ناسنامەی كتێب
ناوی كتێب: فه‌لسه‌فه هاوچه‌رخه‌كانی ڕاگه‌یاندن له گۆشه‌نیگای ئیسلامییه‌وه
بابه‌ت: میدیا
نووسه‌ر: د. مه‌حمود یوسف ئهلسهماسیری
وه‌رگێڕانی: د. دانا عه‌لی ساڵح به‌رزنجی
خوێندنەوەی: پ.د. یەحیا عومەر ڕێشاوی
چاپ: یەكەم-2022- سه‌نته‌ری زه‌هاوی بۆ لێكۆڵێنه‌وه‌ی فیكری
ژماره‌ی لاپه‌ڕه: 565
ماوه‌ی پێویست بۆ خوێندنەوهی كتێبه‌كه: حەوت كاتژمێر
په‌یوه‌ندی نێوان فه‌لسه‌فه‌و میدیا په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزه، له پشت هه‌ر ده‌زگایه‌كی میدیاییه‌وه تێڕوانین و فه‌لسه‌فه‌یه‌ك هه‌یه كه ئاڕاسته‌ی ده‌كات و ده‌یجوڵێنێت و تا ڕاده‌یه‌كی زۆر جۆری ناوه‌ڕۆكه پێشكه‌شكراوه‌كه‌ی دیاری ده‌كات، هه‌ربۆیه ده‌زگا میدیاییه‌كان له بۆشاییه‌وه دروست نابن، به‌ڵكو له سۆنگه‌ی ئایدیا و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی فیكریی و سیاسییه‌وه قاڵب ده‌گرن و ده‌یانه‌وێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵگه دروست بكه‌ن.
به درێژایی مێژووی ئامڕازه‌كانی میدیا، هه‌میشه خوێندنه‌وه بۆ ئه‌م په‌یوه‌ندییه كراوه و زانایان و پسپۆرانی بواری میدیا و سیاسه‌ت له سرووشتی ئه‌م په‌یوه‌ندییه كۆڵیونه‌ته‌وه و تێڕوانین و بۆچوونی جۆراوجۆری لێ له‌دایك بووه، له میانه‌ی ئه‌م وردبوونه‌وه له سروشتی كاركردنی ئامڕازه میدیاییه‌كان و شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌دا، چه‌ندین پۆلێن‌كردن و تیۆری زانستیی هاتوونه‌ته نێو كایه‌ی زانستیی میدیاییه‌وه و هه‌ریه‌كه‌و به جۆرێك له جۆره‌كان ڕاڤه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌یان كردووه.
سه‌ره‌تای ئه‌م ڕاڤه‌كردن و پۆلێنكردنانه بۆ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیست و به دیاریكراوی بۆ هه‌رسێ زانا (سیبرت و ولبهر شرام و پیته‌رسۆن) ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له ساڵی 1956 بۆ یه‌كه‌مین جار ڕێبازه فه‌لسه‌فییه‌كانی میدیایان بۆ چوار ڕێباز و فه‌لسه‌فه دابه‌شكرد، كه ئه‌وانیش فه‌لسه‌فه و ڕێبازی ده‌سه‌ڵاتخوازیی، فه‌لسه‌فه و ڕێبازی سۆزشیالیزمیی، فه‌لسه‌فه و ڕێبازی ئازادیی، فه‌لسه‌فه و ڕێبازی به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵایه‌تییه، له پاش ئه‌وان دید و تێڕوانینی دیكه بۆ ئه‌م پۆلێنكردنه هاته كایه‌وه، كه هه‌یانه بۆ دوو فه‌لسه‌فه و قوتابخانه‌ی سه‌ره‌كیی و هه‌شیانه بۆ چوار و زیاتری دابه‌ش ده‌كات.
كتێبی (فه‌لسه‌فه هاوچه‌رخه‌كانی ڕاگه‌یاندن له گۆشه‌نیگای ئیسلامییه‌وه)، له نووسینی مامۆستای زانكۆ و نووسه‌ری میسریی (د. مه‌حمود یوسف ئهلسهماسیری)، یه‌كێكه له‌و كتێبه گرنگانه‌ی كه ئه‌م بابه‌ته میدیاییه گرنگه‌ی له ڕوانگه فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامییه‌وه و له توێژینهوەیەكی زانستییدا خستووه‌تەڕوو، به ده‌ستخۆشییه‌وه مامۆستای زانكۆ پرۆفیسۆر (د. دانا عه‌لی ساڵح به‌رزنجی) وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردیی و له دوو توێی 565 لاپه‌ڕه‌دا له لایه‌ن (سه‌نته‌ری زه‌هاوی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی فیكریی) ساڵی 2022 چاپكراوه.
نووسه‌ر له به‌شی ڕێخۆشكه‌ری كتێبه‌كه‌دا باسی ڕێبازی تاوتوێكردنی فه‌لسه‌فه پۆزه‌تیڤیزمه هاوچه‌رخه‌كانی ڕاگه‌یاندن له گۆشه‌نیگای ئیسلامییه‌وه ده‌كات و ئه‌م به‌شه‌ی كردووه به سێ پاری سه‌ره‌كیی، پاشان ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ی كردووه به سێ ده‌روازه، ده‌روازه‌ی یه‌كه‌م به ناونیشانی پێشه‌كییه بنچینه‌ییه‌كانی فه‌لسه‌فه پۆزهتیڤیزمهكانی ڕاگه‌یاندن و پێشه‌كییه هاوتا ئیسلامییه‌كان و ئه‌م ده‌روازه‌شی دابه‌شكردووه بۆ دوو به‌شی سه‌ره‌كیی و هه‌ر به‌شه‌ش چه‌ند پارێكی لێ بووه‌ته‌وه و كۆی پاره‌كان پێنج پاره. ده‌روازه‌ی دووه‌م: پێشه‌كییه ڕاسته‌وخۆكانی فه‌لسه‌فه پۆزهتیڤیزمهكانی ڕاگه‌یاندن و پێشه‌كییه هاوتا ئیسلامییه‌كان، ئه‌م ده‌روازه‌یه‌ش دابه‌شكراوه بۆ چوار به‌شی سه‌ره‌كیی و هه‌ر به‌شه‌ش بۆ چه‌ند پارێك و كۆی پاره‌كان یازده پاره، نووسه‌ر ده‌روازه‌ی سێهه‌می ناوناوه وته‌زاكانی هزری كۆمه‌ڵایه‌تی له باره‌ی سروشتی په‌یوه‌ندیی نێوان مرۆڤ و ده‌وڵه‌ت و ئه‌م ده‌روازه‌ش دابه‌شكراوه بۆ سێ به‌شی سه‌ره‌كی و نۆ ده‌روازه و له كۆتایی كتێبه‌كه‌دا لیستی سه‌رچاوه‌كان خراوه‌ته ڕوو، كه ژماره‌یه‌كی زۆر له سه‌رچاوه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی به‌كارهێناوه.
له لاپه‌ره (7)ـی كتێبه‌كه‌دا وه‌ڕگێڕ به ناساندنێكی كتێبه‌كه ده‌ستیپێكردووه و ناوی ناوه (به‌ر له سه‌ره‌تا) و تێیدا باس له گرنگی كتێبه‌كه و بایه‌خی ڕاگه‌یاندن له ئه‌مڕۆی ژیانی مرۆڤه‌كان ده‌كات و پێگه‌ی ئه‌م كتێبه له شرۆڤه‌كردن و خوێندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فییانه بۆ واقیعی راگه‌یاندن و فه‌لسه‌فه هاوچه‌رخه‌كانی پشت ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندن و بایه‌خی ئه‌م كتێبه له پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی كه له كتێبخانه‌ی كوردییدا له‌م بواره‌دا هه‌یه.
له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا نووسه‌ر باس له ڕیشكداكوتانی فه‌لسه‌فه‌ی لێبڕاڵی و عیلمانی له جیهانی رۆژئاوادا و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه له سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیان و میدیادا ده‌كات، كه له به‌رامبه‌ریدا جۆرێكی تر له فه‌لسه‌فه جیهانی دابه‌شكردووه، كه ئه‌ویش فه‌لسه‌فه‌ی ماركسیی و سۆشیالیزمییه، هه‌ریه‌ك له‌م دوو فه‌لسه‌فه‌یه ماوه‌یه‌كی زۆر جیهانیان به‌سه‌ر دوو جه‌مسه‌ردا دابه‌شكردبوو، له پاڵ ئه‌مانه‌دا وه‌ك نووسه‌ر له لاپه‌ڕه شازده‌ی كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: (هه‌رچی وڵاتانی تریشه كه به ده‌وڵه‌تانی جیهانی سێهه‌م ناو ده‌برێن، له نێوشیاندا وڵاتانی ئیسلامیی، ده‌سته‌بژێری فه‌رمانڕه‌وا و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیریی تیایدا شوێن تیۆری گه‌شه‌پێدان و مۆدێرنه كه‌وتبوون).
له پاش پێشه‌كیی، نووسه‌ر بۆ دیاریكردنی مه‌نهه‌جیه‌تی زانستیی توێژینه‌وه‌كه‌ی، گرفتی توێژینه‌وه‌كه ده‌خاتەڕوو كه خۆی له : (نه‌بوونی حوكمێكدا ده‌بینێته‌وه كه لەسه‌ر بنچینه‌یه‌كه‌ی لۆژیكیی ڕه‌گداكوتاو بێت، ئاستی گونجاندنی گواستنه‌وه‌ی هه‌ركامێك له فه‌لسه‌فه پۆزهتیڤیزمهكانی ڕاگه‌یاندن له‌و زه‌مینه مهعریفییهوهی كه به‌هه‌رمی هێناوه، بۆ زه‌مینه‌یه‌كی مه‌عریفه‌ی ئیسلامیی دیاری بكات).
دوای ئه‌مانه ئامانجه‌كانی توێژینه‌وه‌كه و گرنگیی توێژینه‌وه‌كه و میتۆدی توێژینه‌وه‌كه خراوهتەڕوو، كه نووسه‌ر پشتی به‌ستووه به تیۆره‌كانی میتۆدی شیكار و پێكهێنان (التحلیل والتركیب) و میتۆدی به‌راوردكاری و میتۆدی دانه‌پاڵ (العزو)، وێڕای ئه‌مانه و هه‌ر له لایه‌نی میتۆدیی توێژینه‌وه‌كه‌دا توێژه‌ر زاراوه‌كانی توێژینه‌وه‌كه و پلانی توێژینه‌وه‌كه‌ی به وردی خستوه‌ته ڕوو.
توێژه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی زیهنی خوێنه‌ر بۆ چوونه نێو ڕێبازه فه‌لسه‌فییه‌كان ئاماده بكات، به‌شێكی ڕێخۆشكه‌ر (تمهید)ی بۆ توێژینه‌وه‌كه‌ی داناوه و شرۆڤه‌ی قوتابخانه‌كانی تیۆریزه‌كردنی ڕاگه‌یاندنی كردووه، كه به بڕوای ئه‌و خۆی له دوو قوتابخانه و ڕێبازی جیاوازدا ده‌بینێته‌وه، كه یه‌كێكیان گرنگی به توێژینه‌وه له سیستمی ئه‌و ڕاگه‌یاندنانه ده‌دات كه به كرداریی هه‌ن، ئه‌وی تریشیان گرنگی به فه‌لسه‌فه‌ی ڕاگه‌یاندن ده‌دات، كه هه‌ر یه‌ك له‌و قوتابخانانه‌ش بۆ چه‌ند ئاڕاسته و قۆناغێك دابه‌ش ده‌بن. وێڕای ئه‌مه‌و هه‌ر له‌م به‌شه‌دا توێژه‌ر ئه‌و فه‌لسه‌فه ڕاگیاندنانهی تاوتوێ كردووه كه له توێژینه‌وه‌كه‌دا خستوونیهتەڕوو، پاشان هاتووەته سه‌ر باسكردنی میتۆدی ڕه‌خنه‌ییانه‌ی به‌راوردكارییانه‌ی فه‌لسه‌فه پۆزهتیڤیزمهكانی ڕاگه‌یاندن له گۆشه‌نیگای ئیسلامییه‌وه.
له سه‌ره‌تای ده‌روازه‌ی یه‌كه‌می توێژینه‌وه‌كه، توێژه‌ر هێڵكارییه‌ك بۆ بابه‌ته‌كه ده‌كات و پێی وایه كه فه‌لسه‌فه‌ی ڕاگه‌یاندن خۆی له سێ بازنه‌دا ده‌بینێته‌وه و بازنه گه‌وره‌كه بریتییه له دیدگه‌ی گه‌ردوونی بۆ كۆزمۆلۆژیا[1] پاشان بازنه‌یه‌كی بچووكتر بریتییه له تیۆری گشتیی كۆمه‌ڵگه و پاشان بازنه‌ی نێو ئه‌مانه كه بریتییه له فه‌لسه‌فه‌ی ڕاگه‌یاندن و پاش ئه‌م ده‌ستپێكه توێژه‌ر باس له پێگه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ڕاگه‌یاندن له ڕشته‌ی هزری كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌كات.
پاشان دێته سه‌ر باسی ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه هزریی و كۆمه‌ڵگه‌ییانه‌ی كه بۆ دروستبوونی جیهانبینیی و كۆزمۆلۆژیای عه‌لمانیی ڕوویاندا، له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌سیحیی و كڵێساییهوه بۆ چاكسازیی و ڕیفۆرمكردن له‌م هزره‌دا و به‌كارهێنانی ئاوه‌ز و عه‌قڵ بۆ ڕاڤه‌كردنی دیارده‌كانی گه‌ردوون، تا گه‌یشتن به قۆناغی عه‌لمانییه‌ت و هه‌ژموونی به‌سه‌رجیهاندا و ده‌ركه‌وتنی هه‌ریه‌ك له ده‌سه‌ڵاتخوازیی و سۆشیالیزمیی و لیبڕاڵیی و پاشان هه‌ژموونی ئه‌م ته‌رحانه به‌سه‌ر جیهان و جیهانی سێهه‌مدا.
توێژه‌ر پاش ئه‌م ناساندنه، شرۆڤه‌ی بنه‌ما فیكرییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی ڕاگه‌یاندن كه خۆی له نكووڵیكردن له بوونی خوایه‌ك یاخود لانی كه‌م بوونی خوایه‌كی ناكارا ! و نه‌بوونی حه‌قیقه‌تێكی باڵای ڕه‌ها و نه‌بوونی ژیانێكی دواڕۆژدا ده‌بینێته‌وه، پاشان ئه‌م تێڕوانینه به به‌ڵگه نه‌ویسته‌كانی تێڕوانینی ئیسلامیی به‌راوورد ده‌كات له باوه‌ڕبوون به بوونی خودایه‌ك و بوونی حه‌قیقه‌تی ڕه‌هاو باوه‌ڕبوون به ڕۆژی دوایی، دیاره هه‌ریه‌ك له‌م دوو تێڕوانینه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ته‌واوی له ناوهڕۆك و ته‌رحی میدیاییدا ده‌بێته‌وه.
له باسی ئه‌ركه‌كانی ڕاگه‌یاندن له كۆمه‌ڵگه‌دا[2] – كه یه‌كێكه له بابه‌ته گرنگه‌كانی نووسین و شرۆڤه و نووسینه میدیاییه‌كان – توێژه‌ر باس له ڕۆڵی ڕاگه‌یاندن له به‌شداریكردن له به‌دیهێنانی مه‌به‌سته‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌كات و پێی وایه كه ئه‌و ڕۆڵه‌ی كه (هزری كۆمه‌ڵایه‌تی لیبڕاڵی ده‌یخاته ئه‌ستۆی ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندن، له‌و شتانه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه كه ده‌توانێت تێیاندا هاوكاربن بۆ گه‌شتن به حه‌قیقه‌ت و ڕۆشنكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه له سایه‌یاندا). هه‌موو ئه‌مه‌ش ده‌به‌ستێنه‌وه به ڕه‌گه‌زه‌كانی پرۆسه‌ی كۆمیونیكەیشن، كه خۆی له دوو ڕه‌گه‌زه سهرهكییهكەی ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا ده‌بینێته‌وه كه نێره‌ر و وه‌رگرن و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌ركه‌كانی ڕاگه‌یاندن له هه‌ریه‌ك له‌و دوو ڕه‌گه‌زه‌دا و چۆنییەتی جێبه‌جێكردنی مه‌به‌سته‌كانی ڕاگه‌یاندن له ڕوانگه‌ی هه‌ریه‌ك له فه‌لسه‌فه‌ی عه‌لمانیی و ئیسلامییدا.
له ده‌روازه‌ی دووهه‌می توێژینه‌وه‌كه‌یدا توێژه‌ر ده‌چێته نێو قووڵایی بابه‌ته‌كه و باس له فه‌لسه‌فه‌ی پشت ئامڕازه میدیاییه‌كان له هه‌ردوو ڕوانگه‌ی عه‌لمانی (لێبڕاڵی و ماركسی) و ڕوانگه‌ی ئیسلامییه‌وه ده‌كات و له چوار لایه‌نه‌وه تاوتوێی ئه‌م باسه ده‌كات، كه ئه‌وانیش: (ڕوانگه‌ی سروشتی مرۆڤ، ڕوانگه‌ی سروشتی حه‌قیه‌قه‌ت، ڕوانگه‌ی سروشتی ده‌وڵه‌ت، ڕوانگه‌ی سروشتی په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ و ده‌وڵه‌ت)و له‌م كۆتا خاڵه‌دا و له ڕوانگه‌ی ئیسلامییه‌وه به چڕیی باس له مافی تاكه‌كان له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت و ئه‌ركه‌كان له به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه و ئه‌ركه‌كان له به‌رامبه‌ر شه‌ریعه‌تدا ده‌كات. پاشان باس له سنووری سوودوه‌رگرتنی تاك له مافه‌كانی و ڕێگاكانی پابه‌ندكردنی به نهبهزاندنیان ده‌كات.
له ده‌روازه‌ی سێهه‌م و كۆتایی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا تیشك خراوه‌ته سه‌ر وته‌زاكانی فه‌لسه‌فه پۆزهتیڤیزمهكانی ڕاگه‌یاندن و وته‌زا هاوتاكانیان له فه‌لسه‌فه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئیسلامییدا، توێژه‌ر ئه‌م باسه گرنگه‌ی له ڕوانگه‌ی سێ باسی سه‌ره‌كیه‌وه شرۆڤه كردووه كه ئه‌وانیش: تاووتوێی چوارچێوه‌ی ئه‌و فه‌لسه‌فانه‌ی كه بۆ ئازادی كاری ڕاگه‌یاندن داڕێژراوه، تاووتوێی ئه‌و چوارچێوه‌ی كه بۆ ئازادی خاوه‌ندارێتیی ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندن داڕێژراوه، تاووتوێی وه‌زیفه‌ی ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندن له فه‌لسه‌فه جیاوزه‌كاندا.
له‌م ده‌روازه‌یه‌دا توێژه‌ر به وردیی باس له ڕێوشوێنه‌كانی هه‌ریه‌ك له فه‌لسه‌فه جیاوازه‌كانی ڕاگه‌یاندن بۆ شێوازی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندندا ده‌كات، وه‌ك چه‌مكی ئازادیی ڕاگه‌یاندن و به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر به كۆمه‌ڵگه و شێوازی په‌یوه‌ندی نێوان ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندن و ده‌سه‌ڵات و مه‌سه‌له‌ی مۆڵه‌ت و خاوه‌ندارێتی و سانسۆر و ئیتیك و یاساكانی ڕاگه‌یاندن و سیستمی گشتیی و به‌ده‌ستهێنانی قازانج و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تیی و زۆر چه‌مكی تری په‌یوه‌ست به‌م بابه‌ته. هه‌ریه‌ك له‌م چه‌مكانه له ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فه جیاوازه‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌وه تاوتوێ ده‌كات و به‌راوردێكی زانستییانه بۆ تێڕوانینی ئه‌و فه‌لسه‌فه جیاوازانه بۆ كاری میدیایی و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له واقیعی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌كات، توێژه‌ر له كۆتایی ئه‌م باسه‌یدا ئه‌وه‌ی له‌بیر نه‌كردووه كه باسه‌كه‌ی به گه‌شه‌كردنه‌كانی بواری ته‌كنه‌لۆجیای میدیا ببه‌ستێته‌وه، له ده‌ركه‌وتنی ڕۆژنامه‌ی ئه‌لیكترۆنیی و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئه‌و گۆڕانه ڕیشه‌ییه‌ی كه له فۆڕم و ناوه‌ڕۆكی میدیاییدا دروستبووه و چۆن كاریگه‌ریی له‌سه‌ر شێوازی پیاده‌كردنی فه‌لسه‌فه‌كانی ڕاگه‌یاندن له زه‌مینه‌ی واقیعدا دروستكردووه.
به‌شی سێهه‌م و كۆتایی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه یه‌كێكه له به‌شه گرنگه‌كان و توێژه‌ر به‌راوردێكی ورد بۆ ئه‌ركه‌كانی ئامڕازه میدیاییه‌كان له ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فه جیاوازه‌كانه‌وه ده‌كات، وه‌ك ڕۆشنگه‌ریی گشتیی، خزمه‌تكردنی سستمی سیاسیی و ئابووری، پاراستنی ئازادییه مه‌ده‌نییه‌كان، سه‌رگه‌رمی و قازانج له فه‌لسه‌فه لیبڕالیهكهدا، هه‌روه‌ها گۆڕانی هه‌ندێك له‌و ئه‌ركانه له فه‌لسه‌فه‌ی به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵایه‌تییدا و سرووشتی ئه‌م ئه‌ركانه له فه‌لسه‌فه‌ی ئاڕاسته‌كراو و فه‌لسه‌فه‌ی گه‌شه‌پێداندا، توێژه‌ر له ئه‌ركه‌كانی ڕاگه‌یاندن له فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامییدا باس له ئه‌ركه‌كانی وه‌ك پته‌وكردن به بیروباوه‌ڕی یه‌كتاپه‌رستی و ڕه‌خساندنی دۆخێكی ژیاریی گونجاو بۆ پێشكه‌وتن و هه‌ستانه‌وه و چه‌ندین ئه‌ركی گرنگی تر ده‌كات.
نووسه‌ر و توێژه‌ر (د. مه‌حمود یوسف ئهلسهماسیری) له‌م كتیبهیدا: (فه‌لسه‌فه هاوچه‌رخه‌كانی ڕاگه‌یاندن له گۆشه‌نیگای ئیسلامییه‌وه)، كۆتایی توێژینه‌وه‌كه‌ی به پوخته‌یه‌ك هێناوه كه خاڵه سه‌ره‌كی و جه‌وهه‌رییه‌كانی تێدا كۆكردووه‌ته‌وه و وه‌ك ده‌رئه‌نجامێك خستوونیه‌ته‌ڕوو، له‌وانه ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ی كه به سروشتی فه‌لسه‌فه پۆزهتیڤیزمهكانی ڕاگه‌یاندنه‌وه په‌یوه‌ستن و ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ی كه به سروشتی ئه‌و زه‌مینه مه‌عریفییه‌وه په‌یوه‌ستن كه گونجاون بۆ گواستنه‌وه بۆ ئه‌و فه‌لسه‌فانه.
[1] – كۆزمۆلۆیا له بنه‌ڕه‌تدا واته زانستی گه‌ردونناسی و هه‌وڵی مرۆڤ بۆ دۆزینه‌وه‌ی پێگه‌ی خۆی له گه‌ردووندا، واته دیدو تێڕوانینی كۆمه‌ڵگه له مه‌ڕ گه‌ردوون و په‌یوه‌ندی مرۆڤ به گه‌ردوونه‌وه.
[2] – له كۆتایی توێژینه‌وه‌كه‌یدا توێژه‌ر جارێكی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر ئه‌م باسه و به‌شی سێهه‌م و كۆتایی توێژینهوهوكهی بۆ ته‌رخان كردووه.