زانستی نوێ سەلماندی: “گشت مرۆڤەکان تەنها لە دوو کەسن”
نووسينى: لێى ماکمانۆس*
وهرگێڕانى: د. ئازاد عەلی ئیسماعیل
زانایان دەڵێن: گشت مرۆڤە هاوچەرخەکان تەنها لە یەک جووت مرۆڤ هاتوونە دونیاوە، کە لە نێوان ١٠٠ تا ٢٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا ژیاون. زانایان هەڵسان بە ڕووماڵکردنى (بارکۆدى) بۆماوەیى بۆ پێنج ملیۆن ئاژەڵ، کە مرۆڤیشى تێدا بوو، کە لە ١٠٠ هەزار جۆرى جیاواز پێک هاتبوون وگەیشتنە ئەو دەرەنجامەى، کە ئێمە لە یەک جووت مرۆڤى پێگەیشتوو سەرمانهەڵداوە، دواى ئەوەى ڕووداوێکى کارەسات زۆربەى هەرەزۆرى رەچەڵکى مرۆڤى لەناو بردووە.
ئەم بارکۆدانە، یان پارچە وردانەى DNA، کە لە دەرەوەى ناوکى خانە زیندووەکان هەن، ئاماژە بەوە دەکەن کە نەک تەنها مرۆڤ لە یەک جووت بوونەوەر هاتوون، بەڵکو نۆ لە دە لە جۆرەکانى ئاژەڵانیش بە هەمان شێوەن.
ستۆکل Stoeckle وثێلەر Thaler ئەو دوو زانایە بوون، کە تۆژەرى سەرەکى بوون لەم لێکۆڵینەوەیە، گەیشتنە ئەو دەرەنجامەى کە لە سەدا نۆوەد لە گشت ئاژەڵەکان، کە ئێستا زیندوون لە دایک و باوکێک هاتوون، کە تا ڕادەیەک لە هەمان کاتدا دەستیان بە زاوزێ کردووە، کەمتر لە ٢٥٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا، ئەوەش گومان دەخاتە سەر شێوازەکانى پەرەسەندنى مرۆڤ.
ثێلەر دان بەوە دا دەنێ کە: (ئەم دەرەنجامە زۆر سەرسوڕهێنەرە وبە هەموو توانایەکم هەوڵم دا دژى بجەنگێم). ئەم ڕاپۆرتە تازەیە بەشێکى وەرگیراوە لەو ئەنجامە نائاساییانەى کە زانکۆى ڕۆکفێلەر وزانکۆى بازل پێى گەیشتوون سەبارەت بە پەرەسەندنى مرۆڤ. ئەم تۆژینەوەیە بە سەرکردایەتى تۆژەرى هاوبەش مارک ستۆکل ودێڤید ثێلەر لە زانکۆى بازل لە سویسرا. ئەم دوو تۆژەرە گەڕان لە ناو (زانیارییەکى زۆر) کە داتابەیسێکى بۆماوەیى کە لەسەر ئاستى جیهان بەخێرایى گەشە دەکات وپێداچوونەوەیان کرد بە تۆژینەوەیەکى زۆر سەبارەت بە بیردۆزى پەرەسەندن، کە هی داروین یەکێکیانە.
دکتۆر ستۆکل دەڵێت: لەو کاتەدا کە مرۆڤەکان جەختێکى زۆر لەسەر جیاوازى تاک و گروپەکان دەکەن، پێدەچێ پێویست بێت کاتێکى زیاتر بەسەر ببەین لە وردبوونەوە لەو ڕێگایانەى کە ئێمەى مرۆڤ وگشت جیهانى ئاژەڵ، لە یەک دەچن.
ئەم دەرەنجامانە بەشێکى گرنگى ئەو مەتەڵەیان ڕوون کردەوە، کە بۆچى؟ بۆ ئەوەى ژیانى مرۆڤ سەرلە نوێ دەست پێ بکاتەوە پێویستمان بە تا ڕادەیەک کاتێکى کورت بوو، بە تایبەتى لەو کاتەوە، کە دوا لەناوچوونە کە دەزانین لەناوچوونى دایناسورەکان بوو ٦٥ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا.
ئەمەش ئەگەرى بوونى پرۆسەیەکى ناوەکى پەرەسەندنى مرۆڤ دێنێتە ئاراوە کە ئێمە تێک دەچین ودەمرین، وپێویست دەکات لە سفرەوە دەست پێ بکەین. ئەوەى مایەى سەرسوڕمانە ئەوەیە کە ئێمە نەک تەنها هاوشێوەى مرۆڤەکانى ترین، بەڵکو هاوشێوەى جۆرەکانى تریشین. جێسى ئۆسۆبێل، بەڕێوەبەرى بەرنامەى ژینگەى مرۆڤ لە زانکۆى ڕۆکێفێلەر دەڵێت: (ئەگەر کەسێک لە هەسارەى مەریخ دابەزێتە سەر زەوى وکۆمەڵێک کۆتر ببینێت وکۆمەڵێک مرۆڤ، یەکێکیان لەوى تریان جیاوازتر نابینێت بە پێى پێوەرە سەرەکییەکانى مایتۆکۆندریا لە DNA). لە درێژەى قسەکانیدا، دکتۆر ستۆکل دەڵێت: (کەلتور، ئەزموونى ژیان وشتى تر، وا دەکات کە خەڵک زۆر لە یەکتر جیاواز بن لە ڕووى بنەماى بایۆلۆجییەوە ئێمە وەک باڵندەین).
مایتۆکۆندریاى DNA، کە لەم تۆژینەوەیە پشکنینى بۆ کرا ئەوە بوو، کە کام لە دایکەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکى تر گوازراوەتەوە، کە ئەمەش نەبوونى تایبەتمەندى مرۆڤ پیشان دەدات. دکتۆر ستۆکل دەڵێت: (لەوانەیە بیرمان لەوە کردبێتەوە کە، بە هۆى زۆرى ژمارەى دانیشتوان ودابەشبوونى فرەوانى جوگرافی، مرۆڤەکان زیاتر جیاوازى بۆماوەییان هەبێت بە بەراورد بە جۆرەکانى ترى ئاژەڵان. بە لایەنى کەمەوە، سەبارەت بە مایتۆکۆندریاى DNA، وادیارە کە مرۆڤەکان لە ڕووى جیاوازى بۆماوەیی لە نێوان نزم تا مامناوەندن.
هەندێ لایەنى ئایینى بە هەڵە لەم تۆژینەوەیە تێگەیشتبوون، پێیان وابوو ماناى ئەوەیە، کە ئێمە هاتووینەتە بوون بە شێوەى تەقینەوەیەکى مەزن لە ڕووى زاوزێییەوە نزیکەى ١٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا، بەڵام لە ڕاستیدا ئەنجامەکان ئاماژە بەمە ناکەن. ئەنجامەکانى تۆژینەوەى ستۆکل وثێلەر ئاماژە بەوە دەدەن، کە جۆرى ئێمە پێویست بوو خۆى تازە بکاتەوە زیاتر لەوەى، کە پێشتر بیرمان لێى کردبۆوە، ئەوەش بە هەماهەنگى لەگەل گشت ئاژەڵەکانى تر.
* وتارهكه لە سایتى ( Mailonline )، ٢٤/١١/٢٠١٩، بڵاوکراوەتەوه.