ده‌وڵه‌ت له ڕوانگه‌ی ئیسلامه‌وه
د.هادی عه‌لی
یه‌كه‌میان: په‌یامی هیدایه‌ت و ڕێنماییكردنه بۆ یه‌كتاپه‌رستی، ته‌زكییه‌ی ئه‌خلاقیی مرۆڤه‌كان، به‌هێزكردنی لایه‌نی ڕۆحی و به‌رزبوونه‌وه له پله‌كانی ته‌واوكاری مه‌عنه‌وی، خواناسین، په‌روه‌رده‌بوون، پێگه‌یاندنی كه‌سێتی مرۆڤی چاك و چاكه‌خواز و سوودبه‌خش بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی.
دووه‌میان: ده‌سته‌به‌ركردنی عه‌داله‌ت و دادپه‌روه‌ری بۆ تێكڕای مرۆڤه‌كان، به‌گژاچوونه‌وه‌ی سته‌مكاری و گه‌نده‌ڵی به هه‌موو شێوازه‌كانیه‌وه.
لێره‌شه‌وه ئه‌و ڕاستییه ڕوونده‌بێته‌وه، كه به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری ئامانجێكی سه‌ره‌كیی پیرۆزی ئایینه، له هه‌مان كاتدا ئه‌ركێكی ئایینی و شه‌رعیی گه‌وره‌یه كه ڕوو ده‌كاته هه‌ڵگرانی په‌یامی ئایینی به گشتی و په‌یامی ئیسلامی به‌تایبه‌تی. بێگومان ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌و دادپه‌روه‌رییه‌ی كه ئایینی ئیسلام داوای ده‌كات بێ دامه‌زراندنی سیستمێكی سیاسیی دروست و شیاو، نایه‌ته‌دی، چونكه له هه‌موو حاڵه‌تێكدا ئه‌وه ده‌وڵه‌ت و سیستمی سیاسییه موماره‌سه‌ی كاروباری گشتی ده‌كات. خاڵی به یه‌كگه‌یشتنی ئایین و ده‌وڵه‌ت، یان ئیسلام و ده‌وڵه‌ت، لێره‌وه ده‌ستپێده‌كات بۆ به‌ده‌ستهێنانی دادپه‌روه‌ری له ناو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا، پێشینان وتوویانه: (العدل أساس الملك) واته دادپه‌روه‌ری بنچینه و كۆڵه‌كه‌ی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته. قورئانی پیرۆز زۆر ڕاشكاوانه ئاماژە به‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌كات، كه ده‌فه‌رموێت: [ ڵقَدْ أَرْسَلْنَا رُسُڵنَا بِالْبَیِّنَاتِ وأَنْزَلْنَا مَعَهُمُ الْكِتَابَ والْمِیزَانَ لِێقُومَ النَّاسُ بِالْقِسْط وأَنْزَلْنَا الْحَدِیدَ فِیهِ بَأْسٌ شَدِیدٌ ومَنَافِعُ لِلنَّاسِ ولِێعْڵمَ اللَّهُ مَنْ ێنْصُرُەُ ورُسُڵهُ بِالْغَیْبِ إِنَّ اللَّهَ قَوِیٌّ عَزِیزٌ] (الحدید 25).
له‌م ئایه‌ته قورئانییه‌دا ئاماژە به چه‌ند وشه‌یه‌كی گرنگ كراوه:
-(رُسُڵنَا) تێكڕای پێغه‌مبه‌ران ده‌گرێته‌وه.
-(الْبَیِّنَاتِ) په‌یامی هیدایه‌ت و ڕێنمایی بۆ یه‌كتاپه‌رستی، ته‌زكییه‌ی ئه‌خلاقیی، خوداپه‌رستن و هه‌ر پێداویستییه‌كی تری ژیانی ڕۆحی و ئه‌خلاقیی مرۆڤه‌كان.
-(الْكِتَابَ) قورئانی پیرۆزه كه ناوه‌رۆكی په‌یامی پێغه‌مبه‌ره‌كانی تێدا كۆكراوه‌ته‌وه.
-(الْمِیزَانَ) ئاماژەیه به‌و پێوه‌ر و بنه‌مایانه‌ی كه مرۆڤ له ژیانی تاك و كۆمه‌ڵدا پێویستی پێیان ده‌بێت و ده‌توانێت سوودیان لێ وه‌ربگرێت.
-(النَّاسُ) كه تێكڕای مرۆڤه‌كان ده‌گرێته‌وه، به‌وانه‌ی شوێن پێغه‌مبه‌ران ده‌كه‌ون، یان هه‌ر ڕێگایه‌كی تر ده‌گرنه به‌ر.
-(الْقِسْط) دادپه‌روه‌ری بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤه‌كان.
-(الْحَدِیدَ) وه‌ك گرنگترین كانزا كه له سه‌رتاسه‌ری ژیانی مرۆڤایه‌تیدا تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، هۆكاری سه‌ره‌كی دروستكردنی ئامێر و ئامرازه‌كانی شارستانیه‌ته، له كۆن و نوێ، له هه‌ردوو بواری به‌رگریكردن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا [فِیهِ بَأْسٌ شَدِیدٌ ۆمَنَافِعُ لِلنَّاسِ].
كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و حه‌وت چه‌مكه قورئانییه گرنگه له یه‌ك ئایه‌تدا، ئاماژە و حیكمه‌تی تایبه‌تی و گه‌وره‌ی تێدایه و جۆرێك له پێكه‌وه‌گونجان و به‌زاندنی سنووره‌كان و شوێن و كات (جوگرافیا و مێژوو)ی تێدا ڕەچاو كراوه. هه‌روه‌ك ماده‌ی (ئاسن) به درێژایی مێژوو به پانتایی جوگرافیای زه‌وی پێویسته بۆ ژیان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زه‌وی و له هه‌ر سه‌رده‌م و هه‌ل و مه‌رجێكدا، مرۆڤ ئامێر و ته‌كنۆلۆژیای پێویستی لێ دروستكردووه، به هه‌مان شێوه دادپه‌روه‌ری (الْقِسْط) پێویستییه‌كی سه‌ره‌كیی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه بۆ مرۆڤه‌كان و خوای گه‌وره پێوه‌ر و بنه‌ما گرنگه‌كانی (الْمِیزَانَ)ی بۆ ده‌ستنیشانكردوون، مرۆڤه‌كان خۆیان ده‌توانن به ئیلهام وه‌رگرتن له په‌یامی پێغه‌مبه‌ران، له هه‌ر سه‌رده‌م و قۆناغێكی مێژوویی ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ی پێویست، سیستمی سیاسی گونجاو بهێننه كایه‌وه، گرنگ ئه‌وه‌یه دادپه‌روه‌ری بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤه‌كان بێته دی. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه كه له ئیسلامدا شێوه و شێوازی دیاریكراو بۆ ده‌وڵه‌ت و سیستمی سیاسی دیاری نه‌كراوه، به‌ڵكو ته‌نها بنه‌ماكانی ده‌ستنیشانكردووه، كه گرنگترینیان بریتییه له ڕەزامهندیی میلله‌ت و به‌دیهێنانی عه‌داله‌ت، چونكه وه‌زیفه‌ی سه‌ره‌كی و ئامانجی بنه‌ڕەتیی ده‌وڵه‌ت، بریتییه له به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری وه‌ك گرنگترین و پێویستترین پێوه‌ر و بنه‌مای سه‌ركه‌وتن و سه‌قامگیریی سیستمی سیاسی. ئه‌وه‌تا زانای ناوداری مسوڵمانان ئیبن ته‌یمیه له‌و باره‌یه‌وه وته‌یه‌كی مه‌شهوری هه‌یه كه ده‌ڵێت: (ان الله یقیم الدولة العادلة ولو كانت كافرة ولا یقیم الدولة الظالمة وان كانت مسلمة). گرنگی دادپه‌روه‌ری له میزانی ئیسلام و گوتاری قورئانیدا له ئاستێكدایه كه قورئان كافربوون و دژایه‌تیكردنی به‌ڵگه‌كانی خوا، كوشتنی پێغه‌مبه‌ران به ناهه‌ق، كوشتنی ئه‌و كه‌سانه‌ی داوای دادپه‌روه‌ری و چاكسازی ڕاسته‌قینه ده‌كه‌ن، با سه‌ر به هه‌ر ئایین و باوه‌ڕێكی تریش بن، خوای گه‌وره وه‌ك یه‌ك ته‌ماشایان ده‌كات و سزای توندی بۆ ئاماده‌كردوون. ئه‌وه‌تا قورئانی پیرۆز ڕاشكاوانه ئه‌م ڕاستییه ڕاده‌گه‌یه‌نێت: [إِنَّ الَّذینَ ێكْفُرُونَ بِآێاتِ اللَّهِ وێقْتُلُونَ النَّبِیِّینَ بِغَیْڕ حَقّ وێقْتُلُونَ الَّذینَ ێأْمُرُونَ بِالْقِسْط مِنَ النَّاسِ فَبَشِّرْهُمْ بِعَذابٍ أَلِیمٍ] آل عمران/21.
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (درود و سه‌لامی خوای لێ بێت) هه‌رچه‌نده ئه‌ركی سه‌ره‌كیی پێغه‌مبه‌رایه‌تییه‌كه‌ی بایه‌خدان بووه به په‌یامی هیدایه‌ت، ڕێنماییكردنی مرۆڤه‌كان و په‌روه‌رده‌كردنیان بۆ خواناسین و ئاماده‌كردنیان بۆ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگه و مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام ئه‌وه‌ش حه‌قیقه‌ته كه هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌تایبه‌تی دوای كۆچكردنی بۆ شاری مه‌دینه، كاری گرنگی كردووه بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕێكخستنی كاروباری گشتیی شاره‌كه و ده‌وروبه‌ری به تێكڕای دانیشتوانه‌كه‌یه‌وه، به جیاوازیی ئینتیمای ئایینی و ناوچه‌یی و تیره و هۆزهكانیانهوه، چونكه مه‌علومه كه چه‌ند هۆزێكی جوله‌كه له‌و ناوچه‌یه‌دا نیشته‌جێبوون و له‌سه‌ر بنه‌مای (په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی) هاوشێوه‌ی ده‌ستوور و به‌ڵگه‌نامه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌م ڕۆژگاره كه به (صحیفة المدینة) به‌ناوبانگه، په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌موو لایه‌ك و ئه‌رك و ڕۆڵیانی له پاراستنی ناوچه‌كه‌ی تێدا دیاری كرد. له دواڕۆژەكانی ژیانیشیدا هیچ كه‌سێكی ده‌ستنیشان نه‌كرد بۆ جێنشینی خۆی، چونكه ئه‌و خۆی وه‌ك پێغه‌مبه‌ر و خاوه‌نی په‌یامی ئاسمانی، دوا پێغه‌مبه‌ر بووه، دوا په‌یامی ئاسمانی هێناوه، دوای ئه‌و كه‌سێكی تر له‌و بواره‌دا ناتوانێت و ناكرێت جێگای بگرێته‌وه. ئه‌وه‌ش كه په‌یوه‌ندی به درێژەدان به ژیانی گشتی و كاروباری سیاسیی مسوڵمانه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌كه‌یانه‌وه بووه، ئه‌وه (الكتاب والمیزان) كه قورئان و سوننه‌ته، بۆی جێهێشتوون، واته قورئان و ئه‌و ڕێباز و مهنههجیهتهی كه بۆی ڕەسمكردوون و پێویسته له‌سه‌ری بڕۆن. گرنگ ئه‌وه‌یه كه ئه‌و دوو مه‌رجه‌ی تێدا ڕەچاو كرابێت: یه‌كه‌میان مه‌رجه‌عیه‌تی ئیسلام كه قورئانه. دووه‌میان ڕەچاوكردنی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه دادپه‌روه‌ری بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤه‌كان بهێنێته دی. دیاره له هه‌ر سه‌رده‌م و قۆناغێكی مێژوویی شێوه و شێواز و دامه‌زراوه‌ی نوێ و جیاواز ده‌خوازێت. چۆنێتی دیارییكردنی خه‌لیفه‌كانی ڕاشیدین له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ئه‌نجامدراوه، ئه‌وه بوو كه به ڕەزامهندی مسوڵمانه‌كانی مه‌دینه و ده‌وروبه‌ری، كه نوخبهكهیان بریتی بوون له كۆچه‌ر و پشتیوانه‌كان، جێگای متمانه‌ی سه‌رجه‌م مسوڵمانان بوون، ئه‌وان متمانه‌یان به هه‌ركه‌س بدایه و له‌سه‌ر هه‌ركه‌سێك ڕێك بكه‌وتنایه، هه‌موان پێی ڕازی ده‌بوون، بۆیه ده‌توانین بڵێین، دیارییكردنی هه‌ر چوار خه‌لیفه‌كه‌ی ڕاشیدین، له‌سه‌ر بنه‌مای ڕەزامهندیی مسوڵمانان شه‌رعییه‌تی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتیان وه‌رگرتووه، چونكه قورئانی پیرۆز ڕاشكاوانه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له ده‌كاته‌وه كه (وأمرهم شوری بینهم) ئاماژەیه بۆ كاروباری گشتی و سیاسیی كۆمه‌ڵگه مسوڵمانه‌كان، كه پێویسته به شورا و ڕەزامهندیی تێكڕای گه‌ل بێت.
كه‌واته ئه‌ركی به ئه‌نجامگه‌یاندنی هه‌ردوو ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی په‌یامی ئیسلام، كه په‌یامی هیدایه‌ت و په‌یامی دادپه‌روه‌رییه، كۆمه‌ڵگه‌ی مسوڵمان به گشتی لێی به‌رپرسیاره و كۆمه‌ڵگه‌ی مسوڵمان به زانایان و نوخبه و ئه‌ندامه‌كانی، به دامه‌زراوه ئه‌هلییه‌كانه‌وه به‌رپرسیارن له پاراستنی به‌ها و دروشمه ئایینییه‌كان و ڕەوشته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگه، هه‌ر كۆمه‌ڵگه خۆیشی سه‌رچاوه‌ی پێدانی شه‌رعیه‌تی سیاسییه به ده‌سه‌ڵاتداران و دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ت و سیستمی سیاسیی وڵات و چاودێرییكردن و لێپرسینه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران.
كۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه‌ی مسوڵمان تێكڕا، به‌رپرسیارێتی ڕاسته‌قینه هه‌ڵده‌گرن، چونكه گوتاری قورئانی به شێوه‌یه‌كی گشتی ڕوو له تێكڕای مسوڵمانان ده‌كات، به‌رده‌وام به شێوازی كۆ بانگه‌شه‌یان ده‌كات و دهستهواژەی (یا أیها الذین آمنوا، یا أیها الناس..) ده‌یان جار له قورئاندا دووپات بووه‌ته‌وه، به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه گوتاری قورئانی ڕووی له كه‌سێك، یان گرووپێك، یان ده‌زگایه‌كی دیاریكراو نه‌كردووه، ئاماژەیه بۆ ئه‌و ڕاستییه‌ی كه له ئیسلامدا مه‌ركه‌زیه‌ت بۆ ده‌وڵه‌ت و سیستمی سیاسی نییه، به‌ڵكو مه‌ركه‌زیه‌ت و مه‌رجه‌عیه‌ت بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه، یان ئوممه‌ت به مفهومی ئیسلامی.
سیاسه‌تی شه‌رعی یان شه‌رعیه‌تی سیاسی وه‌ك ئاماژەمان پێدا، له ئیسلامدا شێوه و شێوازێكی دیاریكراو بۆ ده‌وڵه‌ت و سیستمی سیاسی نییه، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه ڕەزامهندیی میلله‌تی له‌سه‌ر بێت و بتوانێت دادپه‌روه‌ری بهێنێته‌دی. بۆ هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجه‌ی سه‌ره‌وه له ڕوانگه‌ی ئیسلامه‌وه، ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر دوو بنه‌مای سه‌ره‌كی داده‌مه‌زرێت:
یه‌كه‌میان: داننان به مه‌رجه‌عیه‌تی ئیسلامی وه‌ك سه‌رچاوه‌ی باڵای یاسادانان.
دووه‌میان: پابه‌ندبوون به شوراوە، واته ڕەزامهندی گه‌ل وه‌ك سه‌رچاوه‌ی شه‌رعیه‌تی سیاسی.
به‌وپێیه ئوممه‌ت (گه‌ل، نه‌ته‌وه، كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی) سه‌رچاوه‌ی شه‌رعیه‌ته بۆ ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ت، ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌یه له ڕوانگه‌ی ئیسلامه‌وه سه‌روه‌ریی سیاسی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌ل و كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی.
كێشه‌ی سه‌ره‌كیی ده‌وڵه‌ت له سه‌رتاسه‌ری مێژووی ئیسلامی‌دا و تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌لانانی بنه‌مای دووه‌م، واته سه‌روه‌ریی گه‌ل له پێدانی شه‌رعیه‌تی سیاسی به ده‌سه‌ڵات و كه‌سانی فهرمانڕەوا.
هه‌رچی پایه‌ی یه‌كه‌میشه (مه‌رجه‌عیه‌تی ئیسلامی له یاسادانان) كورتكراوه‌ته‌وه له جێبه‌جێكردنی سزاكان (الحدود) و پۆشاكی ئافره‌ت و هه‌ندێ ورده مه‌سه‌له‌ی تری ڕواڵه‌تی، ئیتر ئامانجه شه‌رعیه‌كانی ئیسلام له هێنانه‌دی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی له نێوان مرۆڤه‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵات و ڕێزگرتن له كه‌رامه‌تی مرۆڤ و پاراستنی سه‌ر و ماڵیان، خۆشگوزهرانكردنیان له سایه‌ی سیستمێكی سیاسیی عادیلانه‌دا، هه‌موو ئه‌و ئامانجه گرنگ و ژیارییانه خراونه‌ته پشتگوێ، ئه‌م حاڵه‌ته له دوای چوار خه‌لیفه‌كه‌ی ڕاشدین ده‌ستی پێكردووه، به درێژایی مێژووی ده‌وڵه‌ته‌كانی ئه‌مه‌وی، عه‌باسی، عوسمانی و تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، به شێوازی جیاجیا به‌رده‌وامه.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه چه‌مكی (سیاسه‌تی شه‌رعی) جێگای چه‌مكی (شه‌رعیه‌تی سیاسی) گرته‌وه، سیاسه‌تی شه‌رعی چه‌مكێكی فیقهی مێژووییه، له لایه‌ن زانایان و فهقیههكانهوه هێنرایه كایه‌وه، بۆ گونجاندن و به‌راوردكاری كردنی هه‌ڵسوكه‌وت و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردنی خه‌لیفه‌كان و حوكمڕانه مسوڵمانه‌كان له ڕوانگه‌ی بنه‌ما و به‌ها ئیسلامی و شه‌رعیه‌كانه‌وه، له سایه‌ی ئه‌و سیستمه سیاسییه سته‌مكارییه تاكڕەوییهی له دوای سه‌رده‌می ڕاشدین هاته كایه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی زانایان و پێشه‌وایانی ئایینی نا‌ئومێد بوون له ڕاستكردنه‌وه‌ی سیستمی خه‌لافه‌ت و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ سه‌ر ڕێچكه‌ی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای شورا و ڕەزامهندی ئوممه‌ت، به ناچاری كۆڵیاندا له دژایه‌تیكردنی ده‌سه‌ڵاتداران و پشتگیری كردنی شۆڕشه‌كان، به‌ڵكو به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستان، ئه‌وه‌بوو هه‌رجۆره شۆڕش و ههڵسانێكی چه‌كدارانه‌یان ناوزه‌د كرد به (الفتنه) واته ئاژاوه‌گێڕی، له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه پاساوی شه‌رعی درایه ده‌ست خه‌لیفه‌كان بۆ سه‌ركوتكردنی شۆڕشه‌كان و شۆڕشگێڕان به توندترین شێوازی به‌كارهێنانی هێز و داپڵۆسین و زه‌بروزه‌نگ، كه‌واته چه‌مكی سیاسه‌تی شه‌رعی گوزارشته له چه‌مكی مه‌شروعیه‌ت، واته هه‌ڵسوكه‌وت (تصرفات واجراءات)ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پێویسته به‌گوێره‌ی یاسا یان به گوێره‌ی شه‌ریعه‌ت بێت.
هه‌رچی چه‌مكی شه‌رعیه‌تی سیاسییه، زاراوه‌یه‌كی شه‌رعی و ده‌ستوورییه و گوزارشته له چه‌مكی شه‌رعییه‌ت. مه‌به‌ست لێی گونجاندن و ڕاستكردنه‌وه‌ی سیستمی سیاسی و ده‌سه‌ڵاته له‌گه‌ڵ داخوازییه‌كانی بنه‌ما و به‌ها ئیسلامییه‌كاندا له بواری سیاسی‌دا، كه سه‌ره‌كیترینیان بریتییه له شوورا و ڕەزامهندی ئوممه‌ت، كه به ته‌عبیری ئه‌م سه‌رده‌مه بریتییه له بنه‌مای سه‌روه‌ریی سیاسیی گه‌ل.
ئه‌و ڕاستییه نه‌خوازراوه، واته له‌ده‌ستدانی شه‌رعیه‌تی سیاسی بۆ خه‌لیفه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له مێژووی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌دا، له زۆر ڕووداو و چه‌ندین هه‌ڵوێستی ڕێبه‌ران و زانایانی گه‌وره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت. شۆڕشه‌كانی عه‌بدوڵڵای كوڕی زوبێر و حسه‌ین كوڕی ئیمامی عه‌لی، ئامانجی سه‌ره‌كییان گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی سیاسی خه‌لافه‌ت بوو بۆ كۆی مسوڵمانان و ئه‌و ڕێبازه‌ی خه‌لیفه‌كانی ڕاشدین له‌سه‌ری ده‌ڕۆیشتن. هه‌روه‌ك هه‌ڵوێستی زانایانی پایه‌به‌رزی وه‌ك (ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه) كه به گه‌وره‌ترین پێشه‌وایانی چوار مه‌زهه‌به سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌هلی سوننه‌ت داده‌نرێت، كاتێك خه‌لیفه‌ی عه‌باسی (ئه‌بو جه‌عفه‌ری مه‌نسور) داوای لێ ده‌كات پۆستی سه‌رۆكی دادوه‌ران (قاضي القضاة) وه‌ربگرێت، داواكه‌ی ڕەتدهكاتهوهو له‌و پێناوه‌دا دووچاری زیندانیكردن و ئه‌شكه‌نجه ده‌بێته‌وه. كاتێك هاوڕێ و دۆسته‌كانی داوای لێ ده‌كه‌ن داواكارییه‌كه‌ی خه‌لیفه‌ی عه‌باسی ڕەتنهكاتهوه.. له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: ئه‌و داوام لێ بكات ته‌نانه‌ت ده‌رگاكانی كۆشكه‌كه‌شی بۆ بژمێرم، قبوڵی ناكه‌م، چونكه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بڕوام به شه‌رعیه‌تی حوكمڕانییه‌كه‌ی نییه، ئیتر چۆن ئه‌و پۆسته باڵایه‌ی لێ قبوڵ بكه‌م، چونكه قبوڵكردنی ئه‌و پۆسته بۆ زانایه‌كی وه‌ك ئیمام ئه‌بو حه‌نیفه مانای شه‌رعیه‌تدان بوو به ده‌سه‌ڵاتی عه‌بباسییه‌كان، كه له ڕاستیدا به زه‌بری هێز ده‌سه‌ڵاتیان گرتبووه ده‌ست نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای شوورا و ڕەزامهندیی ئوممه‌ت، مانای وایه كێشه‌ی سه‌ره‌كی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له سه‌رده‌می ئه‌مه‌وییه‌كان و عه‌باسییه‌كاندا نه‌بوونی شه‌رعیه‌تی سیاسی بووه، به‌ڵام له ژێر سیاسه‌تی داپڵۆسینی بێڕەحمانهی خه‌لیفه‌كان و سه‌رنه‌كه‌وتنی شۆڕشه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كاندا، به مه‌به‌ستی پاراستنی سه‌قامگیریی وڵات و یه‌كلابوونه‌وه‌ی وزه و تواناكانی میلله‌ت له‌پێناوی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵات و چاككردنی باری گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه‌دا، زانایان و زۆرینه‌ی میلله‌ت به ناچاری چاوپۆشی‌یان له شه‌رعیه‌تی سیاسی كرد‌و خۆیان گونجان له‌گه‌ڵ سیستمی پاشایه‌تی و تاكڕەویی و دیكتاتۆرییه‌تدا.
له‌سه‌ره‌تاوه شه‌رعیه‌تی سیاسی پشتگوێ خرا و چاوپۆشی لێكرا، سه‌ره‌نجام سیاسه‌تی شه‌رعیش هیچ ڕۆڵ و كاریگه‌رییه‌كی بۆ نه‌مایه‌وه. به‌ڵكو سته‌مكاریی سیاسی و گه‌نده‌ڵیی، دواكه‌وتن، هه‌ژاری و نه‌زانین سه‌رتاپای وڵاتانی ئیسلامیی گرته‌وه، كه تا ئه‌مڕۆش به‌داخه‌وه هه‌ر به‌رده‌وامه. هۆكاری سه‌ره‌كی و ئامانجی گه‌وره‌ی شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌كان بۆ كۆتایی هێنانه به‌و كولتووره نادروسته و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ریی سیاسییه بۆ گه‌لانی ناوچه‌كه، ئه‌وه‌ش ده‌بێته ده‌ستپێكی پرۆسه‌ی چاكسازیی ڕیشه‌یی له‌م وڵاتانه‌دا.
سه‌رچاوه : به‌یان پرێس