
چ جۆرە دایک و باوکێک بین؟
كتێبى: (پەیوەندییەكانی نێوان دایباب و منداڵ)
خوێندنهوه و ڕانانی: ڕهوشت محهمهد
منداڵ بەزمانی حاڵ بە باوك و دایكی دەڵێت:
“لەپێشمەوە مەڕۆن، لەوانەیە دواتان نەكەوم،
لەدوامەوە مەڕۆن، لەوانەیە نەتوانم پێشڕەوتان بم
لە تەنیشتمەوە بڕۆن و تەنیا هاوڕێم بن”
(ئەلبێر كامۆ)
دەرفەتێكی نایاب بۆ دایك و باوكان
كتێبێک هاوکاریت دەکات بچیتە نیو جیهانى توناوتونى پڕ لەنهێنى منداڵەکەت، هاوکاریت دەکات وەڵامى هەزارویەک پرسیارى قەتیسماوى نێو مێشکى منداڵەکەت بدەیتەوە. فێرت دەکات چۆن ئیتر سەردەمى ئاراستەکردنى منداڵ ـ تەنیا بە قسەکردن ـ بەسەرچووە و دەبێت خۆت ئەوەى بکەى کە دەتەوێت منداڵەکەت بیکات. کتێبێک دەرگات بەروودا دەکاتەوە و ئاسۆکانت فراوانتر دەکات. کتێبێک زانست و ئەزموونت پێکەوە پێشکەش دەکات.
گرنگی ئەو پرۆژانەی كار لەسەر منداڵا و جیهانەكەیان دەكەن لەوێوەیە، كە تۆ دەتوانی لەو رێگەیەوە رەنگرێژی ئایندەی نەوەیەك بكەی، زۆر ئەستەمە جێكردنەوەی بیر و ئاكار لە مێش و قەناعەتی گەورەكاندا وەختێ ئەوان وەك بەشێك لە كەلتوور بۆیان ماوەتەوە و وەریانگرتووە، ئەوە دەبێتە بەشێك لە میزاجی ئەوان، بابەتێكی عەقڵانی وەك چۆن بە رێكارێكی عەقڵانییەوە دەگات ئاواش دەشێ بە رێكارێكی عەقڵانی دەستبەرداری بین. وەلێ ئەوەی دەبێتە میزاج ئێمە نازانین بۆ قبوڵمانە و ئامادەشنین دەستبەرداری بین.
بۆیە لێرەوە كاركردن بۆ بەرنامەیەكی پەرەوەردەیی دروست بۆ مامەڵكردن لەكەڵ منداڵان باشترینی ئەو ڕێگایانایە كە نەوەیەكی دروست سبەینێمان بەڕێوە ببەن. ئەم كارەش یان لە رێگەی سیستمێكی باشی پەروەردەییەوە دەكرێت كە دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەت پێی هەڵسن یان رێكخراوەكان بتوانن لە بواری خۆیان هەریەكەو چاكسازی لە گۆشەیەكی پرۆسەكەدا بكات.
ئەم پێشەكیە بۆ قسەكردنە لەسەر پرۆژەی وەرگێرانی كتێبێكی نایاب لەم بوارەدا بەناوی (پەیوەندییەكانی نێوان دایباب و منداڵا/ ڕێبەرێك بۆ پەروەردەكردنی منداڵان…) ئەم كتێبە لە بنەڕەتدا بە زمانی ئینگلیزی لەلایەنی هەر سێ نووسەری گرنگ (هیشام تالیب/ عەبدولحەمید ئەبو سولەیمان/عومەر تالیب)ەوە نووسراوە و لەبڵاوكراوەكانی (پەیمانگای جیهانی بۆ فیكری ئیسلامیی)ـە، تا ئێیستا بۆ ( )زمان وەرگێڕدراوە، زمانەكانی (عەرەبی كوردی ….) خۆشحاڵانە ئیستا لەیەن (سەنتەری زەهاوی بۆ لێكۆڵینەوەی فیكری)یەوە بەزمانی كوردی بڵاودەكرێتەوە، بە وەرگێڕانی (ئازاد عەلی محەمەد/ بێخاڵ لهتیف محیهدین/ زانا مەحمود حەسەن).
ئەوەی بە پێویستی دەزانم بیڵێم: بڵاوكردنەوەی ئەم كتێبە بەز مانی كوردی دەرفەتێكی باشە بۆ دایك و باوكی كورد تا لە ئەزموونێكی گەورە و پڕ لە زانیاری ورد و جوان، پشت بەستوو بە تازەترین لێكۆڵیبنەوە زانستییەكانی دونیا بەهرەمەند ببن و بیكەنە كتێبی هاوڕییان سبەینێیەكی باشتر پێشكەش بە منداڵ و نەتەوەكەیان بكەن.
شارەزاو پسپۆرانی بواری پەروەدە و زانست لەبارەی ئەم كتێبەوە چی دەڵێن
بەرلەوەی گەشتێك بەنێو باژ و بەشەكانیدا بكەین پێمخۆشە وتەی چەند كەسایەتییەی زانستی و پسپۆر لە بوارەجیاجیاكادا لەسەر ئەم كتێبە بهێنم.
ئیدریس خەمیسەی ڕاویژکاری نێودەوڵەتییه بۆ بواری پەروەردەیی و گەشەی مرۆیی لەبارەى ئەم کتێبەوە دەڵێت: )ئەم كتێبه ڕێبەرێكی چڕوپڕی سانایه بۆ خوێندنەوە، هەموو شتێکی پێویست سەبارەت بە چۆنیەتی بوون بە دایک و باوکێکی پڕ متمانە لەخۆ دەگرێت. هاوکات پڕە لە ئامۆژگاری و ڕێنوێنی بەپێز بە پشت بەستن بە توێژینەوە نوێیەکان لەبواری گەشەی منداڵ، سەرباری ئەمانەش زانیاری سەرنجڕاکیشی لەبارەی چۆنیەتی پێگەیاندنی منداڵێکی سەرکەوتوو تێدایه، بێزارنەکەرهو رێبەری خێزانێکی بەختەوەری لە هەگبەیدا هەڵگرتووە. نوسەرانی ئەم كتێبه رێنمایی جوانیان سەبارەت بە گەشەی کەسایەتی، زانست و مەعریفە، بەها، بەهرە بۆ منداڵ فەراهەمهێناوه، لەو تەکنیکه زۆرو زەوەندانەی کە ئەم كتێبه دەیگرێتە خۆ فێرکردنی منداڵان کە چۆن بتوانن چارەسەركەری کێشەی خۆیانبن، بڕیار بدەن، متمانەیان بە خۆیان هەبێت، منداڵێکی خودالەبیربن، بە ئاکار، سەرکەوتوو، بەرپرسیاربن لەبەرانبەر ئەركه جڤاکی و نەتەوەییەكان. ئەمانەش کارێکی ئاسان نین، بەڵام مەحاڵیش نین. بۆیە، دایبابی کاریگەر کلیلی چارەسەرن.
—————-
خوتەیبە چەلەبی: پسپۆڕی بواری دەرونناسی منداڵ، پشتگیری كراو لەلایەن دەستەی دەرونناسی و زانستی کۆئەندامی هەستەدەماری ئەمریکیی. لەبارەی ئەم كتێبەوە دەڵێت: سەرسامم بەو تیۆرە چڕوپرانەی لەم كتێبەدا کە تایبەتن بە گەشەی منداڵ بەشێوەیەک نووسەران هیچکام لەو ناڕوونییە باوانەی کە لەچەمکە دەروناسییەکاندا بوونیان هەیە، لەیاد نەکردووه.
——————-
ئیدریس خەمیسەی ڕاویژکاری نێودەوڵەتیی بۆ بواری پەروەردەیی و گەشەی مرۆیی. دەڵێت:
ئەم كتێبه بەیەکێک لە كتێبه کاریگەرو پڕ زانیاری و چڕوپڕەکانی بواری بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵ دادەنرێت. دەستی بۆ ئەو ئارێشانە بردووە کە لە ژینگەی ماڵدا بوونیان هەیە، لە جیهانی منداڵاندا ئەزموونکراون، زانیاری چۆنیەتی پێکهێنان و گۆڕینی خێزانەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەخاتە بەرباس.
———————
د. محةمةد بەشیر: ئەندامی دەستەی ڕاوێژکاری ئیسلامی خێزانیی ئەمریکا. لەبارەی كتێبەكەوە دەڵێت: هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندی دیارو ناوازەیە. کۆمەڵێکی زۆر سەرچاوەو دەقی بەنرخی خستوەتەڕوو، جگە لەوهش لەکۆتایی هەر بەشێکدا، لیستە چالاکیەک خراوەتەڕوو کە ئەگەر لەلایەن دایکان و باوکانەوە جێبەجێبکرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە کەشێکی خێزانی ئەرێنی تەندروست دەستەبەر دەکات.
————–
فاتیمە دیسا پارێزەری بواری پاراستنی منداڵ دەڵێت: ئەمە كتێبێكی پڕ لە توێژینەوەی بیرجوڵێنەرە کە بۆ هەر کەسێک بە کەڵکە کە منداڵ بەخێودەکات. هاوکات ڕێنوێنیەکی چڕوپڕی سەبارەت بە چۆنیەتی بوون بەدایک و باوکێکی کاریگەر لە جیهانی هاوچەرخدا لەخۆ گرتووە.
ئامانج و مەبەستەكانى كتیبەکە
ئەم كتێبە، بەشێوەیەكی ئاسان و ڕەوان ئامادەكراوە، بۆ یەك ملیار دایباب لە جیهانی ئەمڕۆدا نووسراوه، جا چ موسڵمانبن، یان هەر ئایینێكی دیكە، هاوكات بۆ ئەوانەشە كە هێشتا نەبوون بە دایباب، تەنانەت بۆ باپیرە و داپیرەشە، یان ئەو خزم و كەسانەی دەیانەوێت لە زانیارییەكانی ئەم كتێبە سود وەربگرن. بە واتایەكی دی، ئەم كتێبە تایبەت نییە بە شارەزایان و پسپۆڕان، بەڵكو كتێی هەموانە لەبەر ئەوە كە كار لە سەر منداڵان دەكات.
وەك ئەوەی كە نووسەرانی ئەم كتێبە ئاماژەیان بۆ كردووە مەبەستە سەرەكیەكانی ئەم پرۆژەیە بریتین لە:
أ. جەختكردن لە سەر گرنگی پەروەردەكردنی باش لە بەخێوكردنی منداڵ و خێزاندا بەوە كە ئەركی دایبابێتی بە كاری هەرە لە پێشینەی دابنرێت، ئەمەش نەك تەنیا بە شێوەیەكی تیۆری، بەڵكو بە شێوەیەكی كرداریش.
ب. نیشاندانی دایباب كە “چۆن” دەتوانن پەروەردە و كارامەیی پێوست بەدەستبێنن و تەكنیكەكانی پەروەردەكردنێكی باش جێبەجێ بكەن ئەمەش بۆ بەرهەمهێنانی هاوڵاتیەكی دروست كە خاوەن كەسایەتی بەهێز و ئاكاری بەرز بێت، كەسێك كە بتوانێت ببێتە بەردی بناغەی كۆمەڵگەو مروڤ و بەشێك بێت لە شارستانییەتی ئاییندە.
ت. یارمەتیدانی دایباب بۆ دروستكردنی ژینگەی ماڵێكی ئاسودەو هەماهەنگ و كارا لەپاڵ هەبوونی پەیوەندییەكی پشتگیركارانە لە نێوان تێكڕای ئەندامانی خێزانەكەدا.
ناساندنێكی خێرای ناوەرۆك
ئەم كتێبە لە دووتوێی (590) لاپەڕەی قەبارە (17/25)سم ـدا چەندین ناونیشانى گرنگ دەخاتە ڕوو لێرەدا بەپێویستم زانى لەبرى ئەوەى زۆر شتى تر بڵێم، بەشێک لەو ناونیشانانە بهێنم کە لەڕێگەیانەوە لە ناوەرۆکى کتێبەکە تێدەگەیت. بەشێوەیەکى گشتى بەسەر سێ بەشدا دابەشکراوە:
بەشی یەكەم پەروەردەكردن: دانانی بناغەكە
بەشی دووەم: گەشەكردنی منداڵ
بەشی سێیەم: بونیادنانی كەسێتی و كەسایەتی
لەناوەرۆکى ئەم سێ بەشەدا دەیان ناونیشانى گرنگ و سەرنجڕاکیش دەبێنى بۆنموونە:
ـ پەروەردەكردنی باش چییە و چۆن دەست پێ بكەین؟
ـ یەكەی خێزان: بۆچی گرنگە و ئەركی چییە؟
ـ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و لاوازییە گشتییەكان.
ـ كاتێك شتەكان هەڵە دەبن.
ـ بونیادنانی كەسێتی چاوەڕێ ناكات
ـ شیردانی سروشتی
ـ مێشكی منداڵ: بەكاری بهێنە ئەگینا لە دەستت دەچێت!
ـ بەخێوكردنی كوڕان و كچان: ئایا جیاوازن؟
ـ سێكس و ڕۆشنبیریی سێكسی: چی بە منداڵەكانمان بڵێین؟
ـ كەسێتی و كەسایەتی
ـ چاندنی ئازایەتی
ـ فێركردنی خۆشەویستی
ـ فێركردنی ڕاستگۆیی و متمانە
ـ فێركردنی بەرپرسیاریەتی
ـ فێركردنی سەربەخۆیی
ـ هاندانی كاری داهێنەرانە
ـ باوەڕ بەخۆبوون، یان منداڵی بەناز
ـ هەڵبژاردنی هاوڕێی باش بۆ منداڵەكەت
ـ كاریگەرییە نەرێنییەكانی تەلەفزیۆن، ڤیدیۆو یاری كۆمپیوتەری