بهڵاکانی پهیڤین له دهقه پیرۆزهکاندا(قورئان وهک نموونه)
د. کامهران محهمهد
زانین و بەئاگابوون لەو بەڵایانەی كە تووشی پەیڤین دەبن و هەوڵدان بۆ بنبڕكردنی ڤایرۆسەكانی، نهێنییەكی بنەڕەتیی سەركەوتنی هەموو پەیڤینێكە. بەبێ ئەوەش هەموو ئەو هەوڵانەی لە پەیڤیندا دەدرێت بۆ گەیشتنە ئاكامێكی باڵا خامۆش دەبن. بۆیە ئایینی ئیسلام گرنگییەكی تەواوی بە دەستنیشانكردنی ئەو بەڵایانە داوە و ئەنجامە خراپهکانی خستووهتهڕوو.
لە قورئانی پیرۆزدا لە هەر شوێنێكیدا باسی پەیڤین كرابێتو نەگەیشتبێتە ئەنجام و كۆتاییە دروست و چاوەڕوانكراوەكان، ئەوا ڕاستەوخۆ و ڕاشكاوانە خودا باسی لە هۆكار و بەڵاكانی ئەو ئەنجامە ترسناكە كردووە كە پەیڤینەكە تووشی هاتووە.
واتە بۆئەوەی مرۆڤەكان لە ئەنجامی پەیڤینێكی سروشتیی و تەندروستەوە بتوانن بە هزر و بۆچوون و پڕۆژە جیاوازەكانیان لە خزمەت شارستانێتی مرۆڤایەتیدا بن، ئەوا دەبێت زۆر بەوردی و هۆشیارانە لەو هۆكارانە ڕابمێنن، كە دەبنە بەڵایەك و لە واقیعیشدا بەڵایەكی گەورە تووشی پەیڤینەكە دەكەن و مرۆڤایەتیی ڕووبهڕووی زیانێكی گەورە دەكەنەوە. قورئانی پیرۆز بە دەستەواژەیەكی كورت گرنگترین ئەو بەڵایانەی خستووەتەڕوو كە ئەویش:(إِنْ يَتَّبِعُونَ إِلَّا الظَّنَّ وَمَا تَهْوَى الْأَنْفُسُ﴿النجم: ٢٣﴾ واتە: (ئەوانە تەنها شوێنی گومان و ئەوانەی كە دەروونیان ئارەزووی دەكات، دەكەون، بەواتایەكی تر، لە تێڕوانینی قورئاندا دوو خاڵ هەن، مرۆڤ لە بیروباوەڕ و بۆچوونەكانیاندا تووشی هەڵە دەكەن، ئەوانیش:
یەكەم: شوێنكەوتنی گومان
دووەم: شوێنكەوتەی ئارەزووی دەروون.
یەكەم شوێنكەوتنی گومان:
لە ئیسلامدا مەبەست لە شوێنكەوتنی گومان بریتییە لە باوەڕهێنان یاخود پەرستنی خوداوەندێك، كە لەسەر بنەڕەتێكی زانستیی و سەلماندن دانەمەزرابێت، بەڵكو لەسەر بنەمای (حدس)و (تخمین) دروستبووبێت. بۆیە وشەی گومان (الظن) لە ئیسلامدا كە بەرامبەری زانست دەبێتەوە، (وَمَا لَهُم بِهِ مِنْ عِلْمٍ إِن يَتَّبِعُونَ إِلَّا الظَّنَّ وَإِنَّ الظَّنَّ لَا يُغْنِي مِنَ الْحَقِّ شَيْئًا (النجم:28)واتە: (ئەوانە لەوبارەیەوە هیچ جۆرە زانست و زانیارییەكیان نییە، بەڵكو هەر شوێنی گومانی بێسەر و بن دەكەون، لەكاتێكدا گومان بە هیچ شێوەك شوێنی حەق و ڕاستیی ناگرێتەوە).
بۆئەوەیە سەرتاپای هەموو ئەو شتانە بگرێتەوە كە زانستی نین و ناتوانرێت لە بیروباوەڕ و كاردا پشتی پێبەسترێت، چونكە ڕاستییەك ئاشكرا ناكات لە ڕاستییەكانی سروشت (فطرة)و ویژدان، یاخود ڕاستیی ئەو بەڵگانەی كە بەرەو ویژدان كۆتاییان دێت.
ئەوە ئەو هێڵەیە، ئیسلام پێش هەزار و چوارسەد و ئەوەندە ساڵ كێشاویەتی، تا مرۆڤەكان بۆ بەدەستهێنانی قایلبوون (قناعة) یان بەدیهێنانی پەیوەندارێتی (إنتماء) لەسەری بڕۆن.
بۆیە نەشیاوە پشت بەوە ببەسترێت، كە ناتوانرێت پشتی پێببەسترێت، بەوەی كه جەخت لەسەر بەڵگە و سەلماندن ناكاتو لەسەر بنكەیەكی یەقینەوە دەرناچێت، بەڵكو دەبێت ئەو ئایدیۆلۆجیایەی مرۆڤ ڕووبەڕوی دەبێتەوە، وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە بداتەوە، كە ڕووبەڕووی دەكرێتەوە، بەوشێوەیەی كە دڵ و ژیریی قایل بكات و دەروون ئارام و جێگیر بكات.
بەڵام ئەگەر ئەوەی بەدەست نەهێنا و شیمانە دژەكان بە كراوەیی لای مانەوە، ئەوا هەڵوێستی سروشتی ئەو ئەوەیە كە بە ئاگا بێت، بۆئەوەی بەدوای هەموو ئاسۆ جۆراوجۆرەكاندا بگەڕێت تا ئەوەی لە هێڵی یەقیندا سەقامگیر دەبێت، بهدهستی بهێنێت.
لهم سهربهنهوه تێدەگەین ئیسلام چەند سورە لەسەر ئەوەی مرۆڤـــ ڕێزی (ڕاستیی) لە ژیاندا بگرێت، ئهویش بە ڕێزگرتنی بەرپرسیارێتی هزر لای و جەختكردنەوە لەسەر ئامراز و شێوازەكانی گەیشتن بە ئەنجامە پۆزەتیڤەكان لە بیروباوەڕدا.
هەروەها خودا لە زۆر شوێندا هانی پەیامبەر (د.خ)و مسوڵمانان دەدات، كە لەسەر بنەڕەتێكی زانستیی و بەڵگەهێنانەوە و سەلماندن لەگەڵ مرۆڤەكانی دەوروبەریاندا بكەونە پەیڤینەوە. بۆیە پاش ئەوەی پەیامبەر بەڵگەی زیندووی زۆریان بۆ دێنێتەوە لەسەر بوون و سیفاتی خوا، دواڕۆژ، پەیامبەران، قورئان، فریشتەكان و…تاد، ئەوان گومانیان وایە خودا هاوەڵی هەیە! بەڵام ناگەڕێن بە دوای سەلماندنی ئەو وەڵامەدا یاخود لەسەر بنەڕەتێكی ژیریی و بەشێوەیەكی كرداریی تاقی ناكەنەوە، هەروەها گومانیان وابوو كە باب و باپیرانیان ئەو بتانەیان نەپەرستووە ئەگەر شایستەی پەرستش نەبووبێتن!
هەروەها ئەوان باوەڕیان وابوو، خودا نیگا نانێرێت بۆ مرۆڤێك لە خۆیان، بەڵام ئامادەنەبوون لەوە بكۆڵنەوە كە خودا بۆچی كاری واناكات، بە هەمان شێوەش گومانیان وابوو كە قورئان دانراوی محەمەدە، بەڵام نەیاندەكۆڵییەوە لەوەی كە محەمەد مرۆڤێكە وەك ئەوان، بەڵام ئەوان دەستەوەستانن لەو كارەدا لەكاتێكدا ئەوانیش مرۆڤن و بەوشێوەیە لە ئۆقیانووسی گوماندا ڕۆچوبوون.
هەربۆیە خودای گەورە لە زۆر شوێنی قورئاندا باسی ئەو ڕاستییە دەكات و دەفەرموێت:
(وَمَا یَتَّبِعُ أَکْثَرُهُمْ إِلَّا ظَنّاً إِنَّ الظَّنَّ لَا یُغْنِى مِنَ الْحَقِّ شَیْئاً إِنَّ اللَّهَ عَلِیمُ بِمَا یَفْعَلُونَ) (یونس: 36) واتە: (زۆربەیان شوێنی هیچ شتێك ناكەون، تەنها گومان نەبێت، بەڕاستی گومانیش هیچ سودێك بە خاوەنەكەی ناگەیەنێت، لەبارەی حەق و ڕاستییەوە، بهدڵنییاییهوه خوا زانایە بە هەموو ئەو كار و كردەوانەی كە ئەنجامی دەدەن).
وَقَالُوا مَا هِيَ إِلَّا حَيَاتُنَا الدُّنْيَا نَمُوتُ وَنَحْيَا وَمَا يُهْلِكُنَا إِلَّا الدَّهْرُ وَمَا لَهُمْ بِذَٰلِكَ مِنْ عِلْمٍ إِنْ هُمْ إِلَّا يَظُنُّونَ ﴿الجاثیة: ٢٤﴾ واتە: (خوانەناسان دەیانگووت ژیان تەنها ئەم ژیانی دونیاییەیە و دەمرین و دهژین بە نۆرە، هەر ڕۆژگار و زەمانە كاریگەرن تیاماندا و دەمانمرێنن و هیچی تر. جا ئەوانە وەنەبێت لەسەر بنچینەی هیچ جۆرە زانست و زانیارییەك ئەوە بڵێن، بەڵكو تەنهاپشت بە گومان و دوودڵی دەبەستن).
(وَإِنْ تُطِعْ أَكْثَرَ مَنْ فِي الْأَرْضِ يُضِلُّوكَ عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ ۚ إِنْ يَتَّبِعُونَ إِلَّا الظَّنَّ وَإِنْ هُمْ إِلَّا يَخْرُصُونَ ﴿الانعام:١١٦﴾واتە: (خۆ ئەگەر فەرمانبەردار و ملكەچی زۆربەی خەڵكیی سەر زەوی بیت، ئەوا لە ڕێبازی خوا وێڵت دەكەن، چونكە شوێنی هیچ شتێك ناكەون جگە لە گومان نەبێت و تەنها گۆترەكاری دەكەن).
بَلْ كَذَّبُوا بِمَا لَمْ يُحِيطُوا بِعِلْمِهِ وَلَمَّا يَأْتِهِمْ تَأْوِيلُهُ ۚ كَذَٰلِكَ كَذَّبَ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ ۖ فَانْظُرْ كَيْفَ كَانَ عَاقِبَةُ الظَّالِمِينَ ﴿ یونس: ٣٩﴾ واتە: (بەڵكو سەرەڕای ئەو هەموو بەڵگانە، ئەوان بڕوایان بە قورئان نەكردووە كە هیچ شتێكیان دەربارەی نەزانیوە، هێشتا سەرئەنجامی ئەو بەڵێنانەی كە بەڵێنی پێداون بۆیان نەهاتووە. هەر بەوشێوەیە ئەوانەی پێش ئەمان بەرنامەی خۆیان بە درۆ زانی و بڕوایان پێی نەبوو دەتەماشا بكە و سەرنج بدە سەرئەنجامی ستەمكاران چۆن بووە).
(إِذْ تَلَقَّوْنَهُ بِأَلْسِنَتِكُمْ وَتَقُولُونَ بِأَفْوَاهِكُمْ مَا لَيْسَ لَكُمْ بِهِ عِلْمٌ وَتَحْسَبُونَهُ هَيِّنًا وَهُوَ عِنْدَ اللَّهِ عَظِيمٌ ﴿ النور: ١٥﴾ واتە: (ئەوە بۆ دەماودەم قسە لە زمانی یەكتر وەردەگرن (بێ لێكدانەوە)، كاتێك بە زارتان شتێك دەڵێن كە هیچ ئاگاییتان لێی نییە، ئێوە وادەزانن ئەوە شتێكی سادە و ئاسانە؟ لەكاتێكدا ئەوە لای خودا زۆر گەورە و ناقوڵایە).
وَلَا تَقْفُ مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ ۚ إِنَّ السَّمْعَ وَالْبَصَرَ وَالْفُؤَادَ كُلُّ أُولَٰئِكَ كَانَ عَنْهُ مَسْئُولًا ﴿الاسراء: ٣٦﴾واتە: (ئەی مرۆڤ لە شتێك مەدوێ و شوێنی شتێك مەكەوە كە زانست و زانیاریتان دەربارەی نییە، چونكە بەڕاستی دەزگاكانی بینین و بیستن و تێگەیشتن هەمووی بەرپرسیارە لە بەرامبەریيەوە).
بەوشێوەیە خولانەوە لە بازنەی تەسكی گوماندا و ڕۆنەچوون لە توێژینەوەدا بۆ دەستنیشانكردن و گەیشتن بە كرۆك و حەقیقەتی دۆز و بابەتەكانی پەیڤین، ڤایرۆسێكی كوشندەی پەیڤینە و پەیڤین ئیفلیج دەكات.
هەر هەمان سیفەتە (شوێنكەوتنی گومان) كە ژیان لە دۆخێكی وەستاودا دەهێڵێتەوە و گیانی ئافراندن لە ناخی تاكو ههناوی كۆمەڵگەكاندا دەكوژێت. هەر ئەوەش نهێنی ئهو بوژانەوە مەزنە بوو، كە شارستانێتی ئیسلام لە سەرەتادا بەخۆیەوە بینی، هەروەك كەسانێكی وەك گۆستاڤـــــ لۆبۆن، جەیمس وستفال تۆسۆن و فرانكلین چارڵس بام و ڤان تۆستراد و…تاد ئاماژەی پێدەكەن و پێیانوایە كە شارستانیەتی ئیسلامی پشكی بەرچاوی هەبوو لە ئاڕاستەكردنی ئەبستمۆلۆجیا و زانستدا. بەپێی گوزارشتی (سان سیمۆن)یش بەرەو ئاڕاستەی (ڕوناكی) نوێ. چونكە تا ئەو كاتە زانست لە میتافیزیكدا نغرۆ ببوو، بەڵام بەهۆی سەرچاوە ئیسلامییەكانهوه كە جەختیان لەسەر تێبینیكردن (ملاحظة)و دامەزراندن و هۆڵی توێژینەوەی مێژووی سروشتیی دەكرد و زیاتر واقیعیبوون و ئازادبوونی زانستی دەخستەڕوو، نەك تەنها لە ڕۆچوونی تاك ڕەهەندی میتافیزیكدا.
بێگومان ئەو دیمەنە و چەندەها دیمەنی تری لەم شێوەیە لە مێژووی شارستانی ئیسلامیدا بەرجەستەبوونی سروشتی ئەو دەقانە بوو لە تێگەیشتنی مرۆڤەكان و جێبەجێكردنی لە واقیعی ژیاندا. واتە بە ئەندازەی دووركەوتنەوەی مرۆڤــ لە گومان.
دووەم: شوێنكەوتنی ئارەزوو:
ڕاغیبی ئەسفەهانی لەسەر چەمكی ئارەزوو (الهوی) لە قورئاندا دەڵێت:” ئارەزوو و مەیلی دەروونە بۆ شەهوەت، لەبەر ئەوەش ناونراوە بە (الهوی)، چونكە مرۆڤــ لە دنیادا بەرەو هەموو كارەساتێك دەبات و لە دواڕۆژیشدا بەرەو ئاگر بەڕێیدەكات و دەڵێت: ئارەزوو كەوتنەخوارەوەیە لە بەرزاییەوە بۆ نزمایی. هەروەها ئاماژە بەوە دەكات كە هەموو مرۆڤێك ئارەزووی جیا لە مرۆڤێكی تری هەیە و ئارەزووی هەریەكەشیان بێكۆتایە.
دەتوانین پێناسەی ئارەزوو بكەین بەوەی لە كۆمەڵە غەریزە و شەهوەتێك پێكهاتووە لە دەروونی مرۆڤدا و زۆر بە توندی داواو هەڵپەی تێركردنی دەكات و لەكاتی تێركردنیشدا مرۆڤ چێژی لێوەردەگرێت.
لێرهدا ئهو پرسیاره دروست دهبێت، که ئایا ئارەزوو چ پەیوەندییەكی بەسەر سڕكردنی پەیڤینەوە هەیە؟
وەك پێشتر پێناسەمان كرد، ئارەزوو لە كۆمەڵە غەریزەیەك پێكهاتووە، ئەو غەریزانهش بەشێكی گەورە و فراوان لە كەسێتی مرۆڤــ پێكدەهێنن و هۆكارێكی بنەڕەتین لە بزواندنی مرۆڤ و ویستەكانیدا، هەروەها كلیلێكە لە گرنگترین كلیلەكانی بزووتنەوە كرداریی و هەڵچونییەكانی مرۆڤــ.. لەبەرئەوە لە دەقە ئیسلامییەكاندا گرنگییەكی گەورە بە چەمك و تایبەتمەندیی و ڕۆڵی ئارەزوو لە ژیانی مرۆڤدا دراوە.
فراوانخوازیی و تێرنەبوون و ڕانەوەستان لە سنورێكی دیاریكراودا، یهکێکه له تایبەتمەندییە بهرچاوهکانی مرۆڤ لە ژیاندا، وەك پەیامبەر (د.خ) دەفەرموێت: (ئەگەر ئادەمیزاد دۆڵێك سامانی هەبێت، ئەوا دەیەوێت بیكات بە دوو، ئەگەر دوو دۆڵیشی هەبێت دەیەوێت بیكات بە سیان، بۆیە هیچ شتێك سكی ئادەمیزاد پڕناكات تەنها خۆڵ نەبێت).
مەبەست لەو دۆخە ڕەهایانەی لە فەرمودەكەدا هاتووە، بێگومان ڕەهاییەكی ڕاستەقینە نییە، بەڵكو مەبەست تێگەیشتنی زیاد ویستیی مرۆڤە كە سنورێكی شیاو و دیاریكراوی نییە. هەروەها ئارەزوو به یهکێک له بەهێزترین پاڵنەر و بزوێنەری مرۆڤە لە ژیاندا دادهنریت. وەك لە خهلیفهعەلی كوڕی ئەبی تالب دەپرسن: ئایا چ دەسەڵاتێك بەهێزتر و زاڵترە؟ لە وەڵامدا دەڵێت: ئارەزوو.
هاوکات تایبەتمەندییەكی دیكەی ئارەزوو بریتییە لە داواكردنی زیاتر و چاوچنۆكی لە كاتی بەدەمەوەچوونیدا. واتە بەپێچەوانەی غەریزەكانی دیكەوە، كە كاتێك تێر دەكرێن، ئیدی هێور دەبنەوە و خامۆش دەبن، بەڵام ئارەزوو هەركات مرۆڤ زیاتر بە دەمیەوە بچێت ئەوا ئەویش چاوچنۆكتر دەبێت و داوای زیاتر دەكات و دەسەڵاتی مرۆڤــ كەمتر دەكاتەوە.
بەڵام ئایا ئارەزوو چ پەیوەندیيەكی بە پەیڤینەوە هەیە؟ بە واتایەكی دیكە ئارەزوو چ كاریگەرییەك لهسەر سڕكردن و ئیفلیجكردنی پەیڤین جێدههێڵێت؟ بۆئەوەی بتوانین بە ڕوونی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، ئەوا پیویستە لە ڕۆڵە تێكدەر و نێگەتیڤەكانی مرۆڤ تێبگەین و بهوردی لە ژیانی مرۆڤڕابمێنین.
بێگومان ئەو هێزە ڕەهایە كە خاوەن خواستێكی ڕەهایە و دارای توانایەكی فراوانی تێكدان و خراپەكارییە لە ناوەوەی دەرووندا، هەرگیز هیچ هێزێك ناتوانێت شان لە شانی بدات،تەنانەت شەیتان و یاخیبووەكانیش.
ترسناكترین شتیش ئەوەیە كە ئەو هێزە توانادارەی خراپەكارییە لەناو دەرونی مرۆڤ خۆیدایە، واتە هێزێكی دەرەكیی نییە، كە بەرامبەر مرۆڤ ڕابوەستێت، بەڵكو هێزێكە مرۆڤـ دەبزوێنێت و لە هەموو چركەساتەكانی ژیانی مرۆڤدا ئامادەیی بەردەوامی هەیە، هەربۆیە پەیامبەری خودا محەمەد (د.خ) ئارەزووی بە یەكێك لە ترسناكترین ئەو شتانە داناوە لەسەر نەتەوەكەی كە لێی دەترسێت. وەك دەفەرموێت: (بەڕاستی ترسناكترین شتێك كە لێی دەترسم لە نەتەوەكەم ئەوا ئارەزوو و هیوا درێژییە، جا ئارەزوو لە ڕاستیی لایاندەدات و هیوادرێژیش دواڕۆژیان لە یاد دەباتەوە).
هاوکات لە دەروونی مرۆڤدا كۆمەڵێك چاوگ هەن كە مرۆڤ بە هۆشیاریی و بزووتنەوە بارگاوی دەكەن، ئەو چاوگانەشن كە ژیانی مادییو مەعنەویی مرۆڤ داگیر دەكەن و بەهەمان شێوەش لایەنی باڵا و ئاژەڵیی و غەریزەیی لە ژیانی مرۆڤـ ڕاگیر دهكهن.
ئارەزووش یەكێكە لەو سەرچاوانەی ئەگەر یاخیبوو، ئەوا تێكڕای چاوگەكانی تری دەروونی مرۆڤـ پەك دەخات، جا ڕۆڵی ژیریی، دڵ، ویژدان، سروشت (فطرة)و ویست ڕەتدەكاتەوە و لە ناوەڕۆكەكانیان بەتاڵیان دەكاتەوە، ئەو تێكدانەش كە ئەو سەرچاوانە دەگرێتەوە، تێكدانێكی گشتگیرە لای كەسێتی مرۆڤـ و لە پاش ئەو پڕۆسەی تێكدانە فراوانە بەسەر ئەو سەرچاوانەدا لە دەرووندا جگە لە ئارەزوو ئەوا چاوگێكی تر نامێنێتەوە و ئەوەش لە كەسێتی مرۆڤدا بە لایەنی ئاژەڵی دادەنرێت. بەوشێوەیە ئارەزوو بە هۆكارێكی تێكدان و خراپەكاريی و بەهەدەرچوون دادەنرێت. خودا دەفەرموێت: وَلَا تُطِعْ مَنْ أَغْفَلْنَا قَلْبَهُ عَنْ ذِكْرِنَا وَاتَّبَعَ هَوَاهُ وَكَانَ أَمْرُهُ فُرُطًا ﴿ الکهف:٢٨﴾ واتە: (بەگوێی ئەو جۆرە كەسە مەكە كە دڵیمان غافڵ كردووە لە یادی خۆمان (بەهۆی دنیاپەرستییەوە) شوێنی ئارەزووی خۆی كەوتووە و هەرچی كاروباری هەیە بێ سەروبنە و لە دەستوور دەرچووە).
وشەی (الفرط) لە پەڕگیرییەوە هاتووە و بە واتای هەدەردانو خراپەكارییە. كاتێك كە دەقە ئیسلامییەكان دەخوێنینەوە، دەبینین ڕۆڵی تێكدەری ئارەزوو بە دوو قۆناغدا تێدەپەڕێت:
قۆناغی یەكەم: ئارەزوو لەم قۆناغەدا وەك ئاماژەمان پێكرد، بە كارێكی فراوان هەڵدەستێت لە خراپكردن و لەكارخستنی وزە و توانا و لێهاتووییەكان و ئەو سەرچاوانەی كە خوا لە دەروونی مرۆڤدا بەدیهێناوە لە هۆشیاری (وعی)و بزووتنەوە لەكاری دهخات.
وەك پەروەردگار دەفەرموێت: (فَرَأَيْتَمَنِ اتَّخَذَ إِلَٰهَهُ هَوَاهُ وَأَضَلَّهُ اللَّهُ عَلَى عِلْمٍ وَخَتَمَ عَلَى سَمْعِهِ وَقَلْبِهِ وَجَعَلَ عَلَى بَصَرِهِ غِشَاوَةً فَمَنْ يَهْدِيهِ مِنْ بَعْدِ اللَّهِ ۚ أَفَلَا تَذَكَّرُونَ ﴿الجاثیة:٢٣﴾واتە: (هەواڵم بدەرێ ئایا ئەو كەسەی كە ویست و ئارەزووی خۆی كردووەتە خوای خۆی؟! بەهۆی ئەوەوە خوداش گومڕای كردووە كە زانیویەتی شایەنی ئەوەیە لە ئەنجامی بەدهەڵوێستی خۆیدا و مۆری ناوە بە دەزگای بیستن و دڵ و دەروونیدا و پەردەشی هێناوە بەسەر دەزگای چاو و بینینیدا، جا ئیتر كێ هەیە جگە لە خودا كە هیدایەت و ڕێنمونی بكات، ئایا بیر ناكەنەوە و ئامۆژگاری وەرناگرن).
واتە ڕۆچوون لە شوێنكەوتنی ئارەزوودا، لە چێژ و شەهوەتە هەستییەكاندا بەبێ ملكەچكردن بۆ دیسپلینە ڕاستییەكان كە ڕۆچوویی بەرچەوەندی مرۆڤایەتی و نیگای پەیامەكان دیاریدەكات.
بەوشێوەیە بەو چركەساتەوە كە مرۆڤ شوێنی ئارەزووی دەكەوێت و تێیدا ڕۆدەچێت، دڵ بە تەواوی دادەخرێت و هەموو ئەو دەروازانەی كە گزنگی ڕاستیی لێ دێنەدەرەوە و لە خۆی دادەخات و گوێیەكانی دەئاخنرێت و چاوەكانی دادەخرێت.پێشەوا عەلی دەڵێت: (ئەوەی شوێنی ئارەزوو بكەوێت، كەڕ و كوێر و سەرشۆڕی دەكات).
كارێكی تێكدەری دیكەی ئارەزوو بریتییە لە سڕكردنی ژیریی و لەكارخستنی، ئەگەر مرۆڤـەكە وەڵامدانەوەیەكی تەواوی بۆ ئارەزووەكانی هەبوو، بەوشێوەیەش دەتوانین بڵێن ئارەزوو هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی پڕۆسەی بە نەزانكردن و نەفامكردنی مرۆڤـ،، واتە مرۆڤـ لە ئۆقیانوسی نەزانی و سەركەشی و بێئاگاییدا دەخنكێت، هەروەك پێشەوا عەلی دەفەرموێت: (دەردە ژیریی ئارەزووە).
ئیدی لێرەوە ئەو مەرگەساتە تێدەگەین كە زمانی لەیەك تێگەیشتنی نێوان مرۆڤەكان لە بندا دەبڕدرێت. بۆیە مەرگ باڵ بەسەر ژیانی مرۆڤایەتیدا دەكێشێت.
قۆناغی دووەم: لە قۆناغی یەكەمدا ئارەزوو، ویست، ژیریی، ویژدان، دڵ و سروشتی مرۆڤـ تێكدەشكێنێت. كە قورئانی پیرۆز بە بێئاگایی دڵ (اغفال القلب) گوزارشتی لێكردووە.
لە قۆناغی دووەمدا، پاش ئەوەی كە ئارەزوو مەڵبەندە بنەڕەتییەكانی كەسێتی مرۆڤـ خاپور دەكات و دەسەڵاتی زاڵی خۆی بە تەواويی و گشتگیر دەسەپێنێت و باڵ بەسەر مرۆڤدادەكێشێت و ئەو كاتە مرۆڤـ دەبێتە شوێنكەوتەی ئارەزووەكانی، قورئانی پیرۆزیش ئەو قۆناغە تێكدەرەی ئارەزووی بە شوێنكەوتنی ئارەزوو (اتباع الهوی) ناوبردووە. ئەم ئایەتە پیرۆزەش ئاماژە بەو دوو قۆناغە دەكات: وَلَا تُطِعْ مَنْ أَغْفَلْنَا قَلْبَهُ عَنْ ذِكْرِنَا وَاتَّبَعَ هَوَاهُ وَكَانَ أَمْرُهُ فُرُطًا ﴿الكهف: ٢٨﴾
بێگومان دەسەڵاتی ئارەزوو بەسەر مرۆڤدا زۆر بەهێزترە لە دەسەڵاتی ئەو سوپایەی كە كۆمەڵە دیلێكی گرتووە، چونكە دەسەڵاتی لایەنی سەركەوتوو بەسەر دیلەكاندا دەسەڵاتێكی سنوردارە و ئەو دەیگرێت و بەرگریكردنی لێ قەدەغە دەكات و ڕەفتارێكی دیاریكراوی بەسەردا دەسەپێنێت و ملكەچی دەكات بە چاودێریكردن و ئەو قسەیەی كە پێی خۆشە لێی قەدەغە دەكات، بەڵام دیلەكە ئازادیی و سەربەخۆیی خۆی لە سێ شتدا بۆ دەمێنێتەوە و هەرگیز دوژمنەكەی ناتوانێت لێی زەوت بكات كە ئەوانیش:
بەڵام دیلی ئارەزوو تەواو پێچەوانەی ئەو دیلەیە، چونكە ئارەزوو تەواو دەچێتە هەست، ژیریی و دڵیيەوە و لەناویاندا كاردەكات و دەسەڵاتی بەسەر هەموویاندا دەسەپێنێت. بۆیه ئەو شتەكان دەبینێت وەك چۆن ئارەزوو دەیخوازێت، ناشرین بە جوان و جوان بە ناشرین و باش بە خراپ و خراپ بە باش دەبینێت. بیر لە کاروبارهکان و شتەكان دەكاتەوە و بەو ڕێگەیەی كە ئارەزووی بەسەریدا دەسەپێنێت. جا ئارەزوو و ژیریی و تێگەیشتن و پەیبردن بە ڕاستییەكان دەگۆڕێت.
لەكۆتاییشدا ئارەزوو دەچێتە دڵیيەوە و لەناویدا هەڵسوكەوت دەكات، جا مرۆڤـ ڕقو خۆشەویستی بەپێی ئارەزوو دەبێت، واتە لەسەر بنەڕەتی باش و خراپی و مرۆڤایەتیبوون نابێت، بۆیە ئارەزوو دەچێتە دوا سەنگەری بەرگریی مرۆڤەوە كە بەرگری دەكات، ئەویش ویژدانی مرۆڤە، بۆیە ویژدانیش زەوت دەكات، بەوپێیە بەبێ هیچ بەرگريی و پارێزگارییەك لە بەرامبەر دوژمنایەتی ئارەزوو دەمێنێتەوە.
بەوشێوەیە كاتێك مرۆڤـ بووە كۆیلەی ئارەزووەكانی، ئەوا هەموو پێوەرە زانستیی و ژیرییەكان وەلا دهنێت و ئامادەی سەلماندنی هیچ ڕاستییەكی ژیریی یان زانستی نابێت ئەگەر لەگەڵ ئارەزووەكانیدا یەكنەگرێتەوە. هەربۆیە لە ئیسلامدا ئارەزوو بە بەڵایەكی گەورەی پەیڤین دادەنرێت. وهک دهبینین لە زۆر شوێنی قورئاندا كاتێك پەروەردگار لە سەر زاری پەیامبەرەكەیەوە لەگەڵ مرۆڤەكاندا دەكەوێتە پەیڤینەوە و پەیامبەرەكەی ڕووبەڕووی ئەو جۆرە كەسانە دەبێتهوه كە پێوەرو بەڵگەكانیان خستووەتە پەراوێزەوە و (ئارەزوو)ەكانیان بابەتی یەكلاكردنەوەی دۆز و دیاریكردنی ڕاستی و چەوتی بابەتەكانە. لەبەرئەوە لە زۆر شوێندا خودا ئاماژەی بەو بەڵا كوشندەیە كردووە كە تووشی پەیڤین دەبێت و سەرئەنجام دەبێتە شێرپەنجە بۆ پڕۆسەكە. لەوبارەیەوە دەفەرموێت: قُلْ فَأْتُوا بِكِتَابٍ مِنْ عِنْدِ اللَّهِ هُوَ أَهْدَىٰ مِنْهُمَا أَتَّبِعْهُ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ ﴿٤٩﴾ فَإِنْ لَمْ يَسْتَجِيبُوا لَكَ فَاعْلَمْ أَنَّمَا يَتَّبِعُونَ أَهْوَاءَهُمْ ۚ وَمَنْ أَضَلُّ مِمَّنِ اتَّبَعَ هَوَاهُ بِغَيْرِ هُدًى مِنَ اللَّهِ ۚ إِنَّ اللَّهَ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الظَّالِمِينَ ﴿٥٠﴾ القصص. واتە: (ئەی پەیامبەر (د.خ) پێیان بڵێ دەباشە ئێوە پەرتوكێكی تر بهێنن لەلایەن خواوە كە باشتر و چاكتر بێت لەو دووانە (واتە قورئانو تەورات). ئەوا منیش شوێنی دەكەوم، ئەگەر ئێوە ڕاستگۆن. خۆ ئەگەر بە دەم بانگەوازی تۆوە نەهاتن، واتە نەیانتوانی كتێبێكی تر بهێنن، ئەوە چاك بزانە ئەوانە هەر شوێنی ئارەزووی خۆیان دەكەون).
واتە لێرەدا لە پێگەی بێ بەڵگەییەوە قسە دەكەن و ناڕەزایی دەردەبڕن، بۆیە شێوازی نموونەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان بریتییە لە ئاڵینگاری لەگەڵیاندا تا بە سەرسامییەوە لەو پێگەدا كە دۆخێكی لاوازیان تێدا دەنوێنێت، هەڵوێستەکهیان ئیفلیج بكات. (قُلْ فَأْتُوا بِكِتَابٍ مِنْ عِنْدِ اللَّهِ هُوَ أَهْدَى مِنْهُمَا أَتَّبِعْهُ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ (49)) واته ئەو كەسەی باوەڕ بەو دوو كتێبە ناهێنێت، دەبێت لەسەر تێڕوانین بۆ زانینی ڕەگەزەكانی ڕێنموونی لە هزر و میتۆدەوە دەربچێت.
لە میانەی پێوەرەكانی ڕەوایی و ناڕەوایەتیی، بەوپێیەی ئەگەر ڕەتكردنەوەکان بۆ هەریەكەیان لەسەر بنەڕەتی ئەوەیە كە ڕاستی و ڕەوایەتی نانوێنن، ئەوا بێگومان دەبێت ڕاستیی لە غەیری ئەواندا بوونی هەبێت، چونكە خودا گۆڕەپانەکە بەبێ ڕاستی بەجێناهێڵێت.
بۆیە لێرەدا پرسیارێك خۆی دەسەپێنێت: ئەو كتێبەی تر كە لەلایەن خواوە هاتووە و ڕاستیی بە خەڵات بۆ بەندەكانی هێناوە، كامەیە تا شوێنی بكەوین، ئەگەر لاتان چەسپیوە كە باشترین و نموونەترینیانە؟ (ئهگهر ئێوه ڕاستگۆن) لە بانگەشەكەتاندا و لە ژیربێژییە وروژێنەرەكەتاندا، (ئهگهر وهڵامیان نهدایتهوه) لەبەرئەوەیە بەڵگەیان لەسەر ئەوە پێ نیە کە ڕەتی دەكەنەوە. هەروەها ژیربێژی وەڵامدانەوەی ئەوەیان پێنیە كە ڕووبەڕوویان دەكرێتەوە، (ئهوه بزانه که ئهوان شوێنی ئارهزووهکانیان کهوتوون). لەبەرئەوەی ئەو كەسەی شوێنی ژیریی دەكەوێت، دەبێت لە لۆجیك و خولگەكەیدا بسوڕێتەوە، بە پێوەرە وردەكانی هەڵسەنگاندنەكانی ئەنجامبدات، بەڵام ئەو كەسەی شوێنی ئارەزوو دەكەوێت، ئەوە ئەو كەسەیە لە هەڵچونە خودییە شەهوەتییەكانیان دەبزوێت و هەر ئەوەشە سەریان لێدەشێوێنێت و ناهێڵێت بەرەو ڕاستیی و حەقیقەت هەنگاو بنێن.
سهرچاوهکان
1ـ قورئانی پیرۆز
2ـ بورهان محهمهد ئهمین: تەفسیری ئاسان بۆ تێگەشتنی قورئان، چ٣، ٢٠٠٢.
3ـ راغب الاصفهانی: معجم مفردات الفاظ القران، دار الكاتب العربی.
4ـ السید محمد حسین فضل الله، فی افاق الحوار الاسلامی المسیحی، دار الملاك، ط2.
5ـ السید محمد حسین فضل اللە: الحوار في القران قواعده اساليبه- معطياته، ط7، 1988.
6ـ محمد الریشهری: الحوار بین الحضارات فی الكتاب والسنە، دار الحدیث.
– ئهم بابهته لهژماره (32)گۆڤاری خاڵ بڵاوكراوهتهوه..