وتار

یاسای بیری ابن خلدون(یاسای ناهاودژیتی ،The law of non-contradiction)

 

ژیلوان طاهر حه مە فرج- قوتابی دکتۆرا – فەلسەفەی مێژوو

ژیار و شارستانیەتی ئیسلامی گەلیک نوسەر و هزرڤانی گەورە و خۆنەویستی تیدا هەڵکەوتووە، یەکێک لەو  گەورە بیرمەندانەی کە ژیاری ئیسلامی پیشکەشی کردین ابن خەلدونە، کە لەم کاتەدا دەربارەی دەنوسریت زیاتر لە ٦سەدەیە چاوی لیکناوە وەچیتر  دەستی ناتوانێت قەلەمە پر بڕشتەکەی بگرێت، بەڵام هیشتا چرایەکی رۆشنە لە یادگەی ئەوانەی دەربارەی (مێژوو، فەلسەفە، کۆمەڵناسی،دەروناسی،پەروەردە،سیاسەت) زانستە کومەڵایەتیاکانی تر دەنووسن و دەخوێنن، کە ئەمەش وادەکات دوان دەربارەی ژیان و بایوگرافیکەی بێتە کارێکی نا پێویست.

ابن خەلدون نوسەرێکی رەچەشکێنی سەردەمەکەی خۆی بووە کە وەک پێشانی خۆی نەیڕوانیوەتە ڕوداوەکانی دەوربەری بەڵکو تیگەشتن و تێڕامانی تایبەت بەخۆی هەبووە دەربارەی ئەو بابەتانەی لەدەوربەری هەن و ڕوودەدەن، ئەمەش دەشێت نهینی مانەوەی بیت لەگەل ئێمە تا روژگاری ئەمڕۆ. خلدون وتەنی کوێرانە پەیڕەوکردنی نەریت و فکر بەو مانایە نییە کە مردووەکان زیندوون، بەڵکو مانای ئەوەیە کە زیندووەکان مردوون.

لە یاسای بیری ابن خەلدوندا لیرەدا تەنها دەمانپەرژێتە سەریاسای[ناهاودژێتی] [non-contradiction], کە یەکێکە لە یاسا بنەڕەتییەکان لە لۆژیکی کلاسیک. ئەرستۆ دەربارەی ئەم یاسایە دەڵیت بەبێ بنەمای ناهاودژێتی نەماندەتوانی هیچ شتێک بزانین کە ئێمە دەیزانین. بە بڕوای ئەرستۆ پرەنسیپی ناهاودژێتی پرەنسیپێکی لێکۆڵینەوەی زانستی و ئیستدلال و پەیوەندییە کە ناتوانین بەبێ ئەو کار بکەین.دەتوانرێت سێ وەشانی بنەمای ناهاودژیتی لە ئەرستۆدا پولێن بکرێت: وەشانی ئۆنتۆلۆژی، وەشانی دوکساستیک و وەشانی سیمانتیک. وەشانی یەکەم پەیوەندی بەو شتانە هەیە کە لە جیهاندا بوونیان هەیە، دووەمیان پەیوەندی بەو شتانە هەیە کە دەتوانین باوەڕمان پێی هەبێت، سێیەمیش پەیوەندی بە جەختکردنەوە و ڕاستییەوە هەیە. ئەرستۆ دەڵێت کە پرەنسیپی ناهاودژێتی یەکێکە لە بەڵگە نەویستە باوەکان(commo axioms)ئەکسیەمی هاوبەشە بۆ هەموو زانستە تایبەتەکان. بابەتێکی دیاریکراوی نییە، بەڵکو هەموو شتێک دەگرێتەوە کە هەیە. بنەمای یەکەمە و هەروەها پتەوترین بنەمای هەمووانە.کێشەی بنەڕەتی ئەوەیە کە لە نێو ئەم وەشانانەدا ئەو وەشانەی ئەرستۆ بە نیازە دایبمەزرێنێت بابەتی مشتومڕە بەجۆریک دەکرێت وەشانی دووەم لەسەر بنەمای یەکەم دامەزرێنێت، یان وەشانی یەکەم لەسەر بنەمای دووەم، یان تەنها وەشانی دووەم. دیارە ئەم نادڵنیاییە پرسی ناهاودژێتی لە فەلسەفەدا تەواو قورس و کێشەدار دەکات.

یاسای ناهاودژێتی گوزارشت لە حەقیقەتی بوون دەکات لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا بە یەک شێوە ، واتا ئەوهەبووە یان ئەرێنیە یاخود نەرێنیە.رونتر، هەرگیز دوشتی هاودژ بەیەکەوە کونابنەوە. یاسای ناهاودژیتی دەڵێت کە هیچ دوو کردارێکی پێچەوانە ناتوانرێت لە یەک کاتدا و لە یەک پەیوەندیدا ئەنجام بدرێت. مەحوی لە هۆنراوەیەکیدا ئێژێ :

لەسەر تۆ دوژمنمە دونیا ، قەزییەم مانع الجمعە

کە تەرکی تۆ نەکەم، تەرکی هەموو دونیا نەکەم، چی بکەم!

لەم پارچە هۆنراوەیەدا، مەحوی باس لە یەکخستنی دوو لایەنی ناکۆک کە خۆشەویستەکەی و دونیایە دەکات، کە ناتوانێ هەردووکیانی لە یەک کاتدا هەبێت بۆ خۆشەویستەکەی دەبێت واز لە دونیا بێنێت یان بۆ دونیا واز لە خۆشەویستەکەی بهینیت. بنەمای نا هاودژیتی پێی وایە کە شتێک ناتوانێت لە هەمان کاتدا بە هەمان شێوە ڕاست بێت یان هەم ناڕاست .واتا هەر شتیک باشبیت پیویستە لەسەرجەم خەسڵەتەکانیدا باش بیت وە بە پێچەوانەشەوە. ابن خەلدون لە تیورە کۆمەلایەتیەکەی کە دەربارەی سەرهەڵدان و پوکانەوەی شارستانیەتە ، شارستانیەت بە هەبوویەکی زیندوو دەچووینیت کە وەک ژیانی هەر زیندەوەریکی تر شارستانیەتیش لە دایک دەبیت و دەمریت. لە شەن و کەوکردنی بەرهەم ونوسینەکانی ابن خلدون بە تایبەتی بەرهەمە دیار و ستایش کراوەکەی موقەدیمە (پیشەکی) بە ڕونی ئەمەبەدیدەکریت کە ابن خلدون کاری بەم یاسایە نەکردووە، زیاتر لەوەش پێچەوانەی یاساکە دەنوسێت . بە تیڕوانینی ابن خەلدون باشی و خراپی و جوانی و ناشرینی بابەتیکی هەندەکییە نەک هەمەکی، هەروەها ابن خەلدون پیوایە دەشێ بابەتیک  لە هەمان کاتداهەم باشبیت هەم خراپ  هەم جوان هەم دزیو، واتا دوو سیفەتی هاودژ دەکریت لە بابەتێک کوببنەوە گرنگ هەلومەرج و ئەو راونگەیەیە کەلێوەی دەڕوانین. تیورە کۆمەلایتیەکەی  بەتەواوی پشگیری ئەوبوچونە دەکات کە ابن خەلدون هاورانیە لەگەل یاسایی ناهاودژیتی.

ابن خلدون لە قوناخی یەکەمی تیورەکەیدا کە باس لە سەرەتاکانی شارستانیەت دەکات کە بە قۆناغی کۆچەری و دەشتەکیش ناسراوە.  لەکاتێک کە باس لە سیفەت وخەسلەتەکانی کومەڵگای دەشتەکی دەکات باس لە سیفەتە دزیوەکانیان دەکات و لە هەمان کاتیشدا باس لەکومەڵێک سیفەتی جوانیان دەکات. ابن خلدون لە باسی دەشتەکیەکاندا دەلێت دەشتەکیەکان شەڕان گێزن و کۆنترۆڵ ناکرێن, بەڵام لە هەمانکاتداخاوەن دڵێکی پاک و چاکن بۆ ابن خەلدون  دەشتەکیەکان چەلەنگ و ئازاو بوێرن کە لەتوانایاندایە بەرگری لە لە خاک و سامانەکەی خویانبکەن لە کاتیکدا کە مەترسیەک بەرۆکیان پیدەگریت، بەهیزی و لاوازیان پەیوەندی هەیە بە بەهیزی و لاوازی دەمارگیریەکەیان. زیاتر لەوەش، ئەوانمروڤی ئامانەت پاریزن و درۆ کردن و سوود خواردن تییاندا کەمە، کەسانی میوان دوستن و بەچاوی خیانەت سەیری میوانەکانیان ناکەن، پەیوەندی کۆمەلایەتی تێیاندا بە هێزە. لێرەدا ابن خەلدون ئەم خەسڵەتانە وەک خەسلەتیکی پوزەتیڤ ئەرێنی دەبینیت کە دەشتەکییەکان خاوەنین. لە هەمانکاتدا، ابن خەلدون کاتی دیتە سەر باسیکردنی سیفەتە دزیوەکانیانباس لە زوڵم و زورداری دەشتەکیەکان دەکات کە هیچ سڵێک لە کوشتن و بڕین ناکەنەوە بەشیکی گەورەی داهات و سامانەکانیان لەسەرهەڵکوتانە سەر خاک و زەوی بەرامبەرە کەیان بەدەست دێنن، پیشەو کاری دەستیان لەلا کاریکی سوک و دزیوە هەر بویە پیشەسازی و زانست تیاندا دواکەوتوە. زیاتر لەوەش ململانیەکانی نیوانیان لەسەر بنەمای هیز یەکلای دەکەنەوە.  ابن خەلدون پیوایە ئەم سیفەتانە نیگەتیف ونەرینین لە دەشتەکیەکاندا.

ابن خەلدون لە تیورەکەیدا لە  قوناغێکدا باس لە شارنشینەکان دەکات کە بەدوا قۆناغی شارستانیەتیش ناویان دێنیت دووبارە کومەڵێک سیفاتیان دەداتە پال كە تەواو ئەوە دەسەلمێنێت ابن خلدون هاوراو سەرسام نیە بە [law of non-contradiction] ناهاودژیتی . ابن خەلدون لەکاتی کە باسی شارنشینەکان دەکات باسی لایەنی پیشکەوتویان دەکات کە پیشەسازی و زانست تیدا دەگاتە ترۆپک ، شارنسینەکان کەسانی داهینەرن دەتوانن بەرهەم زیاتر لە پیویستی خویان بەرهەم بهینن کە ئەمەش دەبیتە هۆی زیاد کردنی داهات ئاستی ژیانی رەفاهیەت و خوشگوزەرانیان دەگاتە ئاستێکی باڵا. شارنشینەکان کەمتر مەیلیان هەیە بو هەڵکوتانە سەر یەکترو شەڕو ئاژاوەو خوێنڕێژی. لەهەمانکتدا ، ابن خەلدون کاتی باس لە شارنشینەکان دەکات لە سیفەتی خراپ نایان بورێت،کە مروڤی لاوازن و بەرگەی نەهامەتی ناگرن و کەسانی ئازا و جه لەنگ نین ، وە پارە و داهاتیان لە کۆمەلیک شتی ناپیویست بەهەدەر دەدەن ، وە درۆکردن بەرژوەند خوازی تیاندا بەرچاوە.

ڕوونە کە نووسەری موقەدیمە ئەو دوو کولتوورەی , کولتووری دەشتەکی و شارنشین نەک تەنیا وەک جیاواز لە بنەڕەتدا، بەڵکو وەک جەمسەرگیری دەبینی،ئەو هەردوو کولتوورەکەی وەک هەڵگری هەندێک جەوهەری بنەڕەتی نیشاندەدا کە هەریەکەیان لە ناو خۆیاندا هەڵگری کۆمەڵێک سیفاتی پێچەوانەن. بە پێی ئەم تیڕوانینەی ابن خلدون بو دەشتەکی و شارنشینەکان هەیەتی کە لەهەمان کاتدا هەم خاوەنی سیفەت و خەسلەتیپۆزەتیڤن (چاکن) وە هەروەها نیگەتیف(خراپ)، ئەوە نیشاندەدات کە ابن خالدون بۆ تیورەکەی خۆی پێرەوی یاسای ناهاودژیتی نەکرد، کە بوچون و تیروانینیکی باوی سەردەمەکەی بوو،لەبری ئەوە هەوڵی داوە بەشیوەیەکی واقعی لە کۆمەڵگا و ئەوروداوانەی تیدا ڕودەدەن بکۆڵیتەوە. لەوەیە زیادەڕەوی و موبالەغە نەبیت ئەگەر بێژین ابن خەلدون  یەکێکە لە ناوە هەرەدیارەکان لە ناو نوسەرە و ڕوشنبیرە ڕەچەشکنەکانی لە سەردەمی خویدا کە نەکەوتە ژێرهەژموونی فکرەی باوی ئەو سەردەمەکەی کە تیدا ژیاوە، لەکاتیکدا جیهان و دونیای ئیسلامی لە ژێرکاریگەری لوژیک و فەلسەفەی کلاسیک بوو وهەروەها سنووریان بو بیرکردنەوە و شیوازی بیرکردنەوە دادەنا، ابن خەلدون دێت و بەو خوێندنەوە بابەتی و زانستیەوردەی کە کۆمەلگا پێ دەپشکنیت دەبیتە جێی سەرنج و ناوی لە ناو هەموو نوسەر و بیرمەندەکاندا بە ڕوناکی دەمێنیتەوە  نەک تەنها لە ناو موسلمانەکان و جیهانی ئیسلامی، بەڵکو لە لایەن ڕۆژئاواییەکانەوە بایەخێکی زۆری پیدەدرێیت و بە دامەزرینەری زانستی کۆمەڵناسی دادەنریت.

Khaldun, I. (1978). The Muqaddimah (F. Rosenthal, Ed.). Routledge & Kegan

Stanford Encyclopaedia of Philosophy . (2019). Aristotle on Non-contradiction. First published Fri Feb 2, 2007; substantive revision Wed Mar 6, 2019.

Tahko, T. (2009). The law of non-contradiction as a metaphysical principle. Australasian Journal of Logic.

Uzoigwe, E. I. E.(2020). Ibuanyidanda and the Principle of Non-Contradiction: A Logico-Metaphysica Discourse of Asouzu’sComplementary Reflection.

Pišev, M. (2019). Anthropological Aspects of Ibn Khaldun’s Muqaddimah: A Critical Examination| Bérose. Un article du dossier documentaire: Ibn Khaldun (1332-1406).

    علي الوردي: منطق ابن خلدون،دار کوفان-لندن، ١٩٩٤.  

       محمد کەمال: لۆژیکی هیگڵ، دەزگای سەردەم، ٢٠٢٢ .                                                

ژیلوان طاهر حه مە فرج

قوتابی دکتۆرا – فەلسەفەی مێژوو

ژیلوان طاهر حه مە فرج

قوتابی دکتۆرا – فەلسەفەی مێژوو

Leave a Reply