وتار

توانایه‌کی بەدەستهاتوو… چۆن منداڵەکەت دەکەیتە خوێنەر بە درێژایی ژیانی؟

نووسینی: سومەییە نەححاس

و: ئەحمەد دیاری قەساب

زۆرێک لە دایبابان بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان کە منداڵەکانیان پەوەردە بکەن بە شێوازێک هەلی باشتری ژیانیان بۆ دەستەبەر ببێت، تا بەو پەروەردە باشەی کە فێریانکراوە و ئەو توانا زۆرەی بەدەستیان هێناوە، ببنە “منداڵانێکی جیهانیی” کە توانای گوزەرانیان هەبێت لە هەر پارچەیەکی ئەم جیهانەدا. دایبابانیش وای دادەنێن کە خوێندنەوە خاڵی دەستپێکە بەرەو ئەو ئامانجەی پێویستە لەسەریان منداڵانێک پەروەردە بکەن کە تینووی خوێندنەوە بن. ئەمەش چۆن دەکرێت؟ بۆچی کەسانێک هەن کە ئارەزووی خوێندنەوەیان هەیە زیاتر لە کەسانی دی و چێژی ڕاستەقینەی خۆشیانی تێدا دەبیننەوە؟ ئەمە ئەو بابەتەیە کە نووسەر جۆ پینسکەر، کە گرنگی بە ڕووماڵکردنی بابەتەکانی خێزان و پەیوەندییەکانی دەدات، لە ڕاپۆڕتێکدا لێوەی دەدوێت، کە ڕۆژنامەی “ئەتلانتیک”ی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە:

ئەو مرۆڤانە دەتوانرێت بناسرێنەوە لە ڕێی جانتاکانیان کە تایبەتن بە هەڵگرتنی کتێب، یاخود لە ڕێی پەرداخەکانی “دۆستانی کتێب” کە تایبەتە پێیان، یان بەشێوازێکی متمانەپێکراوتر، لە ڕێگەی ئەو تۆپەڵە کاغەزە چاپکرا و لەبەرگگیراوەیەی کە لە کۆشیاندا پەڕەکانی هەڵدەدەنەوە. بەهۆی نەبوونی زاراوەیەکی وردتر ئەمانە ناودەبرێن خوێنەر.

وادەردەکەوێت کە بوون بە ئەندام لە گرووپەکەیاندا کارێکی ئاسان بێت: ئەوەندە بەسە کتێبێک پەیدا بکەیت و بیخوێنیتەوە، ئیدی نازناوی خوێنەر بەدەست دێنی، بێئەوەی پێویست بکات جانتایەک هەڵبگریت.. بەڵام لە پشت ئەم کارە سادەیەوە بابەتی پاڵنەر بوونی هەیە، کە ئایا بۆچی هەندێک هەن چێژێکی زۆر وەردەگرن لە خوێندنەوە، بەڵام هەندێکی تر ئەو چێژە بەدەست ناهێنن. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەستنەوەی خوێندنەوە لە کاتە بەتاڵەکاندا بە سەرکەوتنی ئەکادیمیی و پیشەیی، هەروەها پێدەچێت ڕوونکردنەوەی هۆکارەکان بە تەواوی گران بێت. بەڵام وا دەردەکەوێت کە هۆکاری سەرەکی لە شیکردنەوەی ئەم بابەتدا بگەڕێتەوەوە بۆ ئەو خێزانەی کە تاکەکان تێیاندا لەدایک دەبن، هەروەها ئەو ڕۆشنبیریی خوێندنەوەیەی کە دایبابان لە ناخی منداڵەکانیاندا دەیچێنن.

قەبارەی جەماوەری خوێنەران لە ئەمریکادا جیاوازە، بەپێی گۆڕانی پێناسەی تاک بۆ خوێندنەوە. لە ساڵی ٢٠١٧ ڕێژەی خوێنەر لەنێوان ئەمریکیە پێگەیشتوەکاندا کە بەلایەنی کەم کتێبێکیان خوێندبووەوە، لە دەرەوەی بواری خوێندن یاخود پیشەیان، گەیشتە ٥٣٪ (واتە نزیکەی ١٢٥ ملیۆن کەس) لە ١٢ مانگی ڕابردوویاندا، بەپێی سندوقی نیشتمانی بۆ هونەرەکان (NEA) (دەزگایەکی بێلایەنە سەر بە حوکومەتی فیدڕاڵی ویلایەتە یەگرتوەکان، پاڵپشتی و فەند پێشکەش ئەو لایەنانە دەکات کە بەهرەی هونەریان تیادەردەکەوێت). سندوقی نیشتمانی بۆ هونەرەکان پێش ٥ ساڵ ڕاپرسییەکی وردتری ئەنجامدا، دەرەنجام گەیشتە ئەوەی کە ٢٣٪ی ئەمریکیەکان خوێندنەوەیان “کەم” بوو (لە ساڵێکدا کتێبێک بۆ پێنج کتێب تەواو دەکەن) و ١٠٪ خوێندنەوەکانیان “مامناوەند” بوو (٦ بۆ ١١ کتێب دەخوێننەوە)، ١٣٪ خوێنەرێکی “بەردەوام”بوون (١٢ بۆ ٤٩ کتێب دەخوێننەوە لە ساڵێکد)، وە ڕێژەی ٥٪ بە خوێنەرانی “تینوو” ناوبران (کە ٥٠ کتێب و زیاتر دەخوێنەوە).

ویندی گریسوێڵد، زانای کۆمەڵناسی لە زانکۆی “نۆرث وێسترن” دەڵێت: “لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا چینێکی پێگەیشوو هەن، کە زۆر دەخوێننەوە لە کاتە بەتاڵەکانیاندا، کە دەشێت ڕێژەیان بگاتە نیوەی خوێنەران”. گریسوێڵد ئەم چینە بە “چینیە خوێنەرەکە” ناو دەبات –  سیفەتی خوێنەرانی “بەردەوام” و “تینوو” دەخاتە پاڵ، بەپێی پۆڵێنەکەی سندوقی نیشتمانی بۆ هونەرەکان،  بە ڕەچاوکردنی ڕێژەی خوێندنەوەی جددی لە وڵاتانی پێشکەوتووی هاوشێوە، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە بەنزیکەی ٢٠٪ی پێگەیشتوان سەر بە چینی خوێندنەوەن لە ویلایەتە یەکگرتوەکاندا. گریسوێڵد پشتراستیشی کردەوە کە ڕێژەیەکی زیاتر لە دانیشتوانی ئەمریکا پاڵێوراو بوون وەک خوێنەرانێکی چێژبین لە نێوان ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە بۆ ناوەڕاستی سەدەی بیست، ئەو چەرخەی کە تێیدا خوێندنەوە بەردەست بوو، بە هۆی دەرکەوتن و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای چاپ، کە لە کۆتاییشدا تەلەفیزیۆن دایمرکانەوە.

هەندێک کەس چانسی زیاتریان هەیە لەوانی تر بۆئەوەی ببنە ئەندام لە “چینی خوێنەر”دا. گریسوەڵد دەڵێت: “دەکرێت بەئاسانی پێشبینی جۆرەکانی ئەم کەسانە بکەیت. جۆری یەکەم کە ئاشکراشە، تا ئاستی فێربوونی کەسەکە زیار بێت ئەوا ئەگەری بوون بە خوێنەر زیاترە، هەروەها شارنشینان زیاتر دەخوێننەوە لە گوندنشینان، چونکە خۆشگوزەرانی پەیوەستە بە خوێندنەوەوە، هەروەها کچانی تەمەن منداڵیش لەپێش کوڕان دەست دەکەن بە خوێندنەوە و بەردەوام دەبن لە خوێندنەوە لە قۆناغی باڵغبووندا”.

ڕەچەڵەکش هەروەها گرنگە، داتاکانی سندوقی نیشتمانی بۆ هونەرەکان دەری دەخەن ٦٠٪ی پێگەیشتوانی ئەمریکی لە سپی پێستەکان گوتویانە کە کتێبێکیان خوێندۆتەوە لە ساڵی ڕابردوودا، لە دەرەوەی بوار یاخود پیشەکەی خۆیان، کە ئەمەش ڕێژەیەکی بەرزترە لە ئەمریکیە ئەفریقیەکان کە ڕێژەکەیان گەیشتۆتە ٤٧٪، ئاسیاییەکانیش ٤٥٪، ئیسپانیەکانیش ٣٢٪. دەکرێت هەندێک لەم پەیوەندیانە زۆر بەسادەیی پەیوەندی پتەوی نێوان ئاستی خوێدن بەرامبەر خوێندنەوە نیشان بدات.

هەبوونی هەریەک لەم تایبەتمەندیانە، یاخود ئەم خاڵە بەهێزانە، گەرەنتی ئەوە ناکات کە کەسەکە دەبێتە خوێنەر یاخود نا، چونکە وا دەردەکەوێت کە کەسێتیش ڕۆڵ ببینێت. دانیاڵ ویڵینگهام، مامۆستای زانستی دەروونزانی لە زانکۆی ڤێرجینیا، دەڵێت: “کەسایەتیە داخراوەکان کەمێک زیاتر بەلای خوێندنەوەی  کتێبدا دەڕۆن لە  کاتە بەتاڵەکاندا”.

هەروەها ویڵینگهام، دەربارەی گرنگیی ژمارەی کتێبەکان لە ماڵدا لە کاتی منداڵیدا – کە چەندین توێژەر بەدوایدا گەڕاون-، ئەو توێژینەوانەشی دەربارەی “ڕۆشنبیری زانستیی خێزان” دەگەڕێن، بەو دەرەنجامە گەیشتوون کە ئەو منداڵانەی لەنێوان کتێبدا گەشەیان سەندوە ئارەزووی گەیشتنیان بە ئاستی بەرزتر هەیە لە خوێندندا و، ببنە خوێنەرێکی باشتر لەوانەی کە لەنێوان کتێبدا چواردەور نەدرابوون، تەنانەت پاش کۆنتڕۆڵکردنی خوێندنی دایبابانیش.

بەتەنها بوونی کتێب گۆڕانکاری سیحریانە دروست ناکات، ویڵینگهام دەپرسێت و دەڵێت: “چی ڕوودەدات گەر ئێستا منداڵێک بهێنیت کە لە قوتابخانە ئاستی باش نییە و پاشان لە ماڵەکەیدا ٣٠٠ کتێب دابنێیت؟ زۆر لە بابەتەکە ناگۆڕدرێت بە دڵنیاییەوە. کەوایە ڕاڤەی ئەمە چیە؟ ڕاڤەکەی پەیوەستە بە دوو پرسیارەوە: یان ئەوەیە، ئایە ئەو خەڵکە چی لەو کتێبانە دەکەن؟ یاخود ئایا بوونی ئەم کتێبانە دەرخەری کۆمەڵێکی گەورەترن لە ڕەفتار ومامەڵە و لەپێشینەکان کە لەو ماڵەدا بەدی دەکرێن؟”

سادەییە گەر بڵێن پەیوەندی منداڵ بە خوێندنەوەوە واتە ئامادەکردنیەتی بۆ سەرکەوتنی ئەکادیمی، لەو ڕووەوەی کە خوێندن بەشێکی زۆری پەیوەستە بە خوێندنەوەوە. هەروەها ئەم بەهانەیە کە پشتگیریی خوێندنەوەیە زۆرمان پيناڵێت دەربارەی ئەو هەموو خۆشیەی کە خوێندنەوە دەشێت پێمان ببەخشێت، بەڵام لەگەڵ چێژ نەبینی زۆرێک لە خەڵکی لە خوێندنەوە، یاخود بەناڕەحەتی چێژ بینین لێی، دەشێت بەهۆی پەشێویی فێربوون یان ئاگایی بێت (پەشێوییەکی دەروونیە کە وا دەکات منداڵەکە نەتوانێت فەرمان جێبەجێ بکات یاخود کۆنتڕۆڵکردنی هەڵسوکەوتەکانی بکات، کە دەبێتە دابەزینی ئاستی لە خوێندندا)، چونکە ئەوە لێهاتوییەکی زیندووە. لەوانەیە جێی غەمگینی بێت کە خەڵکی توانایەکی کەمی لەبەردەسدایە – ئەوە گەر هەبێت- بۆ پێشبینیکردنی ئەوەی کە ئاخۆ خۆیان یاخود منداڵەکانیان دەبنە خوێنەر، بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشییە، کۆمەڵە فاکتەرێکی دی کەش هەن کە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی کەسەکانەوە.

ویڵینگهام لە کتێبەکەیدا “پەروەردەکردنی منداڵی خوێنەر” (Raising kids who read)، باس لەوە دەکات سێ گۆڕداو هەن کە پەیوەندیەکی گەورەیان هەیە بۆ دیاریکردنی کە ئایا کەسێک دەبێتە خوێنەر بۆ سەرجەم ژیانی. یەکەم، دەبێت منداڵ “توانای شیکردنەوەی کۆدەکانی بەئاسانی” هەبێت، بە واتای ئەوەی توانای هەبێت بەئاسانی گوزارشت بکات بەناو وێنە چاپکراوەکانی ناو پەڕەکاندا و لە مێشکیدا وەریانبگێڕێتە وشە. ئەم بابەتە خوێندنگاکان فێریان دەکەن، بەڵام دایبابیش دەتوانن یارمەتی منداڵەکانیان بدەن لەڕێی هاوبەشیکردنی منداڵەکانیان لە خوێندنەوەدا، بەتایبەت کاتێک ئەم خوێندنەوەیە یاریکردن بە وشەکان لە خۆ دەگرێت، کە بەتایبەتی یارمەتی منداڵەکان دەدات بۆ ناسینەوەی “دەنگە تاکەکان” کە وشەیان لێ پێک دێت.

دووەم، ویڵینگهام دەڵێت بوونی ژێرخانێکی بەرفراوانی مەعریفی لەسەر جیهان یارمەتی توانای منداڵەکە دەدات بۆ شیکردنەوەی کۆدەکان بەئاسانی، هەروەها ئاماژەشی بەوە داوە کە “پێشبینی سەرەکی بۆ دیاریکردنی ئاخۆ منداڵەکە یاخود کەسە پێگەیشتووەکە لە نوسراوەکە تێدەگات، بریتیە لە شارەزایی لە بابەتەکەدا”. بۆیە پڕچەککردنی منداڵەکان لەلایەن دایبابەوە بە زانیاری لەسەر جیهان یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕاڤەکردنی سەرجەم ئەو وێنە چاپکراوانەی کە دێنە بەرچاویان، یاخود دڵنیابوونەوەیان لە شارەزایی منداڵەکانیان بە سەرجەم ئەو بابەتانەی کە دەیخوێننەوە. ویڵینگهام درێژەی پێدەدات و دەڵێت: “هەر کە ئەو دوو بابەتە هاتنەدی، نۆرەی پێکهێنەری کۆتایی دێت کە ئەویش [پاڵنەرە]”، کە پێویستە هەڵوێستێکی ئەرێنییت بەرامبەر خوێندنەوە هەبێت و ئەرێنییانەش بڕوانیتە خۆت وەک خوێنەرێک”.

ئەم پێکهاتەی سێیەمەش، تەوەری سەرەکی کتێبی “چۆن خوێنەرێک پەروەردە دەکەیت؟”ە  (How to Raise a Reader) کە لە نووسینی پامێڵا پۆڵ و ماریا ڕۆسۆ، نووسەری کێبی منداڵانە، کە هەردووکیان لە بەشی پێداچوونەوەی کتیبەکان لە ڕۆژنامەی “نیۆڕک تایمز” کاردەکەن. پۆڵ دەڵێت: “زۆرێک لە دایبابان تووشی دڵەڕاوکێ دەبن سەبارەت بەو هەموو توێژینەوانەی کە پشتڕاستی پەیوەندی نێوان خوێندنەوە دەکەن بە شتانێکوە، وەک سەرکەوتنی ئەکادیمی، سەرکەوتن لە تاقیکردنەوەکاندا، کارە کارگێڕیەکان و، سەلامەتی دەروونساغی مرۆڤەکان. دەرەنجامی ئەوەش دایبابان بەم شێوازە بیر دەکەنەوە و دەڵێن: “باشە، پێویستە لەسەر منداڵەکەم ببێتە خوێنەر”. دەشێت ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەش بیانگەیەنێتە ئاستی بەزۆر پێخوێندنەوە بە منداڵەکانیان، منداڵەکانیش دەستبەجێ هەست بەوە دەکەن، کە دەشزانن، بۆ نموونە، گەر بتەوێت زۆریان لێ بکەیت لە خواردنی شتێک کە سوودی هەیە بۆیان، ئامانجیش لێرەدا ئەوەیە کە خوێندنەوە وەک پێشکەشکردنی ژەمێکی “سپێناغ” دەرنەخەیت، بەڵکو وەک “کێکێکی چۆکۆلاتە” دەری بخەیت”.

خوێندنەوە وەک کێکێکی چۆکۆلاتە دەردەکەوێت، گەر بابەتێک بێت دایباب بەخۆشی و بە بەردەوامی بیکەن. ڕۆسۆ دەڵێت: “کاتێک لەسەر قەنەفەکەم دادەنیشم و کتێبێک دەخوێنمەوە لە کاتێکدا منداڵەکانم سەرقاڵن بە شتانی خۆیانەوە، ‌حەزدەکەم بیربکەمەوە لەوەی کە من لە ئێستادا کاری دروست دەکەم لە پەروەردەدانیاندا کاتاێک دەمبینن کە ئەم کتێبە دەخوێنمەوە”. بەهەمان شێوازیش، پۆڵ دەڵێت: “هەر چیەک بێت ئەوەی پاش نانی ئێواران دەیکەیت، جا گەر بەکارهێنانی مۆبایل بێت، یاخود ئیشپێکردنی کۆمپوتەر، یان تەماشاکردنی تەلەفیزیۆن بێت، زۆر پێدەچێت منداڵ سەرنجی ئەوە بدات. دایبابان بەردەوام پەیام دەنێرن بۆ منداڵەکانیان و ڕێ نیشاندەریانن چۆن کاتە بەتاڵەکانیان بەسەربەرن”.

مەرج نیە دایبابان خۆیان خوێنەرێکی تینوو یاخود چڕ خوێنەرانە گەشەیان کردبێت تا توانای پەروەردەدانی خوێنەرانێکی تینوویان هەبێت. پۆڵ و ڕۆسۆ هەردووکیان پێشنیاری کۆمەڵە بابەتێک دەکەن کە دەشێت دایبابان ئەنجامی بدەن تاکو خوێندنەوە سەرنجڕاکێش و بایەخدار دەربکەوێت، وەک باسکردنی کتێب وەک بەشێک لە گفتوگۆی ڕۆژانەیاندا، لە کاتی خوانەکان یاخود لە ئۆتۆمبێلەکەیاندا،  جارجاریش ڕاوەستان لەبەردەم کتێبخانە و شوێنەکانی فرۆشتنی کتێب و بەسەربردنی کات لەو شوێنانەدا و، کتێبیان بە دیاری بدەنێ لە بۆنەکاندا.

هەروەها پۆڵ ئامۆژگاری ئەوەش دەکات کە کتێب پەخش بکرێت لە سەرجەم شوێنەکانی ماڵەکەدا بە پێچەوانەی ئەوەی لە ژووری نووستندا بشاردرێتەوە یان لە بەشێکی دیاریکراو لە مەڵەکەدا دوور لە هەمووان بە بیانووی ئەوەی بەهایان گرانە. هەرچەندە کۆکردنەوەی کتێبخانەیەکی گەورە لە ماڵەکەدا کارێکی گرانبەها دەردەکەوێت، ئەوا کڕینی کتێبی بەکارهاتووی هەرزانبەها و پەیداکردنیان بەبێ بەرامبەر دەشێت جێگرەوەیەک بێت”، بەهەمان شێوە دەڵێت: “پێویستت بە پارەیەکی زۆر نییە تا ماڵەکەت پڕ بێت لە کتێب، هەروەها زۆر زەحمەتە منداڵەکەت توشی بێزاریی ببێت گەر بەردەوام کتێب لەچواردەوریدا بێت”.

لە کاتی چاوپێکەوتنەکەشدا، ڕۆسۆ پێناسەی خوێندنەوەی کرد لەسەر ئەوەی کە “سیستمێکی تایبەتە بۆ گەیاندنی چێژ”، واش دەردەکەوێت کە ڕێگەیەکی بنچینەیی بێت بۆئەوەی وا لە منداڵان بکەیت بخوێننەوە، هەرچەندە زۆرینەی دایبابان سوودە جۆراوجۆرەکانی خوێندنەوە دەزانن لە کاریگەریی لەسەر دەرەنجامی داهاتووی ژیانیان، دەبێت سەرنجیان لە کاتی ئێستادا چڕبکرێتەوە لەسەر یارمەتیدانی منداڵەکانیان لە دۆزینەوەی بەهای ڕاستەقینەی خوێندنەوە، خاڵە ئەرێنییەکانی دیش خۆیان دێن لە دواییدا.

 

سەنتەری زەھاوی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply