حوکمداریی لە نێوان غەزالی و سەید قوتبدا
نوسینی موحەمەد عمارە
وەرگێڕانی موحەمەد شێخ لەتیف
ڕەنگە زۆر کەس نەزانێت کە شێخ موحەمەد غەزالی (1335 – 1416 هـ، 1917 – 1996م) یەکەم کەس بووە، کە ڕەخنەی لە چەمکی حاکمییەت گرتووە لای شەهید سید قوتب (1324- 1386هـ ، 1906 – 1966م) کە لە کتێبەکەیدا بە ناوی “معالم فی الطریق” باسی کردووە.
شێخ غەزالی لە گفتوگۆکانیدا دەڵێت: ” من دەربارەی بیری حاکمییەت، هیچم نەبیستبوو تا حەسەن بەننا کۆچی دوایی کرد، کە لە بۆچوونەکانیدا هاوشێوەی زاناکانی ئەزهەر بوو، کاتێک دەربارەی بیری حاکمییەت دەدوێن، بە ژیریی و زۆر بە وردی قسە دەکەن دەربارەی، ڕەنگە بڵێم ئەزهەر لە وردترین قوتابخانەکانە بۆ لێکۆڵینەوە دەربارەی ئیسلام، حاکمییەت-یش وشەیەکی نامۆیە و هاتوەتە ناو ئیسلامەوە، خۆ ئەگەر بوترێت (حکم) تەنها بۆ خودایە، ئەوە وشەیەکی راستە و بۆ مەبەستێکی ناڕاست بەکار دێت”.
کەواتە پەیوەندیی چییە لە نێوان دەسەڵاتدار و گەل، لە نێوان دەسەڵاتدار و نەتەوە، سەرچاوەی حوکمڕانی چییە؟ ئەم چەمکە لە بنەڕەتەوە لە ئیسلامدا هەیە، دەسەڵاتدار حوکم وەردەگرێت لە قورئان و سوننەت و بەڵگەکانی ترەوە، وەک ئیستحسان (بەچاک زانینی بابەتێک)و ئیستصحاب (مانەوەی حوکمێکی پێشوو) و ئیستصلاح (بەرژەوەندییەکی گشتی)، ئەمە وردترین وتەیە دەربارەی ئەم بابەتە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ یاسا دادەنێت، منیش یاسا دادەنێم لەو لقانەدا کە هەیە و لە ژێر ڕۆشنایی ڕاڤەی بنەماکاندا، لقەکان دادەنێم، مافی خۆمە دەستوور دابنێم، بنەما لای من ڕاوێژە، (وأمرهم شورى بینهم) ” کارەکانیان بە ڕاوێژ بەڕێوەبەرە”.
چۆن ئەم بنەمایە ڕێک بخەم؟ دەڵێم حوکم بۆ خودایە و من بنەما دادەنێم، دەڵێم گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە و دەسەڵاتدار پێویستە هەڵبژاردن ساز بدات، لەم یاسادانانەدا ژیری مرۆڤ لە بنەڕەتدا پشت دەبەستێت بە بنەمایەک – ئەویش فەرمانی خودایە- کە بریتییە لە ڕاوێژکردن، لقەکانيشى بۆ قیاس و ئیستصلاح (بەرژەوەنديی گشتی) و ئیستحسان (بەچاکزانینی بابەتێک) جێهێڵدراوە.
هەروەها قوتابخانە ئوسوڵییە ئیسلامییەکە ڕاڤەی ئەوەی کردووە؛ هەر لە پێشەوا شافعی- یەوە تا شاطبی و تا ئەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆمان، نوسیویانە و ڕۆچوون لەم حوکمە ڕاستەدا.
مەودودی-يش کاتێک لەسەر حوکمڕانی قسەی کردوە دەیویست بە ئینگلیزەکان بڵێت – لە هندستان- ئێوە پەیوەندیتان نیيە بە حوکمڕانییەوە، حوکمڕانی تەنها بۆ ئیسلامە، خەڵکێک هاتن و ئەمەیان گواستەوە بۆ ئێمە، بێئەوەی باسی هۆکارەکانی وتنی بکەن لەو سەردەمەدا.
ئیسلام لای من دین و دەوڵەتداریيە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دەقەکان و جێبەجێکردنی پێغەمبەر(صلى الله علیە وسلم) و بۆ زانیاری کەڵە زاناکان، بنەما فیقهییەکان لای ئێمە سەروەتێکی بنەڕەتییە و پێویستە فیقهەکە لە زانا و پێشەواکان وەربگیرێت.
وشەی “حوکمداری بۆ خودایە” لە پێش سەید قوتبدا کەسانێکی تر وتویانە وەک بەرپەرچدانەوەی قبوڵکردنی پێشەوا عەلی کوڕی ئەبو تالیب بۆ داوەريی لە نێوان خەڵکیدا لە هەندێک کاردا، لەگەل ئەوەی خودا ڕێی داوە بە داوەریکردن لە نێوان هاوسەراندا، چ ڕێگریەک هەیە کە دوو داوەر هەبێت، یەکێکیان بۆچوونێکی هەبێت و ئەوی تر بۆچوونێکی تری هەبێت، حوکمداریش بۆ خودا بێت.
هەروەها شێخ غەزالی هۆکاری هەڵەی سەید قوتبی لە باسی حوکمداریدا گێرِاوەتەوە بۆ دوو هۆکار:
یەکەم: ئەو ستەمەی لێیکرا لە لایەن سەرانى ڕژێمی شۆڕشی تەموزەوە لە ميسر، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە بە تەنها بمێنێتەوە لەو بۆچوونەی کە بارودۆخی ناڕەحەتی ئەو کاتە سەپاند بووی بە سەریدا، مامۆستا سەید خوشکەزایەکی هەبوو بە ستەم خرایە بەندیخانەوە و لە بەندیخانەدا ناڕەحەتی زۆری بینی، دادگایی کردنەکەشی لەڕاستیدا گاڵتە جاڕيی بوو، مامۆستا سەید نوسینێکی نووسی، کە توندوتیژی تیادا بوو دژی دەسەڵاتداران، ئایەتە قورئانییەکانيشی بە شێوەیەک لێکدایەوە، کە هەر دەبێت پێکدادانی ئاشکرا هەبێت لەگەل دەسەڵاتداراندا، کە ئەمەش گونجاو نیيە.
هۆکاری دووەم بۆ ئەو شێوە بیرکردنەوەی مامۆستا سەید ئەوەبوو، ئەم پیاوە لە لایەنی فیقهو زانستی شەرعییەوە لاواز بوو، ڕۆنەچووبووە ئەو بابەتانەی، کە دەبوو زانیاريی زياترى دەربارەیان هەبێت، زانیاريی لا کۆنەبوو بووەوە، بۆیە هەندێک وتەی هەیە نەگونجاوە زانایان وەری بگرن، بۆ نمونە: ماڵەکانتان بکەنە ڕووگە – قیبلە – تا ببێتە مزگەوت و نوێژی تیا بکەن، ئەمە وتەیەکە ناکرێت وەربگیرێت، هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە لایەنی حەزی گۆشەگیری لە کۆمەڵگا و لێدانی دەسەڵاتداران زاڵبوو بە سەریدا.
غەزالی دەشڵێت: بەڵام مامۆستا سەید – ڕەحمەتی خوای لێ بێت – بە ناوبانگترین کەس بوو لە قوتابخانەی عەققاد دا، زانیاریيەکانی دەربارەی ئەدەبی ئیسلاميی و ئەدەبی عەرەبی بە گشتی باشبوو، کۆمەڵێک شوێنی کەوتن پێیاندەوترا “قوتبییەکان”.
بەم جۆرە شێخ غەزالی ڕەخنەی لە بیری حاکمیيەت لای شەهید سەید قوتب گرتووە، لەگەل ئەوەی دانی دەنا بە چاکەکانی سەید قوتب؛ بەڵام سەید یەکەم کەس بوو کە لە نوسینێکدا زۆر بە چاکیى ستاشى غەزالی كرد، كاتيَك کە کتێبی “الإسلام والأوضاع الاقتصادیة” نووسى، دەربارەی کتێبەکە وتویەتی: چارەسەریى کۆتایی تیایە دەربارەی ئابوری و ئابوری ئیسلام، وەک کتێبەکەی (عبدالرحمن عەزام)ە، کە بە ناوی ( الرسالە الخالدە) دەربارەی ئیسلام نووسى.
شێخ غەزالی – لەو گفتوگۆیانەی کە باسی پەیوەندیيەکانی خۆی و سەید قوتبی دەکرد- زۆر بە باشی باسی ئەوەی کردووە، کە خؤى (غەزالی) لە ساڵی 1950 داوای لە سەید کردووە بێتە ڕیزی ئیخوان موسلیمینەوە و ئەویش وتویەتی: “واباشترە کە دوور بم”… ڕەحمەتی خوایان لێ بێت و خوا جێگەیان پڕبکاتەوە.