وتار

مرۆڤبوون لە سەروو هەموو شتێکەوەیە

نووسینى: (د. سلمان بن فهد العودە)

وەرگێڕانى: موحەممەد شێخ لەتیف

لە ناو فڕۆکەدا بووم، لە تەنیشتمەوە گەنجێکی نامۆ دانیشت، ڕواڵەتی خەم و خەفەت و گۆشەگیریی پێوە دیار بوو، وەک ئەوەی سڵ بکاتەوە لە هەر کەسێک کە لەگەڵی دابنیشێت، یان قسەی لەگەڵ بکات، یان تەنانەت تەوقەیشی لەگەڵ بکات، یەکسەر دەپرسێت: دەبێت ئەم کەسە بە نیاز بێت چ زیانێکی پێبگەیەنێت؟!
 
 منیش هات بە مێشکمدا، وتم ئەم گەنجە خانوویەکی داخراوە بە چەند قوفڵێک، بۆ ئەوەی بچیتە ناو ئەم خانوەوە، جا بۆ هەر مەبەستێک بێ، پێویستە بە دوای کلیلی ئەو قوفڵانەدا بگەڕێیت.ڕەنگە تۆ بتەوێت لەگەڵ ئەم مرۆڤە، یان هاوشێوەکانیدا بچیتە مامەڵەیەکی بازرگانی، یان پرۆژەیەکی هونەریی، یان چالاکییەکی ڕۆشنبیرییەوە، یان بتەوێت بانگی بکەیت بۆ چاکە، یاخود بتەوێت پارێزگاریی بکەیت لە خراپەیەک، یان بتەوێت سوودمەند بیت لێی بەهۆی بوونی حاڵەتێکی پۆزەتیڤەوە لای ئەو کەسایەتییە و تۆ بتەوێت بەگەڕی بخەیت، یان وا دابنێ کە تۆ دەتەوێت خزمەتێکی پێشکەش بکەیت، کە ئەو پێویستییەتی.
 
 تۆ ئێستا لەبەردەم کەسێک دایت، دەشێت دەوڵەمەند بێت، یان داهێنەر، یان خوێنەر، یان لادەر یان سواڵکەر، یان هەر شتێکی تر بێت.. بەڵام ئەو پێش ئەوەی هەر کام لەوانە بێت، مرۆڤە، ئەو ڕۆژەی هاتە دنیاوە نە ڕەنگی هەبوو نە هیچی لەگەڵ خۆی هێنا (وَاللَّهُ أَخْرَجَكُمْ مِنْ بُطُونِ أُمَّهَاتِكُمْ لا تَعْلَمُونَ شَيْئاً) (النحل: من الآية78) واتە: خوای گەورە ئێوەی هێنایە دەرەوە لەسکی دایکتان و ئێوە هیچتان نەدەزانی، (وَلَقَدْ جِئْتُمُونَا فُرَادَى كَمَا خَلَقْنَاكُمْ أَوَّلَ مَرَّةٍ..) (الأنعام: من الآية94) واتە: ئێوە گەڕانەوە بۆ لامان بە تەنها، هەر وەک چۆن یەکەم جار ئێوەمان بەدیهێنا.
هەر هەوڵێکیش بیەوێت بنەمای مرۆڤبوون تێ بپەڕێنێت، بەدڵنیاییەوە، سەرەنجامی دۆڕان و شکستە.

 ئەوەی خاڵێکی پۆزەتیڤە ئەوەیە کە تۆش مرۆڤیت و زانیاریی زۆر ورد و واقعیت لایە دەربارەی مرۆڤ و پێداویستی و هەست و سۆزەکانی، بێ حیکمەت نییە خوای پەروەردگار، پێغەمبەرانى (سەلامى خوایان لێ بێ) لە ڕەگەزی مرۆڤەکان ناردووە، وەک ئەوان خواردن دەخۆن، بە بازاڕەکاندا دەڕۆن، هاوسەرگیریی دەکەن و نەوە دەخەنەوە، تەندروست دەبن و نەخۆش دەکەون، تووشی ناڕەحەتیش دەبن.
 هەموو مرۆڤێک شوورای تایبەت بەخۆی هەیە، ناکرێت سنوورەکەی ببەزێنرێت، بەڵکو دەروازەی گونجاوی هەیە و پێویستە بە نەرمونیانی و چاکی لەو دەروازەیەوە بچیتە ژوورەوە.کاتێک پێغەمبەر – صلى الله علیە وسلم- فەرمووی: (فَمَنْ أَحَبَّ أَنْ يُزَحْزَحَ عَنِ النَّارِ وَيَدْخُلَ الْجَنَّةَ فَلْتَأْتِهِ مَنِيَّتُهُ وَهُوَ يُؤْمِنُ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الآخِرِ وَلْيَأْتِ إِلَى النَّاسِ الَّذِى يُحِبُّ أَنْ يُؤْتَى إِلَيْهِ ..) (رواه مسلم). واتە: (هەر کەس دەیەوێت لە ئاگر دوور بکەوێتەوە و بچێتە بەهەشتەوە، با کاتێک مەرگ یەخەی پێدەگرێت باوەڕی بە خواو بە ڕۆژی دوایی هەبێت، وە با بەو شێوەیە هەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵک بکات کە حەز دەکات خەڵک هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەن).
 
 ئەوە پرِۆگرامێکی پێغەمبەرانەیە و دایڕشتووە بۆ هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ خەڵکیدا، کە خۆت بخەیتە شوێنی ئەو مرۆڤەی لەبەرامبەرتدایە و تۆ هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکەیت، بزانە ئەو چی پێخۆشە و بە چ شتێکی تۆ سەرسامە؟ بە چاکە باسی بکەیت و هەموو مرۆڤێک بەقەد ئەوە چاکەی هەیە کە باسی بکرێت، بەڕاستگۆیی و بێ هەڵخەڵەتاندن و زیادەڕەویی.

پێویستە خۆشەویستی و رێزی بۆ دەرببڕیت، چۆن ڕێز لە مرۆڤێک ناگریت، خوا ڕێزی لێناوەو هەڵی بژاردووە و بە چاکی بەدیهێناوە، (وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ وَحَمَلْنَاهُمْ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ وَرَزَقْنَاهُمْ مِنَ الطَّيِّبَاتِ وَفَضَّلْنَاهُمْ عَلَى كَثِيرٍ مِمَّنْ خَلَقْنَا تَفْضِيلاً) (الإسراء:70)، واتە: بەدڵنیاییەوە ئێمە ڕێزمان ناوە لە نەوەی ئادەم و لە وشکانیدا ئاژەڵەکانمان بۆ ڕامکردوون سواری ببن و لە دەریاشدا کەشتیمان بۆ ڕامکردوون، هەروەها ڕۆزی پاکمان پێداون وڕێزیمان داوە بەسەر زۆرێک لەوانەی بەدیمان هێناون، (ثُمَّ أَوْرَثْنَا الْكِتَابَ الَّذِينَ اصْطَفَيْنَا مِنْ عِبَادِنَا فَمِنْهُمْ ظَالِمٌ لِنَفْسِهِ وَمِنْهُمْ مُقْتَصِدٌ وَمِنْهُمْ سَابِقٌ بِالْخَيْرَاتِ بِإِذْنِ اللَّهِ ذَلِكَ هُوَ الْفَضْلُ الْكَبِيرُ) (فاطر:32)، واتە: لەپاشاندا ئێمە ئەم کتێبەمان دا بەو کەسانەی کە هەڵمان بژاردن لەناو ئەوانیشدا هەیانە ستەمی لە خۆی کردوە و هەیانە زۆر کات کار بە ناواخنی کتێبەکە دەکات و هەیانە پێشبڕکێ دەکات لە چاکەکردندا بەویستی خوای گەورە، ئەوەش چاکەیەکی گەورەیە خودا بیدات بەهەر کەس،  (لَقَدْ خَلَقْنَا الْإِنْسَانَ فِي أَحْسَنِ تَقْوِيمٍ) (التين:4) واتە: بە دڵنیاییەوە مرۆڤمان بە چاکترین شێوە بەدیهێناوە.

سەیری ناوچاوانی بکە، بە پاکی زەردەخەنەی بۆ بکە، بە گەرمی تەوقەی لەگەلَ بکە، کاتێک قسەی لەگەلَ دەکەیت بە دڵخۆشیی و ڕووخۆشی قسەی لەگەلَا بکە، وشەی جوان و کاریگەر هەڵبژێرە. شاعیر دەڵێت:
أُضاحك ضَيفي قَبلَ إِنزال رحله                 وَيُخصَب عِندي وَالمَحَلُّ جَديب
وَما الخَصبُ للأَضياف أَن يَكثُر القِرى          وَلَكِنَّما وَجه الكَريم خَصيب
واتە: پێدەکەنم بەدەم میوانەکەوە پێش ئەوەی کەلوپەلەکانی دابگرێت، لای من پیت و بەرەکەت هەیە لەکاتێکدا ئەو ناوچەیە وشک و بێ پیتە، پیت و بەرەکەت بۆ میوان بریتی نییە لە شێوی زۆر و سفرەی قەرەباڵغ، بەڵکو بریتییە لە دەم وچاوێکی بەخشندەو بەپیت.

  (قَوْلٌ مَعْرُوفٌ وَمَغْفِرَةٌ خَيْرٌ مِنْ صَدَقَةٍ يَتْبَعُهَا أَذىً)(البقرة: من الآية263) واتە: وتەیەکی چاک و جوان و لێخۆشبوون لە هەڵە باشترە لە بەخشینی پارە، کە بە دوایدا منەت بکات بە سەریدا و ئازاری بدات بەهۆیەوە.
 ئەمە بکە لەگەڵ هاوسەرت، کە بەدرێژایی ژیانت لەگەڵیدا دەژیت، وا بکە لەگەڵ منداڵەکەت کە لە تۆ پەیدا بووە و بوەتە کەسایەتیيەکی سەربەخۆ، کە خاوەنی کەسایەتی و بەرپرسیاریەتی تەواوە لە دونیاو دواڕۆژدا.
بەو شێوە هەڵسوکەوت بکە لەگەڵ هاوڕێکەت لە کاردا، یان هاوسێکەت کە هەموو ڕۆژێک دەیبینیت، یان لەکاتی هەموو نوێژێکدا لەمزگەوت دەیبینیت.
بەو شێوەیە هەڵسوکەوت بکە لەگەڵ خزمەتکار و شۆفێرەکەدا، بێ ئەوەی بەسووک سەیریان بکەیت یان بێڕێز بیانبینیت، لەناخی خۆتدا بیر بکەرەوە لەدونیادا خوای گەورە فەزڵی تۆی داوە بەسەر ئەواندا، کە پارە، یان پلەی پێداویت، ڕەنگە لە ڕۆژی دواییدا ئەوان فەزڵیان هەبێت بەسەر تۆدا، بە لە خوا ترسان و باوەڕ و چاکەی نهێنی و دڵسۆزی لە پەرستنەکاندا.

بەوشێوەیە هەڵسوکەوت بکە لەگەڵ ئەو کەسە نامۆیەدا کە بۆ یەکەمجارە دەیبینیت، وەڕەنگە جارێکی تر نەیبینیتەوە، تا هەستێکی پۆزەتیڤی هەبێت بەرامبەرت، یان بەرامبەر ئەو گروپ و کۆمەڵەی تۆ کاری تێدا دەکەیت، تا بڕێک خۆشی و کەیف و ڕازی بوونی پێ ببەخشیت،  نامەی دڵخۆشی بۆ بنێریت ئەو کات دڵنیا بە خوای گەورە پاداشتت دەداتەوە بەباشتر لەوە و بە زوویی، کەواتە بەخشەر سوودمەندتر دەبێت لە وەرگر، سەرەڕای ئەوەش پاداشتی ڕۆژی دوایی زۆر زیاتر و باشترە.

بەوشێوەیە هەڵسوکەوت بکە بەشێوەیەکی سەرەکی لەگەڵ ئەو کەسانەی دەتەوێت ئاڕاستەیان بکەیت، یان ڕەخنەیان لێ بگریت، یان ئامۆژگارییان پێشکەش بکەیت تا بیانپارێزیت لە خراپەیەک، کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، یاخود ڕێنماییان بکەیت بۆ ڕێگەیەکی چاک، بەشێوەیەک کە پیشانیان بدەیت چەند دڵسۆزی بۆیان وە دڵت بۆیان دەسوتێت، بێ ئەوەی توند بیت لەگەڵیان یان تۆمەت ببەخشیتەوە یان ڕەق بیت لە شێوازدا، ئەو کات هەوڵەکانت ڕووبەڕووی شکست دەبنەوە پێش ئەوەی دەست پێ بکەیت، ئیمامی ئەحمەد دەیفەرموو: کەم وایە کەسێک توڕە بکەیت و قسەت لێ قبوڵ بکات.
بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە پێگەی فێرکردن و بانگەواز و چاکسازییدان، ئەم وشە نورانییانە دەکەینە دیاريی بۆیان، کە لە ئەزموونێکی قووڵ و هاوتەریب هەڵقوڵاوە بە ڕێنمایی و پرۆگرامی پێغەمبەرانەوە، هاوتەریبە لەگەڵ دەقەکانی قورئان و بانگەوازەکەیدا، خوای گەورە دانایی و بەرچاوڕۆشنیيمان پێ ببەخشێت و بمانپارێزێت لە خراپەی دەروونمان.

 

سەنتەری زەھاوی

بابەتەكانی نوسەر

Leave a Reply