پلۆرالیزمی دینی و ئیسلام
بەشی دووەم
گشتگرباوەڕی
لە شێوازی مەسیحی بۆچوونی گشتگرباوەڕیدا، لە لایەکەوە، ڕزگاری هەر کەسێک بەشێوەیەکی تایبەت تەنیا گرێدراوی قوربانی بوونی عیسا مەسیح لەسەر خاچە بۆ ئەوەی سزاکان بسڕێتەوە؛ بەڵام لە لایەکی ترەوە ڕزگاربوون تەنیا بۆ مەسیحییەکان نییە و بەڵکوو لە بنەڕەتدا بۆ هەموو مرۆڤەکانە. کەواتە ئەو کەسانەی مەسیحی نین دەتوانن بکەونە ناو ئەو هەرێمەوە کە مەسیحییەکان تیایدا ڕزگار دەبن. لەمەوبەدوا، من زاراوەی گشتگرباوەڕی بەم مانایەی کە باسم لێکرد، بەکار دێنم. بە واتای مۆتەکلیمی [زانای خوداناسی] ناوداری کەسۆلیکی، کارل ڕانێر، ئەو کەسانەی کە مەسیحی نین، دەتوانن تەنانەت بێئەوەی کە خۆیان ئاگایان لێی بێ، “مەسیحییە نەناسراوەکان” بن. ئەم واتایە بۆ زۆربەی ئەو کەسانەی مەسیحی نین مانایەکی ناپەسەندی هەیە و وەک وایە هێرش کرابێتە سەریان و ئەوانیش دەپرسن کە ئایا مەسیحییەکان پێیان خۆشە بەشێوەی موسڵمانانی نەناسراو یان هێندووە نەناسراوەکان پۆلینبەندییان بۆ بکرێت؟ هەڵبەت ئەمڕۆکە گشتگرباوەڕی بێ بەکارهێنانی ئەو زاراوە تایبەتە، تا ڕادەیەکی زۆر هەڵوێستێکە کە لە لایەن مۆتەکەلیمە مەسیحییەکان و ڕێبەرانی کڵێسەوە پەسەند کراوە. گشتگرباوەڕی بۆ ئەوان ئەم قازانجەی هەیە کە لە لایەکەوە لە ناوەندیەتی و بایەخداریەتی تایبەت بە ئەنجیلی مەسیحی بەرگری بکەن و لە لایەکی دیکەوە ئەم بیرۆکەیە ئەم دەرەنجامە قەبوڵنەکراوە لەخۆ ناگرێ کە هەموو ئەو کەسانەی مەسیحی نین دەڕۆنە جەهەننەمەوە.
بەڵام هەر چۆنێک بێت گشتگرباوەڕی هەندێک بابەتی لەخۆ گرتووە کە واتایەکی قەبوڵنەکراوی لای ئێمە هەیە. بۆ ئەوەی باسەکە ڕوون بێتەوە هێمای سیستمی ڕۆژ و ئەستێرە گەڕۆکەکانی دەوری سەیر کەن؛ خودا وەک ئەستێرەی ڕۆژ لە ناوەند و ئایینەکان وەکوو ئەستێرە گەڕۆکەکان بە دەوری ئەم ناوەندەدا دەسووڕێنەوە. بەبڕوای گشتگرباوەڕی گەرما و تیشکی ژیانەوەی ڕۆژ ڕاستەوخۆ دەکەوێتە سەر زەوی، واتە کڵێسەی مەسیحی؛ جا دواتر لە ئاستێکی نزمتردا ئەم تیشکە، ئەستێرە گەڕۆکەکانی تر ڕوون دەکاتەوە. ئەگەر زیاتر حەزتان لەوەیە هێمای ئابوری بەکار بێنن، ئەوا بەمگوێرەیە سامانی فەیز و بەخشینی ئیلاهی ڕاستەوخۆ بۆ کڵێسە دێتە خوارەوە، جا دواتر بەشێوەیەکی تەنەکتر لە نێوان ئیماندارانی ئایینەکانی دیکەدا بڵاو دەبێتەوە. لێرەدا پرسیارێکی جیدی خۆی نیشان دەدا، ئایا کاتێک ئێمە لەسەر زەوییەوە سەیری دۆخەکە دەکەین، لەڕاستیدا دەکرێ ئەم جۆرە تێڕوانینە وەک بابەتێکی ڕاستەقینە لە بارودۆخی مرۆیی سەیر کەین؟
***
بۆ ساتێک دیسانەوە تەنیا لە مەسیحییەت و ئیسلام ورد دەبینەوە. هەر دوو ئایینەکە جەخت دەکەنە سەر ئەم خاڵانە: ڕاستەقینەبوونی خودا، سروشتی بەبەزەیی و بەخشەندەی خودا، عەدالەتی ئیلاهی، یەکبوونی مرۆڤەکان لە پێگەی ئەو بوونەوەرانەی خودا دروستی کردوون، فەرمانی ئیلاهی بۆ ئەوەی ڕاستگۆیانە و بەدڵنەرمییەوە لەگەڵ یەک هەڵسوکەوت بکەین و هەروەها ڕاستی ژیانی پاش مەرگ. هەر دوو ئایینەکە پێداگری لەسەر ڕاستەقینەبوونی خودایەک دەکەنەوە کە لە سەرەوەی جیهانی مادییە و بەرزەجێیە.
با بۆ چرکەیەک لەسەر ئەم خاڵەی دوایی بمێنینەوە. لەڕووی فەلسەفییەوە کاتێک دەڵیین کە خودا لە سەرەوەی جیهانی مادییەوەیە، مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ئێمە شێوازە ناـ ڕاستەقینەکانی (نا ـ ڕیالیست) دینمان ڕەد کردووەتەوە کە پێیان وایە خودا لە دەرەوەی خۆمان بوونێکی سەربەخۆی ڕاستەقینەی نییە و تەنیا ئایدیا یان ئایدیالێک لە مێشکی ئێمەدایە. ئەم جۆرە تێڕوانینە، لە سەدەی نۆزدەیەمدا و بەشێوەیەکی بەهێز لە لایەن لودویگ فۆیەرباخەوە ئاراستە کرا و ئەمرۆکە چەند نووسەرێک وەک هاوڕێی خۆم دان کیوپێت، کە لەباری فەلسەفییەوە وەک ڕەقیبم وایە، لایەنگری لێ دەکەن. لە ڕوانگەیەکەوە ئەگەر ئێمە باوەڕمان بە ڕەوابوونی هیچ کام لە سەلماندنە فەلسەفییەکانی بوونی خودا نەبێ، هەر وەک چۆن من باوەڕم پێیان نییە، هیچ بەڵگەیەک بوونی نییە کە نیشان بدات نا ـ ڕیالیزم لە دیندا هەڵەیە؛ هەڵبەت هیچ بەڵگەیەکیش بۆ سەلماندنی ڕاستبوونەکەی بەدەستەوە نییە. لێرەدا پرسی ڕاستەقینە بریتییە لە پرسێکی زانینناسیانە و لەم ڕوانگەوە سێ بژار دەردەکەوێت: ڕیالیزمی سادە، ڕیالیزمی ڕەخنەگرانە، نا ـ ڕیالیزم یان دژە ـ ڕیالیزم. ڕیالیزمی ڕەخنەگرانە کە لە سەدەی پێشوو و لە لایەن فەیلەسوفە ئەمریکاییەکانەوە پەرەی پێدرا، لە پەیوەندی لەگەڵ دەرکی هەستەکیدایە و بەوگوێرەیە ڕاستییەک لە دەرەوەی مێشکی ئێمە بوونی هەیە، بەڵام ئێمە تەنیا دەتوانین لە ڕێگەی ئەو فۆرمانەوە لێی ئاگا بینیوە کە لەسەر بنەمای توانا ناسینییەکان و هەنبانەی چەمکەکانی خۆمانەوە هەلی بوونیان بۆ ڕەخساوە. هەروەها ئێمە دەبێ لێرەدا ڕێسایەکی متمانەی ڕەخنەگرانە زیا بکەین؛ بەپێی ئەم ڕێسایە متمانە بە ئەزموونەکانمان ژیرانەیە مەگەر ئەوەی ئێمە بەڵگەیەکی باشمان بۆ پێچەوانەکەی بەدەستەوە بێت. من پێموایە کە ئەم ڕێسایە بەشێوەیەکی گونجاو لەبارەی ئەزموونی دینییەوە دەکار دەبێ و بۆ ئەم مەبەستە بە هەمان شێوە ئەو ڕێسایە سەبارەت بە ئەزموونی ناسین لە ڕواڵەتدا بەکار دەبرێت. بەمگوێرەیە، متمانەی ئێمە بە ئەزموونی دینی مرۆیانەمان سەبارەت بە خودا تەواو عاقڵانەیە هەتا ئەو کاتەی لە بەرامبەریدا بەڵگەیەکی باشمان لە لا بێت؛ ئێمە بەشێوەیەکی پێویست، ئەم ڕاستییە ئیلاهییە، لە ڕێگەی ئەو فۆرمانەوە دەناسین کە سەرچاوە چەمکییەکان و ڕاهێنانی ڕۆحانی خۆمانەوە ئیمکانی بوونی دەڕەخسێنن. ئەم ڕوانینە دەکەوێتە نێوان ڕیالیزمی سادە کە بنەماباوەڕی شێوازی دینییەکەیەتی و نا ـ ڕیالیزم یان دژە ـ ڕیالیزم کە هەر جۆرە ڕاستییەکی ئیلاهی و بەرزەجێ (هەرچەند لەناو خۆشیدا هەبێ) لە جیهانی مادیدا ڕەد دەکاتەوە. ئەم بابەتە کورتەی کە لێرەدا کەوتە بەرباس، شیاوی ئەوەیە کە قسەوباسێکی چڕوپڕتری لەبارەوە بکرێت؛ لەڕاستیدا، من لە شوێنێکی دیکەدا و لە کتێبی ڕاڤەیەک سەبارەت بە دین بەوردی لەبارەیەوە دواوم، هەروەها لەم دواییانەدا بژارێکی نوێ لەم کتێبە چاپ بووە و هەروەها ئەم پەرتووکە وەڵامی من بۆ ڕەخنەگرەکانمی لەخۆ گرتووە. ڕێگەم پێ بدەن باس لە بەرهەمی نوێی دان کیوپێت بکەم کە تیایدا بەشێوازێکی فەلسفەی پۆستمۆدێرن بەهێز قسە دەکات، هەرچەند بەلای منەوە ئەم شێوازە ڕێک وەک خۆی قەبوڵ ناکرێ. ئەو لە پێشدا داخوازی لەوە دەکات کە شتێک بەناوی هەقیقەت بوونی نییە. هەقیقەت ئەو شتەیە کە هەر کام لە ئێمە بەردەوام بۆخۆمانی چێ دەکەین؛ هەرچەند ئەو ئەم داخوازییە وەک هەقیقەتێکی بنەمایی دەهێنێتە بەرباس و داوا لە هەموومان دەکا کە پەسەندی بکەین! بە واتایەکی تر، ئەو فەلسەفەکەی خۆی لەبارەی خۆیەوە بەکار ناهێنێت. ئەمە هەمان کێشەیە کە پۆزیتیڤیسمی لۆژیکی بێهێز کرد. بەمگوێرەیە، وا دێتە بەرچاوم کە ناگونجاوییەکی بنەڕەتی لە بڕوای تەواو پۆستمۆدێرنی کیوپێتدا بەدی دەکرێ. ئێمە کاتێک لەم ڕوانگەوە بۆ هەڵوێستێکی پاش پۆستمۆدێن دەڕۆانین، دەبینین کە لە بازنەیەکی تەواودا سووڕاوینەتەوە و بۆ ئەم ڕێسایە گەڕاوینەتەوە کە بەردەوام لە ژیانی ڕۆژەڤدا پێیەوە سەرقاڵین: کاتێک وا دێتە بەرچاو کە شتێک لەوێدایە، قەبوڵی دەکەین لەوێدایە، مەگەر ئەوەی بەڵگەیەکمان بۆ گومانکردن لەو شتە بەشێوەیەکی وەهم یان خەیاڵی خاو بەدەستەوە بێت.
ئێستاکە با بۆ مێژوو بگەڕێینەوە کە جڤاتێکی مەزنی چەند سەد ملیۆنی لە ژنان و پیاوانی لەخۆ گرتووە کە لە ڕووی ناسینی ئێمەوە (مەسیحییەکان و موسڵمانەکان) بەگوێرەی ویستی ئیلاهی نەژیاون. ئێمە هەموومان بێبەش بووین لە بەزیی خودا و پێویستمان بەم بەزەییە هەیە؛ بەڵام ئایا تەواوی ئیماندارانی یەک ئایین، ئەگەر وەک یەک گشت سەیر بکرێن، باشتر یان خراپتر لە ئیماندارانی ئایینێکی دیکەن؟ یان ئایا چاکە و خراپەی خاسخواکان و گوناهکارەکان، هەتا ئاستێک کە دەتوانین دەریبڕین، بەشێوەیەکی یەکسان لەناو دوو ئاییندا پەیدا دەبن؟ من بیر لەم ڕوانگە دواییە دەکەمەوە؛ ئەو شتەی کە منی وەک مەسیحییەک وا لێ کردووە هەتا گریمانەی مەزنایەتی بێوێنەی ئیمانی مەسیحی خۆم ڕەد کەمەوە ئەوەیە کە ئەم دەرەنجامە بەرچاوانە تەنیا بەتایبەتی لە کڵێسەی مەسیحیدا چڕ نەبووەتەوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، کەمتازۆرێک، بەشێوەیەکی یەکسان لە سەرتانسەری جیهان و لەنێوان دینەکان و کولتوورەکانی دیکەشدا بەدی دەکرێ. هەروەها دەکرێ بەڕوونی بۆ ئەم بابەتە بەڵگە بهێندرێتەوە. من تەنیا دەبێژم کە بەرپرسیارەتی سەلماندن یان بەڵگاندن دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسەی کە داخوازی لەوە دەکا پەیڕەوانی دینەکەی ئەو بەشێوەی گشتی و لە ڕووی ئاکاری و مەعنەوەییەوە لە بەراورد لەگەڵ خەڵکانی تر، مرۆڤگەلێکی باشترن. بەڵام ئەگەر بەم شێوە بێ، گشتگرباوەڕی، چ بەشێوازی مەسیحی یان ئیسلامی یان هەر دینێکی تر، ڕاستەقینە نییە و قەبوڵ ناکرێ.
ئایا شێوازی ئیسلامی گشتگرباوڕمان هەیە؟ من وا بۆی دەچم کە دەکرێ بەشێوەیەک لە چەمکی ئەهلی کتێب ورد بینەوە کە وەک گشتگرباوەڕییەک سنووردار سەیر بکرێ؛ چونکە هەقیقەتی کۆتایی و کامڵ لەناو ئیسلامدایە، بەڵام مەسیحییەکان و جولەکەکان لە بەراورد لەگەڵ ئایینە ڕۆژهەڵاتییەکان، واتە بودایی، هێندو، سیک و تائۆئیسم، لە ئیسلام نزیکترن. بەڵام لێرەدا سەرنجی ئێوە بۆ ئەم پرسیارە ڕادەکێشم کە ئایا دەرەنجامە مەعنەوی و ئاکارییەکانی دین بۆ ژیانی مرۆڤ، لەنێوان ئەهلی کتێب و بەبەراورد لەگەڵ بوداییەکان، هیندووەکان و ئەوانی تر باشتر بووە؟ من دەپرسم کە ئایا ئەوان باشترن؟ بۆ موسڵمانەکان، مەسیحییەکان و جوولەکەکان زۆر دژوارە کە ڕوونکردنەوەیەکی تەواو و وشیارانە لە دینە رۆژهەڵاتییەکان بەدەستەوە بدەن؛ بەڵام پێمخۆشە کە ئەم پرسە بۆ ئێوە بەجێبهێڵم کە ڕۆژێک بەرەوڕووی دەبنەوە؛ ڕەنگە ئەو ڕۆژە ئەمڕۆ نەبێ، بەڵام درەنگ یا زوو کاتی دێ.
***
پلۆرالیزمی دینی
هەنووکە باس لە بژاری سێیەم کە پلۆرالیزمی دینییە دەکەین. بە واتایەکی گشتی، پلۆرالیزمی دینی ئەم باوەڕەیە کە هیچ ئایینێک مافی قۆرغکاری هەقیقەت یان ئەو ژیانەی کە بەرەو ڕزگاربوونی مرۆڤ دەڕوات، بەدەستیەوە نییە؛ یان بەگوێرەی بۆچوونی عارفی گەورە، ڕۆمی [مەولانا] کە لەبارەی ئایینەکانی جیهان بەم جۆرە دواوە: چراکان هەرچەند لێک جیاوازن بەڵام تیشکەکەیان یەکسانە. ئەو ڕووناکییە لە مەودایەکی ترەوە دێت.
ڕێگەم پێ بدەن لێرەدا تیشک بخەینە سەر ئەوەی کە مانای ڕزگاربوون چییە. مەبەستی من لە ڕزگاربوون بەشێوەی چەمکێکی گشتی ئەوەیە کە ڕەوتی گۆڕانگاری مرۆیی لەم ژیانەیدا لە فۆرمی خۆ ـ تەوەرییەکی سروشتییەوە بەرەو ئاسۆیەکی نوێ دەڕوات کە خۆی لە ڕاستییەکی ئیلاهی بەرزەجێ (خودا) و ڕێنوینی بۆ هاتنەدی ئەم بابەتە پاش ژیانی ئێستای دەبینێتەوە. من دەمەوێ هەتا شوێنێک دەتوانین باس لەوە بکەین کە وەدیهاتن یان نەهاتنی ئەم پرۆسەی ڕزگاربوونە لەناو هەموو دینە مەزنەکانی جیهاندا یەکسانە. ئێلاهیاتی پلۆرالیستی دینەکان، هەوڵێکە بۆ ئەوەی مانایەک بۆ ئەم دۆخە بدۆزێتەوە.
ئەم هەڵوێستە پلۆرالیستییە لە لایەن چەند بیرمەندێکی جیا و بە چەند شێوەیەکی جیاواز پەرەی سەندووە؛ هەرچەند لەمبارەوە دوو هەڵوێستەی سەرەکی هەیە کە هەرچۆنێک بێ دژ بە یەک نین.
یەکێک لە هەڵوێستەکان بریتییە لەوەی سەرەتا لە دینەکەی خۆمانەوە دەست پێبکەین و جا دواتر لە دەرەوەی ئەو دینە بڕوانین؛ بە مانایەکی دیکە گەڕان لەناو سەرچاوەکانی دینەکەی خۆمان بۆ ئەوەی یەکسانی ڕزگاربوون لەناو دینەکانی دیکەدا بدۆزینەوە، واتە ئەو بابەتانە وەکوو چەند ڕێگایەکی ڕاست و ڕەسەن بۆ ڕزگاری سەیر بکرێن. چونکە لەڕاستیدا هەر نەریتێک لەناو خۆیدا هەڵگری چەند هەڵوێستەیەکی فکرییە کە دەکرێ بۆ گەشەی ڕوانگەی پلۆرالیستی بەکار ببرێن. لێرەدا دەرفەتی ئەوەمان نییە کە ئاماژە بە هەر کام لە هەڵوێستە فکرییانە لەناو هەر کام لە دینە جیهانییەکاندا بکەین؛ بەڵام هەر قورئانخوێنێک لەگەڵ ئەم جۆرە ئایەتانەدا ئاشنایی هەیە: “خۆ ئەگەر خودا بیویستایە، بەدڵناییەوە هەر هەمووتانی دەکردە یەک ئۆممەت. بەڵام ویستی خودا لەسەر ئەوەیە کە سەبارەت بەو شتەی کە بە ئێوەی داوە تاقیتان بکاتەوە. کەوابوو لە چاکەکردندا پێش یەکتر بکەونەوە. گەڕانەوەی هەمووتان بۆ لای خودایە و دواتر سەبارەت بەو شتانەی کە کێشەتان هەبوو بەتەواوی ئاگادارتان دەکاتەوە.” (مائدە: ٤٨) هەروەها چەندین ئایە بە بێ هیچ جیاوازییەک لە هەموو ئەنبیاکان بەدرێژای مێژوو پشتیوانی دەکات؛ هەرچەند کاتێک سەرچاەکانی ئایینێک بۆ تێگەشتنێکی بەربڵاوتر بەکار دەبرێن، تەنیا دەکرێ لەناو ئەو دینە تایبەتەدا و بەوردبوونەوە لە زاراوەکان و پەیڕەوە تایبەتەکانی کەڵکیان لێ وەربگیرێت. هەڵبەت لەم بابەتەدا پێویستمان بەەوە هەیە کە لە ئاستیکی زیاتردا قسەوباسی لەسەر بکەین.
هەڵوێستەیەکی تر کە بۆخۆشم وەک فەیلەسوفێکی دین جێگای سەرنج و وردبوونەوەیە ئەم هەوڵەیە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن دەکرێ دینە جیاکان لەگەڵ هەموو ئەو جیاوازی ئاشکرا و ناکۆکییە بەڵگەنەویستانەی کە لە باوەڕەکانیاندا پێکەوە هەیانە، وەک چەند کۆبەشێکی جیاواز لە باوەڕ و کردەوە سەیر بکرێن کە پەیڕەوەکانیان لەناو هەر کامیاندا ڕزگاریان دەبێ.
کەوابوو ڕێگەم پێ بدەن کە زۆر بەکورتی، هێڵە گشتییەکانی پێشنیارەکەی خۆم ئاراستە بکەم. ڕێگە پێشاندەری من ئەو بابەتەیە کە لەناو هەموو نەریتە گەورەکاندا سەلمێندراوە: ڕاستی کۆتایی لەناو خۆیدا لە دەرەوەی وەسف و تێگەیشتنی مرۆییەوەیە. هەر وەک چۆن مۆتەکەلیمی گەورەی مەسیحی تۆماس ئاکۆیناس وتوویەتی کە “خودا لە سەرەوەی هەر جۆرە توانایەکی عەقڵی ئێمەوەیە.” خودا بوونێکی هەمیشەیی، هەرمان و خۆ ـ هەبووی هەیە کە وەسف ناکرێ، یان بەو جۆرەی کە من پێم باشترە خودا لە سەرەوەی هەر کەتیگۆری و هەر شێوەیەک لە سیستمی چەمکە مرۆییەکانی ئێمەوەیە؛ کەواتە ئێمە لەنێوان خودایەک کە بوونێکی خۆ ـ هەبوو و ناکۆتایی هەیە لەگەڵ خودایەک کە بەشێوەی مرۆیی فام دەکرێ جیاوازی دادەنێین. هەر ئەم بابەتە لەناو بەرهەمەکانی عارفە گەورە مەسیحییەکان وەک مایستر ئێکهارت دەبیندرێت. ئێکهارت لەنێوان خودا وەک ڕاستییەکی کۆتایی و وەسفنەکراو و ئەو خودا ناسراوەی کە لەڕێگەی دەقە پیرۆزەکان و فێرکاری و سیستمی فکری کڵێسەوە دەناسرێت (کە لەسەر بنەمای دەرک و تێگەیشنی زاراوە مرۆییە سنووردارەکانی ئێمەوە فام دەکرێ) جیاوازی داناوە. دەتوانین هەڵاواردنی هاوشێوەی ئەمە لەناو نەریتە گەورەکانی دیکەدا بدۆزینەوە. بیرمەندی جوولەکە ئێبنی مەیمون ئەم بابەتەی وەکوو جیاوازییەک لە نێوان زات و دەرکەوتەکانی (تەجەلییەکانی) خودا باس کردووە. هەروەها چەند خوێندنەوەیەکی دینەکانی بودایی و هێندو سەبارەت بەم جیاوازییە هەیە، هەرچەند لێرەدا دەرفەتی ئەوەمان نییە کە لێیان وردبینەوە.
سەبارەت بە ئیسلام، هەتا شوێنێک من ئاگادار بم ئەم جیاوازییە لەناو بۆچوونی عێرفانیدا خۆی نیشان دەدات. وەسفنەکرانی خودا لە لایەن تاقمێک لە نووسەرەکانەوە باسی لێکراوە. بۆ نموونە خاجە عەبدۆڵڵا ئەنساری لە کاتی نزا و پاڕانەوەدا دەبێژێ: “تۆ لە سەرەوەی ئەو شتەی کە ئێمە بیری لێ دەکەینەوە” یان ” نهێنی و ڕازی بوونی ڕاستەقینەی تۆ بۆ کەس ئاشکرا نابێ” ئێبنی عەرەبی هەر وەک ئێبنی مەیمون لەگەڵ ئەوەیدا کە باس لە پێداویستییەکانی ئەم پرسە دەکات، لەنێوان زاتی ئیلاهی کە وەسف ناکرێ و خودا بەو شێوەیەی کە مرۆڤ دەیناسێت، جیاوازی دادەنێ. ئەو لە کتێبی فصوص الحکم دەبێژێ: “زاتی ئیلاهی، بەچاوپۆشی لەم پەیوەندییانە، ئیتر خودا نییە [واتە ئەگەر ناوەکان و سفەتەکان لە زاتی ئیلاهی بسێنینەوە ئیتر ناکرێ وەک زاتێکی ئیلاهی وەسفی بکەین؛ وەک چۆن سوڵتان لە ئاست ڕەعیەتەکەیدا سوڵتانە و ئەگەر لە ڕەعیەت چاوپۆشی کەین ئیتر سوڵتانبوون مانا نادات]؛ کەواتە ئێمەین کە لەگەڵ عەبودییەتی خۆمان، مەعبودیەتی خودا دەردەخەین [واتە ئەگەر ئێمە لەدایک نەدەبووین، هیچ کاتێک ئەمە دەرنەدەکەوت کە زاتی ئیلاهی خودایە]؛ کەوابوو زاتی ئیلاهی وەک خودا ناناسرێت ئەگەر ئێمە لە عبودیەتی خۆماندا نەناسرێین [هەر بەمگوێرەیە پێغەمبەری ئیسلام فەرموویەتی هەر کەس خۆی ناسی، خوای ناسیوە]. هەروەها دەبێژێ: “بەشێوەی گشتی هەر کەسێک ناچارە کە باوەڕێکی تایبەت بەخۆی سەبارەت بە خودا هەبێ کە لە ڕێگەی باوەڕێکی هاوشێوە بۆ لای خودای خۆی بگەڕێتەوە و خوازیاری گەیشتن بە ئەو بێت. هەر کاتێک بۆ ئەو کەسە هەق لە شێوازی ئەو باوەڕە تایبەتەدا دەربکەوێ، ئەو هەق دەناسێ و دیانی پێدادەنێت و ئەگەر لە دەرەوەی ئەو شێوازەدا هەق دەربکەوێ، ئەوا ڕەدی دەکاتەوە و لەبارەیەوە بە بێئەدەبی هەڵوێست دەگرێ؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو کەسەی خودای لەناو باوەڕی خۆیدا سنووردار کردووە تەنیا باوەڕی بەو شتەیە کە لەناو خۆیدا وەک وەهم و خەیاڵی خودا دایناوە؛ کەوابوو ئەو خودایەی ئەو باوەڕی پێیەتی درووستکراوی [مێشکی] خۆیەتی.”
***
کەواتە جیاوازییەک لەنێوان ئەم بابەتە کۆتاییە وەک ئەوەی وەک خۆیەتی و هەر ئەم ڕاستییە کۆتاییە وەک ئەوەی بۆ ئێمە دەردەکەوێت و لە ڕێگەی مێشکی بچووکی مرۆڤەوە دەرک دەکرێت، بەدی دەکرێ. بەمگوێرەیە، ئاگایی ئێمە لەم بابەتە کۆتاییە، ئاگاییەکی نێڤانجییە کە فۆرمەکەی و لەڕاستیدا فرەیی فۆرمەکانی، لە ڕێگەی بەشداری مرۆیی ئێمە لەو ئاگاییەوە پێک دێت. ئەم ڕێسا ڕیالیستییە ڕەخنەگرانە و بنەڕەتییە کە لە ئاگایی ئێمە لە هەر شتێکدا هەیە، هەمان چالاکی ناسینی ئێمە لەخۆیدایە کە کاریگەری لەسەر ئەو فۆرمە دادەنێت کە ئێمە ئاگایی لەبارەوە پەیدا دەکەین و ئەمڕۆکە لە زانینناسی، دەروونناسی ناسین و لە کۆمەڵناسی زانیندا باس و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێ. هەرچەند زۆر بەباشی چەند سەدەی پێش ئێستا تۆماس ئاکۆیناس باس لەم بابەتە دەکات: “ناسینی شتەکان بۆ ئەو کەسەی دەیەوێ بیانناسێت، پەیوەندی بە دۆخی ناسەرەکەوە هەیە.” لە دەرکی هەستەکی ڕۆژانەدا دۆخی ناسەری مرۆیی لە هەموو جیهاندا وەک یەک وایە؛ بەڵام لە ئاگایی دینیدا، دۆخی بوونی ناسەر بەشێوەیەکی بەرچاو لەنێوان نەریتە ئایینیە جیاکاندا جیاوازە و ئەم ئاگاییە لەناو بارودۆخە مێژوویی و کولتوورییە جیاکاندا بیچم دەگرێ و گەشە دەستێنێت. کەواتە گریمانەی من ئەمەیە کە سەرنجی دینە جیهانییەکان بەرەولای ڕاستییەکی کۆتاییە کە خۆی لە دنیای هزرە جیاوازەکان و لە ڕێگەی فۆرمەکانی ئەزموونەوە و لە شێوازی جیاوازدا دەردەخات. ئەم مۆدێلە بەڕای من باشترین شێوەیەکە کە دەکرێ لە ڕێگەیەوە مانایەک بۆ ئەم بارودۆخە گشتییە دەستەبەر بکەین.
بەدڵنیاییەوە، پلۆرالیزمی دینی شێوازێک لە ڕێژەگەرایی نییە. ئەگەر وا بیربکەینەوە ئەوا خراپ تێگەیشتنێکی بنەڕەتیمان لە ڕێسای ڕیالیستی ڕەخنەگرانە هەبووە کە پێویستی بە پێوەرێک بۆ هەڵاواردن لەنێوان دەرککردن و وەهمدا هەیە. لە بەرامبەردا بەگوێرەی ڕێژەگەرایی هەموو شتێک ڕێگە پێدراوە. دینەکان بۆخۆیان لە بنەڕەتدا هەڵگری چەندین پێوەری ئاکاری وەک یەکن؛ بۆ نموونە بەگوێرەی ئەم پێوەرانە دینەکانی ئیسلام و مەسیحییەت لە لایەکەوە خۆیان لە بزاڤێک وەکوو تاقمی ئۆم شینریکیۆ کە لە ساڵی ١٩٩٥ گازی ژەهراوی سارینی فڕێدایە ناو سیستمی مێترۆی تۆکیۆ یان تاقمەی سۆلار تێمپڵ لە ساڵی ١٩٩٧ لە کەنەدا و یان زۆر دەستە و تاقمەی تر، هەروەها لە لایەکی ترەوە لەگەڵ ئەو خاڵە تاریک و ساتەوەختە ترسناکانەی کە لە مێژووی دینە جیهانیەکان بۆخۆیاندا بەدی دەکرێ، جیا دەکەنەوە.
هەروەها باسێکی تر ئەوەیە کە دەگووترێ پلۆرالیزمی دینی بەرهەمی لیبڕالیزمی ڕۆژئاوای پاش سەردەمی ڕۆشنگەرییە، بەڵام ئەم بۆچوونە هەڵەیەکی ئاشکرایە؛ چونکە بیرۆکەی پلۆرالیزمی سەرەکی چەندین سەدە بەر لە بزاڤی ڕۆشنگەری ئۆروپایی لە سەدەی هەژدەیەم بوونی هەبووە. ئەم بۆچوونە لە لایەن کەسانێک وەک رۆمی [مەولانا] و ئێبنی عەرەبی لە سەدەی سیانزەیەم، هەروەها کەبیر و نانەک و زۆر کەسی تر لە هێندستان و لە سەدەی پانزەیەم ئاراستە کراوە. لەڕاستیدا ئەمە بۆچوونە یاسای ئێمپراتوری بودایی ئاسۆکا لە سەدەی دووی پێش لە زاییندا بووە؛ کەوابوو هەرگیز بەو شێوەیە نییە کە ئاخێزگەی ئەم بۆچوونە لە دنیای رۆژئاوای مۆدێرندا بوو بێت. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕۆژئاوای مۆدێرن ئێستاکە بە ڕۆژهەڵاتی کۆن گەیشتووەتەوە و هەروەها لەڕاستیدا لەناو مەسیحییەت بۆخۆیدا چەندین واتا سەبارەت بە پلۆرالیزمی دینی زۆر پێش لە سەردەمی ڕۆشنگەری بوونی هەبووە. هەر بەمگوێرەیە نیکۆلاسی کاسایی لە سەدەی پانزەیەمدا نووسیویەتی کە “تەنیا یەک ئایین، بە ڕێوڕەسمی جۆربەجۆرەوە، بوونی هەیە.” کەواتە ئەم بیرۆکەیە کە پلۆرالیزمی دینی داهێنانی ڕۆژئاوای مۆدێرنە هەڵەیە و لە نەزانینەوە سەرچاوەی گرتووە.
ماوەی ئەوەم پێ بدەن کە قسەکانی خۆم بە گەڕانەوە بۆ ئەم خاڵە کۆتایی پێ بێنم کە لە سەرەتای قسەکانمدا بەم پرسیارانە دەستم پێ کردبوو: بۆچی ئەم بابەتە گرنگە؟ لەڕاستیدا ئایا ئەم پرسە گرنگە؟ بەڵێ ئەم پرسە گرنگییەکی زۆری هەیە، ئێمە وەک بەشێک لە جڤاتی بەرینی مرۆیی لە جیهانێکدا دەژین کە مرۆڤەکان لەگەڵ خۆیاندا بەشەڕ هاتوون. لە زۆر شوێندا پیاوان، ژنان و تەنانەت منداڵەکان لەو شەڕ و ئاڵۆزیانەدا دەکوژن و دەکوژرێن کە دین هەم ڕەواییان پێ بەخشیون و هەم لەڕووی هەستەوە تۆخیان کردوونەتەوە و هانیان داون. ئەم بابەتە ئەگەری ڕوودانی هەیە، چونکە هەر دینێک بەشێوەی نەریتیی، داخوازی ڕەهابوونی هەیە و پێی وایە کە تەنیا دین و تاقە دینی هەقیقییە. ڕەهاباوەڕەکان دەتوانن بۆ هەموو شتێک پاساو بهێننەوە. ئەمڕۆکە پێداگری کردن لەسەر سەروەری دینەکەی خۆتان بەشێک لەم کێشەیە پێک دێنێت، چونکە چۆن دەکرێ لە نێوان ئەو ڕەهایانەی کە ڕەقیبی یەکترن ئاشتییەکی بەردەوام بوونی هەبێ؟ سەیری ئەم ڕستەیە لەناو پەیڤەکانی هانس گونگ، مۆتەکەلیمی مەسیحی، بکەن “بێ ئاشتی لەنێوان دینە جیهانییەکان، هیچ ئاشتییەک لەنێوان خەڵکی ئەم دنیایەدا چێ نابێ.” هەروەها منیش ئەم بابەتە لێرەدا زیاد دەکەم کە هیچ ئاشتییەکی ڕاستەقینە لەنێوان دینە جیهانییەکاندا بوونی نابێ هەتا ئەو کاتەی هەر کامێکیان ڕوانگەی سەروەرییەکی بێوێنەیان بەسەر دینەکانی دیکەدا هەبێت. دایەلۆگی نێوان دینەکان دەبێ بەشێوەیەکی ڕوو لە زۆری درێژەی هەبێ؛ بەڵام بنەمایەکی قایم و سەقامگیر بۆ ئاشتی تەنیا کاتێک خۆی نیشان دەدات کە ئەم دایەلۆگە بەرەو قەبوڵکردنی دوولایەنەی دینە جیهانییەکان بڕوات کە تیایدا پەیوەندی دینەکان لەگەڵ ڕاستی کۆتایی هەرچەند جیاوازە بەڵام بەبایەخێکی یەکسانەوە سەیر دەکرێن.