موسڵمان له نێوان به‌رهه‌می عه‌قڵ و نه‌قڵدا

دیاری ئاكۆ
مرۆڤه‌كان له پێناو ئه‌وه‌ی ژیانیان له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رخوازی هه‌میشه‌ی و میهره‌بانییه‌كی بێ سنور ڕێكبخرێت، پێوستیان به سیسته‌م و پرۆگرامێكه حوكمیان بكات كه هه‌رگیز دانراوی عه‌قڵی سنوورداری (مه‌حدود)ی خۆیان نه‌بێت، پێویستیان به پرۆگرامێكه كه له‌لایه‌ن بێ سنورێكی له‌وان دادپه‌روه‌رتره‌وه دانرابێت، چونكه ته‌نها ئه‌و بێ سنوره چاكه‌خوازه‌یه پێوستی به هیچ پاداشتێكی چ مادی چ مه‌عنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان نییه و زانایه به غه‌یبیات، لێره‌دا ئاوه‌زی سه‌لیم پێمان ده‌ڵێت: كه خۆی پێویستی به من نه‌بێت ئیدی چ پێوست ده‌كات یاسایه‌ك دابنێت سودلێوه‌رگره‌كه‌ی من بم و هه‌زارانی وه‌ك من زیانبار؟
كه‌چی كاتێك مرۆڤ خۆی یاسا بۆ خۆی داده‌نێت، ئیدی ئه‌وكات یاساگه‌لێكی ناوه‌ڕۆك به به‌رژه‌وه‌ندیخواز و به ڕووخسار دڵسۆزخواز دێنێته به‌رهه‌م، ئه‌مه‌ش سێ زیانی بنه‌ره‌تی ئه‌خلاقی و جیاوازكاری له‌خۆ ده‌گرێت:
یه‌كه‌میان: ته‌نها من و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانم سه‌روه‌ر ده‌بێن.
دووه‌میان: درۆیه‌كی مه‌زنیشه به‌رامبه‌ر به مرۆڤه‌كانی تر كه وه‌ك دڵسۆز یاسا دانراوه به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌كانی خۆمیان بۆ ده‌ڕازێنمه‌وه و پێیان ده‌ڵێم: ئێوه سه‌روه‌رن و سیاده هه‌ر شایسته‌ی ئێوه‌یه!
سێیه‌میان: كۆمه‌ڵگا ده‌كاته پله پله: پله یه‌ك و پله دوو.
ئه‌م جۆره یاسایانه‌ش نه‌ویژدانی مرۆڤی خاوه‌ن كه‌ره‌م و نه‌عه‌قڵی فامكار قبوڵی ناكات وه‌كو یاسایه‌كی ئاوێته بوو به چاكه‌خوزازی دڵسۆزخواز و دادپه‌روه‌رخواز.
له وجودی ئه‌م دونیایه‌دا پێوسته یاساگه‌لێكی نه‌گۆڕ هه‌بن، چ له پاداشت و چ له‌سزا هه‌رگیز نابێت گۆڕانكاریان به‌سه‌ردابێت، جا له هه‌ر سه‌ده‌یه‌كی دوای هاتنی دینی حه‌ق بێت، چونكه مرۆڤه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه و هه‌ر سه‌رده‌مێكی دی ده‌كرێت جه‌سته‌ی ماددیان جیاوازبێت، به‌ڵام هه‌مان هه‌ستی “ته‌نها و ته‌نها خۆمی به‌رژه‌وه‌ندیخواز” هه‌رگیز له‌ناخیاندا ناكوژێته‌وه، جا یاسایه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای “ته‌نها و ته‌نها خۆم “دابنرێت ده‌بێت یه‌كسان بێت به‌چی؟
به‌ڵام كاتێك ده‌ستێكی باڵاتر له مرۆڤه‌كان و ئافرێنه‌ری مرۆڤه‌كان له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه ئه‌م یاسایانه‌یان بۆ داده‌ڕێژێت، ئیدی هه‌ستی “ته‌نها و ته‌نها خۆمی به‌رژه‌وه‌ندیخواز” له‌ده‌رووندا ده‌مێنێته‌وه، ئاوێزان به مافی هیچ یه‌كێك له بونه‌وه‌ران نابێت، به‌ڵكو یاساكان به‌جۆرێك دانراون كه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ فیتره‌ت بكه‌ن و كاریگه‌ری هه‌ستی به‌رژه‌وه‌ندیخوازیش كه‌مبكه‌نه‌وه. ده‌شتوانرێت له‌ڕێی ئه‌و یاسا به‌رزانه‌ی ئافرێنه‌ره‌وه هه‌ستی”ته‌نها و ته‌نها خۆم” بگۆرێت بۆ هه‌ستێكی “چرا ئاسا”، خۆ روونیشه هه‌ستی چرا، سوتانی خۆی بۆ ڕووناكردنه‌وه‌ی ڕێی تۆ.
ده‌پرسین له خاوه‌ن ژیران: ئێوه یاساگه‌لێكی دروستكراوی ده‌ستی سنوركراوێكتان ده‌وێت، یاخود یاساگه‌لێكی ده‌ستی میهره‌بانی بێ سنوری دروستكاری دروستكراوه‌كه‌ی؟
عه‌قڵ و نه‌قڵ له‌م باره‌دا ده‌وریان به‌جۆرێكه: نه‌قڵ داواده‌كات كه یاساكانی دروستكار ببنه یاسای ژیان و سیاسه‌ت، عه‌قڵی ئاده‌میش به‌هۆی سنورداری و په‌ی نه‌بردن به زۆربه‌ی بابه‌ته غه‌یبییه‌كانی نه‌قڵه‌وه ته‌نها به رووخسار بڕیار ده‌دات، دیاره ئه‌م جۆره عه‌قڵانه هه‌مان ئه‌و عه‌قڵانه‌ن كه به‌ر نوری نه‌قڵ نه‌كه‌وتوون. هه‌ركاتێكیش عه‌قڵه‌كان به‌ر نوری نه‌قڵ كه‌وتن و چێژیان له ڕوناكییه‌كه‌یان برد، ئه‌وكات ده‌بنه به‌ڵگه‌ی گه‌وره‌ی نه‌قڵ و ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر فیتره‌ت.
عه‌قڵ و نه‌قڵ دوو هێزن ئه‌گه‌ر تێڕوانینیان له جێ خۆیاندا بۆ بكرێت، به هۆشیارییه‌كی هه‌ڵهێنجراو له ده‌قه‌كانی نه‌قڵه‌وه “عه‌قڵ” به‌كار ببرێت، ده‌بنه گه‌وره‌ترین دوو هێزی ڕزگارگاركه‌ری ئاده‌می، ئه‌وه‌ی كه یاسایه‌كی نه‌گۆڕه ئه‌وه‌یه كه: هه‌رگیز نه‌قڵ و عه‌قڵی سه‌لیم پێچه‌وانه‌ی یه‌كدی نین له هیچ بابه‌تێكدا، چونكه عه‌قڵ به‌ڕێزترین مه‌خلوقی ده‌ستی نێردره‌ری نه‌قڵه، پاشان هه‌ركاتێك له تێڕوانینی عه‌قڵ و نه‌قڵدا بۆ بابه‌تێكی دیاریكراو دژیه‌كێك بینرا ئه‌وا گومان له به‌هه‌ڵه تێروانینی عه‌قڵ ده‌كرێت بۆ بابه‌ته‌كه، خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ها بیربكرێته‌وه كه نه‌قڵ به‌هه‌ڵه‌دا چووه زوو یان دره‌نگ بێت چ له ڕوانگه‌ی حیكمه‌ت و حه‌قیقه‌ته‌وه ئه‌م جۆره باوه‌ڕه به درۆ ده‌خرێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌قڵ فه‌رمووده‌ی نامه‌حدودێكه كه ئافرێنه‌ری عه‌قڵه. له كۆتایدا ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و دژیه‌كه كاتییه به‌هه‌ڵه‌دا چووه پێوسته تێڕوانینی عه‌قڵی مه‌حدود به‌ره‌و تێڕوانینی نه‌قڵی نامه‌حدوود وه‌ربچه‌رخێت، ئه‌وكات هه‌موو شتێك له‌جێ خۆیدا له‌نگه‌ر ده‌گرێت و واقعیشی ده‌بێته به‌ڵگه‌ی له‌نگه‌ر گرتنه ئارامه….