ڕه‌نگدانه‌وه‌ی حوجره‌ی ئایینی له چه‌ند ڕۆمانێكی كوردیدا
د. عه‌بدوڵڵا ڕه‌حمان
هه‌رچه‌نده حوجره به‌شێكه له دامودزهگا و دامه‌زراوه‌ی مزگه‌وت، به‌ڵام له هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه‌ی مزگه‌وت چالاكتره و به‌كارتره، به‌تایبه‌تیش وه‌كو دامه‌زراوه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی له‌ناو مزگه‌وت پێگه و پایه‌ی دیار و به‌رچاوی هه‌بووه، چونكه له‌ڕێگه‌ی حوجره‌وه درێژه به چالاكییه‌كانی مزگه‌وته‌كان دراوه و له‌وێوه مه‌لا پێگه‌یه‌ندراوه و ئاماده‌كراوه بۆئه‌وه‌ی بچنه مزگه‌وته‌كان وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و ده‌زگا و دامه‌زراوه ئاینییه ده‌ستبه‌كاربن. بۆیه ئه‌گه‌ر مزگه‌وت له‌ڕووی ئاینییه‌وه بناغه و بنچینه‌ی كۆمه‌ڵگه بێت، ئه‌وا حوجره به بناغه و بنچینه‌ی مزگه‌وت داده‌نرێت. له حوجره‌كاندا یاسا و ڕێسای تایبه‌ت به‌خوێندن و ئاسته‌كانی خوێندن هه‌بووه و جۆرێك له كولتووری تایبه‌ت به‌خۆی هێناوه‌ته ئاراوه. حوجره سه‌ره‌ڕای ئه‌ركه ئایینییه‌كه‌ی، ئه‌ركی بڵاوكردنه‌وه‌ی خوێندهواريی و ڕۆشنبیریشی له‌ئه‌ستۆ بووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش ئه‌و مزگه‌وتانه‌ی كه حوجره‌یان هه‌بووه، پێگه و پایه‌یان زیاتر بووه و ناوبانگیان ده‌ركردووه. له ڕابردوودا تاكه مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیريی و په‌روه‌رده مزگه‌وته‌كان بوون، حوجره‌ش ڕۆحی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده ڕۆشنبیريى و په‌روه‌رده‌ییانه‌ی پێكهێناوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بوایه حوجره به‌پێی پێشكه‌وتنه‌كانی ڕۆژگار به‌ره‌وپێشه‌وه بچێت و فراوانتر ببێت و له چوارچێوه‌ی مزگه‌وت بێته‌ده‌ر، بۆ نموونه له ته‌نیشت مزگه‌وته‌كاندا باڵه‌خانه‌ی تایبه‌تی هه‌بوایه و ئاسته‌كانی خوێندنی زیاتر بكردايه و ڕۆڵی داموده‌زگایه‌كی په‌روه‌رده‌یی زیاتری بگێڕابا، به‌هه‌رحاڵ ئه‌و بابه‌ته زۆری ده‌وێت و ئێمه لێره‌دا ته‌نیا جه‌خت له‌سه‌ر لایه‌نی حوجره‌كان ده‌كه‌ینه‌وه كه چۆن لهناوڕۆمانهكانی كوردیدا لای لێكراوه‌ته‌وه و باسی كراوه.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا له ڕۆمانی (پێشمه‌رگه)ی (ڕه‌حیمی قازی)دا له هه‌ندێك دیمه‌ندا ئاماژه به ڕۆڵ و چالاكییه‌كانی حوجره كراوه و به‌شێك له سروشت و خه‌سڵه‌ت و سیماكانی له ڕه‌وتی ڕووداوه‌كه‌دا باسكراوه. له‌وكاته‌ی كه ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان ده‌گاته (به‌رده‌ڕه‌ش) و كاركته‌رێكی وه‌كو (میرزا قۆیتاس) ده‌رده‌كه‌وێت، ڕۆماننووس ئه‌و كاره‌كته‌ری به‌خوێنه‌ران ده‌ناسێنێت و باس له وێستگه‌كانی ژیانی ده‌كات و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له منداڵی‌دا له حوجره‌ی فه‌قێیان خوێندوويه‌تى ((میرزا قۆیتاس له‌كاتی منداڵی‌دا له حوجره‌ی فه‌قێیان وه‌ك سوخته هێندێكی له‌لای مه‌لا خوێند بوو و گه‌یشتبووه (مریشكه ڕه‌شه)، مه‌لا ئه‌و ڕۆژه‌ی گه‌یشتبووه سوره‌تی (عه‌به‌سه وهتهوهللا، ئه‌ن جائههول ئه‌عما وهما یودریكه له عهللههوو یهززهككا)، به‌میرزا قۆیتاسی گوتبوو(قۆیتاس، عه‌به‌سه، یانی خوێندن به‌سه، وهتهوهللا یانی بوویه مه‌لا، وهما یودریكه، یانی بوویه گوێره‌كه، جا ئێستا بۆ مه‌لا مریشكه ڕه‌ش گه‌ڕه‌كه…) زڕدایكی مریشكهڕهشهی به قۆیتاس نه‌دابوو، بۆ مام مه‌لای به‌رێ و ئه‌ویش ده‌ستی له خوێندن هه‌ڵگرتبوو)) (پێشمه‌رگه، ل93). ڕۆماننووس به‌شێك له ڕه‌وشی ناو حوجره‌مان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه فه‌قێ چه‌ند قۆناغێكی خوێندن ده‌بڕیت و هه‌ر قۆناغێكیش ناوێكی هه‌بووه كه لێره‌دا قۆناغی سه‌ره‌تا بووه و به سوخته ناسراوه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شمان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه كه ئه‌و جۆره خوێندنه‌ی حوجره پێویستی به‌وه كردووه فه‌قێ له كۆتایی هه‌ر به‌شێكدا دیاری بۆ مه‌لا ببات، دیاره مه‌لاش خۆی داوای كردووه و داواكارییه‌كه‌شی به‌ئایه‌تێك له قورئانی پیرۆز تێكهههڵكیش كردووه. به‌پێی ئه‌و زانیارییانه بێت كه ڕۆماننووس ئاماژه‌ی بۆ كردووه هه‌ر فه‌قێیه‌ك ئه‌و دیارییه نه‌بات، دیاره له خوێندن بێ به‌ش بووه، هه‌روه‌كو (میرزا قۆیتاس) كه زڕدایكی ئه‌و دیارییه‌ی نه‌داوه‌تێ، له خوێندن دابڕاوه. ئه‌م ڕه‌وشه ئه‌وه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت كه تاكه ڕێگای خوێنده‌واری بوون له‌و سه‌رده‌مه‌دا حوجره‌ی مزگه‌وته‌كان بووه و ئه‌ویش له‌به‌ر گه‌لێك هۆكاربۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه نه‌گونجاوه یاخود توانای ئه‌وه‌یان نه‌بووه بخوێنن.
ڕۆماننووس له به‌شێكی دیكه‌دا زیاتر ڕۆده‌چێته ناو ژیانی حوجره‌وه و به‌تایبه‌تیش باسی ڕێوڕه‌سمی ڕۆژانی هه‌ینی ده‌كات، كه ڕۆژێكی پیرۆزه له‌لای خه‌ڵكى ((له‌لای ئێمه مه‌لایه‌ك هه‌بوو كه نێویان نابوو مه‌لا خت فس، ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه بوو كه ئه‌و مه‌لایه به‌و دوو قسه‌یه یانی به خت فس زۆر تووڕه ده‌بوو. فه‌قێكانی ڕۆژی جومعه ده‌چوون ڕاتبهیان ده‌كرد ڕۆن و برنج و مریشكیان وه‌كۆ ده‌كرد و به ئییشتیاوه پڵاو مریشكیان لێ ده‌نا و كاتێك وێڕای مه‌لا وه كۆده‌بوونه‌وه جووعمه پڵاو و گۆشته‌كه‌ی بخۆن گورپه بۆریان لێ وه‌ژوو ده‌كه‌وت، فه‌قێكان له ترسى مه‌لاكان نه‌یانده‌وێرا بڵێن خته ـ فسه و مه‌جبور بوون به‌نێوی دیكه گورپهكه ده‌نگ بده‌ن، یه‌كێك ده‌یگوت وه‌حه! ئه‌وی تر هه‌چه، سێمی كس ـ كس! به‌ڵام گورپهبۆر گوێی له‌و قسانه ڕانه‌ده‌گرت وه كیهه تكه گۆشتی چه‌وری دیبایه ده‌یڕفاند چه‌ند ڕۆژێك ئه‌و كاره دووپاته بووه و ئیتر یه‌كێك له فه‌قێكان حه‌جمینی لێ بڕا، ڕۆژێك كه نانیان ده‌خوارد وهگورپهبۆر وه‌ژوور كه‌وت گوتی 🙁 وه‌ڵڵا مه‌لا بشمكوژێ ختیش و فسیش) (پێشمه‌رگه ل 118). له‌م دیمه‌نه‌دا ڕێوڕه‌سمی ڕۆژی هه‌ینی له حوجره خراوه‌ته‌ڕوو، كاتێك فه‌قێكان له ماڵه‌كانه‌وه برنج و ڕۆن و مریشكیان كۆده‌كرده‌وه و ئه‌و كاره‌شیان ناونابوو (راتبه) كه خۆی واتای مووچه ده‌گه‌یه‌نێت و له‌و ڕۆژه‌دا به‌یه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ مه‌لادا پڵاو و مریشكیان خواردووه، ئه‌مه‌ش ده‌ربڕی ئه‌وه‌یه كه په‌یوه‌ندییه‌كی گونجاوی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێوان مه‌لا و فهقێیهكاندا هه‌بووه و مه‌لاش به‌شداری چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی فه‌قێكانی كردووه. ڕۆماننووس ئه‌و دیمه‌نه‌ی وه‌كو ته‌نز و به‌سه‌رهاتێكی كۆمیدی كۆمه‌ڵایه‌تی خستۆته‌ڕوو كه دیاره به‌شێك له ژیانی حوجره ئه‌و جۆره ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وت و به‌سه‌رهاتانه‌ی له‌خۆگرتووه.
له ڕۆمانی (ئاشتی كوردستان)ی (محه‌مه‌د ساڵح سه‌عید)دا ته‌نیا له یه‌ك دیمه‌ندا ڕۆشنایی خراوه‌ته سه‌ر ڕۆڵی ئایینی فه‌قێكان ئه‌ویش له‌چوارچێوه‌ی كه‌لتووری پرسه‌دایه، كه له ڕێگای مهنهلۆگێكی تایبه‌تی (ڕۆستهمهسوور) كه له پرسه‌ی (ئامه)ی خێزانیدایه(( ڕۆسته‌مه سوور له‌وكاته‌دا سه‌یرێكی مه‌لای كرد، بزه‌یه‌ك گرتی، مه‌لا ده‌نك ده‌نك ته‌زبیحه‌كه‌ی به‌یه‌كدا ده‌دا، ده‌می ده‌جووڵاند و سووكه سووكه سه‌ری ده‌له‌قاند. فه‌قێ ناوه‌ناوه قورئانی ده‌خوێند و فاتیحهیهكی داده‌دا، ئیتر هه‌موو ده‌میان ده‌جووڵاند))( ئاشتی كوردستان ل116-117). هه‌ڵبه‌ته باسكردنی ڕۆڵی فه‌قێ لێره‌دا وه‌كو چالاكییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه و ئه‌وه ڕوونده‌كاته‌وه كه له‌و سهرهدهمانهدا به‌هۆی بوونی فه‌قێوه قورئانی پیرۆز له پرسه‌كاندا خوێندراوه‌ته‌وه، بێگومان ئه‌و جۆره كاره‌ش به‌هۆی گۆڕانكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و ئێستا كه‌سانی تایبه‌تمه‌ند له‌به‌رامبه‌ر بڕێك پاره ئه‌و كاره ده‌كه‌ن و وه‌كو پیشه‌یه‌كی لێهاتوووه.
له ڕۆمانی (هه‌ره‌س)ی (محه‌مه‌د موكری)دا له تاكه شوێنێك باس له حوجره و خوێندن له‌لای مه‌لا كراوه، كاتێك (حه‌مه)ی كاره‌كته‌ر خۆزگه به‌وه ده‌خوازێت له‌لای (مه‌لا ڕشید)ی گونده‌كه‌یان بیخوێندايه و فێری خوێندن و نووسین ببوایه، بۆئه‌وه‌ی له شته‌كانی ده‌روبه‌ری بگات و شیكردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی دروستی بۆ كردبان((چه‌ندیان پێ وتم له‌لای مه‌لا ڕه‌شید بخوێنه با سهودادار بی و فێر بی!! كه‌چی به‌قسه‌ی كه‌سم نه‌كرد، هه‌ر خه‌ریكی قیته قیت بووم،ده‌نا ئێستا منیش هه‌ندێكم ده‌زانی و هه‌ندێ تێده‌گه‌یشتم…..)) (هه‌ره‌س ل45)، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه له گونده‌كه‌ی (حه‌مه) له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه كۆماری كوردستان حوكمی گێڕاوه و شۆڕش به‌رپاكراوه، هێشتا خوێندن له حوجره‌ی مزگه‌وته‌كان و لای مه‌لا هه‌بووه، سیسته‌می خوێندن، خوێندنی حوجره‌كان بووه و هێشتا قوتابخانه له گونده‌كه نه‌كراوه‌ته‌وه.
له ڕۆمانی (كوێخا سێوێ)ی (عه‌زیزی مه‌لای ڕه‌ش)دا له‌چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه په‌یوندی خۆشه‌ویستییه له نێوان (كوێخا سێوێ) و (عه‌لی عه‌زه پێ خواس) كه هاوڕێی منداڵی بووه و هه‌میشه به‌یه‌كه‌وه یارییان كردووه، دواتریش (عه‌لی) ده‌بێته فه‌قێ و ده‌چێته به‌ر خوێندنی فهقێيهتی. له‌م ڕووهوهشڕۆماننووس له‌لایه‌كه‌وه ژیان و گوزه‌رانی فه‌قێیه‌تی ده‌خاته‌ڕوو، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌شێك له ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان به‌و ده‌سپێردرێت و گۆشه‌یه‌كی دیاریكراوی له ژیانی كاره‌كته‌ره‌كانیش ڕوون ده‌كاته‌وه. ئه‌م په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه به‌هۆی ته‌كنیكی فلاش باكه‌وه وه‌كو یاده‌وه‌رییه‌ك ده‌گێرێته‌وه. له سه‌ره‌تاشدا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه فه‌قێیه‌كان له شوێنی خۆیان كۆچیان كردووه و به‌دوای خوێندندا گه‌ڕاون و ڕوویان له گونده‌كان كردووه ((فه‌قێ عه‌لی بۆ خوێندن چووه گونده‌كانی ده‌وروپشت. له‌و ڕۆژه‌وه به‌ته‌واوی له‌یه‌كتر دابڕان، مه‌گه‌ر له‌ناو سێ چوار مانگان فه‌قێ عه‌لی جارێك به‌سه‌ردان بهاتبایهوه و یه‌كتریان بدیتبایه)) (كوێخا سێوێ ل 201).
له دیمه‌نێكی دیكه‌دا ڕۆماننووس ئاماژه به دیمه‌نێكی دیكه‌ی تایبه‌ت به ژیانی فه‌قێ ده‌كات، كه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به بژێويی و باری ئابوورییانه‌وه هه‌یه، دیاره له‌مه‌شدا كه فه‌قێكان له گونده‌كانی ده‌وروپشت و شوێنه دووره‌كان به‌مه‌به‌ستی خوێندن ده‌هاتنه گوندێكی دیاریكراو، بۆ خواردن و چێشتيش له ماڵه‌كان ده‌گه‌ڕان و خۆراك و خواردمهنیان كۆده‌كرده‌وه و ئه‌م كاره‌شیان ناونابوو (راتبه)،كه بریتی بوو له‌وه‌ی فه‌قێكان به‌ناو كوچه و كۆڵانی ناو گونده‌كه ده‌كه‌وتن و هاواریان ده‌كرد (راتبه ڕه‌حمه‌تان لێ بێت) و ئیدی خه‌ڵكی خواردنی پێ ده‌دان. ڕۆماننووس ئه‌و دیمه‌نه‌ی له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی تۆمار و تێكهه‌ڵكێش كردووه ((هه‌موو ڕۆژێ سبه‌ینان و ئێواران فه‌قێ بۆ ڕاتبه ده‌هاتنه به‌ر ده‌رگای حه‌وشه ده‌یان گوت: (ڕاتبه .. ڕه‌حمه‌ت و لێ … بێـت) سێبوری پێ ده‌هات و ته‌زووی خۆشی ده‌خسته دڵیيه‌وه، به‌یانی یان نانێك و ئێواران لهگهنێك شیویان ده‌دا فه‌قێیان. له‌و ڕۆژه‌وه بۆئه‌وه‌ی فه‌قێیه‌كان سووربن له‌سه‌ر ڕاتبهكهیان، كه ڕۆژ وا بوو نه‌ده‌هاتن نانه‌كه‌ی كرده دوو، قاپه شێوه‌كه‌شی له جاران گه‌وره‌تر كرد)) (كوێخا سێوێ ل210). هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ئاماژه به پله‌كانی خوێندنی فه‌قێ ده‌كرێت و چه‌ند پله‌یه‌كی وه‌كو (سوخته) و (موسته‌عید) ده‌ستنیشان ده‌كرێت و به‌هۆیه‌وه ئاستی خوێندنی فه‌قێ دیاری ده‌كرێت. ئه‌وه‌تا دوای ئه‌وه‌ی (فه‌قێ عه‌لی) دوای شه‌ش مانگ له خوێندن ده‌گه‌ڕێته‌وه گونده‌كه‌یان، (سێوه‌سۆر) زوو خۆی ده‌گه‌یه‌نێت و پرسیاری له‌باره‌ی خوێندنه‌كه‌یان لێ ده‌كات (( ئه‌رێ .. ئێستا سوختهیت، یان موستهعیدیت…؟. فه‌قێ عه‌لی زرهدهخهنهیهك خزا سه‌ر لێوه‌كانی و بۆ دووه‌م جار چاوی لێ به‌رزكرده‌وه. سێوه‌سۆر كه ئه‌مه‌ی بینی وه‌ك گوڵ گه‌شایه‌وه.
فه‌قێ عه‌لی: مرازت له‌م پرسیاره چییه…!؟
سێوه‌سۆر به‌شان ههڵتهكاندن: ـ هیچ، به‌ڵام پێمخۆشه له خوێندنان هاوراز ڕۆیشتبیت.
فه‌قێ عه‌لی: خوا پایه‌به‌رزت كات، نیمچه موستهعیدم.
سێوه‌سۆر ڕێگه‌ی قسه‌ی بۆ كراوه :ـ له‌م نیمچهیه ناگه‌م…!؟
فه‌قێ عه‌لی دیسان بزه‌یه‌ك ده‌م و چاوی داگیركرد و گوتی:ـ لای كۆڵكه مه‌لایه‌كان موستهعیدم لای مه‌لا به‌رزه‌كانیش سوختهمه)) (كوێخا سێوێ ل 211)، لێره‌شدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پله‌كانی خوێندنی فهقێیايهتی خراوه‌ته‌ڕوو، جیاوازیش له نێوان مه‌لای زیره‌ك و به‌توانا و خاوه‌ن زانیاری فراوان له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌لایه كراوه كه هیچی له‌باردا نه‌بووه و له‌ناو كۆمه‌ڵگه به (كۆڵكه مه‌لا) ناسراون.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕۆماننووس له دیمه‌نێكی دیكه ئاماژه به‌و فه‌قێیانه ده‌دات كه هێشتا كه‌م ئه‌زموونن و شاره‌زاییان به‌ته‌واوه‌تی له ژیانی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رنه‌گرتووه. ئه‌مه‌ش له‌و كاته‌دایه كه (كوێخا سێوێ) به‌هۆی ته‌كنیكی فلاش باكه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه دواوه‌وه و یاده‌وه‌رییه‌كانی باوكی ده‌گێڕێته‌وه، له‌وێشدا ئه‌وه باس ده‌كات كه خوشكی باوكی زۆرجوان و به‌رچاو بووه و گه‌لێك داخوازی بۆ هاتووه، یه‌كێك له‌وانه (حاجی حوسێن چاوپیس) بۆ كوڕه‌كه‌ی داوای كردووه، به‌ڵام باوكی به‌هۆی كه‌سایه‌تی خراپییانه‌وه، نه‌یداوه. بۆیه ئه‌وان به‌مه‌به‌ستی ڕازیكردنیان په‌نایان بۆ نووشته بردووه. كاتێك باوكی ده‌رگای ماڵه‌وه‌یان ده‌كاته‌وه نوشته‌كه بهردبێتهوه، بۆیه بۆ لای مه‌لا ده‌بات و ئه‌ویش ڕاستییه‌كانی پێ ناڵێت. به‌ڵام كاتێك فه‌قێیه‌كانی ده‌بینێت، بێ هیچ به‌ربه‌ستێك ڕاستی نووشتهكهی بۆ باس ده‌كات ((ڕۆژێك فه‌قێیه‌ك له جومعانه ده‌گه‌ڕا، شه‌و بووه میوانمان. باوكم پێی گوت:ـ كاكه فه‌قێ بزانه ئه‌م نووشته‌یه بۆچی باشه…..؟
فهقێیهكه: له‌به‌ر نه‌شاره‌زایی ڕاست و ڕاست گووتی: ئهوهنووشتهی خۆشویستن و حهزلێكردنه، بۆ پیاوێك كراوه به‌ناوی: هه‌ینی حاجی حوسێن ئۆرمزیار. تاكو دڵی ئافره‌تێك ڕاكێش بكات به‌ناوی: خه‌یار عه‌ولا كاڕه‌ش.
باوكم خۆی نه‌شێواند، بۆئه‌وه‌ی فهقێیهكه هه‌ست نه‌كات گووتی: به‌خوا نووشته‌یه‌كی باشه….!)) (كوێخا سێوێ ل182). لێره‌شدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه نیمچه ڕه‌خنه‌یه‌كی له فه‌قێ له‌ڕووی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه گیراوه، ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه په‌نا بۆ ڕێگه‌یه‌كی ئه‌فسانه‌یی وه‌كو نووشتهكردن براوه و به‌مه‌ش ئایین بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه دنیاییه‌كان به‌كاربراوه. له‌هه‌مانكاتیشدا ئاماژه به ڕێ و شوێنێكی تایبه‌ت به ژیان و گوزه‌رانی فهقێیايهتی كراوه كه ئه‌ویش (جومعانه)یه، كه تێیدا فه‌قێیه‌كان یان له ماڵه‌كان میوان ده‌بوون یانیش خۆراك و خواردنیان له ماڵه‌كان كۆده‌كرده‌وه و خۆیان ئاماده‌یان ده‌كرد.
له ڕۆمانی (توانه‌وه)ی (غه‌فور ساڵح عه‌بدوڵڵا)دا ئاماژه به خوێندنی حوجره كراوه، كاتێك (قاره‌مان)ی كاره‌كته‌ری سهرهكیڕۆمانهكه له گونده‌وه ده‌هێنرێته شار و په‌یوه‌ندی به قوتابخانه‌وه ده‌كات، یه‌كڕاست له پۆلی دووه‌می داده‌نێن، چونكه پێشتر له حوجره قورئانی له‌لای مه‌لای دێیه‌كه‌یان خوێندووه، ئه‌مه‌ش له گفتوگۆیه‌كی نێوان (نازدار)ی كچه ئامۆزای (قاره‌مان) و (هه‌تاو)ی دراوسێكه‌یان ده‌رده‌كه‌وێت ((هه‌ر ئه‌و ساڵه قاره‌مان له قوتابخانه‌ی شۆرجه‌ی سه‌ره‌تایی كوڕان وه‌رگیرا، جارێكی دی، هه‌ر له ڕێگای قوتابخانه له نازدارت پرسی: ـ چۆن ئه‌و تازه له لادێوه هاتووه وه‌كو ئێمه بووبه پۆلی دووه‌م: به‌هه‌ندێ ڕق و زۆرانی ساویلكانهوه وه‌ڵامی دایه‌وه: دایكم ئه‌ڵێ قورئانی خه‌تم كردووه، له‌لای مه‌لا خوێندوویه‌تی)) (توانه‌وه ل230). لێره‌شدا ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه دان به خوێندنی حوجره‌دا نراوه و له خوێندنی فه‌رمیدا بۆ قوتابیان هه‌ژماركراوه.
– ئه‌م بابه‌ته له‌ژماره (32)گۆڤاری خاڵ بڵاوكراوه‌ته‌وه..