مزگه‌وت و كاره‌كته‌ره‌كانی له ڕۆمانی كوردیدا
د.عه‌بدوڵڵا ڕه‌حمان
به‌شی زمانی كوردی، كۆلێژی په‌روه‌رده / زانكۆی سه‌لاحه‌دین
دامه‌زراوه ئاینییه‌كان پێگه‌یه‌كی دیار و به‌رچاویان له ژیان تاك و كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه و به‌هۆیه‌وه بنیادی كۆمه‌ڵگه به‌هۆی ڕایه‌ڵه‌ی گرینگی ڕۆشنبیری ئایینی ڕێكده‌خرێت، چونكه ئایین چه‌قی كۆكردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كانه. له‌هه‌مانكاتیشدا بایه‌خی ئه‌و په‌یوه‌ندییه مرۆڤایه‌تيی و كۆمه‌ڵایه‌تییه له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه كه هیچ خه‌سڵه‌ت و سیمایه‌كی چینایه‌تی له‌خۆی ناگرێت و له‌كاتی به‌جێگه‌یاندنی ڕێوشوێنه ئاینییه‌كانه‌وه جیاوازی چینایه‌تی هیچ پێگه‌یه‌كی نابێت، ئه‌مه‌ش وا گیانی ته‌بایی و یه‌كسانی و برایه‌تی له نێوان مرۆڤه‌كان به‌هێز ده‌كات. به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه ده‌زگا ئایینییه‌كان كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر لایه‌نی په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی مرۆڤه‌كان هه‌یه. له‌مباره‌یه‌وه كۆمه‌ڵناسی فه‌ڕه‌نسی (دوركهایم) بۆچوونى وایه كه ((به‌ته‌نیا داموده‌زگا ئاینییه‌كان توانای یه‌كخستنی مرۆڤیان له‌ڕووی هه‌ست و سۆزه‌وه هه‌یه)) ( ناجم مولای، 2011:1)، به‌م پێیه‌ش دامه‌زاراوه ئاینییه‌كان به‌شێك له پێوانه و ڕۆڵێكی ڕێكخراو پێكده‌هێنن له هه‌ست و خولیا و ئاره‌زووه‌كانی مرۆڤ بۆ گه‌ڕان به‌دوای نهێنییه‌كانی ژیان و مردن. بێگومان ((ئایینی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌شێكی گه‌وره له شێوه‌ی بیركردنه‌وه و بۆچوونه‌كان له‌لای خه‌ڵكی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه دروست ده‌كات، كاریگه‌ریشی له‌سه‌ر ڕه‌فتار و ئه‌خلاقی تاكه‌كانی و دیاریكردنی سنووری په‌یوه‌ندی نێوانیان ….هه‌یه)) (د.عبدالله خورشید، 2011:282)، به‌و واتایه‌ی ده‌زگا ئاینییه‌كان له‌كاتێكدا بایه‌خ به ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسيی و ئابووری مرۆڤ له ژیان ده‌ده‌ن و هه‌وڵی پێگه‌یاندنی مرۆڤ ده‌ده‌ن، له‌هه‌مانكاتیشدا بایه‌خ به‌دوای ئه‌و ژیانه و دنیای ئه‌و دیویش ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش وایكردووه ڕۆڵێكی گه‌وره و پیرۆزكراوی له ژیانی مرۆڤایه‌تی بگێڕێت، له‌به‌ر ئه‌م ڕۆڵه كاریگه‌ره په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌ویشی به ئه‌ده‌به‌وه هه‌یه و باسكردنی ئایین و داموده‌زگا ئاینییه‌كان له‌ناو ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كاندا مه‌سه‌له‌یه‌كی هه‌ستیار و دژواره، به‌تایبه‌تیش له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتدا، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و پێگه گه‌وره و مه‌زنه‌ی ئایین ده‌گه‌ڕێته‌وه له گشت بواره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه. بۆیه باسكردنی ئایین و به‌تایبه‌تیش ڕه‌خنه‌لێگرتن و ده‌ستنیشانكردنی كه‌موكوڕییه‌كانی به‌یه‌كێك له بابه‌ته باسنهكراو و قه‌ده‌غه و تابۆكانی ئه‌ده‌ب له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت. له‌م ڕوانگه‌شه‌وه ڕۆمان به‌حوكمی ئه‌وه‌ی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی ژیانه، له‌ژێر كاریگه‌رییه‌كانی ئاییندا ڕۆڵێكی دیار و به‌رچاوی هه‌یه له باسكردنی ئه‌و تابلۆیه ئایینییه‌دا، له‌مه‌شدا ڕۆماننووس پێویستی به بوێرییه‌كی گه‌وره هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك كه ((به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی مه‌ترسی و بوێری له‌وكاته‌دا زیاتر ده‌بێت، كه بابه‌تی باسكراوی ئایین بێت، ئه‌وكات دوو گوتاری ئایینی و ئه‌ده‌بی دروست ده‌بێت، یه‌كه‌میان به‌شێوه‌یه‌گی گشتی پشت به شێوازی ڕاسته‌وخۆ ده‌به‌ستێت، ئه‌وی دیكه‌شیان له‌وانه‌یه ڕاسته‌وخۆ بێت، به‌ڵام شیمانه‌ی بهرهمزبوونی زیاتری لێ ده‌كرێت. بۆیه هه‌ر ڕۆمانێكی له‌م شێوه‌یه خاوه‌نی ڕوانینێكی بوێرانه‌ی هه‌یه و پیرۆزییه‌كه‌ی وایلێكردووه دووباره ئایین بنووسێته‌وه و شیبكاته‌وه، ته‌نانه‌ت لای هه‌ندێكیشیان گه‌یشتۆته ڕاده‌ی گومانكردن لێی)) (أ. روایه رحابلی، 2015:60).
جیا له‌مانه‌ش ڕۆماننووس له‌ڕووی ته‌كنیكی ڕۆمانه‌وه وه‌كو شوێنێك سوود له داموده‌زگا ئایینییه‌كان وه‌رده‌گرێت و به‌كاریان ده‌هێنێت. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سوود له كاره‌كته‌ره‌كانی ناو ئه‌و داموده‌زگا ئاینییانه وه‌رده‌گرێت و له‌ناو ده‌قدا ڕۆڵی دیاریكراو و ئامانجداریان پێ ده‌سپێرێت، له‌وانه‌ش پیاوانی ئایینی كه ڕه‌نگه به‌هۆی ئه‌و ڕۆڵ گێڕانهشهوه ڕۆماننووس ڕه‌خنه‌یان ئاڕاسته بكات و كه‌موكوڕییه‌كانیان ده‌ستنیشان بكات. لێره‌دا ئاماژه به‌و داموده‌زگا ئاینییانه ده‌ده‌ین كه له‌و ماوه‌یه‌دا له ڕۆماندا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه:
مزگه‌وت وه‌كو دامه‌زراوه‌یه‌كی ئایینی ڕۆڵێكی گرنگی له ژیانی سیاسيی و كۆمهڵایهتيی و ئابووری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی گێڕاوه، به‌تایبه‌تیش كه مزگه‌وت له ئایینی ئیسلامدا به شوێنێكی پیرۆز و بنچینه و بناغه‌ی ئایینه‌كه له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت. (مه‌لا)ش وه‌كو وتارخوێن و پێشنوێژی مزگه‌وت، كاره‌كته‌رێكی گرنگی ناو كۆمه‌ڵگه بووه و پێگه و پایه‌كی سیاسيی و كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌ی هه‌بووه. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه مزگه‌وت له كۆمه‌ڵگه‌دا ڕۆڵی ئایینی خۆی له ڕێنمایی و ئاڕاسته‌كردنی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی گێڕاوه و هه‌میشه كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه و لایه‌نه‌كانی ژیاری هه‌بووه، چونكه ته‌نیا شوێنی خواپه‌رستی نه‌بووه، به‌ڵكو ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیشی هه‌بووه له كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و دروستكردنی په‌یوه‌ندی و كارلێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌مه‌ش به‌شدارییه‌كی كارای له به‌سته‌ره‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بێت.
له كۆمه‌ڵگه‌ی گوندنشین‌دا (مزگه‌وت) پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه و تاكه ده‌زگا و گرووپی دامهزاروهییه كه هه‌میشه و له هه‌موو بارودۆخێكدا له‌ناو گوند هه‌بووه. به‌و واتایه‌ی ڕه‌نگه ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ی وه‌ك قوتابخانه و بنكه‌ی ته‌ندروستی و بنكه‌ی پۆلیس و…… له هه‌موو گوندێكدا نه‌بووبێت، به‌ڵام به‌حوكمی ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی زۆرینه‌ی مسوڵمانه و بۆ ئه‌نجامدانی ڕێوشوێنه ئاینییه‌كانیان مزگه‌وت بوونێكی هه‌میشه پێویست بووه، بۆیه مزگه‌وت وه‌كو دامه‌زراوه‌یه‌كی گرنگ ئاماده‌یی هه‌بووه، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن دهوڵهتهوهش بینایه‌كه‌ی دروست نه‌كرابا، ئه‌وا گه‌لێك جاران له‌لایه‌ن خه‌ڵكی گونده‌وه به‌كاری هه‌ره‌وه‌زی بینایه‌كه‌ی دروستكراوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش خه‌ڵكی گوند و به‌تایبه‌تیش پیاوماقووڵ و ڕیش سپییانی مشوری هێنانی مه‌لایان خواردووه و ساڵانه‌ش زه‌كات و سه‌ده‌قه و سه‌رفیتره‌یان به مه‌لا داوه، بۆئه‌وه‌ی له‌ڕووی ئابوورییه‌وه پێداویستییه‌كانی دابین بكات، بۆیه ده‌بینین خانه‌واده‌ی مه‌لا تاڕاده‌یه‌ك خۆشگوزه‌ران ژیاون و خودی مه‌لاش ته‌نیا خه‌ریكی به‌جێهێنانی كاری ئایینی بووه و هیچ كارێكی دیكه‌ی نه‌كردووه.
له ڕۆمانی (ژانی گه‌ل)ی (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د)دا له تیشك خستنه سه‌ر ڕووداوی خۆپیشاندانه‌كه‌ی (25)تشریندا له گۆشه‌یه‌كدا ئاماژه به مزگه‌وتی شار ده‌كات، به‌تایبه‌تیش كاتێك ده‌سه‌ڵات به زمانی گولله وه‌ڵامی خۆپیشانده‌ران ده‌داته‌وه. كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌ش كه (جوامێر)ه به‌ناچاری له‌گه‌ڵ ئه‌و خۆپیشاندانه‌دا تێكه‌ڵ بووه و هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات خۆی له ده‌ستدرێژی گولله بپارێزێت، بۆیه له‌كاتی جێگۆڕكێیهكانی بۆ خۆحه‌شاردان له ده‌ستدرێژی گولله تێبینی ئه‌وه ده‌كات كه ((ژهندرمهیهكی تر له په‌نا كۆمه‌ڵێك گونیه كه له‌سه‌ربانی مزگه‌وتی به‌رامبه‌ر به كتێبخانه‌كه ڕیزكرابوو مله‌قوتێی بۆ ئه‌كات)) (ژانی گه‌ل :16). دیاره مزگه‌وت پیرۆزییه‌كی ڕه‌های هه‌یه له كۆمه‌ڵگه‌ی مسوڵماندا، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش نابێت له هیچ بار و زوورفێكدا حه‌ره‌می په‌رستگاكان پێشێل بكرێن، به‌ڵكو په‌رستگاكان له هه‌موو بارودۆخێكدا ده‌بێت پارێزراو بن و جێگه‌یان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا دیار بێت و له شه‌ڕ و جه‌نگ و توندوتیژی به‌دوور بێت، كه‌چی له‌م دیمه‌نه‌دا تێبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین كه ده‌سه‌ڵات فه‌رامۆشی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كردووه و حه‌ره‌می مزگه‌وته‌كانی شكاندووه و سه‌ربازی له سه‌ربانی ئه‌و مزگه‌وته داناوه بۆ دستدرێژیكردنه سه‌ر خه‌ڵكی سڤیل و خۆپیشانده‌ر. ئه‌مه‌ش جگه له‌وه‌ی له‌رووی ئاینییه‌وه ڕه‌تده‌كرێته‌وه و له‌ڕووی مرۆڤایه‌تیشه‌وه جێگه‌ی قبوڵ كردن نییه و به‌شێكه له تاوان.
هه‌روه‌ها له دیمه‌نێكی دیكه‌دا ڕۆماننووس سوودی له پێگه‌ی مزگه‌وت وه‌رگرتووه و له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ڕووداوه‌كاندا تێكهڵیكردووه، به‌تایبه‌تیش ڕۆڵی مزگه‌وت له كۆمه‌ڵگه‌ی گوندنشینیدا، كه ڕۆڵی كارایه و هه‌میشه مزگه‌وت شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی گوند بووه و جێگه‌ی مشت‌ومڕ و گفتوگۆیه‌كانی بووه، جیا له‌مه‌ش هه‌ركه‌سێكی بێگانه ڕووی له گوند كردبێت، یه‌كڕاست به‌ره‌و مزگه‌وتی گونده‌كه چووه، ئه‌وه‌تا (جوامێر) كاتێك به‌دوای خێزانه‌كه‌یدا له ڕێگادا له یه‌كێك له‌و گوندانه‌ی كه هێشتا وێران نه‌كراوه لاده‌دات، ئه‌مه ئه‌وه نیشان ده‌دات كه مزگه‌وت له كۆمه‌ڵگه‌ی گوندنشینی جگه‌له‌وه‌ی ده‌زگایه‌كی ئاینییه، له‌هه‌مانكاتدا ده‌زگایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیشه و بێگانه و ڕێبوار له‌وێ پشوو ده‌ده‌ن و ئه‌گه‌ر شه‌ویشیان به‌سه‌ردا بێت له‌وێ ده‌مێننه‌وه، بۆیه (جوامێر)یش له‌و مزگه‌وته‌دا بۆ حه‌سانه‌وه ده‌مێنێته‌وه. لێره‌شدا مزگه‌وت جیاله‌وه‌ی كه به‌شداری له ڕووداوه‌كان كردووه، له‌هه‌مانكاتیشدا له‌لایه‌ن ڕۆماننوسه‌وه ڕه‌خنه ئاڕاسته‌ی ئه‌و كه‌سه دیندارانه كراوه كه له مزگه‌وته‌كه‌دا بوون، ئه‌ویش له‌و دیمه‌نه‌دا به‌دی ده‌كرێت كه كاره‌كته‌رێكی ئاییندار ڕووی تێ ده‌كات ((كابرایه‌كی نوێژكه‌ر هات به‌لایه‌وه، وادیار بوو تینووی قسه و ده‌نگوباس بوو، به‌ڵام جوامێر ئه‌وه‌نده به‌ساردی وه‌ڵامیدایه‌وه زاتی ههڵترووشكانی نه‌بوو، هه‌ر به پێوه یه‌ك دوو پرسیارێكی تێگرت و لێی دا چووه‌وه به‌لای به‌رماڵ و نوێژ و هاونوێژهكانی خۆیه‌وه و كه‌وتنه ته‌نووری قسهداخستن و ئاشی خه‌یاڵ خستنه‌گه‌ڕ، جوامێریش له پێشه‌وه گوێی بۆ هه‌ڵخستن، به‌ڵام له پاش نه‌ختێ تاقه‌تی لێیان چوو، سه‌رێكی لبادهكهی ژێری پێچا له پێڵاوهكانییهوه و سه‌ری خسته سه‌ر و لێ پاڵكه‌وت)) (ژانی گه‌ل : 139-140).
ڕۆماننوس وێنای ئه‌و كه‌سه نوێژكهرانه واده‌كات كه هێشتا له‌گه‌ڵ واقیعی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان نایه‌نه‌وه كه ژێرده‌سته و داگیركراوه و كه‌وتۆته به‌ر زوڵم و زۆرداری دوژمن، به‌ڵكو ئه‌وان هه‌ر خه‌ریكی ئاشی خه‌یاڵ خستنهگهڕن و بۆیه‌ش كاتێك (جوامێر) له‌ناو ئه‌و هه‌موو وێرانی و ئێش و ئازاره‌وه گوێیان بۆ شل ده‌كات، تاقه‌تی لێیان ده‌بڕێت. ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه پێویسته كه‌سانی ئایینی له‌گه‌ڵ واقیعی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆیان بڕۆن و ئاگایان له ئێش و ئازاری تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان بێت، نه‌ك دوای خه‌یاڵ و خورافیات بكه‌ون.
له ڕۆمانی (هه‌ره‌س)ی (محه‌مه‌د موكری)دا، مزگه‌وت وه‌كو ده‌زگایه‌كی گرینگی كۆمه‌ڵگه ئاوڕێكی به‌رچاوی لێ داوه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش پیاوی ئایینی وه‌كو كاره‌كته‌رێك بوونیان له‌ناو ڕووداوه‌كاندا هه‌یه و به‌شدارییان له چنینی ڕووداوه سه‌ره‌كییه‌كه كردووه، به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه ڕۆماننوس ڕاوبۆچوونی له‌سه‌ر بیروڕای ئایینی و هه‌ڵسوكه‌وتی پیاوانی ئایینی ده‌ربڕیوه. له‌م ڕووه‌وه له‌ناو ده‌قه‌كه‌دا باس له پێگه و جێگه‌ی مزگه‌وت كراوه و ڕۆڵی له ژیانی كۆمهڵایهتيی و سیاسيی و ئابووریدا به‌رچاو خراوه. له سه‌ره‌تای ڕووداوه‌كاندا ڕۆماننوس ڕۆڵی مزگه‌وت له كۆمه‌ڵگه‌ی گوندنشینی به‌دیار ده‌خات و ئاماژه به‌و مزگه‌وته ده‌دات كه له گونده‌كه‌ی (حه‌مه)ی كاره‌كته‌ر دایه ((مزگه‌وته‌كه خۆی بۆخۆی مێژوویێك بوو، گه‌وره و بچووكی ئه‌و هه‌رێمه ده‌ماوده‌م و پشتاوپشت ده‌یانگێڕایه‌وه گوایه (سه‌ی پیرخدر) چه‌ند ساڵێ له‌مه‌وبه‌ر، پاش ئاواره‌یی له‌و دێیه‌دا نیشته‌جێ ده‌بێ و مزگه‌وتێ دروست ده‌كات، له‌كاتی دارهڕاكردندا سه‌ی پیرخدر و كوڕه‌كه‌ی ده‌بینن داره‌كان كورتن، یه‌ك دوو جار باوك به كوڕ ده‌ڵێت: ئاسنگه‌ر ده‌توانێ ئاسن درێژ كاته‌وه، ئێمه ناتوانین ئه‌م دارانه درێژ كه‌ینه‌وه…. ده‌ی بابه‌گیان ئه‌و سه‌ری داره‌كه‌م له‌گه‌ڵدا بگره‌و ناوی خوای لێ بێنه. به‌جۆرێ داره‌كان درێژ ده‌بنه‌وه له‌داره ڕاكردندا، گه‌زێ له‌مسه‌ر و گه‌زێ له‌وسه‌ر زیاد ده‌كه‌ن، له‌كاره‌كه‌یان ده‌بنه‌وه)) (هه‌ره‌س :23) لێره‌دا ئه‌فسانه بۆ پیرۆزكردنی زیاتری مزگه‌وته‌كه به‌كارهێنراوه، دیاره ئه‌و ئهفسانهكردنهی مزگه‌وت بووه به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی كه ناوبانگی زیاتر به‌ده‌ستبهێنێت، لێره‌دا جیا له‌وه‌ی مزگه‌وت شوێنێكی پیرۆزی له دڵ و ده‌روونی خه‌ڵكه‌كه پێكهێناوه، به‌هۆی ئه‌م ئهفسانهیهشهوه بووه به نهزرگا و خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ر سه‌ردانیان كردووه، واته جیا له‌و ئه‌ركانه‌ی كه مزگه‌وت وه‌كو ده‌زگایه‌ك له‌ناو گوند ده‌یگێڕێت، ئه‌ركی نهزرگا و به‌جێهێنانی داوای ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه سه‌ردانی ده‌كه‌ن، بۆ زیاد ده‌بێت.
بێگومان مزگه‌وت وه‌كو ده‌زگایه‌كی ئایینی له‌ناو گوند جیا له ئه‌نجامدانی ڕێوشوێنه‌كانی ئایینی، گه‌نجه‌كانیش كاته‌كانی خۆیان له به‌رده‌رگا و دیواره‌كانی به‌سه‌رده‌برد و له‌وێ به قسه‌وباس و ئاڵوگۆڕی هه‌واڵ دانیشتنه‌كانیان گه‌رم ده‌كرد،. سه‌ره‌ڕای ده‌رخستنی پێگه‌ی مزگه‌وت له كۆمه‌ڵگه‌ی گوندنیشندا، ڕۆماننووس پێگه‌كه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی شارنشینیدا باسكردووه، ئه‌مه‌ش كاتێك كه (سمایل) له‌دوای ئاواره‌بوونیان له‌گه‌ڵ (حه‌مه)ی برای دووچاری ناكۆكی ده‌بێته‌وه و به‌وهۆیه‌ش (حه‌مه) و خانه‌واده‌كه‌ی به‌دزییه‌وه جێی ده‌هێڵن و به‌ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه، گه‌لێك غه‌مبار ده‌بێت و به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕێت، یه‌كێك له‌و شوێنانه‌ی كه به‌لایه‌وه زۆر گرنگه پرسیار و سۆراخیان لێ بكات، مزگه‌وته، چونكه له‌ناو شاره‌كانیشدا شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕه‌نگه كه‌سێكی نامۆ و ئاواره له‌و مزگه‌وتانه به‌شێوه‌یه‌كی كاتی نیشته‌جێ ببن. بۆیه (سمایل) له مزگه‌وته‌كانی شاردا به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕێت، لێره‌شدا ڕۆڵی گرنگی مزگه‌وت له شاردا به‌دیار خراوه، به‌وپێیه‌ی كه شوێنی كۆبوونه‌وه‌یه بۆ نوێژكردن و ئه‌نجامدانی چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. هه‌روه‌ها له‌م ڕۆمانه‌دا ڕۆڵی مزگه‌وت له شۆڕشه‌كانی كورددا خراوه‌ته‌ڕوو، به‌تایبه‌تیش له شۆڕشی ئه‌یلوولدا، ئه‌وه‌تا كاتێك ئه‌و شۆڕشه چه‌خماخه‌ی ده‌دا، مزگه‌وته‌كان ئه‌و شوێنانه بوون كه هه‌میشه ده‌نگوباس و هه‌واڵه‌كانی شۆڕش و پێشمه‌رگه‌ی تێدا باس كراوه و ئاڵوگۆڕی بیروڕای له‌باره‌ی شۆڕشه‌وه لێكراوه، له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ته‌قه‌ی شۆڕشیشدا مزگه‌وت ڕۆڵی گه‌وره‌ی له بڵاوكردنه‌وه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و شۆڕشه هه‌بووه، ڕۆماننووس له‌مباره‌یه‌وه باس له شاری كه‌ركووك ده‌كات كه له‌وێ مزگه‌وت ڕۆڵی له بڵاوكردنه‌وه‌ی ته‌قه‌ی یه‌كه‌می شۆڕشه ده‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه (ئه‌حمه‌د) كه به‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانی ئه‌و ڕۆژه‌وه، باسی له‌و شۆڕشه ده‌كرد ((به‌ره‌و چوارده ساڵی ڕه‌به‌قی به‌ر له ئێستای چوو، به‌ره‌و ئه‌و ڕۆژه مه‌زنه‌ی ئه‌یلوولی 1961) گه‌ڕایه‌وه كه: به‌شێكی ته‌واوی كورده‌كانی كه‌ركووك تووشی شاگه‌شگه ببوون، له هه‌موو كوچه و ماڵێكدا له هه‌موو چایخانه و مزگه‌وتێكدا، یه‌كه‌م ته‌قه‌ی (ده‌ربه‌ندی بازیان) سه‌رباسی ئاخاوتن و پلیته‌ی ناخ ته‌قاندن بوو)) (هه‌ره‌س :195). هه‌ر له‌م شۆڕشه‌دا مزگه‌وتی گونده‌كان ئه‌و شوێنانه بوون كه باوه‌شیان بۆ پێشمه‌رگه‌كان كردبۆوه و وه‌ك باره‌گایه‌كی ئه‌وان وابوون.
ڕۆماننووس له چه‌ند دیمه‌نێكدا ڕۆڵی ئهرێنیيانهی (مه‌لا) له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌خاته‌ڕوو كه خاوه‌ن هه‌ڵوێست و كاروكرده‌وه‌ی خۆیان بوون و له‌پێناو سه‌ركه‌وتنی حه‌ق و خۆشنوودی مرۆڤ تێكۆشاون. له دیمه‌نێكدا ئاماژه به‌و خۆپیشاندانه ده‌كات كه له (گاورباغی) شاری كه‌ركووكدا به‌بۆنه‌ی ساڵیادای شۆڕشی (14)ی ته‌موزه‌وه به‌ڕێوه‌چوو، تیێدا پیاوانی ئاینيش له‌ته‌ك چین و توێژه‌كانی دیكه‌دا به‌شدارییان كرد ((له پێشدا مه‌لا و پیاوه ئاینییه‌كان و قه‌شه به‌رگ ڕه‌شه‌كان، لێپرسراوانی شار له پێشه‌وه‌ی ڕیزهكهدا وه‌ستابوون…. پاش ڕیزی مه‌لا و قه‌شه‌كان ڕیزی ئافره‌تان و كچان بوو به‌هه‌مان جۆر دروشمی ڕه‌نگاوڕه‌نگیان پێ بوو، پاشان ڕیزی كرێكار و جوتیار و كاسبكار و قوتابی..)) (هه‌ره‌س : 164-165). ئه‌مه‌ش ڕۆڵی (مه‌لا) له به‌شداربوون له چالاكییه كۆمهڵایهتيی و سیاسییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه نیشان ده‌دات. هه‌روه‌ها له هه‌ره‌سهێنانی شۆڕشی ئه‌یلوولدا، ڕۆڵی (مه‌لا) وه‌كو پیاوی ئایینی ناو كۆمه‌ڵگه گرنگ بووه، به‌تایبه‌تیش بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌شبینییه‌ی كه خه‌ڵكه‌كه دووچاری ببوو، بۆیه له دیمه‌نێكدا كاتێك (خه‌جێ) به ئوتومبێلێكی نه‌فه‌رهه‌ڵگره‌وه به‌ره‌و (حاجی ئۆمه‌ران)ی سه‌رسنوور بۆ زانینی هه‌واڵی (ئه‌حمه‌د)ی كوڕی، به‌ڕێ ده‌كه‌وێت، یه‌كێك له سهرنیشنهكان (مه‌لا)یه. بۆیه له‌كاتی گفتوگۆكردنی سه‌رنشینه‌كان و باسكردنی هۆكاره‌كانی هه‌ره‌سهێنانی شۆڕشی ئهیلوول ده‌بێته سهرباسهكهیان و تێیدا گه‌لێك كهموكوڕيی و خه‌وشی به‌رپرسه‌كانی ئه‌و شۆڕشه باس ده‌كه‌ن، له‌ڕێگه‌ی ئه‌و (مه‌لا)یه‌وه گه‌لێك لایه‌نی باسه‌كه‌یان بۆ ڕوون ده‌كرێته‌وه. كاتێك باس له دزینی ماڵی شۆڕش له‌لایه‌ن به‌شێك له به‌رپرسه‌كان و پێشمه‌رگانه‌وه، مه‌لا هه‌ڵوێستی خۆی له‌مباره‌یه‌وه ئاشكرا ده‌كات ((مه‌لا پێیوابوو، ئیدی نابێ بێده‌نگ بێ، بهكرخه كرخهوه ده‌ستی به قسان كرد: یاخوا چ كه‌سێ ماڵی حه‌رامی به‌نسیب نه‌بێ. گه‌نجه‌كه ڕووی له مه‌لا كرد و پێی وت: مامۆستا ئه‌و پاره‌یه ماڵی حه‌رام نییه.. دیاره جه‌نابتان نازانن كێ ناردبووی. مه‌لا، قسه‌ی گه‌نجه‌كه‌ی پێ ناخۆش بوو، دانی به‌خۆداگرت، پێی وت: كوڕی خۆم من حه‌قم به‌سه‌ر ئه‌وه‌وه نییه كێ ناردوویه‌تی، ئه‌مریكایه، جوله‌كه‌یه، شه‌یتانه، من ئه‌مانه نازانم، هه‌ركه‌سێ ناردوویه‌تی كه‌یفی خۆیه‌تی، به‌ڵام پارهیێك به ئاره‌قی ناوچه‌وان په‌یدا نه‌كرێ حه‌رامه!….. نيمچه وهعزێكی بۆ دان، كۆتایی وهعزهكهیشی به‌وه هێنا: خوا چ قه‌ومێك چاك ناكاته‌وه تا خۆیان چاك نه‌كه‌ن، به‌ڵێ فه‌رمووده‌ی خوایه…خوایش ئه‌مری وابووه كه وای لێ بێ)) (هه‌ره‌س :382). لێره‌دا ڕۆڵی (مه‌لا) ئه‌رێنییه و زیاتر ڕوونكردنه‌وه‌ی لایه‌نه ئایینییه‌كانه كه ئه‌ركی سه‌رشانییه‌تی، پاشان له دیمه‌نێكی گفتوگۆكانیدا (مه‌لا) ڕای وایه پێویسته مرۆڤ له به‌رده‌م كێشه‌كاندا و به‌تایبه‌تیش ئه‌و ههرهسهێنانهدا سوپاسی خوا بكات، چونكه هه‌موو شتێك به فه‌رمانی ئه‌وه بووه. ئه‌مه‌ش جۆرێكه له قه‌ناعه‌ت دروستكردن، ئه‌و قه‌ناعه‌تیش ئه‌گه‌ر دروست بوو، ئه‌وا له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌سه‌كه ده‌بێت و به‌رچاوی ڕوونتر ده‌كاته‌وه و ده‌توانێت هه‌نگاوی نوێ بهاوێت.
له ڕۆمانی (شار)ی (حوسێن عارف)دا، مزگه‌وت ڕۆڵی دیاری له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا به‌رچاوخراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌ویشدا پێگه‌ی مه‌لا وه‌كو پیاوێكی ئایینی شه‌ن و كه‌و كراوه و له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه ڕۆماننووس ڕه‌خنه‌ی لێ‌گرتوون، به‌تایبه‌تیش له باسكردنی كه‌سایه‌تی (ده‌روێش كه‌ریم)دا ڕه‌خنه‌یه‌كی توندی له كاروكرده‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌روێشه‌كان گرتووه. له دیمه‌نێكدا كاتێك باس له دۆزینه‌وه‌ی مه‌لۆتكه‌یه‌كی سه‌ربڕاو ده‌كه‌ن و تۆمه‌ته‌كه‌ی ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی دایكی، له گفتوگۆی نێوان (خورشید و ئه‌وڕه‌حمان و حه‌مه‌شین)دا له چایخانه‌دا ئه‌وه ده‌خرێته‌ڕوو، كه دایكی ناتوانێت ئه‌و كاره بكات، به‌ڵكو له به‌رده‌م مزگه‌وتێكدا دایده‌نا و ده‌ڕۆیشت، ئه‌م دیمه‌نه ڕۆڵی گه‌وره‌ی مزگه‌وت له كێشه و گرفته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دیاری ده‌كات. هه‌روه‌ها له‌و كاته‌ی كه ته‌رمی (شێخ مه‌حمود) هاتووه‌ته‌وه شاری سلێمانی، مزگه‌وتی گه‌وره ئه‌و شوێنه ده‌بێت كه دیاریكراوه بۆ ئه‌وه‌ی ڕێوڕه‌سمی ناشتنه‌كه‌ی تێدا ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام له ترسی خۆپیشاندانی خه‌ڵك، حكومه‌ت هه‌ر شه‌وه‌كه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی ناشتبوو ((خه‌ڵكێكی زۆر به‌نیازی به‌شداریكردنن له ناشتنی ته‌رمی شێخدا به‌رودوا ڕوویان كرده به‌ر مزگه‌وتی گه‌وره، به‌ڵام هه‌رچی ده‌گه‌یشت، یه‌كسه‌ر ده‌یزانی كه هه‌ر شه‌وێ نێژراوه و ده‌گه‌ڕایه‌وه)) (شار :225). له‌هه‌مانكاتیشدا ڕووناكی خراوه‌ته سه‌ر ڕۆڵی مه‌لا، به‌وپێیه‌ی كه پیاوی ئایینییه و كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له ڕه‌وشی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه، بۆیه ئه‌و ڕۆڵه‌ی مه‌لا كاتێك به‌رچاو ده‌كه‌وێت، كه (حه‌مه عه‌لی)ی كاره‌كته‌ر، كه له دوای مردنی (میمكه حه‌لیم)ه‌وه له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌و خانووه‌ی كه تێیدا كرێچینه، پرس و ڕای به گه‌لێك چین و توێژ و فه‌رمانگه حكومییه‌كان ده‌كات، له‌وانه‌ش مه‌لای مزگه‌وته‌كه‌ی گه‌ڕه‌كه‌یان ((حه‌مه‌عه‌لی بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ پیشه‌ی پرسیار و ڕاوێژكردن بوو، هه‌ر له براده‌ر و ناسیاو و مه‌لای مزگه‌وته‌كه‌ی نزیكیانه‌وه بیگره، تا دایه‌ره‌ی تاپۆ و دادگه و شاره‌وانی باسه‌كه‌ی هێنده دووباره كردبووه‌وه كه ده‌توت نووسراوێك له‌به‌ر ده‌خوێنێته‌وه)) (شار :46). لێره‌شدا ڕۆڵی گرنگی مه‌لا له كێشه و گرفته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌دیار ده‌كه‌وێت كه به‌هۆیانه‌وه به‌شێك له چاره‌سه‌ركردن بۆ ئه‌و كێشانه كراون.
له‌دیمه‌نێكی دیكه‌شدا ڕۆڵی مه‌لا له‌و ماره‌یی كردنه به‌دیار ده‌كه‌وێت كه (وه‌ستا تایه‌ر) به‌هۆی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی داخوازییه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه‌ی كه په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵدا هه‌بووه، كه به‌ناچاری ڕهدووكهوتووه و ئه‌ویش خۆيی و خانه‌واده‌كه‌ی كۆچیان كردووه و هاتوونه‌ته باشووری كوردستانه‌وه ((هێنده‌مان پاره بێ بوو كه تا له شوێنێك ده‌گیرسێینه‌وه، خه‌مم نه‌بێ، كچه‌یه و لای یه‌كه‌م مه‌لا كه تووشی هاتین، كردمه حه‌ڵاڵی خۆم، دایكه و برایه هیچ گله‌ییه‌كیان لێم نییه)) (شار :141). لێره‌شدا ڕۆڵی مه‌لا له گه‌یشتنی دوو دڵدار به‌یه‌كتر به‌دیار ده‌كه‌وێت، كه ڕۆڵێكی ئه‌رێنییه و له‌پێناو خۆشنودی مرۆڤدایه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕۆماننووس گله‌یی و ڕه‌خنه ئاڕاسته‌ی مه‌لا و ده‌روێش ده‌كات، كه به‌هۆی ئه‌و كردار و ڕهفتارانهیانهوه كێشه و گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی هاتووه‌ته ئاراوه، ئه‌وه‌تا باس له‌و كۆڵكه مه‌لایه ده‌كات كه بێ هه‌ستكردن به لێپرسراوێتی كچێكی بێ باوكی ته‌مه‌ن منداڵ له (ده‌روێش كه‌ریم) كه به‌ته‌مه‌ن زۆر له‌و گه‌ورتره، ماره ده‌كات ((پیرێژن…… هه‌ستی به ماندووبوونێكی زۆر ده‌كرد، ده‌روێش ئه‌و ڕۆژه، گه‌لێ ڕاكه‌ڕاكه‌ی پێ كردبوون، تا له ئه‌نجامدا گهیاندبوونییه لای كۆڵكه مه‌لایه‌ك و كاره‌كه‌ی ساز دابوو)) (شار :99)، لێره‌دا له‌لایه‌كه‌وه ڕه‌خنه له‌و مه‌لایه گیراوه كه بێ ئه‌وه‌ی له مه‌سه‌له‌كه بكۆڵێته‌وه و به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌چاوی باری ته‌مه‌نی نێوانیان بكات، ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجامداوه كه وه‌كو تاوانێك وایه، چونكه به‌شێكی له‌و تاوانه به‌رپرسیارییه‌ته‌كه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی مه‌لاوه. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ڕۆشنایی خراوه‌ته سه‌ر كردار و ڕه‌فتاره‌كانی (ده‌روێش كه‌ریم) و به‌هۆیه‌وه ڕه‌خنه له كاری ده‌روێشایه‌تی گیراوه. به‌تایبه‌تیش به‌هۆی گواستنه‌وه‌ی كچی منداڵكارهوه. جیا له‌مانه‌ش ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه ته‌مه‌ن منداڵانه ده‌كرد له به‌زۆر سێكس كردن و لێدان و ئه‌شكه‌نجه و به‌ستنه‌وه‌یان و به‌كه‌م سه‌یركردنیان و هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ی له‌گه‌ڵ (خورشه)ی خوشكیدا كه بووه هۆكاری ته‌ڵاقدانی، له‌لایه‌كه‌وه به‌شێك بوو له چه‌وساندنه‌وه‌ی ئافره‌ت و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه زوڵم و زۆرداریی بوو له دژى مرۆڤانێك كه له‌پێناو ده‌ربازبوون له ههژاريی و نه‌بوونی و برسێتییه‌وه په‌نایان بۆ ئه‌و جۆره كارانه بردبوو.
ئه‌مانه‌ش هیچیان په‌یوه‌ندییان به ئایینه‌وه نه‌بوو، كه ئه‌و وه‌كو ده‌روێشێك به‌رگێكی ئایینی پۆشیبوو و به‌هۆی پاره‌و فرت و فێڵه‌وه كاره‌كانی بۆ ده‌چووه سه‌ر. ڕۆماننووس ئاماژه به هێمایه‌كی ده‌روێشایه‌تی ده‌كات، كه بریتییه له قژێكی درێژ، دیاره ده‌روێشه‌كان وه‌كو ناسنامه‌یه‌ك بێت بۆیان قژێكی درێژ ده‌هێڵنه‌وه و كه به‌هۆیه‌وه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌ناسرێنه‌وه. ئه‌م كاروكرده‌وانه‌ی كه ده‌روێش كردوویه‌تی دووره له ئایین و زیاتر له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی خۆیدا بووه، جیا له‌مه‌ش له شێوه‌ی توندوتیژيی و زوڵم و زۆردارییه‌وه بووه و جۆرێك بووه له غه‌دركردن له خه‌ڵكی و به‌تایبه‌تیش ئافره‌تان بوونه‌ته قوربانی ئه‌و كاروكردهوانه، بۆیه ڕۆماننووس له‌ڕێگه‌ی باسكردنی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌وه ڕه‌خنه‌یه‌كی توندی ئاڕاسته‌ی ئه‌م جۆره كارانه كردووه و ڕووی ناشیرینی پیشانداوه.
له ڕۆمانی (توانه‌وه)ی (غه‌فور ساڵح عه‌بدوڵڵا)دا مزگه‌وت و كاروباری ئایینی به‌شێك له ڕووداوه‌كان پێكده‌هێنێت و ڕۆڵی كاره‌كته‌ره‌كان دیاری ده‌كات، به‌تایبه‌تیش به‌هۆی ئه‌و پرسه‌وه، ڕۆماننووس له‌باره‌ی كۆمه‌ڵێك بابه‌تی ئاینییه‌وه بیروڕای خۆی ده‌ربڕیوه، له‌وانه‌ش به‌كارهێنانی ئایین له‌لایه‌ن مه‌لاوه بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانیان، ئه‌وه‌تا له دیمه‌نێكدا ئاماژه به‌وه ده‌كات كاتێك ئاژه‌ڵێك دیار نه‌ده‌بوو، په‌نایان بۆ مه‌لا بردووه‌وه و ئه‌ویش ئه‌وانی به نوشتهكردنهوه ههڵخهڵتاندووه، ئه‌مه‌ش وه‌كو بیره‌وه‌رییه‌كی منداڵی له‌لایه‌ن (قاره‌مان)ی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ده‌گێردرێته‌وه ((منداڵ بووی، هه‌ر كه ئاژه‌ڵێكتان نادیار ده‌بوو، له مێگه‌ل نه‌ده‌هاته‌وه خێرا داپیره‌ت خۆی ده‌گه‌یانده مه‌لا شینه و ده‌می گورگى لێ ده‌به‌ست، كه‌چی پاش یه‌ك دوو ڕۆژ كه‌لاكی خوراوی ئاژه‌ڵه‌كه‌یان ده‌دۆزیه‌وه، عه‌قڵیان ئه‌وه‌نده پێ ده‌شكێ)) (توانه‌وه :111).
لێره‌دا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ڕه‌خنه له عه‌قڵی دواكه‌وتووی خه‌ڵكی گوندنشین گیراوه، كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئاژهڵهكهشیان خوراوه، ئه‌وان هه‌ر باوه‌ڕیان به‌و نوشتهیهی مه‌لا كردووه. هه‌روه‌ها كاتێك باس له په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی نێوان (قاره‌مان و هه‌تاو) ده‌كرێت، به‌هۆی ژیانی نێوانیانه‌وه كه هه‌میشه له كوچه و كۆڵانه‌كانی ناو شاری كه‌ركوك بووه، ئاماژه به‌وه ده‌كرێت كه چوونه‌ته ناو مزگه‌وتێكی شاره‌وه به‌یه‌كه‌وه ئاویان خواردۆته‌وه و به‌هۆی ئه‌و دیمه‌نه‌شه‌وه ڕۆماننووس دیدوبۆچوونی مجێو‌ر و دروێشهكان له به‌رانبه‌ر خۆشه‌ویستی و به‌یه‌كه‌وه‌بوونی كچ و كوڕ له ده‌ره‌وه ده‌رده‌بڕێت، كه به‌چاوێكی خراپ و له ئایین ده‌رچوونه‌وه لێیان ڕوانیوه. یاخود له دیمه‌نێكی دیكه‌دا ئاماژه به‌كاری خراپی ده‌روێش و مه‌لا كراوه كه چۆن ئاینیان بۆ مه‌رامه تایبه‌تییه‌كانی خۆیان به‌كارهێناوه و له‌م پێناوه‌شدا سڵیان له هیچ كار و كرده‌وه‌یه‌ك نه‌كردۆته‌وه، ئه‌وه‌تا كاتێك (هه‌تاو)ی كاره‌كته‌ر (شاناز)ی كچه ئیفلیجبووهكهی بردۆته لای ئه‌وان به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ زانستێكیان له‌باره‌یه‌وه هه‌بێت، خۆیان له‌و كاره ههڵقوڕتاندووه. ئه‌و جۆره كارانه بێگومان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئاستی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه كردووه و زیاتر به‌دواكه‌وتوویی هێشتوویانه‌ته‌وه، چونكه به‌هۆی دواكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌وه، ئه‌و جۆره كه‌سانه ده‌توانن باشتر به‌هۆی ئایینه‌وه سوودی تایبه‌تی خۆیان به‌دی بهێنن.
دیاره ڕۆماننووس دژی ئه‌م جۆره كارانه‌یه و دژی به‌كارهێنانی ئایینه بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵك، له‌كاتێكدا ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاستی ڕۆشنبیريی و هزری ئه‌و خه‌ڵكه‌ى كه باوه‌ڕیان به‌و جۆره كارانه‌وه هه‌بووه، ئه‌وه‌تا ڕۆماننووس ڕاوبۆچوونی خه‌ڵكی له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئایین بۆ مه‌رامه كه‌سییه‌كانی خۆیان به‌كارده‌هێنن خستۆته به‌رچاو، ئه‌مه‌ش له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سه‌یه كه له گونده‌كه خۆی به سه‌ید و پیاوچاك و مه‌لا ناساندووه ((خه‌وشه به ژنێكی تری ده‌وت: ـ ئه‌ڵێن دوێنێ شه‌و له ئاسمان به‌چاوی خۆیان دیویانه ئه‌فڕێ و له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌كان قسه‌ی ده‌كرد. ئه‌ویتر ده‌یوت: ـ به‌خوا خوشكم ده‌مخۆش ڕاست ئه‌كه‌ی كێ ئه‌وێرێ خۆی له‌قه‌ره‌ی ئه‌و بدات مووی سه‌ری با ئهیباـ پووره خه‌وشه ده‌یوت: ـ هه‌ر مه‌پرسه، سهیدێكی زۆر پڕه، هار و مار چاك ئه‌كاته‌وه)) (توانه‌وه : 280-281). دواتر كه‌سایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و سه‌یده ئاشكرا ده‌كرێت، كه كه‌سێك بووه دووچاری لاده‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆته‌وه و سیخۆریش بووه، له‌به‌رئه‌وه‌ش دواجار كوژراوه. هه‌روه‌ها له دیمه‌نێكی دیكه‌شدا ئاماژه به‌و كه‌سانه ده‌كات كه دووچاری لادانی كۆمه‌ڵایه‌تی بوونه‌ته‌وه و كاری دزی ده‌كه‌ن، كه‌چی دواتر له به‌رگێكی ئایینی‌دا ئه‌و مێژووه‌یان ده‌شارنه‌وه و ته‌نانه‌ت ڕێنمایی خه‌ڵكیش ده‌كه‌ن ((هه‌شبوون ته‌نانه‌ت به‌رماڵی مزگه‌وتیان ده‌دزی، به كهفل و كونێك بوونه پێغه‌مبه‌ر ئاسا، ڕێگه‌ی چاكه‌یان به خه‌ڵك نیشان ده‌دا)) (توانه‌وه: 286). لێره‌شدا ئایین كراوه به به‌رگێك و تاوانی دزیكردنی پێ شاردراوه‌ته‌وه، به‌و واتایه‌ی ئایین بۆ كارێكی دیكه‌ی خراپتر له دزیكردن به‌كارهاتووه، چونكه خه‌ڵكانێك به‌هۆی ئه‌و كاره ئایینییه‌وه دووچاری هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن ده‌بن و گومڕا ده‌بن، ئه‌مه‌ش له كاری دزیكردنه‌كه خراپتره.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه له‌ناو ده‌قه‌كه‌دا مزگه‌وت وه‌كو شوێنێك بۆ ناونیشان به‌كارهاتووه و به‌هۆى ئه‌مه‌شه‌وه ناوی به‌شێك له مزگه‌وته‌كانی شاری كه‌ركوك هێنراوه، له دیمه‌نێكدا كاتێك باس له په‌یوه‌ندی كردنی (قاره‌مان)ی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی به قوتابخانه‌وه ده‌كات، به‌هۆیه‌وه باس له گه‌ڕان و سووڕانهكانی كاره‌كته‌ر به‌ناو شاره‌كه‌دا ده‌كات و ئاماژه به مزگه‌وتی (بهرتهكیه) ده‌كات ((ده‌مه‌و نیوه‌ڕۆ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانت له قوتابخانه به‌ره‌ڵا بوون، له‌و قوتابخانه‌یه‌ی كه ڕووی ده‌می تائێستاش له‌سه‌ر جاده‌ی سلێمانیيه، به‌رامبه‌ر بڕه خانوو به‌ره‌كه‌ی گه‌ڕه‌كی (بهرتهكیه)یه كه به‌خۆی و مناره به‌رزه‌كه‌ی مزگهوتهكهیهوه، تائێستاش له ناوه‌ڕاستی ماڵه‌كان ده‌ڕوانێته هه‌موو شاری كه‌ركوك)) (توانه‌وه: 174). لێره‌دا وه‌كو ناونیشانی شوێنێكی دیاریكراوی شاری كه‌ركوك كه گه‌ڕه‌كی (بهرتهكیه)یه، ئاماژه به مزگه‌وته‌كه‌ی كراوه.
له ڕۆمانی (هه‌ڵكشان به‌ره‌و لوتكه)ی (عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج)دا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌چوارچێوه‌ی باسكردنی جوگرافیيانهی شاری كه‌ركوكدا، مزگه‌وته‌كانیش به‌سه‌ركراونه‌ته‌وه و باسیان كراوه و وه‌كو ناونیشانێكیش به‌كارهێنراون، چه‌ندین باس و بیروڕای ئایینی له‌ناو ده‌قه‌كه‌دا به‌رچاو ده‌كه‌وێ، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و ده‌قه تژییه له بابه‌تی ئایینی و ڕۆماننووس سوودێكی ته‌واوی له‌و باس و بابه‌ته ئاینییانه وه‌رگرتووه و چنینی ڕووداوه‌كانی پێ ته‌واوكردووه و ڕه‌هه‌ند و لایه‌نه‌كانی كاره‌كته‌ره‌كانیشی پێ ڕوونكردۆته‌وه. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه كاره‌كته‌ری ئایینیش ڕۆڵيان له دوو توێی ده‌قه‌كه‌دا گێڕاوه. له دیمه‌نێكدا كاتێك باس له مزگه‌وتی (كیلانه) ده‌كات، به مزگه‌وته ترسێنه‌ره‌كه ناوی ده‌بات و چیرۆكی ئه‌و مزگه‌وته‌ش له زاری (تۆفیق)ی كاره‌كته‌ره‌وه ده‌گێڕێته‌وه ((دایكم ده‌یگوت: گوایه فریشته نشێنه و له‌مه‌ڕ ئه‌و مزگه‌وته‌وه حیكایه‌تی زۆرم بیستووه، یه‌كێك له‌وانه ئه‌وه‌بوو كه پیاوان به شه‌و گره‌وی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه كێ ده‌وێرێ بچێته ناو ئه‌و مزگه‌وته و سنگێكی لێداكوتێ …..ته‌نیا قوهلهتێنی مزگه‌وته‌كه بۆ غوسڵی مێردان و مه‌له و به‌زمی كوڕوكاڵ به‌كارده‌هات، ئه‌گینا به‌ته‌مه‌نی من نوێژی لێنه‌كراوه)) (هه‌ڵكشان به‌ره‌و لوتكه :13). ئه‌و جۆره بیركردنه‌وه‌یه ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵگه له‌مه‌ڕ ده‌زگایه‌كی ئایینی وه‌كو مزگه‌وت پیشان ده‌دات كه كاریگه‌ری به‌سه‌ر كۆی ژیانی تاكه‌كانییه‌وه هه‌بووه و له گشت بواره‌كاندا ئاڕاسته‌ی كردوون.
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ئاماژه به كاره‌كته‌ری (مه‌لا) وه‌كو پیاوێكی ئایینی كراوه و له گه‌لێك دیمه‌نی ناو ڕۆمانه‌كه‌یدا به‌شداری پێكراوه، له هه‌ندێكیاندا كاروباری ئایینی جێبه‌جێكردووه، له هه‌ندێك دیمه‌نی دیكه‌شدا كه‌وتۆته به‌ر ڕه‌خنه‌ی ڕۆماننووسه‌وه، چونكه ئایینه‌كه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی خۆی به‌كارهێناوه. له‌مه‌شدا زیانی له ناوبانگی ئایینه‌كه‌ش داوه، له‌وانه‌ش كاری جادووكهريی و نوشته كه جگه‌له‌وه‌ی ئاسه‌وارێكی خراپی كۆمه‌ڵایه‌تی لێده‌كه‌وێته‌وه، له كه‌سایه‌تی مه‌لاش وه‌ك پیاوی ئایینی ده‌دات و ناوبانگی ئایینه‌كه‌ش له‌كه‌دار ده‌كات. ئه‌وه‌تا له دیمه‌نێكدا كاتێك (ئۆمه‌ر) داوا له دایكی ده‌كات كچی (ڕه‌شه كهوشدروو)ی بۆ بخوازێت، به‌ڵام دایكی، له دایكی كچه نیگه‌رانه، چونكه به‌لایه‌وه ((ئه‌و جادووكارهی دایكی، حه‌وته‌ی سێ جار لای مه‌لا واحید كه‌وتووه، نوشته و جادووی بۆ ده‌نووسێت)) (هه‌ڵكشان به‌ره‌و لوتكه : 112-113). لێره‌دا كه‌سایه‌تی مه‌لا له‌و په‌ڕی خراپیدایه و باسكردنیشی جۆرێكه له ڕه‌خنه‌گرتن له‌و جۆره كاروكرده‌وانه‌ی كه به‌ناوی ئایینه‌وه و له په‌نای بیروباوه‌ڕه ئایینییه‌كانه‌وه ده‌كرێت. هه‌ر له‌م میانه‌یه‌شدا ئاماژه به‌كاری سۆفیگه‌ريی و ده‌روێشایه‌تی ده‌كات و بیڕوای ئایین و مه‌لاش له‌مباره‌یه‌وه ده‌خاته‌ڕوو. ئه‌مه‌ش له كاره‌كته‌ری (سۆفی محێدین)دا به‌رجه‌سته ده‌كات. ئه‌م جۆره باسكردنه‌ی (سۆفی محێدین) له‌لایه‌كه‌وه ڕه‌هه‌ندی ئایینی ئه‌و كاره‌كته‌ره پیشان ده‌دات كه توندوتیژی ئایینی و بیرۆكه‌ی ده‌روێشایه‌تی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی ڕۆژانه و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان داناوه و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ڕێچكه‌یه‌كی دیكه‌ی ژیانی بۆ ده‌ستنیشان كردووه.
بێگومان ئه‌و جۆره به‌كارهێنانه‌ی ئایین، له‌لایه‌ن مه‌لا و پیاوانی ئاینیيهوه جێگه‌ی په‌سه‌ند نییه و ڕه‌تده‌كرێته‌وه. له‌م ڕۆمانه‌دا جیاوازی بۆچوونی ئایینی له نێوان مه‌لا و سۆفیگه‌رى به‌دیار ده‌كه‌وێت، ئه‌م جیاوازى بیروبۆچوونه‌ش وایكردبوو كه‌سیان باوه‌ڕ به‌وی دیكه‌یان نه‌كات و تانه و تهشهڕ له‌یه‌كتری بده‌ن، بۆیه له دیمه‌نێكدا (سۆفی محێدین) ڕووبه‌رووی (مه‌لا ته‌ها) ده‌بێته‌وه و پرسیاری لێده‌كات ((مامۆستا، ئه‌وانه چین نووسراون له‌م قه‌د دیوارانه. مه‌لا تاها سه‌دان جار ئه‌و نووسینانه‌ی خوێندبووه‌وه كه‌چی ده‌ستی نایه بهرچاويی و كهپرۆكهیهكی بۆ كرده سایه، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی چاوی خۆی كز نیشانبدات بۆئه‌وه‌ی له پرسیاره‌كه‌ی سۆفی هه‌ڵێت….. ده‌زانی چی نووسراوه! نووسراوه با سۆفی ئۆقره بگرێ و له ئاشيیانهكهی خۆی بمێنێته‌وه…….
ـ كه‌واته بۆ مه‌عاشم بۆ نابڕنه‌وه؟
ـ سۆفی تۆ له كونجهكهی خۆتبه‌و ئه‌وانه دێن ناونووست ده‌كه‌ن. مه‌لا به‌وه ده‌یوست له كۆڵی خۆی بكاته‌وه، كه‌چی سۆفی وه‌كو قیر لكایه كه‌وای مه‌لاوه.
ـ باشه مه‌لا، ئه‌گه‌ر مه‌عاشت پێنه‌ده‌ن پێش نوێژی ده‌كه‌یت!
پرسیاره چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌كه‌ی سۆفی وه‌كو قهیناخ به‌دڵی مه‌لادا چوو:ـ گه‌وجه، نوێژ بۆ خواوه‌نده.
سۆفی قسه‌كه‌ی پێشووی به پێودانگێكی دیكه دوو گاسنه كرده‌وه: ـ نوێژی مه‌لایان به نیو ئه‌جر ده‌نووسرێ. مه‌لا مته‌قی نه‌كرد و له دڵی خۆیدا به‌خۆی گوت: ئه‌مه‌یه مه‌لا به‌زێن)) (هه‌ڵكشان به‌ره‌و لوتكه : 198-199). لێره‌دا جیاوازییه‌كانی ئه‌و دوو توێژه ئاینییه ده‌رده‌كه‌وێت كه هیچ لایه‌كیان باوه‌ڕی به كاروكرده‌وه‌ی ئه‌وی دیكه نییه، له‌كاتێكدا هه‌ردوو لاشیان له‌چوارچێوه‌ی ئاییندا كار و فه‌رمایشته‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
سه‌رچاوه
- د.عه‌بدوڵڵا خورشید عه‌بدوڵڵا و ئه‌سرین زرار: كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئافره‌تی كورد و هۆكاره‌كانی، گۆڤاری (ئه‌كادیمی)، ژماره (18)، 2011.
- أ.راویه رحابلی، الروایه و تاریخ الادیان بین التقدیس و التدنیس، مجله جیل الدراسات الادبیة و الفكریة، العام الثانی ـ العدد 9، یولیو 2015.
- ناجم مولای، موسسة الدینیة ودورها في الحفاض علی الهویه الوطنیة، 2011http://elaphblogs.com/post/.html
- ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: ژانی گه‌ل، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، چ5، هه‌ولێر، 2010.
- موكری: هه‌ره‌س، چاپخانه‌ی بێسارانی، چ3، سلێمانی، 1998.
- حسه‌ین عارف: شار، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، چ2، هه‌ولێر، 2011.
- عه‌بدوڵڵا سه‌راج: هه‌ڵكشان به‌ره‌و لوتكه، دار الحریة للطباعة، بغداد، 1989.
- غه‌فور ساڵح عه‌بدوڵڵا: توانه‌وه، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیر، چ2، هه‌ولێر 2009.
– ئه‌م بابه‌ته له‌ژماره (32)گۆڤاری خاڵ بڵاوكراوه‌ته‌وه..