خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كتێبی (حصوننا مهددة من داخلها)
د. ئاوات محمد ئاغا
نوسه‌ری ئه‌و كتێبه ناوی محه‌ممه‌د محه‌ممه‌د حوسه‌ینه، له ساڵی 1912، له وڵاتی میسر له‌دایك بووه. پاش به‌ده‌ستهێنانی ماسته‌ر و دكتۆرا بووه به مامۆستای ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی له كۆلێجی ئاداب له ئه‌سكه‌نده‌ریه، تا ئه‌و كاته‌ی خانه‌نشین كرا ساڵی 1972. له‌پاشان چووه زانكۆی ئیمام محه‌ممه‌د بین سعود، له‌وێ مایه‌وه تا ساڵی 1976. له ساڵی 1982دا كۆچی دووای كرد و، كۆمه‌ڵێ به‌رهه‌می فیكری و ئه‌ده‌بی له دووای خۆی جێهێشت، له‌وانه:
1- حصوننا مهددة من داخلها.
2-الاتجاهات الوطنیة فی الأدب المعاصر
3- أزمة العصر.
4- الإسلام والحضارة الغربیة.
هه‌روه‌ها چه‌ندین به‌رهه‌می دیكه‌ی فیكری و ئه‌ده‌بی، كه تیایاندا به‌ره‌نگاری ئه‌و فیكرانه ده‌بوه‌وه كه دژایه‌تی ئیسلام و شارستانیه‌تی ئیسلامیی و زمانی عه‌ره‌بییان ده‌كرد و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كاته‌ش پالپشتی لێ ده‌كردن و پله‌و پایه‌ی بهرزدهكردنهوه و خه‌ڵاتی ده‌كردن و گه‌شتی ده‌ره‌وه‌یان پێده‌كردن.
له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌ودا دوو لایه‌ن كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ژیان هه‌بوو؛ لایه‌نێك كه زۆر سه‌رسام بوون به ڕۆئاوا به شێوه‌یه‌ك هه‌موو شتێكی ڕۆژئاوایان لا په‌سه‌ند بوو، له سه‌ركرده ناودار و به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌م لایه‌نه دكتۆر ته‌ها حوسه‌ین بوو، دكتۆر محه‌ممه‌د محه‌ممه‌د حوسه‌ینیش له‌سه‌ره‌تادا سه‌ر به‌و لایه‌نه‌بوو، كه‌وتبووه ژێر كاریگه‌ری ئه‌و ره‌وته‌وه، ئه‌وه‌ش به‌ڕوونی له تێزی دكتۆراكه‌ی به‌ده‌ركه‌وت له ژێرناونیشانی (الهجاء والهجاؤون)، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك بۆی ده‌ركه‌وت كه ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌و ره‌وته‌ن ڕاست نین، بۆیه لایه‌نێكی دیكه‌ی هه‌ڵبژارد و ده‌ستی كرد به ئاشكراكردنیان و مهرامهكانیانی خسته ڕوو، له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێ: “ئه‌م چه‌ند لاپهرهیهم نوسیوه بۆئه‌وه‌ی ئه‌وكه‌سه گه‌نده‌ڵانه ئاشكرابكه‌م كه ماوه‌یه‌ك پێیان سه‌رسام بووم و ههڵخهڵهتابووم و، ده‌مه‌وێ تیشك بخه‌مه سه‌ر پلان و شێواز و مه‌رامه‌كانیان، داواكارم له په‌روه‌ردگار كه لێم خۆش بێ و له‌وه‌ش ببورێ كه پێشتر وتومه و نوسیومه له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان، ئه‌گه‌ر خوا ته‌مه‌ن بات ئه‌وا ههوڵدهیهم نوسینی باش به‌دوای ئه‌و نوسینانه‌دا بهێنم كه لێیان په‌شیمانم، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه ئێسته كه‌وتونه‌ته به‌ر دیدی خوێنه‌ران، وه‌ك تێزی دكتۆراكه‌م كه له‌زانكۆی قاهیره له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب به‌ده‌ستم هێنا و پاشان به‌ناوی (الهجاء والهجاؤون) بڵاومكرده‌وه، هه‌ر بۆیه ئه‌و كاره بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه له هه‌موو كه‌س زیاتر هه‌ست به‌وه بكه‌م كه چه‌ندین كه‌س ده‌بنه قوربانی ده‌ستی ئه‌و گه‌نده‌ڵانه و، له هه‌موو كه‌س زیاتر حه‌زم به ڕزگاركردنی قوربانیانی ئه‌و ره‌وت و قهڵهمبهدهستهكانیهتى له‌ڕێگه‌ى ئاشكراكردنی شێواز و پلانه ڕوخێنهرهكانیان.
كتێبی (حصوننا مهددة) له ڕهچهڵهكدا بریتی بووه له كۆمه‌ڵێ وتار، كه مانگانه له گۆفاری ئه‌زهه‌ر له میصر، له نێوان 1377ك بۆ 1378 (1958- 1959ز) بڵاو كراونه‌ته‌وه. له‌و كتێبه‌دا هێرشده‌كاته سه‌ر بانگه‌شه و لایه‌نه ڕوخێنهرهكان و ئاشكراكردنی شێوازی پلانگێران و تێكدانیان، كه بانگه‌شه‌كه‌رانی ئیلحاد و به‌ناو ئازادی له‌ژێر ناونیشانی رێچكه‌ی هونه‌ریی و توێژینه‌وه‌ی زانستی بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرد، كه له بنه‌ڕه‌تدا مه‌به‌ستیان ئه‌وه بوو كه زمانی عه‌ره‌بی دوورخه‌نه‌وه له‌و ڕێسا و یاسایانه‌ی كه ده‌یانپارێزێ له هه‌ڵه و، هه‌وڵدان بۆ په‌ره‌پێدانی زمانی عامی و هێنانی بۆ ناو نوسین و ئه‌ده‌ب و، بره‌وپێدانی پیتی لاتینی و نه‌هێشتنی پیتی عه‌ره‌بی. نوسه‌ر پێی وایه هێرشكردنه سه‌ر ئه‌و كه‌سانه باشتره له به‌رگریكردن، بۆیه ده‌بینین ده‌چێته ناخ و قوڵایی ئه‌و ڕێچكه ڕوخێنه‌رانه و، پاشان به ده‌ستی خۆی و بهشێوازهی خۆی هه‌وڵی ڕوخانیان ده‌دات:
“هه‌ندێ كه‌س پێیان وایه ده‌وڵه‌تی به‌هێز بریتییه له‌و ده‌وڵه‌ته‌ی خاوه‌ن چه‌ك و هێز و تفه‌نگی سه‌ربازی بێت. له‌ڕاستیدا ئه‌و جۆره وڵاتانه ناگه‌نه ئه‌و ئاسته ئه‌گه‌ر پێشتر ئاماده‌كاری بۆ نه‌كرابێ و، ئه‌و به‌رهه‌مه گه‌وره‌یه‌ش نایه‌ته دی ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێكی یه‌كگرتوو هه‌موو پێكه‌وه وه‌ك برا و دڵسۆزانه كاره‌كانیان ئه‌نجام نه‌ده‌ن، به‌هه‌مان شێوه ئه‌گه‌ر هاوده‌نگ و هاوده‌ست نه‌بن بۆ ڕێگریكردن له گه‌نده‌ڵی و هۆكاره‌كانی په‌رته‌وازه‌بوون و دوبه‌ره‌كی و خۆخواردن تا ده‌گاته شكاندنی ئێسكیان”.
به‌م چه‌ند دێڕه دكتۆر محه‌ممه‌د محه‌ممه‌د حوسه‌ین گوزارشت له فیكره‌ی سه‌ره‌كی كتێبه‌كه‌ی ده‌كات و، ناوه‌رۆكی كتێبه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌و هه‌ڕه‌شانه‌یه كه له ناوه‌وه‌ی جیهانی ئیسلامی هه‌ڕه‌شه له ئوممه‌تی ئیسلامی ده‌كه‌ن و، هۆشداری ده‌دات به‌وه‌ی كه ترسناكی هه‌ڕه‌شه ناوخۆییه‌كان زۆر له هه‌ڕه‌شه ده‌ره‌كییه‌كان ترسناكتر و زیاترن. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ڕوبه‌ڕووی دوژمنی ده‌ره‌كی بینه‌وه پێویسته ناوخۆ ڕێكخهین و راستی كه‌ینه‌وه، نوسه‌ر ڕێبازی خۆی باسدهكات له نوسینی كتێبه‌كه‌ی كه ئه‌و چه‌ند په‌ڕه‌یه‌ی نوسیوێتی به‌دواداچوون نیه بۆ چالاكیه روخێنهرهكان و، هه‌موو لایه‌نه‌كانیان ناگرێته‌وه، به‌ڵكو چه‌ند نمونه‌یه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات له شێوازی فڕوفێڵ و چه‌واشه‌كاری و ئاژاوه‌گێڕی و ڕوخاندن، ئه‌و كارانه‌ش ته‌نها زه‌ره‌ریان بۆ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك نیه، به‌ڵكو هه‌موو جیهانی عه‌ره‌ب و جیهانی ئیسلامی و ڕۆژهه‌ڵات ده‌گرێته‌وه، له‌كاتێكدا كه ده‌یانه‌وێ ڕاپه‌رن ژه‌هریان ده‌رخوارد ده‌ده‌ن، بۆئه‌وه‌ی ڕێره‌وی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌یان لێ تێكبده‌ن. پاشان باس له‌و مه‌ترسیانه ده‌كات كه ڕوبه‌ڕووی ئوممه‌ی ئیسلامی ده‌بێته‌وه له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا. لێره‌دا چه‌ند بوارێك ده‌خه‌ینه ڕوو:
له بواری هونه‌ر و ڕۆشنبیری:
له‌م سه‌رده‌مه‌دا سه‌رچاوه‌كانی ڕۆشنبیری زۆر بوون، ته‌نها قوتابخانه شوێنی به‌رهه‌مهێنانی كه‌سی لێهاتوو نیه، به‌ڵكو چه‌ندین هێزی دیكه‌ی نوێ كه ده‌رهاویشته‌ی مۆدێرنه‌ن كێبڕكێ له‌گه‌ڵ قوتابخانه‌دا ده‌كه‌ن، وه‌كو چاپخانه‌كان، كه چه‌ندین نوسراو له كتێب و گۆڤار و ڕۆژنامه و بڵاوكراوه بڵاوده‌كه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن، كه چه‌ندین ئاواز و شێوازی جیا جیا په‌خش ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها سینه‌ما، كه له ڕێی ئه‌و شاشه سهرنجراكێشهیهوه چه‌ندین چیرۆك به شێوه‌ی فلیم په‌خش ده‌كرێ و، چه‌ندین دامه‌زراوه و شوێنی دیكه كێبركێی قوتابخانه‌كان ده‌كه‌ن وه‌ك كۆمپانیاكانی تۆماركردنی گۆرانی و شوێنی ئاهه‌نگ و سه‌ما و نمایشكردن. هه‌روه‌ها نوسه‌ر ئاماژه به‌وه ده‌كات كه به‌فیڕۆدانی كات و هه‌وڵ و تواناكانه كه داموده‌زگا فێركاری و په‌روه‌رده‌ییه‌كان له قوتابخانه خه‌ڵكی فێری هه‌ندێ شت بكه‌ن و له پاشدا هه‌ندێ كه‌س بێن به‌درۆی بخه‌نه‌وه یاخود گومانی له‌سه‌ر دروست بكه‌ن و بێن بانگه‌شه بۆ ئه‌و شتانه بكه‌ن كه قوتابخانه هۆشداری داوه له‌باره‌یه‌وه، یاخود قه‌ده‌غه‌ی كردوون، له‌م جۆره ڕه‌وشه‌دا میزاجێ به‌رهه‌مدێ كه ته‌نها چێژ له شتی پڕوپووچ و بێكهڵك ده‌بینێ.
نوسه‌ر ئاماژه به شتێكی مه‌ترسیدار ده‌كات، كه خزێنراوه‌ته ناو كایهیی ڕۆشنبیریه‌وه، ئه‌ویش بریتییه له حه‌زكردن به لاسایكردنه‌وه‌ی بێگانه له شه‌ڕ و خێردا، ئه‌وه‌ی كه گیرۆده‌ی بووین ئه‌وه‌یه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌رسام نابین به‌وه‌ی كه بۆمان ماوه‌ته‌وه تاكو بێگانه به باشی نه‌زانێ، ئه‌وسا ئێمه‌ش گرنگی پێده‌ده‌ین و ده‌یخوێنینه‌وه، چونكه ئه‌وان گرنگی پێده‌ده‌ن. بۆنموونه كتێبی هه‌زار و یه‌ك شه‌وه (ألف لیلة ولیلة) سه‌رده‌مێ بوو ته‌نها بێئیش و خاوه‌ن شه‌هوات و ئارهزووبازهكان گرنگیان پێده‌دا، كه بینیان بێگانه‌كان وهریانگێرایه سه‌ر زمانه‌كانی خۆیان و گرنگیان پێده‌دا بۆ ئه‌وی پییشانی خه‌ڵكی بده‌ن كه ژیان لای ڕۆژهه‌ڵاتیه‌كان به‌و شێوه‌یه بووه كه له چیرۆكه‌كاندا هاتووه، ئه‌وجا زۆرێك له توێژه‌ره‌وان وخوێنه‌ران و نوسه‌ران ده‌ستیانكرد به خوێندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ری.
له بواری كۆمه‌ڵگه‌دا:
نوسه‌ر ڕه‌خنه له به‌رزبوونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگانه ده‌گرێت كه بانگه‌شه بۆ تێكه‌ڵاوكردنی هه‌ردوو ڕه‌گه‌زی نێر و مێ ده‌كه‌ن، كه له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌ودا له ڕۆژنامه و فێرگه و به‌شه‌كانی خوێندنی فه‌لسه‌فه و په‌یمانگاكانی مامۆستایان و پسپۆرانی بواری كۆمهلاًیهتی، هه‌موو ئه‌مانه باسیان له كه‌بتی جینسی و زه‌ره‌ره‌كانیان ده‌كرد، له نێو زۆرێك له‌وانه‌ی كه له بوواری ده‌روون، به‌تایبه‌ت فرۆیدیهكان، پێیان وابوو كه بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و زه‌ره‌ر و زیانانه‌ی كه له ئاكامی كه‌بتی جینسیه‌وه دروست ده‌بن پێویستمان به تێكه‌ڵكردنی هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه و كه‌مكردنه‌وه‌ی پۆشاكی ئافره‌تانه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چه‌ندین باس و توێژینه‌وه خرایه به‌ر دیدی خوێنه‌ران كه ده‌یانویست ئه‌وه بسه‌لمێنن كه پۆشاكی ئافره‌ت له دابونه‌ریته و ئیسلام داوای نه‌كردووه، به‌م شێوه‌یه ده‌یانه‌وێ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا تێكه‌ڵ به‌یه‌ك بكه‌ن، بێ گوێدان به هیچ بنه‌مایه‌ك، له قوتابخانه و داموده‌زگا فه‌رمیه‌كان و كارگه و یانه و شوێنه گشتیه‌كان. ئه‌م بانگه‌شه‌یه له زۆرێك له شوێنه‌كان جێبه‌جێكرا و هاتن به‌ده‌میانه‌وه. هه‌روه‌ها ڕوونی ده‌كاته‌وه كه مه‌به‌ستیان له‌م بانگه‌شانه ئه‌وه‌یه كه ئافره‌تی ڕۆژهه‌ڵات وه‌ك ئافره‌تی ڕۆژئاوای لێبكه‌ن له هه‌موو بواره‌كان، وه‌ك هاوسه‌رگیریی و جیابوونه‌وه و به‌شداری پێكردنی له بواره‌كانی كار و به‌رهه‌مهێنان و هه‌موو بواره‌كانی دیكه و، له پۆشینی پۆشاك و چوونیان بۆ یانه و شوێنی ئاهه‌نگه‌كان، به‌م شێوه‌یه ده‌یانه‌وێ دامانماڵن له ڕه‌وشته ئیسلامیه‌كان و بمانلكێنن به ڕۆژئاواوه، له بواره‌كانی ته‌شریع و ئه‌ده‌ب و مۆسیقا و وێنه و هونه‌ری ژیان.
نووسه‌ر ئاماژه به دیارده‌ی ئه‌و ئافره‌تانه ده‌كات كه خۆیان وه‌ك پیاو لێده‌كه‌ن و، به ره‌گه‌زی سێهه‌م ناویان ده‌بات. كه ئه‌مه وه‌سفێكی ورد و پڕبه‌پڕی ئه‌و ئافره‌تانه‌یه كه له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌ی ڕابردوودا كێشه‌كانیان سه‌ریانهه‌ڵدا و ژماره‌یان زیادی كرد، چونكه ئه‌وان مێینهتى خویان له‌ده‌ستدابوو و، وه‌ك ئافره‌ت ده‌رنه‌ده‌كه‌وتن و، لاشه‌ی خۆیان خستبووه ڕوو بۆ پیاوان، تا وایان لێهات پیاوان لێیان دوورده‌كه‌وتنه‌وه، ئه‌گه‌رچی فیتره‌ت و سروشتی دروستبوونیان ڕێگه نادات به‌وه‌ی كه وه‌ك پیاو سه‌یر بكرێن، چونكه ئه‌وان له زۆر شت‌دا جیاوازن له پیاوان وه‌ك سروشت و پێكهاته. به‌هه‌مان شێوه پیاوانیش جیاوازن له ئافره‌تان له وه‌زیفه و كاردا. یه‌كێ له نوسه‌ره ئینگلیزه‌كان توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بارودۆخی ئه‌و ئافره‌تانه كرد؛ بینی كه كاتێ واز له هاوسه‌رگیری دێنن و واز له‌و كاره سروشتیانه دێنن كه له‌گه‌ل سروشتیاندا ده‌گونجێ، وه‌ك دایكایه‌تی و په‌روه‌رده‌ی منداڵ، دهڕبینینی هه‌ست و نه‌ستیان ده‌گۆڕێت و دوچاری خه‌مۆكی و نه‌خۆشی (مالیخولیا) ده‌بنه‌وه (نه‌خۆشیه‌كی عه‌قلی و ده‌روونیه.. له دیارده‌كانی: گۆشه‌گیری و هه‌ستكردن به‌كه‌می و بێنرخكردنی خود و دڵه‌ڕاوكێی و حه‌زكردن به خۆله‌ناوبردن). ئافره‌تان به شوێنكه‌وتنی ئه‌م بانگه‌شانه خۆیان، به ده‌ستی خۆیان، خۆیان له‌ناو ده‌به‌ن، دوای ئه‌وه‌ی كه ئافره‌ت وه‌ك ره‌یحانه بۆن ده‌كرا و، وه‌ك ئه‌مانه‌تێك سه‌یرده‌كرا كه ده‌بوو بپارێزرێ، ده‌بێته كێشه و پێویستی به چاره‌سه‌ر ده‌بێ و، ده‌بێته كێشه بۆ خۆی و كه‌سوكاری.. ده‌بێ ئیش بكا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ڕۆژئاوا خۆیان ده‌ناڵێنن به‌ده‌ست ئه‌وه‌ی كه ئافره‌ت له سروشتی خۆی دووركه‌وته‌وه چ زه‌ره‌ر و زیانێكی ده‌بێ، ده‌بینیین هه‌ندێ له نوسه‌رو ڕۆشنبیرانمان بانگه‌شه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئێمه‌ش پێویسته به‌هه‌مان ڕێچكه‌ی ڕۆژئاوادا برۆین، كه پره له كێشه و گیروگرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری، كه كۆڵه‌كه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌جوڵێنێ و ئارامی و ئاسوده‌ی ناهێلێ و ئاشتی و ئارامی و كامه‌رانیی ده‌خاته ژێر مه‌ترسیه‌وه.
له بواره‌كانی پرۆگرامی زمان و ئاین:
نووسه‌ر هۆشداری ده‌دات سه‌باره‌ت به‌و بانگه‌شه ڕوخێنه‌رانه‌ی كه داوای خوێندنی زاراوه میللیه‌كان (اللهجات العامیة) ده‌كات و، هه‌ر شتێكی ئه‌ده‌بی به‌و زمانه نوسرابێ، كه پێی ده‌ڵێن (ئه‌ده‌بی شه‌عبی)، مه‌به‌ست پێی نه‌هێشتنی زمانی عه‌ره‌بی ره‌سه‌نه كه عه‌ره‌ب و مسوڵمانه‌كانی جگه له عه‌ره‌ب ده‌توانن گفتوگۆی پێ بكه‌ن، مه‌به‌ستیان گه‌شه‌پێدانی دراساتی زمانه‌وانی له هه‌ردوو زانستی نه‌حو و صهرفدا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ڕۆژئاوا هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی زمانیش هیچ بنه‌مایه‌كی زانستی نه‌مێنێ و گۆڕانی به‌سه‌ردا بێ.
پاشان ڕه‌خنه له هزره‌كانی ته‌ها حسین ده‌گرێ، كه له كتێبی (مستقبل الثقافة فی مصر)دا باسی لێوه‌كردووه و، ڕه‌خنه‌ی له‌و پێشنیاره گرتووه، كه داواده‌كات به دامه‌زراندنی به‌شی خوێندنی ئیسلامی له كۆلێجی ئاداب، به‌مه‌به‌ستی ڕه‌خنه‌گرتن له ئاین و سوكایه‌تی كردن به بیروباوه‌ڕی مسوڵمانان. نوسه‌ر یه‌كێ له‌و توێژینه‌وانه به‌نموونه دێنێته‌وه، كه به ناونیشانی (دراسة فی أصوات المد فی التجوید القرآنی)، كه له به‌شی زمانی عه‌ره‌بی زانكۆی ئه‌سكه‌نده‌ریه بڕوانامه‌ی ماسته‌ری پێوهرگیرابوو، ئه‌و توێژینه‌وه‌یه هه‌ندێ سه‌ره‌ڕۆی پێوه دیاربوو كه لادان و نه‌فامی له خۆ گرتبوو.. توێژه‌ر ده‌یه‌وێ گومان له‌سه‌ر ده‌قی قورئان دروستبكات و، چه‌ندین سوكایه‌تی به بیروباوه‌ڕ و پیرۆزیه‌كانی ئیسلام له‌خۆده‌گرێت. نوسه‌ر نیگه‌رانه به‌و جۆره توێژینه‌وانه كه دزه ده‌كه‌نه ناو زانكۆكانمانهوه و زۆرێك له ڕۆشنبیران و خوینه‌واران ده‌كه‌ونه ژێركاریگهریانهوه و، كاریگه‌ریان ده‌بێت له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕ و به‌های كۆمه‌ڵگه.
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئه‌و كتێبه ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر چی زیاتر له نیو سه‌ده‌یه نوسراوه، هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی كه ئاماژه‌ی پێكردووه تا ئێسته كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی.