تازه‌كردنه‌وه‌ى چه‌مكه‌كان –گوێڕایه‌ڵى-

كاتێك گوزه‌رێك به‌نێو كتێبخانه‌كاندا ده‌كه‌ین، چه‌ندین كتێب و سه‌رچاوه‌ى گرنگ و پڕبایه‌خى ئیسلامیی ده‌كه‌وێته به‌رچاومان، كه ره‌نگه زۆربه‌یان تائێستا گه‌نجانى كورد رێژه‌یه‌كى كه‌میان ئاوڕ بده‌نه‌وه له ئه‌و سه‌دان سه‌رچاوه ئیسلامییه پڕ بایه‌خه. موبالغه نییه گه‌ر بڵێین گه‌نجه عه‌لمانییه‌كانیش به هه‌مان ده‌ردى ئیسلامییه‌كان، دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه له خوێندنه‌وه‌ى كتێب، ئه‌م دیارده‌یه‌ش له‌م چه‌ند ساڵانانه‌ى رابردوودا، زۆر به خێرایى ته‌شه‌نه‌ى سه‌ندووه و ته‌نانه‌ت هاتوچۆكردنى گه‌نجان بۆ نێو ماڵى خوا (مزگه‌وت)یش به شێوه‌یه‌كى به‌رچاو كه‌می كردووه، ئه‌گه‌ر به وردیی سه‌رنج له‌م دیارده‌یه بده‌ین، ده‌بینین زۆربه‌یان بێزارن، بێئومێدن، له حاڵه‌تى سڕبووندان، مێشك و ده‌روونى زۆرینه‌یان له حاڵه‌تى په‌رته‌وازه‌یى و شڵه‌ژاندان.
كه‌واته میلله‌تێك ئێواران به برسێتى و بێهوایى سه‌ر بنێته‌وه، چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ى لێ ناكرێت گوێ بۆ ئه‌و نووسه‌ر و واعیزانه بگرێت، كه به وه‌عز و ئامۆژگاریى و چیرۆكى نیشتمانپه‌وه‌ریى گوێى كاس بكرێ!
مرۆڤـ له‌به‌ری خاترى هیواكانى ده‌ژیت و هه‌ر كاتێك ئامانج و هیواى له‌ده‌ستدا، ئه‌وه یه‌كسانه به مردنى ناخى خۆى، هه‌رچه‌نده له رواڵه‌تدا زیندوون و ده‌جوڵێن، كه‌سى ژیر و به‌ئاگاش چاوه‌ڕوایى گۆڕانكاریى و ئه‌كتیڤبوون له‌و جۆره كه‌سانه، كه پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كردن، ناكات.
هه‌روه‌ها گرتنه به‌رى هه‌مان ڕێسا و هۆكاره كلاسیكییه‌كان به مه‌به‌ستى گۆڕانكاریى مه‌زن له كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ڵه‌یه، به‌ڵكو پێویستى به هۆكار و ڕێساى تازه هه‌یه، ده‌كرێت سوود له مێژووى پرشنگى ئیسلام وه‌ربگرین، سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ركردن و رێشه‌كێشكردنى كێشه و قه‌یرانه‌كان و باشترین نموونه‌ى زیندوو بۆ حاڵى ئێستاى خۆمان رووداوى (صوڵحى حوده‌یبیه)یه. ئاشكرایه له پێش صوڵحه‌كه پێغه‌مبه‌ر (دروودى خواى لێ بێ) خه‌وى بینبوو، كه به‌ده‌ورى كه‌عبه‌ى پیرۆزدا ده‌سووڕێته‌وه و خه‌وى پێغه‌مبه‌رانیش (دروودى خوایان لێ بێ)، بێ سێ و دوو، راستن. هه‌ر بۆیه یارانى پێغه‌مبه‌ر (دروودى خواى لێ بێ) زۆر به شه‌وق و حه‌ماسبوون، كاتێك زانیان خوشه‌ویست ده‌یه‌وێت مه‌راسیمى عه‌مره ئه‌نجام بدات، به‌ڵام دواتر قوڕه‌یشیه‌كانى مه‌ككه رێگرییان لێ‌كردن، پاشان شێوازى داڕشتنى به‌نده‌كانى ئه‌و سوڵحه دووباره هاوه‌ڵانى ناڕه‌حه‌ت و بێتاقه‌ت كرده‌وه، كاتێكیش پێغه‌مبه‌رى پێشه‌وامان (دروودى خواى لێ بێ) فه‌رمان ده‌كات به سه‌ربڕینى حه‌یوان و سه‌رتاشین، كه‌س له هاوه‌ڵان به گوێى نه‌كرد، ئه‌ویش فه‌رمانه‌كه دووباره و سێ باره ده‌كاته‌وه، به‌ڵام كه‌س ئاماده نییه جێبه‌جێى بكات.
لێره‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌بێت، هه‌ر كاتێك مرۆڤ بێهیوا بوو، تواناى وه‌رگرتن و هه‌ڵسوكه‌وتى نه‌بوو له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا، ئه‌و كاته جۆرێك له بێ ئومێدى رووى تێده‌كات خه‌واڵایبوون و بێهۆشى باڵده‌كێشێت به سه‌ر هه‌موواندا. ئا له‌و كاته‌دا ئامۆژگاریى و وته‌ى سه‌ر مینبه‌ر و به‌ڵێنى سه‌ركرده‌كان بێ ئه‌نجام ده‌بێت، قسه‌ى زۆروبۆر بۆ حاڵه‌تى له‌م جۆره (كلام لا یسمن ولا یغنی من جوع)، چیتر پێویست ناكات قسه‌ى بریقه‌دار بكرێ و لاپه‌ڕه‌ى كتێبه‌كان ره‌ش بكرێنه‌وه.
لێره‌دا پێویسته ئامرازه‌كان بگۆڕدرێن، وه‌ك چۆن پێغه‌مبه‌رى خۆشه‌ویست (دروودى خواى لێ بێ)، پاش راوێژكردن به (أم سلمة)ى دایكى ئیمانداران، ره‌زا و ره‌حمه‌تى خواى لێ بێ، كه چ رێگه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنى دۆخه‌كه بگرێته‌به‌ر؟ (أم سلمة)ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له سوڵحى حوده‌یبییه‌دا هاوسه‌فه‌رى پێغه‌مبه‌ر بوو (دروودى خواى لێ بێ)، یه‌كسه‌ر دركى به بارودۆخه‌كه كرد و پێشنیازى بۆ پێغه‌مبه‌ر (دروودى خواى لێ بێ) كرد، كه هیچ نه‌ڵێت، به‌ڵكو له ناوه‌ڕاستى خه‌ڵكه‌كه حه‌یوان سه‌ر ببڕێت و پاشان بانگى سه‌رتاش بكات و سه‌رى خۆى بتاشێت و جلى ئیحرام وه‌لا بنێت، هاوه‌ڵان (ره‌زا و ره‌حمه‌تى خوایان لێ بێ)، كه به‌و شێوه عه‌مه‌لییه (پراكتییه) پێغه‌مبه‌ر (دروودى خواى لێ بێ) ده‌بینن، ئه‌وانیش ده‌ستبه‌جێ حه‌یوانه‌كانیان سه‌ربڕی (قوربانیان كرد) و هه‌ریه‌كه‌شیان كه‌وتنه سه‌ر تاشینى ئه‌ویتر.
ئێستا له‌م بارودۆخه ناهه‌مواره‌ى كوردستاندا، هاوڵاتیان له قسه‌ى زلى بێ كرده‌وه تێربوون و هه‌مووان له‌سه‌ر ئه‌رزى واقیع چاوه‌ڕوانى كرده‌وه ده‌كه‌ن، بۆیه هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك توانى له واقیع و كردار خۆى به ئه‌نجامدانى چالاكى جۆراوجۆر بسه‌لمێنێت، ئه‌وه بردوویه‌تییه‌وه. ده‌كرێت مزگه‌وت رۆڵێكى گه‌وره و كاریگه‌ر بگێڕێت له به‌رجه‌سته‌كردنى فه‌رمان و ئامۆژگارییه‌كان، شانبه‌شانى ده‌زگا و رێكخراوه خێرخوازیى و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى، لۆمه‌ى جه‌ماوه‌ر و لاوان مه‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خه‌ڵك زۆر شه‌كه‌ت و ماندووه و كاتى ئه‌وه هاتووه شێوازى كارى بانگخواز و رێكخراوه‌یى و كارى سیاسیى بگۆڕدرێت بۆ باشتر خزمه‌تكردنى هاوڵاتیان.
بێگومان خوێندنه‌وه‌ش به‌شێكه له‌وه‌ى ئاماژه‌مان بۆ كرد، به هۆى ئه‌و بارودۆخه‌ى كه كوردستان و ناوچه‌كه پیادا تێپه‌ڕ ده‌بێت، حاڵه‌تێك دروستبووه، كه گه‌نجان و خوێنه‌واران كه‌متر به‌لاى خوێندنه‌وه و خۆڕۆشنبیركردنه‌وه ده‌چن، ئه‌وانه‌ى سه‌ردانى كتێبخانه‌كان ده‌كه‌ن له په‌نجه‌كانى ده‌ست تێناپه‌ڕن، هه‌روه‌ها ده‌یان كه‌س وازیان له خوێندن هێناوه و رێگه‌ى هه‌نده‌رانیان گرتۆته. بۆیه به كورتی و پوختى، شێواز و میكانیزمه‌كانى خوێندنه‌وه پێویسته بگۆڕدرێن، خوێندنه‌وه له باخچه‌ى ساوایانه‌وه تا قۆناغى زانكۆ لاى تاك خۆشه‌ویست بكرێت و بكرێته پڕۆگرام، پاشان وه‌ك هاندانێك، ده‌بێ حكومه‌ت له كاتى پێشانگاى كتێب، به‌شێكى نرخیان بگرێته ئه‌ستۆى خۆى تا هاوڵاتیان بتوانن بیكڕن.