وتار

پەیوەندییەکانى نێوان دایباب و منداڵ: ڕێبەرێک بۆ پەروەردەکردنى منداڵان

کورتکردنەوە و پێداچوونەوەى: د. ئازاد على اسماعیل/ زانکۆى کۆیە

ئەم کتێبە لە نووسینى بەڕێزان: (د. هیشام تالیب ود. عبدالحمید أبو سلیمان ود. عمر تالیب)ە، لە ٥٨٩ لاپەڕەى ڕەنگاو ڕەنگ پێک هاتووە. لەلایەن بەڕێزان: (زانا محمود حسن ود. بیخاللەتیف محی الدین وئازاد على محمد) ەوە لە زمانى ئینگلیزییەوە و وەرگێردراوەتە سەر کوردى و لە سالى ٢٠١٧ لەلایەن سەنتەرى زەهاوى بۆ لێکۆڵینەوەى فیکرى بڵاو کراوەتەوە.

ئەم کتێبە لە سێ بەشى سەرەکى پێک دێت. بەشى یەکەم، بە ناونیشانى: پەروەردەکردن: دانانى بناغەکە و حەوت بەند لەخۆ دەگرێت. بەندى یەکەم باس لە ناساندنى پەروەردەى باش و چۆنیەتى دەست پێ کردن دەکات. لە بەندى دووەمدا گرنگى و ئەرکەکانى خێزان خراونەتە ڕوو. دانانى ئامانج بابەتى بەندى سێیەمى ئەم بەشەیە و گرنگترین ئامانجیش، کە بریتییە لە خۆشویستنى خوا، بابەتى بەندى چوارەمە. لە بەندى پێنجەمدا، نووسەران ئاماژەیان بۆ ئاستەنگەکانى بوارى پەروەردە کردووە، لە بەند شەشەمیشدا هەندێ لە ئەفسانەیان خستۆتە ڕوو و باسیان لە چۆنیەتى خۆپاراستن کردووە لەم جۆرە ئەفسانانە. بە هەمان شێوەش لە بەندى حەوتمدا، تیشکیان خستۆتە سەر هەندێ کێشە لە بوارى پەروەردەکردندا، وەک تووڕەیى و ترساندن و چۆنیەتى چارەسەرکردنیان.
ەشى دووەم بە ناونیشانى: گەشەکردنى منداڵە و لە شەش بەند پێک دێت. لە بەندى ٨ بە کورتى باسى قۆناغەکانى گەشەکردن دەکەن. لە بەندى ٩ قسە لەسەر هەندێ لە ڕێگاکانى پەروەردەى تەندورست دەکەن، وەک پاکوخاوێنى و خۆراکى تەندورست و وەرزش و خەو. لە بەندى ١٠ زیاتر جەخت لەسەر گرنگى شیردانى سروشتى دەکەن. بەندى ١١ تایبەتە بە چۆنیەتى یارمەتیدانى دایباب لە گەشەى مێشکى منداڵەکانیان. لە بەندى ١٢ باس لە جیاوازى نێوان بەخێوکردنى کوڕان و کچان دەکات و لە بەندى ١٣ باس لە کۆمەڵێک بابەت دەکات، کە پەیوەندییان بە پەروەردەکردنى سێکسییەوە هەیە.

بونیادنانى کەسێتى و کەسایەتى ناونیشانى بەشى سێیەمى ئەم کتێبەیە. ئەم بەشە لە دە بەند پێک دێت. بەندى ١٤ پێناسەى چەمکى کەسێتى و کەسایەتى دەکات و بەندەکانى دواتر باس لە چەند خاسیەتێکى گرنگ دەکات. بەندى ١٥ باس لە خاسیەتى ئازایەتى دەکات و بەندى ١٦ باس لە فێرکردنى خۆشەویستى دەکات و بەندى ١٧ دەربارەى فێرکردنى ڕاستگۆیى و متمانەیە وبەندى ١٨ جەخت لەسەر فێرکردنى بەرپرسیاریەتى دەکات و بەندى ١٩ گرنگى بە فێرکردنى سەربەخۆیى دەدات. بەندى ٢٠ دەربارەى هاندانى کارى داهێنەرانەیە لاى منداڵان وبەندى ٢١ باس لە بەرهەمى دوو شێوازى پەروەردەکردن دەکات: منداڵى باوەڕبەخۆ ومنداڵى بەناز. بەندى ٢٢ باس لە گرنگى هاوڕیەتى دەکات وچۆنیەتى هەڵبژاردنى هاوڕێى باش بۆ منداڵەکان. بەندى ٢٣ کە دوابەندە، باس لە هەندێ کێشەى منداڵان و هەرزەکاران دەکات، وەک کاریگەرى تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت و یارى کۆمپیوتەر و ڤیدیو.

کتێبەکە بۆ خوێنەران بە گشتى نووسراوە و نەک بۆ پسپۆران، بۆیە زمانێکى سادە و ساکارى بەکارهێناوە. بوونى چالاکى لە دواى هەر بەندێک زیاتر رەهەندى پراکتیکى بە کتێبەکە بەخشیووە. نووسەران پشتیان بە سەرچاوەى عەرەبى و ئینگلیزى بەستووە و بەشێکى زۆر لە سەرچاوە ئینگلیزییەکان تازەن.  بەڵام هەندێ لە سەرچاوە عەرەبییەکان زۆر کۆنن، لە ساڵەکانى حەفتاکان و هەشتاکان نووسراون.
کتێبەکە لە بنەڕەتدا بۆ ئەو خێزانە موسلمانانە نووسراوە، کە لە وڵاتانى رۆژئاوادا دەژین، بۆیە بە زمانى ئینگلیزى نووسراوە و قسە و بیرۆکەکان زیاتر ئاراستەى ئەم جۆرە خێزانانە کراوە. بەڵام بە حوکمى ئەوەى کێشە پەروەردەییەکان تا ڕادەیەک لەیەک دەچن لە جیهانى رۆژهەڵات و رۆژئاوا، لەگەڵ بوونى جیاوازى لە ئاستى کێشەکان، دەشێ خێزانى کوردیش سوودێکى زۆر لەم کتێبە ببینێت. هەروەها تێبینى دەکرێ کە هەندێجار ئاماژە بەو سەرچاوانە نەکراوە کە زانیاریان لێ وەرگرتووە، دەکرێ ئەمە بە هۆى ئەوە بێت کە نووسەران نەیان ویستووە خوێنەر خەریکى ئەم لایەنە هونەرییە بێت لە خوێندنەوەیدا. لە ڕووى فرۆمەوە، کتێبەکە لاپەڕەکانى تایبەتن ورەنگاوڕەنگن کە ئەمەش سەرنجى خوێنەر کێش دەکات وزووى لێ بێزار نابێت. لەوانەیە خوێنەرى کورد زۆر ئاشنا نەبێت بە خوێندنەوەى کتێب کە لاپەڕەکانى لە دوو ستوون پێک بێن، بەڵام ئەمەش دەکرێ خاڵێکى سەرنج ڕاکێش بێت لە هەندێ حالەتدا.
بە گشتى، کتێبى (پەیوەندییەکانى نێوان دایباب ومنداڵ: ڕێبەرێک بۆ پەروەردەکردنى منداڵان) کتێبێکى زۆر نایابە و پێویستە هەموو دایک و باوکێک، بە تایبەتى ئەوانەى رۆڵى ئایین لە پەروەردە بە گرنگ دەبیننن، نەک تەنها بە سەرپێى بیخوێننەوە، بەڵکو بە قووڵى و بە مێشکێکى کراوە لێى تێ بگەن و چالاکییەکانى جێبەجێ بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەگەر ئەم کتێبە بکرێت بە خولێکى ڕاهێنان بۆ دایکان و باوکان، ئەوا سوودێکى لە ڕادەبەدەرى بۆیان دەبێت. بە ڕاستى (المعهد العالمی للفکر الاسلامى) کارێکى باشى کردووە بە بڵاوکردنەوەى ئەم کتێبە وسەنتەرى زەهاویش کارێکى باشترى کردووە بە وەرگێڕان و چاپ کردنى ئەم کتێبە لەم کاتە پێویستە کە پرۆسەى پەروەردە بۆتە ئەرکێکى زۆر ئاڵۆز وقورس لەسەر شانى دایک و باوکان.

د.ئازاد عه‌لی

Leave a Reply