وتار

هەڵە باوەكان بۆ ڕاڤەى بەشێك لە فەرمودەکان

فەرمودەى پازدەیەم

«خَيْرُهُنَّ أَيْسَرُهُنَّ صَدَاقًا»

وەها باوە لەنێو بڕواداراندا، کە مارەیی ئافرەت هەتا کەمتربێت باشترە و خێرداترە. بەڵام وەکو ڕوونى دەکەینەوە، ئەمە یەکەم و کۆتا بۆچون نییە لەو بارەیەوە و، فەرمودەکەیش تاقانە دەقى نێو ئەو بابەتە نییە، تاوەکو بە ڕەهایی ئەو حوکمە گشتییەى لێوەربگرین.

بڕگەى يەكەم

دەق و واتاى فەرموەدەكە

یاوەرى بەڕێز (ئیبن عەباس، خودا لێى ڕازى بێت)، دەگێڕێتەوە، کە پێغەمبەر (دروودى خوداى لەسەربێت) فەرمویەتى: «خَيْرُهُنَّ أَيْسَرُهُنَّ صَدَاقًا». واتە: باشترین ئافرەت، ئەو ئافرەتانەن کە مارەییەکەیان کەمترینە.

لە ریوایەتێکیشدا بە: «أَيْسَرُهُنَّ مُؤْنَةً». هاتووە، واتە: ئەوانە باشترین ژنن، کە کەمترین خەرجییان هەیە.

بڕگەى دووەم

پلەى فەرمودەكە

فەرمودەكە هەريەك لە پێشەوايان: (بەیهەقی، تەبەرانی، حاکم، ئیبن حیبان) ريوايەتیان كردووە و، زۆربەى زانایانیش بە دروست و پەسەندیان داناوە.

بەڵام هەندێکی دیکە بەلاوازیان هەژماردووە، لەوانە: پێشەوا (عەجلونى) کە دەفەرموێت: ((«خيركن أيسركن صداقا». رواه الطبراني عن ابن عباس رضي الله عنهما مرفوعا بسندين ضعيفين)). هەروەها پێشەوا (موناوى) دەفەرموێت: ((«خيرهن» يعني: النساء «أيسرهن صداقا» بمعنى: أن يسره دال على خيرية المرأة وبركتها فهو من الفأل الحسن (طب عن ابن عباس) بإسناد ضعيف)) . پێشەوا (هەیسەمى)ش دەفەرموێت: ((«خيرهن أيسرهن صداقاً». رواه الطبراني بإسنادين، في أحدهما جابر الجعفي وهو ضعيف، وقد وثقه شعبة والثوري، وفي الآخر رجاء بن الحارث ضعفه ابن معين وغيره، وبقية رجالهما ثقات)). هەروەها شێخ (شوعەیب) سەنەدەکەى بە لاواز داناوە: ((قال شعيب الأرنؤوط: إسناده ضعيف)).

بڕگەى سێیەم

گەورەیی و گرنگى مارەیی

مارەیی یەکێکە لە مافەکانى ئافرەت، لەسەر پیاوەكەى فەرزە بەو پەڕی لەخۆبوردویی و ڕووخۆشییەوە بۆی دەستەبەر بکات، تەنانەت ئەگەر ئافرەتەکە خۆیشی نەیەوێت، یاخود چاوپۆشی لێ بکا، یاخود لە کاتى گرێبەستەکەدا باسی نەکەن. هەروەها ئەگەر پێشوەختەیش ڕێکبکەون لەسەر ئەوەى گرێبەستەکە مارەیی تێدا نەبێت، ئەوا ئەو مەرج و ڕێکەوتنە بەتاڵە و، مارەیی هەر واجب دەبێت و، لەسەر پیاوەکەیە بۆی فەراهەم بکات.

تەنها کەسێک هەڵاوێربووبێت و ئەم واجبەى لەسەر هەڵگیرابێت، پێغەمبەر بووە (سەلامى خوداى لەسەربێت)، کە خواى گەورە ڕێگەى دابوو بەبێ هەبوونى مارەییش، گرێبەستەکەى دروست و دامەزراوبێت، وەک فەرمویەتى: [وَامْرَأَةً مُؤْمِنَةً إِنْ وَهَبَتْ نَفْسَهَا لِلنَّبِيِّ إِنْ أَرَادَ النَّبِيُّ أَنْ يَسْتَنْكِحَهَا خَالِصَةً لَكَ مِنْ دُونِ الْمُؤْمِنِينَ]. الأحزاب: 50.

تەنانەت گشت زانایان کۆکن لەسەر ئەوەى ژن بۆی هەیە خۆی بەدەستەوە نەدات بۆ پیاوەکەى، تاوەکو مارەییەکەى تەسلیم دەکات. ((قال ابْنُ الْمُنْذِرِ: أَجْمَعَ كُلُّ مَنْ يُحْفَظُ عَنْهُ مِنْ أَهْلِ الْعِلْمِ أَنَّ لِلْمَرْأَةِ أَنْ تَمْتَنِعَ مِنْ دُخُولِ الزَّوْجِ عَلَيْهَا حَتَّى يُعْطِيَهَا مَهْرَهَا وإن قال الزوج لا أسلم إليها الصداق حتى أتسلمها أجبر الزوج على تسليم الصداق أولا ثم تجبر هي على تسليم نفسها)).

هەر بۆیە لە چەندین شوێنى قورئانى پیرۆزدا، خواى گەورە جەختى لەسەر بەخشین و جێبەجێکردنى ئەم مافە کردۆتەوە و، دەفەرموێت: [وَءَاتُوا النِّسَاءَ صَدُقَاِتهِنَّ نِحْلَةً]. النساء: 4. [فَمَا اسْتَمْتَعْتُمْ بِهِ مِنْهُنَّ فَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ فَرِيضَةً]. النساء: 24. [فَانْكِحُوهُنَّ بِإِذْنِ أَهْلِهِنَّ وَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ]. النساء: 25. [الْيَوْمَ أُحِلَّ لَكُمُ الطَّيِّبَاتُ وَطَعَامُ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ حِلٌّ لَكُمْ وَطَعَامُكُمْ حِلٌّ لَهُمْ وَالْمُحْصَنَاتُ مِنَ الْمُؤْمِنَاتِ وَالْمُحْصَنَاتُ مِنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ مِنْ قَبْلِكُمْ إِذَا آتَيْتُمُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ مُحْصِنِينَ غَيْرَ مُسَافِحِينَ وَلَا مُتَّخِذِي أَخْدَانٍ]. المائدة: 5. [يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ إِنَّا أَحْلَلْنَا لَكَ أَزْوَاجَكَ اللَّاتِي آتَيْتَ أُجُورَهُنَّ وَمَا مَلَكَتْ يَمِينُكَ]. الأحزاب: 50. [وَلَا جُنَاحَ عَلَيْكُمْ أَنْ تَنْكِحُوهُنَّ إِذَا آتَيْتُمُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ]. الممتحنة: 10. [وَإِنْ أَرَدْتُمُ اسْتِبْدَالَ زَوْجٍ مَكَانَ زَوْجٍ وَآتَيْتُمْ إِحْدَاهُنَّ قِنْطَارًا فَلَا تَأْخُذُوا مِنْهُ شَيْئًا أَتَأْخُذُونَهُ بُهْتَانًا وَإِثْمًا مُبِينًا]. النساء: 20.

بڕگەى چوارەم

ئایا بڕی مارەیی سنووردار و دیاریکراوە؟

لەگەڵ ئەوەى فەرمودەکەى سەرەوە و چەند ریوایەتێکى دیکە، هانى کچان و سەرپەرشتیارەکانیان دەدەن، کە بڕی مارەییان کەم بێت. بەڵام لە ڕاستیدا کەمى و زۆرى، شتێکى ڕێژەییە و، لە کەس و کۆمەڵگەیەکەوە، بۆ کەس و کۆمەڵگەیەکیتر دەگۆڕێت. ڕوونتر بڵێین: پەیوەستە بە بارى دارایی و دۆخى کەسەکانەوە. هەروەک پێشەوا (نەوەوى) فەرمویەتى: ((كَرَاهَة إِكْثَار الْمَهْر بِالنِّسْبَةِ إِلَى حَال الزَّوْج)).

هەر بۆیە دەبینین ئەو فەرمودانەى باسی بڕی مارەییان تێدا هاتووە، بە گوێرەى دۆخ و گوزەرانى پیاوەکە جیاوازبووە. بۆ نمونە: ژن هەبووە مارەییەکەى جوتێک پێڵاو بووە. ژنیش هەبووە، پیاوەکەى تواناى دابینکردنى مستیلەیەکى ئاسنیشى نەبووە بۆی.

هەروەها کاتێک پێشەوا (عەلى، خودا لێی ڕازى بێت) حەزرەتى (فاتیمە)ى خواست، هیچێکى نەبوو بیکات بە مارەیی، پێغەمبەر (دروودى خواداى لەسەربێت) فەرمووی: (درعە حوتەمییەکەت) لە کوێیە؟ ئەوە بکە بە مارەیی بۆى.

بە پێچەوانەشەوە، کاتێک بیستى کەسێک (چوار ئۆنسە زیو)ى کردووە بە مارەیی ژنەکەى، نیگەران بوو، فەرمووى: دەڵێی ئێوە زیو لەو شاخە دادەتاشن؟!!

وە کاتێک سەرنج لە مارەیی خێزان و کچەکانى خۆی دەدەین، دەبینین چەند هێندەى ئەوانەى پێشوو بووە، وەک لەم فەرمودانەدا هاتووە: «عَنْ أَبِى سَلَمَةَ بْنِ عَبْدِ الرَّحْمَنِ أَنَّهُ قَالَ: سَأَلْتُ عَائِشَةَ زَوْجَ النَّبِىِّ صلى الله عليه وسلم ،كَمْ كَانَ صَدَاقُ رَسُولِ اللَّهِ صلى الله عليه وسلم؟ قَالَتْ: كَانَ صَدَاقُهُ لأَزْوَاجِهِ ثِنْتَىْ عَشْرَةَ أُوقِيَّةً وَنَشًّا. قَالَتْ أَتَدْرِى مَا النَّشُّ؟ قَالَ: قُلْتُ لاَ. قَالَتْ: نِصْفُ أُوقِيَّةٍ. فَتِلْكَ خَمْسُمِائَةِ دِرْهَمٍ فَهَذَا صَدَاقُ رَسُولِ اللَّهِ صلى الله عليه وسلم لأَزْوَاجِهِ» .
وە لە ریوایەتێکیشدا هاتووە، کە هیچ یەکێک لە کچ و خێزانەکانى لە (دوازدە ئۆنسە) زیاتر مارەییان بۆ نەکراوە، جگە لە دایکمان (ئومو حەبیبە، خودا لێی ڕازیبێت)، کە ئەو (دوازدە ئۆنسە)ى تێپەڕاند و، گەییشتە (چوار هەزار درهەم). بەڵام ئەمە پێغەمبەر خۆی بۆی نەکرد، بەڵکو (نەجاشی، خودا لێی ڕازیبێت) هەمووى بە حازرى پێبەخشی. «عَنْ عَائِشَةَ رَضِىَ اللَّهُ عَنْهَا قَالَتْ: مَا أَصَدَقَ رَسُولُ اللَّهِ صلى الله عليه وسلم أَحَدًا مِنْ نِسَائِهِ وَلاَ بَنَاتِهِ فَوْقَ ثِنْتَىْ عَشَرَ أُوقِيَّةً إِلاَّ أُمَّ حَبِيبَةَ فَإِنَّ النَّجَاشِىَ زَوَّجَهُ إِيَّاهَا وَأَصْدَقَهَا أَرْبَعَةَ آلاَفٍ وَنَقَدَ عَنْهُ وَدَخَلَ بِهَا النَّبِىُّ صلى الله عليه وسلم وَلَمْ يُعْطِهَا شَيْئًا».

کەواتە: بڕى مارەیی کوتهەڵنەهاتووە لە ئەندازەیەک تاکو دروست نەبێت لەوە زیاتربێت. هەروەک میری بڕواداران (عومەرى کوڕی خەتتاب، خودا لێی ڕازیبێت)، کاتێک بینی خەڵکى زێدەڕۆیی لە بڕی مارەییدا دەکەن، لە وتارێکدا ویستى ئەندازەى بۆ دیاریبکات، بەڵام هەر لەنێو وتارەکەدا ژنێکى بەتەمەن هەستایە و، گوتى: شتێک خودا و پێغەمبەر دیارییان نەکردبێت، تۆ چۆن ڕێگە بە خۆت دەدەیت دیارى بکەیت؟!! هەر لەوێدا پێشەوا (عومەر) پەشیمان بوویەوە و، فەرمووى: من هەڵەم، ئەو ئافرەتە ڕاست دەکات. «عن مسروق، قال: ركب عمر بن الخطاب منبر رسول الله صلى الله عليه وسلم، ثم قال: “أيها الناس، ما إكثاركم في صُدُق النساء”. وقد كان رسول الله صلى الله عليه وسلم وأصحابه وإنما الصّدُقات فيما بينهم أربعمائة درهم، فما دون ذلك، ولو كان الإكثار في ذلك تقوى عند الله أو كرامة لم تسبقوهم إليها. فلا أعرفن ما زاد رجل في صداق امرأة على أربعمائة درهم. قال: ثم نزل، فاعترضته امرأة من قريش فقالت: يا أمير المؤمنين، نهيت الناس أن يزيدوا في مهر النساء على أربعمائة درهم، قال: نعم، فقالت: أما سمعت ما أنزل الله في القرآن ؟ قال: وأي ذلك ؟ فقالت: أما سمعت الله يقول [وَءَاتَيْتُمُ إِحْدَاهُنَّ قِنطَارًا] الآية . قال: فقال: اللهم غفراً، كل الناس أفقه من عمر. ثم رجع فركب المنبر فقال: إني كنت نهيتكم أن تزيدوا النساء في صداقهن على أربعمائة درهم، فمن شاء أن يعطي من ماله ما أحب. قال أبو يعلى: وأظنه قال: فمن طابت نفسه فليفعل، إسناده جيد قوي».

لە قورئانی پیرۆزیشدا، کە خواى گەورە باسی مارەیی ئافرەتانى کردووە، پەیوەستى نەکردووە بە هیچ بڕو ئەندازەیەکەوە، بەڵکو بە وشەی (قنطار) گوزارشتى لێکردووە، ئەمەش وەک زانایان فەرموویانە: بەڵگەیە لەسەر ئەوەى دروستە زێدەڕۆیی تێدابکرێت.

پێشەوا (قورتوبی) دەفەرموێت: ((دليل على جواز المغالاة في المهور، لان الله تعالى لا يمثل إلا بمباح)). هەروەها پێشەوا (خازن) دەفەرموێت: ((وفي الآية دليل على جواز المغالاة في المهور)) . (ئیبن فرسقوم)یش هەمان شتى فەرمووە: ((قال ابن الفرسقوم: على جواز المغالاة في المهور)) .

چونکە وشەى (قنطار) خۆی لە خۆیدا، واتاى بڕێکى زۆری لەخۆگۆتووە، وەک زانایان فەرموویانە: ((قنطار: وقال ابن عباس والضحاك والحسن: ألف ومائتا مثقال من الفضة، ورفعه الحسن. وعن ابن عباس: اثنا عشر ألف درهم من الفضة، ومن الذهب ألف دينار دية الرجل المسلم، وروي عن الحسن والضحاك. وقال سعيد بن المسيب: ثمانون ألفا. قتادة: مائة رطل من الذهب أو ثمانون ألف درهم من الفضة. وقال أبو حمزة الثمالى: القنطار بإفريقية والاندلس ثمانية آلاف مثقال من ذهب أو فضة)).

گشت زانایانیش تەبا و یەکدەنگن، لەسەر ئەوەى مارەیی سنوورێکى دیاریکراوى نییە و، هەرچەند زۆربێت ڕەوا و شەرعییە –مادام لە تواناى پیاوەکەدا هەبێت-. وەک هەریەک لە پێشەوایان: (نەوەوى، ماوەردى، ئیبن قودامە، ئیبن عەبدولبەڕ، قورتوبی)، فەرمویانە: ((أجمع العلماء أنه لا حد في أكثر الصداق لقوله تعالى: [وَءَاتَيْتُمُ إِحْدَاهُنَّ قِنطَارًا])).

کەواتە: ئەوەى ئەمڕۆ هەیە و، لێرە و لەوێ دەیبینین قورئانێک، یاخود گوڵێک، یاخود هەر شتێکى دیکەى رەمزى، دەکرێتە مارەیی، ئەوە کارێکى پەسەند نییە؛ چونکە لەلایەکەوە هیچ بەڵگەیەکى لەسەر نییە، وە لە هیچ یەکێک لە پێشینانى چاکمانەوە وارید نەبووە. بەڵکو ئەوەى هاتووە تەنها یەک حاڵەت بووە، ئەویش پیاوەکە هیچ شتێکى دەستنەکەوتووە بیکات بە مارەیى، لە ناچاریدا پێغەمبەر (دروود و سەلامى خوداى لەسەربێت) فەرمویەتى: مارەییەکەى ئەوەیە چەند قورئانت لەبەرە، فێری بکەیت. (واتە: فێرکردنى قورئان، نەک خودى قورئانەکە).

لەلایەکیترەوە گرێبەستى هاوسەرگیریش، وەک هەر گرێبەستێکى دیکە، پێویستى بە بەخشین و وەرگرتن (بەدیل و بڕەپارە) هەیە، تاوەکو مافی ئافرەتەکەى تێدا مسۆگەربێت و، قەرەبووى لەدەستدانى خۆشەویستترین و بەهادارترین ئەندامەکانى جەستەى بۆ بکاتەوە، (کچێنییەکەى).

بە تایبەت بۆ ئێمەى کورد، کە بەوە ناسراوین، لە هەمبەر مارەیی و مافی ژندا، کەمتەرخەم و بێ باکین. بێگومان ئەم بێ باكى و خەمساردييەش، ڕيشەيەكى كۆنى لە ناوماندا هەيە.

«عَنْ مَيْمُونِ الْكُرْدِيِّ عَنْ أَبِيهِ، قالَ: سَمِعْتُ رَسوُلَ الله صلى الله عليه وسلم غير مرة حتى بلغ عشرا يقُولُ: أَيُّمَا رَجُلٍ تَزَوَّجَ اِمْرِأَةً عَلَى مَا قَلَّ مِنَ الْمَهْرِ أَوْ كَثُرَ لَيْسَ فِى نَفْسِهِ أنْ يُؤَدِّيَ إلَيْهَا حَقَّهَا خَدَعَهَا فَمَاتَ وَلَمْ يُؤَدِّ إلَيْهَا حَقَّهَا لَقِيَ اللهَ يَوْمَ الْقِيامَةِ وَهُوَ زانٍ، وَأَيُّمَا رَجُلٍ اِسْتَدانَ دَيْناً لا يُرِيدُ أَنْ يُؤَدِّيَ إِلَى صَاحِبِهِ حَقَّهُ خَدَعَهُ حَتّىَ أَخَذَ مالَهُ، فَمَاتَ وَلَمْ يُؤَدِّ إلَيْهِ دَيْنَهُ لَقِيَ اللهَ وَهُوَ سارِقٌ».

واتە: (مەيمونى كورديى) دەڵێت: (جابان)ى باوكم فەرموويەتى: (دە)جار گوێم لە پێغەمبەر بوو (دروودى خواى لەسەربێت)، دەيفەرموو: هەر پياوێك ژنێك مارەبكات، لەسەر مارييەكى كەم، يان زۆر، لە نيەتيشيدا نەبێت ماف و مارەيى ژنەكەى بداتەوە و فێڵى لێبكات، جا مێردەكە مرد و مافەكەشى نەدايێ، ئەوە كە لە ڕۆژى قيامەت دەگاتە دادگاى خودا، ئەو پياوە بە زيناكەر دادەنرێت. هەر پياوێكيش قەرزێك وەربگرێت و نەيەوێت مافەكە بداتەوە بە خاوەنقەرزەكە و فێڵى لێبكات هەتا ماڵەكەى لێوەربگرێت، ئەگەر قەرزدارەكە مرد و قەرزەكەى نەدايەوە، ئەوە لە ڕۆژى قيامەتدا كە دەگاتە دادگاى خودا بە دز دادەنرێت.

نهێنييەكى گرنگ لە ئەم فەرمودەيەدا هەيە، كە دەكرێت وەكو كەرامات و تەنەبوئێك بۆ حەزرەتى (جابان) بژمێررێت، كە لە داهاتوودا گەلەكەى بەم گوناهەوە تێوەدەگلێن. ياخود دەكرێت وەكو ئامۆژگارى و ترساندنێك گەلەكەى بێداركردبێتەوە و فەرمودەكەى ريوايەت كردبێت، تاوەكو لە ڕێگەيەوە گەلەكەى هۆشياربكاتەوە لە مەترسى خواردنى ماڵى قەرز و مارەيى ئافرەت، كە ئێستا ئەمە دوو ڕەفتارى باو و بڵاوى ناپەسەندى نێو كوردە.
شێخ (ئيبن تەيمييە) سەبارەت بەم خووە خراپە، دەڵێت: ((وإن كانت عادتهم يسمون مهرا ولكن لا يستوفونه قط، مثل عادة أهل الجفاء مثل الأكراد وغيرهم فوجوده كعدمه)). واتە: نەريتى هەندێك خەڵك وايە، لە نێو گرێبەستەكەدا مارەيى ناو دەبەن و ديارى دەكەن، بەڵام هەرگيز نايدەن و تەسليمى ژنەكانيان ناكەن، نمونەى ئەو جۆرە كەسانەيش وەكو خەڵكە دڵڕەق و كوردەكان و جگە لەوانيش، كە هەبوون و نەبوونى مارەيى ژنان لەلايان وەكو يەك وايە.

(مەلاى گەورەى کۆیە)یش دەڵێت: ((سوبحانەڵا! كورد دائير بە مارەيى ژنان و قەرد دانەوە، زۆر بێ موبالاتن)). ((سوبحانەڵا! ئەو لەئامەتە ئەلئانيش دەوام ئەكا، ئەگەرچى زۆر ئەبی، ژن جەفا ئەدا، تەنگەنەفەسی ئەكا، تا هەرچى پێی دراوە، لێی بسەندرێتەوە)).

لە ڕۆژگارى ئەمڕۆشماندا، بەداخەوە دەبینین ڕێژەى جیابوونەوە زۆر هەڵکشاوە و، بەشێک لە گەنجەکانمان دەستبەردارى هاوسەرەکانیان دەبن، خۆ دەبێت ئافرەتان هێندە مارەییان هەبێت، کە سەربەرزانە ژیانى ڕۆژانە و پێداویستییەکانیانى پێ دەستەبەر بکەن.

محمد مه‌لا محمود تاوگۆزی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply