وتار

   تەوەژمی ئیسلامی کوردستان “چەمکی بانگەواز”

  چەمکی بانگەواز 

م.نازم عبدالله

بەناوی خوای بەخشندەی میھرەبانەوە

تەوەژمی ئیسلامی کوردستان

چەمکی بانگەواز

پرۆسەی بانگەوازو داکۆکیکردنە لەچاکسازی تاک و کۆمەڵ، کە ئەمەش پێداویستیەکی ھەمیشەیی ھەموو کۆمەڵگەیەکە، لە بنەڕەتدا تەوەژم و بزاف و ڕێڕەوە ئیسلامیەکان بۆ ئەم ئامانجە دروست بوون، بۆیە کاری بنەڕەتی تەوەژمی ئیسلامی ھێڵانەوەی ڕەھەندی بانگەوازە بە زیندویی، ئەکرێت ئەوەش بەپێوەری ھەڵسەنگاندنی بەرەوپێشچوون، یان شکستیان ھەژمار بکرێت، کە ئەمانەوێت لە بڕگەکانی ئەم بابەتەدا جگە لە پێناسەو ئەرکی بانگخواز ھەڵوێستەیەکیش لەسەر ئەو بڕگەیە بکەین:

یەکەم: دوو پێناسەی بانگەواز:

پێناسەی یەکەم: بانگکردنی خەڵکی، بۆلای خوداو ڕێبازو سوننەتی پێغەمبەر( درودی خوای لەسەر) وەکو خوای باڵادەست ئەفەرموێت: ( قُلْ هَذِهِ سَبِيلِي أَدْعُو إِلَى اللَّهِ عَلَى بَصِيرَةٍ أَنَا وَمَنِ اتَّبَعَنِي وَسُبْحَانَ اللَّهِ وَمَا أَنَا مِنَ الْمُشْرِكِينَ) یوسف:١٠٨.یان ئەفەرموێت:( وَمَنْ أَحْسَنُ قَوْلًا مِّمَّن دَعَا إِلَى اللَّهِ وَعَمِلَ صَالِحًا وَقَالَ إِنَّنِي مِنَ الْمُسْلِمِينَ) فصلت:٣. گوتاری ئەم دوو ئایەتە پیرۆزە زیاتر ڕووی لەبانگکردنی غەیری مسوڵمانانەبۆناو ئیسلام ، بۆیە بە پێی گوتاری ئەم دوو ئایەتەئەم پێناسەیەئەوکەسانە ئەگرێتەوە بانگی کە غەیری مسوڵمانان ئەکەن بۆ ناوئیسلام، ئەوکاتە ئەبێ پێناسەی بانگخواز بدرێت بەئەوان، ئەم دوو ئایەتە بەتایبەت ئایەتی یەکەم کە ڕووی لە پێغەمبەرو( درودی خوای لەسەر) مسوڵمانانە، فەرمانیان پێ ئەکات بڵێن ئێمە لە ڕێزی ھاوبەش پەیداکەراندا نین کە ئەم گوتارە کۆمەڵگەی موسڵمان نیشین ناگرێتەوە.

ئەم پێناسەیە ھەموو ئەوزاناو بانگخوازوشارەزایانە ئەخاتەچوارچێوەی بانگەوازەوە، ئێستا لەسەرتاپای جیھانی ئیسلامیدا خەریکی کاری بانگخوازین، کە ھەردوو ئایەتەکە، ووشەی ( الدعوە)ی بۆ موسڵمان و غەیری موسڵمان بەکار ھێناوە، بۆیە(الدعوە) وشەیەکی ھاوبەشە، بۆبانگردنی مسوڵمان و غەیری مسوڵمان بەکار ئەھێنرێت.

بانگخواز (الداعیە): بە ھەر کەسێک ئەوترێت بانگەواز بۆ ڕێگەی ڕاستی بکات، یان بانگەواز بۆ ڕێگەی چەوتی و گومڕایی بکات.(لسان العرب،١٤/٢٥٩.بیروت) ئەوکاتە ناوەرۆکی کارەکە ڕاستی و چەوتی پرۆسەی بانگەواز دەست نیشان ئەکات، ھای کۆتای وشەی(الداعیە) بۆ موبالەغەیە، بانگەوازیش زاراوەیەکی ئیسلامیە.

دووەم: مەیدانەکانی بانگەواز:

  1. مرۆڤ بوون، بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازی بیروباوەڕ، قەناعەت و ڕاوبۆچوون، یان تەوەژم، یان ڕێڕەوێک، بانگەواز ھەموو مرۆڤایەتی ئەگرێتەوە، وەکو خوای باڵادەست ئەفەرموێت: ﴿ وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا كَافَّةً لِّلنَّاسِ بَشِيرًا وَنَذِيرًا﴾ سبأ28.
  2. دڵسۆزی گەل و وڵات: ئەبێ خەڵکی باوەڕیان وابێت بانگخوازان دڵسۆزی گەل و وڵاتی خۆیانن و لەبەرژەوەندی ئەواندا کاردەکەن و خۆیان ماندو ئەکەن.
  3. بانگخواز گوتارەکانی بۆ ھەموو خەڵک بێت و بێلایەنی پێوەدیار بێت، خۆی بپارێزێت لە گشتاندنی بابەتە خیلافی ومشتومڕ لەسەرەکان، وەکو ئەوەی لەلای پارتێک، یان دەستەیەک ، یان تەوەژمێک مەعروفە،یان خێرە، یان مونکەرە، بەڵام لەلای ئەوانی تر جێگەی تێبینیەو ئەو ئاستەی نیە، وەکو ڕایە جیاوازەکانی دەربارەی ڕووی ئافرەت، یان نوێژ، یان ڕیش، یان دەسەڵات..ھتد ھەیە، جاری واھەیە ھەندێک لەبانگخوازان ئەیانەوێت ھەندێک چەمک کە مشتومڕیان لەسەرە یەکلا بکەنەوە، ئەبوبەکرو عومەر (خوا لێیان ڕازی بێت) ئەکەن بە بەڵگە کە ئەوان چەندین بابەتی مشتومڕلەسەریان یەکلا کردۆتەوە، بەڵام ئەبێ ئاگادار بین ئەوان دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی و قەزاوەتیان لە پشت بووە، بۆیە ئێستاش ئەو جۆرە بابەتانە بابنەما زانستیەکانیش پشتیوانیان لێ بکەن، ئەبێ دەسەڵاتی شەرعی کە پابەندە بەچوارچێوەی شەریعەتەوە، ئەگەر بە پێویستی زانی بۆ دەست خستنی بەرژەوەندی گشتی ئەتوانێت ئەو جۆرە بابەتانە یەکلایی بکاتەوە، ھەندێک جار ئەگەر زانایەک، یان بانگخوازێک بیەوێت پارسەنگی ڕایەک بدات بەسەر ڕایەکی تردا لەوانەیە کێشەو دووبەرەکی لێ پەیدا ببێت، ئەوەش ڕێگەی نادات ئەو ئامانجە بەدەست بێنێت کە ئەو بانگخوازە مەبەستی بووە، ئیبنو مەسعودیش( خوا لێی ڕازی بێت) ئەڵێت: (ما أنت بمحَدِّثٍ قَومًا حديثًا لا تبلُغُه عُقولُهم إلَّا كان لبَعضِهم فِتنةً)موسلیم گێڕاویەتیەوە.

سێەم: چەند بنەمایەک لە کاری بانگەوازدا:

١.        پابەند بوون بە بنەما گشتیەکانەوە، پێناسەی (الخیر، المعروف، المنکر): الالف واللام للاستغراق یفید العموم، واتە : بانگکردن بۆ ھەر شتێک لە خودی خۆیدا، خێر و چاکەو ڕێگری لە ھەرچی خراپە ھەیە، یان ئەلیف ولامەکان بۆ تەعریف وئاشنابوونە، واتە: بانگخواز بانگەواز بکات بۆ ئەو خێرو چاکانەی لای ھەمووان ناسراوەو ڕێگریش لەو خراپانە بکات جێگەی ڕاجیایی نیەو ھەمووان پێی ئاشنان، ئەگەر بابەتێکی خیلافی باسکرا با دادگەرانە باسی ڕایە جیاوازەکان بکرێت، نەک ھەر ئەو ڕایە بورووژێنرێت لەگەڵ حەزو قەناعەتەکانی برای بانگخوازدا یەک ئەگرێتەوە، ھەروەھا خۆی لەقەرەی ڕا جیاوازەکان نەدات، بۆ نمونە پێغەمبەر( درودی خوای لەسەر) ئەفەرموێت: ( من أحيا أرضاً ميتة فهى له)، شافیعیەکان و ئیمامی ئەحمەد، لەگەڵ ئەوەن دەقەکە وەکو خۆی جێ بەجێ بکرێت، بۆیە لە ھەر جێگەیەک زەوییەک ھەبوو ھاوڵاتیان پێویستییان پێی بوو ئەتوانن کەڵکی لێ وەر بگرن، ئیمامی مالیک ئەڵێت بۆ ئەو زەوییانەی کێشەیان لەسەرە، یان خەریتەی شار تێک ئەدەن، ئەبێ ڕەزامەندی دەسەڵات ڕەچاو بکرێت.

٢. دوورەپەرێزی لە ھەموو بیرو ئاکارە نامۆکان کە بانگخواز پێی لەکەدار ئەبێت، ئیتر ئەو ئاکارە لە ڕووی شەرعیەوە گومانی لەسەر بێت، یان لە ڕووی داب و نەرێتی کۆمەڵایەتیەوە، بۆیە بانگخوازان پشتیوانی ھیچ پڕۆژەیەکی گوماناوی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و بازرگانی نەکەن وخۆیان لەسەروی گومانەکانەوە ببینن.

٣. بانگخواز وەکو باسی کەم وکورتی کۆمەڵگە ئەکات نابێ لە کەم و کورتی دەسەڵات بێدەنگ بێت، لەگەڵ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی بانگەوازو گەل و وڵاتدا.

٤. گوتاری سیاسی و دەعەوی دوو شتی لێک جیاوازن، بۆیە پێویستە ھەر یەکەیان بە پێی پسپۆڕی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

چوارەم: ڕۆڵی تەوەژم و بزافە ئیسلامیەکان لە پرۆسەی بانگەوازدا:

ئەبێ ئەوە بەبیری خۆمان بێنینەوە تەوەژم و بزافە ئیسلامیەکان لە قۆناغەکانی پێشوودا داینەمۆی کاروپرۆسەی بانگەواز بوون، زۆرێک لەوبانگخوازانەی ئێستا لەو مەیدانەدا ڕۆڵیان ھەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان لێیان سوودمەند بوون، ئێستاش پەرتەوازەیی و فرەجەمسەری وجۆرێک لەسستی بەپرۆسەی بانگەوازی ئیسلامیەوە ئەبینرێت ھۆکارەکەی بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە بەتایبەت لایەنە ئیسلامیەکان ئەوبایەخەی جارانیان بەئەو پرۆسەیە نەماوە، بۆ ئەم مەبەستەش بەپێویستی ئەزانین بەراوردێک لە نێوان ئێستاو ڕابوردووی بزافە ئیسلامیەکانی کوردستاندا بکەین:

  • بزافە ئیسلامیەکان لە ڕابوردوودا تا ساڵی ٢٠٠٠م، ستراتیجی دەعەوییان ھەبوو، واتە لە بەرزترین ئاستی سەرکردایەتی تا ئاستەکانی خوارەوە، ھەموویان ئەولەوییەتیان کاری پەروەردەو پێگەیاندن و بانگەواز بوو، بەڵام لە ٢٠٠٠م بەدواوە کاتێک چوونە حکومەت و پەرلەمان و کاری دەوڵەتداری و بەشداری پەرلەمان و پەیوەندی نێودەوڵەتی و ململانێی نێوان نەزەری و پراکتیک زەق بۆوە، ستراتیج و ئەولەویەتی کاری بزافە ئیسلامیەکانی تێکدا کە پێشتر لەسەری ئەڕۆیشتن، لەبەر ڕانەگرتنی ھاوکێشەی نێوان سیاسەت و بانگەواز ، ھەموو ووزەو تواناکانیان خستە بواری کاری سیاسیەوە، ئەمەش تای ترازووی سیاسەت و دەوڵەتداری زاڵکرد، بۆیە وا زیاتر لە بیست ساڵ ئەبێت لە لایەن بزافە ئیسلامیەکانەوە، گۆڕەپانی بانگەواز فەرامۆش کراوە، لە ئەنجامدا سەدان ڕێکخراوی پەروەردیی و دەعەوی و کەسایەتی سەربەخۆ ھاتنە مەیدانەوە، خوا پاداشتی خێریان بداتەوەو بەرەکەت بخاتە کاروماندو بونیانەوە، بەڵام ھێشتا ئەو مەیدانە پڕ نەکراوەتەوەو بۆشاییەکی بەرچاو ھەیە، ئەوبانگخوازە بەڕێزانە ھەرچەند بەشێکیان خۆیان بە بێلایەن ئەزانن، ئەوانیش لەبەر ئەوەی باوەڕییان وایە بزافە ئیسلامییەکان لە ڕووی کاری دەستەجەمعیەوە لە پێشترن و ئەتوانن لەو بوارەدا ڕۆڵی زیاتر ببینن، ڕووی بەشێک لە گلەییەکانیان ئەکەنە ئەوان و ئەوان بە کەمتەرخەم ئەزانن، ئەمەش لایەنە ئیسلامیەکان ئەخاتە بەردەم چەند ئەگەرێک:
  • یان وەکو سەردەمانی پێشوو ھەرلەکەسی یەکەمەوە تا م.س و ئۆڕگانەکانی تر خولیای پرۆسەی پێگەیاندن و بانگەواز بن، ئەگەر باوەڕییان وایە لە پرۆسەی سیاسیدا کە زیاتر بەشداری حکومەت و پەرلەمان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەگرێتەوە، سەرکەوتو نەبوون و لە ئاستی پێویستدا نەبوون، بە ئەم ھەنگاوەش ئەبێ متمانەی پێویست بۆ کاروپرۆسەی بانگەواز بگێڕنەوە، ھەروەھا لەو چوار چێوەیەدا بێنەوە مەیدانی بانگەوازو پێگەیاندن و کار بکەن بۆگێڕانەوەی متمانە بەپرۆسەی بانگەواز ، بەجۆرێک ئەوانەی لەکایەی سیاسی، یان لە پارتە ئیسلامیەکان دوور ئەکەونەوە لەباتی ئەوەی بیر لە دامەزراندنی پارتێکی سیاسی تر بکەنەوە بچنە مەیدانی بانگەواز!.
  • ئێستا پرۆسەی بانگەواز لە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە داڕشتنەوە ھەیە، بەجۆرێک رێکخستنەوەی پرۆسەی بانگەواز لە کاری تاکەکەسیەوە بۆ کاری دەستەجەمعی ببرێت، ئەبێ لایەنە ئیسلامیەکان وەکو سەردەمانی پێشوو بەرانبەر کەم وکورتیەکانی بانگەواز خۆیان بەبەرپرس بزانن، ئەم ڕێکخستنەوەیەش جگە لە میکانیزمە ئەزموون کراوەکانی خۆیان کە تیایدا سەرکەوتو بوون، لەبەر ئەوەی گۆڕەپانی بانگەواز گۆڕانکاری زۆری بەسەردا ھاتووە، وەکوسەردەمی پێشوو یەکگرتوویی فیکری لە نێو بانگخوازاندا نەماوە، دەست بەگفتوگۆی چڕو لێک تێگەیشتن لە گەڵ ھەموو جەمسەرەکانی بانگەوازدا بکەن، بە پڕۆژەو میکانیزمی تازەوە بچنەوە مەیدانی پێگەیاندن و بانگەواز، کە ئەمەش ئەخوازێت سەر لەنوێ جارێکی تر پێناسەی میکانیزمی کاری دەستەجەمعی و پێکەوە بوون بکرێت، لایەنە ئیسلامیەکان لەلایەک بەخۆداچونەوەبە خۆیاندا بکەن ، لەلایەکی تریش ھەنگاوی کرداری و لێک تێگەیشتن لەگەڵ باڵ و تەوەژم و کەسایەتیە ئیسلامیەکانی سەر گۆڕەپانی کوردستاندا بنێن، کە گوڕوتینێکی باش بگێڕنەوە بۆ کاری بانگەواز، بە جۆرێک ھاوتەریبی بکەن لەگەڵ کاروپرۆسەی سیاسیاندا ، کە ھیچیان زاڵ نەبێت بەسەر ئەویترییاندا ئەگەر باوەڕییان وایە لە کاروپرۆسەی سیاسیاندا سەرکەوتو بوون، یەکەم ھەنگاویش بۆ تۆکمە کردنی کاری بانگەواز لە ھەرێم ئەگەر زەمینە لەبار بێت، سازدانی کۆنفرانسێکە بۆ بانگخوازان بە ھەموو چین و توێژو تەوەژم و کەسایەتی و باڵەکانیەوە، کە دوای لێک تێگەیشتن و ڕێکەوتن لەسەر کۆمەڵێک ھێڵ و بنەمای گشتی، لە نێو خۆیاندا دەستەیەکی ڕاپەڕاندن ھەڵبژێرن، بەجۆرێک تەوەژمی بانگخوازی خۆیانی تێدا ببیننەوە، ئەم کۆنفرانسە بۆ ئەگەری خاڵی یەکەمیش پێویستە، لە ئەگەرێکدا ئەمەشیان لەلا گران بوو لەم ھەل و مەرجەدا بۆیان ناکرا ئەوەبا ھەر یەکێک لەلایەنە ئیسلامیەکان خۆیان لەنێوخۆیاندا کۆنفراسێک بۆ ئەو مەبەستە بسازێنن و پلان وبەرنامەی پێویستی بۆ دابنێن و ھەم ھەنگی وتەنسیق لە گەڵ ڕێکخراوو بانگخوازان و کەسایەتیەکاندا بکەن و لەخاڵەھاوبەشەکاندا پێکەوەو بەئاگاداری یەکتر ھەنگاو بنێن، بە کورتی ئێستا پرۆسەی بانگەواز پێویستی بە گێڕانەوەی متمانە ھەیە، بە جۆرێک پێگەی کۆمەڵایەتی بانگخوازان ئەگەر لەسەرووی پێگەی ئەوانەوە نەبێت ئێستا لەکاروپرۆسەی سیاسیدان ئەوا ھاوشانی ئەوان بن و لەناو کۆمەڵگەو پارتە ئیسلامیەکاندا پێگەی بانگخوازان  پێگەیەکی گرنگ بێت.

پێنجەم: لەمپەرەکانی بەردەم بانگەوازو بانگخوازان:

١.  پلەو پۆستی ھەندێک لەبانگخوازان کە لە ڕێگەی لایەنە ئیسلامییەکانەوە چوونە پەرلەمان، لە چۆنیەتی ھەڵس و کەوتی کۆمەڵایەتیان و مامەڵەیان لە گەڵ پارەو پووڵ و بێ منەتیان لە خەڵک و ڕینمایی پارتەکانیان کاریگەری خراپی لەسەر بانگەوازو بانگخوازان جێھێشتووە.

٢.  ئێستا بەشێکی بەرچاوی بانگخوازان خۆ ڕسکن و دەرچووی ناوەندێکی پێگەیاندن، یان پەیمانگایەک، یان پارتێک نین، یان دەزگایەک سەرپەرشتی پێگەیاندنیانی نەکردوە، ئەمەش جۆرێک لەبشێوی ویەکتر نەخوێندنەوەی لە نێو بانگخوازاندا دروستکردوە.

٣.  وەکو پێویست کەڵک وەرنەگرتن لە میکانیزمەکانی سەردەم وەکو: کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەو سۆشیال میدیاکان، یان سوود بینین لە ئەزموونی بانگخوازە سەرکەوتووەکانی دەرەوەی کوردستان لە وڵاتانی خۆیاندا نەک چاولێکردنیان، کە بۆ ڕێکخستنی ئەم بوارەبەگشتی پێویستیمان بەناوەندێکی توێژینەوە ھەیە بۆپێدانی بەرچاوڕوونی بە بانگخوازان، بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەو ھەڵانە دووبارە نەکرێنەوە کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا ڕوویانداو شوێنەوارە خراپەکەی تاساڵانی دووھەزاریش بەدواوە ھەرمابوو، کە سوپاس بۆخوا ئێستا بەشێکی بەرچاوی بانگخوازانی کوردستان ئەو قۆناغەیان تێپەڕاندووەو ئەو مەترسیەنەماوەو متمانیەکی باشیان لەو لایەنەوە دروستکردووە.

٤. بەکارنەھێنانی پلەبەندی لەبانگەوازداو بەکارنەھێنانی یاسای ئەولەویەت لە فەتواو چارەسەری کێشەکانی نێو کۆمەڵگە، کە ئەمەش بەشێکی بە ئەوە چارەسەر ئەبێت بانگخوازان، لە نێوخۆیاندا کۆبونەوەو ڕاگۆڕینەوەی دەوری ناوبەناویان ھەبێت و تەتەڵەوگێژی ڕایەتازەکان بکەن و لەسەر ڕایەکی ھاوسەنگ جێگیر بن، کە نەبوونی ئەم جۆرە بەیەک گەیشتنانە بوونەتە ھۆیەک نەبوونی پلان وبەرنامەی بانگەواز، کە ئەمەش وایکردووە ھەر بانگخوازێک گوتارو بەرنامەی بە پێی تێگەیشتن و سەلیقەی خۆی بێت.

٥. دابەشبونی کۆمەڵگە بەسەر پارت و ڕێڕەوو تەوەژمە جیاوازەکاندا، زۆرێک لە بانگخوازانیش بەبێ لایەنی نەماونەتەوە، ئەمەش دەمارگیری لەلایەن خەڵکی و جەماوەری تەوەژمی ئیسلامی دروست کردووە کەزۆربەی کات گوێ لەو بانگخوازانە ئەگرن لەپارت و ڕێڕەوو تەوەژمەکەی خۆیان نزیکە، کە ئەمە لەمپەرێکی گەورەی بەردەم چاکسازی پرۆسەی بانگەواز ھەژمار ئەکرێت، بانگخواز لەباتی بانگەواز بۆ لای چەمک و بنەماکانی ئیسلام بکات، بانگەواز بۆ چەمک و بنەماکانی حیزب ئەکات، زۆرجار دەمارگیری حیزبیش زاڵ ئەبێت بەسەریدا، وەکو پەندە کوردییەکە ئەڵێت( نەشیش بسوتێ و نەکەباب) ئەبێ بزاف و تەوەژمی ئیسلامی ھەڵوێستەیەکی جیددی لەسەر ئەم بابەتەبکات و دەرچەیەک بدۆزێتەوە.

٦. بیرو ئاکارو پلان و بەرنامەی ڕۆژ ئاوا کە بە ھۆی جیھانگەرایەوە تەنگی بە مسوڵمانان ھەڵچنیوەو کاریگەری خراپی لەناو کۆمەڵگەی ئیسلامیدا جێھێشتووە.

٧. پارت وبزوتنەوە پەڕگیرو توندڕەوەکان، کە وێنایەکی ناشیرینی ئیسلام و مسوڵمانان پیشان بە نەیارانی ئیسلام ئەدەن.

شەشەم: پێداویستیەکانی بانگخوازان:

١.  شارەزا بوون لە دەقی گشتی و تایبەت (العام والخاص)، ڕەھاو چوارچێوەدار، (المطلق والمقيد) ئەوانەی بەکورتی باسکراون وئەوانەی بەدرێژی( المجمل والمفصل).

٢.  تێگەیشتن لە واقیع.

٣.  ئاگاداری فیکری سیاسی سەردەم بێت.

٤.  ئاگاداری جومگەکانی مونکەر بێت لە ئاستی باڵا تا خوارێ.

٥.  ئاگاداری بیرۆکە و ئاکارە نامۆو ھاوردەکراوەکان کە بەبێ سانسۆر ھێنراون بۆ تێکدانی کۆمەڵگە.

٦. شارەزایی باشی لە کۆمەڵناسی بەتایبەتی کتێبەکانی د.عەلی وەردی و ھاوشێوەکانی ھەبێت، ھەروەھا شارەزابوون لەدەرونناسیدا بەتایبەتی دەرونناسی لەژیانی ڕۆژانەماندا کەپسپۆڕان باشتر ئەتوانن دەستنیشانی بکەن.

٧. شارەزای مێژووی ئیسلامی و ژیانی کەسایەتی و زانایان و ناوداران بێت.

٨. شارەزای مێژووی گەلەکەی و کەلتوور و داب ونەرێت و پەندەکوردەوارییەکان بێت، تا ئەکرێت گێڕانەوەی پەندو گێڕانەوەی بەسەرھاتەکانی ھەڵقوڵاوی ناو گەل و ھۆزو ژیانی زانایان و شاعیران و ئەدیبان و ڕۆشنبیرانی وڵاتی خۆی بێت، خۆیان لەنمونەو بەسەرھاتگەلێک بپارێزن میللەت پێیان ئاشنا نین.

٩. کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی کەسەناودارە جیھانیەکان با مسوڵمانیش نەبن.

١٠. دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتی و سەرۆک ھۆزەکان لەناوخۆدا بۆ ئەوەی ھەندێک کات خزم وکەس کۆ بکەنەوەو لەشوێنێکدا قسەیان بۆ بکەن، بەڵام خۆیان بپارێزن لەدەعوەت ودەعوەتکاری بێ ئامانج، وەکو لەسیرەدا ھاتوە، پێغەمبەر درودی خوای لەسەر، سەردانی ھۆزەکانی ئەکردو قسەی بۆ ئەکرد.

١١. بانگخوازان لەگەڵ پرۆسەی بانگەوازدا ھەوڵدەن سەرپەرشتی پڕۆزەی خێرخوازی و خزمەتگوزاری و کەم کردنەوەی ئەرکی سەرشانی ھاوڵاتیان بکەن.

١٢.بانگخوازان بە گەورە تەماشای کاری بانگەواز بکەن و خۆشەویستی و پێگەی ناو خەڵک بەکەم نەزانن.

١٣. بۆ گەشە پێدانی توانا فیکری و دەعەویەکانیان بەشداری کۆبونەوەو کۆنگرەو گەیشتن بەبانگخوازان لە ناوخۆو ناوچەکەو جیھانی ئیسلامیدا بکەن.

 

نازم عەبدوڵڵا

Leave a Reply