆژەی رابوون و بوژانەوە لە جیهانی ئیسلامی، ئەزموونی چاکسازی لەسەردەمی سوڵتان عەبدولحەمید چەند پرسێک لەخۆ دەگرێ: یەکەم: نیازپاکی چ لە لایەن فەرمانڕەواکانەوە، بێ، یاخود لەلایەن ریفۆرمخوازەکان بۆ بەئەنجام گەیاندنی هەر پرۆژەیەکی چاکسازی بە تەنیا بەس نییە، بەڵکو پێویستی بە بەرنامەیەکی زانستی و دیدگایەکی هەمۆکی (کلی) هەیە بۆ سەرخستنی پرۆژەکە. دووەم: هەردوو ئەزموونی خەیرودین پاشاو جەمالەدین ئەفغانی لەگەل سوڵتان عەبدولحەمید بەڵگەن لەسەر ئەوەی بەبێ بوونی سیستمێکی سیاسی و فەرمانڕەوایەتییەکی چاکساز، کە پابەندبێ بە چاکسازی و هیچ شتێکی دیکە کاری تێنەکات بە ئەنجام ناگات. سێیەم: رێبازی گونجاندن بۆ پرۆسەی چاکسازی لە جیهانی ئیسلامی شیاو نییە، بەڵکو پێویستە تیۆرێکی دیکەی زانستی نوێ پێڕۆ بکرێ، کە هەڵگری دیدگایەکی هەمەلایەنە بۆ راییکردنی رێبازی چاکسازی و شیاندنی لەگەڵ سەردەم لەمیانی کارلێکی هەنووکەیی لەگەڵ ئەویتر. وەکو دیارە هێڵێکی بەردەوام لەناو قوتابخانەی سەلەفی و پێشەنگەکانی جیهانی عەرەبی، سوڵتان سەلیمی سێیەم، عوسمانییە نوێیەکان، سوڵتان عەبدولحەمید و لایەنگرانی پرۆژەی ئیسلامی هاوچەرخ لە دیدگای هاوبەش هەیە، سەبارەت بەپرۆسەی کارلێکردن لەگەڵ شارستانێتی رۆژئاوا، بە جۆرێک هەموان رازین بە سوود وەرگرتن لە لایەنی زانستی سروشتی و کارگێڕی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی رابوون و نوێبوونەوە، بەڵام لە بەرامبەردا رازی نین بە هاوردەکردنی لایەنی بەهاو هیزری رۆژئاوا. لە راستیدا تەنگژەی رابوونی هاوچەرخ سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەی دوو سەدە بەسەر ئەو دیدگایە، بەڵام نەیتوانیوە ئامانجی خۆی بپێکێ، بۆیە دووبارە پێویستە چاوپێخشاندنەوە بە پرۆژەکە بکرێتەوە، کە دەکرێ پرۆژەی ئیسلامی زانستی دەروازەیەک بێ بۆ پێشخستنی ئەو پڕۆژەیە. (11) أورخان محمد علي، السلطان عبدالحميد الثاني: حياته وأحداث عهده، العراق- الرمادي، مكتبة دار الانبار، 1987، ص167-168. (12) هةمان سةرضاوة، ص 340-44. (13) موفق بني المرجة، صحوة الرجل المريض أو السلطان عبد الحميد الثاني والخلافة الإسلامية، مؤسسة صقر الخليج – الكويت الطبعة1، ص 189. (14) أورخان، ص 196. (15) موفق بني المرجة، ص 57-60 ، Hanioglu ، p.15 ; (16) بني المرجة، ص 60- 66. (17) سلطان عبدالحميد، ص 231. (18) Nikki Keddie ، Sayyid jamal ad Din al-Afghani: A political Bioghraphy: California University Press ، 1972 ، pp64-67 ; أورخان،ص 230-32 (19) Turfan، p.62 ، Bernard lewis ، pp.90-01. (20) بني المرجة، ص 189. |