وتار

دەرهاویشتەکانی توندوتیژی و چارەسەریيەکان

 

سیروان سەلیم گەرەوەیی

ئەم زاراوەیە ڕۆژ نیە بەرگوێمان نەکەوێ ئەوش بەهۆی زۆربوونی ئەم ڕەفتارەیە، دەتوانین بە دیاردەی ناو ببەین بەجۆرێک سیفەت و تایبەتمەندی دیاردەی وەرگرتووە بەوەی دووبارە دەبێتەوە و لەشوێنی جیا جیا ، لەهەمان کات کێشە و بابەتی زۆربەی کۆڕ و کۆبونەوە سیاسیەکان و سەرکردەکان و پیاوانی ئایینی و ڕۆشنبیرەکانە … هتد . بۆ قسەکردن لەسەر بابەتێک یان چەمکێک لەسەرمان پێوستە بیناسێنین و پێناسەی بکەین، ئەم چەمکە لەڕووی زاراوەی لە دوو وشەی لێکدراو پێک دێت کە (توند) و (تیژی)یە . (توند) لەزمانی کوردی بۆ شتێک ڕەق و پەیت و بەکاردێت ، ووشەی دووەم (تیژ) بۆ تامی بیبەر تون و خێرا ڕۆشتن بەکاردێت ، ئەگەر مانای هەریەک لەمانە لەتەک یەکتر دانێین ئەبێت بە تیژڕەوێکی تۆند و ڕەق، وە لەڕووی واتادارییەوە واتاکەی بەمانای سەختگیرە یان زیادە ڕەوی کردن لەسەپاندنی فکری خۆت و بازووی خۆت بەڕێگای جۆراو جۆرو شەڕ و لەناوبردن و بریندارکردنی ھەستی یەکتر بەدەرون شکاندن و سوککردنی بەرامبەر ئینجا بەوشەیەک بێت یان ڕەفتارێک. وەکو دەزانین هەموو مرۆڤێک چەندین غەریزەی هەیە دوو لەمانەش هەریەکە لە غەریزەى توندوتیژی و نەرمونیانیە ئەم دوو غەریزەیە لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنیان دا، ئەمانیش گەورەتردەبن،ھەرکاتێک مرۆڤ بەتەواوی دەستی دایە غەریزەی توندوتیژی و نەرمونیانی بەلاوە نا ئیدی جیاوازیەکی ئەوتۆى لەگەڵ ئاژەڵی دڕندەی بێ بەزەییدا نیەو ھەرچی غەریزەی شەڕ داوای بکات بۆی جێبەجێ دەکات.

توندوتیژی کاتێک دروست دەبێ کە هەر کەس لەلای خۆیەوە واهەست دەکا حەق لەلای ئەوە و پێی وایە دەبێ هەمووان ملکەچی ئەو شتانەبن کە ئەو بەحەقیان دادەنێ، ئەگەر نا هەوڵ دەدا بە هێز ئەو بیرکردنەوەیەی خۆی بسەپێنێ بەسەر خەڵکدا. توندو تیژی لە ناو خێزانەکاندا دەست پێ دەکات لە توندو تیژی پیاو بەرامبەر هاوسەرەکەی و پێچەوانەکەشی،توندوتیژی دایک و باوک بەرامبەر منداڵەکان تا دەگاتە پانتایى کۆمەڵگا وەک توندوتیژی مامۆستا بەرامبەر قوتابیەکانی یان وەستا بۆ شاگرد و خاوەنکار بۆ کرێکارەکانی تەنانەت لە ڕەفتاری مرۆڤ بەرامبەر ئاژەڵەکان و بەرامبەر سروشت توندوتیژی دەردەکەوێ. تەنیا ژنان و منداڵان ڕووبەڕوی توندوتیژی نابنەوە وەک ئەوەی کە لەئێستادا زۆر بڵاوەو باسی دەکرێ بەڵکو پیاوانیش ڕووبەڕوویان دەبێتەوە تەنانەت دەوڵەتیش ڕوبەڕوی توندوتیژی دەبێتەوە لەلایەن دەوڵەتانی دیکە، توندوتیژی بەرامبەر ئاژەڵانیش وەک بەستنەوەی ئاژەڵەکان و ڕاهێنان پێکردنیان دوور لەسروشتى ژیانیان و دورخستنەوەیان لەسروشتی ئاسایی خۆیان بەتوندوتیژی دژی ئەوان ئەژماردەکرێت. بڕێ جار توندوتیژی بەهۆى پەروەردەوە سەر هەڵدەدات هەر لەسەرەتای تەمەنیەوە دەست پێدەکات بەهۆى یاری منداڵانەوە وەک ڕەفتارەى منداڵێکی بچوکەوە بەرامبەر بە بوکەڵەوە، یان ئەو یارییە ئەلیکتۆرینانەوە کە توندوتیژى لەخۆ دەگرن، یان بەرامبەر بە خوشک و برا بچوکەکەی توندوتیژی بنوێنێ، کە ئەمەش بەهۆی پەروەردەیەکی نادروستەوە سەرچاوە دەگرێ، وەک سەرزەنشت کردن و تەمبێکردنی منداڵ لەلایەن دایک و باوکەوە، یان خوشک و برای گەورەوە، یان دەرنەبرینی خۆشەویستی بۆ منداڵەکە و تێرنەکردنی لایەنی سۆزداری منداڵەکە، یان بەراوردکردنی منداڵ بە هاوڕێکانی وە بەرزنرخاندنی سەرکەوتنەکانی منداڵێک و پشتگوێخستنی سەرکەوتنەکانی منداڵێکی دیکە و بەکەم سەیرکردنی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی توندوتیژی، ئەمەش وادەکا منداڵەکە هەست بە تەمەنی منداڵی نەکات و زووتر بگاتە تەمەنی هەرزەکاری و ڕەوشتی توندوتیژی لەناخی خۆیدا پەروەردە بکا و گەشەی پێ بدا و هەوڵی تۆڵە سەندنەوە بدات بە ڕەفتارێکی توندوتیژ.

بۆیە ئەمەش پێویستە هەر لەو تەمەنە بچوکەوە کۆنترۆڵ بکرێ، ئەگەر نا بە تێپەڕبوونی کات و گەورەبونی منداڵەکە توندوتیژییەکەش گەورە تر دەبێ و لە زیانگەیاندن بە خۆی و دەوروبەری دەگۆڕێ بۆ زیانگەیاندن بە کۆمەڵگا، ئەمەش کۆنترۆڵکردنی کارێکی سەخت و دژوارە. وەک تاکی کورد زۆربەمان لەمنداڵیەوە توندو تیژیمان بەرامبەر کراوە پێش کۆمەڵگا لەناو بنەماڵەکەماندا توندوتیژیمان بەرامبەر کراوە وەک ھاوارکردن بەسەرماندا لەکاتی شکاندنی شتێکی گران بەھا ئەمەش ترسێکی داوەتە دەروونمان و وای لێمان کردووە درۆ لەگەڵ دایک و باوکماندا بکەین ئەمەش لەبری ئەوەی پەروەردەیەکی تەندروستمان بکەن بەر لەشکاندنی شتەکان کە دەبێت ئادابی ژیانمان فێربکەن لەبچوکترین شتەوە تا گەورەترین ئادابی ڕەوشت،یاخود لەڕێزمان دراوە بەھۆی ئەوەی ئەرکەکانمان بەباشی جێبەجێ نەکردووە وەک ئەرکی خوێندنی قوتابخانە لەبڕی ئەوەی بڵێن دوای خوێندنی ئەرکەکانی ڕۆژانەی قوتابخانەت نیازی چ کارێکت ھەیە بکەیت؟ دەڵێن: بۆچی ئەرکەکانی ڕۆژانەت بەباشی جێبەجێ ناکەیت بۆچی دائیمە تۆ کەمتەرخەمی لەکارەکانت!. بۆیە دەڵێم پێش ئەوەی دەست بکەین بە پەروەردەکردنی منداڵەکانمان پێویستە پەروەردەی دایکان و باوکان چاک بکرێت و فێری درۆکردن لەگەڵ خۆیاندا نەبن و لەکاتی بینینی ڕاستگۆیی منداڵەکانیان دا پاداشتیان بکەن، نەک بەشتێکی کەم سەیربکرێن!، وە خۆشەویستی بەمنداڵەکانیان بدەن و لێبوردەبن بەرامبەریان، بەڵێ توندوتیژی ھەر لە منداڵیەوە دەکرێ، بەڵام ھەر لەو تەمەنەوە ناوەستێت لە تەمەنی گەنجیشدا تاکی کۆمەڵگا ڕووبەڕووی چەندین توندوتیژی دەبێتەوە، توندوتیژی دەزگای حکومەت بۆ نمونە دانەمەزراندنی گەنجێک کە ١٦ ساڵە بەخاڵيی و پڕی گیرفانی ھەوڵ و تێکۆشانی بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەی کردووەو لەکۆتاییدا دەست بەتاڵی دەست دەکەوێت و لەوشەی ھیچدا خۆی دەدۆزێتەوە، یاخود گەنجێکی کاسبی لە بەرەبەیاندا دێتە سەرشەقام لەسەر کردنی بچوکترین ھەڵە وەستاکەی لەڕێزو شکۆی ئەو گەنجەدەداو کەسایەتی لاوازو بێ ھێزو بێ ویست دەکات بەمەش کۆمەڵگا ھەم گەنجی ھیچی دەست دەکەوت ھەم مرۆڤی بێ ویست و کەسایەتی لاوازی دەست دەکەوێت.

توندوتیژی دوو جۆری سەرەکی هەیە کە ئەوانیش توندوتیژی ماددی و توندوتیژی دەروونییە. یەکەم: توندوتیژی ماددی ئەو توندوتیژیەیە کە بە شێوەیەکی ئاشکرا هەستی پێدەکرێ ودەبینرێ وەک (شەڕ،هەڕەشەکردن و ترساندنی کەسێک بەشتێک،ئازارو ئەشکەنجەدانی کەسێک،کوشتن و …….)، ئەمانە توندوتیژی ماددین.

دووەم: توندوتیژی دەروونی ئەم جۆرەیان کاریگەری نێگەتیڤ لەسەر لایەنی ڕۆحی و ناخی کەسەکە دروست ئەکا وەک شکاندنی کەڕامەت و سوکایەتی پێکردن، بریندار کردنی هەست و سۆز، بردنی ئابڕو شەرەف، کە ببێتە هۆی تێکدانی لایەنی رۆحی کەسەکە ئەوا توندوتیژی دەرونییە. وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا توند و تیژى دوو جۆرى سەرەکى هەیە ئەم دوو جۆرە دابەش دەبن بەسەر شێواز و کۆمەلەى تر ، وەک شیوازەکانى توند وتێژى کە خۆى توند و تیژى سێکسى ، توند و تیژى جەستەى،توند و تیژى دەروونى، توند و تیژى دەربڕین یان ئاخاوتن، توندو تیژى تەندروستى، توند و تیژى یاسایى، توند و تیژى سیاسى، توندوتیژى ئابوورى، توند و تیژى ئایینى و مەزهەبى).

لەخوارەوە تیشکێکى کورت دەخەینە سەر هەریەک لەمانە: 1. توندوتیژى سێکسى: هەموو ئەو ڕەفتارە سێکسیانەیە کە ڕوبەڕوی کەسێک دەبنەوە بە بێ ویست و ڕەزامەندی خۆی جا ئەو ڕەفتارە بەرامبەر ژن یان پیاو یان منداڵ ئەنجام بدرێ هەر توندوتیژییە.
2. توندوتیژى جەستەى: ئەو جۆرە توندوتیژیەیە کە هەمووان دانی پێدا دەنێن کە دەبێتە هۆی ئازاردان و زیان گەیاندن بەجەستەی کەسێک،وەک لێدان و پیاکێشان و رژاندنی تێزاب بە روخساری خەڵکدا..

3. توندوتیژى دەروونى: ئەو رەفتارە توندانەیە کە سەلامەتی دەرونی کەسێک دەخەنە مەترسیەوە،وەک هاوار کردن بەسەر مندالێکدا یان هەڕەشەی جیابونەوە لە هاوسەر یان هەڕەشەی سزادانی قوتابی لەلایەن مامۆستاکەی..
4. توند و تیژى دەربڕین یان ئاخاوتن: دەربڕینی ئەو فیکرو ڕاو سەرنجانەیە کە لە دڵ و عەقڵی کەسێکدایە و دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە تاک یان کۆمەڵگا.

5. توندو تیژى تەندروستى: بریتییە لە دابین نەکردنی پێداویستی بۆ نەخۆشخانەکان و نەبونی دەرمان و کەل وپەلی پێویست بۆیان کەئەمەش لە گرنگی و بایەخی نەخۆشخانەکان لەلایەن هاوڵاتیانەوە کەم دەکاتەوە و ئەبێتە هۆی ڕوخانی دامودەزگا تەندروستییە حکومییەکان.
6. توند و تیژى یاسایى: یاسایی هەر وڵاتێک پێویستە لەگەڵ کلتور و ئاینی زۆرینە ڕێکبخرێ و مافی کەمینەش پارێزراو بێت ئەگەر پێچەوانەی ئەمە رویدا ئەوا توندوتیژی قانونی دروست دەبێ.

7. توند و تیژى سیاسى: سەختگیرکردن بەرامبەر بیروڕای ئازاد و نەبوونی ڕادەربڕینی ئازاد لەسیاسەتکردندا.
8. توندوتیژى ئابوورى: بریتییە لە ڕێگریکردن لەبەدەست هێنانی بڕە پارەیەک بۆ ژیانکردن و خۆشگوزەرانی تاکەکان جا ئەو ڕێگرییە لەلایەن دەسەڵاتەوە بێت وەک نەدانی موچە یان کەمکردنەوەی بە فەرمانبەران،،یان لەلایەن پیاوەوە بێت بە دابین نەکردنی لایەنی ئابوری بۆ خێزانەکەی یانیش لەلایەن خاوەنکارەوە بێت بۆ کرێکارەکان.

9. توندوتیژی ئاینی و مەزهەبی: هەر جۆرە ڕەفتارێک دژی ئاینەکان و سەرکوتکردنیان لەلایەن ئەوکەسانەی کە هاوفیکریان نین و سوکایەتی کردن بە پیرۆزییەکان بە توندوتیژی دادەنرێ و بەزۆر سەپاندنی ئاین بەسەر خەڵکدا توندوتیژییە زانایانى دەرووناسى و کۆمەلناسى توندوتیژى چەند جۆرێکى تر لە توندوتیژیان پۆلین کردووە، تاکو لەکاتى خستنە چوارچیوەى یاساى و بۆ زیاتر چارەسەرکردنى بە ئاسانى جۆرەکانى بناسرینەوە و دیارى بکرێن کە بریتین لەمانە (توندوتیژى خێزانى، توندوتیژى بەرامبەر ئافرەتان، توندوتیژى بەرامبەر مندالان، توندوتیژى بەرامبەر بە سالاچووان، توندوتیژى بەرامبەر ژینگە، توندوتیژی دژی ئاژەڵ و باڵندەکان) بۆ زیاتر ئاشنابوون بەم جۆرانە لەخوارەوە بەکورتى تیشک دەخەینەسەر هەریەک لەمانە:

١- توندوتیژی خێزانی: توندوتیژی خێزانی بەو توندوتیژیانە دەوترێ کە لە لایەن تاکێکی خێزانەوە بەرامبەر کەسێکی دیکەی خێزانەکە ئەنجام دەدرێ.
٢- توندوتیژی دژی ئافرەتان:هەموو ئەو رەفتارە توندانەیە کە دەبێتە هۆی ئازاردانی جەستەیی و دەرونی بۆ ئافرەتەکە وەک دەستدریژی سێکسی.
٣- توندوتیژی دژی منداڵان:هەموو ئەو رەوشتانەیە کە دەبنە هۆی ئازاردان و زیان گەیاندن، یا خراپیی رەفتارکردن بەرانبەر بە منداڵان .. یا دەستدرێژیی سێکسی و هەست بریندارکردن، کە دەبنە هۆکاری ئازاری جەستەیی و دەروونیی منداڵان ..
٤-توندوتیژی دژی ساڵمەندان (بەسالاچوان):هەر جۆرە بەد ڕەفتاریەک لەلایەنی جەستە و دەرون و سێکس و ئابوری و ئیهمالکردنیان لەدوای تەمەنی 65 ساڵی بە توندوتیژی دادەنرێ
5. توندوتیژی بەرامبەر ژینگە: بریتییە لە زیانگەیاندن بە سروشتی دارستانەکان وەک بڕینەوە و سوتاندنی دارەکان و لەناوبردنی ئاژەڵەکان، هەروەها پیسکردنی ژینگە لەلایەن هاوڵاتیان و کارگەکان کەدەبنە هۆی پیس کردنی هەوا ئەمانە هەموو بە توندوتیژی دژی ژینگە هەژمار دەکرێن.
6.توندوتیژی دژی ئاژەڵ و باڵندەکان: بریتییە لە زیندانی کردن و دوورخستنەوەیان لە سروشت و دارستانەکان و بەباشی خزمەت نەکردن و دابین نەکردنی خواردنی تەندروست بۆیان.

دەروونناسان لەو باوەڕەیان زۆربەی ئەو توندوتیژیانە لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجام ئەدرێ کە خۆیان پێشتر ڕووبەرووی ئەو توندوتیژیانە بونەتەوە جا لەتەمەنی مناڵی یان هەرزەکاری و گەنجی بێت بۆ چارەسەرکردن و نەهێشتنی توندو تیژی پێویستە هۆکاری توندوتیژییەکە بزانرێ لەگەڵ زانینی هۆکاری توندوتیژییەکە چارەسەرەکەش ئاسان دەبێت. بۆ نمونە کاتێک منداڵێک هەڵسوکەتی توندوتیژ بەرامبەر بوکەڵەو یارییەکانی دەکا مانای وایە هەمان هەڵسوکەوت بەرامبەر خۆی ئەنجامدراوە و ئەو ڕقەی لەدڵی مندالەکە دروست کردووە و بۆ تۆڵە سەندنەوەش دەسەڵاتی تەنیا بەسەر بوکەڵەکانیدا ئەشکێ، بۆیە پێویستە وەک چۆن دەمانەوێت مناڵەکانمان بە جوانی و نەرم ونیانی ڕەفتار بکەن خۆشمان بەهەمان ئەو شێوەیە ڕەفتاریان لەگەڵ بکەین. وەک کاتێک کە بەدایک و باوکێکیان وت چۆن بە مناڵەکەتان وتووە بخوێنێتەوە؟ ئەوانیش دەڵێن ئێمە هیچمان پێ نەگوتووە بەڵکو منداڵ چی ببینێت ئەوە دەکات.

بۆیە پێویستە دیمەنێکی جوان و ژینگەیەکی پڕ لەخۆشەویستی و ئاشتی بۆ مناڵەکانمان فەراهەم بکەین تا ئەوانیش گەشەیەکی تەندروست و دەرونێکی ئارامیان هەبێ و خۆشەویستی بەدەوروبەریان ببەخشنەوە. ئەو گەنجانەی کە خوێندن تەواو ئەکەن و هیچ هەلی کارێکیان دەست ناکەوێ و ژیانیان دەوەستێ و ڕقیان بۆ دروست ئەبێ، لایەنی ئابوری و کۆمەڵایەتی و دەروونیش کاریگەری گەورەیان لەسەر دروست دەکاو تۆوی توندوتیژی لەناخیاندا سەرهەڵئەدا وایان لێ دێ ڕەشبین ئەبن بەرامبەر ژیان و لەکۆمەڵگادا ڕۆڵێکی سلبی دەبینن، کاتێک کە دەیانەوێ ژیانی هاوسەرگیری پێک بهێنن و توانای ئەوەیان نییە، هەندێ کات دەست بە توندوتیژی سێکسی و دەستدرێژی دەکەن، ئەمەش کۆمەڵێک توندوتیژی دیکەی لێ ئەکەوێتەوە و وا دەکا بناغەی وڵاتێکی لاواز دروست بکەن، چونکە گەنج گرنگترین پایەیە لە پێکهێنانی دەوڵەت دا و پێویستە لە هەموو ڕوویەکەوە تێر بکرێن و لایەنی دەروونیان ڕێکبخرێ بۆ ئەمەش لەخێزان زیاتر پێویستیان بەدەسەڵاتە تا هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنێ و توانای گەنجەکان لەشتی بە سووددا ڕەنگ بداتەوە نەک بەتوندوتیژی دەری ببڕن.

لە ئەنجامدا ئەو تۆوەی دەسەڵات دەیچێنێ دواتر هەر خۆی لەبەرەکەی سودمەند ئەبێ و دەوڵەتێک بە بناغەیەکی تۆکمەتر بەرهەم ئەهێنێت. بەھیچ ڕێگەیەک ناتوانرێت توند و تیژی لەکۆمەڵگادا بنبڕ بکرێت بەڵام ئەتوانرێت نەوەیەکی نوێ بەرھەم بھێنرێت دوور لە توندو تیژی بە پڕۆگڕامێکی تازەی خێزانی و پەروەردەیی تەندروست. ئەمەش وا دەکا لەداهاتوودا بەڕێژەیەکی بەرچاو توندوتیژی کەم بێتەوە لەکۆمەلگادا و ئارامی و ئاسودەیی باڵ بکێشێت بەسەر کۆمەڵگاد

سەنتەری زەھاوی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply