وتار

شکاندنی سووڕی نەزانی بەکۆمەڵ: ڕوانگەیەکی ئیسلامی بۆ یەکپارچەیی ئەخلاقی و فیکری

نووسەری بابەت : ژیلوان تاهیر

بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی کۆمەڵگاکان لەگەڵ چەمکی نەزانیدا خەباتیان کردووە، نەک تەنها وەک نەبوونی زانین بەڵکو وەک بارودۆخێکی بەکۆمەڵ کە دەتوانێت تەواوی کۆمەڵگاکان و شارستانیەتەکان بەرەو چەقبەستوویی یان مەترسی ئاراستە بکات. لە نەریتی ئیسلامیدا، نەزانی هێزێکی پاسیڤ نییە, بەڵکو هێزێکی چالاکە کە ڕێگری لە گەشەی ئەخلاقی و فیکر و ڕۆحی تاک و کۆمەڵ دەکات. لە ئیسلامدا نەزانی  تەنها کەمی زانست و زانیاری نییە، بەڵکو لادانێکە لە ڕێنمایی ئەخلاقی و ڕۆحی. نەزانیی بەکۆمەڵ، نوێنەرایەتی وەرگەڕانێکی هاوبەش دەکات لە ڕاستییە جەوهەریەکان یان دەیگۆڕێتەوە بە نەزانیەک کە پاڵپشتی کۆمەڵ یاخود زۆرینەی هەیە ، ئەمەش دەبێتە هۆی خراپبوونی شیبوونەوەیی لایەنی ئەخلاقی و فیکری و ڕۆحی کۆمەڵگاکە. ئەم دیاردەیە دەتوانێت لە گروپی بچووکی سێ کەسیدا سەرهەڵبدات ، یاخود کۆمەڵگایەک ، شارێک ، یان تەنانەت دەوڵەتێک ، وەکو مەل و بایەکی نەبینراو بڵاوببێتەوە کە بناغە ئەخلاقی و فیکرییەکانی گەلێک دەشێوێنێت و ڕوبەڕووی شکستیان دەکاتەوە.

نەزانیی بەکۆمەڵ کاتێک ڕوودەدات کە گروپێک لە تاک، زۆرجار بەبێ ئەوەی بزانن، باوەڕ، بیرۆکە، یان گریمانەکانی یەکتر بەهێز دەکەن بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە لێیان بکۆڵنەوە. ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی وەرگرتنی هەڵوێستی هاوبەشی ئەخلاقی، فیکری، یان کۆمەڵایەتی کە لەسەر بنەمای نەبوونی تێگەیشتن، زانیاری هەڵە، یان ئامادەنەبوون بۆ گەڕان بەدوای ڕاستییەکاندا، چونکە باوەڕەکە لای زۆرینە قبوڵکراوە . لەم جۆرە بارودۆخانەدا، نەزانی لە دیاردەیەکی تاکەکەسی وە دەگۆڕێت بۆ پرسێکی سیستماتیکی، کە لەناو گروپەکەدا بەردەوام دەبێت. ئەندامەکان  هێز لە  کۆدەنگی گروپەکە وەردەگرن نەک لە دروستی باوەڕ یاخود ئایدیاکە، تەنانەت ئەگەر بیروباوەڕە هاوبەشەکانیان کەموکوڕییان هەبێت یان نادروست بن، ئەم دینامیکە خولگەیەک دروست دەکات، کە نەزانی ئاسایی دەکاتەوە و بەردەوام بەهێزتری دەکات .

بۆ نموونە کۆمەڵگەیەک لەبەرچاو بگرن کە پێیان وایە خۆرگیران نیشانەی بەختی خراپ  و رەفتاریی خراپە ناوکۆمەڵگاکەیە. ئەم خورافاتە بۆ چەندین نەوە بەبێ هیچ بنەمایەکی زانستی و ئاینی گوازراوەتەوە. لە کاتی خۆرگیران ئەندامانی کۆمەڵگا لە ژوورەوە دەمێننەوە و خۆیان لە خواردن بەدوور دەگرن و ڕێوڕەسمێک ئەنجام دەدەن, کە لەگەڵ فێركارییە ئیسلامی و مرۆڤایەتیەکاندا یەکناگرێت بۆ ئەوەی “بەختی خراپ دوور بخەنەوە”. کاتێک کەسێک بە پێشنیارکردنی ڕوونکردنەوەیەکی زانستی یاخود ئاینی ئەو باوەڕە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، زۆرجار تۆمەتبار دەکرێت بە بێڕێزیکردن بە نەریت. لەم حاڵەتەدا گروپەکە لەبری ئەوەی بەدواداچوون بۆ ڕوونکردنەوە بەدیلەکان بکات، بە چەسپاندنی ترس و پراکتیکەکانی یەکتر، نەزانی بەهێزتر دەکەن. ئەم مەیلە لە قورئاندا بە شێوەیەکی زیندوو دەرکەوتووە، بە تایبەتی لە سورەتی البقرة (٢:١٧٠)دا، :

“کاتێک پێیان دەوترێت: شوێن ئەوەی خوا دایبەزاندووە بکەون، ئەوان دەڵێن، نەخێر بەڵکو ئێمە شوێن ئەوە دەکەوین کە باوانمان لەسەری ڕاهاتبوون، ئایا ئەگەر باوانیشیان تینەگەشتووبن هەر شوێنی دەکەون !!!”

لەم ئایەتەدا قورئانی پیرۆز ڕەخنە لە مەیلی باو دەگرێت بۆ پەیڕەوکردنی نەریتە بۆماوەییەکان یاخود فکرێک یان بیروباوەڕێک  بەبێ پرسیار. ئەم پابەندبوونە بێ پرسیارە زۆرجار لە پێویستی سەقامگیرییەوە سەرهەڵدەدات، چونکە داب و نەریت و نۆرمە هاوبەشەکان کە لە مێژە دامەزراون، هەستێکی ئاسایش بە تاک و کۆمەڵگاکان دەبەخشن، ڕزگارکردنیان  لە نائارامی خۆپشکنین و ئەو سەختییانەی کە لەگەڵ لە ئامێزگرتنی گۆڕانکاریدا دێن, لە هەمان کاتدا هاوکارە بۆ بەهێزکردنی نەزانییەکی بەکۆمەڵ. لە ئەنجامدا نەریت دەتوانێت وەک میکانیزمێکی پارێزەر کار بکات، قەڵایەکی کولتووری کە تاکەکان لە ڕاستییە ناڕەحەتەکان دەپارێزێت و پشکنینی ڕەخنەگرانە لە بەها و پراکتیکەکانیان ڕادەگرێت. بە تێپەڕبوونی کات ئەم دینامیکییە دەتوانێت داهێنان بخنکێنێت و نەزانی بەردەوام بکات و ڕێگری لە پێشکەوتن بکات.

پێغەمبەر محمد (د.خ) دژە ژەهرێکی کاریگەر  پێشکەش بە شوێنکەوتنی کوێرانە دەکات کە بزوێنەرێکی سەرەکییە بۆ نەفامی بەکۆمەڵ ،کاتێک هۆشداری دا(ترمزی، ٢٠٠٧ ): } شوێنکەوتووی کوێرانە مەبن ، بڵێن ئەگەر خەڵکی  باش بێت ئێمە باش دەبین، ئەگەر نادادپەروەریش بن ئێمەش نادادپەروەر دەبین. بەڵکو خۆتان بڕیار بدەن. ئەگەر خەڵک باشن باش بن. ئەگەر خراپەکارن، خراپە مەکەن{.

ئەم فەرموودەیە لە دڵی نەزانی بەکۆمەڵدا دەدات، داوای بوێری لە هەر تاکێک دەکات کە لە  نەزانی و نەفامی بە کۆمەڵ جیابێتەوە ، وە پێشنیاری ئەوە دەکات کە یەکپارچەیی ئەخلاقی ڕاستەقینە پێویستی بە سەربەخۆیی بیرکردنەوە و ئامادەیی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فشارە بەکۆمەڵەکان کاتێک بەرەو هەڵە و نەفامی دەڕۆن. فیرمان دەکات ڕێگایی راست و دۆزینەوەی ڕاستی لە بەیعەتێکی بێ بیرکردنەوەدا نییە بۆ قەرەباڵغی، بەڵکو لە هێزی وەستانەوەدایە  لە دژی ناڕاستی، تەنانەت کاتێکیش کە  گۆشەگیرمان دەکات. وەهەروەها باس لە مەترسییە سروشتییەکانی بیرکردنەوەی گروپی دەکات کە ژینگەیەک پەروەردە دەکات کە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی تێیدا شل دەبێتەوە، ئەمەش وا دەکات کە شوێنکەوتنی جەماوەرەکە بۆ هەڵەکردن ئاسانتر بێت.

نموونە، لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیدا کە درۆکردن بووەتە پراکتیزەیەکی باو بۆ پاراستنی ڕواڵەتەکان، کۆمەڵێک کە زۆرجار زیادەڕەوی لە چیرۆکەکاندا دەکەن یان ڕاستییەکان دەشارنەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە دۆخە نائارامەکان بەدوور بگرن. ڕۆژێک کەسێک کە ئاگاداری فێرکاری قورئانییە، بە نەرمی ئاماژە بەوە بکات کە خووی درۆکردنیان، تەنانەت لە بابەتە بچووکەکانیشدا، متمانە دەشێوێنێت و پەیوەندییە ڕاستەقینەکان تێکدەدات. گروپەکە نیگەران دەکات و دەڵێن “ئەوە تەنها خۆشییەکی بێ زیانە، هەمووان ئەوە دەکەن. کەس بەڕاستی بەردەوام ڕاستییەکان ناڵێت.” کەسەکە  بەردەوامە لە ڕوونکردنەوە کە چۆن درۆکردن، هەرچەندە بێ بایەخ بێت، دەتوانێت وردە وردە کەلێن بخاتە متمانەوە وە لێکەوتەی دوور مەودای لێبکەوێتەوە کە زیان بە هەردوو پەیوەندی کەسی و یەکپارچەیی ئەخلاقی کۆمەڵەکە بگەیەنێت. بەڵام ئەو گرووپە  ئەوە هەڵدەبژێرن کە ئامۆژگارییەکان پشتگوێ بخەن، خۆیان بەو باوەڕە درۆیە دڵنەوایی دەدەن کە بەو پێیەی ئەم جۆرە لە درۆکردن بەربڵاوە، هەموو خەڵک دەیکات کەواتە ناکرێت هەڵە بێت.

 

ئەم دۆخە ڕەنگدانەوەی دڵی نەزانی بەکۆمەڵ و شوێنکەوتنی کوێرانەیە. ئەو گرووپە سەرەڕای ئەوەی لە زیانی کارەکەیان ئاگادار دەکرێنەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی خوویان پێی گرتووە و وەک خەڵکیش زۆرینەی دەیکات، درێژەدان بە کارەکەیان هەڵدەبژێرن. ئەو تاکەی کە تەحەدای ئەم ڕەفتارە دەکات، مەترسی ئەوەی لەسەرە کە نامۆ بێت، یان تۆمەتبار بکرێت بەوەی کە زۆر توند و تیژ بووە لە لێکدانەوەی ئیسلامدا. لەم حاڵەتەدا نەزانیی بەکۆمەڵی گروپەکە ڕێگری دەکات لەوەی ڕاستییەکان ببینن و بەپێی ئەو ڕاستییە مامەڵە بکەن.

 

گوتاری قورئان بە ڕوونییەکی ئاشکرا  باس لەم بارودۆخە دەکات، وەک لە سورەتی الإسراء (١٧:٣٦)دا نموونەی بۆ هاتووە: ”ئەی مرۆڤ بەدوای  شتێک  مەڕۆ و لەسەریی مەدوێێ کە هیچ زانست و  زانیارییەکت دەربارەی  نییە”  ئایەتەکە ستانداردێکی هەمیشەیی لێپرسینەوەی تاکەکەسی دادەمەزرێنێت، بیری مرۆڤ دەخاتەوە کە نەزانی، بە تایبەتی کاتێک بە ئیرادە و خۆسەپێنراوە، پاساو نییە بەڵکو شکستێکی ئەخلاقییە. میراتگری بیروباوەڕ یان تەقلیدکردنی گێڕانەوەی بەکۆمەڵ بەس نییە، هەر تاکێک بەرپرسیارە لە بەکارهێنانی تواناکانی تێگەیشتن و عەقڵ و خۆڕاگری خۆی بۆ گەڕان بەدوای زانین و ڕەواندنەوەی ناڕاستیەکان.

شکاندنی سووڕی نەزانیی بەکۆمەڵ، فەرمانێکی ئەخلاقی و فیکرییە کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە فێرکارییە ئیسلامییەکاندا هەیە. ئیسلام جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەدواداچوون بۆ زانین و ڕاستی تەنها بەرپرسیارێتی تاکەکەسی نییە بەڵکو ئەرکێکی بەکۆمەڵە کە خۆشگوزەرانی ئەخلاقی و فیکری و ڕۆحی کۆمەڵگا دەپارێزێت. قورئان و فێرکارییەکانی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) داوا لە تاکەکان دەکەن کە میراتە فیکریەکان و بیروباوەڕە باوەکانی ناو کۆمەڵگاکە بخەنە ژێر پرسیارەوە.

 

 

کاریگەرییە زیان بەخشەکانی نەزانی بەکۆمەڵ

 

خراپبوونی ئەخلاقی

 زۆرجار نەزانیی بەکۆمەڵ دەبێتە هۆی وازهێنان لە بنەما ئەخلاقییەکان، ئەمەش زەمینە بۆ نادادپەروەری و گەندەڵی و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگا خۆش دەکات. ئیسلام جەخت لەسەر گرنگی بەرزڕاگرتنی دادپەروەری و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی دەکاتەوە وەک بناغەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی تەندروست. قورئانی پیرۆز چەندین جار هۆشداری دەدات لە کوێربوونی ئەخلاقی بەکۆمەڵ، وەک لە چیرۆکی گەلانی ڕابردوودا دەبینرێت، وەک خەڵکی پێغەمبەر لوط  و ڕژێمی فیرعەون لەسەردەمی پێغەمبەر مووسا  و خەڵکی تەمود. ئەم کۆمەڵگایانە بەکۆمەڵ لە ڕێنمایی خودایی دوورکەوتنەوە و پراکتیزە نا ئەخلاقییەکانیان ئاسایی کردەوە و هۆشداری پێغەمبەرەکانیان پشتگوێ خست.

بۆ نموونە خەڵکی پێغەمبەر لوط بەکۆمەڵ خەریکی گەندەڵی ئەخلاقی بوون و ئامادە نەبوون گوێ لە بانگەوازی پێغەمبەر بۆ چاکسازی بگرن. قورئانی پیرۆز تیشک دەخاتە سەر ڕەتکردنەوەی سەرسەختانەیان لە ڕاستی و سزای بەکۆمەڵیان لە ئەنجامی ڕەفتاری بێ تەوبەکردنیان (قورئان ٨٤-٧:٨٠).بە هەمان شێوە فیرعەون و شوێنکەوتووانی بە لووتبەرزی و نادادپەروەرییەوە شانازیان دەکرد و ئەمەش بووە هۆی ڕووخانیان. ئەم گێڕانەوەیانە وەک بیرخستنەوەی بێ سنوور کاردەکەن کە خراپبوونی ئەخلاقی بەکۆمەڵ نەک تەنها تاکەکان بەلاڕێدا دەبات بەڵکو دەرئەنجامە وێرانکەرەکانیش بۆ تەواوی کۆمەڵگاکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئیسلام داوا لە تاک و پێکهاتەکان دەکات کە بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ بەها ئەخلاقییەکانیان بکەن، دڵنیابن لەوەی کە ڕەفتاری بەکۆمەڵ لەگەڵ ڕێنمایی ئیلاهیدا هاوتەریبن نەک ئاساییکردنەوەی پراکتیزە نائەخلاقییەکان.

 

بێباکی فیکری

ئیسلام جەختێکی قووڵ لەسەر بەدواداچوون بۆ زانست و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی وەک عیبادەتەکان دەکاتەوە. یەکەم سرووش بۆ پێغەمبەر محەمەد )د.خ) بە فەرمانی “خوێندنەوە” دەست پێدەکات (قورئان ٩٦:١)، کە ئاماژەیە بۆ ناوەندییەتی زانست لە ئیسلامدا. قورئان چەندین جار بانگهێشتی بیرکردنەوە دەکات، هانی ئیمانداران دەدات کە چاودێری بکەن و بیر بکەنەوە و بەدوای تێگەیشتندا بگەڕێن. سەرەڕای ئەمەش، نەزانی بەکۆمەڵ کاتێک گەشە دەکات کە کۆمەڵگاکان لێپرسینەوە و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بێناز دەکەن. بێباکی فیکری کاتێک سەرهەڵدەدات کە مرۆڤەکان بەبێ ئەوەی بەدوای بەڵگەدا بگەڕێن یان گریمانەکان بخەنە ژێر پرسیارەوە، کوێرانە شوێن نەریتەکان، کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکان، یان نۆرمەکانی کۆمەڵگا، یاخود بیرو باوەرێک  دەکەون.

قورئانی پیرۆز بە ڕاشکاوی ئیدانەی ئەو جۆرە چەقبەستووییە فیکریانە دەکات و دەڵێت: “بەڕاستی خراپترین بوونەوەرە زیندووەکان لای خوای گەورە کەڕ و داماوەکانن کە عەقڵ بەکارناهێنن” (قورئان٨:٢٢). زیاتر ڕەخنە لەو کەسانە دەگرێت کە کوێرانە شوێن بیروباوەڕی بۆماوەیی دەکەون. تیشک دەخاتە سەر مەترسی خۆڕازیبوونی فیکری، کە تاکەکان واز لە بەرپرسیارێتی خۆیان دێنن بۆ گەڕان بەدوای ڕاستی و هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانە بۆ کردارەکانیان. ئیسلام فێری ئەوە دەکات کە ئیمانی ڕاستەقینە پابەندبوونێکی کوێرانە نییە، بەڵکو هۆشمەندیەکی پشکنراوە کە لە بیرکردنەوە و تێگەیشتنێکی دڵسۆزانە لەدایک بووە.

 

تەبایی کۆمەڵایەتی ناڕەوا

دەرکەوتێکی دیکەی نەزانیی بەکۆمەڵ، دیاردەی تەبایی کۆمەڵایەتییە ناڕەوایە، کە تاکەکان ئیستدلالەکانی خۆیان سەرکوت دەکەن و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و فکری باو دەگرنەبەر، تەنانەت کاتێک ئەو نۆرمانە پێچەوانەی فێرکارییە ئیسلامییەکان بن. لە کاتێکدا ئیسلام هانی یەکگرتوویی کۆمەڵگا دەدات، بەڵام پشتگیری لە یەکگرتوویی کوێرانە ناکات. قورئانی پیرۆز جەخت لەسەر گرنگی وەستانەوە بۆ حەقیقەت و دادپەروەری دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر پێچەوانەی کۆمەڵگەی خۆی یان بەرژەوەندییە کەسییەکانیش بێت: “ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە، بە بەردەوامی لە دادپەروەریدا چەسپاو بن، شایەتی بۆ خوادا بدەن، تەنانەت ئەگەر چی دژی خۆتان بێت”. یان دایک و باوک و خزمەکان”(قورئان ٤:١٣٥).

ترس لە تەحەدا نۆرمەکانی کۆمەڵایەتی دەتوانێت ڕێگری بکات لە تاکەکان لە پرسیارکردن لەو پراکتیزانە کە لە بنەما ئیسلامییەکان لادەدەن. بۆ نموونە، پراکتیزە کولتوورییەکانی وەک خێڵەکی، لایەنگری، یان هەڵاواردنی ڕەگەزی زۆرجار لە کۆمەڵگا موسڵمانەکاندا بەردەوامن. ئیسلام داوا لە تاکەکان دەکات کە ڕاستی لە پێشینەی فشاری کۆمەڵایەتی دابنێن و تەحەدای نەفامی بکەن تەنانەت کاتێک کە ناڕەحەتیان دەکات و دەیانخاتە گرفتەوە .

 

چارەسەر بۆ نەزانی بەکۆمەڵ لە فێرکارییە ئیسلامییەکان

 

بەدواداچوون بۆ زانین

لە ئیسلامدا بەدواداچوون بۆ زانست تەنیا هاندان نییە؛ بە ئەرکێکی بنەڕەتی ئایین دادەنرێت. قورئان چەندین جار فەرمانی بە باوەڕداران کردووە بەدوای زانستدا بگەڕێن، بەو پێیەی کلیلی ڕەواندنەوەی نەزانی و تێگەیشتن لە ڕاستییە. (قورئان ٣٩:٩) پرسیاریک دەخاتە ڕوو: (ئایا ئەوانەی دەزانن و شارەزان وەک  ئەوانەن کە نازانن و شارەزاییان نیە ؟) ئەم ئایەتە زانست بەرز دەکاتەوە، وا دەردەخات ئەوانەی بەدوایدا دەگەڕێن لە پێگەیەکی بەرزتردان لەوانەی لە نەزانیدا دەمێننەوە. مەعریفە لە ئیسلامدا تەنها لە تێگەیشتنی ئایینیدا سنوردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ هەموو ئەو بوارانەی کە بەشدارن لە خۆشگوزەرانی مرۆڤایەتیدا. پێغەمبەر محمد (د.خ) زیاتر جەختی لە گرنگی فێربوون کردەوە و ڕایگەیاند: {بەدواداچوون بۆ زانست واجبە لەسەر هەموو موسڵمانێک} (سونان ابن مەجاه٢٢٤). ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە بەرەنگاربوونەوەی نەزانی هەم کەسییە و هەم بەکۆمەڵ، پێویستە تاکەکان بەردەوام هەوڵبدەن بۆ تێگەیشتن، چ بۆ گەشەکردنی ڕۆحی خۆیان و چ بۆ باشترکردنی کۆمەڵگا.

هەروەها بەدواداچوون بۆ زانست لە ئیسلامدا بە مانای پرسیارکردن لە بیروباوەڕ و پراکتیزە بۆماوەییەکان دێت. هانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەدات، هانی تاکەکان دەدات بە دڵسۆزیەوە لە ڕاستییەکان بپشکنن. مرۆڤەکان بە بەدەستهێنانی زانست دەتوانن تەحەدای ئەو نەزانییە بکەن کە کۆمەڵگای گرتۆتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بڕیاردانی باشتر و کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنگەرتر.

 

تەوحید (یەکتایی)

 تەوحید کە بنەمای سەرەکی ئیسلامە، ئاماژەیە بۆ یەکبوونی خودا، بەڵام درێژدەبێتەوە بۆ چەمکی یەکگرتوویی لە مەبەستی مرۆڤیشدا. داننان بەوەی کە هەموو مرۆڤەکان یەک دروستکەریان هەیە، هەستێکی قووڵی بەرپرسیارێتی بەکۆمەڵ و لێپرسینەوە دادەمەزرێنێت. ئەم دانپێدانانە دادپەروەری و ڕاستی و ڕێزگرتنی یەکتر لە نێوان تاکەکاندا پەروەردە دەکات. کاتێک کۆمەڵگاکان دان بەوەدا دەنێن کە لەبەردەم خودادا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، پاڵنەریان بۆ دروست دەبێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەک مامەڵە بکەن کە ڕەنگدانەوەی بنەما ئیلاهییەکان بێت، وەک دادپەروەری، ڕاستگۆیی و بەزەیی، نەک لە ژێر کاریگەری ئایدۆلۆژیای دابەشکەر یان نەزانی.

لە چوارچێوەی نەزانی بەکۆمەڵدا، تەوحید  داوای ڕێبازێکی یەکگرتوو دەکات بۆ چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان. هانی خەڵک دەدات لە دەرەوەی خێڵەکی، تائیفەگەری، یان دابەشبوونێکی دیکە کە نەزانی و ململانێ بەردەوام دەکەن، بڕوانن. بە تێگەیشتن لەوەی کە هەموو مرۆڤەکان لە چاوی خودادا یەکسانن و یەک ئامانجیان هەیە بۆ پەرستنی و بەرزڕاگرتنی دادپەروەری موسڵمانان هاندەدرێن بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرانە، دوور لەو گەندەڵی و نەزانییەی کە زۆرجار لە دووبەرەکی و جیاکارییەوە سەرهەڵدەدات .

 

(فەرماندان بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپە)

ئەم بنەمایە لایەنێکی بنەڕەتی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی ئیسلامییە، کە داوا لە تاک و پێکهاتەکان دەکات چاکە بەرەوپێش ببەن و خراپە قەدەغە بکەن. ئەم پرەنسیپە لە قورئاندا ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە، کە خوای گەورە فەرمان بە باوەڕداران دەکات کە دادپەروەری و ڕاست و دروستی ڕابگرن، لە هەمان کاتدا چالاکانە کاربکەن بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ستەم و نەزانی. پێغەمبەر محمد (د.خ) دەفەرموێت: {هەرکەسێک لە ئێوە شتێکی هەڵەی بینی با بە دەستی خۆی بیگۆڕێت؛ ئەگەر توانای نەبوو، ئەوا بە زمانی؛ وە ئەگەر توانای نەبوو ئەوا بە دڵی} (چل فەرموودەی ئیمان نووی، ٣٤)

ئەم پرەنسیپە لە بەرەنگاربوونەوەی نەزانیی بەکۆمەڵدا وەک پارێزبەندییەک لە بەرامبەر ئاساییبوونەوەی بیرۆکە و پراکتیک و بیروباوەڕی زیانبەخش لەناو کۆمەڵگادا کاردەکات. تاکەکان ناچار دەکات کاتێک شایەتحاڵی نەزانی یان نادادپەروەری دەبن، چ لە بازنەی کەسیی خۆیان یان لەناو کۆمەڵگەی فراوانتردا، هەنگاو بنێن. هەروەها ئەم بنەمایە جەخت لەسەر بەرپرسیارێتی بەکۆمەڵ دەکاتەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە نەزانی  چەواشەکاری نەمێنێت و ڕاستی و دادپەروەری و فەزیلەت بە بەردەوامی بەرەوپێش ببرێت. بەرەنگاربوونەوەی نەزانی لە هەوڵێکی تاکەکەسیەوە دەگۆڕێت بۆ کردارێکی بەکۆمەڵ و کۆمەڵایەتی.

 

ڕاوێژ و گفتوگۆ (شورا)

قورئان جەخت لەسەر شورا (ڕاوێژکاری) دەکاتەوە وەک میکانیزمێکی ناوەندی بۆ بڕیاردان و چارەسەرکردنی کێشەکان لەناو کۆمەڵگەی موسڵماناندا. (قورئان٤٢:٣٨)دا، خوای گەورە ستایشی ئەو کەسانە دەکات کە لە کاروبارەکانیاندا ڕاوێژ لەگەڵ یەکتر دەکەن، ئەم ئایەتە تیشک دەخاتە سەر گرنگی ڕاوێژکاری هاوبەش و بڕیاردانی بەکۆمەڵ، کە ڕێگە دەدات دیدگای جۆراوجۆر ببیسترێت و لەبەرچاو بگیرێت.

شورا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بەرەنگاربوونەوەی نەزانیدا بە دروستکردنی ژینگەیەک کە گفتوگۆ هان بدرێت و ڕوانگە جیاوازەکان بتوانن تەحەدای گریمانەکان بکەن. کاتێک تاکەکان بەشداری گفتوگۆی ڕێزدارانە دەکەن، ئەگەری ئەوە زیاترە کە بیروباوەڕی بەسەرچوو یان نادروست بخەنە ژێر پرسیارەوە، زانیاری ئاڵوگۆڕ دەکەن و دەگەنە بڕیاری هۆشمەندانەتر . شورا کولتوورێکی خۆنەویستی فیکری پەروەردە دەکات، کە خەڵک دان بەوەدا دەنێن کە هیچ تاکێک هەموو وەڵامەکان لە دەستدا نییە و حیکمەتی بەکۆمەڵ کە لەسەر بنەمای ڕاوێژکاری دامەزراوە، دەبێتە هۆی دەرئەنجامی دادپەروەر و ئەقڵمەند. ئیسلام بە جەختکردنەوە لەسەر ڕاوێژکاری، سیستەمێکی حوکمڕانی و کارلێکی کۆمەڵایەتی بەرەوپێش دەبات کە هەموو کۆمەڵگا بەشدارە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان، لەوانەش بڵاوبوونەوەی نەزانی و لە گەڕان بەدوای ڕاستیدا لە ڕێگەی فێربوونی یەکترەوە.

ئەم بنەمایانە نەک هەر ڕێنمایی کردەوە تاکەکەسییەکان دەکەن، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی بەکۆمەڵ پەروەردە دەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە نەزانی بەردەوام نابێت، ئەمەش ڕێگە بە کۆمەڵگا دەدات لە زانین و دادپەروەری و تێگەیشتندا گەشە بکات. موسڵمانان بە پابەندبوون بەم بەها ئیسلامیانە دەتوانن کۆمەڵگایەکی ڕۆشنگەرتر و دادپەروەرتر دروست بکەن، دوور لە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی نەزانیی بەکۆمەڵ.

 

 

 

 

 

سەنتەری زەھاوی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply