توێژینەوە

سیستمی پوچگەرایی: (La médiocratie نظام التفاهة)

(1)

د.یعقوب مهدی به‌رزنجی

عن أبي هريرة رضي الله عنه قال: قال رسول الله صلى الله عليه وسلم: ((سيأتي على الناس سنوات خداعات، يصدق فيها الكاذب ويكذب فيها الصادق، ويؤتمن فيها الخائن ويخون فيها الأمين، وينطق فيها الرويبضة))، قيل وما الرويبضة يا رسول الله ؟ .. قال: «الرجل التافه يتكلم في أمر العامة»(2).

لەو فەرمودەیەی سەرەوەدا پێغەمبەری ئازیز دەفەرموێت:(ساڵانێکی فریودەر بەسەر خەڵکیدا دێن؛ ڕاستگۆ بە درۆ دائەنرێت و درۆزن بە ڕاستگۆ دائەنرێت، خائین بە ئەمیین دائەنرێت و ئەمین بە خائین دائەنرێت، لەو ساڵانەدا (ڕوەیبیزە قسان دەکەن، وتیان ڕوەیبیزە چیە ئەی پێغەمبەری خودا؟ گووتی: پیاوێکی هیچ و پووچ (هیچ لەبارانەبوو) قسە لە کاروباری گشتیدا دەکات).

(دۆنۆ) لە کتێبەكه‌یدا دەڵێت: ئەمڕۆ لە هەموو جیهان هیچ و پوچیه‌تی دەسەڵاتی گرتووە بەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان، هیچ و پوچەکان دەستیان گرتووە بەسەر دەسەڵات و سەنتەرەکانی بڕیارداندا، دوا وتەو وتەی یەکلاکەرەوە هەر بۆ ئەوانە لە هەموو بوارێکی تایبەت و گشتیدا.

جا (دۆنۆ) پەنجە دەخاتە سەر ئەو مەترسیانەی کە بەهۆی ئەم بارودۆخەوە ڕوبەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە و بەجیا باسی چەند بوارێکی ژیان دەکات کە هیچ و پووچی تیایدا بە سیستەماتیک کراوە، وەکو لایەنی ئەکادیمی و سیاسيی و ئابووريی و بازرگانی و دارایی و هونەریی و میدیا.

چوارچێوەی گشتی کتێبەکە:

بەشێوەیەکی گشتی کتێبەکە باس لەوە دەکات کە هەموو چالاکیيە مرۆییه‌کان لە هەموو بوارە جۆربەجۆرەکاندا زیاتر وەکو یاريیەک وایە هەموو لایەنەکان تیایدا بەشدارن و هەمووشیان ئاگاداری ئەو یاریەن، بەڵام هیچیان لەمبارەیەوە ورتەیان لێوە نایات، لەم یاريیەدا بەهاکان(قیم) دووردەخرێنەوە، ئەوەی بایەخدارە تەنها لێکدانەوەی بەرژەوەندیيە مادديیەکانی وەکو پارە و سامانە لەگەڵ بەرژەوەنديیە مەعنەویيەکانی وەکو ناوناوبانگ و پەیوەندیيە کۆمەڵایەتیيەکان، هەتا وردە وردە جەستەی کۆمەڵگا تووشی گەندەڵیيەکی بونیادی دەبێت، ئیتر خەڵکی هێندەی گرنگی بە کاروبارەکانی تاکەکەسی کەمبایەخی خۆیان دەدەن هێندە گرنگی بە کاروباری گشتی بایەخدار نادەن.

دیارە لەناو کۆمەڵگه‌دا کۆمەڵە کەسانێکی خاوەن هیمەتی بەرز هەن و دەیانەوێت بەڕێگە و پێوەرە ئەخلاقیيەکان بگەن بە لوتکە، هاوکات لەبەرامبەردا کەسانێکی تر هەن بەدوای ئاسانترین ڕێگەوەن بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن، ئەوەی یاريیەکە بەڕێوە دەبات کۆمەڵەی دووەمن، چونکە سرووشتی ژیانی ئەمڕۆ ئەوانە دەخوازێت کە خۆی لە ئاسانکاريی و سادەیی و هیلاک نەبوون دەبینێتەوە، ئەوانەی کۆمەڵەی دووەم ناتوانن بگەن بە کۆمەڵەی یەکەم، بۆیە هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئەوان دابەزێنن بۆ ئاستی خۆیان، ئەمەش بەخێرایی ڕووئەدات کاتێکت زانی کەوتوویتەتە خوارەوە بێ ئەوەی هەست بەخۆت بکەیت، چونکە هاتنە خوارەوە ئاسانترە و هەوڵی کەمتری پێویستە لە چونەسەرەوە،  ئیتر بەمشێوەیە زۆرینە دێنە بەرەی دووەم، ئەوکات کاروباری گشتيی و بەرژەوەنديی و چاکەی گشتی هیچ گرنگ نیيە بەلایانەوە.

یەکەم: زمانی ئاخاوتنی پوچگەرایی

پوچگەرایی دوو زمانی ئاخاوتنى تایبەت بەخۆی هەیە کە تاڕادەیەک پێچەوانەی یەکترن، یەکەمیان ئەوەیە کە نووسەر بە(زمانی دارین) ناوی دەبات، پێیوایە زمانێکی قەبەی ناوبۆشە، بریتیيە لە دوبارەکردنەوەی هەمان شت، بەڵام بەدەربڕینی جیاواز جیاواز، تۆ وا هەست ئەکەیت شتێکی نوێ لە دووتوێی ئەو دەربڕینەدا بوونی هەبێت، بەڵام لەڕاستیدا هیچ شتێکی نوێ بۆئەوەی هەیە لە مەعریفە زیاد ناکات، مەبەست لە بەکارهێنانی ئەم زمانە بۆ موزایەدەی زمانەوانی و بۆ ڕاکێشانی سەرنج و ڕای گشتيیە، هەندێ جار کەسی قسەکەر بە تەکەلوفەوە و بە زەحمەت دەستەواژەکەی بۆ ئەوترێت. هەر لەمبارەیەوە جۆرج ئۆرێل لە ڕۆمانە بەناوبانگەکەی (١٩٨٤) و لە وتارێکیشیدا بەناونیشانی (سیاسەت و زمانی ئینگلیزی) ئاماژەی بەم جۆرە زمانە داوە و بە (نیو سپیک-Newspeak ) ناوی بردووە، کە دەڵێت:” لە ناوەندی سیاسیدا سیاسیيەکان وشەی قەبە و بێمانا بەکاردەهێنن”.

زمانی ئاخاوتنی دووەم بەشێوەیەکە کە لە ناوەندە ئەکادیمیيەکاندا دەربڕینی بابەتە زانستیيەکان ئاڵۆز نیشان دەدرێت، یاخود بەپێچەوانەوە زۆر سادە دەکرێت. نوسراوە ئەکادیميیەکان هەندێ جار ڕۆدەچن لە ئاڵۆزکردن و خستنەڕووی بابەتە مەعریفیيەکان بەشێوەیەکی وشک کە خەریکە وای لێدێت گەر کەسێک بە زمانێکی ساکار بنووسێت بە نوسەرێکی ڕوکاری (سطحی) سەیر دەکرێت نەک بە نوسەرێکی ڕەسەن (رصین).

بەهەمان شێوە سادەیی و ئاسانکاری زۆری لە ڕادەبەدەریش لە نوسیندا دەبێتە هۆی دابەزینی کوالێتی زانست و وادەکات مێشکی فێرخواز نەجوڵێنێت و بەشی بیرکردنەوەی بۆ نەهێڵێتەوە و هەموو شتێک بەحازری بێتە بەردەستی هەروەکو چۆن لە ئێستادا فێرخوازان بەبێ بەکارهێنانی ئامێری بژمێر ناتوانن مەسەلەیەکی لێکدانی ئاسان بزانن.

ئه‌وانه‌ی پڕۆگرامی خوێندن داده‌نێن بیانووی ئەوە دێننەوە کە پێویستە ئاسانکاری بکرێت بۆ تێگەیشتنی فێرخواز لە بواری پسپۆڕیەکەیدا، بەڵام ئەم ئاسانکاريیە بەشێوەیەکە کە تەنانەت کەسێکی نەخوێنەوار و نا پسپۆڕیش لێی تێ دەگات، ئەو کاتیش ئاستی کوالێتی خوێندن زۆر دادەبەزێت.

لەڕاستیدا نمونەی مامۆستا و خوێندکار وەکو ئەوە وایە کە مامۆستا لە شوێنێکی بەرزی وەکو کەندەڵانێک بێت و خوێندکارەکانی لەلای خوارەوەى بن، لەم بارودۆخەدا مامۆستا چونكه‌ شوێنه‌كه‌ی به‌رزتره‌ له‌ خوێندكاره‌كانی بۆیه‌ مەودای زانین و بینینی فراوانترە لە خوێندکارەکانی، جا یا ئەوەتا مامۆستا تەنها لە سەرەوە وەسفی ئەوە دەکات کە دەیبینێ بۆ خوێندکارەکانی کە لەلای خوارەوەن بەبیانووی ئاسانکاريی و سادەکردنی زانست بۆیان و زەحمەت نەدانی خۆی و ئەوان، یا ئەوەتا دەستیان دەگرێت و یەکە یەکە سەریان دەخات و پێیانەوە ماندوو دەبێت، ئەو کات خۆیان دیمەنەکە بەچاوی خۆیان دەبینن، پێشتر فێرخوازەکان لە خوار خۆیەوە بوون ئێستا هاوشانی ئەون، لەوانەیە زۆر باشتریش لە مامۆستاکەیان زانیاری لەبارەیەوە بزانن، بەڵام مامۆستای ڕاستەقینە دەخوازێت کە فێرخوازەکانی نەک هاوشێوەی خۆی بن، بەڵکو باشتر و درێژکراوەی ئەو بن. به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ تێگه‌یشتن و بیركردنه‌وه‌یه‌‌ له‌ سیستمی پوچگه‌راییدا نابینیت.

دووەم: بواری ئەکادیمی:

دۆنۆ ئاماژە بەوەدەکات کە هەموو جەمسەرەکانی کۆنترۆڵکردنی ژیانی ئێستامان لەلایەن هیچ و پوچەکانەوە بە کۆنترۆڵکردنی ناوەندەکانی توێژینەوە و زانکۆکان و کۆلیجەکان دەست پێدەکات و کۆتایی دێت؛ سیستمی ئەکادیمی لە هەموو جیهاندا تەنانەت لە زانکۆ ناودار و ڕاقیيەکانیش ئەمڕۆ بەدەست هیچ و پوچەکانەوەیە، لەوانەیە ئەم قسەیە خوێنەر تووشی شۆک بکات، بەڵام (دۆنۆ) جەخت لەو ڕاستیيە دەکاتەوە کە بەڵێ ئەمە نەک تەنها بۆ وڵاتانی (دەوروبەر – جیهانی سێ)، بەڵکو لە وڵاتانی (سەنتەر- جیهانی یەکەم) ئەمریکای باکوور و ئەوروپاش ڕاستە.

(دۆنۆ) لەم ڕووەوە ئاماژە بە دوو گرووپ دەدات؛ یەکێکیان بە (ڕۆشنبیران) ناودەبات و ئەوی تریش بە (شارەزایان)؛ ڕۆشنبیران بریتین لە (دانا و زاناکان و توێژەران) کە وازیان هێناوە لە بوارە ئەکادیمیيەکە و لێی کشاونەتەوە کە دیارە بەخۆشی خۆیان نيیە، بەڵکو لەم سیستمە پوچگەراییەدا ئەوانە چیتر خوازراو نیین(غیر مرغوبین)، لە بەرامبەردا کەسانێک بەناونیشانی بریق و باقەوە شوێنیان گرتوونەتەوە کە ئەو بە (شارەزا- خبیر) ناویان دەبات و بریتین لە (پسپۆڕ و پڕۆفیسۆر و دکتۆر)، ئەمە تەنها گۆڕانێکی سادە نیيە لە ناوو ناونیشاندا، بەڵکو ئەمە شێواندنی ڕۆڵی ئەکادیمیا و لادانە لە پەیامەکەی و لە تاسکەکەی! چۆن؟ دۆنۆ دەڵێت ڕۆشنبیر كه‌ بریتیيه‌ له‌ (دانا و زانا و توێژەر) چاوی لەسەر حەق و حەقیقەتە، شتەکان بە تەرازووی ویژدانی زانستیان دەپێون پێش حوکمدان لەسەری، بۆیە لاخۆشەویستکردن(ترغیب) و زۆرلێکردن(ترهیب) کاریگەری نابێت لەسەر بڕیارەکانیان، ئەو بڕیارەی دەیدەن بە ئازادانە و ئامانجدارانە دەیدەن بەشێوەیەک کە ویژدانی زانستی و پێگە ئەکادیمیيەکەیان بخوازێت، بۆیە تەماحکردنە بەردەم کەسی دانا و زانا و توێژەری ئازاد هیچ گرنگيی و بایەخێکی نابێت، بۆیە لێرەوە ئەکادیمیا بە باشترین شێوە پەیامی خۆی و وەکو خۆی دەگەیەنێت و کاری سەرشانی ئەنجامدەدات و خزمەتی هەمووان دەکات بێ جیاوازی. بەڵام ئەم گرووپە هیچ خوازراو نیین سوود بە بازاڕ و سەرمایەدار و چینی ده‌سه‌ڵاتدار  ناگەیەنن و پاڵپشتیان ناكه‌ن.

لەبەرامبەر ئەمەدا دەبینین کەسی  بەناو شارەزا كه‌ بریتیيه‌ له‌ (پسپۆڕ و پڕۆفیسۆر و دکتۆر) ویژدانی خۆی دەفرۆشێت لە بەرامبەر بەرژەوەندی تەسکی خۆیدا و حەق و حەقیقەت دەکاتە قوربانی بەرژەوەندیيەکانی خۆی و هاوکارەکانی، شارەزا ئامادەیە گونجاندن بکات لەپێناو بەدەستهێنانی بەرژەوەندیدا، ڕاستيیە زانستیيەکان بگۆڕێ، گزی و ته‌زویر بکات، بۆ مانەوەی خۆی و ئەوانەی دەستیان گرتووە بەسەر دەسەڵاتداو پارەداريو خاوەن هەژموونن، شارەزایان هێنده‌ی ده‌ستكه‌وتی ماددیان به‌لاوه‌ گرینگه‌ هێنده‌ پێگە و ڕێزی خۆیان بەلاوە گرینگ نيیە، بۆیە لێرەوە ئەکادیمیا ڕووت دەکرێتەوە لە کەسانی ڕۆشنبیر و بەکەسانی شارەزا پڕ دەکرێتەوە، چونکە ئەوان سوود بە بازاڕ و سەرمایەدار و دەسەڵاتداران دەگەیەنن و پاڵپشتیانن، ئیتر لێرەوە خوێندن و توێژینەوە زانستیيەکانیش لە ناوەڕۆکی زانستی خۆیان لادەدەن، هەتا وای لێدێ پێشڕەوی بۆ خەڵکانی خوێڕيی و سەخیف و سەفیهـ دەبێت لەجیاتی داناو زانا، شوێنێک بۆ ڕاستی و ڕەوشت نامێنێته‌وه‌. چیتر گرینگ نيیە تۆ کەسێکی داهێنەر یا لێهاتوو بیت بۆئەوەی پلەکانی ئەکادیمی ببڕییت، بەڵگو ئەوە گرینگە کە بزانی چۆن یاری ئەکەیت و چۆن هونەری خۆ بردنە پێشەوە و ماستاوکردن و پشت شکاندنی ئەوانی تر بزانیت.

گرووپی یەکەم (ڕۆشنبیران) یەکەیەکە و بە زەحمەت و ڕەنجی شانی خۆیان پلەکانی خوێندن و ئەکادیمیایان بڕیوە، ئەو بڕوانامەیەی کە هێناویانە شەونخونی و هیلاک بوونە لەپێناویدا، هەوڵیانداوە خوێنەری جدديی و ورد و گشتگیر بن، هەرچەندە چیتر ئەمڕۆ ئەو توانایانە بێ ماستاوچێتی و کلکە لەقێی سودیان بۆ خاوەنەکانیان نابێت، لەکاتێکدا (شارەزایان) زۆریان شایستەی ئەو پێگەیە (منصب) نین کە بەهۆی پەیوەنديیەکانیان و هێزی پارەوە بەدەستیانهێناوە، خۆ ئەگەر خاوەنی بڕوانامەی بەرزیشن هەر بەهۆی پەیوەندیيەکانیان و بە پارە بەدەستیان هێناوە، هەندێکیان لە نوسینی ماستەرنامەکەی یا تێزی دکتۆراكه‌ی هاوکاری کراوە تاڕادەی ئەوەی بەشێکی زۆری یا هەمووی بۆ نوسراوە لە بەرامبەر بڕێک پارەی باشدا، تەنانەت توێژینەوەکانیشی کە پەسەند کراون بۆ پلە بەرزکردنەوە هەر بەو میکانیزمە ڕۆیشتووە.

ئەوانە بێ ئەوەی قوڵ ببنەوە لە خوێندنەکەیان بڕوانامەی قەبە و نازناوی قەبەیان پێدراوە، ئەوانە خۆیان کەمیان پێیە و ناتوانن زۆری لێ ببەخشن بۆیە نەوەیەکی لە خۆیان کەمتر خوێنەوار ترو هیچ لەبارا نەبووتر بەرهەم دێنن، ئەو نەوەیەش وا ئەزانێ خوێندن و ئەکادیمیا هەرئەوەیە کە ئەم لە کەسێکی هیچ و پوچەوە وەریگرتووە، بۆیە هەر بەهیچ و پوچی دێتە بەرچاوی ئیتر نەوە لە دوای نەوە ئەم دەردە قوڵتر دەبێتەوە و پوچگەرایی دەبێتە شتێکی باو. هەمووان دەبن بە خاوەنی بڕوانامەیەک بۆئەوەی ببنە شارەزا، یا زۆرێک دەبنە خاوەن نازناوی زانستی بەڵام کەمێک دەبن بە خوێنەوار بۆئەوەی ببن بە ڕۆشنبیر و دانا و زانا. بەڵام ئیتر سەردەمەکەش ئەمانەی دەوێت و هەر بەمان دەڕوات بەڕێوە، بەڵێ ئەمان پیاوی ئەم ڕۆژەن.

پرسیار ئەوەیە: لە بەرژەوەندی کێ ئەم کارەساتەی بواری ئەکادیمیا بەڕێوە دەچێت؟ بۆچی سەنتەرەکانی زانست وایان پێدەکرێت؟ وەڵامەکە لای (دۆنۆ) ئەوەیە کە: هەموو ئەمانە لەپێناو خزمەتکردن بە بازاڕ دەکرێت، ئەمڕۆ جیهان دەوڵەمەند و پارەدار دەیبەن بەڕێوە، بۆیە ئەکادیمیاش دەبێت بە خزمەتگوزارێکی زەلیلی پارە و دەوڵەمەندان.

سێیەم: بواری ئابووريی و بازرگانی

دۆنۆ لە کتێبەکەیدا باس لە چالاکيیە بازرگانیيەکان دەکات کە هۆکارن بۆ داڕووخانی ڕەوشتی کۆمەڵگه‌ لەم سەردەمەی ئێستادا،  كه‌ یاریدەدەر و پاڵپشتی سیستمی پوچگەرایین کە بە هەموو جومگەکانی ژیاندا شۆڕببیتەوە. بۆ نموونە ئەو لەمبارەیەوە دوو سەرنجی هەیە، یەکێکیان سەبارەت بە گەڤەرنەرەنس(governance)، ئەوی تر دەربارەی پیشە (المهنة) و پێشەگەريیە (الحرفة).

‌ا- گەڤەرنەرەنس(governance)، لەڕووی تیۆریيەوە چەمکی گەڤەرنەرەنس لە دامەزراوە ئابووریيەکاندا جێبەجێ دەکرێت کە دەیەوێت هاوسەنگی لە نێوان ئامانجەکانی دامەزراوە لەلایەک و ئامانجەکانی کۆمەڵگه‌ لەلایەکی تر بەدی بهێنێت، واتە ببێتە مایەی پاراستنی بەرژەوەندیيەکانی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا بەشداری دەکەن لە خاوەن دامەزراوە و بەڕێوەبەر و بازرگان و فەرمانبەر و پشکدار و كڕیار و…هتد، ئەویش لە ڕێگەی لێپرسینەوەو چاودێری چڕو پابەند بوون بە یاسا و ڕێساکان کە لایەنی چاودێر دایدەنێت. واتە ئەم چەمکە لە بنەڕەتدا بۆ ژینگەی بازرگانی دیزاینکراوە، بەتایبەت بۆ لە چوارچێوەدانی کۆمپانیا گەورەکانی به‌ریتانیا کە لە سەرەتای نەوەتەکان جێبەجێ کرا.

بەڵام کە (مارگرێت تاتشر) لە بریتانیا بوو بە سەرۆک وەزەیران و حوکمی تەکنۆکراتی پیادە کرد، ئیتر ڕەنگدانەوەی چەمکی گەڤەرنەرەنس لەسەرشێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتیش دەرکەوت، واتە لەسەر سیاسەت، بەشێوەیەک چەمکی سیاسەت گۆڕا بۆ گەڤەرنەرەنس، لێرەوە سیاسەت لە مانا و ئەرکەکەی خۆی خاڵی کرایەوە کە بریتیيە لە پاراستنی حەق و ڕاستی و بەجێهێنانی ئەرک و پابەندبوون بە بەهاو بەرژەوەندی گشتيی و چاکەی گشتیيەوە. چەمکەکانی (خواستی گەل، چالەکەوانی سیاسی، هاونیشتیمانی، نەخۆش) یەک لەدوای یەک  گۆڕان بۆ (ڕەزامەندی کۆمەڵگه‌، کۆمەڵەکانی فشار، هاوبەش، كڕیار).

ئیتر وردە وردە گرنگیدان بە بەرژەوەندی گشتيی و کاروباری گشتيی و سیاسی و بەها سیاسەکان تەنها بوون بە جۆرێک لە کارگێڕی و بەڕێوەبردن، بۆیە کاروباری گشتی خاڵی بوویەوە لە ڕەوشت و بەها و نمونەی باڵا و هاونیشتیمانی بوون و پابەندبوونی خۆویستانه‌، خەمی گەورەی حکومەت گۆڕینی خاوەندارێتی کەرتە گشتيیە جۆراوجۆرەکان و پرۆژەکان بوو بە ئاڕاستەی کەرتی تایبەت، بە بیانووی که‌مکردنەوەی بارقورسی لەسەر شانی حکومەت و قازانجکردن و زیادکردنی داهاتی حکومەت، وەکو ئەوەی بڵێیت حکومەت تەنها بریتی بێت لە کۆمپانیایاکی بازرگانی. هه‌موو هه‌وڵێكی ته‌نها بۆ زیادكردنی داهاتی حكومه‌ت و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجیه‌كانیيه‌تی بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر باشتركردنی دۆخی ناهه‌مواری ماددی خه‌ڵك هه‌بێت یا خزمتگوزاريیه‌ك به‌بێ به‌رامبه‌ر پێشكه‌ش بكات.

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی گاڵته‌جاڕیه‌ بریتیيه‌ له‌ بانگه‌شه‌كردن  بۆ‌ هه‌ندێ چه‌مك‌ كه‌ ته‌نیا ناوه‌كه‌ی ده‌بیسیتین و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی دیارنیيه‌، وه‌كو شه‌فافیه‌ت و لێپرسینه‌وه‌ و چاكسازيی و ده‌سته‌ی ده‌ست پاكی و…هتد. بگره‌ سه‌ره‌ڕای ده‌ركه‌وتنی ئه‌م هه‌موو چه‌مكه‌ زه‌قانه‌ كه‌چی هیچ كات هێنده‌ی ئێستا قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ زیادبووندا نه‌بووه‌.

2- له‌ناوچوونی پیشه‌گه‌ری (حرفه‌) وده‌ركه‌وتنی پیشه‌ (مهنه‌)

یه‌كێك له‌‌و هۆكارانه‌ی كه‌ سیستمی پوچگه‌رایی قوڵتر كردۆته‌وه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ مه‌سه‌له‌ی ڕێكخستنی بازاڕ له‌لایه‌ن سیستمی سه‌رمایه‌داریيه‌وه‌، سه‌رمایه‌داری ڕێچكه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی (فۆن هایك)ی گرتۆته‌به‌ر كه‌ پێیوایه‌ بازاڕ له‌خۆوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی خودكارانه‌ ده‌ڕوات به‌ڕێوه‌ به‌بێ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت، به‌ڵكو ئه‌ركی ده‌ڵه‌ت ته‌نها له‌ سێ وه‌زیفه‌دا كۆده‌بێته‌وه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌؛ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ دادوه‌ری كردن، كه‌ پێشی ده‌وترێت (وه‌زیفه‌ی پاسه‌وانی شه‌وانه)‌، ئیتر ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه له‌ كاروبار جێیده‌هێڵێت بۆ میكانیزمه‌كانی بازاڕ‌، ئه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م بۆچوونه‌ ته‌واو جیاوازه‌ له‌ بۆچونی (جۆن كینز) كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌تدایه‌ به‌ته‌واوه‌تی بۆ ڕێكخستنی بازاڕ.

نوسه‌ر پێیوایه‌ كه‌ ئازادكردنی بازاڕ كاریگه‌ری هه‌یه‌ به‌سه‌ر سیستمی كاركردنه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ چه‌مكی كار (labor) گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه؛ چی دیكه‌ پیشه‌گه‌ری بوونی نه‌ماوه‌ به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نها پیشه‌یه‌كه‌ بۆ په‌یداكردنی بژێوی ژیان بێ ئه‌وه‌ی كه‌سی خاوه‌ن پیشه‌ شاره‌زاییه‌كی ئه‌وتۆی له‌ ورده‌كاری ئه‌و كاره‌ هه‌بێت كه‌ ده‌یكات، هه‌روه‌ك ده‌ڵێت:” پیشه‌گه‌ری ونبووه‌، ئه‌گونجێ كه‌سانێك چه‌ندین ژه‌می خۆراكی به‌رهه‌م بهێنن به‌هۆی ئامێره‌وه‌ له‌ كارگه‌یه‌كدا كه‌ هیچ له‌باره‌ی خواردن سازكردن نازانن له ‌ماڵه‌وه‌، یا كه‌سانێك ڕێنماییت بكه‌ن له‌ ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ بۆ ڕاپه‌ڕاندنی كاری كۆمپانیایه‌ك كه‌ خۆشیان نازانن واته‌كه‌ی چیه(3)، یا كه‌سانێك كتێب و ڕۆژنامه‌ بفرۆشن كه‌ هه‌رگیز خۆیان نای خوێننه‌وه‌”.

هه‌ربۆیه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌م جۆره‌ پیشه‌یه‌‌وه‌ ناتوانرێت ده‌وڵه‌مه‌ند بیت، چونكه‌ ناتوانیت په‌ی به‌ نهێنی بنه‌ڕه‌تی كاره‌كه‌ ببه‌یت، له‌هه‌مانكاتدا ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان زیاتر و زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ند ئه‌بن و فرسه‌تی زیاتریان بۆ ئه‌ڕه‌خسێ بۆ گه‌شه‌كردن و به‌رفراوان بوون.

چواره‌م: بواره‌ ڕۆشنبیريیه‌كان

نوسه‌ر بایه‌خێكی زۆر به‌ بواره‌ ڕۆشنبیريیه‌كان ده‌دات كه‌ پێیوایه‌ وه‌كو میكانیزمێكی كارا به‌كارده‌هێنرێن بۆ تۆخ كردنه‌وه‌ی سیستمی پوچگه‌رایی، لێره‌دا نووسه‌ر ئاماژه‌ به‌ چه‌ند لایه‌نێكی ڕۆشنبيری ده‌دات وه‌كو زمانه‌وانی و میدیا و سۆشیال میدیا و هونه‌ر.

  • زمانه‌وانی

  له‌ڕووی زمانه‌وانیيه‌وه‌ هه‌ندێ وشه‌ی بریقه‌دار له‌بری هه‌ندێ وشه‌ی دیكه‌ی نه‌ویستراو لای كۆمه‌ڵگه‌ و ڕای گشتی به‌كارده‌هێنرێت بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی چه‌مكه‌كه‌ و‌ قبوڵكردنی لای خه‌ڵكی به‌ڵام كاریگه‌ريیه‌ نه‌رێنیيه‌كانی هه‌روه‌كو خۆیه‌تی(4)؛ بۆ نمونه‌ گۆڕینی چه‌مكی (حكومه‌تی عه‌لمانی) بۆ (حكومه‌تی مه‌ده‌نی)، گۆڕینی وشه‌ی( سوو) بۆ(قازانج)، هه‌ندێ جار له‌وانه‌یه‌ به‌كارهێنانی وشه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ بێزراو بێت، به‌ڵام به‌م گۆڕینه‌ ئاسایی ده‌بێته‌وه‌ له‌كاتێكدا هه‌ر هه‌مان ناوه‌ڕۆكی هه‌یه‌، وه‌كو گۆڕینی وشه‌ی (كوشتنی دوژمنان) به‌ (له‌ناوبردنی دوژمنان یا پاكردنه‌وه‌ی دوژمنان).

  • میدیا و سۆشیاڵ میدیا

میدیاكان وه‌كو میكانیزمێك ڕۆڵی كاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌ سیستمی پوچگه‌راییدا، میدیا كاتێ كه‌ هه‌واڵێك بڵاوده‌كاته‌وه‌ زیاد و كه‌می ئه‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك دایده‌ڕێژێت كه‌ گونجاوبێت له‌گه‌ڵ بۆچوون و ئاڕاسته‌ی سیاسيی و ئایدۆلۆژی ده‌زگاكه‌، یا پاراستنی به‌رژه‌وه‌نديیه‌ ئابووریيه‌كانی، گونجاو بێت له‌گه‌ڵ ڕای زۆرینه‌ و قبوڵی گشتی هه‌بێت. ڕۆژنامه‌كان ناونیشانی بریقه‌دار هه‌ڵده‌بژێرن بۆ ڕاكێشانی سه‌رنجی خوێنه‌ر، به‌ڵام كاتێ ده‌یخوێنیته‌وه‌ هیچ زانیاریيه‌كی ئه‌وتۆی تێدانیه،‌ هاوشێوه‌ی سه‌راب‌ له‌ دووره‌وه‌ ئاو ئه‌بینی، ‌به‌ڵام كه‌ پێی ده‌گه‌یت هیچ ئاوێك له‌وێ نيیه‌.

میدیا جۆرێكه‌ له‌ پیشه‌سازی، هه‌میشه‌ به‌دوای به‌رژه‌وه‌نديی و قازانج و بازاڕگه‌ريیه‌وه‌یه‌، چی بازاڕی گه‌رم بێت به‌دوای ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێت، بۆیه‌ ده‌بینی گرینگيیه‌كی ئه‌وتۆ به‌ بابه‌ته‌ چاره‌نووسسازه‌كان یا كێشه ڕاسته‌قینه‌‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ نادات، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌وڵی له‌بیربردنه‌وه‌ و وه‌لانانیان ده‌دات و سه‌رقاڵیان ده‌كات به‌ بابه‌تی ڕابواردن (ترفیه)و ژیانی تایبه‌تی و نهێنی و ئابڕوچوونی ناوداران، یا ده‌نگوباسی هونه‌رمه‌ندان ‌و وێنه‌ی نیمچه‌ ڕووت و شێوازی ژیانیان بڵاوده‌كاته‌وه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ سه‌رقاڵكردنی خوێنه‌ر و بینه‌ره‌ به‌ پوچترین باسه‌وه‌ كه‌ هیچ سوودێكی بۆیان نیه. جگه‌له‌ زیان و به‌هه‌ده‌ردانی كات و پاره‌كانیان، له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك كه‌س خه‌ م و په‌ژاره‌ش دایان بگرێت كاتێ ده‌بینن ئه‌و كه‌ساسه‌تیيه‌ی پێی سه‌رسام بوون ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانیكی دارایی یا ئه‌خلاقی بونه‌ته‌وه‌. له‌وانه‌شه‌ بگاته‌ حاڵه‌تی به‌كارهێنانی توندوتیژی ئازاردانی به‌رامبه‌ر و بگره‌ ‌خۆكوشتنیش.

ته‌نانه‌ت هونه‌ریش به ‌هه‌موو جۆره‌كانیيه‌وه‌ (نواندن و گۆرانی و شێوه‌كار و وێنه‌كێش و مۆسیقاژه‌ن و…هتد) ئه‌و جوانیيه‌ی خۆی له‌ده‌ستداوه‌، وشه‌ی نه‌شیاو و نمایشی جه‌سته‌و خۆبادان و بزواندنی هه‌ستی سێكسی تیایدا زاڵه‌، به‌ناوی هونه‌ر و نوێگه‌ريی و بوێريی و شكاندنی ڕێچكه‌ی كۆن، كار له‌سه‌ر له‌ناوبردنی به‌ها ئه‌خلاقیيه‌كان ئه‌كه‌ن، دابونه‌ریتی باب و باپیران ده‌سڕنه‌وه‌، گه‌ر وانه‌كه‌ن ئه‌وا بینه‌ر و بیسه‌ریان نابێت. به‌واتایه‌كی تر ده‌ستكه‌وتی ماددیان نابێت.

سه‌رباری ئه‌مه‌ پاڵپشتی هه‌ره‌ به‌هێزی سیستمی پوچگه‌رایی سۆشیال میدیایه‌، چونكه‌ سۆشیاڵ میدیا كه‌سانێكی هیچ له‌بارانه‌بوو، ناته‌با له‌گه‌ڵ نه‌ریت و دین و به‌ها مرۆڤایه‌تیيه‌كان له‌ شێوه‌ی كه‌سانی سه‌ركه‌وتوو نمایش ده‌كات، به‌ڵێ سه‌ركه‌وتوو له‌ ده‌ستكه‌وتنی پاره‌یه‌كی بێشومار، به‌ڵام ڕووخاو له‌ كه‌سایه‌تی و مه‌عریفه‌، ئه‌م جۆری سه‌ركه‌وتنه‌ پێوه‌ره‌ مرۆییه‌كانی سه‌ركه‌وتن ده‌خاته‌ ژێر گومانه‌وه‌ كه‌ بریتین‌ له كاری جدديی و ته‌واوكردنی پله‌كانی خوێندن و خۆ پڕچه‌ككردن به‌ زانست و ئه‌ده‌بیات و هونه‌ر و وه‌رزش و ‌چاكه‌ی گشتی و هاوڵاتیبوونی چاك و جوان ڕه‌فتاری …هتد. ‌ئه‌مڕۆ به‌هۆی زاڵبوونی مادیاته‌وه‌ چاوی كۆمه‌ڵگه‌ به‌تایبه‌ت گه‌نجان‌ ته‌نها پێوه‌‌ری ده‌ستكه‌وتنی پاره‌ له‌به‌رچاو ئه‌گرێ بۆ گه‌یشتن به‌ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی، كه‌سیش ناتوانێ نكۆڵی له‌وه‌ بكات كه‌ كچه‌ مۆدێل و كه‌سه‌ به‌ناوبانگه‌كانی سۆشیال میدیا پاره‌یه‌كی باشیان‌ ده‌ست ده‌كه‌وێ بۆیه‌ به‌سه‌ركه‌وتن ده‌درێت له‌قه‌ڵه‌م. جا له‌وه‌ كاره‌سات تر ئه‌وه‌یه‌ به‌هۆی میدیا و سۆشیال میدیاوه‌ كه‌سانێكی هیچ له‌بارا نه‌بوو ده‌بنه‌ پێشه‌نگی خه‌ڵكی و منداڵ و مێردمنداڵان لاساییان ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌م كه‌سانه‌ پشتگیری ماددی ده‌كرێن له‌لایه‌نێكی گوماناويیه‌وه‌،‌ هه‌یانه‌ هه‌موو داهێنانه‌كه‌ی ته‌نها بریتييه‌ له‌ خۆ نمایشكردنی جلوبه‌رگ و جه‌سته‌ی و هه‌یانه‌ به‌ وتنی نوكته‌ و قسه‌ی فشقیات و هه‌شیانه‌ به‌ خۆبادان به‌و سامانه‌ی كه‌ كه‌س نازانێ چۆن ده‌ستی كه‌وتووه ناوبانگی ده‌ركردووه‌‌!

  • خوێندنه‌وه‌

هه‌روه‌ها به‌هۆی سۆشیال میدیاوه‌ خوێندنه‌وه‌ی قووڵ نه‌ماوه‌ كه‌م كه‌س توانا و حه‌وسه‌له‌ی خوێندنه‌وه‌ی كتێبێكی چه‌ند سه‌د په‌ڕه‌یی ماوه‌، چونكه‌ فێره‌ ته‌نها په‌ره‌گرافێك یا دووان له‌ واڵی پێگه‌یه‌ك یا كه‌سێك بخوێنێته‌وه، ده‌بینین كاتێ خوێنه‌ر‌ چه‌ندین بابه‌تی جۆراوجۆر ‌له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا ده‌خوێنێته‌وه‌ كه‌ دوورن له‌یه‌كه‌وه‌ له‌ ناوه‌ڕۆك و ئامانج و به‌هادا وا ئه‌زانێ ئه‌مه‌ زانیاريی و ڕۆشنبیری گشتی پێ زیاد ئه‌كات، به‌ڵام له‌ كۆتایی ڕۆژه‌كه‌ شه‌كه‌ت ده‌بیت و هه‌ست ئه‌كات هیچی ده‌ستگیر نه‌بووه‌. بۆیه‌ ئه‌مه‌ به‌شێكی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ به‌ جۆری خوێنه‌ره‌وه‌ كه‌ ئه‌كرێت ئه‌ویش به‌ (خوێنه‌ری پوچگه‌را) ناو ببه‌ین یا به‌ (نه‌خوێنه‌واری نوێ) كه‌ سرووشتی وه‌كو مێش وایه‌ له‌ هه‌موو شتێك ده‌نیشێته‌وه‌. وا هه‌ست ئه‌كه‌ن زۆرزانن، به‌ڵام زۆر نزیكن له‌ هێڵی هه‌ژاريیه‌وه‌ له‌ڕووی مه‌عریفه‌وه‌، فریودراون به‌و ناونیشانه‌ بریقه‌دارانه‌ی كه‌ ڕۆژنامه‌ و سۆشیال میدیا بڵاوی ئه‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌م جۆره‌ خوێنه‌رانه‌ هێنده‌ی تر هێز ده‌ده‌نه‌به‌ر به‌ سیستمی پوچگه‌رایی.

له‌ ئێستادا دیارده‌ی ناونیشانی بریقه‌دار له‌ كتێبه‌كانیشدا به‌ زه‌قی ده‌بینرێن، كتێبێك ده‌بینیت ناونیشانه‌كه‌ی ورد و به‌هاداره‌ له‌ڕووی زانستیيه‌وه‌ پێتوایه‌ ئه‌مه‌ ڕێك ئه‌و بابه‌ته‌ زانستیيه‌ت بۆ یه‌كلاده‌كاته‌وه‌ كه‌ تۆ به‌دوایدا وێڵی، به‌ڵام له‌ ناوه‌ڕۆكدا ناگه‌یت به‌هیچ،‌ بۆیه‌ كاتێك كتێبێكی له‌و‌جۆره‌ت به‌رچاو ده‌كه‌وێت دڵت زۆر پێخۆشه‌ به‌ڵام كاتێك ده‌یخوێنیته‌وه‌ سه‌یر ده‌كه‌یت هه‌ڵخه‌ڵه‌تاویت.، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ده‌ركه‌وتنی چه‌ندین كتێب به‌ناونیشانی سه‌رنجڕاكێش كه‌ گه‌نجان ده‌كاته‌ ئامانج و هه‌وه‌سبازی تیایدا زاڵه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ ته‌نها بۆئه‌وه‌ی سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕابكێشێت و پڕفرۆش بێت،

نووسه‌ر به‌ وردی په‌نجه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر بارودۆخی ئێستای گه‌لانی دونیا و پێیوایه‌‌ هه‌وڵی سیستمی پوچگه‌رایی بریتیيه‌ له‌ خه‌ریككردنی خه‌ڵكی به ورده‌كاریی كاره‌ لابه‌لاو پوچه‌كانه‌وه‌ و گرینگی پێدانیان و زه‌قكردنه‌وه‌یان و نیشاندانیان به‌ گرنگ و بایه‌خدار.‌ ‌به‌ڵام لێره‌دا پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌  ئایا ئه‌وه‌ی ‌هه‌یه‌ بریتيیه‌ له‌ ده‌رئه‌نجام یا خود هۆكار، ‌هۆكاری بره‌وپه‌یداكردن و ته‌شه‌ته‌كردنی چیه‌؟

تۆی خوێنه‌ر كاتێك ئه‌م وتاره‌ ده‌خوێنیته‌وه‌ دڵنیام درك به‌ هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ ده‌كه‌یت كه‌ باسكراون و دێته‌ به‌رچاوت له‌ ده‌وروبه‌ر ئه‌و ژینگه‌یه‌ی تێیدا ده‌ژیت و له‌و ناوه‌نده‌ی كاری تێدا ده‌كه‌یت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ گرنگه‌ بریتيیه‌ له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌‌: ڕێگه‌ چاره‌سه‌ر چیه‌ بۆ چاككردنی بارودۆخه‌كه ‌و گرتنه‌به‌ری ڕاسته‌ ڕێ؟

په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان

[1] بۆ نوسینی ئه‌م وتاره‌‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م سوود له‌ كتێبی (سیستمی پوچگەرایی- La médiocratie نظام التفاهة) بینراوه‌، به‌ڵام ناتوانین بڵێین وتاره‌كه‌‌‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی ته‌واوه‌‌ بۆ ئه‌و كتێبه، چونكه‌ من وه‌كو نوسه‌ری وتاره‌كه‌ تێزه‌ سه‌ره‌كیيه‌كانی كتێبه‌كه‌م‌ وه‌رگرتووه ‌و زیاده‌م خستۆته‌ سه‌ر، چونكه‌ پێموابوو ئه‌و خستنه‌ سه‌ره‌ پێویست بوو بۆ ڕوونکردنەوەی مەغزای نوسینەکە و دەرخستنی هەندێ ئامانجی کتێبەکە کە بۆی نوسراوە‌. كتێبه‌كه‌‌ بیرمەند و فەیلەسوفی کەنەدی (ئالان دۆنۆ) له‌ ساڵی ٢٠١٥ به‌ زمانی فه‌ڕه‌نسی نوسیويه‌تی، بە وەرگێڕانی زمانی عەرەبی بەردەستە كە دکتۆرە (مەشاعل عەبدولعەزیز هاجری) کردوویە بە عەرەبی و لە ساڵی ٢٠٢٠ چاپکراوە. ئالان دۆنۆ لەدایکبووی ١٩٧٠، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە و مامۆستایە لە بەشی کۆمەڵایەتی/ کۆلیجی زانستە ڕامیاریيەکانی زانکۆی کیوبیک لە کەنەدا، نوسەرێکی چەپە و نوسینەکانی دژی سیستمی سەرمایەداریيە: لای خوارەوە لینکەکەی دادەنێم بۆ ئەو بەڕێزەی حەز ئەکات تەواوی کتێبەکە بخوێنێتەوە، لینکی كورتكراوه‌ بۆ داگرتنی كتێبه‌كه‌: https://bit.ly/3ltjYTL

2  محمد ناصر الدين الألباني, المكتب الإسلامي – بيروت الطبعة: الثالثة، سنة الطبع 1408هيجرى ، رقم الحديث (3650).

3 له‌مباره‌یه‌وه چه‌ندین كۆمپانیای بواری بازاڕگه‌ری هه‌یه‌ له‌ ئه‌وروپا‌ بانگه‌شه‌ بۆ شمه‌كه‌كانی ده‌كات، یاخود وه‌ڵامی كڕیاران ده‌داته‌وه‌ له ‌ڕێگه‌ی چه‌ندین فه‌رمانبه‌ره‌وه‌ كه له‌ وڵاتی هیند ده‌ژین به‌هۆی ئینته‌رنێت و ته‌له‌فۆنكردن ئه‌ویش به‌هۆی هه‌رزانی ده‌ستی كار له‌ وڵاتی هیند، ته‌نانه‌ت كۆمپانیا هه‌یه‌ له‌ بواری دابینكردن و به‌كرێدانی ته‌كسیدا فه‌رمانبه‌ره‌كانی له‌ هیند ده‌ژین له‌ڕێی نه‌خشه‌ و جی پی ئێس كاره‌كه‌یان ڕاده‌په‌ڕێنن، بۆیه‌ ئه‌م فه‌رمانبه‌رانه‌ نه‌ شمه‌كه‌كانیان ‌بینیوه نه‌ ئه‌وروپاش.

4 هه‌روه‌ك له‌ فه‌رمایشتی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) هاتووه‌ كه‌سانێك مه‌ی حه‌ڵاڵ ده‌كه‌ن ناوێكی تری لێده‌نێن، كه‌ ده‌فه‌رموێت: إنَّ أوَّلَ ما يُكفأُ قالَ الرَّاويُّ يعني الإسلامَ كما يُكفأُ الإناءُ يعني الخمرَ قيلَ فَكيفَ يا رسولَ اللَّهِ وقد بيَّنَ اللَّهُ فيها ما بيّن قالَ يسمُّونَها بغيرِ اسمِها فيستحلُّونَها. حديث حسن، رواه عائشة أم المؤمنين، ابن حجر العسقلاني، تخريج مشكاة المصابيح، الرقم: 5/85.

 

– ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ژماره‌ (34)گۆڤاری خاڵ  بڵاوكراوه‌ته‌وه‌..

گۆڤاری خاڵ، گۆڤارێكی هزری ڕۆشنبیری وه‌رزییه‌، به‌سپۆنسه‌ری سه‌نته‌ری زه‌هاوی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی فیكریی چاپ ده‌كرێت.

سەنتەری زەھاوی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply