توێژینەوە

زیانەکانی هەڵوەشاندنەوەی خێزان و ڕووکردنە تاکگەرایی

هێمن عه‌بدولقادر

ب.سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی

لە بەرەبەیانی مێژووەوه‌ هەتا ئەمڕۆ گیروگاز و بگرەو بەردەیەکی زۆر هەیە لەسەر شێوازەکانی دروستبوونی خێزان و جۆرەکانی خێزان و کێشەکانی ناو خێزان. لەڕاستیدا دەبێت نەترسین لەوەی کە بڵێین بەئەندازەی ستایشکردنی دامەزراوەی خێزان، ڕەخنە و سەرزەنشتکردنیش هەیە لەو دامەزراوەیە.

لەبەرئەوەی کە خێزان بچوکترین یەکەی کۆمەڵایەتییە، تیایدا تاکەکەس لە منداڵییەوە فێری سەرجەم نمایش و هۆگريی و خۆگريی و چاوەڕوانییەکان دەبێت، هەموو ڕێسا و دەستورە دەوڵەتیيەکان تیایدا جێبەجێ دەکرێت لە (ئاسایش، ئابووری، تەندرووستی، دەروونی و یاسایی و.. هتد)، بۆیە دەکرێت بڵێین ئەم دامەزراوەیە هەم قابیلی گەشەکردن و پەرەپێدانە، هەم قابیلی پوکانەوه‌ و داخوران.

نوسەری ئیسرائیلی (یوڤال نوح هەراری) لە یەکێک لە وتارەکانیدا بەناونیشانی (مرۆڤ چۆن جیهان بەڕێوەدەبات) باسی ئەوە دەکات هەرگیز مرۆڤ بە تاکگەرایی نەیدەتوانی ئەهرامەکان دروستبکات، یاخود بچێتە سەر مانگ، بەڵکو ئەوە کاری دەستە جەمعيی و کۆبونەوەیەکی گرنگی مرۆڤەکانن لەژێر چەتری (هەرەوەزی)دا. ئەو زیاتر دەڕوات و دەڵێت: حەفتا هەزار ساڵ پێش ئێستا باوانی ئێمە زیندەوەری بێبایەخ بوون، تاکە شتێک کە لەسەر مرۆڤی بەر لە مێژوو بیزانین ئەوەیە کە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ئەم هەسارەیە نەبووە، جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ هەر زیندەوەرێکی تر نەبووە لەڕووی کاریگەری لەسەر ئەم هەسارەیە، بەپێچەوانەی ئێستاوە کە تەواویی هەسارەکە لەژێر کۆنترۆڵی مرۆڤدایە.

پرسیارەکە ئەوەیە مرۆڤ چۆن لە زیندەوه‌رێکی بێباکی کەم بایەخی گۆشەگیر لە ئەفریکاوە، گەیشتووە بەمڕۆ کە دەست بۆ هەسارەکانی تر دەبات؟ وەڵامەکەی ئەوەیە کە شتێکی تایبەت لە مرۆڤدا هەیە کە لە هیچ کام لە زیندەوەرەکانی تردا نیە، یان زۆر لاواز و سنوردارە.

ئەو دەڵێت: ئەگەر مرۆڤێک و مەیمونێکی جۆری شەمپانزی بخرێتە دورگەیەکەوە، بە هەموو ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوەوە، مانەوە بۆ شەمپانزیەکە دەبێت و باشتر و زیاتر دەتوانێت لەگەڵ ژینگەکەدا خۆی بگونجێنێت و دەستی بە پێداویستیيەکانی مانەوە بگات. ئەمە کێشەیەکی تاکە کەسی نیيە، لەڕاستیدا جیاوازی نێوان گشت مرۆڤەکان لەگەڵ ئاژەڵ و زیندەوەرەکانی تردا، لەئاستی تاکایەتیدا نيیە، بەڵکو لە ئاستی کۆمەڵایەتیدایە.

مرۆڤەکان توانیویانە ئەم هەسارەیە کۆنترۆڵ بکەن لەبەرئەوەی توانیویانە هاوکاری یەک بکەن، ڕەنگە خەڵکی بپرسن (هەنگ و دۆلفین و هەندێک لە شیردەرەکانی تریش) کاری هەرەوەزیی و پێکەوه‌يی دەکەن، بەڵام بە ئەندازەی مرۆڤەکان نەیانتوانیوە هەنگاو بنێن، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە توانای پێکەوە کارکردنی ئەوان سنوردارە و ناتوانن لە هەموو کاتێک و لەگەڵ هەموو جۆرێکدا کار بکەن.

لێرەوە کەمێک بەرچاومان ڕووندەبێتەوە، هەر لە سەردەمانی کۆنەوە بگرە، لە گشت قۆناغەکانی گەشەکردنی مرۆڤایەتیدا، مرۆڤ نەیتوانیوە بازی گەورە بدات،  یاخود بەسەر زۆرێک لە کێشە تەندرووستی و کۆمەڵایەتيی و سەربازییەکاندا سەربکەوێت، ئەو کاتانەی بەتەنها و گرووپی بچووک بچووک ژیاون زیاتر ڕووبەڕووی مەترسيی و لەناوچوون بونەتەوە، بەپێچەوانەوە ئەو کاتانەی، کە کۆبونەتەوە و کاری هەرەوەزيی و پێکەوەیی و شێوە فیدراسیۆن و کۆمەڵەی جۆراوجۆریان دروستکردووە زووتر و باشتر گەیشتوون بە ئامانجەکانیان.

لەڕاستیدا ئەم بۆچونانە زیاتر بۆچونی (ئابووری – ڕامیاری)ين، لە هەناوی گەشەسەندنی زانستی تردا، بەر ڕاو بۆچوونی جۆراوجۆر و جیاوازیش دەکەوین کە بەتەواویی پێچەوانەی ئەو بۆچونەی یەکەم دەوەستێتەوە.

ئەگەرچی زۆرینەی ئاینەکان دەتوانرێت بوترێت لەسەر بنەمای خێزان ڕۆنراوە، خیزان بەردی بناغەی زۆرینەی ئاینەکانە، بەڵام (خێزان زۆرجاریش بناغەی هەموو ناتەواوییەکی عەسەبییە، هەروەها بنەمای نەژاد و جەنگەکان)یشە.

دروستکردنی قوتابخانەکان، بەرەنجامی شکستی خێزان یاخود زیادبوونی بڕێکی زۆر لە توندوتیژی لەناو خێزانەکانەوە دروست بوو. بەمانایەکی تر وەک ئۆشۆ دەڵێت: دەبێت بە فۆرمێکی نوێ لە خێزان تێبگەین، هەنوکە تەمەنی سود و بەکەڵکهاتنەکەی، یاخود زەروورەتەکەی، خەریکە تەواو دەبێت، لەڕاستیدا ئێمە پرۆگرام کراوین لەسەر ئەوەی کە خێزان هاوبەشیکردنێکی گەورەیە لە جیهاندا، بەڵام ڕاستەقینەکە جیاوازە.

بڕێک جار خێزان بەندینخانەیە، دەیەوێت کۆنترۆڵی لەسەر منداڵان و ژنان بەتایبەتی بهێڵێتەوە، خێزان گرووپێکی بەرتەسکی خەڵکە و ئەوان ئەم بەندیخانەیان پیرۆز کردووە. هەندێک لەوانەی دژی دامەزراوەی خێزان دەوەستنەوە ئارگۆمێنتیان بۆ ئەو کارە ئەوەیە کە خێزان ڕێگرە لە (گەشەی ڕۆحی) ئەگەر لە سەردەمێکدا ئەم بابەتە جێگەی تێڕامان و قسە لەسەرکردن نەبووبێت و بڕێک لە ڕاستی تێدا بووبێت، بە دەلیلی ئەوەی زۆرینەی زانا و گەورەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، تەنهاییان هەڵبژاردووە بۆ داهێنان و تێڕامانەکانیان،

بە مانایەکی تر پێمان دەڵێن، کە زۆرینەی ئەو مرۆڤانە لەدەست خێزان و ئەو فۆرمە لە خێزان هەڵهاتوون کە پڕە لە قەرەباڵخيی و کێشە، ئەگەرنا لەدەست جیهان ڕایان نەکردووە، چونکە هەموو شوێنێکی ئەم دنیایە بەشێکە لە جیهان و دواتریش گەڕاونەتەوە ناو خێزان و کەسوکارەکانیان.

کەواتە ئەگەر لە سەردەمی کۆندا (تێڕامان و تەنهایی و گۆشەنشینی و خەڵوەت) وەک جۆرێک لە سەر پەرژان و دەلاقەی بیرکردنەوە بینرابێت، ئەی لە ئه‌مڕۆدا کە سیستەمی سەرمایەداريی و بەجیهانیبوون و مۆدێرنە، شەشدەر (سەروخوار، ڕاست و چەپ، پێش و پاش)ی لە مرۆڤ گرتووە و تەنانەت لەژێر دەریا و لەناو ئەشکەوت و لەسەر لوتکەی (ئەڤرێست)یش لێیناگەڕێ و تێکەڵی ئەو قەرەباڵخیيەی دەکاتەوە، چۆن چۆنی دەتوانین ڕاڤەی نوێ بۆ ئەو دۆخە بکەین؟

لەلایەک کاری هەرەوەزيی و پێکەوەيی گرەنتی گەشەسەندن و بازدانی مرۆڤایەتییە و لەلایەکی تریشەوە هەڵهاتن و تەنهایی هۆکارێک بووە بۆ ئامادەسازیی زیاتر؟

هەرچی هەرەوەزیی و پێکەوەیی و زاڵبوون بەسەر درم و گرفتە گەورەکانی جیهان هەیە بەرەنجامی  کاری گەورەی (خێزان و کۆمەڵگا و دەوڵەتان)ە، باشترین نموونەش کاری پێکەوەیی دەوڵەتانی دنیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ڤایرەس بوو، هەرچی بیرکردنەوە و داهێنانە گرنگەکانیشە، برێکجار بەرهەمی تاکگەرایی و تاکەکەسی بووە، چونکە تاک هەمیشە لە قەرەباڵخیدا شتگەلێکی زۆر لەدەستدەدات.

ئەمانە و چەندین پرسیاری تر کە دەکرێت داهاتوو وەڵام بە زۆریان بداتەوە، چونکە هەر جۆرە وەڵامێک لە ئێستادا ناتوانێت هەمووان ڕازی بکات. بەڵام تاکە شتێک کە دەتوانێت هەمووان ڕازی بکات، سەرەڕای هەموو ڕەخنە و تێبینیەک کە لەسەری هەیە (خێزان)ە، مرۆڤ وەک هەر زیندەوەرێکی تر جگەلەوەی بەرەنجامی کۆمەڵێک هاوکێشەی، ئالگۆریتم (بایۆکیمیای)یە، کە خۆنەویستانە بەدوای وەڵامدانەوەی پێداویستییە بنچینیەییەکانی ژیاندا دەڕوات، بەڵام بەدوای کۆمەڵە شتێکی تریشدا دەڕوات، کە هیچی کەمتر نیيە لە پێداویستییە بنچینه‌یيەکانی وەک (ئاو، هەوا، سێکس، خواردن).  کە ئەویش (ئاسایشی کۆمەڵایەتی)ە، ڕێز و پێزانینی ئەوانی ترە، هاندان و پشتگیریکردنە، دەستلەپشدان و دەستگرتن و دڵنەوایی کردنە، هاوبەشیکردنە لە خۆشيی و ناخۆشییەکاندا. ڕەنگە بۆ بەشێکی زۆری زیندەوەرەکانی سەر ئەم هەسارەیە تەنها ئەوەندە بەس بێت کە ساڵی جارێک جووتبوون ڕووبدات بەمەبەستی خستنەوەی وەچە، بەڵام ئەمە لای مرۆڤ بڕێک زیاترە، ئەو ڕێوڕەسم و مەرج و مەرجکاری داناوە، لەناو ئەم ڕێورەسمانەدا، هێڵی باریک و نەبینراو، شتی بچووک و درک پێنەکراو هەیە، کە مانای زیاتر دەبەخشێ بە مرۆڤ.

بۆئەوەی لە پانۆرامای وێنە گەورەکە تێبگەین، بۆئەوەی بزانین خێزان چۆن لەو هاوکاريی و هەرەوەزییەوە بەرە و فەردانیەت و تاکگەرایی دەڕوات، بۆئەوەی تێبگەین لەوەی کە چوار پێنج ماڵ و خێزان لە خانوویەکدا بوون، کەچی ئێستا تەنانەت یەک خێزان لە ماڵێکدا ناتوانن جێیان بێتەوە و ڕۆژ بەڕۆژ ئامارەکانی جیابوونەوە زیاتر دەبن.

زیادبوونی ژمارەی شوقەی تەنها و ئۆتۆمبێلی تایبەت و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی دابڕاو بەجۆرێک کە هەر تاکێک لە ماڵێکدا ئۆتۆمبێلی خۆی و سیمکارتی خۆی و شوقەی خۆی هەبێت، جگەلەوەی کە حوکمی سەپاندنی سیستەمی سەرمایەداری بێت، حوکمی هەنگاونانە بەرەو تاکگەرایی کە بەجۆرێک لە جۆرەکان دووبارە یەکانگیر دەبێتەوە لەگەڵ بەرهەمەکانی جیهانگیری و مۆدێرنە.

ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییەی کە (جۆن لۆک) و (تۆماس هۆبز) و (ژان ژاک ڕۆسۆ) باسی دەکەن، تەنها بەمەبەستی ڕێکخستنی سیستەمی سیاسيی و کارگێڕی نیيە، بەڵکو بۆ تەواویی هەموو سیستەمەکان ئەگونجێ، ناشتوانین لەم دۆخە تێبگەین هەتا گشت ئەو شتانە نەخوێنینەوە کە تایبەتە بەم مێژووی دروستبوونە.

مرۆڤ لە جەنگەڵدا هیچ یاسا و ڕێسایەکی نوسراوی نەبوو، ئەو بەتەوایی ئازاد بوو کەس نەبووە پێی بڵێ چی ڕاستە و چی ناڕاست، چی یاساییە و چی نایاسایی، بەڵام هیچ زەمانەتێکی پاراستن و مانەوەی نەبوو، بۆیە سەدان ساڵ بوونی مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەیە هیچی لە ژیانی هەسارەکە نەگۆڕیوە تا ئەو کاتەی کە پەیمانەکان دەبەستن و مرۆڤ لە جەنگەڵ دێنە دەرەوە (گەرچی ئەمەش ڕەخنەی لەسەرە)، بەڵام قۆناغێکی گەورەی بازدان بووە بۆ نیشتەجێبوون و زۆربوون.

مرۆڤ لە تەنهایی و گۆشەگیری ناو ئەشکەوت و جەنگەڵەکان هاتە دەرەوە، بەکورتی دەستبەرداری بەشێک لە مافەکانی خۆی بوو لەپێناو پاراستن و ئاسایشی خۆيی و خێزان و مندالەکانی، وردە وردە یاساکان نوسرانەوە، دادگا و سەرباز و پایەکانی دەسەڵات بەهێزکران، زیندان و قەرەوڵ دروستکران، مەراسیمە کۆمەڵایەتیيەکانی وەک ژنهێنان و شوکردن و منداڵ خستنەوە لە پێداویستی مانەوەوە، گۆڕا بۆ پێداویستی تر، بۆ کەیف و سەفا، بۆ شەوە ئاهەنگ و بازدان و لادان، کردنەوەی یانەی شەوانەکان و بازرگانی کردن بە مرۆڤ بەگشتی و ژن و منداڵ بەتایبەتی، ئەوەی کە لە جەنگەڵى پێش پەیمانی کۆمەڵایەتیدا مرۆڤ بەزەبری بازوو، یان بۆ پێداویستی بەدەستی دەهێنا، لە پاش پەیمانی کۆمەڵایەتی بەزەبری یاسا و بەهاکان، بەدەستی دەهێنا.

بۆیە مرۆڤ کەوتەوە یادی ئەو ڕۆژانەی کە بەتەنها لە جەنگەڵدا دەژیا، ژیانێکی بڕێک خراپ و ترسناک، پڕ لە شەڕ و شۆڕ و دڕندە و تاریکی، بەڵام بڕێکی زۆر ئازاد و تەنها، لێرەوە بیرۆکەی شۆڕش و ئازادی بۆ یەکەمجار سەریهەڵدا، مرۆڤ کەوتە بیرکردنەوە دەربارەی هەڵهاتن و ڕووخاندن.

ڕووخاندنی هەموو ئەو دیوارانەی کە مرۆڤ بەدەوری خۆیدا دروستی کردوون، دیواری (یاسا، بەهاکان، سیستەمە ڕامیارییەکان، دیواری خێزان و… هتد)، هەوڵیدا دوبارە پەلاماری ئەمانە بداتەوە و تێکیان بشکێنێ و بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی کە تەنها و تەریک لە سوچی دارستانێکدا دەژیا.

لێرەوە چیرۆکەکە بە بەردەوامی خۆی دووبارە دەکاتەوە، چیرۆکی دروستکردن و ڕووخاندن، چیرۆکی کۆتوبەند و هەوڵدان بۆ ئازادی، چیرۆکی وابەستەیی و پابەندبوون، لەگەڵ گەڕان بەدوای  ئازادی و سەربەستی. بۆیە تاکگەرایی و تەنها کەوتنی خێزانیش، بەدەر نیيە لەم چیرۆکەی کە (پەیمانی کۆمەڵایەتی) بۆی نوسیوینەتەوە بەفۆرمێکی بچووکتر.

تۆماس هۆبز بەڕێوەبردنی خەڵک لەلایەن دەوڵەتەوە بە زەرورەت دەزانێ، هۆبز بڕوای وایە بوونی هێز و دەسەڵات گرنگە کە بتوانێت خەڵکی لە ئەنجامدانی ئاژاوەگێڕيی و کردەوەی خراپ بوەستێنێت و ڕێگریان لێبکات، ئەگەرنا کۆمەڵگە دەبێت بە دارستانگەلێک کە تێیدا مرۆڤ بەرامبەر بە براکەی خۆی لە گورگێک زیاتر هیچ نییە. هەندێک پێیانوایە ئەو هەڵوەستەیەی هۆبز لەبارەی دەسەڵاتەوە، لەگەڵ تاکگەراییدا ناگونجێت، چونکە لە بنەمادا ئەم بەڕێوەبردنە لەپێناو بەرژەوەندیی تاک و دابینکردنی ئاسایش بۆ هەمووان و یەکسانی لە نێوان مافەکاندا دروستبووە.

لێرەوە چیرۆکی بەڕێوبردنی خێزان و هەموو ئەو شتانەی کە بەسەریدا دێن و ڕوودەدەن هەمان چیرۆکەکەی پەیمانی کۆمەڵایەتییە، لەوانە (ناچاريی و قسەی خەڵک و ڕێکخستنی عورف و بەهاکان و ڕێزگرتن لەو شتانەی کە کۆمەڵگا لەسەری ڕێککەوتوون)، بۆیە مرۆڤ بڕێکجار ناتوانێت بۆ هەتا هەتایە لەژێر قەهری ئەم سەپێنراوانەدا بەرگە بگرێت ناچار هەوڵدەدات دووبارە مانیفێستی هەموو ئەوانە بکاتەوە.

بێرک خەمە  پێیوابووە کە تاک سەرەڕای هەبوونی کۆمەڵێک مافی سرووشتی تایبەت بەخۆی، بەستراوەتەوە بە کۆمەڵێک بابەتی دیکەوە کە لەلایەن خێزانەکەیەوه‌ بۆی ماوەتەوە. بەهۆی ئەم بۆمانەوەیە ئێمە بە ناچاری کۆمەڵێک هاوسۆزيی و ئەرکمان بۆ دروستبووە بەرامبەر بە هەندێک شت. هەر هاوسۆزيی و ئەرکێکیش کە لەناو کۆمەڵگادا بۆ تاکێک دروست ببێت، درێژکراوەی هەمان ئەو هاوسۆزيی و ئەرکانەیە کە تاک پێشتر لەناو خێزاندا بۆی ماوەتەوە و پەیوەست بووە پێیانەوە.

ملنەدانی مرۆڤ بۆ هەموو ئەو ڕێسا و یاسایانەی کە بەسەریدا سەپێنراون و شەڕکردن بۆ لێسەندنەوەی ئەو دەسەڵاتە لە خێزان و گەڕاندنەوەی بۆ تاک لە سیما و خەسڵەتە هەره‌ سەرەکیيەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمەن. ئەگەرچی لە هەندێک ڕووەوە سوودی هەبووە، بەڵام تاکگەرایی زیانی زۆری بە مرۆڤی سەردەم گەیاندووە، لە سادەترینیانەوە کە بریتییە لە تەنیابوونی تاک و لاوازبوونی تەونی کۆمەڵایەتيی و بەشداریی تاک لە کایە کۆمەڵایەتییەکاندا، تا دەگاتە زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک خەمۆکيی و خۆکوژيی و کەسێتیی دژەکۆمەڵ و تاوان و هتد.

پاش نەمانی کۆرۆناش، ڕەنگە تا سەردەمێکی تر مرۆڤەکان سڵ لە جەستەی یەکتريی و هەناسەی یەکتريی و نزیکی یەکتری بکەنەوە. ئەمەش بەپێچەوانەی دەرەنجامگیریی ئەوانەیە کە دەڵێن کۆرۆنا کۆیکردووینەتەوە و کۆماندەکاتەوە. ڕەنگە نۆرمی ژیان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە زیاتر و زیاتر بەرەو تاکگەرایی هەنگاو بنێت. کەواتە تاکگەرایی بڕێک جار مەبەستدارە و بڕێک جاریش بێ مەبەستە و لە دەرەوەی ئیرادەی خێزان و کۆمەڵگادایە، (هەڵبەت لێرەدا ئیشی ئێمە وەک توێژەر ئەوە نیيە لە قازانجی یەکێکیان بنوسین دژی ئەوی تریان، بەڵکو دەبێت ڕاستەقینە چۆنە بەوشێوەیە لێی بتوێژینەوە).

هەرچەندە دەرکەوتنی کۆرۆنا ڤایرەس بەشێوەیەک لە شێوەکان تێکەڵی کۆمەڵێک دەستەواژەی سیاسی و ئابووریمان دەکات، بەڵام ئەوەی لەڕووی کۆمەڵایەتیيەوە بۆ ئێمە گرنگە، کە کۆرۆنا بۆ خۆی نزیکترین و بەهێزترین ئارگۆمێنتی ئەو پاڵپشتییەيه‌ کە جیهان بەرەو تاکگەرایی هەنگاو دەنێت بەجۆرێک، ئەو هەموو نائاراميی و قەرەباڵخيى و ژاوەژاوەی کە پێمان وابوو بەرهەمی جیهانگیرین و بەردەوام ڕووبەڕووی لۆمەکردن و ڕەخنە  دەکرایەوە، کۆرۆنا ڕاڤە و لێکدانەوەی نوێی بۆ هێنایەوە کایە، بەجۆرێک کە خێزانەکانی لەیەکتری دابڕی، کە تەنانەت دایک و باوک و کوڕ و کچ سەردانەکانیان بۆ لای یەکتری سنوردار کردبوو تا دەگاتە، وەستانی ملیۆنان گەشت و داخستنی هەزاران یاریگا و کارگە و کۆبونەوەی ساڵانە.

کەواتە (ئاین، کولتور، بەهاکان و… هتد) چەندێک پەیوەندیان بە وابەستەیی و لێکترازانی ئەم باسەوە هەیە، ئەوەندەش شتە نوێ نەزانراوەکان کە لە داهاتوودا دێن ئەگەری ئەوەیان هەیە مرۆڤایەتی بەرەو تاکگەرایی زیاتر بەرێت.

جیهانگیريی و تەکنەلۆژیا و پەرتبوونی زیاتری خێزان

ڕەنگە لەم نوسینە کورتەدا بواری ئەوە نەبێت پێناسەی چەمکەکان و دیتێڵێکی مێژوويی بۆ ناونیشانەکە بکەین، پێشینان دەڵێن (گوێز بەژماردن مایەکەی دیارە)، ڕەنگە هیچ شتێک وەک ئامار و داتا نەتوانن ئاستی مەترسی ئەم بابەتە ڕوونبکەنەوە، بۆیە لێرەدا چەند زانیاریيەک دەخەینە ڕوو:-

  • پێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتیيەکان بەگشتی و لەنێویشیاندا فەیسبوک و ئینستا و تیکتۆک و مەسینجەر و وەتسئاپ و…. هتد، بەهۆکارە هەرە خێرا و لەپێشینەکان دادەنرێت بۆ جیابوونەوەی خێزانی و دیاردەی تەڵاق.

ڕۆژنامەی (ئیندیپدێنت) لەسەر زاری کۆمەڵەی پارێزەرانی ئیتالیا و ئەکادیميای پارێزەرانی ئەمریکا بڵاویکردۆتەوە کە تۆڕە کۆمەڵایەتیيەکان بەگشتی هۆکارێکی خێران بۆ جیابوونەوەی هاوسەران، بەجۆرێک تەنها لە ئەمریکا٢٠٪ حاڵەتەکانی تەڵاق و جیابوونەوە، هۆکارەکەی ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی فەیسبووک. لە ٤٠٪ی حاڵەتەکانی جیابوونەوە و خیانەتی هاوسەرگیری لە ئیتالیا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاسانکاريیانەی کە تۆڕەکۆمەڵایەتیيەکان لە پەیوەندیگرتندا بەردەستی خستووە، بەتایبەتی مەسینجەر و وەتسئاپ. هه‌روه‌ها پێگەی (دیفۆرس ئۆنلاین) لە ساڵی ٢٠١١ ڕایگەیاند، کە یەک لەسەر سێی حاڵەتەکانی جیابوونەوەی هاوسەران لە بەریتانیا هۆکارەکەی بەهۆی تۆڕەکۆمەڵایەتیيەکانەوەیە. له‌لايه‌كى تره‌وه‌ بەشی ئاڕاستەکردنی خێزانی لە ئیمارات ڕایگەیاند کە (٥٠٠٠) دۆسيیەی دادگا کە لە بواری توندوتیژی خێزانی تۆمارکراوە، زیاتر لە ٦٠٪ بەهۆی تۆڕەکۆمەڵایەتیيەکانەوە بووە.

لە هەرێمی كوردستان لە هەر 4 پرۆسەی هاوسەرگیری یەكێكیان بە جیابوونەوە كۆتایی دێت و لە پارێزگای سلێمانیش لەهەر 3 پرۆسەی هاوسەرگیرییەك یەكێكیان بە جیابوونەوە كۆتایی دێت.

بەڕێوەبەرایەتیی پلان و ئاماری ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان ئاماری مامەڵەی ئەنجامدراوی دادگاكانی بۆ ساڵی 2019 بڵاوكردەوە، لە كۆی(32432) پرۆسەی هاوسەرگیری(8381) پرۆسەیان بە جیابوونەوە كۆتاییان هاتووە بەڕێژەی (25.8%) بەمشێوەیە:

🔹 پارێزگای هەولێر لە (11144) پرۆسەی هاوسەرگیری (3115) پرۆسەیان بە جیابوونەوە كۆتایی دێت بەڕێژەی (28%).

پارێزگای سلێمانی لە (11033) پرۆسەی هاوسەرگیری (3448) پرۆسەیان بە جیابوونەوە كۆتایی دێت بەڕێژەی (31.3%).

پارێزگای دهۆك لە (8322) پرۆسەی هاوسەرگیری (1129) پرۆسەیان بە جیابوونەوە كۆتایی دێت بەڕێژەی (13.6%) .

🔹 گەرمیان لە (1933) پرۆسەی هاوسەرگیری (689) پرۆسەیان بە جیابوونەوە كۆتایی دێت بەڕێژەی (28%).

بەپێی ئاماری پێنج مانگی ئەمساڵ جگە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، زۆرترین حاڵەتی جیابونەوە لە عێراقدا لە بەغدای پایتەخت بووە كە (12373) حاڵەت بووە، لەكاتێكدا (33940) پرۆسەی هاوسەرگیری هەر لە بەغدا و  لە دادگاكان تۆماركراوە، پارێزگای موسەنناش كەمترین حاڵەتی جیابوونەوەی تێدا تۆماركراوە كە 418 حاڵەت بووە.

کە بەشی هەرە گەورەی ئەم ئامارانە هۆکارەکەی (تۆڕەکۆمەڵایەتی)یەکانە کە ڕێگاکانی تاکگەرایی ئاسان و نزیککردۆتەوە و درز و کەلێنەکانی خێزانی گەورەتر و فراوانتر کردووە.

د.کریستن نۆرتمان دەڵیت: تەکنەلۆژیا بە جۆرێک کاریگەری خراپی دروستکردووە کە لە نێوان (5) خێزاندا، یەکێکیان تووشی لێکترازان و هەڵوەشاندنەوە دەبێت، چونکە تۆڕە کۆمەڵایەتیيەکان ڕێگا خۆشکەرن بۆ دروستبوونی پەیوەندی نوێى نادروست کە دواجار خیانەتی هاوسەرگیری لێدەکەوێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەکارهێنانی ماڵپەڕە وروژێنەرەکان کە ساڵانە زۆرترین سەردانکەریان هەیە کاریگەريیەکی لە ڕادەبەدەر خراپ لەسەر خێزانەکان دروست دەکات. هەروەها چەند زیانێکی دیکەی تۆڕە کۆمەڵایەتیيه‌کانی دیکەی بۆ ئاشکرا کردوین کە تێیدا ئاماژە بەمانە کراوە:

ـ کەمبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و یەکتر بینین.

ـ خەڵکی پەیوەندی ڕووبەڕوویان بیر دەچێتەوە و کاتەکانیان تەنیا بەرامبەر شاشە بەسەر دەبەن.

ـ دانیشتنی زۆر و کات بەسەربردن لەگەڵ تۆڕەکۆمەڵایەتيیەکان دەبێتە هۆی توشبوون بە قەڵەوی.

ـ هۆکارێکی بەهێزە بۆ ئالودەبوون و بەهەدەردانی کاتی زۆر.

خشتەی ئامارەکانی (هێڵی گەرمی ١١٩) /

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان/ بەشی ئامار

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان/ سلێمانی

        فۆرمی ئاماری پەیوەندیيەکانی هێڵی گەرم

کۆی ئاماری (٣)، ساڵ (٢٠١٩-٢٠٢٠-٢٠٢١)

کۆی پەیوەندی وەرگیراو (١٥١٦٦)

١/ ئاماری پەیوەنديیەکان:

ژمارە پەیوەندییەکان
١٢٣٦٣ پێدانی ڕێنمایی و ڕاوێژ
٥٣٧ هەواڵەکردن بۆ سەنتەری ڕاوێژکاری
١٨١٠ هەواڵەکردن بۆ نوسینگەکان
٤٥٦ هەواڵەکردن بۆ تیم مۆبایل
١٥١٦٦ کۆی گشتی

 

٢/ ڕەگەزی پەیوەندیيەکان:

کۆی گشتی نێر مێ ڕەگەز
١٥١٦٦ ١٩٣١ ١٣٢٣٥ ژمارە

 

(٢٦)

٣/ ڕەگەزنامەی پەیوەندیيەکان

کۆی گشتی بیانی تورکمان عەرەب کورد ڕەگەزنامە
١٥١٦٦ ٧           ٣٠٤ ١٤٨٥٥ ژمارە

 

٤/ شوێنی پەیوەندیيەکان

کۆی گشتی کەمپ گوند ناحیە قەزا ناوشار شوێن
١٥١٦٦ ١ ١٢٩ ٣٩٥ ٩٨٥ ١٣٦٥٦ ژمارە

٤/ ئاماری جۆری کێشەکان

ژمارە پەیوەندیيەکان
٥٠٩٩ توندوتیژی خێزانی
٢ بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر
٥٣٧٣ بڵاوکردنەوەی وێنە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی
١٥٤ هەڕەشەی کوشتن
٦٦ جیابوونەوە
٤٥ زامدارکردن
١٩٢ شەڕکردن
٢٤ بەزۆر بەشودان
٥٢ ڕێگەگرتن لە هاوسەرگیری
٢٢ زۆر لێکردن بۆ لەشفرۆشی
٦٤ زەوت کردنی منداڵ
٤٧١ خەڵەتاندن
٣١ هێنانی ژنی دووەم
٢٨٥ ناپاکی هاوسەرگیری
٢٧ کێشەی میرات
٤٧ بێبەشکردن لە سەرمایە و دەرفەت یان خزمەتگوزاری
٤٢٢ سوکایەتی پێکردن
٤٠٣ جنێودان
٥٩ بێزارکردنی جەستەی
٤٨٢ لێدان
١٤١ لە ماڵ دەرکردن
١١ سواڵ پێکردن
١٢٤ خواردنەوەی مەشرووب
٤٨١ بێزارکردن بە تەلەفۆن
٢٢ هەوڵی کوشتن
٨٠ هەوڵی خۆکوشتن
٢٧٥ هەڕەشەکردن
١٣٢ ونبوون
٩٩ گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی
١٦٩ تۆمەت دروستکردن
١٧ بەندکردن لە ماڵەوە
٥٥ بازرگانیکردن
٣٠ بەزۆر جیاکردنەوە
١٧٠ خراپی باری ئابووری
٤٠ خراپی باری دەروونی
١٥١٦٦ کۆی گشتی

                                                                      

راڤەی ئامارەکانی هێڵی گەرمی ١١٩ ی پارێزگای سلێمانی /

١-تەنها لە شاری سلێمانیدا زیاتر لە (15000) پەیوەندنی تەلەفۆنی لە ماوەی سێ ساڵدا ئەنجامدراوە تایبەت بەگرفت و کێشە خێزانییەکان.

٢- لە کۆی ئەو ژمارەیە (٥٣٧٣) پەیوەندییان تایبەتە بە هە{ەشە و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ لە تۆڕەکۆمەڵایەتیيەکان وەک لێکەوتەکانی تاکگەرایی و جیهانگیری.

ڕاڤەی ئامار/

ژمارەی ئەو کێشە جۆربەجۆر و دۆسيیەیانەی توندوتیژی خێزانی کە لە نوسینگەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان،  وەک پەڕاوی لێکۆڵینەوە تۆمارکراون و خراونەتە بەردەستی دادگا زیاتر لە (11000) پەڕاوی لێکۆڵینەوەی خێزانی لە هەرێمی کوردستاندا هەبووە تەنها لە ساڵی (٢٠١٩)دا.

ڕاڤەی ئامار/

تەنها لە ماوەی یانزە مانگدا لە ساڵی (٢٠٢٠)دا زیاتر لە (٥٠٠) دۆسیە لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی توندوتیژی خێزانی ڕەوانەی (لیژنەی ئاشتەوایی خێزانی) کراوە، کە پێکدێن لە ژمارەیەک شارەزای دادی لە بوارەکانی (یاسایی، دەروونی، کۆمەڵایەتی) بەمەبەستی ئەوەی ئاشتەوایی لەو دۆسیانەدا بکرێت، کە لە مادەی (٥)ی یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی (٢٠١١) (یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان) ئاماژەی پێدراوە.

بەڵام بەداخەوە ئاستی شڵەژانی خێزانی گەیشتووه‌تە شوێنێک زۆرجار زۆر بەزەحمەت دەتوانرێت ئاشتەوایی لە نێوان خێزانەکاندا بکرێت.

قسەی کۆتایی سەبارەت بەم بابەتە:

١-ئەگەر ئاووهەوا و ژینگە و یاساکانی سرووشت بتوانن کاریگەریيان لەسەر شاخ و ڕووبار و دەریا و تۆپۆگرافیا بەگشتی هەبێت، کەواتە ژینگەی کۆمەڵایەتيی و سیاسيی و پێشکەوتنە ئابووريی و تەکنەلۆژییەکان زۆر خێراتر کاریگەریيەکانی خۆیان لەسەر مرۆڤایەتی بەگشتی و خێزان بەتایبەتی جێدەهێڵن.

٢- شریتی هێڵکاری خێزان وەک شریتی هێڵکاری گشت کایەکانی تر بەردەوام تووشی هەڵکشان و داکشان دەبێت لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر، دەڕواتە سەرەوە و لە شوێنێکدا دیسان دێتەوە خوارێ، هەروەک چۆن جەنگ و ئاشتی، کاریگەری لەسەر بۆرسەی ئابووری هەیە، هەر بەوچەشنە زۆر شتی تر هەن کاریگەريیان لەسەر بەها و بۆرسەی کۆمەڵایەتی و خێزانيیەکانیش هەیە.

٣-وەک چۆن لە سرووشتدا (شیری دایک) جێگرەوەی نيیە، هەر بەوچەشنە خێزانیش جێگرەوەی نیيە، هەروەک چۆن هەندێک پێدراوی سرووشتی تایبەت لە شیری دایکدا هەن، هەر بەوچەشنە هەندێک پێدراوی کۆمەڵایەتی – دەروونی  هەن تەنها لە خیزاندا دەست دەکەوێت.

٤-ئەو خزمەتگوزاريیانەی کە لە دەرەوەی دامەزراوەی خێزان پێشکەش دەکرێت، ئەکرێت زۆر باشتر و گونجاوتر بێت، لە هۆتێلێکدا نوستن و جلشتن و خۆشتن و زۆرشتیشت دەست دەکەوێت، هەتا ئەوکاتەی پارە بدەیت، یان دەوڵەت لە ڕێگەی دامەزراوەی جیاجیاوە پارەکەی بدات، بەڵام هەرکات ئەو یارمەتیيە بڕدرا خزمەتگوزاریيەکانیش دەبڕدرێن یاخود لاواز دەبن، تەنها خێزانە کە بێ بەرامبەر هەموو شتێک دەبەخشێت.

٥- فۆرم و شێوازەکانی خێزان بە بەردەوامی گۆڕانی بەسەردا دێت وەک ئەو ڕووبارەی ڕێڕەوی خۆی دەگۆڕێ، وەک ئەو سرووشتەی کە سەرچاوەی داهات دەبەخشێ و کەم دەکات و زیاد دەکات، بۆیە گۆڕانی خێزان و فۆرمەکەی مەترسيدارنین بەو ئەندازەیە، بەڵکو بازدانی نائاکاريی و پێچەوانەیی مەترسییە.

٦-ناتوانین لەم باسە وردتر تێبگەین ئەگەر تێگەیشتنێکی وردترمان نەبێت بۆ بابەتەکە لەڕووی مرۆڤناسی (ئەنترۆپۆلۆژیا)وە، واتا هەموو ئەو هۆکارانەی کە تا ئێستا شیکاری تاکگەرایی و کێشە خێزانیيەکانمان پێکردووە، بەتەنها ناتوانن ئەنجام و هۆکاری ئەو دۆخە بدەن بەدەستەوە هەتا، لەڕووی مرۆڤ ناسییەوە، لە خودی مرۆڤ و ڕەفتار و بیرکردنەوەکانی تێنەگەین، کە ئەمڕۆ دەیان قوتابخانەی شیکاريی و لێکدانەوەی ڕەفتاريی و دەرونشیکاريی و ڕەمەکی، لێکدانەوە بۆ سرووشتی ئاڵۆزی مرۆڤ دەکەن، بە کورتی واتا بابەتەکە تەنها پەیوەست نیيە بە جیهانگیريی و ئابووريی و ڕامیارییەوە، بەڵکو سروشت و دەروونی مرۆڤ و ڕەفتاری مرۆڤ ئەو لایەنانەن کە تائێستاش کەمترین زانیاری لەبەردەستدان.

٧- کۆمەڵناسی عێراقی عەلی وەردی دەڵێ:-کۆمەڵگای مرۆڤایەتی قەت لە کێشە خاڵی نابێت، ئەو کێشانە هێمای ژیان و دروشمی جوڵەی بەردەوامی مرۆڤن، چونکە کێشە مرۆڤ هاندەدات بۆ چارەسەرکردنی، بەوەش مرۆڤەکان دابەش دەبن و ململانێ دەکەن، لێرەوە مرۆڤ تێدەگات کە بەشێکی زیندوو مانەوەی پەیوەندی بە ململانێوە هەیە، هەرچی خەونی توباوییە لە هێنانەدی کۆمەڵگایەک کە هیچ جۆرە شەڕەشەق و کێشەیەکی تێدا نەبێت، ئەوە تەنیا بۆ دنیای فریشتەکان بەکەڵک دێت نەک ئەم جیهانەی کە ئێمەی تێدا دەژین.

٨-ئەگەر خودای گەورە بیوستبایە، هەموو خەڵکی دنیای دەکردە یەک کۆمەڵ و یەک خێزان و یەک نەتەوە و یەک ئاین، بەڵام لەبەر هەر حیکمەتێک کە خۆی دەیزانێت ئەو کارەی نەکرد، لێگەڕا کە کۆمەڵگا و خێزان و نەتەوەکان مانا و فۆرمی جیاواز جیاواز وەربگرن.

{وَلَوْ شَاءَ ربُّكَ لَجَعَلَ النَّاسَ أُمَّةً وَاحِدَةً وَلَا يَزَالُونَ مُخْتَلِفِينَ} هود-١١٨

٩-ئەگەر شۆڕشی پیشەسازی لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا دەستکاری بەشێکی گەورەی ژیان و ژیاری مرۆڤایەتی کردبێ و سەرجەم کۆمەڵناس و دەروونناس و مرۆڤناس و ئابوورییناسەکانی خستبێتە سەر کەڵکەڵەی لێکدانەوەی ڕاڤەی نوێ، ئەوا ئەمڕۆ تەکنەلۆژیا ئەمەندە بەخێرایی دەستکاری ژیانی مرۆڤ دەکات ڕەنگە فریای لێکدانەوەی دیاردەیەک نەکەوین، سەتان دياردەی تر بکاتە بابەتی ڕۆژ.

سەرچاوەکان

١- تەفسیری ڕامان، ئەحمەد کاکە مەحمود، چاپی شەشەم، ٢٠٢٠.

٢- د.محمد خیر شەعال: ئامادە سازی بۆ ژیانی هاوسەری، و.ڕێدار ڕەوف.

٣- یوڤاڵ نوح هەراری: هۆمۆدیۆس، و.عەلی نادر.

٤- د.علی وردی: واعیزەکانی سوڵتان، و.عه‌بدوڵڵا جه‌بار، چاپی دووەم، ٢٠٠٦.

٥- ڤۆڵڤگانگ سۆفسکی: توندوتیژی وەک ئەزموون، گۆڤاری ڕەهەند.

٦- ئۆشۆ: پیاو، و.بەرهەم ناودەشتی، چاپی دووەم، ٢٠١٥.

٧-https://www.britannica.com/topic/individualism

٨-https://www.cato-unbound.org/2015/08/03/lauren-k-hall/family-foundation-moderate-social-individualism

٩-social media, dictionary.cambridge.org, Retrieved 16-12-2020. Edited-

١٠- علی محمد: وسائل التواصل االجتماعي وأثرها على المجتمع، 25/2/2020، ص ١٩.

– ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ژماره‌ (34)گۆڤاری خاڵ  بڵاوكراوه‌ته‌وه‌..

گۆڤاری خاڵ، گۆڤارێكی هزری ڕۆشنبیری وه‌رزییه‌، به‌سپۆنسه‌ری سه‌نته‌ری زه‌هاوی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی فیكریی چاپ ده‌كرێت.

سەنتەری زەھاوی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply