وتار

سەڵاحەددینی ئەیوبی، ئەو سەرکردەی لە مێژووی کورد دووبارە نابێتەوە

سوداد ڕەسوڵ

ڕوانگەیەکی ئەکادیمی بۆ مێژووی سەڵاحەددینی ئەیوبی

سەڵاحەددینی ئەیوبی وەک گەورەترین کەسایەتیی مێژووی کورد، تائێستا لای کورد بەشێوەیەکی ئەکادیمی توێژینەوە لەسەر کەسایەتی و مێژووەکەی نەکراوە، هەروەها کورد وەک نەتەوەی خاوەن ئەم کەسایەتییە گەورەیە تائێستا وەک پێویست بایەخی بە مێژوو و ناووشۆرەتی سەڵاحەدین نەداوە. ئەگەر سەیری کتێبە مێژووییەکانی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بکەین، دەبینین مێژووی ئەیوبییەکان زۆر کەم  بایەخی پێ دراوە، لە مەڵبەندە ئەکادیمی و ڕۆشنبیرییەکانی باشووری کوردستانیش ناوی سەڵاحەدین و مێژووەکەی تائێستا پێگەی شیاوی خۆی پێ نەدراوە، کەچی لای غەیری کورد، لە مەڵبەندە ئەکادیمییەکانی جیهانی ئیسلام و ئەوروپا بایەخێکی زۆر بە مێژووی سەڵاحەدین دەدرێت.

بایەخ نەدانی کورد بە سەڵاحەدین زیاتر بۆ هۆکاری ئایدیۆلۆجی دەگەڕێتەوە، چونکە تاکی ڕۆشنبیری کورد لە ڕوانگەیەکی ئایدیۆلۆجییەوە سەیری مێژوو دەکات و هەر لەم ڕوانگەیەش هەڵسەنگاندن بۆ کەسایەتییەکان و ڕووداوەکان دەکات.

سەرهەڵدانی بیری نەتەوایەتیی کورد و بڵاوبوونەوەی لە سەرەتای سەدەی بیستەم بە نێو چینی ڕۆشنبیری کورددا، تێڕوانینێکی نوێی هێنایە دنیای هزری کوردییەوە، کە لە ڕوانگەی ئەم بیرە نەتەوەییە: کورد سەر بە نەژادی ئاریاییە و لە نەژادی سامی باشتر و بەرزترە، ئیسلام دینێکی عەرەبی سامییە، ئەم دینە بە فەرهەنگ و زمان هیچ پەیوەندی بە کوردەوە نییە، سەردەمی هاتنی ئیسلامیش بۆ ناو کورد سەردەمی مەینەتی و ژێردەستەیی کوردە، هەربۆیە هەوادارانی ئەم بیرە حەز دەکەن بە مێژوو و فەرهەنگ بگەڕێنەوە بۆ پێش ئیسلام،  و هەموو شتێکی پێش ئیسلامیش لایان خۆشەویستە، هەر بەشدارییەکی کوردیش لە شارستانیەتی ئیسلام بە خزمەتى بێگانە وەسفی دەکەن و بایەخی پێ نادەن. بەپێی ئەم ڕوانگە نەتەوەییە، سەڵاحەدین خزمەتکاری عەرەب بووە و هیچ سوودێکی بۆ کورد و مەسەلە نەتەوەییەکەی نەبووە، بۆیە پێویست ناکات کورد بایەخی پێ بدات، هەندێک جاریش زۆر بەتوندی ڕەخنەی لێ دەگرن و بە خیانەتکار و خۆفرۆش تۆمەتباری دەکەن. هاوکات لەگەڵ ئەم ڕەوتە ناسیۆنالیستییە، ڕەوتێکی دیکەی هزری چەپی و مارکسی بۆ دنیای هزری کوردی هات، کە ئەم بیرە لە ڕوانگەی ململانێی چینایەتییەوە مێژوو دەخوێنێتەوە و پێیوایە لەم ململانێیە، ئايين ئامرازێکە بە دەستی دەسەڵاتدار و چەوسێنەران بۆ هێشتنەوەی چینی کرێکار بە چەوساوەیی، بۆیە ئايين هیوایەکی درۆیینەيه‌ و خزمەت بە چینی کرێکار و چەوساوە ناکات، ئايين وەک ئەفیون وایە بۆ گەلان. ئەم ڕەوتە هزرییە جیاکاری نەژادی و ڕەگەزی لە نێوان ئاریایی و سامی ناکات، بەڵام دژایەتی هزری ئايينى دەکات، بۆیە لە مێژووی کورددا هەر کەسایەتییەک پاشخانێکی ئايينى هەبووبێت، شایەنی ئەوە نییە بایەخی پێ بدرێت، سەڵاحەدین لای ئەوان کەسایەتییەکی گرنگ نییە لە مێژووی کورد، چونکە خزمەتی بە ئايينى ئیسلام کردووە. لە بەرانبەر ئەم دوو ڕەوتە، ڕەوتێکی دیکەی هزری ئیسلامی سیاسی هەیە کە بەرگری هزری لە سەڵاحەدین دەکات، و بایەخی پێ دەدات. دەکرێ بڵێین لەنێو هەموو ڕەوتە هزرییەکانی دنیای کوردی، تێڕوانینی ئەوان بۆ سەڵاحەدین ڕاستتر و زانستیترە، و خزمەت بە کورد و مێژووی کورد دەکات.

ئەگەر سەرنج بدەین، پێش هاتنی ئەم ڕەوتە هزرییانە بۆ ناو کورد، مێژووی سەڵاحەدین لای کورد هیچ کێشەیەکی نەبووە و کورد زۆر شانازی بە مێژووی ئەیوبییەکان کردووە. لە شەرەفنامەی شەرەفخانی بدلیسی لە سەدەی شازدەم و خوڵاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستانی ئەمین زەکی بەگ لە سەدەی بیستەم، مێژووی سەڵاحەدین و ئەیوبییەکان وەک بەشێکی گرنگ  و پڕ شانازی کورد باسی کراوە. لە هەموو مێژووی ئەدەبییاتی کوردیش، لە شیعری شاعیرانی کورد، سەڵاحەدین هەر شانازی پێوە کراوە. کەواتە ئەسڵی کێشەی کورد لەگەڵ مێژووی سەڵاحەدین ئەو ڕوانگە ئایدیۆلۆجیستییەی ڕۆشنبیری کوردە کە بە پێوەرە ئایدیۆلۆجییەکان مێژوو دەخوێنێتەوە، ئەم خوێندنەوەیەش بۆ مێژوو لە ڕووی مەعریفییەوە یەکجار هەژارە، دەرسە مێژووییەکان چەواشە دەکەن و مێژوو بێنرخ دەکەن، نەوەی نوێش بەڕاستییە مێژووییەکان لاڕێ دەکەن، لەهەمانکاتدا کورد لە گەورەترین کەسایەتیی مێژووەکەشی بێبەش دەکەن. ئەگەر ئەم مێژووە لە ڕوانگەیەکی ئەکادیمییەوە سەیری بکرێ، و لە چوارچێوەی سەردەمی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لەو سەردەمە هەبوون خوێندنەوەی بۆ بکرێت، ئەوا سەڵاحەدین مێژوویەکی یەکجار گرانبەها و پڕ بایەخە بۆ ناسنامەی کورد، چونکە سەڵاحەدین تاکە کەسایەتیی مێژووی کوردە کە لەسەر ئاستی هەموو جیهانی ئیسلام و ئەوروپا ناسراوە و کاریزمایەکی جیهانی هەیە، بۆیە ئەم مێژووە بۆ کورد دەستکەوتێکی گەورەیە، زۆر گرنگە کورد ئەم مێژووە بە هی خۆی بزانێ و بایەخی پێ بدات، و بیکات بە هێز و وزە بۆ ئەمڕۆ و نەوەکانی داهاتوو.

گلەییەکی زۆر لە سەڵاحەدین دەکرێت کە هیچی بۆ کورد نەکردووە..! ئەوەی تۆزێک بە مێژوو ئاگایی هەبێت، لەوە ئاگادارە کە نەتەوایەتی و کێشەی نەتەوایەتی مەسەلەیەکی تازەیە لە مێژوودا، نەتەوایەتی و دەوڵەتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ سەد ساڵێک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی نەتەوایەتی بە جیهانی ئیسلام و ڕۆژهەڵاتدا بڵاودەبێتەوە، پێش ئەم سەدەیە شتێک نەبووە پێی بگوترێ کێشەی نەتەوایەتی و دەوڵەتی نەتەوەیی. تەنانەت لە ئەوروپاش نەتەوایەتی بۆ دوو سەدە پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بۆیە پێش ئەم سەردەمە سەرکردە و ڕابەر و زانا و دانا و شاعیر و نووسەر،.. کەسایەتی سەردەمی خۆیان بوون و لەچوارچێوەی ئەو فەرهەنگ و ئەو کێشانەی لەو سەردەمە هەبووە بیریان کردووەتەوە و کاریان کردووە و نووسیویانە. ئەم دۆخە لە مێژوودا لای هەموو نەتەوەکان بە هەمان شێوە بووە، بە سەدان شاعیر و دانا و زانا هەبوون لە مێژوودا بە زمانی نەتەوەی خۆیان هیچیان نەنووسیوە و بە زمانێکی دی کە ئەوسا زمانی ئەدەبی یان زمانی باڵادەست بووە نووسیویانە. بە سەدان سەرکردە و پیاوی مێژوويى هەبوون لە ڕووی نەتەوەییەوە هیچیان بۆ نەتەوە و گەلەکەیان نەکردووە، هەڵکەوتی مێژوویی وابووە لە وڵاتێکی تر حوکمڕان بوون، بەڵام ئەو کەسایەتییانە ئەمڕۆ بوون بە جێگەی شانازی و  بەڕێزەوە باسیان دەکەن و شەقام و شار و مەڵبەندی ڕۆشنبیرییان بەناو دەکەن.

سەڵاحەددینی ئەیوبیش وەک دەیان سەرکردەی دی لە مێژوودا زادەی سەردەمی خۆیەتی، کەسایەتییەکی کورد بووە لە سەدەی دوازدەم ژیاوە و تێکەڵ بە ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەی جیهانی ئیسلام بووە. ئەوەی گرنگە سەرنجی بدەین قورسایی دەسەڵاتەکەی لە دەرەوەی کوردستان بووە، خۆشی لە دەرەوەی کوردستان لە ژینگەیەکی عەرەبی گەورە بووە. هەروەها لەو سەردەمەدا هیچ کێشەیەکی نەتەوەیى لە ئارادا نەبووە، ئینتیمای گەلان و نەتەوەکان بۆ ناسنامەی ئايينى بووە، گەورەترین ڕووداوی ئەو سەردەمەی جیهانی ئیسلامیش، هێرشی سەڵیبیەکان بووە، کە هەموو جیهانی ئیسلام بە کوردەوە دەیویست خۆی لەم هێرشانە بپارێزیت، و بەرگری لە خۆی بکات، بۆیە ئاساییە سەڵاحەدین و هەر سەرکردەیەکی دیکەی مسوڵمان لەو سەردەمە ئەو ڕۆڵە بگێڕێت، کە بەپێی سەردەمی خۆی ڕۆڵێکی گەورەی لە مێژوو گێڕاوە و سەڵیبییەکانی لە فەڵەستین وەدەرناوە، ئەم مێژووەش بوو بە یەکێک لە ڕووداوە گرنگەکانی مێژووی مرۆڤایەتی.

ئەوەی پلەوپایەی سەڵاحەددینی گەورەتر کردووە، مامەڵەی جوامێرانە و مرۆڤدۆستانەی بوو لەگەڵ سەڵیبییەکان لەکاتی ڕزگارکردنی قودسدا، بە هەزاران مەسیحی و قەشە و پیاوانی ئايينى بەخشی و بە جوانترین شێوە مامەڵەی لەگەڵ کردن، سەڵاحەدین وەک پیاوێکی ئاشتیخواز دەرکەوت کە حەزی بە کوشتار و خوێنڕێژی نییە و پەنای بۆ تۆڵەکردنەوە نەبردووە. ئەم هەڵوێستە جوانەی سەڵاحەدین لەگەڵ سەڵیبییە داگیرکەرەکانی خاکی مسوڵمانان، لە هەموو ئەوروپا دەنگدانەوەی هەبوو، سەڵاحەدین بوو بە ڕەمزی ئازایەتی و جوامێری و شەهامەت، چووە نێو دەقی شانۆ و شیعر، بابەتی کاری هونەری.. لەوساوە هەتا ئێستا سەڵاحەدین لە ئەوروپا وەک کاریزمایەک سەیری دەکرێ نەک وەک دوژمن. بە سەدان کتێب بە زمانه‌ جیاوازه‌كانی ئەوروپی لەسەر ژیان و ئازایەتی و حوکمڕانییەکەی نووسراون.

کاتی ئەوە هاتووە کورد مێژووی سەڵاحەدین و ئەیوبییەکان بە ئەکادیمی و دوور لە ڕوانگە و ئەجێندای ئایدیۆلۆجی بخوێنێتەوە و توێژینەوەی لەسەر بکات، و لە مێژووی کورد پێگەی شیاوی خۆی پێ ببەخشێت. بەم تێڕوانینە ئەکادیمییە کورد بە هەموو ڕەوتە ئایدیۆلۆجییەکان دەتوانن سوود لەم مێژووە پرشنگدارە وەرگرن.

ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەیەکی ئەکادیمی بۆ مێژووی ئەیوبییەکان، و ئاوڕدانەوەیەکی خێرایە لە مێژووی ژیانی سەڵاحەدین و دەوڵەتی ئەیوبی لە میسر و شام، لەگەڵ باسکردنی ئەو ڕۆڵەی کە سەڵاحەدین وەک قارەمانێک گێڕاویەتی لە ڕزگارکردنی قودس و مامەڵەی نەرمی لەگەڵ سەڵیبییەکان.

 

بنەچەی سەڵاحەددینی ئەیوبی

بۆمان دەگێڕێتەوە بنەچەی سەڵاحەددینی ئەیوبی دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی قەوقاز لە ئەرمەنستان، کە لەم ناوچەیە لە سەدەکانی دەیەم و یازدەمی میلادیدا میرنشینێکی کوردی بەناوی میرنشینی شەددادی(٩٥١ –١٠٧٥ م) لە هەرێمی ئاران(1) فەرمانڕەوا بووە. محەمەد بن شەداد دامەزرێنەری ئەم میرنشینە بووە، و پایتەختەکەی شاری دوین بووە لە ئەرمەنستان.

بنەچەی بنەماڵەی ئەیوبییەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ شاری دوین لە ئەرمەنستان و سەر بە عەشیرەتی (ڕەوادی)ن. نه‌جمه‌دين ئەیوب، باوکی سەڵاحەدین لە گوندی ئەجدانکان لە نزیک شاری دوین لە ئەرمەنستان لەدایکبووە. شادی، باپیری سەڵاحەدین دوای ڕووخانی ئیمارەتی شەدادی لەگەڵ کوڕەکانی نه‌جمه‌دين ئەیوب و ئه‌سه‌ده‌دين شێرکۆ، لەسەر داوای بەهرۆز، کە والی بەغدا و دۆستێکی نزیکی شادی بووە، بۆ بەغدا کۆچ دەکەن. شادی و کوڕەکانی زۆر لە بەغدا نامێننەوە بۆ تکريت کۆچ دەکەن. شادی لە تکریت پۆستێکی ئیداری دەبێت و هەر لەوێش کۆچی دوایی دەکات و بە خاک دەسپێردرێت(2).

دوای مردنی شادی لە ساڵی ١١٣٢ز نه‌جمه‌دين ئەیوب لە پۆستە ئیدارییەکەی جێگەی باوکی دەگرێتەوە، لەهەمانکاتدا لەگەڵ ئەتابه‌گی موسڵ عيماده‌دين زەنگی پەیوەندییەکی دۆستانەی دەبێت، تا ئەوە بوو لە ساڵی ١١٣٨ نه‌جمه‌دين ئەیوب و شێرکۆ، تکریت بەجێدەهێڵن و ڕوو لە شاری موسڵ دەکەن، عيماده‌دين زەنگیش بە گەرمی پێشوازیان لێ دەکا و چاکەیانی لە یاد بووە. سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن لەو شەوەی کە کۆچ دەکەن بۆ مووسڵ، سەڵاحەدین لە شاری  تکریت لە دایک دەبێت.

دوای ئەوەی عيماده‌دين زەنگی دەسەڵاتی فراوان دەبێت و ناوچەی سووریا و بەعلەبەک(بعلبک) لە لوبنان داگیر دەکات نه‌جمه‌دين ئەیوب لەێ دەکرێ بە بەرپرس و فەرماندەی عەسکەری ئەو شارە. نه‌جمه‌دين لەم شارە بۆماوەی هەشت ساڵ حوکمڕان بووە، کەسێکی هێمن و لەسەرخۆ بووە لەهەمانکاتدا سیاسییەکی دووربین و چاوکراوە و شارەزا بووە، خەریکی کاری خێرخوازی و چاکە بووە، ئەوەندە وێڵی سامان و پلەوپایە نەبووە(3).

سەڵاحەدین لەگەڵ باوکی لە بەعلەبەک منداڵی خۆی بە سەر دەبات و گەورە دەبێت، لەهەمانکاتدا ئاگاداری هێرشی سەڵیبییەکان بووە بۆ دەشتی بیقاع، کە شاری بەعلەبەک لە دەشتی بیقاع هەڵکەوتووە، بەچاوی خۆی ئەو وێرانکارییە دەبینێت کە لە ئەنجامی دەستدرێژکاریی سەڵیبییەکان بەسەر ناوچەکەدا هاتووە(4) ، بۆیە  سەڵاحەدین هەر لە تافی لاوێتییەوە لەگەڵ باوکی و مامی قاڵبووی ناو  سیاسەت و ئیدارە بووە، و لەنێو ڕووداوە گرنگەکانی ئەو سەردەمەشدا ژیاون.

شێرکۆى مامی سەڵاحەددین، دەبێ بە سەرلەشکر لە سوپای نوره‌دين مەحموودی کوڕی زەنگی، ئەتابه‌گی حەلەب، دواتر بەهۆی دڵسۆزی و لێهاتوویی خۆی دەکرێ بە حاکمی شاری حومس (حمص) لە وڵاتی شام (کە ئەمڕۆ سووریایە)(5).

دواتر شێرکۆ لە میسر پۆستێکی ئیداری گەورەی پێ دەدرێ و دەکرێ بە وەزیری دەوڵەت لای دەوڵەتی فاتمی لە میسر، سەڵاحەددینيش لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکان هاوکار و ڕاوێژکاری دەبێ. دوای وەفاتی شێرکۆ، سەڵاحەدین لە جێگەی دەبێ بە وەزیری دەوڵەت و کاروباری میسری دەکەوێتە ژێردەستی. دوای ڕووخانی دەوڵەتی فاتمی، ئەمجارە سەڵاحەدین بۆ خۆی دەبێ بە سەرکردەی میسر، و لەگەڵ زەنگییەکانی شام یەک دەگرن و دەوڵەتێكی بەهێزی یەکگرتوو لە ناوچەکە پێکدێنن بەناوی دەوڵەتی ئەیوبی. دواتر هەرێمی حیجاز و یەمەنیش دەکەوێتە ژێر فەرمانڕەوایی ئەیوبییەکان. بەم پێیە دەوڵەتی ئەیوبی بەسەر ناوچەیەکی بەرفروان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فەرمانڕەوا بووە، بۆماوەی ٢٦٢ ساڵ بەردەوام بووە.

بەم شێوەیە بنەماڵەی ئەیوبییەکان کە لە ناوچەی قەوقازەوە ئاوارە دەبن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوێ ئەستێرەی بەختیان دەگەشێتەوە و دەبن بە خاوەن پلەوپایە و فەرماندەی عەسکەری و دەسەڵاتدار بەسەر ناوچەکەدا.

سەردەمی سەڵاحەددینی ئەیوبی

ئەو سەردەمەی سەڵاحەدین لێی لەدایکبووە سەدەی دوازدەمی زاينى بووە، ئەو شوێنەش کە لێی لەدایکبووە تکریت بووە و دواتریش لە بەعلەبەک( لە لوبنان) گەورە بووە، واتە دوور لە کوردستان و لە ژینگەیەکی عەرەبی لەدایکبووە و گەورە بووە، ئەمە لە لایەک، لەلایەکی دیکەوە زۆر گرنگە بزانین کە ئەو سەردەمە جیهانی ئیسلام لە چ بارودۆخێکدا بووە کە ئەم بنەماڵە کوردە لە جەرگەی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە کارگێڕ و کاربەدەست و فەرماندەی عەسکەری بوون.

لەو سەردەمە کە سەڵاحەددینى ئەیوبی وەک سەرکردەیەک بە دەردەکەوێت، ئەوسا فەرمانڕەوایی جیهانی ئیسلام لەژێر دەسەڵاتی خەلافەتی عەباسیدا بوو کە پایتەختەکەی لە بەغدا بوو، بەڵام لە چەند لایەکی قەڵەمڕەوی ئەم خەلافەتە دەوڵەتی ناوچەیی سەربەخۆ هەبوون، وەک فاتمییەکان، کە بنەماڵەیەکی شیعەی ئیسماعیلی بوون لە میسر فەرمانڕەوا بوون و دژ بە دەسەڵاتی خەلافەت بوون، سەڵیبییەکانیش کەناری ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیان داگیر کردبوو، هەر لە ئاسیای بچووکەوە، لە ناوچەی ئەنتاکییەوە هەتا لوبنان و فەلەستین و نيمچه‌دوورگه‌ى (سینا) لەژێر داگیرکاری سەڵیبییەکاندا بوو، ئەتابه‌گەکانیش کە تورکە سەلجوقییەکان بوون لە باکووری عێراق و سووریا فەرمانڕەوا بوون.

بەم شێوەیە جیهانی ئیسلام لە ناوخۆدا پارچە پارچە بوو، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە دوچاری داگیرکاری دەرەکیش هاتبوو. خاڵێکی دی زۆر گرنگە بزانرێ کە مسوڵمانان لەو سەردەمە هەموو پێکەوە یەک ناسنامەیان هەبووە کە ئەویش ناسنامەی ئۆممەتی ئیسلام بوو، واتە هەموو نەتەوە و گەلانی ناو ئۆممەتی ئیسلامى لەو سەردەم لە یەک بەرەدا بوون، هیچ کام لە نەتەوەکانی ناو جیهانی ئیسلامى هەوڵی دروستکردنی کیانی نەتەوەییان بۆ خۆیان نەداوە، چونکە هەستی نەتەوایەتی و بیری نەتەوایەتی لە ناودا نەبووە. وەک ئاشکرایە بیری نەتەوەیی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەم لەنێو گەلانی موسڵمان بڵاودەبێتەوە، بەتایبەت دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی لە سەرەتای سەدەی بیستەم. بۆیە لە سەدەی دوازدەيه‌می زاينى نەک هەر لە جیهانی ئیسلامى بیری نەتەوەیی نەبووە، بەڵکو لە ئەوروپاش نەتەوایەتی هێشتا دەرنەکەوتبوو، بۆیە گەلانی ئەوروپاش پێکەوە لە بەرەیەکدا بوون کە ئەویش بەرەی مەسیحیەت و بەرژەوەندییەکانی جیهانی مەسیحی بوو.

لێره‌وه‌ ڕوون دەبێتەوە کە سەڵاحەدین وەک قارەمانێکی کورد لە دەرەوەی کوردستان پێ دەگات و دەسەڵاتی دەبێت، لەو سەردەمە ئەرکێکی گەورەی مرۆڤایەتی و مسوڵمانەتی لە ئەستۆ بووە کە بەرگری لە جیهانی ئیسلام بووە، هەوڵدان بووە بۆ یەکخستنی مسوڵمانان لە دژی داگیرکاریی سەڵیبییەکان. بۆ ئەم ڕزگارکردنەش هەموو گەلانی مسوڵمان بە کورد و عەرەب و تورکمان و تورکی سەلجوقی و ئەمازیغی لەگەڵ سەڵاحەددیندا بوون بۆ شەڕ لە دژی سەڵیبییەکان و ڕزگارکردنی خاکی مسوڵمانان لە چنگیان.

 

شەڕ لە دژی سەڵیبییەکان و ڕزگارکردنی قودس

شەڕی سەڵیبی، زنجیرە شەڕێک بووە لە نێوان ئەوروپای مەسیحی لە ڕۆژئاوا و جیهانی ئیسلامى لە ڕۆژهەڵات لە کۆتایی سەدەی یازدەيه‌م و سەدەی دوازدەيه‌م و کۆتایی سەدەی سێزدەمی زاينى (١٠٩٦ – ١٢٩١ م) کە مەسیحییەکان لە ڕۆژئاواوە هێرشیان دەهێنایە سەر جیهانی ئیسلام بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و بەتایبەت فەلەستین و شاری قودس کە شوێنی پیرۆزی مەسیحییەکانە و شوێنی لەدایکبوون و ژیانی حەزرەتی عیسا بووە. مەسیحییەکان بەردەوام دەهاتن بۆ زیارەتی شوێنە پیرۆزەکانیان.

دوای ئەوەی تورکە سەلجوقییەکان لە ئاسیای ناوەڕاستەوە کۆچ دەکەن بۆ ئاسیای بچووک (تورکیای ئێستا) گوشار دەخەنە سەر دەسەڵاتی بیزەنتییەکان لەم هەرێمە و پێشڕۆیی دەکەن بۆ ناوچەکانی دی، تا ئەوەبوو لەکۆتاییدا دەست بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا دەگرن، شاری قودس  و فەلەستین دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی سەلجوقییەکان، و ڕێگە لە مەسیحییەکان دەگرن بۆ زیارەتی شوێنە پیرۆزەکانیان. ئەم ڕیگەگرتنە لەلایەک و، زیادبوونی دەسەڵاتی تورکە سەلجوقییەکان لە ئاسیای بچووک لە دژی بیزەنتییە مەسیحییەکان لەلایەکی دیکەوە دەبێتە جێگەی هەڕەشە بۆ سەر جیهانی مەسیحییەت، ئەمانە بەهانە دەدەنە دەست مەسیحییەکانی ئەوروپا کە بەرگری لە جیهانی مەسیحییەت بکەن، بۆیە پاپای کاسۆلیک ئوربانی دووەم Pop Urban II بانگەوازی مەسیحییەکانی ئەوروپا دەکات کە چیدی لەناو یەک شەڕ نەکەن و ڕیزەکانیان یەک بخەن بۆ شەڕی پیرۆز Holy War دژ بە مسوڵمانەکان کە بوون بە جێگەی هەڕەشە بۆ سەر مەسیحییەکان، هەروەها بۆ ڕزگارکردنی خاکی پیرۆزی مەسیحییەکان لە چنگی مسوڵمانەکان(6). بەم بانگەوازەی پاپای ناوبراو لە ساڵی ١٠٩٦ یەکەم شەڕی سەڵیبی دەستپێدەکات. لە مێژوودا هەشت شەڕی گەورەی سەڵیبی لە هەرێمەکە بە دوای یەک بەرپا بووە.

ئەم شەڕانە بۆماوەی زیاتر لە دوو سەدە بەردەوام بوون، خەڵکێکی زۆر لەم شەڕانە بوون به‌ قوربانی و وێرانکارییەکی زۆریشى لەگەڵ خۆيدا هێنا. هەرچەندە ئەم شەڕانە بە بەهانەی ڕزگاری شوێنی پیرۆزی مەسحییەکان بوو، بەڵام هۆکاری ئابووريی و سیاسی هەبووە. لە سەدەکانی دەیەم و یازدەيه‌م قەیرانی ئابووريی و وشکەساڵی و برسێتی ڕووی لە وڵاتانی ئەوروپا کردبوو، چاویان لە جیهانی ئیسلامى بوو بۆئەوەی بتوانن خاکێکی بەپیت و بەرهەم لە ڕۆژهەڵات بخەنە ژێردەستی خۆیان، هەروەها هۆکاری سیاسیشی هەبوو کە ئامانجیان ئەوە بوو بە بەهانەی ڕزگارکردنی شوێنی پیرۆزی مەسیحییەکان، زەبرێکی کوشندە لە جیهانی ئیسلام بدەن بۆئەوەی سوپای مسوڵمانان چیدی بەرەو ئاسیای بچووک و ئەوروپا پێشڕۆیی نەکات(7).

ئەم شەڕە لە جیهانی مەسیحییەتی سەدەکانی ناوەڕاست ئەوەندە جێگەی بایەخ بووە، دەسەڵاتی کەنیسە هەموو دەزگاکانی مەسیحییەتی لە ئەوروپا خستەکار بۆئەوەی بتوانن ژمارەی زیاتری شەڕکەر بۆ ئەم شەڕانە کۆ بکەنەوە.  تەنانەت مەلیک ‌هێنری دووەم مەلیکی ئینگلتەرا، و باوکی ڕیچاردى شێردڵ، بەسەر و بە ماڵ خۆی بۆ ئەم هێرشانە ئامادە دەکرد، باجێکی تایبەتی لە خەڵک وەردەگرت بەناوی باجی سەڵاحەدین Saladin Tax  کە دەیەکی لە هەموو بەروبومێکی خەڵک وەردەگرت(8).

لە شەڕی یەکەمی سەڵیبی کە لە نێوان ساڵانی ١٠٩٦ – ١٠٩٩ زاينى بوو، سەڵیبییەکان توانیان ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست هەر لە ئاسیای بچووکەوە هەتا لوبنان و فەلەستینی ئەمڕۆ لەگەڵ شاری قودس داگیربکەن. لەم داگیرکردنەدا کوشتارێكی بێبەزەییانەی خەڵکەکە دەکەن. سەڵیبییەکان لەم هەرێمانە چەند ئیمارەتێک دادەمەزرێنن وەک ئیمارەتی ڕەها، ئەنتاکییە، تەرابلوس، قودس.

لە شەڕی دووەمی سەڵیبی کە لە نێوان ساڵانی ١١٤٧ – ١١٤٩ زاينى بوو، مسوڵمانەکان لە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچە داگیرکراوەکانیان لە سەردەمی عيماده‌دين زەنگی چەند ناوچەیەک رزگار دەکەن بەتایبەت شاری ڕەها (کە شاری ئورفای ئێستایە).

 

ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کە لە لایەن سەڵیبییەکانەوە داگیرکرابوو

چەند ئیمارەتێکیان لەم هەرێمە دامەزراند بوو، لە سەدەی یازدەيه‌م و دوازدەيه‌می زاينيدا.

 

لە شەڕی سێیەمی سەڵیبی کە لە ساڵی ١١٨٧ز بەرپا بوو، ئەم شەڕە بە فەرماندەيی سەڵاحەددینی ئەیوبی بوو. ناوبراو سەرکەوتنی گەورە بە دەست ده‌هێنێت، بەتایبەت لە شەڕی حەتین(9) (حطين) کە شەڕێکی یەکلاکەرەوە بوو،  هێزەکانی سەڵیبی زۆر بە خراپی دەشکێن و زیانێکی گەورەی گیانی و ماڵیان بەر دەکەوێ و ئەسیرێکی زۆریان دەبێت. ئیدی دوای ئەم تێکشکانە سەڵیبییەکان لە شارەکانی سەر کەنار وەک  یافا، سەیدا، بەیروت، جوبەیل و عەسقەلان و ئەوانی دی یەک لە دوای یەک شکان. ئەم شەڕە هاوسەنگیی هێز دەگۆڕێت و سنوورێک بۆ داگیرکارییەکانی سەڵیبی لە ڕۆژهەڵات دادەنێت، کە بۆماوەی ٩٠ ساڵ بوو ئەم ناوچەیان داگیر کردبوو(10).

 

شوێنی بەرپابوونی شەڕی حەتین لە باکووری فەلەستین

ڕزگارکردنی قودس

دوای شکانی سەڵیبییەکان لەم ناوچانە، سەڵاحەدین بە سوپايه‌كه‌وه‌ بەرەو باشوور كشا بۆ ڕزگارکردنی شاری قودس، لە دیوارەکانی شاری قودس نزیک دەبنەوە و، شارەکە بۆماوەی دوازدە ڕۆژ گەماڕۆ دەدەن. سەڵیبییەکان لەوێ  هێزێكی وا گەورەیان نابێ کە بتوانن بەرانبەر سوپای سەرکەوتووی سەڵاحەدین بەرگری بکەن، بۆیە داوای گفتوگۆ دەکەن بۆئەوەی بەبێ شەڕ شارەکە بدەنە دەست سوپاکەی. بۆ سەلامەتی گیانی سەڵبییەکانی دانیشتوانی قودس، هەردوولا ڕێکدەکەون کە هەرکەسێک لە سەڵیبییەکان بڕێک پارە بدەن وەک فدیە بۆئەوەی بە سەلامەتی لە شارەکە دەرچن، بڕە پارەکەش بۆ پیاو ١٠ دینار و ژن ٥ دینار و منداڵیش ١ دینار. دوای ئەم ڕێککەوتنە، سوپای سەڵاحەدین بەبێ شەڕ بە سەرکەوتوویی دەچێتە ناو شاری قودس. لە دەروازەکانی شارەکە فەرماندەی سوپا دادەنێن بۆ وەرگرتنی فدیە. لەنێو شارەکە بێجگە لە ژن و منداڵ، ٦٠ هەزار پیاوی سوار و پیادەی لێ بوو(11).

بۆ ڕزگارکردنی خەڵکە سەڵبییەکەی ناو شاری قودس، سەڵاحەدین ئەوپەڕی لێبوردەیی دەنوێنێت: ئەوانەی بە تەمەن بوون بەبێ دانی فدیە لە شار دەرچوون. ئەوە جگەلەوەی کە سەڵاحەدین حەوت هەزار هەژاری لەسەر تکای مەلیک عادلی برای لە پێدانی فدیە بەخشی، خۆشی دە هەزار هەژاری بەخشی. ڕۆژێکیشی تەرخانکرد هەر لەبەیانییەوە هەتا ئێوارە بۆ دەرچوونی خەڵکی هەژار لە شارەکە، بەبێ فدیە(12).

ئەو کچ و ژنە سەڵبییانەی کە مێردەکانیان لە شەڕ کوژرا بوون یان ئەسیر بوون، یان باوکیان کوژرا بوو، بەگریانەوە هاتن بۆ لای سەڵاحەدین داوای یارمەتییان لێ کرد، سەڵاحەدینیش فەرمانیدا ئەوانەی مێردیان ئەسیر بووە، مێردەکانیان ئازاد بکەن و بە هاوسەرەکانیان شادیان بکەنەوە و ئازادشن بۆ هەرکوێ دەیانەوێ بڕۆن، ئەوانەش کە مێردەکانیان کوژراوه‌ یان باوکیان نەماوە، فەرمانیدا لە پارەی گەنجینەی خۆی بەگوێرەی ژیان و گوزەرانیان پارەیان بۆ خەرج بکرێ و ئازاد بکرێن. هەروەها بۆ بێوەژن و منداڵانی هەتیویش لە گەنجینەی خۆی بەگوێرەی بژیى و گوزەرانیان پارەيان بۆ خەرج کردن. بۆ مەسیحییەکانی ئەو شارەش، سەڵاحەدین ڕێزیكی زۆر دادەنێ و شوێنە پیرۆزەکانیان دەپارێزێت(13).

مامەڵەی جوان و نەرمی سەڵاحەدین لە فەتحکردنی شاری قودس تەواو بەپێچەوانەی مامەڵەی سەڵیبییەکان بوو کە بۆ یەکەمجار لە شەڕی یەکەمی سەڵیبی لە داگیرکردنی قودس کوشتارێکی بێبەزەییانەی خەڵکی شارەکەیان کرد. سەڵیبییەکان کە لە ساڵی ١٠٩٩ قودسیان داگیرکرد، مەلیک گۆدفری Godfrey  بەدانپێدانانی مێژوونووسە ئەوروپییەکان، نزیک بە حەفتا هەزار مسوڵمانی قەتڵوعام کرد(14).

دواتر لە ڕزگارکردنی شاری عەککا، کە سەڵاحەدین لەگەڵ مەلیکی ئنیگلتەرا ڕیچارد شێردڵ ڕووبەڕوو دەبێتەوە، بەهەمان شێوە نەرمی دەنوێنێ، کاتێک شێردڵ نەخۆش دەکەوێ، سەڵاحەدین میوە و بەفری بۆ دەنێرێ کە داوای لێکرد بوو(15). کەچی شێردڵ دواتر کوشتارێکی بێبەزەییانەی خەڵکە مسوڵمانەکەی ئەو شارە دەکات: سێ هەزار کەس بە گوریس دەبەستنەوە و لەسەر گردێک هەموویان بەشێوەیەکی دڕندانە دەکوژن(16).

بەم پێیە گیانی لێبوردەیی و بەزەیی و دڵنەرمی سەڵاحەدین لە هەموو دنیا دەنگدەداتەوە، سەرکردە و پاشاکانی ئەوروپا لە ئیتاڵیا و فەڕەنسا و ئینگلتەرا بە ئەخلاقی جوان و کرداری  پڕ سەروەريی و جوامێری سەڵاحەدین سەرسام دەبن، لە شار و لە گوند باسی دەکرێ، دەبێ بە بابەتی چیرۆک و شیعر و شانۆکانیان(17).

سەڵاحەدین لە ڕزگارکردنی شاری قودس و مامەڵەی جوانی لەگەڵ سەڵیبییەکان، هەشت سەدە پێش ئێستا سەلماندی کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە ململانێی شارستانیدا نین و دەتوانن پێکەوە بەئاشتی بژین، و بەشداربن لە بنیاتنانی شارستانیەتێک لە سایەیدا مرۆڤەکان یەکديیان خۆش بوێ و ڕیزی یەکدی بگرن. هەتا ئەمڕۆش ئەوروپا باسی ئەم مێژووە پڕ لە شانازییە دەکەن و باس لە گەورەیی سەڵاحەدین دەکەن، هەروەها باس لە بنەماڵەکەی دەکەن کە بە بنەچە کوردن و  لە کوردستانەوە هاتوون.

 

دەوڵەتی ئەیووبی و دەوڵەتەکانی دەوروبەری لە سەدەی دوازدەيه‌می زاينيدا

 

كۆچى دوايى سەڵاحەددین

سەڵاحەدین دوای ئەم سەرکەوتنە گەورەیە، لە شام خەریکی ڕێکخستنی ئیشوکاری وڵاتەکەی بوو، هەروەها خەریکی دابەشکردنی سەدەقە بوو بەسەر خەڵكی داماو و هەژار.  لە ساڵی ١١٩٣ نەخۆش دەکەوێ و نیشانەکانی تای زەرد (الحمی الصفراء)ی لێ بە دەردەکەوێت و ئارەزووی خواردن ناکات و باری تەندرووستی خراپ دەبێت، دواتر لە تەمەنی ٥٤ ساڵيدا کۆچی دوایی دەکات. لە نزیک مزگەوتی ئەمەوی لە شاری دیمەشق تەرمەکەی بە خاک دەسپێردرێت.

کەسایەتیی سەڵاحەددینی ئەیووبی

دەکرێ لەبارەی کەسایەتی و کارە مەزنەکانی سەڵاحەدین زۆر بنووسرێ. لەوكاته‌وه‌ى کە ناوی چووەتە مێژوو وەک پیاوێکی مەزن باسی دەکرێ. سەڵاحەدین نەک هەر لای مسوڵمانان زۆر گەورە و جێگەی ڕێزە، بەڵکو لای ئەوروپییە مەسیحییەکانیش، بەهۆی گیانی لێبوردەیی و مامەڵەی جوان و نەرمی لەگەڵ دوژمنەکانی، بۆتە جێگەی ڕێزێكی گەورە. لە ئەوروپا لەجیاتی ئەوەی وەک دوژمن سەیری بکرێ، کە سەڵیبییەکانی لە فەلەستین وەدەرناوە، کەچی بووە بە ڕەمزی ئازایەتی و لێبوردەیی، هەربۆیە بە زمانە جیاوازەکانی ئەوروپی بە دەیان و سەدان کتێب لەسەر ژیان و ئازایەتی و جوامێری سەڵاحەدین نووسراوە، لە چەندین چیرۆک و شیعری ئینگلیزی و فەڕەنسی ئەو سەردەمە ناوی هاتووە.  لە کارە هونەرییەکانی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا، لە تابلۆ و نیگار و مینیاتۆرییەکان، ئازایەتی و جوامێریی سەڵاحەدین نیشان دراون.

سەڵاحەدین لە حوکمڕانيدا هەتا ئەوپەڕی بە عەدالەت حوکمی کردووە، ئەم عەدالەتەی لەسەر خۆی و کەسوکار و برازاکانیشی جێبەجێ کردووە. کەسێکی چاوتێر و بەخشندە بووە، هەرگیز لە دەسەڵاتیدا لە هەوڵی ئەوە نەبووە سامان کۆبکاتەوە، پێیوابوو سامان دەبێ لە ڕێی خوا سەرف بکرێت. لەگەڵ دۆست و دوژمن خاوەن بەڵێن بووە، هەر بەڵێنێکی بدایە بەجێی دەگەیاند، کەسێکی دڵنەرم و بە ویژدان بوو، هەرچەندە دوژمن بەرانبەری زۆر دڵڕەق و بێویژدان بوو، بەڵام ئەو هەرگیز وەک دوژمنەکەی ڕەفتاری نەدەکرد. کەسێکی هەژاردۆست و پشتیوانی خەڵکی داماو و لێقەوماو بوو. سامان و کۆشک و گوند و باخ و بێستان و هیچ کەلوپەلێکی لە دوای خۆی بەجێ نەهێشت، ئەمە لەکاتێکدا خاوەن دەوڵەتێکی گەورە و بەرفراوان بوو، تەنانەت لەدوای مردنی خۆی لە گەنجینەکەی تەنیا ٤٧ درهەم و یەک گرام زێر هەبوو، کە ئەمەش بەشی کفن و دفنی نەدەکرد، بۆ خەرجی شاردنەوەی پارەیان بۆ قەرز کرد(19).

نووسەرە ئەوروپییەکان بەرانبەر ئەم مێژووە پرشنگدارەی سەڵاحەدین زۆر سەرسامن، لە کتێبەکانیان زۆر بەگەورەیی باسی کەسایەتیی و لێبوردەیی و جوامێریی سەڵاحەدین دەکەن. دەکرێ لەم ڕووەوە ئاماژە بە لاوران پەینLauran Paine  نووسەری ئەمەریکی بدەین، کە لە کتێبێکی بەناوی (سەڵاحەددین، پیاوی هەموو سەردەمێک  Saladin, A Man For All Ages) بەم شێوەیە وەسفی سەڵاحەدین دەکات:” مێژوو زۆر کەم پیاوی وەک سەڵاحەددینی بەرهەمهێناوە. لەو سەردەمە لە هەموو ئەوروپا هیچ سەرۆک و پاشا و ئیمپراتۆرێک نەبووە وەک ئەو بووبێت. تەنانەت ئیسلام، لە دوای مردنی سەڵاحەدینەوە هەتا ئێستا، پیاوێکی دیکەی وەک ئەوی بەرهەم نەهێناوەتەوە“(20)

پۆرترێتی سەڵاحەدین لەلایەن هونەرمەندی فەرەنسی ئەندرێ تیڤات لە ساڵی ١٥٨٤ز لە پاریس کێشراوە.

مینیاتۆرێکی سەدەی پازدەمی میلادی کە لەلایەن دەیڤید ئوبێرت کێشراوە. سەڵاحەدین نیشان دەدات لەسەر ئەسپ بەسەرکەوتوویی هاتووە بۆ ناوی شاری قودس.

 

تابلۆیەکی سەدەی پازدەيه‌می زايينى، کوشتاری مسوڵمانان نیشان دەدات بەدەستی هێزەکانی ڕیچاردى شێردڵ، کە ٣٠٠٠ ئەسیرى مسوڵمانانی بەگوریس بەستەوە و لەسەر گردێکى شاری عەکا هەموویان دەکوژێت.

 

ژمارەی یەکەمی گۆڤاری (ڕۆژی کورد) کە لە ساڵی ١٩١٣ لە ئەستەنبوڵ دەرچووە، بەرگی پێشەوەی بە نیگاری سەڵاحەدین ئەیووبی ڕازێندراوەتەوە.

سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان

[1] – ناوچەی قەوقاز لە سەدەکانی ناوەڕاستدا چەندین ناوی جیاوازی هەبووە، ناوچەی نێوان هەردوو ڕووباری ئاراس و کورا لای مێژوونووسە عەرەبەکان بە هەرێمی ئاران ناسراو بووە.

2 – م. کاردوخ. جنبش های کرد، از ديرباز تا کنون، چاپ اول، سوید، ١٩٩٣، ص ١٤١ – ١٤٢.

3 – د. زرار صديق توفيق، کورد و کوردستان لە ڕۆژگاری خیلافەی ئیسلاميدا، لە بڵاوکراوەکانی خانەی ئاوێر، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠١١، ل٣٥٠.

4 – دکتۆر محسن محه‌مه‌د حسین، صەلاحەدینی ئەیوبی، ژیننامەی گەشترین، و. عه‌بدولڕه‌زاق بیمار، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، بەغدا، ١3٩٩٣. ل.١٣

5 – د. زرار صديق توفيق، کورد و کوردستان لە ڕۆژگاری خیلافەی ئیسلاميدا، ل٣٥١.

6 – Karen Armstrong, Holy War: The Crusades and Their Impact on Today’s World, Anchor Book, New York, 1992. P.3.

7 – شرارە شرفی، جنگهای صلیبی و علل آن، شرکت تاعونی، چاپ گناباد، مشهد، ١٣٧٨، ص ٣٩.

8 – د. محسن محه‌مه‌د حسین، صەلاحەدینی ئەیوبی، ژیننامەی گەشترین، و. عه‌بدولڕه‌زاق بیمار، دەزگای ڕۆشنبیريی و بڵاوکردنەوەی کوردی، بەغدا، ١٩٩٣، ل١٠١.

9 – حەتین ناوچەیەکە لە نێوان شاری ناسیرە و دەریاچەی تەبەرییە لە باکووری فەلەستین.

10-  د.علي محمد الصلابی، صلاح الدين الأیوبی، و جهودە في القضاء علی الدوڵة الفاطمية و تحرير بیت المقدس، الطبعة الأولی، دار المعرفة، بیروت، ٢٠٠٨، ص ٥٢٨ – ٥٣٠.

11 – نفس المصدر السابق، ص٥٣ – ٥٣٨.

12 – محمه‌د ئه‌مین زه‌کی به‌گ.،  خولاصه‌یه‌کی ته‌ئریخی کورد و کوردستان له‌ زۆر قه‌دیمه‌وه‌ تا ئیمڕۆ. ئاماده‌کردنی: ڕه‌فیق ساڵح، بنکه‌ی ژین،  سلێمانی، ٢٠٠٦. ل١١٣.

13 – د. علي محمد الصلابی، صلاح الدين الأیوبی، ص، ٥٤٢.

14ـ محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌کی به‌گ.،  خولاصه‌یه‌کی ته‌ئریخی کورد و کوردستان: ٢٠٠٦، ل ١١٣.

15- د. محسن محمد حسین، صەلاحەدینی ئەیوبی، ژیننامەی گەشترین، ل ١٠٦.

16 – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل.١٠٩.

17 – د. علي محمد الصلابی، صلاح الدين الأیوبی، ص، ٥٤٣.

18 – د. محسن محه‌مه‌د حسین، صەلاحەدینی ئەیوبی، ژیننامەی گەشترین، ل. ١٢٦- ١٢٧.

19 –  هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل.١٣٧.

20 – Lauran Paine, Saladin, A Man For All Ages, Clarke. Doble & Brendon Ltd. London, 1974. P.82.

– ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ژماره‌ (32)گۆڤاری خاڵ  بڵاوكراوه‌ته‌وه‌..

سەنتەری زەھاوی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply