سەرهەڵدان و جۆری نەخۆشخانەکان لەشارستانیەتی ئیسلامیدا
نوسین و ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح
پێناسەی نەخۆشخانە لە جیهانی ئیسلامیدا:
لەشارستانیەتی ئیسلامیدا، بەو شوێنەی چارەسەری نەخۆشی تێدا دەکرا دەوترا ( بیمارستان) لەبنەڕەتدا وشەکەفارسیە و لەهەردوو وشەی (بیمار) و (ستان) پێکهاتووە، (بیمار) بەواتای نەخۆش و(ستان) بەواتای ئەو شوێنەی نەخۆشی تێدایە.
سەرهەڵدانی نەخۆشخانەکان:
عەرەب بەرلەهاتنی شارستانیەتی ئیسلام زانیاریە پزیشکیەکانیان کەم بوو، چارەسەری نەخۆشەکانیان بەنوشتەو سیحرو خوێندنەوەی هۆنراوە بۆ بتەکانیان و پێشکەش کردنی قوربانی بۆیان دەکرد، هەروەها دەرمانیان لەڕوەکەکانی بیابان و بەکارهێنانی هەنگوین وداخکردن بەئاگر و هتد..، دروست کردووە.
بەڵام ئەوکاتەی خۆری ئیسلام هەڵهات و هەموولایەکانی ڕووناک کردەوە بەتایبەتی لایەنی پزیشکی کە گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و تاوەکو ئەمڕۆش لەڕووخساری مێژوودا دەدرەوشێتەوە، ئەوەتا پێغەمبەرصلى الله عليه وسلم دەفەرمووێ {فإنَّ لِجَسَدِكَ عَلَيْكَ حَقًّا} واتە :جەستەی خۆت مافی بەسەرتەوە هەیە.کەواتە پێویستە گرینگی بەلەش و تەندروستی بدرێت چوونکە پێویستیەکە بۆخۆشگوزەرانی.
ئیسلام هانی بەرگریکردنی دژی نەخۆشی داوەو لەهەمان کاتیشدا داوای وەستان و بڵاو بونەوەی نەخۆشی کردووە، هەربۆیە موسوڵمانەکان چەندین قوتابخانەی فێرکردنی پزیشکیان دامەزراند و برەویشیاندا بەوقوتابخانانەی کەپێشتر هەبوون وەک: قوتابخانەی ( جندسابور)ی پزیشکی کە (کیسرا)ی پاشای ساسانی لەناوەراستی سەدەی شەشەم دایمەزراند، کەچەندین پزیشکی عەرەب لەم قوتابخانەیە دەرچوون وەکو: ( الحارث بن أبي كلدة) کەلەسەردەمی پێغەمبەردا صلى الله عليه وسلم ژیاوەو پێغەمبەریش صلى الله عليه وسلم هانی هاوەڵەکانی داوە کەبچنەلای بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانیان.
بنیادنانی نەخۆشخانەکان:
عەرەبەکان بەرلەهاتنی ئیسلام هیچ جۆرە نەخۆشخانەیەکیان نەبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش کەسانێک هەبوون بەلایەنی پزیشکیەوە خەریک بوون وەکو: ( الحارث بن أبي كلدة )، کەماوەیەک لەدەرەوە ژیابوو پاشان گەڕایەوە وڵاتەکەی دەستی بەکاری پزیشکی کرد، بەڵام هیچ شوێنێکی تایبەتی نەبووە.
یەکەم نەخۆشخانە لەشارستانیەتی ئیسلامیدا لەلایەن پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بنیادنرا، لەدوای شەری (خەندەق) لەمزگەوتی مەدینە چادرگەیەکی هەڵدا بۆئەوکەسانەی لەشەرەکەدا برینداببون، یەکەم کەسیش کەلەم چادرگەدا چارەسەری نەخۆشی بۆکرا خاتوو ڕووفەیدەبوو.
لەسەردەمی خەلیفەکانی ڕاشیدین: پزیشکێتی گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینی، وەهیچ نەخۆشخانەیەکیش بنیاد نەنرا، تەنها چەند پزیشکێک هەبوون چارەسەری نەخۆشەکانیان دەکرد لەوانە: (حارسی کوری کلدە، ئیبن ئەبی رومەیسیەی تەمیمی).
لەسەدەمی ئەومەویەکاندا کردنەوەی نەخۆشخانە بایەخێکی باشی پێدرا، بۆیەکەم جار لەسەدەمی (معاویەی یەکەم) لەساڵی (٦٠ک) لەبەشی خۆرئاوای مزگەوتی ئەمەویدا، نەخۆشخانەیەکیان کردەوە، سەرەڕای ئەمەش معاویە بایەخێکی زۆری بەنەخۆشخانە گەڕۆکەکانیش داوە.
بەڵام لەسەردەمی خەلیفە (وەلیدی کوڕی عەبدول مەلیک) بنیادنانی نەخۆشخانەکان پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەخۆیەوە بینی و نەخۆشخانەی سەربەخۆکرایەوە لەساڵی (٨٨ک)، وەپارەیەکی زۆریشی تێدا خەرج کرد، کەکەسانی نابینا و گول و شێتەکانی دەگرتەخۆ، کەبەیەکەم نەخۆشخانەی ڕێک و پێک دادەندرێت.
پاشان دروستکردنی نەخۆشخانەکان بەردەوام بوو، بەتایبەتی دوای فتوحاتی ئیسلامی ئیتر خەلیفەکان و فەرمانڕەواکان هەستیانکرد بەبەکارهنانی پزیشکە موسوڵمانەکان و ناموسولمانەکان.
لەسەردەمی ئومەویدا چەندین پزیشکی گەورەیان پێگەیاند لەوانە (ماسرجویە البصری) کەژمارەیەک کتێبی پزیشکی سریانی وەرگێڕا سەرزمانی عەرەبی.
سەردەمی خیلافەتی عەباسی بەلوتکەی شارستانیەت و پێشکەوتن دادەنرێ، نەخۆشخانەو زانستە پزیشکیەکان گرینگیەکی زۆریان پێدرا، بەجۆرێک هیچ شارێک نەبوو نەخۆشخانەیەکی گشتی و چەند بنکەیەکی تەندروستی تێدانەبێت، وە لەبەشێکی گوندەکانیش نەخۆشخانەو بنکەی توندروستی بچوکیان تێدا کرایەوە، کە دەزگای (وەقف) هەڵدەستا بەسەرپەرشتی کردنی ئەو نەخۆشخانانەی دەکرانەوە.
خەلیفە (ئەبوجەعفەری مەنصور) نەخۆشخانەیەکی تایبەتی دروستکرد بوکوێرەکان و کردنەوەی خانەی هەتیو و بێنەواکان و شێت و گێلەکان.
هەروەها (خەلیفە مەهدی)، بایەخێکی زۆری بەم بوارە داوە. لەسەردەمی خەلیفە (هاڕون ڕەشیدیشدا) ئەم لایەنە زیاتر گەشەی سەند و چەندین نەخۆشخانەی گەورە لەشاری بەغدا کرانەوە، نەخۆشخانەی نایاب و گەورەتر لەوەی (جندسابور) دروست کرا، هەروەها دامەزراندنی خانەیەکی گەورەی وەرگێران بەسەرپەرشتی (ئیبن ماسویە)، پاشان یەکەم سەندیکای تایبەتی بە پزیشکان دامەزرا.
لەسەردەمی خەلیفە (موقتەدر) ژمارەی نەخۆشخانەکان زیادی کردو تاقیکردنەوەی پزیشکەکان لەهۆڵی نەخۆشخانەکاندا بوە مەرجی سەرەکی کارکردن، ئەمەش لەکاتێکدابوو کەپێشتر لەلاین پزیشکێکەوە هەڵەیەک ئەنجام درابو کەببوە هۆی گیان لەدەستدانی نەخۆشەکە، دوای ئەوەی ئەم هەواڵە دەگاتە خەلیفە داوا لە (سینانی کوری سابت) دەکات کە سەرۆکی پزیشکانی بەغدابوو، کەوا لێپرسینەوە لەم بارەیەوە ئەنجام بدات تاوەکو ڕووداوی لەم شێوە دووبارە نەبێتەوە، ئەویش لێژنەیەکی تاقیکردنەوەی دانا بۆ هەڵسەنگاندنی توانای پزیشکانی بەغدا.
پاشان لەسەر پێشنیاری (سینان) خەلیفە موقتەدر نەخۆشخانەیەکی لەبەغدا بونیادنا لەنزیک بەر دەرگای شام، ناویشی نا نەخۆشخانەی موقتەدری.
پاشان لەلاین خاتوو (شەغیب) دایکی خەلیفە موقتەدر، لەساڵی ٣٠٦ک نەخۆشنایەکی دیکە لەلاین سینانەوە لەسەر ڕۆخی ڕووباری دیجلە کرایەوە کەناوچەیەکی دوور لەنەخۆشی بوو.
ئەوەی لێرەدا تێبینی دەکرێت ئەوەیە سەرەتا نەخۆشخانەکان لەلاین لەلایەن پزیشکانی ناموسوڵمان بەڕێوەدەبران لەوانە، بنەماڵەی (جەختیشوع، ئیسحاق، ماسویە، بەنی قرە)، چەندین کتێبیشیان لەبواری پزیشکی و زانست وەرگێڕا، ئەمەش لەدەورانی یەکەمی عەباسی، بەتایبەت لەسەردەمی باڵادەستی بەرامکەکاندا، نەخۆشخانەیەکیان لەبەغدا
کردەوەو پزیشکێکی هندیان بەناوی (ئیبن دهن) کردە بەڕێوەبەری.
لەسەردەمی خەلیفە (موستەنسیڕبیلا)شدا چەند نەخۆشخانەیەک کرانەوە لەوانە، لەشاری مەککە 8 باکوری کەعبە دروستکرا لەساڵی (٦٢٧ ک).
ئەم گرینگی و بایەخپێدانەی خەلیفەو وەزیرو ئەمیرەکانی دەوڵەتی عەباسی، بەبواری پزیشکی و نەخۆشخانەکان بووەهۆی زیاتر بەرەوپێشچونیان، بەتەنها لە بەغدا ١٠ نەخۆشخانە هەبوو، وەلەناوچەکانی ژێردەسەڵاتی دەوڵەتی عەباسی زیاتر لە ١٠٠نەخۆشخانە بونیان هەبوو بەهەموو پێداویستیەکانەوە.
دروستکردنی نەخۆشخانە لەشاری بەغدا، یەکێک لەمەرجەکانی بوونی قوتابخانەی پزیشکی بوو تیایدا، تاوەکو پزیشکەکە لەتوێژینەوەو داهێنان بەردەوام بێت و قوتابیەکانیشی سوودی لێوەربگرن، ئەمەش وایکرد وردە وردە پسپۆری لە پزیشکێتیدا دەربکەوێت وەکو ( نەشتەرگەری چاو، هەناو، ئێسک، هتد)، هەروەها جیاکردنەوەی بەشی پیاوان و ئافرەتان و دابینکردنی پزیشکی تایبەت بەئافرەتان، دابینکردنی پەرستارو کارگوزاری نێرو مێ.
هەروەها نەخۆش بۆی هەبوو ساکاڵا تۆماربکات لەشێوازی هەڵسوکەوت و چارەسەر کردنی لەلایەن پزیشک و کارمەدەکانەوە، نەخۆشەکان ڕۆژانە چیڕۆک و بەسەرهاتیان بۆ دەگێڕدرایەوە، وەرزشیان پێدەرکرا، و قورئان خوێنی دەنگ خۆشیشیان بۆدابین کرابوو.
یەکێک لە جوانتری و بەرچاوترین نەخۆشخانەکان نەخۆشخانەکەی (یەعقوبی موەحد)ی بوو، کە لەبەناوبانگترین پزیشکانی ئەندەلوس و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی بۆدابینکرد، جیاوازی ئەم نەخۆشخانە لەگەڵ ئەوانیتر ئەوەیە، [ئەستێڵ، گۆم] و دەریاچەی دەستکردی تێدابوو، هەروەها بونی گەرم کەرەوە بۆوەرزی زستان و بونی ساردکەرەوە بۆوەرزی هاوین،لەگەڵ بونی کاتژمێرێکی گەورە کە گرینگی کاتی دەردەخست.
شایەنی باسە کە نەخۆشخانەکان پڕکرابوون لەکەسانی زانا نەک تەنیا لەبواری پزیسکی بەڵکو لەسەرجەم بوارە جۆراوجۆرەکاندا. موسوڵمانەکان باشتریشن شوێنیان بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکان هەڵبژاردووە بەڕەچاوکردنی ژینگە، پێیان باش بووە نەخۆشخانەکان لەسەر دۆڵ و ڕووبارەکان دروست بکرێت، وەکو نەخۆشخانەی (عەضدی) کەزیک ڕووباری دیجلە بوو ئاوی ڕووبارەکە بەناو مەیدانی نەخۆشخانەکەدا دەڕۆیشت و پاشان دەچۆوە ناو ڕووباری دیجلە.
بەشێوەیەکی گشتی نەخۆشخانەکان جێگای دڵنیایی و ئاسودەیی نەخۆشەکان بوو، بەهۆی ئەو ڕۆحە مرۆڤ دۆستیەی کە پزیشک و کارمەندەکان بەرامبەر نەخۆشەکان پەیڕەویان دەکرد.
جۆری نەخۆشخانەکان لەشارستانیەتی ئیسلامیدا:
یەکەم: نەخۆشخانە جێگیرەکان
ئەم نەخۆشخانانە ژمارەیان ئێجگار زۆربو وەهەموو پێداویستیەکانیان بۆدابین کرابوو، وە بەشەو و ڕۆژ کراوەبوو، کەلەزۆربەی شارەکانی جیهانی ئیسلامی بونیان هەبوو ئەوەتالە قورتوبە ٥٠ نەخۆشخانە هەبوە.
لەگرینگترین نەخۆشخانە جێگیرەکانیش بریتین لەمانە: ١. نەخۆشخانەی گولی ٢. نەخۆشخانەی زیندانیەکان ٣. نەخۆشخانەی شێت و گێلەکان ٤. نەخۆشخانەی ڕێبواران
دووەم: نەخۆشخانە گواستراوەکان
ئەم جۆرە نەخۆشخانەیە بریتیە لە نەخۆشخانەیەکی ئامادەکراو بەهەموو پێداویستیەکانەوە، کەهەڵدەستان بەگەڕان لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە بەتایبەت ئەو شوێنانەی کە نەخۆشخانەیان لێ نەبوو.
یەکەم بیرۆکەی نەخۆش خانەی گەڕۆک پێغەمبەرصلى الله عليه وسلم دایهێنا، کاتێک لەجەنگی (خەندەق) فەرمانی کرد بەهەڵدانی خەیمەیەک بۆ بریندارەکان و (رەفیدەی ئەسلەمی) کەپزیشکێکی ئافرەت بوو لەبواری نەشتەرگەریدا چارەسەری دەکردن.
نەخۆشخانە گواستراوەکانیش بریتین لەمانە: ١. نەخۆشخانەی گەڕۆک ٢. نەخۆشخانەی ڕێگا ٣. بنکەی فریاگوزاری خێرا
سەرچاوەکان
١. د.کامەران علی فتح اللە، مێژووی دەوڵەتی عەباسی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، ٢٠١٩
٢. د.کاوە فەرەج سەعدون، ڕۆڵی زانایانی موسوڵمان لەپێشکەوتنە زانستیەکاندا، چاپخانەی زانیار، ٢٠١٩
٣. جیهاد نوری تۆفیق، پزیشکی و پزیشکێتی لەشارستانیەتی ئیسلامیدا، چاپخانەی تەفسیر، ٢٠١٧
٤. ،Dr. sharif kaf ai_ ghazalڕیشەی بیمارستانەکان لەمێژووی پزیشکی ئیسلامیدا، وەرگێڕانی مەهدی عبداللە
٥. تاریخ الیعقوبی ج ٢، ٢٠١٠