هەواڵ

ڕا و ڕاڤەى زانايان سەبارەت بە فەرمودەى“ بەستنەوەى شەيتانەكان لە مانگى پيرۆزى ڕەمەزان”

لەگەڵ هاتنى مانگى پيرۆزى (ڕەمەزان) مشت و مڕ دێتە ئاراوە دەربارەى فەرمودەى: «وَصُفِّدَتِ الشَّيَاطِينُ / شەيتانەكان دەبەسترێنەوە». ئێمەش لێرەدا ئەوەندەى بتوانين بە كۆمەكى خودا، تێگەييشتنى زانايانى پێشين لەو بارەيەوە دەخەينە ڕوو، وە تەم و مژەكانى لە چەند بڕگەيەكدا دەڕەوێنينەوە.

بڕگەى يەكەم

دەق و واتاى فەرموەدەكە

ياوەرى بەڕێز (ئەبو هورەيرە، خودا لێي ڕازى بێت) دەفەرموێت: پێغەمبەر (درودى خواى لەسەر بێت) فەرمويەتى: «إِذَا جَاءَ رَمَضَانُ فُتِّحَتْ أَبْوَابُ الْجَنَّةِ وَغُلِّقَتْ أَبْوَابُ النَّارِ وَصُفِّدَتِ الشَّيَاطِينُ». واتە: كاتێك مانگى (ڕەمەزان) دێت، درگاكانى بەهەشت دەكرێنەوە و درگاكانى دۆزەخ دادەخرێن، وە شەيتانەكان كۆت و بەند دەكرێن.

بڕگەى دووەم

پلەى فەرمودەكە

فەرمودەكە پێشەوا (موسليم) لە (باب فَضْلِ شَهْرِ رَمَضَانَ) بە ژمارە (٢٥٤٧) هێناويەتى، كەواتە فەرمودەيەكي دروست و دامەزراوە. وە لە ريوايەتێكيتردا بە گوزارشتى «وَسُلْسِلَتِ الشَّيَاطِينُ» هاتووە.

بڕگەى سێيەم

بۆچونى زانيان لەسەر واتاى فەرمودەكە

زانايان دەربارەى واتاى فەرمودەكە چەند بۆچونێكى جياوازيان هەيە، كە لە ژێر چەترى واتاى هەقيقي و مەجازيدا كۆيان كردۆتەوە، هەندێكيان واتا حەقيقييەكەى پەسند دەكەن و، دەڵێن: درگاكانى بەهەشت دەكرێنەوە و درگاكانى دۆزەخ دادەخرێن و شەيتانەكان كۆت دەكرێن و دەبەسترێنەوە.

هەندێكي ديكەش بە واتا مەجازييەكەى لێكى دەدەنەوە و، دەڵێن: مەبەست لە كردنەوەى درگاكانى بەهەشت ئەنجامدانى كارى خێر و چاكەي زۆرە، كە هۆكارى چونە ناو بەهەشت و دووركەوتنەوەيە لە ئاگرى دۆزەخ .

لە ژێر ڕۆشنايي ئەم واتا حەقيقي و مەجازييەدا، واتا جۆربەجۆرەكانى فەرمودەكە ورد دەكەينەوە و، بەم جۆرە دەيانخەينە ڕوو:

١ـ هەندێك لە زانايان پێيان وايە: كۆت و بەندكردنى شەيتانەكان تايبەت بووە بە سەردەمى پێغەمبەرەوە و بەس، تەنها ئەو شەيتانانەيشى گرتۆتەوە كە بە دزييەوە گوێيان بۆ قورئانى پيرۆز گرتووە لە كاتى دابەزينيدا. ئەمەش بۆچوونى پێشەوا (حولەيمى)يە .

٢ـ هەندێكى ديكە دەفەرموون: مەبەست لە بەستنەوەى شەيتانەكان ئەوەيە بڕواداران بە هۆي سەرقاڵبوونيان بە خواپەرستي و فەرمانبەردارييەوە، بە تايبەتيش ڕۆژووگرتن، ئارەزوويان دەشكێت و دەروونيان دادەمەزرێت، بەمەش سەلامەت دەبن لە فريوخواردنى شەيتانەكان، تاكو وايان لێ دێت وەك ئەوەى بەسترابنەوە .

٣ـ زانايانێكى ديكە دەفەرموون: هەندێك لە شەيتانەكان دەبەسترێنەوە نەك هەموويان (ئەوانيش مەرەدەكانن.

٤ـ پێشەوا (ئيبن عەبدولبەڕ) دەفەرموێت: واتاى فەرمودەكە ئەوەيە خواى گەورە گشت مسوڵمانان ياخود زۆرينەيان بە شێوەيەكى گشتى لە مانگى ڕەمەزاندا لە گوناه و تاوان دەپارێزێت زياد لە هەر مانگ و كاتێكي ديكە .

٥ـ ژمارەيەكي ديكە دەفەرموون: خواى گەورە شەيتانەكان لەو ڕۆژووەوانە كۆت و بەند دەكات كە مافى تەواوى ڕۆژووەكەيان دەدەن و هەموو واتاكانى بە ڕۆژووبوون لە خۆياندا بەرجەستە دەكەن، نەك ئەوەى هەر كەسێك بە ڕۆژوو بوو وا بزانێت هەرگيز شەيتان لێي نزيك نابێتەوە .

٦ـ هەندێكيش بۆچوونيان وايە: بەستنەوەى شەيتانەكان بەو واتايە نييە هيچ خراپە و شەڕێك ڕوو نەدات؛ چونكە بەدەر لە شەيتانەكان، چەندين هۆكارى ديكە هەن بڕواداران توشي گوناه و سەرپێچي دەكەن، وەك: دەروونە خراپ و نەريتە ناپەسەند و مرۆڤە شەيتانەكان .

٧ـ هەندێكيش پێيان وايە: خواى پەروەردگار بەم فەرمودەيە مرۆڤەكانى بيانووبڕ كردووە بەوەى شەيتانەكانى لێ دوورخستوونەتەوە و لە گومڕاكردني وەستاندوون، بەلآم ئەوە مرۆڤ خۆيەتي بەدەست خۆيەوە گرفتارە و ناتوانێت خۆي كۆنترۆڵ بكات بە فەرمانبەردارى و چاكەكارى و خۆگرى لە خراپە .

بڕگەى چوارەم

مادام شەيتان بەستراوەتەوە ئيدي چۆن سەرپێچي خودا دەكرێت؟

زانايان (ڕەحمەتى خوايان لێ بێت) وەلاَمى ئەم پرسيارەيان داوەتەوە، پێشەوا (ئەبو عەباسي قورتوبي) دەفەرموێت: ((ئەگەر پرسيار بكرێت كاتێك لە مانگى ڕەمەزاندا شەيتانەكان كۆت و بەند كراوون، ئيدي چۆن نافەرمانى و خراپە ڕوو دەدات؟ وەلاَمى ئەم پرسيارە لە چەند ڕوويەكەوەيە:

يەكەم: شەيتانەكان لەو مسوڵمانانە دەبەسترێتەوە كە بە باشي ڕۆژووەكەيان دەپارێزن و مافى تەواوى دەدەن، وە مەرج و ئادابەكانى جێبەجێ دەكەن. كەواتە ئەو ڕۆژووگرەى بە باشي ڕۆژووەكەى ناپارێزێت لە شەيتان سەلامەت نابێت.

دووەم: مەبەست لە بەستنەوەى شەيتانەكان ئەوە نييە مادام شەيتانەكان بەستراونەتەوە ئيدي هيچ خراپەيەك ڕوو نادات، بەڵكو جگە لە شەيتانەكان چەندين سەرچاوەى ديكە هەن مرۆڤ تووشي خراپە و لادان دەكەن، وەك دەروونى مرۆڤ خۆي و نەريتە خراپەكان و مرۆڤە شەيتانەكان.

سێيەم: مەبەست لە بەستنەوەى شەيتانەكان ئەوە نييە يەكبەيەكيان بەسترابنەوە، بەڵكو مەبەست شەيتانە گەورە و سەركەشەكانە دەبەسترێنەوە. ياخود مەبەست كەم بوونەوەى ڕێژەى گوناهـ و بەدكارييە لە مانگى ڕەمەزاندا بەراوورد بە مانگەكانى ديكەى ساڵ.

وە لە وەلآمى هەمان پرسياردا پێشەوا (سندى) دەفەرموێت: ((بەستنەوەى شەيتانەكان بە واتاى ڕوونەدانى سەرپێچي نييە، تاكو بڵێين مادام شەيتانەكان بەستراونەتەوە ئيدي هيچ گوناهێك ڕوو نادات؛ چونكە بە تەنها هەبوونى تاوان و دەروونى پيسي مرۆڤەكان بەسە بۆ توشبوون بە گوناهـ، مەرجيش نييە هەموو گوناهێك بە هۆي شەيتانەوە بێت، خۆ گەر وابوايە ئەوا بۆ هەر شەيتانێك شەيتانێكيتر پێويست دەبوو، ئاشكرايشە لە پێش سەرپێچييەكەى (ئيبليس)ەوە شەيتان بوونى نەبوو، بەڵكو ئەوە دەروونى خۆي بوو (ئيبليس)ى تووشي سەرپێچي و نافەرمانى كرد .

پێشەوا (ئيبن جەزوى)ش پشتڕاستي ئەم وەلآمە دەكات و، دەفەرموێت: ((ئەگەر بڵێين مادام شەيتانەكان بەستراونەتەوە ئيدي چۆن سەرپێچي ڕوو دەدات؟ وەلاَمەكەى ئەمەيە: گوناهكردن بە هۆي حەزكردنى دەروون لە شتە حەرامكراوەكانەوە ڕوو دەدات، وە شەيتان تەنها ڕازاندنەوە و هاندانى لە دەستدايە، وە ئەگەرچي هاندەرەكەشى لێ دوور بێت، ئەوا هەنگاوهەڵنانى بۆ ئەنجامدانى گوناهەكانى لێ دوور ناكەوێتەوە.

بڕگەى پێنجەم

كاريگەرى دەروون لە بەلاڕێدابردنى مرۆڤ

وەكو پێشتر خستمانە ڕوو، بەشێك لە زانايان هۆكارى لادان و هەڵدێرى مرۆڤ تەنها لە شەيتاندا كورت ناكەنەوە، بەڵكو لەگەڵ شەيتاندا خودى مرۆڤ دەخەنە ژێر بەرپرسيارێتييەوە و دەروونيان بە سەرچاوەى خراپە ناوزەند دەكەن، كە بێگومان ئەمەش بۆچونێكى بەجێ و دروستە، وە لەگەڵ دەقەكانى شەريعەتدا تەبا و كۆكە.

ئەوەتا دەبينين قورئانى پيرۆز و فەرمودە شيرينەكان هەميشە خراپە و تاوان دەدەنە پاڵ دەروون، بۆ نمونە:

  كاتێك (قابيل) (هابيل)ى براى دەكوژێت، خواى گەورە تاوانەكە دەداتە پاڵ دەروونى و، دەفەرموێت: [فَطَوَّعَتْ لَهُ نَفْسُهُ قَتْلَ أَخِيهِ]. المائدة: 30.

• كاتێك (سامرى) گوێرەكەپەرستي داهێنا، تاوانەكەى دايە پاڵ دەروونى خۆي و، گوتى: [وَكَذَلِكَ سَوَّلَتْ لِي نَفْسِي]. طه: 96.

• كوڕەكانى حەزرەتى (يەعقوب) كاتێك (يوسف)يان دەربەدەر كرد، باوكيان تاوانەكەيانى دايە پاڵ دەروونيان و، پێي فەرموون: [قَالَ بَلْ سَوَّلَتْ لَكُمْ أَنْفُسُكُمْ أَمْرًا]. يوسف: 18.

 حەزرەتى (يوسف) ياخود خێزانى (عەزيزي ميصر) كاتێك كەوتە ناو دۆخە نەخوازراوەكەوە، گوتى: [وَمَا أُبَرِّئُ نَفْسِي إِنَّ النَّفْسَ لَأَمَّارَةٌ بِالسُّوءِ إِلَّا مَا رَحِمَ رَبِّي]. يوسف: 53.

  خواى گەورە شكستى ياوەرانى لە غەزاى (ئوحود)دا داوەتە پاڵ دەروونيان و، فەرمويەتى: [أَوَلَمَّا أَصَابَتْكُمْ مُصِيبَةٌ قَدْ أَصَبْتُمْ مِثْلَيْهَا قُلْتُمْ أَنَّى هَذَا قُلْ هُوَ مِنْ عِنْدِ أَنْفُسِكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ]. آل عمران: 165.

• خواى پەروەردگار جەخت دەكاتەوە لەوەى هەموو خراپە و شەڕێك لە دەروونەوە سەرچاوەى گرتووە، وەك دەفەرموێت: [مَا أَصَابَكَ مِنْ حَسَنَةٍ فَمِنَ اللَّهِ وَمَا أَصَابَكَ مِنْ سَيِّئَةٍ فَمِنْ نَفْسِكَ]. النساء: 79.

• پێغەمبەريش (درودى خواى لەسەر بێت) پەناى بە خودا گرتووە لە شەڕي دەروونى و، فەرمويەتى: ««وَنَعُوذُ بِاللَّهِ مِنْ شُرُورِ أَنْفُسِنَا» .

  هەروەها دەفەرموێت: «الْكَيِّسُ مَنْ دَانَ نَفْسَهُ وَعَمِلَ لِمَا بَعْدَ الْمَوْتِ وَالْعَاجِزُ مَنْ أَتْبَعَ نَفْسَهُ هَوَاهَا وَتَمَنَّى عَلَى اللَّهِ» .

• تەنانەت شەيتان لە ڕۆژي دواييدا بە شوێنكەوتووەكانى دەڵێت: لۆمەى من مەكەن، بەڵكو لۆمەى خۆتان و دەروونتان بكەن: [وَقَالَ الشَّيْطَانُ لَمَّا قُضِيَ الْأَمْرُ إِنَّ اللَّهَ وَعَدَكُمْ وَعْدَ الْحَقِّ وَوَعَدْتُكُمْ فَأَخْلَفْتُكُمْ وَمَا كَانَ لِيَ عَلَيْكُمْ مِنْ سُلْطَانٍ إِلَّا أَنْ دَعَوْتُكُمْ فَاسْتَجَبْتُمْ لِي فَلَا تَلُومُونِي وَلُومُوا أَنْفُسَكُمْ]. إبراهيم: 22.

بەم دەقە پيرۆزانە، بۆمان دەردەكەوێت دەروونى مرۆڤ بەرپرسي يەكەمە لە خراپە و لادان و هەڵدێرەكان، مرۆڤى ژير و هۆشياريش دەچێتە ژێربارى بەرپرسيارێتى و خۆي سەركۆنە دەكات، نەك ئەم و ئەو تاوانبار بكات و خەتاكانى خۆي بخاتە ئەستۆي شەيتان يان ئەوانى ديكە.

چونكە بێگومان شەيتان بچوك و بێ دەسەلآتە، تەنها وەسوەسە و گومان و دودڵى لە دەستدێ، بۆيە نابێ لە خۆڕا گەورەى بكەين. پەروەردگارمان دەفەرموێت: [إِنَّ كَيْدَ الشَّيْطَانِ كَانَ ضَعِيفًا]. النساء: 76. [إِنَّ عِبَادِي لَيْسَ لَكَ عَلَيْهِمْ سُلْطَانٌ إِلَّا مَنِ اتَّبَعَكَ مِنَ الْغَاوِينَ]. الحجر: 42. هەروەها دەفەرموێت: [إِنَّ عِبَادِي لَيْسَ لَكَ عَلَيْهِمْ سُلْطَانٌ وَكَفَى بِرَبِّكَ وَكِيلًا]. الإسراء: 65.

[إِنَّهُ لَيْسَ لَهُ سُلْطَانٌ عَلَى الَّذِينَ آمَنُوا وَعَلَى رَبِّهِمْ يَتَوَكَّلُونَ إِنَّمَا سُلْطَانُهُ عَلَى الَّذِينَ يَتَوَلَّوْنَهُ وَالَّذِينَ هُمْ بِهِ مُشْرِكُونَ]. النحل: 99 ـ 100.

دواجاريش شەيتان دان بە لاوازى و بێ دەسەلآتي خۆيدا دەنێت و، لە دواڕۆژدا بە ديارچاوى هەموو جيهانەوە دەڵێت: [وَقَالَ الشَّيْطَانُ لَمَّا قُضِيَ الْأَمْرُ إِنَّ اللَّهَ وَعَدَكُمْ وَعْدَ الْحَقِّ وَوَعَدتُّكُمْ فَأَخْلَفْتُكُمْ وَمَا كَانَ لِيَ عَلَيْكُم مِّن سُلْطَانٍ إِلَّا أَن دَعَوْتُكُمْ فَاسْتَجَبْتُمْ لِي فَلَا تَلُومُونِي وَلُومُوا أَنفُسَكُم مَّا أَنَا بِمُصْرِخِكُمْ وَمَا أَنتُم بِمُصْرِخِيَّ]. إبراهيم: 22.

كەواتە نابێت مسوڵمان هێندە خۆي بە لاواز و شەيتان بە بەهێز ببينێت كە هەموو خراپە و نەنگييەكانى پێدا هەڵبواسێت و بيخاتە ئەستۆى؛ چونكە ئەمە دەبێتە هۆى خۆ بە شت زانيني شەيتان و، پێغەمبەرى خودا ڕێگرى لێ كردووە، وەك لێوەى دەگێڕنەوە: «عَنْ أَبِى تَمِيمَةَ الْهُجَيْمِي، عَمَّنْ كَانَ رَدِفَ النَّبِي صلى الله عليه وسلم، قَالَ: كُنْتُ رَدِفَه عَلَى حِمَارٍ، فَعَثَرَ الْحِمَارُ، فَقُلْتُ: تَعِسَ الشَّيْطَانُ، فَقَالَ لِىَ النَّبِي صلى الله عليه وسلم: لاَ تَقُلْ تَعِسَ الشَّيْطَانُ، فَإِنَّكَ إِذَا قُلْتَ تَعِسَ الشَّيْطَانُ، تَعَاظَمَ فِى نَفْسِهِ، وَقَالَ: صَرَعْتُهُ بِقُوَّتِي، فَإِذَا قُلْتَ: بِسْمِ اللَّهِ، تَصَاغَرَتْ إِلَيْهِ نَفْسُهُ حَتَّى يَكُونَ أَصْغَرَ مِنْ ذُبَابٍ» .

كەوابوو شەيتان وەكو ئەو فرۆشيارە وايە كالاَكانى بۆ كڕياران دەڕازێنێتەوە و بانگەشەي بۆ دەكات، بەلآم خۆ ناتوانێ بەزۆر بەسەرياندا ساغ بكاتەوە. ئەم ڕاستييەش وەرگيراوى ئەم نێو ئايەتە پيرۆزانەن: [فَوَسْوَسَ لَهُمَا الشَّيْطَانُ لِيُبْدِيَ لَهُمَا مَا وُورِيَ عَنْهُمَا مِنْ سَوْآتِهِمَا]. الأعراف: 20. [فَوَسْوَسَ إِلَيْهِ الشَّيْطَانُ قَالَ يَا آدَمُ هَلْ أَدُلُّكَ عَلَى شَجَرَةِ الْخُلْدِ وَمُلْكٍ لَا يَبْلَى]. طه: 120. [الَّذِي يُوَسْوِسُ فِي صُدُورِ النَّاسِ]. الناس: 5.

(مەحوى) شاعيريش، ڕۆڵي دەروونى بە جوانى خستۆتە بەرچاو و، دەفەرموێت:

ئەسير و صەيدى قەيدي كەيد و شەيدى نەفسي ئەمارەم

لەدەست ئەم مارە بەدچارە چييە چارم خودا چارەم !

تا دەگاتە ئەوەى بفەرموێت:

نە شەيتان نەدەوران و نە خزمانم بە من ناكەن

ئەوى نەفسي خەسيسم مەحويا كردوييە دەربارەم .

هەروەها دەفەرموێت:

دەواى ئەم نەفسە مەلعونەت دەوێ، هەر دەردە وەك جيوە

كە هاتى كوشتتن، ئەو رۆحى مەحز، ئەم جەوهەرى زيوە

لە دنيا تا دەگاتە ئاخيرەت كاريگەرە تيري

وەكو تيري تەهتەمەن زامى پاك ئەم ديو و ئەو ديوە

عەلاوەى بوونە ڕۆح هەر بيكوژي، ئەعدا عەدوو دەكوژي

چ عەقڵە دوشمنى وا پەروەرى كێ خێري لێ ديوە؟!

دواتر دەفەرموێت:

وەكو دێو ئيشي عەكسە، ميهرى قەهرە، شەربەتى زەهرە

فريبە، گەنمى هەر جۆ، شيري هەر دۆ، ڕۆنى هەر پيوە

كە دەستت بۆ لەسەر سرنێ سەروماڵت بە غارەت چوو

كە لێوى پێكەنێ عالەم دەكا سەرشێت و كاليوە

لە مەكرى ئەم عەجوزە و سيحرى دێوى نەفس ئەمن (مەحوى)

پەنادەگرم بە زاتى ئەقدەسي بێچونى ناديوە .

ئەمەش تەواو تەبا و كۆكە لەگەڵ ئەم فەرمودە شيرينەى حەزرەتدا، كە لێوەى دەگێڕنەوە: «أعدى عدوك نفسك التي بين جنبيك» .

كەواتە شەيتان تەنها وەسوەسە و گومانى لە توانادايە، دواجار دەروونى مرۆڤ خۆيەتى بەرپرسە لە هەر هەڵە و گوناهـ و تاوانێك، جا لە مانگى (ڕەمەزان)دا بێت يان هەر كاتێكيتر.

محمد مه‌لا محمود تاوگۆزی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply